ئیتاڵیا

ئابوری ئیتاڵیا پشتی تەواوی بە پیشەسازی بەستووە، چونکە ئێستا تەنها 10٪ی ژمارەی دانیشتوان سەرقاڵی کشتوکاڵین بەڵام کێشەی سەرەکی ئیتاڵیا لە دابەش کردنی سامانەکانیەتی لە نێوان باکوری دەوڵەمەند و باشوری هەژاردا، لە لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگای سەنتەری ئاماری ئیتاڵیا ئاشکرا بووە کە نزیکەی هەشت ملیۆن ئیتاڵی واتا 14٪ی کۆی دانیشتوان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و ئەمانەش لە خەڵکەکانی باشوری ئەو وڵاتەن.
AM:01:07:12/02/2021
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا-دەوڵەتەکان
ئیتاڵیا کە وشەیەکە ڕۆمانە کۆنەکان ناویان لێناوە و ماناکەشی بە: ڕانەوڵاخ دێت.

هۆشیار جەمال
نوسەر و توێژەر


ناوی باو: ئیتاڵیا

ناوی فەرمی: کۆماری ئیتاڵیا

ناوی فەڕمی ئینگلیزی:Italian Republic

ئەنجومەنی یاسا دانان: لە دوو ئەنجومەن پێک دێت:-

ئەنجومەنی پیران (325) ئەندام

ئەنجومەنی نوێنەران (630) ئەندام

ڕووبەر: 116,324میل دووجا،177,301کم2

ژمارەی دانیشتوان: 60,507,733 لە ساڵی (2019)

کۆمەڵە نەژادییەکانی ئەو وڵاتە: ئیتاڵی، ئەڵمان، فەڕەنسی، سلۆڤان.

ئاین: زۆرینەی هاونیشتمانیانی ئیتاڵیا مەسیحن (ڕۆمان کاسۆلیک) بەڵام ئاینەکانی تری وەک (ئیسلام، بوزی، هندۆس، یەهودی) بە ڕێژەیەکی کەم بوونیان هەیە.

زمان: ئیتاڵی

پایتەخت: ڕۆما

شارە سەرەکییەکان: میلانۆ، ناپۆلی، تۆرینتۆ، بالیرمۆ، فلۆرەنسا، ڤینیسیا (بوندوقیە)

دراو: لیرەی ئیتاڵی، یۆرۆ لە 2002/1/1 وە تاوەکو ئێستا.

ئاو و هەوا: لە ناوەڕاست و باشوری وڵات: زستانی مام ناوەند و پلەکانی گەرما لە ڕۆژدا 12 پلەی سەدی، هاوینی گەرمە و پلەکانی گەرما دەگاتە 30 پلەی سەدی. 
باکوری وڵات زستانی ساردە و نێوەندی پلەکانی گەرما دەچێتە 5 پلەی سەدی، ڕێژەی شێ گونجاوە بە درێژایی ساڵ. 

باشوری ئیتاڵیا: زستان باران دەبارێت و هاوینی وشک و بەفر لەسەر شاخەکان بە ڕێژەیەکی زۆر دەبارێت.

بەرهەمە کشتوکاڵییەکان: گەنم، گەنمەشامی، ترشەڵۆکییەکان، مێو، زەیتون، تووتن، بەخێوکردنی گوێرەکە، راوە ماسی.

بەرهەمە پیشەسازییەکان: دروستکردنی ئاسن و پۆڵا، دروست کراوەکانی خووری، پۆشاک، پێڵاو، کەلوپەلی ناوماڵ، ئوتۆمبێل، دروست کراوە کیمیاییەکان.

سامانی کانزایی: زنک، ئاسنی خاو، مەنگەنیز، قورقوشم، گۆگرد، بۆکسیت، نەوت، خەڵووزی بەردین، بۆرەک و گەچ، بۆرۆن، لیگنیت.

ناوی ئیتاڵیا

ئیتاڵیا کە وشەیەکە ڕۆمانە کۆنەکان ناویان لێناوە و ماناکەشی بە: ڕانەوڵاخ دێت، وڵاتێکە دەکەوێتە باشوری ئەوروپا، نەخشەکەی لە شێوەی پێڵاوێک بە درێژای 800  کم لەناو دەریای سپی ناوەڕاستدا.

شوێنی جوگرافی ئیتاڵیا

هەریەک لە فەڕەنسا و سویسرا و نەمسا و سلۆڤینیا دەکەونە باکوری، دەریای ئەدریاتیکی دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست لە باشوری دەریای تیرانی دەکەوێتە ڕۆژئاوای و دوای ئەو هەردوو دورگەی سقڵیە و سردینیای لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست و دەریای تیرانی. یەکبڕی هێڵی درێژی 13 بەرەو ڕۆژهەڵات لەگەڵ هێڵی پانی 43 بەرەو باکوور بە ناوەڕاستیدا تێدەپەڕێ.

چیاکانی ئەلب سنووری باکوری و باکوری ڕۆژئاوای ئیتاڵیا یان پێک هێناوە. ئەو شاخانەش بەرەو دەشتی بۆ لێژ دەبنەوە، دەشتی بۆ دەشتی سەرەکی ئەو وڵاتەیە، زنجیرە چیای ئەبناین ناوەڕاستی نیمچە دوورگەی ئیتاڵیا یان پێک هێناوە و دەشتەکانیش دەکەونە درێژایی کەنارەکان. تەختی دورگەکانی سقڵیە و سردینیا بریتییە لە کۆمەڵە شاخێک و دەشتەکانیش چواردەوریان گرتووە و بە ناوچەی بوومەلەرزە و گڕکانی دادەنرێت( گرکانی ئێنتا و گرکانی ڤیزۆڤ لەو ناوچەیەدا چالاکن).

سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی

لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا؛ ئیتاڵیا گەیشتە ئەو پەڕی گەشەکردنی و پێشکەوتن و بەشێکی زۆری لە چواردەوری دەریای سپی ناوەڕاستدا گرتەوە و شارستانێتێکی مەزنی لەو ناوچانە بەئەنجام گەیاند ئێستاش ئاسەوارێکی زۆری لەو ناوچانەدا ماون. ئاینی مەسیحی زۆر بە خێرایی لەو ناوچەیەدا بڵاو بۆوە و هێندە نەخایاند ڕۆما بووە پایتەختی پاپای. لە سەدەی نۆیەمدا عەرەبەکان ئایینی ئیسلامیان گەیاندە سقڵیە و بەشەکانی باشووری ئیتاڵیا. لە سەردەمی راپەڕیندا لە سەردەمەکانی ناوەڕاستدا، زانست و هونەر و وێژە لە زۆربەی شارەکانی ئیتاڵیا دا گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینی. لە ساڵی 1796دا "ناپلیۆن پۆناپێرت" باکوری ئیتاڵیای داگیرکرد و لە ساڵی 1804دا خۆی بە شای ئیتاڵیا ڕاگەیاند.

پاش ئەوەی ئیتاڵیا بووە چەند ئیمارەت و دۆقێیەک و چەند شارێکی لێک جیا، ڤیکتۆر ئەمانۆئێلی دووەم لەساڵی 1871دا تەواویانی کردەوە بە یەک و بووە شای وڵات. پاش دە ساڵ لەو بەروارە رۆما بووە پایتەخت ئیتاڵیای یەکگرتوو.

ئیتاڵیا و جەنگ

ئیتاڵیا لە جەنگی جیهانی یەکەمدا چووە پاڵ وڵاتانی هاوپەیمان و دوایی کەوتە ژێر دەسەڵاتی فاشیستی بە سەرۆکایەتی مۆسۆلینی لە ساڵی1922. جەنگی جیهانی دووەم، چووە پاڵ ئەڵمانیای نازی و لە دژی هاوپەیمانان شەڕی ڕاگەیاند بەڵام بە تێکشکاوی دەرکرایە دەرەوە.

کۆماری ئیتاڵیا

لە بەرواری 1946/6/2دا لە هەڵبژاردنێکی گشتی ئیتاڵیەکان دەنگیان بە کۆماری کردنی ئیتاڵیادا و ساڵانە لەو ڕۆژەدا جەژنی نیشتمانی دەگێڕن.

لە بەرواری 1946/6/13دا بە فەڕمی کۆماری ئیتاڵیا دامەزرا و لە بەرواری 1947/12/27دا دەستووری نوێی کۆمار ڕاگەیەنرا. ئەمە دوای ئەوەی خێزانی پادشایی کە زیاد لە 21 ساڵ پەیڕەوی سیاسەتی فاشیستی بینیتۆ مۆسۆلینی دەکرد لە وڵات دەرکران. لە ساڵی 1949دا ئیتاڵیا پەیوەندی کرد بە هاوپەیمانێتی باکوری ئەتڵەسی و لە ساڵی 1955دا بۆتە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان. لەم ساڵانەی دواییدا چەند بزووتنەوەیەک سەریان هەڵدا و یەکگرتووی باکوری لێمباردی سەرۆکایەتیان دەکات و داوای جیابوونەوەی باشوری ئیتاڵی لە باکوری دەکەن. 

بەڵام دەسەڵاتدارە فەرمیەکانی ئیتاڵیا بەوە وەڵامیان دەداتەوە کە هەرێم خاوەنی دەسەڵاتێکە ئیدارەی ئۆتۆنۆمی بۆ مسۆگەر کراوە، بەڵام لە سنوورێکی دیاری کراود، ئەمە جگە لەوەی کە دەزگا دەسەڵاتدارەکانی ئیتاڵیا هەمیشە باسی پارێزگاری لە یەکێتی خاکی وڵات دەهێنەوە ئارا.

لە 1999/5/15وەزیری دارایی ئیتاڵی کارلۆ ئێزیلۆ تشامبی (79ساڵ) لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی سەرکەوتنی بە دەست هێنا و بووە دەیەمین سەرۆکی ئیتاڵی دوای ئەوەی ئیتاڵیا بە کۆماری ئیتاڵیا راگەیەنرا لە 1947دا و ڕزگاربوونی لە چنگی ڕژێمی فاشیستی. تشامبی سەرۆکی دوای ئۆسکار لویجی سکالفارۆیە کە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لە 1999/5/13دا کۆتایی پێهات.

شایەنی باسە سەرۆکی ئیتاڵیا ماف و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هیچ یاسایەکی نییە، ئەوە نەبێ لە دوای تەواو بوونی ماوەی پۆستی سەرۆکایەتی دەبێتە خاوەنی کورسییەکی هەتا هەتایی لەنێو ئەنجومەنی پیرانی ئیتاڵی، دەسەڵاتی فیعلی بە دەست خودی سەرۆک وەزیرانە.

ئابووری ئیتاڵیا

ئابوری ئیتاڵیا پشتی تەواوی بە پیشەسازی بەستووە، چونکە ئێستا تەنها 10٪ی ژمارەی دانیشتوان سەرقاڵی کشتوکاڵین بەڵام کێشەی سەرەکی ئیتاڵیا لە دابەش کردنی سامانەکانیەتی لە نێوان باکوری دەوڵەمەند و باشوری هەژاردا، لە لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگای سەنتەری ئاماری ئیتاڵیا ئاشکرا بووە کە نزیکەی هەشت ملیۆن ئیتاڵی واتا 14٪ی کۆی دانیشتوان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و ئەمانەش لە خەڵکەکانی باشوری ئەو وڵاتەن. هەروەها لە ئامارێکی دیکەشدا ئاشکرا کراوە کە ڕێژەی ژمارەی دانیشتوانی ئیتاڵیا بەرەو کەم بوون دەڕوات لەبەر نەویستنی مناڵ خستنەوە و خێزان پێکەوەنان. ئیتاڵیا پشتێکی زۆری بە بێگانەکان بەستووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەی لە هێزی کاردا هەیەتی.

سرودی نیشتمانی ئیتاڵیا:  برایەتی ئیتاڵی

تێکڕای داهاتی نەتەوەیی:1101 ملیار دۆلاری ئەمریکی

نێوەندی خەرجی ساڵانەی تاک: 19,270دۆلاری ئەمریکی

پاش نیو سەدە لە ژیانی تاراوگە لە سویسرا، خێزانی پادشایی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ ئیتاڵیا ئامادە دەکەن. ئەمە پاش ئەو هەنگاوانەی حکومەتی ئیتاڵی نای لە 2001 دا بۆ پاشگەز بوونەوە لەو بەندە دەستوورییەی کە ڕێ لە گەڕانەوەی ئەندامانی خێزانی: هاوس ئۆف ساڤۆی یان (نێرینەکانی خێزانی ساڤۆی) بۆ خاکی نیشتیمان. گەڕانەوەیان مەرجی داواکردنەوەی خاوەندارییەکانیان و خۆ هەڵنەقورتاندنیان لە کاروباری سیاسی ئەو وڵاتەی لە خۆگرتبوو.

لە ساڵی 2001 دا حکومەتی ئیتاڵی ڕاگەیاند کە سێ ساڵی دیکە دەست دەکات بە سازدانی پردێکی گەورە لە نێوان دورگەی سقڵیە و باشوری ئیتاڵیا لەڕێی تەنگەی میسیناوە.

لە 2001/10/7 دا لە ئیتاڵیا هەڵبژاردنێکی گەورە بەڕێوە چوو بۆ ڕاستکردنەوەی بەندەکانی دەستوور لە پێناوی بەخشینی ئۆتۆنۆمییەکی بەرفراوان بەو بیست ناوچەیەی ئیتاڵیا و تەرخان کردنی داراییەکی گەورەتر لەوەی بۆی تەرخان کرابوو. ئەمەش یەکەم هەڵبژاردن بوو لە ئیتاڵیادا بەڕێوە بچێ لە پێناوی گۆڕینی دەستوور.


سەرچاوە

کتێب
١/ ئینسایکلۆپیدیای جوگرافیای جیهانی، نووسینی نیبک تللو، وەرگێرانی سەفین لاوچاک، چاپی یەکەم، چاپخانەی چوارچرا، سلێمانی، ساڵی چاپ 2015.

ئینتەرنێت
https://mawdoo3.com/%D9%83%D9%85_%D8%B9%D8%AF%D8%AF_%D8%B3%D9%83%D8%A7%D9%86_%D8%A5%D9%8A%D8%B7%D8%A7%D9%84%D9%8A%D8%A7



ئه‌م بابه‌ته 910 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر