ڕیشەی ناوی "موان" لە قوڵایی مێژووەوە

زمان گرنگترین ئەلەمێنتە بۆ تێگەشتن، ڕیشەی زۆرێک لە وشەکان لە زمانە جیاوازەکاندا ئەچنەوە سەر یەک
PM:05:15:20/04/2021
دۆسیە: نیشتمانسازی


دڵشاد موانی
ڕاوێژكاری تایبه‌تی چاوی كورد بۆ توێژینه‌وه‌كانی وزه‌


زمان گرنگترین ئەلەمێنتە بۆ تێگەشتن، ڕیشەی زۆرێک لە وشەکان لە زمانە جیاوازەکاندا ئەچنەوە سەر یەک، لەگەڵ پەیدابوونی ئاینەکانیشدا وشەگەلێکی زۆری لەدایکبووە کە بە نەسلی مرۆڤایەتیدا شۆڕ بوونەتەوە و بە تێپەڕبوونی مانگ و ساڵ و سەدەکان، مانا و دەلالەتی مێژووییان لە کۆڵ ناوە، ڕەنگە کەمێک گۆڕانکاری کۆزماتیک لە داڕشتنیاندا ڕویدابێت، بەڵام ئەو پەیامەی هەڵیانگرتووە هەر بە نەگۆڕی ئەمێنێتەوە.

وشەی "موان" چیرۆکی سەدان سەدەی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە و ئەیەوێت سەردێڕی هەندێک لە ڕووداوەکانی قوڵایی مێژوومان بۆ باس بکات، جا ئەگەر ئەتەوێ لەوە تێبگەیت کە ئەم وشە لە چ وێستگەیەکی مێژوودا هاتۆتە سەر زمانی مرۆڤ، ئەوا تا کۆتای ئەم باسە لەگەڵم بمێنەوە دڵنیام سەرە داوێکت دەست دەکەوێت.

لە پەرتووکە بەناوبانگەکەی هاشم ڕەزا بەناوی (تێ‌ریخی ئەدیان) وەهەروەها لە نووسینی پاشاکانی (هاخامەنشین)ەکان بە سەرکردایەتی کوروشی دووەم کە لە ساڵی ٥٧٥ی پێش زاین و ڕاستەوخۆ دوای مادەکان هاتوونەتە سەر دەسەڵات، باسی میترایزم هاتووە کە ئەڵێن (میترا، میهر یان میپیرە) بە کۆنترین ئاینی نەتەوە هیندۆ-ئێرانیەکان ئەژمێردرێت، مێژووی پەیڕەوکردنی ئاینی میترایزم ئەگەڕێتەوە بۆ چەندین هەزار ساڵ پێش زاین، وشەی میترا بە واتای هاوپەیمان و دۆستی خۆر دێت.
وەهەروەها لە پەرتوکی (تاریخی ماد) لە نوسینی ئیگور میخائیلوویچ، کە کەریم کیشاوەرز وەرگێڕانی فارسی بۆ کردوە، بەگشتی ئاینی میترایی بەناوی ئاینی (میهر پەرستی) تۆمارکردووە، هەرچەندە نەزانراوە کە ئایا میترا لە بنەڕەتدا خۆی وەک پێغەمبەر و نێردراوی خودا ناساندوە یان نا؟

"ئیبراهیم لەسەردەمی ئاینی میترادا"

"مۆرفی کۆنۆر" مامۆستا لە زانکۆی ئۆکسفۆرد لە پەرتووکی (هۆڵی لاندا) لە باسی ماوەی ژیانی پێغەمبەر ئیبراهیمدا ئەنووسێت (ئیبراهیم کە بە باوکی پێغەمبەران ناسراوە لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٦ بۆ ١٨٢١ی پێش زاین ژیاوە) تەمەنی ئیبراهیم هاوکاتە لەگەڵ سەردەمی پەیڕەویکردن لە ئاینی میترایی.

ئەو میللەتەی کە ئیبراهیمی تێدا لە لەدایک بووە لەسەر دینی میترایی نەبوون، بەڵکو بت پەرست بوون، تەنانەت باوکی ئیبراهیم خۆی بت تاش بووە، لە کۆندا بە پیشەی بت تاشیان ووتوە (ئازەر)، بەڵام دوای ئەوەی کە ئیبراهیم، قەومەکەی خۆی بەجێ دەهێڵێت، لە ڕێگادا ئەگات بە میللەتێکی تر کە پەیڕەوییان لە ئاینی میترایی کردوە،  ئەستێرە و مانگ و خۆریان پەرستووە.

 قورئانی پیرۆزیش لە سورەتی "الانعام"دا ئاماژە بە ئەم ڕاستییە ئەکات و ئەفەرموێ.
فَلَمَّا جَنَّ عَلَيْهِ اللَّيْلُ رَأَى كَوْكَبًا قَالَ هَـذَا رَبِّي فَلَمَّا أَفَلَ قَالَ لا أُحِبُّ الأفِلِينَ، فَلَمَّا رَأَى الْقَمَرَ بَازِغًا قَالَ هَـذَا رَبِّي فَلَمَّا أَفَلَ قَالَ لَئِن لَّمْ يَهْدِنِي رَبِّي لأكُونَنَّ مِنَ الْقَوْمِ الضَّالِّينَ، فَلَمَّا رَأَى الشَّمْسَ بَازِغَةً قَالَ هَـذَا رَبِّي هَـذَا أَكْبَرُ فَلَمَّا أَفَلَتْ قَالَ يَا قَوْمِ إِنِّي بَرِيءٌ مِّمَّا تُشْرِكُونَ‏ ‏[‏سورة الأنعام‏:‏ الآيات 76-78‏]‏‏

لەبەرنامەی "نور علی‌ الدرب" لەسەر ڕاڤەی ئەو ئایەتانەی سورەتی "الانعام" پرسیاریان لە زانای گەورەی سعودی "شێخ صالح الفوزان" کرد، بەم شێوە وەڵامی دایەوە؛ ئیبراهیم لەگەڵ قەومێک کە ئەستێرە و مانگ و خۆریان ئەپەرست ئەمێنێتەوە بۆ ئەوەی بۆیان ڕوون بکاتەوە کە ئەو شتانەی ئەیپەرستن خودا نین، کاتێک شەو دائەهات لە گەڵیان ئەچووە دەرەوە، کە ئەستێرە و مانگیان بە ئاسمانەوە بەدی ئەکرد، ئەویش وەک خەڵکی ووتی ئەوە خوامە، بەڵام کاتێك ڕۆژ بویەوە ئەستێرە و مانگ بە ئاسمانەوە نە ئەبینرا، ئیبراهیم پێی ووتن خودا نابێت نەمانی بەسەردا بێت، کەواتە ئەستێرە و مانگ خودا نین، وتی ئەگەر پەروەردگار ڕێنوێنیم نەکات منیش وەک خەڵکی گومڕا ئەبم، وەهەروەها کاتێک لە ڕۆژدا خۆری بە ئاسمانەوە بینی ووتی ئەوە گەورە ترە کەوایە ئەوەیان خودایە، بەڵام لە کاتی خۆرئاوابووندا ووتی خودا نابێت ئاوابوونی بەسەردا بێت، پاشان ووتی؛ ئەی خەڵکینە من باوەڕم بەو شتانە نیە کە ئێوە ئەیپەرستن، من تەنها ڕوو ئەکەمە بەدیهێنەری ئاسمانەکان و زەمین وە نابم بە هاوەڵدانەر بۆ پەروەردگار. 
 
ئیبراهیم لە گەشتەکەی بەردەوام ئەبێت تا ئەگاتە هیران لە فەڵەستین، بۆیە پەیڕەویکردن لە ئاینی میترایی لەو شوێنەی کە ئیبراهیم کۆچی لێ ئەکات هەر بەردەوام ئەبێت هەتا هەزارەی پێش زاین.

پاش ئاینی میترایی، سەردەمی  ئاینە مەزدیسەکان دێن کە بەگشتی بە ئاینە (دوانە گەراکان) ناسراون کە باوەڕیان هەبووە بە خوداوەندەکانی چاکە و خراپە بە ناوەکانی ( ئاهورامەزدا و ئەهریمەن).

ئاینە مەزدیسەکان ١٠٠٠ ساڵ پێش زاین سەریان هەڵداوە، کە بەگشتی  پێکدێن لە ئاینەکانی ( زەردەشتی و بەهی) ئەم ئاینانەش لە بنەڕتدا هەر درێژکراوەی ئاینی کۆنی میتراییە، بەو پێیەی کە ئەوانیش ستایشی هێزە سرووشتیەکانیان ئەکرد وەک خۆر و مانگ و ئەستێرە و ئاگر و با و ئاو. 

"سەر هەڵدانی مادەکان لە سەرزەمینی تەختی ئێرانەوە"

بە هۆی پەرش و بڵاوی تیرە و هۆزەکانی سەرزەمینی تەختی ئێران، لە ٩٠٠ بۆ ٨٠٠ ساڵی پێش زاین، سوپای ئاشوورییەکان توانیان پێشڕەویەکی بەرچاو بکەن لە ئێراندا، لە هەندێک سەرچاوەدا ئاماژە بە داگیرکردنی سنندج یان (شاری سنە) کراوە، تەنانەت سوپای ئاشوورییەکان گەشتوونەتە نزیک کێوی بێستوون لە کرماشان.
بۆ ڕاوەستانی ‌‌هێرشی ئاشوورییەکان هەندێک تیرە و بنەماڵەی بەناوبانگی کورد کە دواتر پێیان ووتراوە هۆزو تیرەکانی ماد، خۆیان ڕێکخست بۆ ڕاگرتنی پێشڕەوی ئاشوریەکان، وەک هۆزەکانی هورا، لۆلۆیی، کوتی(گوتی) و وەهەروەها تیرەی دەستڕۆیشووی ماناکان کە هەر سەر بە هۆزی لۆلۆیی بوون.

"لۆلۆییەکان" لە ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە جوڵەیان کرد، پاشان لە سەرپێڵی زەهاوی نزیک شاری "کرماشان" گیرسانەوە و ئەو شارەیان کرد بە پایتەختی فەرمانڕەوایی خۆیان، "لۆلۆییەکان" بە هاوکاری هۆزی هورا و گۆتی-وە بە سەرپەرشتی تیرەی مانا، هێرشی ئاشوورییەکانیان تێکشکاند و بەرەو بۆکان و دەریاچەی ئورومییە کشان، هەتا لە سنووری کۆنی فەرمانڕەوایی ئاشوورییەکان نزیک بوونەوە، دواجارهاتنە ناوچەکانی نێوان ڕووباری دیجلە و فوڕات کە پێی ئەوترێت (میزۆپۆتامیا)، هەتا ئەم کاتە سوپای  هۆزە کوردییەکان هێشتا ناز ناوی ئیمڕاتۆڕیەتی (ماد)یان لە خۆیان نەنابوو، لەسەرەتای جەنگی ئاشوورییەکاندا لە سەرچاوە مێژوویەکاندا ئەو سوپا کوردەیە بەناوی سوپای (مانا)کان ناو نراوە کە وەک ئاماژەمان پێدا، بچوکترین تیرەی کوردی نێو هۆزی گەورەی لۆلۆ بوون.

لە هەندێک سەرچاوەی مێژوویدا ئاماژەی پێکراوە کە بە هۆی نزیک بوونەوەی سوپای (مانا)کان لە سنووری ئیمپڕاتۆریەتی ئاشوورییەوە، سەردەمانێک پایتەختی دەوڵەتەکەیان لە سەرپێڵی زەهاوەوە گواستۆتەوە بۆ قەڵای ( ئیزیرتوو) لە شاری بۆکانی ئێستا.

دەسەڵاتی (مانا)کان لە دەریای کەنداوی فارسی ئێستا وەهەروەها تەواوی سەرزەمینی تەختی ئێرانی کۆن و ئازەربایجان، هەتا سنوورەکانی دەسەڵاتی ئاشوورییەکان لە "ئێراق" درێژ بووەتەوە، هەر ئەو دەسەڵاتە کوردییە بوو بە بناغەی دروست بوونی ئیمپڕاتۆری ماد لە داهاتوودا، زمانی ئاخافتنی سنووری دەسەڵاتی (مانا)کان لەم سەردەمەدا هۆرایی بووە، یان لەهەندێ شوێن تێکەڵەیەک بووە لە شێوەزاری هۆزی هۆرا و تیرەی مانا، کە لەدوایدا بە زمانی ئاخافتنی (هۆرامانی) لە سەرچاوە مێژووییەکاندا ئاماژەی پێکراوە، هەرچەندە بەڵگەنامەی مێژوویی زۆریش لە بەردەستادایە کە بۆ نووسین (مانا)کان شێوەزاری لۆلۆی و گوتی یان بەکارهێناوە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی خۆیاندا.  

"هیرۆدۆت" لەو نووسراوانەدا کە باس لە پاشا (سارگۆنی دووەم)ی ئاشووری ئەکات، ئاماژە بە شکستی گەورەی دەسەڵاتی ئاشوورییەکان ئەکات و ئەڵێت؛ لەسەر دەستی پاشایەکی (مانا)کان بەناوی (ئوراتوو)  لە نێوان ساڵانی ٧٢١  بۆ ٧٠٥ی پێش زایندا، سوپای ئاشوورییەکان تێک ئەشکێنرێت و دواجار پاشا "سارگۆنی دووەم" بەدیل ئەگیرێت بەڵام ماناکان نایکوژن، لەگەڵ خانەوادەکەی ڕەوانەی سوریای ئێستا ئەکرێتەوە، وە پاشان هەر لەسەردەستی ماناکان لە ساڵی ٦١٢ی پێش زاین ئیمپڕاتۆریەتی ئاشوورییەکان بە تەواوی لە ناو ئەچێت، کۆتایی دەسەڵاتی ئاشووریەکان بەسەرەتای دروستبوونی ئیمپڕاتۆریەتی ماد ئاماژەی پێکراوە لە سەرچاوە مێژوویەکاندا.

لە باسی دروستبوونی ئیمڕاتۆری (ماد)دا هیرۆدۆت ئاماژە بە ناوی دیاکۆی یەکەم پاشای ئیمپڕاتۆری "ماد" ئەکات، کە ئەڵێت ئاشوورییەکان بە ناوی (دیاکۆکی ئیلامی) ناوی دەهێنن، هیرۆدۆت ئەنوسێت؛ دیاکۆ کە سەر بنەماڵە و تیرەی ماناکان بوو، نزیکەی ٥٣ ساڵ لە دوای دامەزراندنی ئیمپڕاتۆریەتی ماد حکومڕانی ئەو ناوچانە ئەکات کە پێشتر کەوتبوونە ژێر فەرمانڕەوایی ئاشوورییەکانەوە، وە هەروەها باس لە یەکەم کاری "دیاکۆی ئیلامی" ئەکات دوای ڕاگەیاندنی شەهانشاهی ماد، کە ئەویش دروستکردنی پایتەختێک بووە بۆ دەسەڵاتەکەی لە شاری (هەگمتانە)  واتە ( شاری کۆکەرەوەی هەموان)، کە بە زمانی یۆنانی بە شاری (هەگمتانە) ئەوترێت (ئیکباتا)، (هەگمتانە) ڕێک شاری هەمەدانی ئێستا ئەکات (بنواڕە وێنەکان).

هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ئیمپڕاتۆریەتی مادەوە شاری (هەگمتانە) پایتەختی حکومڕانی شاهان شای ماد بووە و هەتا سەردەمی هاخامەنیشین و ساسانییەکانی میراتگری ئیمپڕاتۆری مادیشدا (هەگمتانە)  هەر بە پایتەختی ماوەتەوە.

"ڕیشەی وشەی موغان"

موغان، کۆکراوەی ناوی (موغ)ە، کە بەواتای پیاوی ئاینی دێت، بەدرێژایی مێژووی نەتەوە هیندۆ-ئێرانییەکان سێ جۆر موغ بوونی هەبووە، کە ئەویش موغی میترایی، موغی مەجوس (کە بەناوی تیرەی ماجانی پارسەوە ناو نراوە) وە هەروەها موغی ماد، وشەی موغ بە شێوەی (مگو) لە چەندین جێگای جیاواز هەڵکەنراوە لەسەر تابلۆ بەردینەکانی کێوی بێستون لە کرماشان، لە ئاوێستاشدا بە شێوەی (مغو) نوسراوە و لە زمانی پەهڵەویدا بە (مغ) ناوی هێنراوە، لە زمانی یۆنانیدا بە شێوەی (ماگوس) وەرگێڕانی بۆکراوە، وە لە زمانی ئارامیدا بەشێوەی (مەجوشا) هاتووە و لە زمانی عەریبیشدا بە (مەجوس) وەرگێڕانی بۆ کراوە.

لە دیدی فەیلەسوفی گەورەی یۆنانی ئەفلاتوون-دا وشەی موغ بە مانای خزمەتگوزاری خوداکان هاتووە، بە هەمان شێوە فەیلەسوف ئاپۆلۆنیوسی یۆنانی هاوڕایە لەگەڵ ئەفلاتوون و ئەڵێت موغان کەسانێکی ڕۆحانی و پیرۆز بوون لە هەموو ئاینە کۆنەکاندا وەک (میترایی و مەزدیسەکان) کە ڕێگا نیشاندەری شوێنکەوتوانی ئاینەکان بوون بۆ باشتر ناسینی خوداکان و فێرکردنی چۆنێتی داواکردن لێیان، وە پیشاندانی چۆنێتی قوربانیکردن لە پێناویاندا.

لە قاموسی معجم المعانی عربیدا بەم شێوەیە ئاماژە بە تعریف و مەعنای وشەی موغ کراوە؛
تعریف و معنی‌ موغ فی معجم المعانی الجامع- معجم عربی:

·المُغْني: اسم من أسماء الله الحسنى، ومعناه: الذي أغنى الخلقَ وكفاهم بما جعل لهم من أموالٍ وبنين، وما ساقه إليهم من الأرزاق

·هُوَ اللَّهُ الْمُغْنِي: اِسْمٌ مِنْ أَسْمَاءِ الله تَعَالَى، أَيْ هُوَ الَّذِي يُغْنِي مَنْ يَشَاءُ مِنْ عِبَادِهِ

·المُغْني: المتكفل، الدافع للضرر، إبراهيم آية 21 فَهَلْ أَنْتُمْ مُغْنُونَ عَنَّا مِنْ عَذَابِ الله مِنْ شَيْءٍ (قرآن) : الدَّافِعُونَ الضَّرَرَ عَنْ غَيْرِهِمْ


یەکێک لە ناوە پیرۆزەکانی اللە جل جلالە (المُغْنی)یە کە لە ڕەگی وشەی سێ پیتی (موغ)ەوە وەگیراوە کە واتای دەوڵەمەندی پەروەردگار ئەگەیەنێت لە ئافەریدەکردنی دروستکراوەکانی و بە خشینی ماڵ و منداڵ و دابینکردنی ڕۆزی بێشومار بۆیان، وەهەروەها (المُغْنی) بە مانای "المتكفل" دێت کە بە واتای پاراستنی مرۆڤ دێت لەو شتانەی کە زیانی پێ ئەگەیەنێت. لە ڕاستیدا لە کۆندا مرۆڤ هەر بۆ ئەو دوو مەبەستە پێویستی بە ئاین هەبووە کە لە ناوی (المُغْنی)دا هەیە  ئەویش بەخشندەیی خودا و پاراستنی مرۆڤە لە مەترسییەکان.

لەگەڵ تەشەنەکردنی دەسەڵاتی مادەکان، بنەماڵەی موغەکانیش شان بەشانی سوپای ماد لە سەرزەمینی "ئیرانی کۆن" و ناوچەی (میزۆپۆتامیا) لە دامەزراوەیەکی ئاینیدا خۆیان ڕێکخست بۆ دروستکردنی پەرستگاکان لە پێناو دروستکردنی کەشێکی ڕۆحی بۆ سەربازەکانی سوپای "ماد" هەتا پەرستشەکانیان دوور لە زێدی خۆیان بەباشی ئەنجام بدەن.

شایەنی باسە وشەی موغان بەشێوەی جیاواز لە شارستانییەتی ڕۆژئاواشدا ئاماژەی پێکراوە، لە زمانە ئەوروپییەکاندا موغان بە کەسێک ووتراوە کە نهێنی زۆری لابێت، وە وشەی (ماجیک) بە واتای جادوو لە ناوی موغەوە دەریان هێناوە، وەهەروەها وشەی (مەگنێت) و (موگناتیزم) کە پەیوەستە بە هێزە شاراوەکانەوە لە ڕیشەی وشەی (مگو)ی سەرتابلۆ بەردینەکانی کێوی بێستوون وەرگیراوە، لە زمانی عەرەبیشدا وشەی مغناگیس ڕیشەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ وشەی (مغ)ی زمانی پەهڵەوی.

"چیرۆکی سێ موغەکە"

"ئینجیلی مەتا" لە باسی چیرۆکی لە دایکبوونی عیسا-ی مەسیحدا ئاماژەی بە ڕۆشتنی سێ موغ کردوە لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتی میزۆپۆتامیاوە بۆ "بەیت لەحم"ی شوێنی لە دایکبوونی عیسا لە فەلەستین، بە پێی بەڵگە ئینجیلییەکان موغەکان ڕێک لە باشووری کوردستانەوە ڕۆشتوون، سەردەمی چوونی موغەکان ئەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتدارێتی ساسانییەکان لە میزۆپۆتامیا، ئەوەش پێمان ئەڵێت کە موغەکان بەدرێژایی مێژووی دەسەڵاتدارێتی مادەکان و هاخامەنشینەکان و ساسانییەکان وەک دامەزراوەیەکی ئاینی لە کوردستان بوونیان هەبووە، بەو پێیەی کە موغەکان بە درێژایی مێژوو شارەزایییان لە زانستی ئەستێرە ناسیدا هەبووە بۆیە ئەو سێ موغە هۆکاری ڕۆشتنیان بۆ شوێنی لەدایکبوونی "عیسا" باس ئەکەن کە گوایە لە ساڵەکانی ٦ بۆ ٤ پێش زاین ئەستێرەی مشتەری و زوحەیل ومەریخیان دیووە لە یەک نزیک بووەنەتەوە، ئەوەش نیشانەیەک بووە بۆ لە دایکبوونی پێغەمبەرێک کە ڕێنموێنی پێیە بۆ مرۆڤایەتی، ئامادەیی ئەو سێ موغە لە ڕۆژەکانی سەرەتای لە دایک بوونی عیسادا گەورەترین کاریگەری لەسەر ئاینی مەسیحی دروستکردوە لە جیهاندا، موغەکان لەگەڵ دەستی خۆیاندا سێ جۆر دیارییان بردووە بۆ ئورشەلیم هەتا پێشکەشی کۆرپە تازە لە دایک بووەکەی بکەن. ئەویش بریتی بووە لە (ئاڵتوون و بخورد و بنێشتی کوردی)، هەر بەهۆی ئەو دیاری بردنەی موغەکانەوە هەتا ئێستاش بووە بە نەریتی دینی، لە کاتی لە دایکبوونی مەسیحدا (کرسمس) مەسیحیەکانی جیهان دیاری پێشکەش بە یەکتری ئەکەن.

زۆر بەڵگەی مێژوویی تر لە بەردەستدا هەیە ئەی سەلمێنن کە ئەو سێ موغە کورد بوون و لە کوردستانەوە ڕۆشتوون، لەبەر ئەوەی خودی ئیمڕاتۆریەتی ساسانییش کە موغەکان لەو سەردەمەدا ڕۆشتوون بۆ ئورشەلیم کورد بوون.

 دکتۆر "مەهدی کاکەیـی" لە وتارێکدا کە لە ماڵپەڕی ئاوێنە بڵاو کراوەتەوە ئەنووسیت؛ خودی دەسەڵاتدارانی ساسانییەکانیش سەر بە هۆزی (شوانکارە)ی کورد بووە. ئەم هۆزە خەریکی کشتوکاڵ و مەڕداری بوون. ئەوان لە کۆتایی سەردەمی (بووهەویەکان)دا هەستان بە دامەزراندنی زنجیرە فەرمانڕەواییەك بە ناوی (ئەتابکە، پادشاکانی شوانکارەی کورد لە وڵاتی فارس). هەروەها ڕۆژهەڵاتناسی نەمساوی (ئێدوارد ڤۆن زامباور) لە کتێبی (معجم اڵ‌نساب واڵ‌سرات الحاكمه‌ فی التاریخ الإسلامی)دا ئاماژە بەوە دەکات کە هۆزی (شوانکارە) دەگەڕێتەوە سەر ڕەچەڵەکی دامەزرێنەری دەوڵەتی ساسانی (ئەردەشێری کوڕی پاپەگان)
فراوانکردنی شانشینەکەی ئەردەشێر، کۆتا پادشای ئەشکانییە فارسەکانی (پادشا ئەردەوانی پێنجەم)ی ترساند، بۆیە هەستا بە ناردنی پەیامێك بۆ (ئەردەشێر) بە نامەبەرێكدا. (پادشا ئەردەوانی پێنجەم) لە نامەکەیدا ڕەچەڵەکی (ئەردەشێر) بە کەم و بێ بایەخ باس دەکات. پاشان نامە پڕ سوکایەتی پێکردنەکەی (پادشا ئەردەوانی پێنجەم) لە کۆشکی پاشایەتی و لە بەردەم کاربەدەستانی شانشینی ساسانیدا دەخوێنرێتەوە. لە نامەکەدا ئەمەی خوارەوە نوسرابوو؛ (هەی بەچکە کورد تۆ سنوری خۆتت بەزاند و مەرگی خۆتت دیاری کرد،  تۆ لە ژێر دەواری کوردیدا پەروەردە بوویت، کێ ڕێی پێداوی بە لەسەرکردنی ئەو تاجە؟). 

شایەنی باسە کە هەر یەك لە (تەبەری و ئیبن ئەسیر) ئاماژەیان بەو نامەیە داوە. نامەکەی پادشای ئەشکانییە فارسەکان (ئەردەوانی پێنجەم)، بە ڕوونی دوپاتی ئەو ڕاستیە دەکاتەوە کە بنەماڵەی ساسانییەکان "کورد" بوون. 

هەروەها (یاقوت ئەلحەموی) لە کتێبی "معجم البلدان" کە لەساڵی  1224 زاینی تا ساڵی 1228 زاینی خەریکی نووسینەوەی بوو، ئاماژە بەوە دەکات کە زنجیرە پادشاکانی ساسانی کاتێك کە شاری "مەدائین"یان بونیات نا، لە ناویدا گەڕەکێکیان بە ناوی {"کوردئاوا"، واتە ئەو گەڕەکەی کە لەلایەن کوردەوە دروستکراوە} دروستکرد، چونکە خۆیان سەر بە نەتەوەی کورد بوون. نوسەر ناوی شەش گەڕەک دەهێنێت،  كە پادشاکانی ساسانی دروستیان كردوە لەم شارەدا و یەكێك لە گەڕەكەكان " کوردئاوا"یه.

"وشەی موغان لە شانامەی فیردەوسیدا"

شاعیری پایە بەرزی ئێرانی (ئەبو قاسمی فیردەوسی). لە شاهنامه ملحمه‌ الفرس الكبری‌. هۆنراوەیەک لەسەر پاشای پێنجەمی ساسانییەکان "بەهرامی کوێر" نقڵ ئەکات کە تێیدا باسی سروودی موغان یان "خروشی موغان" ئەکات و ئەڵێت؛

در رفتن بهرام‌ شاه نزد گوهرفروش به شنیدن ێ‌وای چنگ دخترش، چنین ێ‌مده است:

به سرو سهی گفت بردار چنگ
به پیش گشسپ ێ‌ی با بوی و رنگ
بیامد بر پادشاه چنگ‌ زن
خرامان به سان بت برهمن
زن چنگ‌ زن چنگ در بر گرفت
نخستین "خروش مغان" در گرفت

بە هۆی هەبوونی ئەو ڕیشە قوڵەی کە وشەی (موغ یان موغان) هەیەتی لە شارستانێتی ئێرانی کۆندا، بە درێژای سەردەمی ئاینی میترایی و مەزدیسەکان و مادەکان، زۆر دەشتی بە پیت وگوند و ئەشکەوت ناوی موغانی لێنراوە، هەتا ئێستاش ناوی ئەو شوێنانە هەر بە موغان ناوزەد ئەکرێت.

یەکەم؛ دەشتی بە پیتی موغان کە هەڵکەوتەی جوغرافییەکەی ئەکەوێتە ئوستانی ئەردەبیلەوە لە ناوچەی ئازەربایجانی ئێران، بە دڵڕفێنترین و بەپیت ترین ناوچەی "ئێران" دا ئەنرێت لە ڕووی گەشت وگوزاری و کشتوکاڵییەوە، پانتایی دەشتی موغان لە ئەردەبیل ١٧٩٥٣ کیلۆمەترە و ڕێژەی ١.٠٩٪ی کۆی پانتایی خاکی ئێرانی ئێستا پێک ئەهێنێ.

دووەم؛ گوندی موغان یەکێکە لە گوندە هەرە جوانەکانی ئێران کە تەنها ٤٥ کیلۆمەترە لە شاری مەشهەدەوە دوورە، سەرەڕای دڵگیری گوندی موغان، ئەشکەوتێکی دێرینیش لە یەکێک لە چیا سەرکەشەکانی نزیک ئەو گوندە هەیە کە هەر بەناوی ئەشکەوتی موغان ناسراوە، ئەشکەوتی موغان ئاتەشگایەکی کۆنی تێدایە، مادەکان لە کۆندا وەک پەرستگا و پەناگەی سەربازی بەکاریان هێناوە، لە ئێستادا ساڵانە هەزاران گەشتیار وەک شوێنێکی ئاسەواری مێژوویی گرنگ سەردانی ئەشکەوتی موغان ئەکەن.

سێیەم؛ بەرزاییەکانی گوندی موغان لە نزیک شاری ئەسفەهان، هەموو ساڵێک لە سەرەتای وەرزی بە هاردا کاتێک دەشت و دەر سەوز ئەبێت بە ئامادەبوونی هەزاران دانیشتوی گوندەکانی ئەو ناوچە و سەدان گەشتیاری جیهانی، لەبەر ڕەسەنایەتی گوندی موغانی ئەسفەهان ڤیستیڤاڵێکی ساڵانە ساز ئەکرێت بە ناوی هەفتەی فەرهەنگی "فەرەیدوون"، هەر وەک ڤیستیڤاڵەکانی ئێل بەگی جاف و هۆزی نەوڕۆڵی لای خۆمان نمایشی جل و بەرگ و سوارچاکی و دەف لێدان و چالاکی کلتوری عێلەکانی ناوچەکە لە خۆ ئەگرێت .

سرووشتی مرۆڤ وایە؛ کە ناوی دەشت و گوند و شوێنە سەرنج ڕاکێشەکان ئەبێتە بەشێک لە کولتوور و یادگاری بۆی، کاتێک سوپای مادەکان بۆ فراوانکردنی سنووری دەسەڵاتەکەیان لە زێدی کۆنی خۆیان دوورکەتوونەتەوە، هەر دەشت و گوند و شوێنێکیان هاتبێتە ڕێگا کە هەڵکەوتەی جوغرافییەکەی هاوشێوەی زێدی کۆنی خۆیان بووە، لەبەر دوو هۆکار هەمان ناویان لەو جێگایانەش ناوە، یەکەم؛ لەبەر سەپاندنی زمان و کولتووری خۆیان لەو ناوچانەی کە هەیمەنەی دەسەڵاتی سەربازی تێدا بەدەست هاتووە، دووەم؛ لەبەرئەوەی ئەو ناوانە بووە بە بەشێک لە یادگاری بۆیان، بۆیە بەهۆی دووبارە ناونانی شوێنە هاوشێوەکانەوە غوربەتی دورکەتنەوەیان لە زێدی کۆنی خۆیان کەمترکردۆتەوە.

ئەم جۆرە ناونانە لە چەرخی نوێیشدا ئەبینرێت، کاتێک بەریتانیاکان چوونە کیشوەری ئەمریکا ناوی شاری (نیو یۆرک)یان هەر بەناوی شاری (یۆرک)ی ئینگلتەراوە ناو ناوە، وەهەروەها ناوی شاری (بێرمینگهام)یان دووبارە بەناوی شاری بێرمینگهامی ئینگلتەراوە ناو ناوە.  

هەرچەندە بەڵگەی نووسراوی مێژوویی لە بەردەستادا نییە تا سەلمێنەری ئەو ڕاستیە بێت کە ناوی گوندی موانەکان-ی دەشتی شارەزوور ڕاستەوخۆ لە وشەی موغانی سەرزەمینی ئێرانی کۆنەوە وەرگیرابێت، بەڵام دەیان بەڵگەی ترمان لە بەردەستدایە کە موغەکان لەگەڵ فراوانبوونی دەسەڵاتی یەکەم ئیمڕاتۆری ئاریایی کە مادەکانە لە ساڵەکانی ٦٠٠ی پێش زاین هاتوونەتە ئەو ناوچانەی کە دەسەڵاتی ئاشوورییەکانی تێدا بووە، وەهەروەها دەیان پارچە ئاسەواری مێژوویی کۆن لە ژێر گردە دەستکردەکانی گوندی موانەکان و قەبرە کۆنەکانی ناوچەکەدا دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەیان بۆ سەردەمی مادەکان ئەگەڕێتەوە، وەک ئاگردان، پەیکەر، سکەی ئاڵتوونی، ئامێری جەنگ و ...هتد.

ئەگەر هەڵسەنگاندنێکی زمانەوانی یان ووشە سازیش بکەین بۆ لێکچون و نزیکی ڕەگی ووشەی موغان و موان، ئەتوانین بە ئاسانی تێبگەین کە ناوی موان هەر مەبەست لێی وشەی (موغان)ی سەردەمی مادەکانە و بە تێپەڕبوونی کات پیتی (غ) بەهۆی ئاسان دەربڕینەوە سواوە، وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد هاوشێوەی دەشتی "موان" لە ئەردەبیلی ئازەربایجانی ئێراندا هەتا ئێستاش هەر ناوی دەشتی موغانە، وەهەروەها ناوی گوند و ئەشکەوتی مێژوویی موغان لە لە نزیک شاری (مەشهەدی ئێران) هەتا ئێستا پارێزگاری لە ناوەکەی کردووە، ڤیستیڤاڵی فەرهەنگی بەرزاییەکانی گوندی موغانیش لە نزیک ئەسفەهان لە سەرەتای وەرزی بەهاردا هەڵگری پەیامێکی مێژووییە بۆ ئێمە، بۆیە لە ڕوانگەی لێکچونی چالاکی مرۆییشەوە دووبارە ئەتوانین بڵێین؛ کە ناوی گوندی موانەکانیش لە بنەڕەتدا موغان بووە کە ٦٠٠ ساڵ پێش زاین لەگەڵ فراوانبوونی دەسەڵاتی مادەکان لە ناوچەی "میزۆپۆتامیا" ناو نراوە.

هەرچەندە لە بەرواری ٢١ی ٣ی ٢٠١٩ بەڕێز "سەرچین ساڵح" لە ماڵپەڕی زەمەن نووسینێکی بڵاوکردۆتەوە بە ناونیشانی (حەوت گوند ناوی پادشایەكی عوسمانییان هەیە) ئەنوسێت " حەوت گوندی شارەزوور، یەك ناویان هەیەو بەناوی پادشایەكی عوسمانییەكانەوە ناونراون، كە تەنها ٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر فەرمانڕەوا بووە" وەهەروەها "سەرچین ساڵح" لە زمانی دانیشتوانی گوندی موانەکانەوە زیاتر ئەنوسێت " موغان پاشا لە بنگردی موانی نزیک "كانی پانكە" قەڵای هەبووە، موڵكی ئەو پاشایە لە كانی پانكە-وە هەتا سەر ڕێگای (شارەزوور و سەیدسادق) درێژبووەتەوە، ئەو گوندانە بەناوی ئەوەوە ناونراون بەدرێژایی مێژوو لە موغانەوە گۆڕاون بۆ موان”.

بە بڕوای من ئەو نووسینەی کاک "سەرچین ساڵح" پێچەوانەی بەڵگە مێژووییەکانە، لە بەدوادا چوونەکانماندا هیچ بەڵگەیەکی مێژوویم دەست نەکەوت کە لە ٧٠٠ ساڵی سەردەمی عوسانییەکاندا پاشایەک هەبوو بێت بەناوی (موغان پاشا)وە، دووبارە ئاماژەی پێ ئەکەین کە وشەی موغان وشەیەکی تەواو ئاریاییە و ڕیشەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی ئاینی میترایی و مەزدیسەکان لەگەڵ هاتنی مادەکاندا هاتووە بۆ ناوچەی "میزۆپۆتامیا" و ئەم وشەیە هیچ ڕیشەیەکی لە زمانی تورکیدا نیە.

گەڕاندنەوەی ناوی موانەکان بۆ موغان پاشای عوسمانی کە هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی نایسەلمێنێ، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ شێواندنی کەلەپووری ناوچەکە و هەوڵێکە بۆ دابڕینی مێژووی هەزاران ساڵی موانەکان، لەگەڵ ئەوەدا کە ئەم هەوڵە خراپە هەژاریی فەرهەنگی و کولتووری گوندی موانەکان بەدوای خۆیدا ئەهێنێت، ئاماژەیەکی خراپیشە بۆ شێوانی هەڵکەوتەی بایۆگرافی باشووری کوردستان و دابڕینی مێژووی ئیمپڕاتۆری مادەکانە لە ناوچەی "میزۆپۆتامیا"، کە سوودەکەی تەنها ئەچێتە سەر بە "تورک" کردنی هەموو ناوچە ڕەسەنەکانی باشوری کوردستان.

"هەڵکەوتەی جوغرافیای گوندی موانەکان"

ژمارەی موانەکان حەوت گوندە و هەموویان دەكەونە سێگۆشەی سەر ڕێگای نێوان قەزای (سەیدسادق- سلێمانی و، سەیدسادق- وارماوا).

ناوی شەش گوندی موانەکان هەریەکەیان پاشگرێكی تایبەتی هەیە، کە پێکدێت لە ناوی كەسایەتی یەکەمی ئەو گوندە کە لە سەردەمی نوێدا ئاوەدانیان كردۆتەوە، هەر بەو ناوەوە لە فەرمانگەكانی میریدا تۆماركراوە بۆ لێك جیاكردنەوەیان لەیەكتری وەک، موانی حەمەی حەسەن، موانی حاجی قادر (موانە كۆن)، موانی ڕۆستەم، موانی حاجی عەبدوڵڵا (ئاوەدان نەکراوەتەوە)، موانی میرزا و موانی مەلا تاهیر، کۆتا موانیش ناوی (موانی بنگردە) کە زۆر نزیکە لە شارە دێی کانی پانکەی سەرجادەی سلێمانی-هەڵەبجە. (بنواڕە وێنەکان).



دواجار: 

موانەكان شوێنی لە دایک بوونمە و بە خۆشترین جێگای ئەزانم لە جیهاندا،  دانیشتوانەکەی خەڵکی دڵپاک و سادە و ڕەسەنی کوردستانن، زۆربەیان بە كشتوكاڵ و ئاودێری و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن.

سرووستی دەشتی شارەزوور کە گوندی موانەکانی لە ئامێز گرتووە لە ڕووی بەپیتی خاکەکەیەوە هاوشێوەی دەشتی موغانە لە ئەردەبیلی ناوچەی ئازەربایجانی ئێران، وە هەروەها سرووشتی کۆمەڵایەتی و هەڵکەوتەی جوغرافی گوندەکانی نزیک مەشهەد و ئەسفەهانیش لەگەڵ شوێنی گوندەکانی موانە و لێکچونێکی زۆر لە نێواندیاندا هەیە، وەهەروەها بە پێی بەڵگەنامە مێژوویەکانی تر کە پێشتر ئاماژەمان پێدا، ئەگەینە ئەو ڕاستیەی کە بێ دوو دڵی بڵێین ناوی گوندی موانەکانیش سەرەتا هەر ناوی موغان بووە و بەتێپەڕبوونی کات گوڕانکاری بەسەردا هاتووە و بووە بە موان.

 
تێبینی:

1.ئەم نوسینە تەنها لێکۆڵینەوە و بەدواداچونێکی تاکە کەسی خۆمە و وەک توێژینەوەی ئەکادیمی نەنوسراوە، جا ئەگەر ویستت هەر زانیاریەکی ئەم وتارە بەکار بهێنی، ئەوا باشتر وایە ڕاستەوخۆ سود لەو سەرچاوانەوە وەربگریت کە لەخوارەوە دامناوە.

2.ئەو بابەتە مێژوویانەی کە لەم نوسینەدا ئاماژەی پێکراوە و باس لە چۆنێتی ئاین و بیرووباوەڕی کۆنی کورد ئەکات، ئەوە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە ئاین و بیرووباوەڕی کەسێتی خۆمەوە نیە، تەنها نقڵ کردنی هەندێک زانیاری مێژووییە کە پێوسیتە وەک خۆی بگەیەنرێت تا نەوەکانی ئایندە بزانن لە ڕابردوودا چی ڕویداوە، چونکە مرۆڤ ئەگەر مێێژووی خۆی بە باشی نەزانێت ناتوانێت داهاتوویەکی رووناکی هەبێت.

3.ئەگەر هەر بۆچونێکی ناو ئەم نوسینەت بەلاوە ڕاست نەبوو، ئەوا ئازادانە  ڕەخنەی لێبگرە، چونکە مەرج نیە ئەوەی کە لێرەدا نوسراوە هەمووی ڕاست و دروست بێت.

براتان دڵشاد موانی

 
سەرچاوەکان 

تاریخ ادیان (جلد پنجم) لە نوسینی ‌هاشم رضی

ایگور میخایلوویچ دیاکونوف تاریخ ماد

حسن پیرنیا. تاریخ ایران باستان یا تاریخ مفصل ایران قدیم. جلد اول، با مقدمه و شرح: محمدابراهیم باستانی پاریزی، تهران، دنیای کتاب، 1362 ق.

غلامرضا رشيد ياسمي. كُرد و پیوستگی نژادى وتاريخى. سال 1369 هـ ق.

زامباور. معجم الأنساب والأسرات الحاكمة في التاريخ الإسلامي. إخراج: الدكتور زكي محمد حسن بك و حسن أحمد محمود. ترجمة قسم من فصول الكتاب: الدكتورة سيدة إسماعيل كاشف و حافظ أحمد حمدي و أحمد محمود حمدي، دار الرائد العربي، بيروت، 1980 م..


شاعیری پایە بەرزی ئێرانی (ئەبو قاسم ی فیردەوسي). شاهنامه ملحمة الفرس الكبرى. ترجمة سمير المالطي..

ابن البلخي. فارسنامه، فصل احوال شبانكاره و كُرد و فارس. چاپی ئەوروپا.


دهخدا، على اكبر. لغتنامه. جلد سوم، چاب دانشگاه تهران، سال 1345 ق.

ابو جعفر محمد بن جرير الطبري. تأريخ الرسل والملوك. المجلد الثاني، المطبعة الحسينية، مصر..

إبن الأثير. الكامل في التاريخ، المجلد الأول.

ياقوت الحموي. معجم البلدان. المجلد السابع

لي سترنج، ك. بلدان الخلافة الشرقية. ترجمة بشير فرنسيس وكوركيس عواد، مطبوعات المجمع العلمي العراقي، مطبعة الرابطة، بغداد، 1954.

الشيخ شمس الدين أبي عبدالله محمّد أبي طالب الأنصاري الصوفي الدمشقي. نخبة الدهر في عجائب البر والبحر. طبع مدينة بطربورغ، سنة 1865..

البلاذري (2010). فتوح البلدان.

"Media,” in The Cambridge History of Iran, vol. 2: The Median and Achaemenian Periods, ed. I. Gershevitch,
Cambridge, 1985a.

Tavernier, Jan. Iranica in the Achaimenid period (ca. 550 – 330 B.C.): Lexicon of Old Iranian. Peeters Publishers, Louvian, Belgium, 2007,.

Browne, Edward G. (1919). A literary history of Persia: A literary history of Persia from the earliest times until Firdawsi. T. Fisher Unwin Ltd, London
.

Parthian Economic Documents from Nisa, ed. D. N. MacKenzie, 5 vols. , London, 1976-2002 (co-authored with V. A. Livshits)



ئه‌م بابه‌ته 751 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر