شاکر فەتاح

ئەو کوردەی لەسەر وتارێک لە سێدارەدرا
PM:11:53:17/03/2021
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا- کەسایەتیەکان


هۆشیار جەمال
نوسەر و توێژەر


"ژیانی شاکر فەتاح"

شاکر فەتاح؛ ناوی شاکرە، نازناوی (محمەد شاکرە) کوڕی میرزا فەتاح کوڕی ئەحمەدە، لە تیرەی (سێتەبەسەری) هۆزی هەمەوەندە ساڵی 1914 لە گەڕەکی "دەرگەزێن"ی سلێمانی لە دایکبووە، قوتابخانەی سەرەتایی لە سلێمانی و دواناوەندی لە بەغداد تەواو کردووە. ساڵی 1933 لە کۆلێجی ماف وەرگیراوە و لە ساڵی 1936 بە سەرکەوتووی زانکۆی تەواو کردووە، ڕۆژی 1936/10/15 بۆ 1938/5/15 بەڕێوەبەری ناحیەی (مزوری)بووە لە قەزای دهۆک، 1938/6/6 بۆ 1938/12/25 بەڕێوەبەری ناحیەی (زڕباتیە) ی شاری "کوت" بووە،1938/12/29 بۆ 1939/11/26 بەڕێوەبەری ناحیەی (قەرەحەسەن)ی سەر بە پارێزگای کەرکوک بووە، 1939/11/30 بۆ 1940/9/30 بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ بووە، دواتر بۆتە بەڕێوەبەری ناحیەی (پێباز)ی سەر بە قەزای کەلار لە ساڵی 1941چۆتە خولی ئەفسەرانی ئیحتیات (یەدەگ) لە کۆلێجی سەربازی لە 1941/7/1 پاشان بووە بە ملازمی دووەم بە مەبەستی خزمەتکردن لە ڕیزی سەربازیدا ڕەوانەی فەوجی یەکەم لە لیوای پیادەی سێ لە حامیەی ڕەواندز کراوە لە 1941/10/10 خزمەتی سەربازی تەواو کردوە.

لە ژیانیدا یەک بەدوای یەک، ئەم ئەرک و لێپرسراوێتیە میری و حكومیانەی لە ئەستۆگرتووە؛

1941/11/15 بۆ  1942/11/30 بەڕێوەبەری ناحیەی (قادرکەرەم) بووە، پاشان لە ساڵی 1942 بۆ 1943 بۆ جاری دووەم کراوە بە بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ. هەروەها ساڵی 1943  بۆ 1944 کراوە بە مەئموری بەرهەمەکانی قەزای هەڵەبجە، پاشان 1944 بۆ 1946 قائیمقامی قەزای ڕانیە بووە. پاشان بووە بە قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ لە هەمان ساڵیدا، دواتر گەڕاوەتەوە شاری هەڵەبجە و ئەمجارەیان کراوە بە قائیمقامی ئەو شارە.

پاشان لە ساڵی 1948 کراوە بە قائیمقامی قەزای مەرکەزی سلێمانی، لە نێوان ساڵانی 1950بۆ 1958 کراوە بە قائیمقامی قەزاکانی (شێخان، ئاکرێ، ئامێدی، زاخۆ، شەقڵاوە) لە دوای ساڵی 1958 خزمەتی وەزیفی براوەتە شارەوانی سلێمانی و کراوە بە سەرۆکی شارەوانی سلێمانی، تا ساڵی 1963 هەر لەو ساڵەدا کراوەتە موفەتیشی ئیدارەی  وەزارەتی ناوخۆ، دواتر کودەتاچیەکانی مانگی شوباتی ساڵی 1963 لە هەمان ساڵدا خانەنیشینیان کردوە.

"شاکر فەتاح و، یەکێتی نووسەرانی کورد"

"شاکر فەتاح" لە ساڵی 1970 بووە بە ئەندام و جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی نووسەرانی کورد و لە ساڵی 1971 بە ئەندامی کۆڕی زانیاری کورد وەرگیراوە، لە ساڵی 1977 بۆتە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی یاسادانانی ناوچەی کوردستان تا ساڵی 1980 لە پۆستەکەی خانەنیشین کراوە.

"شاکر فەتاح بەرە و ژووری سێدارە"

"شاکر فەتاح" بەشداری کۆڕی سێ ڕۆژەی کردەوە لە بەرواری   1988/3/13/12/11ی لە شاری هەولێر بە ناونیشانی (گەشەکردنی ئۆتۆنۆمی لە وتەکانی سەرۆک و گەلی کورد لە ویژدانی سەرۆکدا) شیاوی باسە لە میانەی وتارێکدا لەو کۆڕەدا بە ئاشکرا داوای لە ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس کردووە کە لەگەڵ شۆرشگێرانی کورد دا ڕێکبکەوێت و خەڵکی ڕاگوێزراوی گوندەکان ببرێنە جێگای خۆیان، بەڵام بەرپرسانی ڕژێم و دارودەستەکانی ناهێڵین وتارەکەی تەواو بکات و دەکەونە ڕەخنە گرتن و توانج لێدانی و داوا دەکەن پاشگەز بێتەوە لە وتەکانی، بەڵام ئەو ئامادەی پەشیمانبوونەوە لە وتەکانی سازشکردن لە جێبەجێکردنی داواکانی بەرامبەر بە گەلی کورد نابێت، بۆیە دوای 5 ڕۆژ بەسەر کۆرەکەدا لە شەوی 1988/3/19 کاتژمێر 12ی شەو چەند چەکدارێکی سەر بە دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی بەعسی سەدام  هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکەی و دەستگیری دەکەن، بۆ ماوەی شەش مانگ بێ سەر و شوێن دەبێ، تاوەکو بە پێی وەفاتنامەکەی لە کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی  ڕۆژی 1988/6/27 لە بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی "هەولێر" لە سێدارەدراوە، کە بەگوێرەی نوسراوێکی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە کە بە ژمارە 1539 لە ژێر ناونیشانی؛ بابەت/ تەرمی کۆمەڵێک تێکدەر(مخڕبین) ڕەوانەی نەخۆشخانەی کۆماری کراوە لە پارێزگای هەولێر کە تەرمی 10 کەسن و ناوەکانیان نوسراوە،  ناوی "شاکر فەتاح" حەوتەم ناوە، ناوبراو لە دوای لە سێدارەدانانی لە تەمەنی 74 ساڵیدا ئەو ڕژێمە دڕندەیە تەرمەکەشی شوێن بزرکردوە تاوەکو ئێستا لە لایەن کەس و کارییەوە نەدۆزراوەتەوە.

"ژیانی ڕۆژنامەنووسی شاکر فەتاح"

سەرەتای کاری ڕۆژنامەنووسی "شاکر فەتاح" دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1927 کاتێک یەکەم بابەتی بە ناونیشانی (هاواری وەتەنە خۆشەویستەکەمان) لە ڕۆژنامەی (ژیان)دا بڵاوکردوە، "شاکر فەتاح" هەروەکو لە ژێر ناونیشانی بابەتێکدا بە ناونیشانی (ئاوێنەی ژینم)کە لە گۆڤاری (ڕۆشنبیری نوێ)دا بڵاویکردۆتەوە، نوسیویەتی " جاروبارێک وتارم دەنارد بۆ ڕۆژنامەی ژیانەوە، ژین، ژیان، بۆ گۆڤاری هاوار، ڕووناکی، دیاری لاوان و یادگاری لاوان". لە دەستنووسێکی خۆیدا نووسیوێتی" هەر ڕۆژنامە و گۆڤارێکی کوردی دەرچووبێت و داوای وتاری لێ کردبێتم بۆم ناردووە لە وانە گۆڤاری گەلاوێژ و نزار و هیوا و ڕۆژی نوێ وهەتاو، ڕووناکی و بەیان و ئەستێرە و، برایی و، برایەتی و، کاروان و، شەبەق و، ڕزگاری و، هەولێر و خەبات).

"شاکر فەتاح" لە هەریەکە لە گۆڤاری (گەلاوێژ و نزار) و ڕۆژنامەی (هەولێر)دا وتار وبابەتی بڵاوکردۆتەوە، لە ساڵی 1933 بەڕێوەبەری قوتابخانەی زانستی بووە لە شاری سلێمانی و لە ساڵی 1934 سکرتێر و سەرنووسەری گۆڤاری (یادگاری لاوان)بووە لە بەغداد، کاتێک لە ساڵی 1940 بۆتە بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ ڕۆژنامەیەکی بە ناوی (خورماڵ) دەرکردووە، دواتر کە بووە بە بەڕێوەبەری ناحیەی (قادر کەرەم) لە سنوری پارێزگای "کەرکوک" ڕۆژنامەیەکی بە ناوی (باسەڕە) لە ناوچەکە دەرکردوە، دواتر کە بووە بە قائیمقامی (قەزای چەمچەماڵ) ڕۆژنامەیەکی بە ناوی (چەمچەماڵ)لە ناوچەکە دەرکردووە، کاتێک کە بووە بە قائیمقامی قەزای ئاکرێ ڕۆژنامەیەکی بە زمانی عەرەبی بە ناوی (اکری)قەزای ناوبراو دەرکردوە، لە نێوان ساڵانی 1984/1927 ژمارەیەکی زۆر وتاری نووسیوە کە بریتیە؛ لە 204 وتار بە هەردوو زمانی کوردی و زمانی عەرەبی لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردی و عەرەبیەکاندا بڵاوکراوەتەوە، جگە لەمانە" شاکر فەتاح" لە نێوان ساڵانی 1980/1975 لە رادیۆی کوردی بەغداد 112 وتاری بڵاوکردۆتەوە، هەروەها 6 وتاری لە تەلەفزیۆنی کەرکوک بڵاوکردۆتەوە.

سەرجەم بەرهەمە نووسراو وەرگێراوەکانی لە نێوان ساڵانی 1984/1927 بریتین؛ لە 165 کتێب و نامیلکە لەو ژمارەیە 46  کتێب و نوسراوی دانراوی خۆی و 119 یان وەرگێردراون و کۆی بەرهەمە نووسراوە و، چاپکراوەکانی 64  کتێب و نامیلکەن  کە دوانیان بە زمانی عەرەبی چاپکراون، یەکەم کتێبی لە ساڵی 1927 داناوە، یەکەم چیرۆکی بەناوی (خانوی تازە)ساڵی 1932 چاپکردوە، لە دوای ساڵی 2003 سەرجەم بەرهەمەکانی لە لایەن "دەزگای ئاراس" لە هەشت بەرگدا چاپکراوە، هەروەها لە نێوان ساڵانی 1983/1971 لەگەل لیژنەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خوێندنی کوردی  سەربە وەزارەتی پەروەردەی ئێراق، بەشداری وەرگێرانی 5  کتێبی بۆ زمانی کوردی کردووە وەک بەشێک لە بەرنامە و پرۆگرامی خوێندن بە زمانی کوردی، هەروەها "شاکر فەتاح" هەرچەندە بە زمانێکی کوردی پەتی و ڕەوان وتاری نووسیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی زمان و فەرهەنگێکی تایبەت بە خۆی بووە، ژمارەیەک وشە و زاراوەی لە نووسینەکانیدا بەکارهێناوە، شاعیری گەورەی گەلی کورد "شێرکۆ بێکەس" لە ساڵی 1992  لە یادی "شاکر فەتاح" دا شیعرێکی نووسیوە و دەڵێت:؛

شاکیر فەتاح
پەیژەیەک بوو باریک درێژ،
هەشتا پلە.
سمۆرەی کورتە چیرۆکی ئەم زمانە
بەسەر پلەی ئەودا سەرکەوت.
ئەم پەیژەیە
 پلەی شکاویشی هەبوو
خۆیشی ئەنا بە دیواری کارتۆنەوە!.
بەڵام دواسات، بەڵام دواجار
ئەم پەیژەیە
خۆی ڕاتەکاند
لە قاچی بەغداد یاخی بوو
کە وەختێکش بەلادا هات
سەری پەیژەکە گەیشتبۆوە " گەلاوێژ" و 
شاکیر فەتاح لەسەربانی
هەموو ماڵێکی ئەوینی 
ئەم کوردەوە دەنگی ئەهات!





سەرچاوە

کتێب
1/ پ.ی.د. بەهادین ئەحمەد، ژیان و بەرهەمە ڕۆژنامەنووسیەکانی شاکر فەتاح،چاپی یەکەم، خانەی چاپ و بلاوکراوەی چوارچرا، سلێمانی، ساڵی 2018.

2/ دیوانی شیعری شێرکۆ بێکەس، بەرگی سێیەم،کوردستان، 2006.


ئه‌م بابه‌ته 768 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر