هەژاری لە ئێراقدا

هەژاری؛ ئەودەردەی لەژێر سێبەری سیستەمە ئابورییە جۆربەجۆرەکان بێدەرمان بووە، زۆرجار پرسیارێک لامان دروستدەبێت کە ئایا هەژاری هۆکارەکەی دەگمەنی دەرامەتە ئابوورییەکانە؟ یان بەڕێوبردنی دەرامەتە ئابوورییەکان؟
AM:12:16:12/02/2021
دۆسیە: شیکار
بەپێی سیستەمی چاودێریی برسیەتی سەر بە بەرنامەی خۆراکی جیهانی، نزیکەی 3 ملیۆن کەس لە "ئێراق" بە دەست نەبوونی خۆراکی پێویست دەناڵێنن، کە 731 هەزار ئاوارەش دەگرێتەوە.

دابان عبدالواحید حسن
ئابوریناس


هەژاری؛ ئەودەردەی لەژێر سێبەری سیستەمە ئابورییە جۆربەجۆرەکان بێدەرمان بووە، زۆرجار پرسیارێک لامان دروستدەبێت کە ئایا هەژاری هۆکارەکەی دەگمەنی دەرامەتە ئابوورییەکانە؟ یان بەڕێوبردنی دەرامەتە ئابوورییەکان؟ لێرەدا بە کورتی دەڵێم؛ دووهۆکاری سەرەکی هەیە بۆهەژاری وڵاتان:- 
      
یەکەم؛ دەگمەنی دەرامەتی ئابوری جۆراوجۆر لە وڵات، دووجۆرە:-

1- کورتخایەن: لەکاتی ڕوودانی کارەساتی سروشتی وەک؛ لافاو و، بورکان و، ووشکە ساڵی...هتد دروستدەبێت.

2- درێژخایەن: ئەمیش دووهۆکاری یسەرەکی هەیە:- 

بەهۆی دابەشبوونی جوگرافی دەرامەتە ئابورییەکان.

بەهۆی ناسەقامگیری باری سیاسی وشەڕی ناوخۆ، کە ناتوانرێت سوود لەدەرامەتە ئابوورییەکان وەربگیرێ و زەوییە کشتوکاڵییەکان دەبنە قوربانی دووبەرەکی وەک هەندێک لەوڵاتانی "ئەفریقا".

دووەم؛ نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە وڵات، وەک زۆربەی ئەو وڵاتانەی هەژاری تێدا بەرچاوە، سەرەڕای هەبوونی دەرامەتی ئابوری وکەڵەکە بوونی سەرمایەکی زۆر و، بەشێک لە وڵاتان دەوڵەمەندن، کەچی گەلەکەیان هەژارە وەک هەندێک لەوڵاتە نەوتیەکان و وڵاتە سەرمایەدارەکان، لەسەرووی هەمویانەوە "ویلاتە یه‌کگرتووەکانی ئەمریکا" کە زیاتر لە %20  بە دەست هەژارییەوە دەناڵێنن، لەکاتێکدا زۆرترین سەرمایەی جیهان لەو وڵاتەیە و تەنها کۆمپانیای "جەنەڕاڵ مۆتۆرز" بەقەد چەندین وڵاتی ئەفریقی سەرمایەی هەیە.

"مێژووی هەژاری"

هەژاری؛ بەڵایەکی گەورە و کۆنە یەخەی مرۆڤایەتی گرتووە، هەژاری؛ لەهەمووکات و شوێنەکاندا هەبووە (بەهەڵاوێرکردنی چەند کاتێکی کورت و چەند شوێنێکی سنووردار) بەڵام هۆکارەکانی جیاوازن و، بەگۆرانی کات و شوێنەکان دەگۆرێ. لەکۆندا هۆکاری سەرەکی هەژاری ڕووداو و کارەسات و گۆرانکارییە سروشتییە جۆربە جۆرەکان بووە، هەندێکجاریش بەهۆی جەنگ و داگیرکاری و وێرانکاری بووە، بەڵام ئێستا سەرەڕای ئەو هۆکارانە، هۆکاری دیکەی جۆربەجۆر هەیە وەک؛ نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و، شکستی سیاسەتە ئابورییە گشتییەکانی وڵات و، گەندەڵی کاربەدەستانی حکومەت و، حوکمرانی ستەمکار و، شکستی دامەزراوە حکومی و،  نا-حکومییەکان..هتد، بەڵام لەهەموویان مەترسیدارتر سیاسەتی هەژاری سازییە. هەموو پیشەسازییەک ئامرازی خۆی هەیە، ئامرازەکانی هەژاری زۆرن وەک؛ نەخوێندەواری-نەزانی-تەماحکاری-هەلپەرستی-خۆشەویستی دەسەڵات وموڵکە، لە بەرپرسان و سەرمایە داران و ستەمکارو دیکتاتۆرەکان ئەم سیاسەتە پەیڕەو دەکەن بەمەبەستی ملکەچ پێکرنی گەلەکانیان. پێغەمبەر(دروودی خوای لەسەربێت) دەفەرمووێت (کاد الفقر ان یکون کفرا) واتە:- هەژاری نزیکە لەکوفر.  پێشەوا(عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب) دەفەرموێ؛ ئەگەر هەژاری مرۆڤ بووایە دەمکوشت. ئەم دوو وتەیە پێویستی بەشیکردنەوە نییە، چونکە دڵنیام سەرەڕای کوردی هەژار زیاتر لە سێ ملیار کەس لەم وتەیە بە باشی تێئەگەن، چونکە کەرامەت وگەورەیی مرۆڤ لەکەدار دەکات. "نیڵسۆن ماندێلا" سەرۆکی باشوری "ئەفریقا" لە کۆنگرەی زەوی-جوهانسبۆرگ دەڵێت (جیهانی ئەمڕۆ بووەتە دوورگەیەک بۆ دەڵەمەندەکان، کە بە چەندین دەریا لە هەژاران دەوورە دراوە).

"هەژاری لە ئێراقدا"

هەژاری بریتیە؛ لە نەبوونی پارەی پێویست بۆ دابینکردنی پێویستییە سەرەکییەکانی ژیان. وەک؛ خۆراک جل وبەرگ، شوێنی حەوانەوە و...هتد. هۆکارەکانی هەژاریش زۆرن و هەندێک لەهۆکارەکان لەوڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە، لە سەردەمێک بۆ سەردەمێکی دیکە دەگۆڕدرێت، بەڵام ئەوەی ناگۆڕێت هەبوونی هەژارییە لەهەموو کات و سەردەمێکدا، نزیکەی حەوت ملیار مرۆڤ دەژی لەسەر زەوی، دانیشتوانی وڵاتە تازەپێگەیشتوەکان (دواکەوتووەکان) سێ لەسەر چواری ئەم ژمارەیە پێکدەهێنن، زیاتر لە سێ ملیار و نیو-مرۆڤ لەژێر هێڵی هەژاری دەژین، کە ئەم هێڵە دیاریکراوە بە (دوو-دۆلاری ئەمریکی) لە ڕۆژێکدا، زیاتر لەیەک ملیارونیو-مرۆڤ داهاتیان لەڕۆژێکدا کەمترە لە یەک دۆلار، بڵاوبوونەوەی "هەژاری" و نەبوونی دادپەروەری گەورەترین بەڵاو پەتای ئەم سەردەمەیە، شێوەیەکی نوێی کۆیلایەتییە لە سەدەی بیست ویەک، لیستی وڵاتە هەژارەکان بریتییە؛ لە (سەد و حەفتا و پێنج) وڵات کە زۆربەیان لە ئەفریقا و ئاسیان، بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، هۆشداری لەبارەی دۆخی "ئێراق" دەدات و دەڵێت؛ نزیکەی 3 ملیۆن هاووڵاتی ئێراقی خۆراکی پێویستی ڕۆژانەیان نییە، داواش دەکات؛ حکومەت خۆراکی سەرەکیی دابینبکات و نرخ لە بازاڕدا رێکبخات، عەبدولڕەحمان میجاج"نوێنەری "بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە "ئێراق" رایگەیاند؛ بەپێی سیستەمی چاودێریی برسیەتی سەر بە بەرنامەی خۆراکی جیهانی، نزیکەی 3 ملیۆن کەس لە "ئێراق" بە دەست نەبوونی خۆراکی پێویست دەناڵێنن، کە 731 هەزار ئاوارەش دەگرێتەوە.

نوێنەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی دەڵێت؛ ئابوریی "ئێراق" تا ئێستا پشت بە نەوت دەبەستێت، بۆیە دابەزینی نرخی نەوت و کەمبوونەوەی بەرهەمی رێکخراوی "ئۆپێک" کاریگەری راستەوخۆی هەبووە لەسەر دەرامەتی پێویست، کە دواتر دابەزینی بەهای دیناری ئێراقی بەدواداهات، ئەمە وەک بەشێک لە پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی کەڵەکەبووی 9 مانگی رابردوو، زۆربەی کاڵا خۆراکییەکانی رۆژانە هاوردەن، ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر بڕیاری نرخی هەندێک لەو خۆراکە بنەڕەتییانە، بۆیە کاری کردووەتە سەر ئاسایشی خۆراک لەسەر ئاستی خێزاندا. "میجاج" ئاماژەی بەوەداوە کۆرۆنا ئاڵەنگارییەکی دیکەیە، کە بەهۆیەوە خەڵکێکی زۆر کاری رۆژانەیان لە دەستداوە، بۆیە پێویستە حکومەت چارەسەری خێرا بدۆزێتەوە، لەوانەش پێشکێشکردنی هاوکارییەکانی بۆ دابینکردنی ماددە خۆراکییەکان و رێکخستی نرخ لە بازاڕدا. بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و لێکەوتە ئابورییەکانی... خەڵکێکی زۆر ئاستی بژێویان بۆ ژێر هێڵی هەژاری دابەزیووە، بەو هۆیەوە دوو ملیۆن و 700 هەزار کەس کەوتنە ژێر هێڵی هەژاری، پێشتریش 6 ملیۆن و 900 هەزار کەس لە ئێراق لەژێر هێڵی هەژارییەوە بوون، دەکرێت بڵێین ئەمڕۆ لە ئێراق 9 ملیۆن و 600 هەزار کەس لەژێر هێڵی هەژاریەوەن، بەگوتەی "عەبدولزەهرە هینداوی" گەیشتن بەو ئەنجامەش لە رێگەی لێکۆڵینەوەیەکەوە بووە کە "وەزارەتی پلاندانان بە هاوکاریی بانکی نێودەوڵەتی و رێکخراوی یونسێف لە مانگی تەممووزی رابردوودا کردوویەتی. بەڵام ئێستا خەریکە دۆخەکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت و رێژەکەش روو لە کەمبوونەوە دەکات و گۆڕانکاریی بەسەردا دێت"، لەبارەی دابەشبوونی هێڵی هەژارییەوە لە ئێراق، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان دەڵێت؛ "ئەگەر هێڵی هەژاری لەسەر ئاستی وڵات دەستنیشان بکەین، رێژەکە لە ناوچەکانی باشور زیاترە و دەگاتە 30٪ بۆ 35٪. لە پارێزگاکانی ناوەڕاست دەگاتە نزیک لە 20٪، لە بەغدای پایتەخت رێژەکە دەگاتە 13٪ و لە هەرێمی کوردستانیش دەگاتە نزیکەی 12٪. 

"دەرئەنجام"

کێشەی هەژاری ڕۆژبەڕۆژ لەزیادبوون دایه‌، سەرەڕای ئەوپێشکەوتنەی کەجیهان بەخۆیەوەی بینیوە لەهەموو بوارە جیاوازەکان و، سەرەڕای کۆکردنەوەی خێر و بێری زەوی زاناکان کۆکن لەسەرئەوەی دەرامەتی سرووشتی سەرزەوی بەشی ئەوە دەکات کە هەموو دانیشتوانی سەر گۆی زەوی بە خۆشگوزەرانی بژین، كه‌ ژمارەی نزیکەی حەوت ملیار مرۆڤە، ئەگەر کەمترین دادپەروەری لەدابەشکردنیاندا هەبێت، دیاریکردنی ڕۆژی حەڤدەی ئۆکتۆبەر بەڕۆژی جیهانی هەژاران لەهەموو ساڵێکدا لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هیچ کەم نەکردۆتەوە لەخەم وئازاری هەژاران، تەنیا زیادکردنی ساڵێکە لەنەهامەتی و برسیەتی و مردن بۆ سەر تەمەنی هەژارانی جیهان، یەکێک لە گاڵتە جارییەکانی سەردەمی نوێ ئەوەیە کە سامانی سێ لە دەوڵەمەندترین کەسی جیهان، بەقەد بەرهەمی ناوخۆیی چل وهەشت هەژارترین وڵاتی جیهانە وسامانی دووسەد دەوڵەمەندترین کەسی جیهانە زیاترە لە ڕێژەی (%15) داهاتی هەموو دانیشتوانی سەرگۆی زەوی، نزیکەی حەوت ملیار مروڤ دەژی لەسەر زەوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی ئێراق دەڵێت  "ساڵانە ژمارەی دانیشتووان لە ئێراق؛ نزیكەی یەك ملیۆن كەس زیاد دەكات، بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتیش، پارێزگاكانی باشوور هەژارترین پارێزگاکانی ئێراقن، رێژەی هەژاری لە پارێزگای موسەننا 52%ە، دیوانیە 49%، زیقار 48%، میسان 47%، پارێزگاكانی ئەنبار، سەڵاحەدین و نەینەوا 41%ە، بەڵام رێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان 12%یە، لە بەغدا 13% و پارێزگاكانی ناوەڕاستیش 17%یە."

ڕۆژانە سی وپێنج هەزار منداڵ بەهۆی نەخۆشی و برسیەتی دەمرن، یەک لەسەرپێنجی دانیشتوانی وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان ڕۆژەکانیان بەبرسیەتی بەڕێدەکەن، ئەوبڕەپارەیەی نۆ-وڵاتی دەوڵەمەند خەرجیدەکەن بۆ کڕێنی خواردنی شەش ڕۆژی سەگ وپشیلەکانیان زیاترە لەو بڕە پارەی کە وەک یارمەتی لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وڵاتە هەژارەکان تەرخان دەکرێن، مەترسی گەورە لەوەدایە کە توێژینەوەکان دەریدەخەن هۆکاری هەژاری لەو وڵاتانە تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ دواکەوتوویی ونەزانی نەبوونی دیموکراسی، بەڵکو وڵاتە پێشکەوتووەکان هۆکاری گەورەن بۆ بڵاوبوونەوەی هەژاری لەوڵاتانی تازە پێگەیشتوو، بەجۆرێک ئابوری جیهانی وای لێهاتووە سامانی جیهان هەمووی دەچێتە گیرفانی وڵاتانی پێشکەوتوو بۆ دەوڵەمەندتربوونیان و داهاتی وڵاتانی دواکەوتوو کەمتر دەبێت بۆ هەژارتر بوونیان. کەواتە بەشێکی گەورەی بەرپرسیەتی دروستبوونی "هەژاری" لە ئەستۆی وڵاتە دەوڵەمەندەکانە و، ئەگەر ئەم وڵاتانە زوو چارەسەری ئەم کێشەیە نەکەن، لەداهاتوویەکی نێزیکدا بەرامبەر بەگەردەلوولی دەریای هەژاری دەووروبەریان ناتوانن پارێزگاری لە دوورگە دەوڵەمەندەکەیان و خۆشگوزەرانیان بکەن



ئه‌م بابه‌ته 414 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر