ھە ڵبژاردن ومیکانزمی گۆڕانکاری

بنەمای کردەیی ھەر چەمکێکی دەسەڵات وحکومەتێکی دیموکرات، بریتییە لەسەرھەڵدان وھەڵبژاردنی بێسانسۆر وداپەروەرانە، کەتاکەکانی کۆمەڵگە تیایدا بەشداربن. میکانیزمی گۆڕانکاری ودەستاودەستکردنی دەسەڵات، بەھەڵبژاردن بەڕێوەبچێت ساناترە وەک ھەرجۆرە گرتنەبەری میکانیزمێکی دی.
PM:05:29:18/09/2018
دۆسیە: نیشتمانسازی
لەنێوان ھەڵبژاردن ودیموکراتیدا پەیوەندییەکی دیالێکتیکی ھەیە، ھەڵبژاردن بووەتە ئامڕازیکی دیموکراتی بەتایبەت لەخۆرئاوادا

نەوزاد صالح
نوسه‌ر و شاره‌زای بواری سیسته‌مه‌كانی هه‌ڵبژاردن

بنەمای کردەیی ھەر چەمکێکی دەسەڵات وحکومەتێکی دیموکرات، بریتییە لەسەرھەڵدان وھەڵبژاردنی بێسانسۆر وداپەروەرانە کەتاکەکانی کۆمەڵگە تیایدا بەشداربن. میکانیزمی گۆڕانکاری ودەستاودەستکردنی دەسەڵات، بەھەڵبژاردن بەڕێوەبچێت ساناترە وەک ھەرجۆرە گرتنەبەری میکانیزمێکی دی.

 

لەنێوان ھەڵبژاردن ودیموکراتیدا پەیوەندییەکی دیالێکتیکی ھەیە، ھەڵبژاردن بووەتە ئامڕازیکی دیموکراتی بەتایبەت لەخۆرئاوادا، ئێستا تاکە کەناڵی بنەرەتی گەشتن بە دەسەڵات وبیری سیاسی ھەڵبژاردنە، چەمکی ھەڵبژاردن لەسەدەی حەوتەمی پ.ز، لە یۆنانی کۆندا، کاری پێکراوە. لەئەورووپا وباکوری وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکادا، لەکۆتای سەدەی حەڤدەھەم وسەرەتاکانی سەدەی ھەژدەھەمەوە سەری
ھە ڵداوە، لەوڵاتانی عەرەبیشدا ھەر(٦٠) شەست ساڵێک دەبێت کاریگەری ھەیە و خراوەتە نێو کایەی سیاسییەوە
.

پڕۆسەی ھەڵبژاردن لەسادەترین مانایدا، بەو پرۆسەیە دەوترێت، کەدەنگدەر بەئازادانە وبێ ھیچ سانسۆریکی دەروونی وجەستەیی، دەنگی ڕاستەقینەی خۆی بدات بە مەبەستی بەکارھینانی مافی خۆی، یاخود دەتوانین بلێین، پرۆسەیەکە لەڕیگای دەنگدانەوە بۆ دەستاودەست کردنی دەسەڵات بەڕێگای شەرعی ویاسای کە ھەڵبژاردنە.   

 

یاسای ھەڵبژاردنەکان لەوڵاتێکەوە بۆ وڵاتیکی دیکە جیاوازە، لەم سەردەمەدا ڕەنگە گوندێکیش نەمابێت نەزانێت چەمکی ھەڵبژاردن چی یە؟ یان بۆ دەکرێت؟ بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەم پرۆسەیە تاچەند ڕۆڵی ھەیە لەپێش خستنی کۆمەڵگەدا، ئەم پرۆسەیە لەزەمەنێکدا ئەنجام دەدریت دوور لەھەموو فشار وبەربەست و توندوتیژییەک.

وڵاتە دیکتاتۆرەکانیش ھەڵبژاردنیان تیادا دەکرێت، بەڵام چ جۆرە ھەڵبژاردنێک، لەعێراقدا لەسەردەمی ڕژێمی بەعسی پیشوودا، ھەڵبژاردن دەکرا ٩٩.٩٩% دەرئەنجامی کۆی پرۆسەکە، لەبەرژەوەندی حزبی بەعس و(سەدام حسین) بوو، بەڵام لە گاڵتەجارییەکی بێ بنەما زیاتر ھیچی دیکە نەبوو. کارکردن لەسەر ستراتیژیەتی بیرکردنەوەی تاکی کۆمەڵگە، کوشتنی دیموکراتییە لەھەڵبژاردندا، چونکە پەیوەندی نێوان ھەڵبژاردن ودیموکراتی پەیوەندییەکی تەواو لۆژیکییە، هەروەها لەبەر ئەوەى لێدوان لەسەر دیموکراتییەت، دواجار دەمانگەیەنەتە مەنزەڵی ھەڵبژاردن، کەھەر لەو کەناڵەوە دەسەڵات بەدەستدێت.

 

ھەڵبژاردن سەلماندی پرەنسیپی بەھا دیموکراتییەکان ئەگەر لایەنگرانی سیستەمی دیموکراتی بەمانا فراوانەکەی زۆرینەبن، شۆرشەکانی سەدەکانی پیشوو ئەو ڕاستییەیان سەلماندوە کەئەو وڵاتانەی لەڕێگای کودەتای سەربازییەوە، بێ فلتەری ھەڵبژاردن کورسی حوکمییان داگیرکردووە، نەوەی ھەڵبژاردن نین، ڕەنگە نەتوانن وەک پێویست ئاوات وخواستەکانی گەل مسۆگەر بکەن، ئەمە بەو مانایە نایەت کەھەر دەسەڵاتێک بەھەڵبژاردن حوکمی وەرگرت، ئیتر بەھەشت بۆ گەلەکەی مسۆگەر دەکات.خۆ لەوڵاتێکی وەک(میسر)دا ھەڵبژاردن کراوە و(محمد مورسی) ش زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست ھیناوە، کۆتا ھەڵبژاردنی تورکیا کەلە ٢٠١٨/٦/٢٤ بوو (ڕەجەب تەیب ئەردۆگان) بەھەڵبژاردن بووە بەسەرۆک کۆمار، دوای ھەمواری دەستوری ئەو وڵاتە کەلە ١٦ی نیسانی ٢٠١٧ دا بریاری لەسەر دراوە، بەڵام ئایا ئیستا دیموکراتییەتی تورکیا لەژێر بریاردا نییە؟.

 

بەھاری عەرەبی کەلەسەرەتاکانی ٢٠١١ ەوە دەستی پێ کرد، تونس ومیسر ویەمەن، 
زۆرشوێنی دیکەی گرتەوە. زادەی نەبوونی دیموکراتییەت بوون لەو وڵاتەنەدا کەھەڵبژاردنیشیان تیادا کرا. کەواتە ھەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراتییانەی بەردەوامە. لەگەڵ سەرچاوەی وزەی ئەم پرۆسەیە، (سایمور مارتن) ئاماژە بەوە دەدات لەسەر پێناسەی دیموکراتییەت کەبریتییە لەسیستەمێکی سیاسی کەدەڕوانینێکی دەستوری دارێژراو فەراھەم دەکات بۆ گۆرینی لێپرسراوە حکومیەکان، ھەروەھا پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتییە، کەزۆرترین بەشی کۆمەڵگەیە کەبەشداری دەکات بۆ بریاردان لەبابەتە چارەنووس سازەکان.......ھتد

(گۆڤاری دیموکراتیەت) ١٩٩٨)
 ( journal democracy )

 

کەواتە سیستەمی ھەڵبژاردن ئاوێنەی سیستەمی سیاسییە. ئەگەر پرۆسەی ھەڵبژاردن بەگشتی دەرئەنجامی کاروچالاکی وھاوسە نگی وچارەسەری سیاسی بێت، ئەوا یاسای ھەڵبژاردن دەبێتە ڕەنگدانەوەی وێنای سیستەمی سیاسی، خویندنەوە بۆ لایەنی تیۆری پراکتیکی ھەڵبژاردن، دەمانگەیەنێتە ئەو ویستگەیەی کەھەڵبژاردن ودیموکراتی بەیەک دەگەن. جان جاک رۆسۆ دە ڵێت (دیموکراتی بریتییە لەحوکمڕانی لەگەلەوە بۆ گەل) کەواتە نوێنەری ھەڵبژێردراو لەنێو ئەم گەمە دیموکراتییەدا ھەر لەبەرەی گەل دەبیت.

 

لەمافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤیش بەشداری پێکردنیەتی لەبەڕێوەبردنی وڵاتدا. ئەم مافەش لە چوارچێوەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا جێگیرکراوە وزۆربەی وڵاتانیش پەسەندیان کردوون و واژوویان لەسەری کردووە. کەلەبەندی ژمارە ٢٨ ی جاڕنامەی مافی مرۆڤدا ھاتووەکە:

 

١-ھەموو کەسێک مافی بە شداربونی ھەیە لەبەڕێوەبردنی کاروباری گشتی وڵاتدا، جا ڕاستەوخۆبێت یان بەھۆی نوێنەر گەلێکەوە کەئازادانە ھەڵدەبژێردرێن.

 

٢-ھەمووکەسێک بەیەکسانی لەگەڵ ئەوانی تردا مافی وەرگرتنی ئەرکە گشتیەکانی لەوڵاتەکەیدا ھەیە.

 

٣-ئیرادەی گەل سەرچاوەی دەسەڵاتی حکومەتە، پێویستە ئەم ئیرادەیە لەشێوەی ھەڵبژاردنێکدا دەربکەویت، کەبەشێوەی خولی وھەڵبژاردنی گشتی وبەیەکسانی بێت لەنێوان دە نگدەرەکان، هەروەها بەدەنگدانی نھێنی یان رێوشوێنی دیکەی ھاوتای ئەو بێت لەڕووی زامنکردنی ئازادی دەنگدانەوە.

 

لێرەوە دەتوانین بڵێین، ھەڵبژاردن خۆی لەخۆیدا پێکھێنەری دیموکراتی نییە، یان ئامانج نییە، بەڵکو ھەنگاوێکی بنچینەییە بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگەکان بەرەو دیوی دونیا بینی دیموکراتییانە، بەدەست ھێنانی مافەکانی تاک، بەمەش گەل ھەموو بەشدار دەبێت لەبونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات ودادپەروەر ویەکساندا لەئەرک ومافدا، ماوەتەوە بڵێین(ھەڵبژاردن)بەباشترین وگونجاوترین میکانیزم دەزانرێت بۆ دەستاودەست کردنی دەسەڵات وحوکمڕانی، خوجێیەتی بیت یان گشتی. بەمەرجێک، تاک ئازادانە، فەرمانرەوایان دادگای بکات بۆ وەڵام دانەوەی پرسیارە سەختەکانی دەنگدەر، ئەو پرسیارانەى کەدەکرێت بەشێوەیەکی گونجاو وچەسپاو  وستانداردانە و خاوێن، هەروەها کار لەسەر ئەم چەمکە بکرێت.



ئه‌م بابه‌ته 988 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر