ڕەگەزەکانی بڕیاری کارگێڕی

زۆر جار لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان ودام ودەزگا کارگێرییە جیاوازەکانی، بڕیاری کارگێڕی دەردەچێت بەبێ گۆیدانە ھەموو ئەو مەرج وتایبەتمەندییانەی کەدەبێت لەبڕیاری کارگێریدا ھەبێت، بۆ نمونە لەساڵی ٢٠١٦ حکومەتی ھەرێم پەنای بردە بەر دەرکردنی بڕیاری پەیرەوکردنی سیستەمی پاشەکەوتکردنی مووچە بەبێ ئەوەی مافی دەرکردنی ئەم جۆرە بڕیارەی ھەبێت.
PM:03:31:18/09/2018
دۆسیە: دەوڵەت سازی
دەبێت دەرکەری بریار لەسەرجەم دام ودەزگا حکومییەکان لەکاتی دەرکردنی بڕیاری کارگێڕی پابەندبن بەسەرجەم بنەماکانی ڕاست ودروستی بڕیاری کارگێڕی

هێمن تالەبانى
مافپەروەر

زۆر جار لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان ودام ودەزگا کارگێرییە جیاوازەکانی،
بڕیاری کارگێڕی دەردەچێت بەبێ گۆیدانە ھەموو ئەو مەرج وتایبەتمەندیانەی کەدەبێت لەبڕیاری کارگێریدا ھەبێت، بۆ نمونە لەساڵی ٢٠١٦ حکومەتی ھەرێم پەنای بردە بەر دەرکردنی بڕیاری پەیرەوکردنی سیستەمی پاشەکەوتکردنی مووچە بەبێ ئەوەی مافی دەرکردنی ئەم جۆرە بڕیارەی ھەبێت،  ھەروەھا وەزارەتی خۆیندنی باڵاوتویژینەوەی زانستی رێنمای تایبەت بەپێدانی نازناوی زانستی دەرکرد کە تیایدا مەرجی ئاستی زمانی زیاد کرد بۆ پێدانی نازناوی زانستی بەبێ  ئەوەی لەیاسای وەزارەتی خۆیندنی باڵادا ئاماژەی پێ کرابێت، ھەر ھەمان وەزارەت پاکتاویی دارایی کرد لەگەڵ خۆێندکارانی تواناسازی لەسەر بنەمای رێنماییەک کەمەرجەکانی بوونی رێنمایی تێدانەبوو، تەنھا لەچوارچێوەی کۆنوسێک تێنەدەپەڕی کەلەلایەن لیژنەیەکەوە دەرکرابوو، ئەویش  بەبێ گوێدانە ئەوەی ڕێنمایی کاتێک جێبەجێ دەبێت کەبڵاوبکرێتەوە لەرۆژنامەی فەرمی ئەم بڕیارانە بوو بەھۆی ماف خورانی ھەزاران کەس لەھەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر ودکتۆرا، بۆیە ئەم بڕیارانە وچەندین نمونەی تر ھاوشێوەی ئەم بڕیارانە دەبێتە ھۆی ناسەقامگیری باردۆخی ھاوڵاتیان ودەست درێژی کردنەسەر مافی بەدەست ھاتووی ھاوڵاتیان کەپێچەوانەیە لەگەڵ بنەماکانی یاسایی کارگێڕی، بۆیە بەباشمان زانی بەمەبەستی چاوڕۆشنی زیاتری خۆینەر بەرامبەر ئەو بڕیارە ناڕەوایانەی کەلەدام ودەزگا ئیدارییەکان دەردەچێت بەکورتی تیشک بخەینە سەر بڕیاری کارگێڕی وڕوونکردنەوەی بنەماکانی و ڕەگەزەکانی ڕاست ودروستی بڕیاری کارگێری وئەمەش لەدوو تەوەردا: 

 

تەوەرەی یەکەم: پێناسەی بڕیاری کارگێری

 

یاسادانەر لەعێراق وھەرێمی کوردستان دەستی نەبردووە بۆ دانانی پێناسەیەکی تایبەت بەبریاڕی کارگێری بەڵکو ئەم کارەی بەجێ ھێشتووە بۆ فیقھـ ودادگا، فەقیھەکانی یاسای کارگێڕی  لەپێناسەکردنی بڕیاری کارگێریدا بەجۆرێک لەجۆرەکان خەریکە دەگەنە ڕێککەوتن بەوەی  کەبڕیاری کارگێڕی پێناسەبکەن بە"دەربڕینی لایەنی کارگێڕی لەویستی تاک لایەنەی خۆی بەمەبەستی بەدیھێنانی جێکەوتێکی یاسایی دیاریکراو جا بەدروستکردنی یان بەھەموارکردنی یان بەھەڵوھشاندنەوە".

 

تەوەرەی دووەم: ڕەگەزەکانی بڕیاری کارگێری

 

لێکۆڵینەوە لەبڕیاری کارگێڕی دەریخستوە کەئەم جۆرە بڕیارانە لەکۆمەڵیک ڕەگەز پێکھاتووە، ھەندێکیان پەیوەندیدارن بەبوونی بڕیاری کارگێڕی کەبەبێ بوونی ئەو ڕەگەزانە بڕیاری کارگێڕی دروست نابێت، هەروەها ھەندێکیان پەیوەندیدارن بەڕاست ودروستی بریاری کارگێڕی.

 

 

 

یەکەم :  ڕەگەزەکانی بوونی بڕیاری کارگێڕی 

 

بەگشتی فەقیھەکانی یاسای کارگێڕی ئاماژەدەکەن بەوەی دروست بوونی بڕیاری کارگێری بەندە بەوەی لەلایەنی دەسەڵاتی کارگێڕییەوە دەرچووبێت هەروەها گوزارشتبێت لەوویستی تاک لایەنەی یەکەی کارگێڕی ولێکەوتەی یاسایی لێبکەوێتەوە جا بەدروست کردنی لێکەوتەی یاسایی یان بەھەموارکردنی یان بەپوچەڵکردنەوەی:

 

١ - دەرچوونی بڕیاری کارگێری لەلایەن یەکەی کارگێڕییەوە وەکو دەسەڵاتێکى کارگێڕی نیشتیمانی.


پێوسیتە بڕیاری کارگێڕی لەلایەن دەسەڵاتی کارگێڕییەوە دەربچێت بەسیفەتی دەسەڵاتی کارگێڕی نیشتیمانی، جا لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندی بێت وەکو بڕیاری سەرۆک کۆمار وسەرۆکی  ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەکانیان، وەزیرەکان، یان لەلایەن یەکەی کارگێڕی لامەرکەزییەکانەوە دەرچوبێت وەکو پارێزگارەکان و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان وفەرمانگە جیاوازەکانی حکومەت.

 

کەواتە بریاڕی تاکەکانی کۆمەڵگا وبڕیاری حیزبەکان ھەروەھا ئەو بڕیارانەی کەلەلایەن  دەسەڵاتی دادوەری ودەسەڵاتی یاسادانەر دەردەچێت بەشێوەیەکی گشتی، ھەروەھا ئەو بڕیارانەی کەلەلایەن لایەنە بێگانەوە دەدرێت لەچوارچێوەی بڕیاری کارگێڕی دەردەچێت، ھەرچەندە پێشی بووترێت بڕیاڕ.

 

شایەنی باسە کەدەسەڵاتی جێبەجێکردن تەنھا ئەرکی وەزیفەی کارگێڕی بەجێ ناھێنێت، بەڵکو وەزیفەیەکی دیکە ھەیە کەپێی دەوترێت وەزیفەی حکومی دەسەڵاتی جێبەجێکردن (أعمال السیادة)، ئەمەش ئەو کارانە دەگرێتەوە کەدەسەڵاتی جێبەجێکردن پێی ھەڵدەستێت وپەیوەندیدارە بەدەسەڵاتی یاسادانان، یاخود ئەو کارانە دەگرێتەوە کەپەیوەندیدارە بەھەڵویستی دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە بەرامبەر وڵاتانی بێگانە لەکاتی ئاشتی و شەڕدا، هەروەها ھەموو ئەو کارانە ناتوانرێت تانەی لێبدرێت لەبەردەم دادگا.

 

٢ – دەبێت بڕیاری کارگێڕی بەویستی تاک لایەنەی یەکە کارگێڕییەکان دەربچێت.


بڕیاری کارگێری کاتێک دروست دەبێت کەگوزارشت بکات لەویستی تاک لایەنەی یەکە کارگێڕییەکان، ئەمەش بڕیاری کارگێڕی جیادەکاتە لەگرێبەستی کارگێری کە بەیەکگرتنی دوو ویست دروست دەبێت.

 

٣ - دەبێت بڕیاری کارگێری جێگەوتێکی یاسایی دیاریکراو بەدی بھێنێت.


بریاری کارگێری کاتێک دروست دەبێت کەجێگەوتێکی یاسایی دیاریکراو بەدی بھێنێت، جا بەدروستکردنی بێت، یان بەھەموارکردنی مەرکەزێکی یاسایی کەپێشتر ھەبووە، یان بەھەڵوەشاندنەوەی مەرکەزێکی یاسایی بێت،  کەواتە ئەگەر جێگەوتی یاسایی بەدی نەھێنا، ئەوە تەنھا کاریکی مادییە کەئیدارە پێی ھەستاوە، لەوکاتەدا وەسفی بڕیاری کارگێری وەرناگرێت، هەروەها لەم کاتەدا ناتوانرێت تانەی لێبدرێت لەبەردەم دادگا بەمەبەستی ھەڵوەشاندنەوەی .

 

بۆیە وەڵامدانەوەی ئیدارە بۆ پرسیاری ھاوڵاتیان، ھەروەھا ئەو کارانەی ئیدارە کەنییەتی ئیدارە دەریدەخات کەدەیەوێت کاریکی دیاریکراو بکات، ھەروەھا ئەو کارانەی کەپێیان دەوترێت کاری ئامادەکاری کەئیدارە پێش دەرچوونی بڕیاری کارگێڕی دەیگرێتەبەر، بە بڕیاری کارگێڕی دانانرێت. لەکاتی بوونی سەرجەم بنەماکانی سەرەوە بریاری کارگێری دروست دەبێت، هەروەها شایەنی جێبەجێکردنی ڕاستەوخۆیە ھەروەھا شایەنی تانەلێدانە لەبەردەم دادگای کارگێڕی.

 

دووەم : ڕەگەزەکانی ڕاستی ودروستی بڕیاری کارگێری.

 

ڕاستی ودروستی بڕیاری کارگێری لەسەر ڕاستی ودروستی ڕەگەزەکانی بڕیاری کارگێڕی بەندە، کەفەقیھەکانی یاسای کارگێری ودادگا ئیدارییەکان ئاماژەیان پێ کردوون،  کەئەوانیش ڕەگەزەکانی تایبەتمەندێتی، وشکلی،  وھۆکاری بڕیار،  وناوەڕۆکی بڕیار، وئامانجی بڕیار دەگرێتەوە.

 

١- ڕەگەزی تایبەتمەندێتی.


بڕیاری کارگێڕی کاتێک دروستە کەلەلایەنی تایبەتمەند یان کەسی تایەبەتمەند بەو بڕیارەوە دەرچووبێت، تایبەتمەندێتی دیاری دەکرێت بەڕەگەزی کەسی، بابەتی، ڕەگەزی کات وشوێن، بۆیە پێویستە بڕیاری کارگێڕی لەلایەن کەسی دیاریکراوەوە دەربچێت، ھەروەھا  لەڕووی بابەتییەوە دەبێت لەسەر ئەو بابەتانەبێت کەدەکەوێتە ناو تایبەتمەندی دەرکەری بڕیار، کەواتە بۆ ئەوەی بڕیاری کارگێری ڕاست ودروست بێت دەبێت دەسەڵاتە ئیدارییە جیاوازەکان ڕێز لەدەسەڵاتی یەکتربگرن، بۆ نمونە وەزێرێک نابێت بڕیارێک دەربکات کەدەکەوێتە ناو تایبەتمەندێتی وەزێرێکی دیکە، یان دەسەڵاتی ناوەند بڕیارێک دەربکات کەدەکەوێتە ناو تایبەتمەندێتی دەسەڵاتی یەکە ئیداریە لامەرکەزییەکان هەروەها بەپێچەوانەشەوە، لەڕووی ھەرەمی یەکەکارگێڕییەکانەوە نابیت دەسەڵاتی خوارەوە بڕیارێک دەربکات کەتایبەتمەندی دەسەڵاتی سەروو خۆیەتی هەروەها بەپێچەوانەشەوە.

 

 سەبارەت بەڕەگەزی کات دەسەڵاتی کەسێک کەوەزیفەی گشتی دەبات بەڕێوە لەدەرکردنی بڕیاری کارگێری پابەندە بەکاتێکی دیاریکراوەوە، دەرکردنی بڕیاری کارگێڕی لەدەرەوەی ئەو کاتە، بەبڕیارێکی نادروست دادەنرێت وشایەنی ھەڵوەشاندنەوەیە، بۆ نمونە فەرمانبەرێک لەدوای دەرچوونی فەرمانی خانەنشین بوونی بڕیاری کارگێڕی دەربکات، یان کەسێک پالێوراوە بۆ وەزیفەی بەڕێوەبەری گشتی پێش وەرگرتنی ئەو پۆستە بڕیاری کارگێڕی دەربکات.

 

کۆتا ڕەگەز لەدیاریکردنی تایبەتمەندێتی ڕەگەزی شوێنە پێویستە دەرکەری بڕیار پابەندبێت بەو چوارچێوە جوگرافییەی بۆی دیاریکراوە، بۆ نمونە پاریزگاری سلێمانی تەنیا دەتوانێت بڕیار دەربکات لەچوارچێوەی پارێزگاکەی خۆی، ئەگەر سنوری پارێزگاکەی تێپەڕاند بۆ سنوری دەسەڵاتی پارێزگایەکی دیکە ئەو کاتە بەبڕیارێکی نادروست دادەنرێت وشایەنی تانەلێدانە بەھەڵوەشاندنەوە لەبەردەم دادگای کارگێری.

 

کەواتە بریاری کارگێڕی ئەگەر لەڕەگەزەکانی تایبەتمەندی پێچەوانەی یاسابوو ئەوکات بریاری کارگێڕی نادروستە، شایەنی ئاماژە پێکردنە کە فەقیھەکانی بواری کارگێڕی ودادگای ئیداری، دەرچوونی بڕیار لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە لەسەر بابەتێک کەڕێکخستنی ئەو بابەتە لەتایبەتمەندێتی دەسەڵاتی یاسادانانە، یان لەدەسەڵاتی دادوەریدایە، بەتانەی تایبەتمەندی توندی دادەنێن یاخود پێی دوترێت تانەی دەست بەسەرداگرتنی دەسەڵات، بۆ نمونە، دانان ودەستکاری کردنی سیستەمی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت دەکەوێتە ناو تایبەتمەندی دەسەڵاتی فیدراڵی بەپێی ماددەی(١٠٧) لەدەستوری عێراق، بۆیە بڕیاری ژمارە (٦٤) لەمانگی سێ ی ساڵی٢٠١٦ تایبەت بەپەیرەوکردنی سیستەمی پاشەکەوتکردنی ڕێژەیەک لەشایستە داراییەکانی مووچەخۆران بڕیارێکی تانەلێدراوە، وبە تانەی دەست بەسەرداگرتنی دەسەڵات لەدیدی ئێمەوە دەخوێندرێتەوە.

 

لەدەرئەنجامی ڕەگەزی تایبەتمەندی، بنەمایەکی یاسایی دروست بوو ئەویش بنەمای نەگەڕانەوەی جێکەوتەی بڕیاری کارگێرییە بۆ پێش دەرچوونی کاتی بڕیارەکە، بەشێوەیەکی گشتی - عدم رجعیة القرارات الاداریة الی الماضی -  کاتێک بڕیارێکی کارگێڕی دەردەچێت وئاسەواری بۆ پێش خۆی ھەبێت، ئەوکاتە ئەو بڕیارە شایەنی ھەڵوەشاندنەوەیە لەبەردەم دادگای کارگێڕی، بۆنمونە، لەساڵی ٢٠١١ حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریکی دەرکرد بەژمارە(٤٨٣٠) لە مانگی پێنجی ساڵی ٢٠١١ تایبەت  بەھەڵوەشاندنەوەی فەرمانی دامەزراندنی ھەموو ئەو کەسانەی کە لەبەرواری ٢٠١١/١/١ وە دامەزرابوون، کەسێک لەو فەرمانبەرانەی کەبڕیاری دامەزراندی ھەڵوەشابوویەوە پەنای بردە بەر دەستەی بەرزفتەکاری فەرمانبەرانی ھەرێم تانەی دا لەوبڕیارە، لەئەنجامدا دەستەی ناوبراو بڕیاریدا لەبەرژەوەندی داواکار ودواتر دەستەی گشتی لەئەنجومەنی شورا ڕایگەیاند"لەبەر ئەوەی بڕیاری دامەزراندن بڕیارێکی ڕاست ودروست بوە لەبەر ئەوە کەسی دامەزراو مافێکی بەدەست ھێناوە پێویستە لەسەر ئیدارە ڕێزی لێبگرێت وھەڵینەوەشێنێتەوە، ھەروەھا بڕیاری کارگیڕی ئاساری بۆ پێش خۆی نابێت بەمەبەستی پاراستی مافی بەدەست ھاتوو، ھەروەھا جێگیری بوونی بارودوخی ھاوڵاتیان".

 

٢ - ڕەگەزی شکلی بڕیار

لەبنەڕەتدا ئیدارە پابەند نییە بەدەرکردنی بریاری کارگێڕی بەشیوەیەکی دیاریکراو، بۆیە ئیدارە دەتوانێ بڕیاڕی کارگێری دەربکات بەشێوەی نوسراو یاخود بەشێوەی زارەکی  بەڵام لەوکاتانەی کەئیدارە پابەندە بەشێوازیکی دیاریکراو ئەوکاتە ڕاست ودروستی ئەو بڕیارە دەکەوێتە سەر پابەندبوون بەو شێوازە، بۆنمونە، ھەندێک جار ئیدارە پابەندکراوە بەوەی ھۆکاری بڕیاڕەکە لەناوەڕۆکی بڕیارەکە بنوسێت، یاخود بیروڕای لایەنێکی دیاریکراوە، یاخود شارەزایەک وەربگرێت پێش دەرچوونی بریارەکە، ئەگەر ھاتوو ئیدارە لەدەرکردنی بڕیارەکە پابەند نەبوو بەو ڕێوشوێنانەی بۆی دیاریکراوە ئەوکاتە دەبێت بەبڕیاریکی کارگیڕی نادروست وشایەنی  ھەڵوەشاندنەوەیە لەبەردەم دادگای کارگێڕی.

 

٣  - ڕەگەزی ھۆکاری بڕیار


بۆ ئەوەی بڕیاری کارگێڕی ڕاست ودروست بێت دەبێت لەڕووی ھۆکاری بڕیارەکەوە ڕاست ودروست بێت، ھۆکاری بڕیار ئەو حاڵەتە واقعی ویاسایانەیە کەپێش دەرچوونی بڕیار وجودیان ھەیە وپاڵ بەئیدارەوە دەنێن بۆ دەرکردنی بڕیار، بۆنمونە پێشکەشکردنی داواکاری فەرمانبەرێک بۆ خانەنشین بوون، ھۆکاری ئەو بڕیارەیە کەئیدارە دەریدەکات بەخانەنشینکردنی کەسێک، یان پشێوی وتێکچوونی باری ئەمنی لەناوچەیەک، ھۆکارە بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارەی کەئیدارە دەیدات بۆ پاراستنی ئاسایش وئارامی. بۆ ڕاستی ودروستی ھۆکاری بڕیار مەرجە ھۆکاری بڕیار وجودی ھەبێت پیش دەرچوونی بڕیار، بەردەوام بێت تاکاتی دەرچوونی بڕیارەکە، ھەروەھا ھۆکارێکی یاسایی بێت.

 

٤ – ڕەگەزی ناوەڕۆکی بڕیار


ھەموو بڕیاریکی کارگێری بەسروشتی خۆی ناوەڕۆکی خۆی ھەیە، بۆ نمونە، ڕێنمایی ھاتووچۆ ناوەڕوکەکەی بریتییە لەڕێکخستنی ھاتووچۆ بەشێوەیەکی دیاریکراو، بۆ ئەوەی بڕیاری کارگێڕی ڕاست ودروست بێت دەبێت ناوەڕۆکی بڕیاریش پێچەوانەی یاسانەبێت، زۆر جار کەناوەڕۆکی بڕیار پێچەوانەی یاسا دەبێت دەگەڕێتەوە بۆ: نەزانینی ئیدارە بەبڕگەیەکی یاسایی دیاریکراو، یان بێ ئاگابوون لەگۆڕانکاری لەیاسادا، یان ھەڵەکردن لەلێکدانەوەی بڕگەیەکی یاسا. بۆیە پێمان وایە ڕێنمای وەزارەتی خۆیندنی باڵا تایبەت بەزیاد کردنی مەرجی زمان بۆ نازناوی زانستی بریارێکی عەیبدارە بەعەیبی ناوەڕۆکی بریار، لەبەرئەوەی لەیاسای وەزارەتی خۆیندنی باڵاوتوێژنەوەی زانستی ژمارە(١٠)  ساڵی ٢٠٠٨ بەھیچ جۆرێکی پێدانی نازناوی زانستی گرێ نەداوە بەبوونی ئاستێکی دیاریکراو لەزماندا.

 


٥  - ڕەگەزی ئامانج


بۆ ئەوەی بڕیاری کارگێڕی ڕاست ودروست بێت دەبێت ئامانجی بڕیارەکە بەرژەوەندی گشتی بەدی بھێنێت، کەواتە ئەگەر بڕیارى کارگێڕی بەئامانجی بەدیھێنای بەرژەوەندی تایبەت وبەدیھێنانی بەرژەوەندی حیزبی یان بەمەبەستی تۆڵەکردنەوەبێت، ئەو کاتە بڕیارەکە عەیبدارە بەعەیبی خراپ بەکارھێنای دەسەڵات وشایەنی ھەڵوەشاندنەوەیە بەتانە لێدان لەبەردەم دادگای کارگێڕی لەماوەی یاسایی خۆیدا، نمونەی ئەم جۆرە بڕیارانەش زۆرە لەھەرێمی کوردستان بۆ نمونە، لەدام ودەزگا جیاوازەکانی حکومەتی ھەرێم بریاڕدرا بەدوورخستنەوەی ژمارەیەکی بەرچاوی ھەڵسوڕاو ولایەنگرەکانی یەکێک لەحیزبە تازە دروستبووەکان کەئۆپۆزیسیۆنی حکومەت بوون بەئامانجی ترساندنیان وساردکردنەوەیان، ھەروەھا وەزارەتی دارایی لەکاتی خۆپیشاندانەکانی فەرمانبەران دژی پاشەکەوتکردنی مووچە بڕیاریدا بەگواستنەوەی ژمارەیەک لەفەرمانبەران لەپارێزگای سلێمانی بۆ پارێزگای دھۆک وەکو تۆڵەکردنەوە لەو فەرمانبەرانە.

 

لەکۆتایدا بەپوختی ئەوەی ویستمان لەم توێژینەوە کورتەدا بیگەیەنین ئەوەیە کەدەبێت دەرکەری بریار لەسەرجەم دام ودەزگا حکومییەکان لەکاتی دەرکردنی بڕیاری کارگێڕی پابەندبن بەسەرجەم بنەماکانی ڕاست ودروستی بڕیاری کارگێڕی، هەروەها کەسانی پەیوندیدار بەبڕیاری کارگێڕی لەکاتێکدا ھەستی بەبوونی بڕیاریکی نادروست کرد لەڕووی سەرجەم ڕەگەزەکانی ڕاست ودروستی دەبێت بەزووترین کات پەنا بباتە بەردەم دادگای کارگێڕی بەمەبەستی ھەڵوەشاندنەوە، ئەویش لەماوی یاسایی خۆیدا کەبەپێی یاسای ئەنجومەنی شورای ھەرێم مەرجە پێش ئەوەی تانە لەبڕیاری کارگێڕ بدرێت لەبەردەم دادگای کارگێری پەڵپی لێبگێرێت لەبەردەم لایەنی دەرکەری بڕیاری بەمەبەستی چاوخشاندنەوە بەبڕیاری کارگێری، دەبێت لایەنی دەرکەری بڕیار لەماوەی ١٥ ڕۆژدا وەڵامی بداتەوە، لەکاتی  ڕەدکردنەوەی ئەو پەڵپەی کەگیراوە یان تێپەربوونی ١٥ رۆژ  بەسەر وەڵام نەدانەوەی ئەو کاتە دەبێت لەماوەی ٣٠ ڕۆژ تانەی لێبدرێت لەبەردەم دادگا، بە تێپەڕبوونی ئەو کاتە تانەلێدەر مافی دەفەوتێت لەتانەدان وبڕیاری کارگێڕی نادروست حوکمی بڕیاری کارگێڕ دروست وەردەگرێت.

 

سەرچاوەکان :

1-  د.ماجد راغب الحلو : القرارات الاداریة، دار الجامعة الجدیدة، ٢٠٠٩.

2-  د.عبدالغنی بسیونی عبد اللە، نظریة العامة فی القانون الإداری، نشرة المعارف، الاسکندریة

3-  د.سامی جمال الدین ، نظریة العمل الاداری، دار الجامعة الجدیدة، ٢٠١١.

4-  د. محمد فۆاد عبد الباسط،، القانون الإداری، دار الجامعة الجدیدة، الإسکندریة

5-  المبادئ القانونیة فی قرارات وفتاوی مجلس شوری إقلیم کوردستان – العراق لعام٢٠١١، منشورات مجلس شوری اقلیم کوردستان – العراق، دون دار نشر،الطبعة الاولی،٢٠١٢

 



ئه‌م بابه‌ته 1832 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر