"چەند ڕێکخراوێکی جولەکە و ئێزدی ئێراق" (2)

حیزب و لایەنەکان و پێکهاتە کەمینەکانی ئێراق(2)
PM:10:28:03/04/2021
دۆسیە: نەتەوەسازی


هۆشیار جەمال
نوسەر و توێژەر


1-کۆمەڵەی احی عبیر

ئەم کۆمەڵەیە لە شاری "بەغداد" لە سەرەتای ساڵی 1929 بە دەست پێشخەری کۆمەڵە گەنجێکی جولەکە دامەزراوە لەوانە(الیاهو هیلل، مائیر میشل).
زاراوەی (احی عبیر) بەمانای برای گەورە دێت لە زمانی جولەکە. ئامانجی کۆمەڵە، کۆکردنەوەی پیتاک و یارمەتی و گەیاندنی جولەکەکانی ئێراق بەرە و فەڵەستین بە ڕێگای یاسایی بێت یان ڕێگای پێچەوانەوە.

کاروباری ئەم کۆمەڵەیە لە لایەن کۆمەڵێک مامۆستای جولەکەوە ئەنجامدەدرا، ئەوانەی لە فەڵەستینەوە هاتبوون و قوتابخانەی (المدراش تلمود)یان کردبووە بارەگایان، بەڵگەنامەکانی وەزارەتی ناوخۆی "ئێراق" ئاماژەی بۆ چەند شێوازێکی نهێنی کردووە لە چالاکیەکانی ئەم کۆمەڵەیە، سوود وەرگرتنی ئەندامانی کۆنگرە یان نوێبوونەوە جیهانییەکانی پەیوەندار بە کێشەی فەڵەستین، چالاکیەکانی کۆمەڵەکە بریتی بوون؛ لە  پڕوپاگەندە و زانیاری بڵاوکردنەوە دەربارەی ژیانی جولەکەکان و چەوساندنەوەیان لە ئێراق.

لەساڵانی سییەکان جیابوونەوەیەک لە نێوان کۆمەڵە ڕوویدا، چەند گەنجێکیان جیابوونەوە و کۆمەڵەیەکی نوێیان دامەزراند لە ژێر ناوی (هشمیش).
کۆمەڵە هانی ئەندامانی خۆی دەدا کە فێری زمانی (عیبری) و کاروباری کشتوکاڵی ببن بۆ ئامادەکردنیان لە پاش کۆچکردنیان بۆ فەڵەستین.

2-کۆمەڵەی ئەدەبی عیبری

کۆمەڵە لە لایەن چەند جولەکەیەکی ئێراقی دامەزرا بە سەرۆکایەتی (شلوما روبین) کە ئەفسەرێکی جولەکە بوو لە ڕیزی پۆلیسی بەریتانی کاری دەکرد. سکرتێری کۆمەڵەش ناوی (سلێمان شینا)بوو، ئەم کۆمەڵەیە بە فەرمی مۆڵەتی کارکردنی پێدرا لە مانگی ئازاری ساڵی1921.

ئەم کۆمەڵەیە لقێک بوو لە ڕێکخراوی زایۆنیزمی جیهانی، کتێبخانەیەکی دروستکرد کە پڕبوو لە کتێبی ئەدەبی و ڕۆژنامەکانی جولەکە، لە ماوەیەکی کورتدا کۆمەڵە بووە مەڵبەندی چالاکییەکانی جولەکە.

هەروەها ڕۆژنامەیەکی دەردەکرد بە ناوی (یشرون) بە هەردوو زمانی عەرەبی  و عیبری، لە کاتی دەرچوونی یاسای کۆمەڵە و حیزبەکان لە ئێراق، وەزیری ناوخۆ ڕێگای کارکردنی فەڕمی لێگرت.

3-کۆمەڵەی گەنجانی ئیسرائیل

کۆمەڵە لە بەرواری 20 ی ئەیلولی 1931 دامەزرا، پاش مۆڵەت پێدانی لایەنی وەزارەتی ناوخۆی "ئێراق" لەو کەسانەی بەشداری دامەزراندنی ئەم کۆمەڵەیان کرد ئەمانە بوون ( روبین یعقوب، یعقوب دلح، ابراهیم سالح بنو، شکر ڕوبین الویا، ساڵح عزرا، ساسون بیرس).
ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵە گەیشتە نزیکەی (150) ئەندام، لە ساڵی 1932  ئەم کۆمەڵەیە هەڵوەشایەوە.

4-کۆمەڵەی لاوانی ئیسرائیل

 لە بەرواری 14 کانوونی یەکەمی ساڵی 1922 ئەم ناوانە داواکارییەکانیان بۆ وەزارەتی ناوخۆ بەرزکردەوە ( کورجی شاول عوبدیا، کورجی شاول جوری، یوسف جوری، الیاس عوبدیا الیاز زغبیر عوبدیا) بە مەبەستی دامەزراندنی کۆمەڵەیەک لە ژێر ناوی (کۆمەڵەی لاوانی ئیسرائیل).

یەکەم ئەنجومەنی کارگێری  کۆمەڵە لە لایەن (کورجی شاول عوبدیا) سەرۆکایەتی دەکرا هەروەها لە ئەندامە دیارەکانی (عزرا حسقیل حداد)بوو.

کۆمەڵە کەوتە ژێر  چاودێری دەزگای ئاسایشی ئەو کات، زانیارییان کەوتە دەست کە پڕوپاگەندە بۆ پشتیوانی "ئیسرائیل" لە ناو لاوان دەکرێت، بۆیە بڕیاری داخستنی درا.

5-کۆمەڵەی سه‌هیون لە وڵاتی دوو ڕووبار

لە 22 ی شوباتی ساڵی 1921 لە شاری "بەغداد" دامەزرا لەسەر داوای کۆمەڵەی زایۆنیزم لە شاری قودس. مۆڵەتی فەڕمی وەرگرتووە، ماوەی یەک ساڵ بە ئاشکرا کاریکردووە، ئامانجی کۆکردنەوەی هاوکاری و یارمەتی بوو بۆ کۆچکەرە جولەکەکان. چالاکیەکانی کۆمەڵەکە هەر زوو کۆتایی پێهات بەهۆی ڕێگا پێنەدانی لەلایەن حکومەتەوە.

6-کۆمەڵەی المکابی

سەرەتا ئەم کۆمەڵەیە وەک پاشکۆیەک بۆ کۆمەڵەی سه‌هیۆن دامەزرا لە ساڵی 1927 لە شاری "بەغداد" پاش کۆچکردنی دامەزرێنەری کۆمەڵە بۆ فەڵەستین سێ گەنجی جولەکە لە خوێندکاران ئەرکی بەڕێوەبردنی کۆمەڵەکەیان گرتە دەست، ناوەکانیان (نسیم عتا، ابراهیم نجار، داود منسور).

ئەم سێ کەسە هەستان بە ڕێکخستنی کاروباری کۆمەڵە وەک دانانی پەیڕەوی ناوخۆ، سەپاندنی ئابوونە بەسەر ئەندامان، لەبەرکردنی جلوبەرگی تایبەت، ژمارەی ئەندامانی  کۆمەڵە تا ساڵی 1932 گەیشتە (50) ئەندام.

7-ڕێکخراوی تنوعە بابل

ڕێکخراوی چەکداری جولەکە بوو، لە ساڵی 1943دامەزرا، سەرۆکی کۆمەڵەکە ناوی (برودنی) بووو، ژمارەیەکی گەورەی گەنجانی جولەکە پەیوەندیان پێوە هەبووە، ئامانجەکانی ئاسانکردنی کۆچی جولەکەکان بوو لە ئێراق-ەوە بۆ فەڵەستین، هەروەها فێرکردنی زمانی عیبری.

کۆمەڵە بڵاوکراوەیەکی بە زمانی عبری دەرکردووە بە ناوی (نتیب همشکا) کە بەواتای ڕزگاری دێت. کۆمەڵە (8) لقی هەبووە لە ئێراق. دەزگا ئەمنییەکانی "ئێراق" لە ساڵی 1949 توانی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەم کۆمەڵەیە دەستگیربکات.

8-کۆمەڵەی دورش توراه‌

ئەم کۆمەڵەیە لە سەرەتای ساڵی 1940 دامەزرا، یەکێک لە بڵاوکراوەکانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە پێویستە هەموو جولەکەیەک تەوراتی پیرۆز بخوێنێتەوە بە بەردەوامی، کۆمەڵە ئەرکی فێرکردنی گەنجانی جولەکەی گرتە ئەستۆ بۆ فێرکردنی ڕێ و شوێنی ئاینی و تێگەیاندنی هەستی نەتەوایەتی.

9-بزوتنەوەی پێشڕەوان

ڕێکخراوی نهێنی جولەکە بوو، بە دەست پێشخەرییەک لەلایەن هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی سه‌هیۆنی (ئەنز و سیرینی)دامەزرا، ناوبراو بە شێوەیەکی نهێنی لە 9 ی نیسانی ساڵی 1942 گەیشتۆتە "ئێراق" و مانگی ئازاری ساڵی 1943 لە "ئێراق" ماوەتەوە. ناوبراو لەگەڵ هەردوو نوێنەرانی بزووتنەوەی  سه‌هیۆنی (خچوری و جوتمان)ڕێککەوت کە هەوڵدەن زمانی جولەکە گەشەپێبدەن و گەنجان فێربکەن. هەروەها بە هاوکاری ژمارەیەک لە جولەکە  ئێراقییەکان توانی چەند لقێک لە شارەکانی (بەسرە- کەرکوک- موسڵ- نەجەف) بۆ بزوتنەوەکە دامەزرێنن لە ساڵی1942.

ئەم بزووتنەوەیە بایەخی بە پڕوپاگەندە دەدا لە ماوەی وەرگێران و بڵاوکردنەوەی چەندین کتێب وەک کتێبی (دەوڵەتی جولەکە) لە نووسینی هرتزل، هەروەها ژمارەیەکی زۆری ڕۆژنامەی نهێنی بڵاوکردەوە لەوانە ڕۆژنامەی (هنیف هتنوعاە) کە بە واتای باسەکانی بزوتنەوە دێت، ئەم بڵاوکراوەیە بۆ ماوەی یەک ساڵ دەرچوو لە ئەیلولی ساڵی  1942 تا ئەیلولی ساڵی 1943 بەردەوام بوو، ئەمە سەرەڕای چەندین بڵاوکراوەی دیکە وەک "سه‌هیۆن، پێشەنگی لاو".

بزوتنەوەکە لە هەوڵی ئەودا بوو بیروباوەڕی زایۆنیزمی بگەینێتە قوتابخانەی  جولەکەکان لە ڕێگای ئەو مامۆستایانەی ئەندامانی بزووتنەوەکە بوون بەهۆی سوود وەرگرتن کە وانەکانی ئەدەب و زمان.

بزوتنەوەکە چەند ئامێرێکی چاپی هەبووە بە هەردوو زمانی عەرەبی و عیبری لە شاری بەغداد لە ماڵێکدا شاردرابوونەوە. هەروەها ئەم بزووتنەوەیە زۆر بایەخی بە کچان داوە کە ببنە ئەندامی، بۆ ئەم مەبەستە ڕێکخراوی جولەکە لە ساڵی 1943 ئافرەتێكی بەناوی (ملکە روقیە)ناردە "ئێراق" بۆ ئەوەی کچان فێری زمانی عیبری بکات.

10-ڕێکخراوی هشوراە

ڕێکخراوێکی چەکداری سیاسی جولەکە بووە لە شاری "بەغداد" لە ساڵی  1941دامەزرا سەرۆکەکەی ناوی (الیاهوگرجی)بوو، چەندین جۆرە چەکی سوکی هەبووە، کە لە کڵێسەی (عزرا داود) شاردراوەتەوە، سەرەڕای ئامێری چاپکردن بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و عەرەبی بۆ ڕاهێنانی ئەندامانی خۆی لە شاری بەغداد لە گەڕەکی (بەتاوین).

11-ڕێکخراوی بەرگری هاغانا

ئەم ڕێکخراوە لقێکە لە ڕێکخراوی (هاغانا)ی جولەکە لە ساڵی 1942 دامەزرا، ژمارەی دامەزرێنەرانی لە (6)کەس تێپەڕی نەدەکرد، چالاکییەکانی لە هاوینی ساڵی 1943وەستا، پاش ئەوەی ژمارە کۆچکەرێکی جولەکە بۆ فەڵەستین لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران لەبەر ئەوەی بە شێوەی نا-یاسایی کۆچیان کردبوو.

لە تەموزی ساڵی 1945نوێنەرێکی ئەو ڕێکخراوە لە فەڵەستینەوە گەیشتە شاری "بەغداد"، یەکسەر دەستی بە ڕێكخستنی لقێکی نوێی ئەم ڕێکخراوە کرد لە شارەکانی (بەسڕە - کەرکوک)، پاش کۆچکردنی  زۆربەی جولەکەکان بۆ فەڵەستین کاری ئەم ڕێكخراوەش کۆتایی هات.

لە کەسایەتییەکانی ئەم ڕێکخراوە لەوانەی کەوتنە دەست پۆلیس (ساڵح شلوم و یوسف بەسڕی) بوو کە هەردووکیان لە سێدارە دران و لە وڵاتی فەڵەستین لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل پەیکەریان بۆ دروستکراوە بەناوی (اور - یهودا). ئەم ڕێکخراوە بە گرنگترین ڕێکخراوی چەکداری جولەکە دادەنرێ لە ماوەی چلەکاندا لە بەغداد.

12-ڕێکخراوی لاوانی عبری

ئەم ڕێکخراوە لە کۆتایی ساڵی 1929 دامەزرا لە شاری "بەغداد" بە دەست پێشخەرییەک لە لایەن (یوسف حداد، کرجی اسحاق عبود، مائیر حداد، نعیم عزرا) هەموویان لە خوێندکارانی خوێندنگای شماسی جولەکە بوون.

ئامانجەکانی ڕێکخراوەکە بریتی بوو؛ لە پڕوپاگەندەکردن بۆ بزووتنەوەی جولەکە لە ناو لاوان و خوێندکارانی جولەکە لە شاری بەغداد، هەروەها دەرکردنی بڵاوکراوە و نامیلکە، وەک کتێبی (دەوڵەتی جولەکە) کە لایەن "هرتزل" نوسرابوو.سەرەڕای بڵاوکراوەیەک لە ژێر ناوی (هشمیش) بڵاوکراوەکانیان بە زمانی جولەکە دەردەچوو.
 
13-ڕێکخراوی جولەکە ئازادیخوازەکان

ڕێکخراوێکی جولەکەکانی شاری بەغداد بوو لە ساڵی 1942 بەدەست پێشخەرییەک لە لایەن (یوان قتاب، یعقوب شماش)دامەزرا، سێ ئامانجی هەبووە؛ فێربوونی زمانی عیبری، کڕینی چەک، کۆچکردن بۆ فەڵەستین.

لە شاری "بەغداد" لە شەقامی (الرشید) خانوییەکیان بە بارەگا کردبووە، جولەکەکان فێری زمانی خۆیان دەکران و بڵاوکراوەی چاپ دەکرد و هانی دەدان کۆچ بکەن بۆ فەلەستین، "د. کازم حبیب" لە کتێبەکەیدا بەناوی (الیهود و المواتنە العراقیە)دەنووسێ؛ چاودێریکردنی چالاکییەکانی بزووتنەوەی (زایونیزم) لە ئێراق ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە لە نێوان ساڵانی 1941 بۆ 1943 چەندین ڕێکخراوی جۆراوجۆری تری جولەکە هەبوون وەک؛

1-ڕێکخراوی لاوانی ڕزگارکەر، کە بایەخی بە ڕاهێنانی سەربازی بۆ لاوە جولەکەکان داوە لە ساڵی 1941 دامەزراوە.

2-ڕێکخراوی بابلی، کۆمەڵەی ڕۆژ، کۆمەڵەی کابوتیس.

ئامانجەکانی ئەم ڕێكخراوانە لە چەند خاڵێک کورت دەکرێتەوە؛

1-بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی زایۆنیزمی و هۆشیارکردنەوەی جولەکەکان و کۆکردنەوە و ڕێکخستنیان وفێرکردنیان بە زمانی عبری و کۆچکردنیان بۆ فەڵەستین.

2-ڕاهێنانیان لەسەر بەکارهێنانی چەک.

"چەند ڕێکخراوێکی ئێزدی ئێراق"

14-گردبوونەوەی دیموکراتی ئێزدی

بە پێی پەیرەوی ناوخۆی ئەم ڕێكخراوە، ڕێکخراوێکی دیموکراتی سەربەخۆیە، چەند ئامانجێکی سیاسی هەیە گوزارشت لە بەرژەوەندی و ئاواتەکانی کوردە ئێزدییەکان دەکان لە کۆمەڵگایەکی مرۆڤایەتی دوور لە جیاوازی تائفی و ئەنتی هەروەها دامەزراو لەسەر بنەمای شەفافییەت و لێبوردەیی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە نێوان هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە.

ئەم گردبوونەوەیە کاردەکات لە پێناو مافەکانی کەمایەتی ئێزدی. دەربارەی کاروباری "ئێراق" ئەم ڕێکخراوە کاردەکان بۆ دروستبوونی دەوڵەتێکی  فیدڕاڵی پشتبەستوو بە دەسەڵاتی ناوەندی، سیستەمی دیموکراتی فرەیی،دامەزراندنی دەوڵەتی یاسا، دەسەڵاتێکی عیلمانی.

دروشمی گردبوونەوەکە بریتییە لە (دیموکراتیەت، مافی مرۆڤ، مافی کەمە نەتەوایەتییەکان، بەیەکەوە ژیانی ئاشتیانە).

15-بزوتنەوەی ئێزدییەکان بۆ پێشکەوتن و چاکسازی

ئەرکی سەرەکی ئەم بزوتنەوەیە بایەخدانە بە دەستەبەرکردنی مافی ئێزدییەکان لە ئێراق. ئەم بزوتنەویە بەشداری هەڵبژاردنەکانی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2009 کردووە، (1) نوێنەریان گەیشتۆتە پەرلەمانی ئێراق.



بۆ ئامادەکردنی ئەم بابەتە سود لە کتێبی (محمەد فاتیح، حیزب و ڕێکخراوە سیاسیە عێراقیەکان، بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران، سلێمانی، ساڵی 2012) بینراوە.



ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر