جۆ بایدن

"جۆ بایدن" کورتکراوەی ناوی تەواوی "جۆزێف ڕۆبینێت بایدن"ـە، لە ڕۆژی ٢٠ـی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ١٩٤٢ـدا، لە شاری "سکرانتۆن"ی سەر بە ویلایەتی "پەنسلڤانیا" لە وڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی "ئەمریکا" چاوی بە دونیا هەڵهێنا.
PM:03:40:15/03/2021
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا- کەسایەتیەکان


محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا
نوسەر و وەرگێڕ

 
"جۆ بایدن" کورتکراوەی ناوی تەواوی "جۆزێف ڕۆبینێت بایدن"ـە، لە ڕۆژی ٢٠ـی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ١٩٤٢ـدا، لە شاری "سکرانتۆن"ی سەر بە ویلایەتی "پەنسلڤانیا" لە وڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی "ئەمریکا" چاوی بە دونیا هەڵهێنا. جۆزێف لە ئێستادا وەك ٤٦ـەمین سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپیدایە، لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی "ئەمریکا" لە ٣ـی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٢٠ وەك بەربژێری دیموکراتەکان خۆی پاڵاوت و بەسەر پشتی "دۆناڵد جەی ترەمپ"ی بەربژێری دیموکراتەکان و سەرۆکی چوار ساڵەی ئەوکاتەی ئەمریکادا سەرکەوت، لە ڕۆژی ٢٠ـی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ـیشدا سوێندی یاسایی خوارد، لە پێشووشدا، وەك ٤٧ـەمین جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە سەردەمی ئیدارەی "باراك ئۆباما"دا لە ساڵانی ٢٠٠٩-٢٠١٧ خزمەتی کردووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٧٣ تا ٢٠٠٩ـشدا نوێنەری ویلایەتی دێلاوار بووە لە سیناتۆری ئەمریکا.

"ژیانی سەرەتایی و کاری بایدن وەك سیناتۆر"

"جۆزێف ڕۆبینێت بایدن" لە شاری "سکرانتۆن" لە ویلایەتی "پەنسلڤانیا" و، ناوچەی نیوکاسڵی سەر بە ویلایەتی دیلاوار گەورە بوو. لە ساڵی ١٩٦٥ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی دیلاوار بەدەست هێنا. دواتر و لە ساڵی ١٩٦٨ـدا، بڕوانامەیەکی دیکەی لە بواری یاسادا لە زانکۆی سیراکیوز لە ویلایەتی نیویۆرك پێبەخشرا، هەر لە ماوەی ئەو ساڵانەدا و بەدیاریکراوی لە ساڵی ١٩٦٦ـدا ژیانی هاوسەریی لەگەڵ "نێڵیا هەنتەر" پێکهێنا و سێ منداڵیان هێنایە سەر دونیا. 
دوای دەرچوون لە کۆلێژی یاسا، بایدن دەگەڕێتەوە ویلایەتی "دیلاوار" و وەك پارێزەر دەستبەکار دەبێت، بەڵام هەرزوو دەست بە کاری سیاسی دەکات و لە ساڵانی نێوان ١٩٧٠ بۆ ١٩٧٢ لە ئەنجومەنی شارەوانیی "نیوکاسڵ" خزمەت دەکات و لێرەشەوە شەمەندەفەری کاری سیاسیی بایدن دەکەوێتە ڕێ. لە ساڵی ١٩٧٢ و لە تەمەنی ٢٩ ساڵیدا، بایدن وەك سیناتۆر هەڵدەبژێرێت و دەبێتە پێنجەم بچووکترین ئەندامی سیناتۆر لە مێژووی ئەمریکادا. 

دوای نزیکەی مانگێك، خێزان و کچە ساواکەی لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیان دەسپێرن و دوو کوڕەکەشی بە سەختی بریندار دەبن. ئەگەرچی دوای ئەو ڕووداوە بیری لە وازهێنان لە کاری سیاسی بە مێشکیدا دێت، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٣ـدا بایدن قایل دەکرێت بچێتە سیناتی "ئەمریکا" و دواتر شەش جار وەك سیناتۆر هەڵبژێردرایەوە و بووە خاوەن ماوە درێژترین خزمەت وەك سیناتۆری ویلایەتی دیلاوار، لە ساڵی ١٩٧٧ـدا، "بایدن" ژیانی هاوژینی لەگەڵ "جێڵ جاکۆبس" پێکدەهێنێتەوە و دەبنە خاوەن کچێك. لە تەك کاری سیاسییەوە، بایدن لە ساڵانی ١٩٩١-٢٠٠٨ـدا یاریدەدەری پڕۆفیسۆریش بوو له‌ کۆلێژی "ویڵمینگتۆن" لە ویلایەتی دیلاوار لە لقێکی زانکۆی یاسای "وایدنەر" بوو.   

لە ئەرکەکەیدا وەك سیناتۆر، "بایدن" تیشکی دەخستە سەر پەیوەندییەکانی دەرەوە، دادگەی تاوانکاری و سیاسەتی ماددەی هۆشبەر. لە سیناتی "ئەمریکا"دا وەك ئەندامی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە، دوو جاریش وەك سەرۆکی ئەو لیژنەیە (لەنێوان ساڵانی ٢٠٠١-٢٠٠٣ و ٢٠٠٧-٢٠٠٩)، لیژنەی دادوەری و لەنێوان ساڵانی ١٩٨٧-١٩٩٥ وەك سەرۆکی لیژنەکە خزمەتی کردووە. "بایدن" لە پرسی تایبەت بە جەنگی کۆسۆڤۆ-دا لە کۆتاییی ساڵانی ٩٠ـەکاندا دەنگێکی دیار بوو، داوایدەکرد "ئەمریکا" هەڵوێست دژی هێزەکانی سڕبیا وەربگرێت و هاووڵاتییانی کۆسۆڤۆ لە هێرشی "سلۆبۆدان میلۆسێڤیچ"، سەرۆکی سڕبیا بپارێزێت. لە بابەتی جەنگی ئێراقیشدا (٢٠٠٣-٢٠١١)ـدا، "بایدن" پلانێکی دابەشکردنی وڵاتەکەی بۆ سەر سێ هەرێمی شیعە، سووننە و کورد وەك ڕێگەچارەیەك بۆ هێشتنەوەی ئێراقێکی یەکگرتوو و پڕ لە ئاشتی پێشنیاز کرد. 

"ئابڕووچوونەکەی ساڵی ١٩٨٨"

بەر لەوەی ببێتە جێگری سەرۆك لە ئیدارەی "ئۆباما" و بەر لەوەی لە ساڵی ٢٠٠٨ـیشدا لە پێشبڕکێی سەرۆکایەتی بچێتە دەرەوە، "بایدن" وەك سەرۆکی بەربژێری دیموکراتەکان خۆی پاڵاوت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی ١٩٨٨. بەهۆی ئەوەی ئەوکاتە سەرۆکی لیژنەی دادوەری بوو و ماوەیەکی زۆر وەك سیناتۆر خزمەتی هەبوو، بایدن هەنگاوی بەرەو پێشەوە هەڵگرت و بەربژێرێکی دیاری گۆڕەپانەکەش بوو لە هەڵبژاردنەکانی ئەو ساڵەدا، بەڵام دواتر بەهۆی نیمچە ئابڕووچوونێکەوە خۆپاڵاوتنی "بایدن" بە کشانەوەیەکی پێشوەختە بەکۆتا هات.

ئاشکرابوونی ڕاماندزین "ئەدەبدزی" لەلایەن بایدنەوە لە سەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان و لەوکاتەشی کە قوتابی کۆلێژی "سیراکیوز" بوو لە زانکۆی یاسا، لە ماوەی سەرەتای بانگەشەکاندا بایدنی ناچار بە کشانەوە کرد. ڕووداوەکە بەجۆرێك بوو کە بایدن لەکاتی بانگەشەکەیدا بەشێك وتەکانی وتاری "نێڵ کینۆكی" بەکارهێنا، کە ناوبراو ئەندامی پارتی کرێکارانی شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) بوو. لە بۆنەی پێشانگایەکیشدا لە ویلایەتی "لۆوا"، بایدن تەواوی وتەکانی وتارێکی ئەو ساڵەی 'کینۆك'ـی دووبارە کردبوویەوە.

جارێکی دیکەش، بایدن ئەو ڕستەیەی "کینۆك"ـی گوتووبوویەوە کە دەڵێت؛ ئەو یەکەم کەس بووە" لەنێو هەزاران نەوەدا" کۆلێژی تەواو کردبێت، هەمان شێوە و جووڵەی ناوبراویشی لە پەنجەدرێژکردن بۆ هاوسەرەکەی دووبارە کردەوە و، هەمان ڕستەشی لە باسکردنی خوێندنەکەی بەکار هێنابوویەوە.

"ماورین دۆود"، پەیامنێری ئەوکاتەی ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز، ئەو کەسەیە کە لە سێپتەمبەری ساڵی ١٩٨٧ـدا بوو، کە پەردە لەسەر ئەو کارەساتەی "جۆزێف بایدن" هەڵدەماڵێت. دواتریش، خودی "بایدن" دان بەوەدا دەنێت کە ئەو کارەی ئەنجام داوە و بەشێك لە گوتەکانی ڕاستەوخۆ قسەی "نێڵ کینۆك" بوون. دوای گەیاندنی هەواڵەکەش لەلایەن دۆودەوە، ستافی ئەوکاتەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی بایدن بەرگری لە "بایدن" دەکەن و ڕەتی دەکەنەوە بابەتەکە 'ئەدەبدزی'ـەکی زەق بووبێت. وەلێ سەرەنجام لە کۆتاییی مانگی سێپتەمبەردا و دوای تەنها سێ مانگ و نیو لە دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، بایدن لە پێشبڕکێی کورسیی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کشانەوەی خۆی ڕادەگەیەنێت.

لەوکاتەدا بایدن لە بڵاوکراوەیەکیدا دەڵێت، "مەبەستم نەبووە هیچ کەسێك هەڵبخەڵەتێنم. چوون گەر کارەکە هەڵخەڵەتاندن بووبێت، بەم شێوەیە بە ئاشکرا ئەنجامم نەدەدا". بەپێی نووسراوێکی ساڵی ١٩٨٧ـی 'واشنتن پۆست'ـیش، ئەو کارەی بایدن بووە پرسێکی گەرمی بانگەشەی هەڵبژاردن کاتێك "میشێل دوکاکیس"، حاکمی ویلایەتی ماساچوسێتس و ڕکابەری دیموکراتی بایدن لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا قۆستیەوە و گرتەکەی بۆ چەندان دەزگای میدیایی نارد. بایدن لە وەڵامدا، بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیییەکەی لە هەڵمەتی بانگەشەی ڕکابەرەکانیدا بە "سیاسەتی پیس" ناوبرد.

"بایدن لە سەردەمی ئۆباما"

"جۆ بایدن" لە ڕۆژی ٢٠ـی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٩ـدا و لەگەڵ هاتنەسەرکاری ئیدارەی "ئۆباما"دا، وەك جێگری سەرۆکی ناوبراو سوێندی یاسایی خوارد و دەستبەکار بوو. بایدن ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە سەردەمی ئیدارەی ئۆباما؛ وەك ڕاوێژکارێکی کاریگەری "ئۆباما" و پشتیوانێکی دیاری پڕۆژە و دەستپێشخەرییەکانی ڕۆڵی دەنواند. بەدەر لەوەش، چەندان ئەرکی گرنگی پێسپێردرا، هاوکار بوو لە تێپەڕاندنی چەندان قەیرانی بودجە و ڕۆڵی سەرەکی لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئێراق هەبوو.

لە ساڵی ٢٠١٥ـدا، بۆو، کوڕی گەورەی جۆ بایدن، بە شێرپەنجەی مێشك گیان لەدەست دەدات. بایدن بیرەوەری و ئەزموونی مردنی کوڕەکەی لە توێی کتێبێکدا بە ناوی "باوکە، بەڵێنم پێبدە؛ ساڵێك لە هیوا، لە سەختی و لە ئامانج" باس دەکات کە لە ساڵی ٢٠١٧ـدا بڵاوی کردەوە. هەر ئەو ڕووداوەیش وایکرد کە وێڕای هەبوونی پێگەیەکی دیار و بەرچاو، "بایدن" خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی "ئەمریکا" لە ساڵی ٢٠١٦ـدا ڕەت بکاتەوە و ئاماژە بەوە بکات کە هێشتا خێزانەکەی لە کێشە و گرفتدان. لەبری خۆپاڵاوتن، "بایدن" پشتیوانی لە "هیلاری کلینتۆن"، بەربژێری ئەوکاتەی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا و، وەزیریپێشووی دەرەوەی وڵاتەکە کرد، بەڵام سەرەنجام کلینتۆن هەڵبژاردنەکانی ئەو ساڵەی بە دۆناڵد ترەمپی بەربژێری کۆمارییەکان دۆڕاند و سەرکەوتوو نەبوو لە هێشتنەوەی کورسیی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە لای دیموکراتەکان.

پەیوەندیی نزیکی "بایدن" لەگەڵ "ئۆباما" شتێکی تەواو ڕوون و ئاشکرا بوو. لە ڕۆژی ١٢ـی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ـدا و لە کۆتا ڕۆژەکانی ئیدارەی ئۆبامادا، "ئۆباما" مەدالیای سەرۆکایەتیی ئازادی بە پلەی ئیمتیاز پێشکەش بە "بایدن کرد"، کە مەدالیایەکە دەدرێت بەو کەسانەی "بەشدارییەکی بەهادار و بەرچاو دیاریان هەبووبێت لە پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئاشتیی جیهان، هەوڵە تایبەت و گشتییە دیارەکان لە بواری کولتوور و بواری دیکە و وەرگرانی خەڵاتەکە لەلایەن خودی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە هەڵدەبژێرێن، بە هاوکاریی بۆردی خەڵاتی خزمەتە مەدەنییەکان، کە گرووپێکی ڕاوێژکارییە لە ساڵی ١٩٥٧ دروست بووە. لەکاتی بەخشینی خەڵاتەکەدا، "ئۆباما" بە وشەی "براکەم" ناوی جۆ بایدنی هێنا. دواتر "بایدن" و هاوسەرەکەی "دامەزراوەی بایدن"ـیان دامەزراند، کە گرووپێکی خێرخوازییی بوارە جیاجیاکانە.

"بوون بە سەرۆك"

دوای دەستاودەستکردنی دەسەڵات، "بایدن" لە سیاسەت دوور نەکەوتەوە و وەك دەنگێکی بەرز و دیاری ڕەخنە دژی ترەمپ مایەوە. لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٩ـدا خۆبەربژێرکردنی بۆ هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٠ ڕاگەیاند و چووە ڕیزی کۆمەڵێك بەربژێری دیکەی دیموکراتەکانەوە. بایدن هەر زوو بوو بە بەربژێرێکی دیار شێوازێکی گرتە بەر کە میانڕەوانەتر سەیر دەکرا، بەدیاریکراوی بە بەراورد لەگەڵ بەربژێرەکانی دیکەی وەك بێرنی ساندەرز. بەڵام ئەدای خراپی "بایدن" لە یەکەم دیبەیتی پارتەکە لە حوزەیرانی ٢٠١٩ـدا نیشانەی سەرسوڕمانی لەسەر "بایدن" زانا و پشتیوانیی کەمبوویەوە. بەڵام ترسی دەنگنەهێنانی ساندەرز وایکرد "بایدن" سەرکەوتنی بەرچاو لە دەنگەکانی کارۆلینای باشوور تۆمار بکات و دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناش، ساندەرز لە مانگی نیساندا کشایەوە و گۆڕەپانەکەی بۆ "بایدن" چۆڵکرد.

دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا بەسەر "دۆناڵد ترەمپ"، خودی دۆناڵد ترەمپ و چەند کەسایەتییەکی دیکەی کۆمارییەکان بە بیانووی ساختەکاری ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیان قەبووڵ نەکرد، هەرچەندە ژمارەیەك داوای یاسایییان تۆمار کرد، بەڵام هیچ بەڵگەیەك بۆ پشتڕاستکردنەوەی بانگەشەکانیان لەبەردەستدا نەبوو،  دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان لەلایەن سەرجەم ویلایەتەکانەوە، ئەنجامەکان بۆ کۆنگرێس نێردران بۆ پەسەندکردنی کۆتایی. لە سەروبەندی داخوازییەکانی "دۆناڵد ترەمپ" بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە و دوای دەستپێکردنی ڕێکارە یاسایییەکانی کۆنگرێس لە ٦ـی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ـدا، کۆمەڵێك لە لایەنگرانی ترەمپ هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی کۆنگرێسی "ئەمریکا" و کۆنترۆڵکردنەوەی باڵەخانەکە چەند کاتژمێری خایاند. وێڕای سەرجەم ئەو بەربەستانە، دوای دوو هەفتە و لە ٢١ـی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ـدا، بایدن سوێندی یاسایی خوارد و وەك سەرۆکی نوێ لەگەڵ خێزانەکەی چوونە نێو کۆشکی سپییەوە.


ئه‌م بابه‌ته 420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر