برێت مەکگۆرك

برێت مەکگۆرك، لە ڕۆژی ٢٠ـی نیسانی ساڵی ١٩٧٣ـدا چاوی بە دونیا هەڵهێنا. باوکی ناوی باری مەکگۆرك بوو، پڕۆفیسۆری بواری زمانی ئینگلیزی بوو، "کارۆڵ ئان کاپۆبیانکۆ"ی دایکیشی مامۆستای هونەرە جوانەکان بوو.
PM:03:01:24/03/2021
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا- کەسایەتیەکان


محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا
نوسەر و وەرگێڕ


برێت مەکگۆرك، لە ڕۆژی ٢٠ـی نیسانی ساڵی ١٩٧٣ـدا چاوی بە دونیا هەڵهێنا. باوکی ناوی باری مەکگۆرك بوو، پڕۆفیسۆری بواری زمانی ئینگلیزی بوو، "کارۆڵ ئان کاپۆبیانکۆ"ی دایکیشی مامۆستای هونەرە جوانەکان بوو. مەکگۆرك لە شاری هارتفۆرد لە ویلایەتی کۆنێکتیکەت گەورە بوو، لە ساڵی ١٩٩٦ لە زانکۆی کۆنێکتیکەت بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستی سیاسەت و لە ساڵی ١٩٩٩ـشدا بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری یاسا لە زانکۆی کۆڵۆمبیا وەرگرت.

دوای زانکۆی یاسا "مەکگۆرك" بڕیاریدا کاروانی ژیانی پیشەیی خۆی وەك نووسەری دادگە دەست پێبكات. لە ساڵی ١٩٩٩ - ٢٠٠٠ وەك نووسەری جیرارد لینچ، دادوەری دادگەی ناوچەی مانهاتان لە باشووری نیویۆرك دەستی بەکاركرد. لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا مافی کارکردن وەك پارێزەری پێبەخشرا و لە ساڵی ٢٠٠٣ـدا وەك دادوەری دادگەی پێداچوونەوە، مەکگۆرك لە کۆمپانیای کیرکلاند & ئێڵیس کۆمپانیای گەورەی بواری یاسادا دەستبەکار بوو. دواتر "مەکگۆرك" دەگەڕێتەوە خزمەتکردن لە کەرتی حکومی و لە ساڵی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٥ و وەك ڕاوێژکاری یاسایی هاوپەیمانیی کاتی و باڵیۆزی ئەمەریکا لە "بەغداد" خزمەت دەکات و تیشك دەخاتە سەر ئەو پرسانه‌ی چاکسازیی دەستووری، هەڵبژاردنەکان و پێکهێنانی حکومەت. 

دواتر "برێت مەکگۆرك" لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٩ دەچێتە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، سەرەتا وەك بەڕێوەبەری بەشی ئێراق و دواتریش وەك یاریدەدەری تایبەتی سەرۆك و بەڕێوەبەری باڵای دۆسیەکانی وڵاتانی ئێراق و ئەفغانستان. لە ساڵانی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٨ـدا سەردانوستانکار و ڕێکخەری چوارچێوەی ڕێککەوتنە ئەمنی و ستراتیژییەکان بوو لە گفتوگۆ دوو قۆڵییەکانی نێوان (ئێراق و ئەمەریکا) بۆ رێکخستنی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئێراق بوو.

دوای ئەوەی داوا دەکرێت کە وەك ڕاوێژکاری باڵای سەرۆك "باراك ئۆباما" بمێنێتەوە، مەکگۆرك لە سەردەمی ئیدارەی ئۆباماشدا وەك ڕاوێژکاری باڵای ڕایان کرۆکەر، کریستۆفەر هیڵ و جەیمس جێفری، باڵیۆزانی بەغداد لە سەردەمی ئیدارەکەدا خزمەت دەکات، هەروەها وەك ئەندامی کاروباری نێودەوڵەتی لە ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکاندا کاریکردووە. لە ١١ـی سێپتەمبەری ساڵی ٢٠٠١ـیشدا لە گەورە زانکۆی هارڤاردیشدا وەك وانەبێژی دادگای باڵای ئەمەریکا و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کار دەکات.

"برێت مەکگۆرك" لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بوو لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، بەڵام لە مانگی دیسەمبەری ساڵی ٢٠١٨ـدا بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستی لەو ئەرکەی کێشایەوە. لەم ئەرکەیدا؛ مەکگۆرك ڕابەرایەتیی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی کرد کە لە ٦٨ وڵاتی ئەندام پێکدەهات و هاوکار بوو لە هاوئاهەنگیی سەرجەم لایەنەکانی سیاسەتی ئەمەریکا بۆ داڕووخانی تەواوەتیی داعش،  لە پێشووشدا لە نێوان مانگی سێپتەمبەری ساڵی ٢٠١٤ تا نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٥ جێگری نێردەی تایبەتی سەرۆکی "ئەمەریکا" بوو. لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٣ـشدا وەك جێگری سکرتێری یاریدەدەری نووسینگەی کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك لە وەزارەتی دەرەوە بۆ کاروباری وڵاتانی (ئێراق و، ئێران) دەستبەکار بوو.

بە هاتنە سەرکاری ئیدارەی (جۆ بایدن)یش "مەکگۆرك" دەگەڕێتەوە نێو بازنەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا و لە ٨ ـی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ـدا وەك ڕێکخەری دۆسیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی دەستنیشان کرا.



ئه‌م بابه‌ته 548 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر