بازرگانی ئەلیکترۆنی؛ کڕین و فرۆش (1)

بازرگانی "ئەلیکترۆنی" یاخود بازاڕی "ئۆنلاین" یان کڕین و فرۆش لە ڕێی ئەنتەرنێتەوە، هەموو ئەمانە چەند دەستەواژەیەکن ماوەی چەند ساڵێکە بە فراوانی باسی لێوە دەکرێت و هەزاران بزنسی گەورە لە پاڵیدا کارە بازرگانییەکانیان فراوان دەکەن، ملیۆنەها کەسیش مامەڵەکانیان لەو ڕێگەیەوە ئەنجام دەدەن. ئەمڕۆ بە هۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا و ئامێرە ئەلکترۆنییەکانەوە ئاسانکارییەکی زۆر لە ژیانی ڕۆژانەی تاکەکاندا دروست بووە، ئەم پێشکەوتنە چەندێک کاریگەری هەبووە لە گۆڕینی سیستەمی تاکە کەسیدا سەدان هێندە کاریگەری لە بازرگانی و مامەڵە بازرگانییەکاندا دروست کردووە.
PM:01:33:22/02/2021
دۆسیە: شیکار
لە وڵاتانی پێشكەوتوو فرۆشگا و بازاڕگە ئەلیكترۆنییەكان بەدیوی دووەمی چالاكی ژیانی ئابووری دادەنرێن و، بوونیان زۆر پێویستە، هەرێمی كوردستان-یش پێویستە هەنگاوی بۆ بنێ.

قوتەیبە فازڵ
نووسەر



لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا تاکەکان دەستیان کرد بە بەرهەمهێنانی کاڵا و شمەک و پێداویستی ڕۆژانەیان و، پسپۆڕییان وەرگرت لە بەرهەمهێنانی شمەک و کاڵاکاندا هەر لەو ڕێگەیەشەوە دوو ڕاستیان بۆ دەرکەوت ئەوانیش:- 

یەکەم: ئەو شمەک و کاڵایانەی دروستییان دەکرد بەشێکی زیاد بوو لە پێویستی خۆیان.

دووەم: ئەو شمەک و کاڵایانەی لای کەسانی تر هەبوون و ئەمان نەیان بوو، پێویستیشیان پێی بوو.
 
لێرەوە؛ بیرۆکەی ئاڵوگۆڕی شمەک هاتە پێشەوە کە سەرەتاییترین جۆری بازرگانی و مامەڵەی بازرگانی بوو لە بەردەوامیی ئەو کارەشدا کەسانێک دەرکەوتن و، پسپۆڕییان وەرگرت لێرەدا پێویستە دوو پێناسەی گرنگ ئاماژە پێ بدەین ئەوانیش ˮ بازرگانی و بازرگانەʻʻ

بازرگانی:- بریتییە لە ئاڵوگۆڕی شمەک و کاڵا لە ناوخۆی وڵات، یاخود لەگەڵ دەرەوەی وڵات، وڵاتانی دراوسێ یاخوود دوور، ئەو کەسانەی بەم کارە هەڵدەستن پێیان دەوترێت بازرگان، بازرگانیش بە گشتیی دابەش دەبێت بۆ دوو جۆری سەرەکی:- 

یەکەم: بازرگانی ناوخۆیی 

دووەم: بازرگانی دەرەکی

پێش ئەوەی باسی هەریەکە لەم دوو جۆرەی بازرگانیی بکەین، پێویستە خودی کەسی بازرگان بناسین.

بازرگان: ئەو کەسەیە کە بە شێوەیەکی هەمیشەیی هەڵدەستێت بە پیشەی بازرگانی، واتە؛ ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان جێبەجێ دەکات، گرنگ نیە ئەو کەسێکی ئاسایی بێت یاخود مەعنەویی.

بازرگانی ناوخۆ: بریتییە؛ لە کرداری ئاڵوگۆڕ (کڕین و فرۆشتن ) کە لە سنووری جوگرافی یەک دەوڵەتدا ئەنجام دەدرێت، ئەمیش دابەش دەبێت بۆ دوو بەش:- 

یەکەم: بازرگانی بە کۆ. بریتییە؛ لەو ئاڵوگۆڕ کردنانەی کە لە نێوان بازرگانەکان خۆیاندا ڕوودەدات و، کرداری کڕین و فرۆشتنەکەش بڕی گەورە و زۆرە، نرخیش لەم جۆرە بازرگانییەدا کەمترە لە چاو بازرگانی تاک فرۆشی.

دووەم: بازرگانی وردە (تاک فرۆشی). بریتییە؛ لە کرداری کڕین و فرۆش لە نێوان بازرگانی تاک فرۆش و بەکاربەراندا، لەم جۆرەی بازرگانیدا بڕێکی کەم ئاڵوگۆڕ دەکرێت، بەڵام نرخی کاڵاکان زیاترە لە نرخی بازرگانی بە کۆ. 

بازرگانی دەرەکی.

بریتییە؛ لە هەموو جۆرە ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی هاوردە و ناردنی شمەکەکە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا ئەنجام دەدرێت، یاخود لە سنوورە نێو دەوڵەتییەکان ئەنجام دەدرێت. بازرگانی دەرەکی بە پێی بیروڕای ( ئادەم سمس) کە خاوەنی بیرۆکەی بازرگانی دەرەکییە دەڵێت ˮبازرگانی دەرەکی یارمەتی هەر دەوڵەتێک دەدات کە پسپۆڕ بێت لە بەرهەمهێنانی ئەو شمەکانەی کە بارودۆخی سرووشتی و کەش و ئادەمیزادەکانی لەبارە بۆ دروستکردنی و دەیگۆڕێتەوە بەو شمەکانەی کە پێویستی پێیەتی و، پسپۆڕ نیە تیایداʻʻ  لێرەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە چەندێک بازرگانی نێوخۆیی پێویستە، چەند بەرابەر بازرگانی دەرەکی پێویستە، لەبەر ئەوەی ئەو شمەکانەی کە لە ناوخۆی وڵاتدا بەردەست نین، ئەوا دەکرێت لە دەرەوەی وڵات بە کڕین یان ئاڵوگۆڕ بەردەست ببن و بۆ هاونیشتمانیان فەراهەم بکرێن. هەموو ئەوەی باسکرا لە قاڵبی (بازرگانی کلاسیکدا) خۆی دەبینێتەوە کە دەستاودەستکردنی کاڵاکان لە فرۆشیارەوە بۆ کڕیار تێچوویەکی زۆری دەکەوتە سەر بە نمونەیەک زیاتر ڕوونی دەکەینەوە:- 

بازرگانی "کلاسیک" ئەو جۆرە بازرگانییە، کە چەندین کەس بەشداری دەکەن لە گەیاندنی کاڵایەک لە کۆمپانیاکەوە، یاخود کارگەیەکەوە، بۆ دەست کڕیار، کە تێیدا کەسانێکی زۆر سوودی لێ وەردەگرن و نرخی کاڵاکە گران دەکەن، بۆ نمونە ئەگەر تاقمێکی ژووری نووستن، یان هەر کاڵایەکی تر نرخی٢٠٠ هەزار دینار بێت ئەوە ئێمە دەبێت بە ٤٠٠ هەزار دینار بیکڕین، لەبەر ئەوەی بازرگانێک دەچێتە کۆمپانیایەک بۆ کڕینی ئەو کاڵایە؛ کەواتە تێچوویەک دەچێتە سەر ئەو کاڵایە دەبێت کڕیار ئەو زیادە تێچووە بدات، پاشان ئەو کاڵایە دەدرێتە فرۆشگا کۆ-فرۆشییە گەورەکان، ئەوانیش بە فرۆشگا تاک فرۆشییەکانی دەدەنەوە، زۆربەی جار لە رێگای مەندوبەوە پاشان ئێمەش لەو خاوەن فرۆشگایانەی  دەکڕینەوە کە کڕێی فرۆشگا و شاگرد دەدات، هەموو ئەو تێچوو ماندوو بوونانە  دەچێتە سەر گیرفانی کڕیار، جگە لە ئەوەی هەندێک بەرهەم هەیە پارەیەکی خەیاڵی خەرج دەکرێت بۆ ریکلام هەمیشە لەسەر شاشەی تەلەفیزۆنن، بۆیە نرخی بەرهەمەکە لە ٢٠٠ هەزارەوە دەبێتە ٤٠٠ هەزار، خاوەن فرۆشگاش مافی خۆیەتی کە بە ٤٣٥٠٠٠ بیفرۆشێت، ئەم نموونەیە بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی بازرگانی کلاسیک بوو.

بەڵام لە ئێستادا بەهۆی فراوان بوونی کاری بازرگانیەوە لە سەرانسەری جیهاندا لە بازاڕە ناوخۆیی و دەرەکیەکانی وڵاتدا چەندین جۆری بازرگانی هاتووەتە نێو بازاڕەکان و بازرگانان مامەڵەی تیادا دەکەن. 

یەکێک لەو بازرگانی و بازاڕانە( بازرگانی و بازاڕی ئەلیکترۆنی )ە، بازرگانی "ئۆنلاین" یاخود بازرگانی لە ڕێگەی ئەنتەرنێت-ەوە، ئەمڕۆ ئەو بوارە زۆر فراوان بووە و ڕۆڵی کاریگەری بەرچاوی هەیە لە دنیای بازرگانیدا، بە هەردو ئاقاری ئەرێنی و نەرێنی. بازاڕ و بازرگانی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان و ئێراقیشدا لە قۆناغەکانی سەرەتادایە تا ئێستا بەشێکی کەم لە هاوڵاتیان و تەنانەت بازرگانانیش پێی ئاشنان و مامەڵەی پێوە دەکەن، لێرەدا دەمەوێت باسێکی ئەم جۆرە لە بازرگانییە بکەم و چەند دەرئەنجامێک بخەمە ڕوو سەبارەت بەم جۆرە لە بازار، بە هیوای گەیاندنی زانیاری و سوود بە خوێنەر.

بازرگانی لە رێگای ئینتەرنێتەوە (ئەلیکترۆنی)

بە ئامانجی گەیشتن بە زۆرترین كڕیار و فرۆشتنی خێرای كاڵاكانیان، چەندین پێگەی (ئەلیكترۆنی و، پەیج و، ئەكاونت) لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كراونەتەوە و كڕیار لەو رێگەیەوە دەتوانێت كاڵا بكڕێت و، فرۆشیاریش دەتوانێ لە بازنەیەكی فراوانتر لە بازاڕ كاڵاكانی بفرۆشێت، بازرگانی ئەلیکترۆنی بریتیە؛ لە بازرگانیکردنی شمەک و خزمەت گوزارییەکان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، ئەم دیاردەیە بەزۆری لە نێوان دە ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی فراوان  لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئینتەرنێت و، ئاسان بەکار هێنانی و زۆربونی بەکار هێنانی مۆبایلە زیرەکەکان و، زۆربونی پێگە و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبووەوە. بازرگانی "ئەلیکترۆنی" بووەتە هۆی دروست بوونی سەدان ملیۆن، بگرە ملیۆنەها بازاری ئەلیکترۆنی لە جیهاندا و لە بەناوبانگترینیشان پێگەی  (amazon)ە، کە بەهای بازاڕگەری گەیشتۆتە نزیکەی ٣٠٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی، لە ئێستادا کۆمپانیای "ئەمەزۆن" بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکانی و خێرایی لە گەیاندا چەندین کۆگای لە سەرانسەری جیهاندا کردۆتەوە، بە دیاریکراوی لە ( ١٠٩) وڵاتی جیهاندا کە کاڵای هاوپشکەکانی تیادا دابەشدەکات و زیاتر لە ( ١٥٠٠٠) رۆبۆتی تیادا جێگیر کردوون کە کاریان ڕێکخستنی ئەو کۆگایانە و خێراکردنی کارەکانی گەیاندنە و پێیان دەوترێت ( سوپای ڕۆبۆتەکانی ئەمەزۆن ).  بە پێی ئەو زانیاریانەی پێگەی ئەلیکترۆنی (ستاتیستا) کە تایبەتمەندە لە بواری زانیاریەکانی بازاڕ کۆی داهاتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەلیکترۆنی، ئەو کۆمپانیایانەی لەو بوارەدا کار دەکەن لە نێوان ساڵانی (٢٠١٢ – ٢٠٢٠) لە جیهاندا زیاتر بووە لە یەک ترلیۆن و نیو دۆلار واتە ( ١٥٠٠) ملیار دۆلار بووە.

"ئاندرەی ئیسایەڤ"، ئەندامی لیژنەی کار و سیاسەتی کۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی رووسیا رایگەیاندووە؛ لە ئێستادا شێوازی مامەڵە و کاری بازرگانی لە "ڕووسیا" گۆڕانی بەرچاوی بە خۆوە بینیووە، کە دیارترین ئەم گۆڕانکارییانە پەرەسەندنی کاری ئۆنلاینە و دەشڵێت "لە رابردوودا ژمارەی ئەو کەسانەی لە "ڕووسیا" بە شێوەی ئۆنلاین کاریان دەکرد نزیکەی 60 هەزار کەس بوون، بەڵام لە ساڵی 2020دا ژمارەی ئەو کەسانە بۆ شەش ملیۆن کەس بەرزبووەتەوە". ئیسایەڤ باسی لەوەش کرد؛ کەسانێکی زۆر توانیوویانە بە ئاسانی خۆیان لەگەڵ کاری ئۆنلاین بگونجێنن. لە وڵاتانی عەرەبیشدا بازرگانی ئەلیکترۆنی هێشتا لە سەرەتادایە، بەڵام بە چەند هەنگاوێک لە پێش ئێراق و کوردستانەوەن، بۆ نمونە تا ساڵی (٢٠١٢) لە کۆی دانیشتوانی وڵاتانی عەرەبی تەنها (١٠ ) ملیۆن کەس لە ڕێی بازاڕە ئەلیکترۆنییەکانەوە مامەڵەیان کردووە، کۆی مامەڵەکانیان گەیشتووەتە (٩ ) ملیار دۆلار، بەڵام دەبینین لە ساڵی (٢٠١٥ ) ئەم ڕێژەیە بەرز دەبێتەوە بۆ زیاتر لە ( ١٥ ) ملیار دۆلار، بە پێی پێشبینیەکانی پێگەی ( NAMSHI.COM) یش بێت، کە پێگەیەکی فرۆشی ئەلکترۆنییە لە ماوەی ( ١٠ ) ساڵی داهاتوودا ئەم ڕێژەیە زۆر زیاتر دەبێت بە ڕێژەی (٧٥٪ ) زیاد دەکات. هەروەها لە گەڵ سەرهەڵدان و بڵاو بوونەوەی پەتای "کۆرۆنا" و ڕێکارەکانی خۆ-پارێزی لەو پەتایە بازاڕەکانی ئۆنلاین زیاتر پەرەیان سەند، بە پێی بەدواداچوونی (ئاژانسی فرانس پرێس) بە وەرگرتنی راو بۆچوونی زۆرێك لە شارەزایان و پسپۆرانی ئابووری ئەوەی بڵاوكردۆتەوە  كە  بەهۆی كۆتوبەندەكانی هاتووچۆ و گرتنەبەری رێكارەكانی خۆ-پارێزییەوە زۆرێك لە كۆمپانیا جیهانییەكان و ماركە بەناوبانگەكان  هەوڵێكی زیاتری خۆیان خستۆتەگەر بۆ ئەوەی قەبارەی فرۆشی بەرهەمەكانیان لەرێگەی ئینتەرنێت و پێگە كۆمەڵایەتییەكانەوە زیاتر بكەن. هەر بەپێی توێژینەوەیەك  كە لەوبارەیەوە ئەنجامدراوە؛  قەدەغەی هاتووچۆ كاریگەرییەكی ئەرێنی لەسەر بەربڵاوبونی زیاتری بازرگانی ئەلیكترۆنی هەبووە و ئاستی قەبارەی كارە بازرگانییەكانی لەو بوارەدا لەرێژەی سەدا 12 وە بۆ سەدا 23 بەرزكردۆتەوە، هەروەها ماركە بەناوبانگەكانیش خەرجییەكی زیاتریان لە گەشەپێدانی پێگە ئەلیكترۆنییەكاندا بە ئامانجی زیاتركردنی قەبارەی فرۆشیان ئەنجامداوە و، لەو ڕووەشەوە بە تەنها لەمانگی نۆڤەمبەری ساڵی (٢٠٢٠)دا گروپی كۆمپانیاكانی (ریشمون) بۆ ماركە بەناوبانگەكان بڕی ملیارێك و 100 ملیۆن دۆلاری بۆ گەشەپێدانی پێگەی (فارفیتش) بۆ كاڵاكان تەرخانكردووە كە سەنتەرە نوێكەی لە وڵاتی چین-ە. لێرەدا پێویستە ئاماژە بە چەند جۆرێک لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەلیکترۆنی بدەین و هەریەکەیان بە کورتی بناسێنین:- 
 
سەرەتا فرۆشگای ئەلیکترۆنی

فرۆشگای ئەلیكترۆنی بریتییە ˮ لە پێگەیەكی ئەلیكترۆنی بۆ فرۆشتن و خستنەڕووی كاڵا، كە لەو رێگەیەوە فرۆشیار دەتوانێ بە كەمترین ماوە بگاتە زۆرترین كڕیار و كاڵاكانی بفرۆشێت، كڕیاریش دەتوانێ‌ هەر لە ماڵەوە یان لە ئۆفیسی كارەكەیەوە ئەو كاڵایە داوا بكات كە لە فرۆشگا ئەلیكترۆنییەكان نمایش كراونʻʻ.
ئەو شێوازە بازرگانی و بەبازاڕكردنە دەمێكە لە وڵاتانی پێشكەوتوو رێچكەی خۆی گرتووە و، چەندین پێگەی جیهانی بۆ ئەو مەبەستە كراونەتەوە، بەڵام ئەو كارە لە "كوردستان" هێشتا لە قۆناغی سەرەتادایە، فرۆشی كاڵا لەڕێگەی فرۆشگای ئۆنلاینەوە هەرگیز بەراورد ناكرێت لەگەڵ فرۆشی كاڵا لە فرۆشگای ئاسایی، چونكە لەو رێگەیەوە فرۆشیار دەتوانێ لە ماوەیەكی زۆر كەمدا، لە جوگرافیایەكی فراواندا كاڵاكانی نمایش بكات و بگاتە زۆرترین كڕیار. 

بازرگانی و بازاڕی ئەلیکترۆنی لە ئێراق

بازرگانی گواستنەوە و گەیاندن له (ئێراق و هه‌رێمی كوردستان) بە شێوازێکی زانستی و سەردەمیانە مێژوویەکی دووری نییە، سه‌ره‌ڕای پێشكه‌وتنه‌ به‌رچاوه‌كانی زانستی بازرگانی، هێشتا به‌شێوازی نەریتی ماوه‌ته‌وه ‌و له‌ چوارچێوه‌یه‌كی كۆندا قه‌تیسكراوه‌. ئه‌م دواكه‌وتنه؛‌ كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر كۆی پڕۆسه‌ی بازرگانی له ‌(ئێراق و هه‌رێمی كوردستان) به‌جێهێشتووه ‌و وایكردووه‌ بازرگانانی ئێرە نه‌توانن وەک بازرگانانی تر لە وڵاتانی پێشکەوتوو، لە تایبه‌تمه‌ندی و ده‌ستكه‌وته‌كانی گەیاندنی بازرگانیی هاوچه‌رخ و سه‌رده‌مییانه‌ سوودمه‌ند بن. لەم ساڵانەی دواییدا؛ ئێراق ئاشنابوو بە بازرگانی ئەلیکترۆنی و، تا ئێستاش  لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زۆر بە لاوازی دەبینرێت لەم بوارەدا. تەنها ژمارەیەکی کەم لەو بازاڕە ئەلیکترۆنییانە کە دەتوانن سەرجەم  ئەو شمەکانەت بۆ دابین بکەن کە دەتەوێت. هۆکار زۆرن، یەکێک لەو هۆکارانەی وایکردووە بازارە ئەلیکترۆنییەکان لاوازبێت  کەمی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێتە لە ئێراقدا، بەپێی ئامارەکان نزیکەی (٥-٧٪) ی دانیشتوانی ئێراق،  ئینتەرنێت بەکار دەهێنن کە ئەوەش ڕێژەیەکی زۆر کەمە، هۆکارێکی کەش لاوازی سیستمی بانکییە لە ئێراقدا. سیستمی بانکی  لە "ئێراق" تا ئێستاش گرفتێکی یەکجار زۆری هەیە، هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە هەتا ئێستاش( کریدیت کارتیان) نییە، کە دەتوانن بۆ مەبەستی کڕینی شت و مه‌ک بەکاری بهێنن. مایەی خۆشحاڵییە ئێستا لە "هەرێمی کوردستاندا" ئەم بازرگانییە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕوو لە کرانەوەیە، چەندین فرۆشگای ئەلیکترۆنی هەن، هەرچەندە بێ پلانییەکی زۆریشی پێوە دیارە، جگە لە فرۆشگا ئەلیكترۆنییەكانی سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، چەند ماڵپەڕێكی تایبەتی فرۆشگای ئەلیكترۆنیش لە هەرێمی كوردستان كراونەتەوە، یەکێک لەو ماڵپەڕانە ماڵپەڕی ˮمشتەری دۆت کۆمʻʻ ە کە گەورەترین و فراوانترین ماڵپەڕی فرۆشی ئەلیکترۆنییە لە سەرانسەری ئێراقدا. "مشته‌ری دۆت کۆم" گه‌وره‌ترین بازاری ئۆنلاینی سه‌رانسه‌ری (ئێراق و هه‌رێمی کوردستانه)‌ که‌ به‌شێوه‌یه‌کی بابه‌تییانه‌ کاڵاو به‌رهه‌مه‌کانی کۆمپانیا و بازرگانه‌کانی (ئێراق و هه‌رێمی کوردستان)ی به‌بازاڕ کردووه‌ و به‌ 12 بابه‌تی سه‌ره‌کیی به‌ دووشێوه‌ی تاک و کۆ-فرۆشی خزمه‌ت به‌ بازرگان و کڕیار و فرۆشیاری "ئێراق" دەکات. ئەمە یەکەم پڕۆژەیە لەم شێوازو کوالێتیە لە ئاستی "ئێراق" کە بە  12 بواری جیاواز دەرفەتی فرۆشی کاڵای بۆ خاوەن کۆمپانیا و بازرگانان ڕەخساندووە. وەکو لە سەرەتادا باسمانکرد ئەم بوارە  بە بوارێکی نوێ دادەنرێت لە ئێراقدا، سەرەڕای کەمی بەکار‌هێنەرانی ئینتەرنێت بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە نەتواندرێت هیچ شتێک بکرێت لەو بوارەدا، لە بیرمان نەچێت، کە لە ئێستادا؛ ئێراق بە قەیرانێکی ئابووری سەختدا تێپەڕ دەبێت، هەر بۆیە دامەزراندنی کاری لەم جۆرە دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو هاوکار حکومەت بکات لە دامەزرانی کارمەند و دۆزینەوەی هەلی کار بۆیان.

سوود و گرفتەکانی بەردەم بازرگانی ئەلکترۆنی لە ئێراق

لە ڕووی ئابورییەوە؛ بوونی بازاڕی ئۆنلاین بۆ کڕیاران بەسوودتر دەبینرێت وەک فرۆشیاران، بازاڕی ئۆنلاین سودی بۆ هەردوولایەنی مامەڵەکە هەیە، کڕیار و فرۆشیار، بەڵام زۆرتر یارمەتی کڕیار دەدات و ئاسانکاری زۆری بۆ دەکات، لەڕوی ئەوەی کە کاتی زۆری بۆ دەگەڕێتەوە و پێویست ناکات بڕوات بۆ گەڕان بەدوای شتومەکدا، چونکە تەنها بە یەک کلیک دەتوانێت پێویستییەکانی خۆی ببینێت و دیارییان بکات، لە هەمانکاتدا فرۆشیاریش سوودمەند دەبێت بەهۆی ئەوەی لەڕێگەی کۆمەڵێک تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە پێشانگاکەی پیشاندەدات و دەتوانێت وای لێبکات بچێتە ئاستی جیهانەوە، تەنها بۆ یەک شوێنی دیاریکراو نەبێت، لە وڵاتانی پێشكەوتوو فرۆشگا و بازاڕگە ئەلیكترۆنییەكان بەدیوی دووەمی چالاكی ژیانی ئابووریی دادەنرێن و بوونیان زۆر پێویستە، هەرێمی كوردستان-یش پێویستە هەنگاو بۆ بازرگانیی ئەلیكترۆنی بنێ، چونكە سوودەكانی لە گرفتەكانی زیاترە، لە "هەرێمی كوردستان" بانكەكان و هاووڵاتیان گرفتی متمانەیان لەگەڵ یەك هەیە، بۆ رەواندنەوەی ئەم گرفتە پێویستە بانكەكانی "هەرێمی كوردستان" بەسوود وەرگرتن لەو یاسایانەی بەركارن، سمارت كارتی بانكی بۆ هاووڵاتیان دروستبكەن، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بتوانن سوود لە فرۆشگا ئەلیكترۆنییەكان وەربگرن. سوودەکانی بازرگانی ئەلیکترۆنی زۆرە، هەم بۆ کۆمپانیاکان و هەم بۆ تاکەکانیش کە  دامەزراندنی تێچونێکی کەمی دەوێت،  هەموو ئەوەی پێویستە بۆ دامەزراندنی وێب-سایتێکی ئەلیکترۆنییە لەگەڵ شوێنێک بۆ کەلوپەلەکانی کە دەیفرۆشیت، پێویستت بە بینایەکی گەورە نییە تاوەکو ئەو کەلوپەلانەی دەیفرۆشیت بیخەیتە ڕوو، چونکە کارەکە لە ڕێگای ئەلیکترۆنییەوە، دەکرێت تەنها کۆگایەکی بچوکت بەسە بۆ هەلگرتنی کەلوپەلەکان تێیدا، بە هەمان شێوە؛  ئەم رێگایە سوودێکی زۆری هەیە بۆکڕیارانیش، کاتێکی زۆریان بۆ دەگەڕێتەوە و ماندوو نابن لە کڕینی شمەکەکانیاندا و بێگومان بەهۆی بوونی رکابەر لە نێوان کۆمپانیاکاندا رەنگە شمەکەکانیان بە نرخێک هەرزانتر دەستبکەوێت.

سوودەكانیبۆفرۆشیار.

١- پێویستی بە شوێنێکی دیاریکراو نییە، واتە کرێ و باجی لەسەر نیە.

٢- زۆرتررین کەس کاڵاکانی دەبینێت.

٣- سنووری فرۆشتنی كاڵاكانی فراوانە.

٤- دەتوانێ‌ بە تێچوویەكی زۆر كەم بەردەوام رێكلام بۆ كاڵاكانی بكات.

سوودەكانی بۆ كڕیار.

١- ئاسانی دەستی بەو كاڵایە دەگات كە پێویستییەتی.

٢- تێچووی بازاڕكردن و كاتی بۆ دەگەڕێتەوە.

٣- زۆرترین بژاردەی لەبەردەستە بۆ كڕین.

گرفتەکانی بەردەم بازرگانی ئەلکترۆنی

لە وڵاتانی پێشكەوتوو فرۆشگا و بازاڕگە ئەلیكترۆنییەكان بەدیوی دووەمی چالاكی ژیانی ئابووری دادەنرێن و، بوونیان زۆر پێویستە، هەرێمی كوردستان-یش پێویستە هەنگاو بۆ بازرگانیی ئەلیكترۆنی بنێ، چونكە سوودەكانی لە گرفتەكانی زیاترە، بەڵام لە کوردستاندا سەرجەم فرۆشگا ئەلیكترۆنییەكان بەدەست دوو گرفتەوە دەناڵێنن؛ ئەوانیش گرفتی پارەدان و گەیاندنی كاڵاكانە بە كڕیار، بەهۆی نەبوونی سیستەمێكی پێشكەوتووی بانكی و ناچالاكیی پۆستە لەنێوان شار و شارۆچكەكان، زۆربەی ئەوانەی ئەو جۆرە بازرگانییە دەكەن، ناچارن بە تاكسی و پاسی هێڵی نێوان شار و شارۆچكەكان كاڵاكانیان بگەیەننە دەستی كڕیارەكانیان، لە "هەرێمی كوردستان" بانكەكان و هاووڵاتیان گرفتی متمانەیان لەگەڵ یەك هەیە، زۆربەی هاوڵاتیان متمانەیان بە بانکەکان نییە و، "بانک" وەک شوێنێکی ئاڵوگۆڕی پارە دەبینن، بۆ رەواندنەوەی ئەم گرفتە و دڵنیاییدان بە هاوڵاتیان و دروستکردنەوەی پردی پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و بانکەکان، پێویستە بانكەكانی "هەرێمی كوردستان" بە سوودوەرگرتن لەو یاسایانەی بەركارن "سمارت كارتی" بانكی بۆ هاووڵاتیان دروستبكەن، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بتوانن سوود لە فرۆشگا ئەلیكترۆنییەكان وەربگرن، نەبوونی ئەو  سیستمە  باشەی "بانک" و گرێنەدانی بە بازاڕی ئابووری جیهانەوە، وایکردووە؛ کە بازاری ئۆنلاین لە کوردستاندا چەندین هەنگاو لە دوای بازاڕی جیهانییەوە بێت، بەڵام بە دیوێکی تردا بوونی سیستمێکی "ڤیزا کارت" و پارەدانی ئەلیکترۆنی ڕەنگە لایەنێکی نێگەتیڤیشی هەبێت، چونکە دەبێتە هۆی کڕینی کاڵا و کەلوپەل لە بازاڕە ئۆنلاینە جیهانییەکان، ئەوەش بەگشتی کار دەکاتە سەر ئابووری وڵات و بەرهەمە ناوخۆییەکان، تا ئێستا لە "ھەرێمی کوردستان" مەرج و رێنمایی تایبەت بە کڕین و فرۆشتنی کاڵا و کەلوپەل تەنانەت دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ بازاڕی ئۆنڵاین نییە، زۆرینەی ئەو جۆرە بازاڕانەش لەسەر ئاستی تاکە کەسین لەگەڵ ئەوەش، هەندێکجار تەنها لە رێگای پەیجێکەوە کاڵاکان ساخ دەکرێنەوە و بە هاووڵاتیان دەفرۆشرێن، شارەزایانی ئابووریش پێیان وایە؛ بازاڕەکانی "ئۆنڵاین" لەسەر بنەمای کۆمپانیا دانەمەزراون بۆیە کۆنتڕۆڵ کردنیان ئەستەمە.

لە بەشەکانی داهاتوودا؛ پشت بە خودا زۆر بە وردی تەواوی وردەکاریەکانی بازرگانی ئەلکترۆنی هەر لە سایتی چاوی کورد بە خوێنەران ئاشنا دەکەین بە هیوای بەرەو پێش بردنی ئابووری وڵات و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی تەواوەتی ئابووری کوردستان.



ئه‌م بابه‌ته 268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر