چوار قەڵای مێژوویی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

قەڵای فەلەکولئەفلاک، قەڵای سام، قەڵای هەڵۆخان و قەڵای بێردووک
PM:11:32:07/04/2021
دۆسیە: نەتەوەسازی


بێهزاد قادری
ڕۆژنامەنووس


"قەڵای فەلەکولئەفلاک"

شوێن؛ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پارێزگای لوڕستان، شاری خوڕەمئاوا.

قەڵای "فەلەکولئەفلاک" قەڵایەکی مێژوویی لە ناوەندی شاری "خوڕەمئاوا" لە پارێزگای لوڕستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەم قەڵایە بە ناوی قەڵای "دوازدە بۆرجـ"ـیش دەناسرێت. "فەلەکولئەفلاک" لەسەر تەپۆڵکەیەکی زاڵ بەسەر خوڕەمئاوادا و لە نزیکی ڕووبار و لە ناوەندی شاردا هەڵکەوتووە و گرینگترین و بەرچاوترین میراتی مێژوویی و گەشتیاریی ئەم شارەیە. مێژووی دروستکردنی ئەم قەڵایە بۆ سەردەمی "ساسانییەکان" دەگەڕێتەوە. 

"فەلەکولئەفلاک" لە درێژایی مێژوودا بە چەندین ناو ناسێندراوە کە بریتین لە: "دژی شاپوور خواست، قەڵای خوڕەمئاوا، دوازدە بۆرجی و کۆشکی ئەتابەکان و...". ئەم قەڵایە لە سەردەمی قاجاڕەکانەوە بە ناوی "فەلەکولئەفلاک" زەوت کراوە. 

پێشینەی ئەم قەڵایە بۆ سەردەمی "ساسانییەکان" دەگەڕێتەوە. ساسانییەکان شارێک بە ناوی "شاپوور خواستـ"ـیان لە نزیکیی ناوچەی هەنووکەیی خوڕەمئاوا دروست کرد کە دواتر وێران کرا و لە دەوروبەری سەدەی حەوتەمی کۆچی، خوڕەمئاوای ئەمڕۆ لە جێی ئەو بونیاد نرا. گومان دەکرێت کە قەڵای فەلەکولئەفلاک هەمان دژی "شاپوور خواست" بێت کە لە سەردەمی ساسانییەکاندا کارکردی حکوومەتی و نیزامیی هەبووە.

ئەم قەڵایە لە بواری شوێنگەی ستراتیژیکەوە لە سەدەی چواری کۆچی مانگی، وەکو ناوەندی حکوومەتی "ئالێ حەسەنویە و گەنجوەر" لە سەردەمی "ئالێ بوویە"دا دیاریکرا. لە ڕابردوودا ئەم قەڵایە ئەم کارکردانەی هەبووە؛ "خەزێنەی حکوومەتی بنەماڵەی بەدر لە سەدەی چوارەمی کۆچی؛ ناوەندی حکوومەتی ئەتابەکانی لوڕی بچووک و والییانی لوڕستان لە سەردەمی سەفەوییە تاکو قاجاڕ؛ پادگانی نیزامی و زیندانی سیاسی لە سەردەمی پەهلەویی یەکەم و دووەم".

ئەم میراتە بەنرخە، ساڵی ١٣٤٩ی هەتاوی لە ئەرتشەوە ڕادەستی وەزارەتی فەرهەنگ و هونەری ئەوکاتی "ئێران" کرا. دواتر و لە ساڵی ١٣٥٤ی هەتاوی لەم قەڵایەدا مۆزەیەکی خەڵکناسی کرایەوە و کرا بە مۆزەخانە. 

مۆزەخانەی فەلولئەفلاک لەنێو قەڵاکەدایە و لە سەردەمی پەهلەویدا چالاکیی خۆی دەست پێکرد، بەڵام دوای شۆڕشی گەلانی ئێران (ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی) چالاکییەکەی ڕاوەستا. ئەم مۆزەخانەیە دوای شەڕی (ئێران و عێراق) و لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا چالاکیی خۆی دەست پێکردەوە. هەروەها لە ساڵەکانی ٨٥ و ٨٦ و ٨٧ی هەتاویدا بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و بودجەوە، داخرابوو. لەم مۆزەخانەیەدا زیاتر لە ٥٠ ئاسەواری مێژوویی دەپارێزرێت.

سازکردنی بینا لەسەر گاشەبەرد و زاڵ بەسەر دۆڵی مێژوویی خوڕەمئاوا، هەروەها ڕەوانبوونی کانیی پڕئاوی گوڵستان لە داوێنی باکووریی تەپۆڵکەکە لە گەوشینە گرینگەکانی ئەم قەڵایەیە. لەلایەکی ترەوە نزیکیی ئەم قەڵایە لەگەڵ ئەشکەوتی "دەڕە گەرمـ"ـی خوڕەمئاوا و میراتە مێژووییەکانی تری وەک "منارەی ئاجۆری، پردی شاپووری و گردابی بەردی و..."، گرینگیی ئەم قەڵایەی چەند هێندە کردووە.

"قەڵای سام"

شوێن؛ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پارێزگای ئیلام، شاری چرداوڵ.

پارێزگای "ئیلام" ناوچەیەکی خۆش ئاو و هەوا و چوار وەرزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە سەردەمی کۆن ئاسەوارێکی زۆری لێ بەجێ ماوە. "قەڵای سام" یەکێک لە قەڵا مێژووییەکانی ئیلامە کە لە شاری "چرداوڵ" هەڵکەوتووە.

"قەڵای سام" لەڕاستیدا گۆڕەپانێکی مێژووییە کە لە نزیک گوندی "چم بور" هەڵکەوتووە و لە نزیکیدا دارێکی چناری ٥٠٠ ساڵە بوونی هەیە. ئەم قەڵایە لە سێ بەشی پەیوەندیدار پێکەوە کە مەوادایەکیش لە نێوانیانە پێکهاتووە و هەندێک بەڵگەی مێژوویی باس لەوە دەکەن؛ کە لە کۆتایی سەردەمی پارتەکان و سەرەتای سەردەمی ساسانییەکان ساز کراوە.

ئاسەوارناسان باس لەوە دەکەن؛ "ئەم قەڵایە میعمارییەکی نیزامی و بەرگریی هەیە. قەڵاکە لە سەختترین بەرزییەکانی کێوەکە سازکراوە و چێکەری سەرەکیی ئەو قەڵایە بە سەرنجدان بە شوێنگەی سروشتیی ڕەوەزەکان، ژوورەکان و دەرگاکانی ئەو قەڵایەی ساز کردووە. بەگشتی میعماریی قەڵاکە بە شێوەی میعماریی سەردەمی ساسانییەکان ساز کراوە".

لە بەشی باشووری ڕۆژاوای ئەم قەڵایە ئاسەواری ئاگردان دەبینرێت کە لە سەردەمی هێرشی عەرەبەکان وەکوو مزگەوتیان لێ کردووە.

"قەڵای هەڵۆخان"

شوێن؛ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پارێزگای سنە، شاری مەریوان.

قەڵای مێژوویی "هەڵۆخان" یان قەڵای "ئیمام" لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری "مەریوان" هەڵکەوتووە کە بەپێی بەڵگە مێژووییەکان لە سەدەی ٨ی کۆچی هەتاوی لە سەردەمی حوکمڕانیی ئەردەڵانەکان (سەردەمی حوکمڕانیی سەفەوییەکان لە ئێران) لەسەر کێوێک بە ناوی "کێوی ئیمام" کە بەرزاییەکەی ١٦٠٠ مەترە لەلایەن "ئەمیر حەمزەی بابانـ"ـەوە بونیات نراوە و دواتر لەلایەن "سۆرخاب بەگی ئەردەڵانـ"ـەوە لە ساڵی ٩٠٢ی کۆچی هەتاوی، دروست کراوەتەوە. ئەم قەڵایە دواتر بە قەڵای "مەریوان" ناوبانگی دەرکرد و بۆ ماوەی ٣ سەدە ناوەندی سەرەکیی حکوومەتی بابان و ئەردەڵانەکان بووە. کێوی ئیمام بەسەر دەشت و شاری هەنووکەیی مەریواندا زاڵە.

بوونی قەڵای جۆراوجۆر و پتەو پیشاندەری ئەوەیە کە "مەریوان" یەکێک لە گرنگترین ناوچە کوردییەکانی کوردستانە. دواتر لە پاڵ قەڵای "مەریوان" و لەسەر کێوی "ئیمام" کە ناوەندی حکوومەتی بنەماڵە کوردەکان بووە، بە فەرمانی (ئەمیر حەمزەی بابان)، مزگەوتێکیان بە خشتی سوور سازکرد کە بە "مزگەوتە سوورە" ناوبانگی دەرکرد. ناوی کێوی ئیمام لە ناوی "شێخ ئەحمەد بێن ئەلئەنبار ئەلنەعیمی ئەلحەسەنی" وەرگیراوە کە لە سەدەی ٨ی کۆچی هەتاوی لەلایەن ئەمیر حەمزەی بابانەوە بە مامۆستای مزگەوتە سوورە دیاری کرابوو.

ئەم کێوە سێ لووتکەی بەرز و پتەو لەخۆ دەگرێت کە لە هەر کامی ئاسەواری مێژوویی بەجێ ماوە. لە یەکێک لەو لووتکانە، کۆمەڵێک ئاسەواری مێژوویی بوونی هەیە کە دەمانباتەوە بۆ قووڵایی مێژووی ئەم ناوچەیە و باس لە چیرۆکگەلێکی تاڵ و شیرین دەکات. لە ئاسەوارە مێژووییەکانی ئەم ناوچەیە دەتوانین ئاماژە بکەین بە؛ "گۆڕستانی کۆن، مزگەوتە سوورە، دارێکی کۆنی بەتەمەن، ئەنبارئاوی کۆن، هەیوانی شانشین، حەمام و خانووی خەڵک و...". ئاسەواری ئەو خانووانەی خەڵک کە ماونەتەوە، یان بەپێی تێپەڕینی کات وێران بوونە یان لەو سەردەمەدا بەهۆی هێرشی دوژمنانەوە وێران کراون.

قەڵای دووەم یان بە واتایەکی تر قەڵای ناوەڕاست کە بە "قەڵای شانشین" ناسراوە، تا چەند ساڵ پێش لە دەووروبەریەوە دیوارگەلێکی ڕووخا و دەبینرا و لە هەنووکەدا بەشێک لە خشت و دیوارەکەی ماوەتەوە. لە دوورترین و بەشکۆترین شوێنی ئەم قەڵایە، بەردێکی کێوی تراشراوە و هەیوانێکی لێ ساز کراوە کە لەسەریدا دەشتی جوانی مەریوان و گۆلی زرێبار بە جوانی دیارە. پانتایی ئەم هەیوانە ١٨ تاکوو ٢٠ مەترە. دیواری ئەم هەیوانە بە "سارووج" ڕازێندراوەتەوە.

بەرزترین لووتکەی قەڵای مەریوان بە "قەڵای زیندان" ناسراوە کە دیل و زیندانییەکانیان لەوێدا زیندان دەکرد. ئەگەری هەیە بەهۆی بەرزی و دووری، ئەو قەڵایەیان کردووە بە قەڵای زیندان تاکوو هیچ دیل و زیندانییەک توانای هەڵاتنی نەبێت. بەرزیی قەڵای زیندان بە جۆرێکە کە زاڵە بەسەر هەموو کێوی ئیمامدا و ئەگەریشی هەیە شوێنێکی گرینگ بووبێت بۆ پاسەوانی و پارێزگاری لە قەڵاکانی دیکەی ئەم کێوە. ئەم قەڵایە تا ساڵی ١٠٢٣ی کۆچی هەتاوی ئاوەدان بووە.

"قەڵای بێردووک"

شوێن؛ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پارێزگای ورمێ، شاری ورمێ.

ئاسەواری مێژوویی گوندی "بێردووک" سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ، یەکێک لە گرینگترین ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستانە. قەڵای "بێردووک" لە شوێنێکی سەخت و کوێستانی و نزیکی سنوورە دەستکردەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان هەڵکەوتووە و مێژووه‌کەی بۆ سەردەمی سەفەوییەکان دەگەڕێتەوە کە لەلایەن "تەقی سوڵتان بێن نەزەر بەیگ بێن غازی" بونیاد نراوە.

قەڵای بێردووک بریتییە لە؛ "ئاسەواری مزگەوتێک و گۆڕێک و چەند بینای تاک، بینای قەڵایەک و حەوشەیەک بۆ بەرگری، ئاو ئەنبار و بینایەکی سێ قاتی لە بەشی ناوەندی، بورجی پاسەوانی". مزگەوتی ئەم قەڵایە بە "قەڵا میر" ناسراوە و مێعمارییەکی زۆر تایبەتی هەیە.

نزیکەی ٢٧ مەتر خوارتر لە مزگەوتەکە، بینایەکی تر بوونی هەیە کە ڕێگایەکی پلیکانەیی هەیە. ئەم بینایە تاقێکی گومبەزەیی هەیە. لە ناوەوەی بیناکە پەرستگەیەک بوونی هەیە کە لە بەردگەلێکی ڕەش دروستکراوە.

قەڵای مەزنی بەرامبەری مزگەوتەکە لە بەرزاییەکانی ناوەڕاستی کێوەکە هەڵکەوتووە و بۆ گەیشتن پێی تەنیا یەک ڕێگای چوونە ژوورەوە هەیە کە لێژاییەکی توند و مەترسیداری هەیە. لە بەشی ناوەندیی قەڵاکە ئاسەواری چەند بینا دەبینرێت کە تەنیا یەکێکیان بەباشی ماوەتەوە و وەکو ئاوئەنباری قەڵاکە کەڵکی لێ وەرگیراوە.
وێڕای هەموو ئەمانە لە بەشی باکووری قەڵاکە ئاسەواری بینایەکی گەورە لەسەر بەرزترین لووتکەی کوێستانەکە ماوەتەوە کە وەکو بورجی پاسەوانیی قەڵاکە کەڵکی لێ وەرگیراوە. لەم بورجەوە هەموو دەشتی سۆما و برادۆست لە بەشی ڕۆژهەڵات، دۆڵی بێردووک و هەروەها دەشتی تورکیە لە ڕۆژاوا، دەبینرێت.


ئه‌م بابه‌ته 703 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر