شەبەکی، شێوەزارێکی زمانی کوردییە

پوختە: شەبەک پێکهاتەیەکی ئینتۆ – دینیی کوردن و بە شێوەزارێکی کوردییش قسە دەکەن کە سەر بە زاری کوردیی گۆران – هەورامییە. هەرچەندە شەبەک بە زۆرینە وەک نەتەوە کوردن بەڵام کۆمەڵگەکەیان هەندێک عەرەب و تورکمانیشی لە خۆی گرتووە، شیعە و سوننەیان هەیە، بە زۆرینە شیعەن. بەپێی توێژینەوە مێژووییەکان ڕوون بووەتەوە کە شەبەکەکان دەچنەوە سەر هۆزێکی کورد بە ناوی (شەنبەک) لە ناوچەی گۆرانەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوان هەورامان و کرماشان نیشتەجێ بوون، ئەو هەرێمە شوێنی سەرهەڵدانی دینی یارسانە و کتێب و نووسراوە دینییەکانی ئەو ئایینە بە زاری گۆرانی نووسراون.
PM:06:31:09/02/2021
دۆسیە: نەتەوەسازی
شەبەکەکان وەک پێکهاتەیەکی کورد بە درێژایی مێژوو هەر بە کورد ناسراون، بەڵام لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا بە زۆر شێوە هەوڵ دراوە لە ناسنامەی کوردبوون دایانبڕن و بیانکەن بە تورک یان عەرەب.

سوداد ڕەسووڵ
نوسەر و مامۆستای زانکۆ


دواتر ئەم هۆزە لە دەوروبەری سەدەی پازدەم بۆ باشووری کوردستان کۆچیان کردووە و لە دەشتێک لە ڕۆژهەڵاتی مووسڵ نیشتەجێ بوون. شەبەکەکان بە هەندێک باوەڕ و ڕێوڕەسمی دینیش دەچنەوە سەر باوەڕی دینی یارسان و هەڵبەت بە زمانیش هەر بەو شێوەزارە کوردییە قسە دەکەن کە لە کۆنەوە لەم ناوچەیە قسەی پێ کراوە. ئەمانەش بەڵگەن کە شەبەک  لەم هەرێمەوە هاتوون. لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا لە لایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە هەوڵ دراوە شەبەک لە ناسنامەی کوردبوونیان داماڵرێن و بکرێن بە عەرەب، هەر بۆیە لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە لەسەر پرسی کوردبوونیان دوچاری چەوسانەوە و ڕاگوێزان هاتوون و گوندەکانیان وێران کراون. دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراقیش لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەو گۆڕانە سیاسییەی بە سەر عێراقدا هات کە بووە هۆی بەهێزبوونی باڵی شیعە لە عێراقدا، جارێکی دی بە هۆکاری سیاسی ناسنامەی شەبەک دوچاری شێوان دەبێتەوە، ئەمجارە لە لایەن هەندێک لە شەبەکە شیعەکان هەوڵ دەدرێت شەبەک بکرێ بە گروپێکی ئەتنیکی سەربەخۆ و شێوەزارەکەشیان وەک زمانێکی سەربەخۆ بناسێندرێ و چیدی شێوەزارێکی کوردی نەبێت. لەم توێژینەوەیەدا لە ڕووی زمانەوانی- کۆمەڵایەتییەوە شێوەزاری شەبەکی شرۆڤە کراوە و ڕوون کراوەتەوە کە شەبەکەکان کوردن و زمانەکەشیان شێوەزارێکی زمانی کوردییە.   

وشه‌ سه‌ره‌کییه‌کان: شەبەک، زاری گۆرانی، یارسان، زمان، پاکسازیی نەتەوەیی، ڕۆژهەڵاتناسی، شیعەگەری


Abstract
 Shabaki is a Variety of the Kurdish Language
Shabak is a Kurdish ethno-religious group.  They speak a variety of a Kurdish dialect called Gurani-Hawrami. Although the vast majority of the Shabak community are ethnic Kurds, the community also contains some Turkmen and Arabs. The majority of the Shabak are Shia Muslims; the minority are Sunni.  A recent study of the history of the Shabaks disclosed that their origin is from a Kurdish tribe called Shanbak who settled an area located between Kermanshah and Hawraman in eastern Kurdistan (Iran).  In this area in the past, Yarsan beliefs emerged using the Gurani dialect for religious books and writings.  Later in 15th century the tribe emigrated to southern Kurdistan and settled in the eastern part of the Mosul plain. The Shabaks have several beliefs and religious ceremonies that are related to the religion of Yarsan, moreover, the Shabaks speak a variety of the Kurdish Gurani dialect. This is clear evidence that they are originally come from that area in Kurdistan. Shabaks in the past century were subjected to persecution by Iraqi authorities. The previous Iraqi government tried to Arabize their Kurdish identity, for this reason Shabaks were deported and their villages destroyed. Today, after the fall of the previous regime in 2003 and the strengthening of the Shiite wing in Iraq, for political reasons, once again the Shabak identity is subject to distortion because some Shia Shabaks are trying to change their Kurdish identity into an independent ethnic group and claim that their Kurdish variety is an independent language. This paper will analyze the topic in the sociolinguistic perspective, explaining that Shabaks are Kurds and Shabaki is a variety of the Kurdish Language.

Key words: Shabak, Gurani dialect, Yarsan, language, ethnic cleansing, Orientalism, Shi‌ism 

پێشەکی

لە نێو ئاخێوەری زارە کوردییەکاندا لەم چەند دەیەی دواییدا بەپێی گۆڕانی هەلومەرجی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، گۆڕان بە سەر ناسنامەی زارەکانیشدا هاتووە. ئەم گۆڕانە وەک دیارە زیاتر سیاسییە و بە ئامانجی ئەوەیە ناسنامەی هەندێک لە زارە کوردییەکان لە ناسنامەیەکی کوردییەوە بەرەو ناسنامەیەکی غەیری کوردی ببرێت، یان هەوڵ دەدرێت وەک زمانێکی سەربەخۆ بناسرێن و چیدی زارێکی زمانی کوردی نەبن. 

بوونی دین و مەزهەبی جیاواز لە نێو کورددا لە هەندێک ڕووەوە کاریگەریی خراپی بۆ سەر یەکێتیی نەتەوە و زمان هەبووە، بەهانەیەکیش بووە بە دەست دەسەڵاتی نەتەوە سەردەستەکانی کوردستان بۆ ئەوەی ئاخێوەرانی چەند زارێکی کوردی کە بە مەزهەب و دین لەگەڵ زۆرینەی کورد کە موسڵمانی سوننین، جیاوازن، لە ناسنامەی کوردی دایانبڕن و بیانکەن بە گروپی ئەتنیکی جیاواز و زارەکانیشیان بە چەند زمانیکی سەربەخۆ.  

لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە چەند زارێکی کوردی مشتومڕی ئەوەی لەسەر بووە کە کوردی نەبن یان بنچینەیەکی زمانی دیکەیان هەبێت کە ناچێتەوە سەر ڕیشەی زارە کوردییەکانی دی. ئەم باسە لە سەرەتاوە لە لایەن ڕۆژهەڵاتناسانەوە خرایە ڕوو و ئەوجا دواتر دێتە نێو چینی ڕۆشنبیرانی کورد و سیاسەتی زمانیی نەتەوە سەردەستەکان. لە نێو ئەم زارانەدا، زازاکی لە باکووری کوردستاندا لە ماوەی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا باسوخواسی ئەوە کەوتە نێو هەندێک لە زازاکان کە زارەکەیان زارێکی کوردی نییە و زمانێکی سەربەخۆیە، هەروەها بانگەشەی ئەوەش دەکەن کە زازاکان کورد نین. لە ئێرانیش، لە لایەن دەسەڵاتداران و هەندێک لە هەورامییەکان هەمان باسوخواس دێتە گۆڕێ و ئێستاش برەوی پێ دەدرێت کە هەورامی زمانە و زارێکی زمانی کوردی نییە، هەورامییەکانیش کورد نین. هەر لەسەر هەمان ئاراستە لە ئێران ئێستاش هەمان هەوڵ و بەرنامە بۆ لەکەکان لە ئارادایە کە بکرێن بە نەتەوەیەکی سەربەخۆ و زارەکەشیان بە زمانێکی سەربەخۆ. لەمە زۆر کۆنتریش لە ئێران، لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا لوڕەکان کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بە چڕی کاریان لەسەر کراوە بۆ ئەوەی ببن بە نەتەوەیەکی سەربەخۆ و زمانەکەشیان کە زارێکی کوردی بووە، وەک زمانێکی سەربەخۆ بناسرێت. هەر لەسەر هەمان بەرنامەی سیاسی، شەبەکەکان کە هەمیشە پێکهاتەیەکی ڕەسەنی کورد بوون، هەمان هەوڵ لە لایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە لە ئارادا بووە بۆ ئەوەی لە کورد جودا بکرێنەوە و بە عەرەب تۆمار بکرێن، ئەمڕۆش هەندێک لە ڕۆشنبیرانی شەبەک دەیانەوێ شەبەک وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ و شێوەزارەکەشیان وەک زمانێکی سەربەخۆ بناسرێت. شەبەک کە بە مەزهەب و هەندێک ڕێورەسمی دینی لەگەڵ کوردی سوننی جیاوازن، بەڵام بە زمان و نەتەوە بە درێژایی مێژوو شەبەکەکان کورد بوون و شێوەزمانەکەشیان شێوەزارێکی زاری کوردیی گۆران – هەورامییە.  لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و ئەو گۆڕانە سیاسییەی کە بەسەر عێراقدا هات کە باڵی شیعە لە عێراقدا بە هێز بوو، شەبەکەکانیش کە نیوەیان زیاتر سەر بە مەزهەبی شیعەن، بەرەو ناسنامەیەکی شیعەگەری دەچن کە سەربەخۆ بێت و لە زۆرینەی کوردی سوننە جودا ببنەوە. وەک دیارە ئەم هەوڵانە ئامانجی سیاسییان لە پشتەوەیە، بەڵام بە مێژوو و زمان شەبەکەکان نەک هەر کوردن، بەڵکو لەسەر کوردبوونیان دوچاری ڕاگواستن و ماڵوێرانی و مەرگەسات هاتوون.

لەم باسە هەوڵ دەدەین لە ڕووی زمانەوانی - کۆمەڵایەتییەوە شێوەزاری شەبەکی بناسێنین و بەپێی پێوەرە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکانیش دەستنیشانی شێوەزارەکەیان بکەین کە شێوەزارێکی زمانی کوردییە، لەگەڵ ڕوونکردنەوەی مێژوو و جوگرافیای شەبەک و مێژووی شێوەزارەکە کە لە ڕابردوودا چی پێ نووسراوە و ئێستاش ئەم شێوەزارە کوردییە لە چ دۆخێکی زمانیدایە و پاشەڕۆژی چۆن دەبێت. 

شەبەک، جوگرافیا و مێژوو 

شەبەکەکان گرووپێکی ئەتنیکی – دینی، فرەنەتەوە و فرەمەزهەبن، بەڵام زۆرینەیان بە نەتەوە کوردن و بە شێوەزارێکی کوردی قسە دەکەن کە سەر بە زاری کوردیی گۆران – هەورامییە.  هەرچەندە کۆمەڵگەی شەبەک بە زۆرینە کوردن بەڵام هەندێک تورکمان و عەرەبیشیان لە خۆ گرتووە، شیعە و سوننەیان هەیە، بە زۆرینە شیعەن. شەبەکەکان لەم سەردەمە دوچاری شێواندنی ناسنامە بوون و لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە دوچاری پاکسازیی نەتەوەییش هاتوون، ئەمڕۆش هەر بۆ داماڵینی ناسنامەی کوردی لە شەبەکەکان، هەوڵ دەدرێت شەبەکی بکرێت بە زمانێکی سەربەخۆ و چیدی شێوەزارێکی زمانی کوردی نەبێت. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم باسە، لەم بەشە هەوڵ دەدەین زۆر بە کورتی ئاوڕێک لە جوگرافیا و مێژووی شەبەکەکان بدەینەوە. 

شەبەکەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری مووسڵ کۆمەڵە گوندێكیان لە دەشتی نەینەوادا هەیە و لە چەند قەزایەک لە پارێزگای مووسڵ نیشتەجێن، کە ئەمانەن: لە قەزای مووسڵ و ناحیەی بەعشیقە ٢١ گوندیان هەیە، لە قەزای حەمدانییە و ناحیەی نەمروود و کەڵەک و حەمدانییە ٢٤ گوندیان هەیە و لە قەزای تلکێف تەنیا ٢ گوندیان هەیە، واتە سەرجەم ژمارەی گوندەکانیان ٤٧ گوند دەبن. ئەم کۆمەڵە گوندە کەوانەیەک بە دەوری شاری مووسڵ پێک دێنن کە لە ڕووباری خازرەوە لە ڕۆژهەڵات دەست پێ دەکات تا دەگاتە ڕووباری دیجلە. (د. نەجات عەبدوڵلا، ٢٠١٥: ٩) ئەمە بێجگە لەوەی کە لە ناو شاری مووسڵیش لە چەند گەڕەکێک گرووپێکی دانیشتوانی شەبەکی هەیە، کە وەک دیارە هەر لە گوندەکانی خۆیانەوە بۆ کار و بژیوی ژیان ڕوویان لە شاری مووسڵ کردووە. لە دەوروبەری شەبەکەکان، ئیزیدی و کاکەیی و باجۆران و مەسیحی دەژین، کە ئەمانەش درێژبوونەوەیەکی سروشتیی دانیشتوانی کورد و جوگرافیای کوردستانە لە ڕۆژهەڵات و باکووری پارێزگای مووسڵ. 

 سەبارەت بە ژمارەی شەبەک تا ئێستا  ئامارێکی ڕەسمیی جێگەی باوەڕپێکراو نییە کە ژمارەی تەواوی شەبەک ئاشکرا بکات، ئەوەی هەیە زیاتر خەمڵاندنە. لە ساڵی ١٩٢٠ لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ژمارەی شەبەک بە ١٠ هەزار دانراوە. لە ساڵی ١٩٦٠ لە لایەن حکومەتی عێراقەوە ژمارەی شەبەک بە ١٥ هەزار دانراوە، دواتریش بەپێی ئامارەکانی عێراق لە ساڵی ١٩٧٧ ژمارەی شەبەک ٨٠ ھەزار کەس بووە. ( د. نەجات عەبدوڵلا، ٢٠١٥: ١٧) لە دوای ئەم ئامارە هیچ ئامارێکی دیکەی ڕەسمیی متمانەپێکراو نییە، بەتایبەت دوای داگیرکاری داعش لە پارێزگای مووسڵ و قەزا و ناحیەکانی، شەبەکەکان بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارە بوون و گوندەکانیان چۆڵ کرد، لەم پەرتەوازەبوونە، جارێکی دی ژمارەی ڕاستەقینەی شەبەک ناتوانین بە دەست بێنین. بەڵام بەپێی ڕێژەی زیادبوونی دانیشتوان، دەکرێ خەمڵاندن بۆ دانیشتوانی شەبەک بکرێت، کە ئێستا ژمارەیان زیاتر بووە، ڕەنگە ئێستا خۆی لە ١٠٠ هەزار هەتا ١٥٠ هەزار  کەس بدات. 

لە بارەی ئەسڵ و بنەچەی شەبەک و مێژووی هاتنیان بۆ دەشتی مووسڵ، کۆمەڵێک بۆچوونی جیاواز هەیە، کە باسکردنی هەموو بۆچوونەکان لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەم باسەیە، بەڵام بۆچوونی زاڵ ئەوەیە کە شەبەکەکان دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەی گۆرانەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ناوچەیەکە لە نێوان کرماشان و هەورامان، ئەو هەرێمە کە شوێنی سەرهەڵدانی دینی یارسانە بە زاری گۆرانی، کە ئێستا شەبەکەکان بە شێوەزارێکی ئەم زارە کوردییە قسە دەکەن. ئەوەی ئاشکرایە هەتا کۆتایی سەدەی سیازدەمی میلادی لەو هەرێمەی ئێستای شەبەک لە سەرچاوە مێژوویەکاندا ناوی گرووپێکی ئەتنیکی شەبەک نەهاتووە. ئەمە بەڵگەیە کە شەبەک هەتا ئەو سەردەمە هێشتا نەهاتوون بۆ دەشتی مووسڵ. 

 لە توێژینەوەیەکی نوێ لە لایەن دوکتۆر زرار سدیق لەبارەی مێژووی شەبەک، بە شێوەیەکی ڕوونتر و بە بەڵگەی مێژوویی لە سەرچاوە مێژووییەکاندا ڕوونی دەکاتەوە کە لەو ناوچەیە ئاماژە بە ناوی سۆفییەکی پایەبڵند کراوە بە ناوی (ئەبو محەمەدی شەنبەکی) کە لە سەدەی یازدەمی میلادی ژیاوە. هەر لە سەرچاوەکاندا ئاماژە بە ناوی هۆزی شەنبەکیش کراوە (الشنبکیە). واتە هۆزی شەنبەکی لەم سەروبەندە لەو ناوچەیە هەبووە، بەڵام دیار نییە ئەو هۆزە بە تەواوەتی کەی هاتوون بۆ دەشتی مووسڵ. دوو سەدە دواتر لە سەرچاوە مێژووییەکاندا، جارێکی دی ناوی شەنبەک هاوشان لەگەڵ ناوی هۆزی داسنی و دونبوڵی سەر هەڵدەداتەوە، ئەمجارە لە دەڤەرێک لە ڕۆژهەڵاتی مووسڵ لە دەشتێک لە نێوان شاری مووسڵ و ئاکرێ، کە ئەمڕۆ ئەم دەڤەرە زێدی شەبەکەکانە. لە سەدەی شازدەم ناوی هۆزی شەبەک لە بەڵگە ڕەسمییەکانی دەوڵەتی عوسمانیدا بەرچاو دەکەوێت، ئەمجارە بە کرتاندنی دەنگی (ن) و بە شێوەی ئێستای شەبەک ناوی هاتووە. (د. زرار صدیق تۆفیق، ٢٠٢٠: ٩٠- ٩٢)
 ئەم ڕوونکردنەوەیە هەتا ڕادەیەکی زۆر پشتیوانی لێ دەکرێت کە شەبەک بە حوکمی زمانەکەیان و هەندێک دابونەریتی دینییان کە لە یارسان(ئەهلی هەق)ەوە نزیکن، بە ئەسڵ بگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچەیە و دواتر لەبەر هەر هۆکارێک بێت لەوێوە کۆچیان کردووە بۆ باشووری کوردستان و هاتوون لە ڕۆژهەڵاتی دەشتی مووسڵ (نەینەوا) گیرساونەتەوە. ئەوەی زیاتر ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەکاتەوە، کاکەییەکانیش کە بە زمان و دین لە شەبەک نزیکن، ئەوانیش هەر لە ناوچەی گۆرانەکانەوە بۆ باشووری کوردستان کۆچیان کردووە، ئەوانیش بە شێوەزارێکی گوران – هەورامی دەدوێن کە پێی دەڵین ماچۆ.

شەبەکەکان وەک بە مێژوو دیارە کە ئەوان هۆزیكی کورد بوون لە ناوچەیەکی کوردستانەوە هاتوون بۆ ناوچەیەکی دی، هەروەها بە زمان و دابونەریتیش هەر بەشێکی دانەبڕاوی کۆمەڵگەی کوردن. لە سەروبەندی هاتنیان بۆ ئەو ناوچەیە ئەوان تەنیا هۆزیک بوون، هێشتا تێکەڵ بە هۆزی دیکەی عەرەبی و تورکمان نەبوون، واتە هێشتا ئەو گرووپە ئەتنیکیە – دینییە لە نێو شەبەک دروست نەبووە، بۆیە لە چەند سەدەی دواتر ئەو  گرووپە دینییە لە ناو کۆمەڵگەکەیان پێک دێت.

لە سەرچاوەکانیش کە لە لایەن ڕۆژهەڵاتناسە ئەوروپییەکانەوە لە سەرەتا و ناوەڕاستی سەدەی بیستەم نووسراون، بە تایبەت ئەوانەی کە سەردانی ناوچەکەیان کردووە، یان سەبارەت بە شەبەک توێژینەوەیان هەبووە وەک هینری لایارد و مارک سایکس و ڤلادیمێر مینۆرسکی و ئەنستاس ماری کەرمەلی و پیوتەر لێرخ،... تاد، هیچ گومانیان لەوە نەبووە کە شەبەک بە زمان و دابونەریت کوردن. لێردەا ڕوون دەبێتەوە کە شەبەک هەمیشە ناسنامەیەکی کوردییان هەبووە، بەڵام دواتر لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم بۆ ئامانجی سیاسی لە لایەن حکومەت و چەند نووسەرێک هەوڵ دراوە ناسنامەیان بشێوێندرێت و لە کورد دابڕێن.

لە دوای لکاندنی ویلایەتی مووسڵ بە عێراقەوە لە لایەن تورکیا شەبەکەکان بە تورک دانراون بۆ ئەوەی بانگەشەی ئەوەیان پێ بکەن کە زۆرینەی ویلایەتی مووسڵ تورکن. لە عێراقیش لە دوای ئەوەی بەعسییەکان لە ساڵی ١٩٦٣ دێنە سەر حوکم ئەمجارە هەوڵی بەعەرەبکردنیان دەدرێت، کە ئەم بەرنامەیە تەنانەت دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق، هەتا ئەمڕۆیش هەر بەردەوامە. (د. نەجات عەبدوڵلا، ٢٠١٥:  ١٤-١٥ ) وەک دیارە هەردوو حکومەتی تورکیا و عێراق لەم دوو هەوڵە بۆ گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی شەبەک سەرکەوتوو نەبوون، شەبەکەکان هەر بە کورد مانەوە، بەڵام ئێستا هەوڵ دەدرێت شەبەک بکرێت بە گرووپێکی ئەتنیکی سەربەخۆ و چیدی کورد نەبن.

شەبەکەکان کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق دوچاری ڕاگواستن و دەربەدەری هاتوون، هەر لەبەر ئەوەی بە ئەسڵ کوردن، ڕژێم دەیویست ئەو هەرێمە کە ئەوان لێی نیشتەجێن لە ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی مووسڵ تەعریب بکات. هەر بۆیە شەبەکەکان بەهۆی کوردبوونیان و نیشتەجێبوونیان لە ڕۆژهەڵاتی شاری مووسڵ لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە باجی قورسیان داوە. لە ساڵی ١٩٧٧ بە فەرمانی تایبەتی سەرۆکی پێشووی عێراق سەدام حوسێن بڕیار درا شەبەک بە نەتەوە بکرێن بە عەرەب و لە هەموو دامودەزگاکانیش هەر بە عەرەب تۆمار بکرێن. لە ئاماری ساڵی ١٩٨٧ ڕژێمی بەعس داوا لە شەبەکەکان دەکات یان بە عەرەب یان بە کورد خۆیان تۆمار بکەن، شەبەکەکانیش خۆیان بە کورد تۆمار کرد، بۆیە لە دوای ئەوە ڕژێمی بەعس بڕیاری وێرانکردنی گوندەکان و ڕاگوێزانیان دەردەکات و بە درێژایی ساڵانی (١٩٨٨ – ١٩٨٩) زیاتر لە ٢٢ ئاوایی شەبەکەکان بەر شاڵای وێرانکردن دەکەون، زیاتر لە سێ هەزار خێزانیش ڕادەگوێزرێنەوە بۆ ئوردوگا زۆرەملێیەکانی دەشتی هەریر و بازیان و چەمچەماڵ. لەوێ دەمێننەوە تا لە پاپیزی ١٩٩١ ڕێگەیان پێ درا بگەڕێنەوە سەر ماڵ و شوێنی نیشتەجێی خۆیان بە مەرجێک نەتەوەی خۆیان بگۆڕن بۆ عەرەب. دوای ئەوە دیوانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە ڕێکەوتی ٤-١١-١٩٩٠ ڕێگەیان پێ دەدات بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان. (هەمان سەرچاوەی پێشوو: ٢٢)

کوردناسی هۆڵەندی مارتن فان برونێسن لە توێژینەوەیەکی لەبارەی شەبەک ئاماژە بە پەیوەندی و نزیکی ڕێوڕەسمی دینیی شەبەک و کاکەیی و عەلەوی دەدات و دەڵێت: شەبەکەکان بە دین موسڵمانن بەشێکیان سوننی شافعین و بەشە زۆرەکەیان شیعەن و هەندێک بیروباوەڕی شیعەی جیاوازیان هەیە، وەک تەریقەتێکی سۆفیی قزڵباشییە و کۆمەڵێک ڕێورەسمی تایبەتی خۆیان هەیە، بە باوەڕی مەزهەبی و هەندێک ڕێورەسمی دینی و پێکهاتە و پلەبەندی پیاوانی دینی، لە کوردە عەلەوییەکانی باکووری کوردستان و کاکەیی و سارلییەکانی باشووری کوردستان و ئێزیدییەکان نزیکن. ( Bruinessen,1998: 185 -196) بەڵام بەم دواییە بە هۆی کاریگەریی شیعەی عێراقی، شەبەکە شیعەکان زیاتر بەرەو شیعەی ئیمامی چوون، هەر بۆیە لە نێو شەبەکەکان ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە شەبەک کورد نین و نەتەوەیەکی سەربەخۆن، زیاتر لە لایەن شەبەکە شیعەکانە، کە ئەوەش دیارە بە هۆکاری سیاسییە و زمانەوانی و مێژوویی نییە.(چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەمجەد جومعە، ٢٠٢٠)
شەبەکی شێوەزارێکی زمانی کوردییە ئەوانەی بانگەشەی نەتەوەیەکی سەربەخۆ بۆ شەبەک دەکەن لە هەمان کاتدا بانگەشەی زمانێکی سەربەخۆش بۆ شەبەکی دەکەن، ئەو پەیوەندییە لەهجەییەی کە شەبەکی لەگەڵ زاری کوردیی گۆران - هەورامی هەیەتی دەیپچڕێنن و وەک زمانێکی سەربەخۆی باکووری ڕۆژئاوای زمانە ئێرانییەکان دەیناسێنن. 

زمان پێکهێنەرێکی سەرەکیی نەتەوەیە و ڕۆلێکی یەکلاکەرەوەش دەگێڕێت لە دەستنیشانکردنی ناسنامەی نەتەوەیی ئەو کەسە و یان ئەو گرووپە کە بە زمانێکی تایبەت قسە دەکەن، بۆیە گرنگە دەستنیشان بکرێ کە لەسەر چ بنەڕەتێک شەبەکی شێوەزارێکی زمانی کوردییە و زمانێکی سەربەخۆ نییە. تەنانەت ئەو ئەوروپییانەش کە شەبەکیان بە کورد داناوە هەر لەسەر هەمان بنەڕەتی ئەو زمانە بووە کە شەبەكەکان قسەیان پێ کردووە. لەم بەشە هەوڵ دەدەین ئەم بابەتە لە ڕووی زمانەوانی – کۆمەڵایەتییەوە شرۆڤە بکەین کە بۆچی شەبەکی شێوەزارێکی زمانی کوردییە و زمان نییە، هەروەها ڕوونی دەکەینەوە کە بۆچی شەبەک کێشەی ناسنامەی بۆ پەیدا بووە.

-زاری گۆران – زازا لە دیدی ڕۆژهەڵاتناسییەوە

وەک ئاشکرایە شێوەزاری شەبەکی لە نێو دابەشکردنی زارە کوردییەکاندا لە ڕووی پێکهاتی زمانەوە بنزارێکی زاری کوردیی گۆران – هەورامییە. ئەم زارە کوردییە لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا لای ڕۆژهەڵاتناسان بەردەوام مشتومری لەسەر بووە کە ئەم زارە بە هەموو بنزارەکانییەوە وەک هەورامی و ماچۆ و شەبەکی و زازاکی،.. زار و شێوەزاری زمانی کوردی نین و بەڵکو چەند زمانێکی سەربەخۆن، لە پێشترین ئەو سەرچاوانەش کە ئاماژەیان بەم باسە دابێت لە کاری ڕۆژهەڵاتناساندا بووە، بۆیە هەر لەو ساوە ئەم زارە سەرەکییە کوردییە بە هەموو بنزارەکانییەوە لە ئەدەبییاتی ڕۆژهەڵاتناسیی ئەوروپیدا وەک چەند زمانێکی سەربەخۆ ناسێندران و لە زمانی کوردی جودا کراونەتەوە، بە بەهانەی ئەوەی کە ئەم کۆمەڵە زارە ڕیشەی زمانی لەگەڵ زارە کوردییەکانی دی جیاوازە و دەچێتەوە سەر ئەو کۆمەڵە زمانە کە ئاخێوەرانی لە دەوروبەری دەریای خەزەر لە باکووری ئێران نیشتەجێن.   

لەم ڕووەوە دەکرێ ئاماژە بە توێژینەوەیەکی مینۆرسکی بدرێ کە لە ساڵی  ١٩٤٣ بڵاوی کردووەتەوە بە ناوی (گۆران) و پێی وایە گۆرانەکان لە ناوچەی دەریای خەزەرەوە کۆچیان کردووە بۆ ئەو ناوچەیەی ئێستایان لە ڕۆژاوای ئێران، چونکە زمانەکەیان لە زمانەکانی ئەو ناوچەیە نزیکە. ( Minorsky, 1943: 75 -103) دوای ئەوە دەیڤید مەکەنزی توێژینەوەیەکی لەبارەی هەورامی بە کتێب لە ساڵی ١٩٦٦ بڵاو کردەوە و پێی وایە هەورامی لە زارە کوردییەکانی دیکەوە دوورە و وەک جەزیرەیەک وایە لە نێو  دەریای زمانی کوردیدا، له‌ ڕووی پرۆسەی گەشەکردنی وشەسازیی زمانەوە لە زۆر ڕووەوە تایبەتمەندیی زارێکی کۆن(ئارکایک)ی ئێرانی ناوەندی تێدایە. ( Mackenzei,1966: 3)

دواتر لە ژێر کاریگەریی نووسینەکان و بۆچوونەکانی ڕۆژهەڵاتناسی هەمان بانگەشە هاتە نێو ئاخێوەرانی ئەم زارە و بە هەمان پێودانگی ئەوان چەند ڕۆشنبیرێکی ئاخێوەری هەورامی و زازاکی و شەبەکی هەمان بانگەشەیان بۆ بنزارەکانی گۆران – زازا دووبارە کردەوە، کە  ئەوانیش پێیان وایە نابێ گۆران - زازا زارێکی کوردی بێت، بەڵکو زمانێکی سەربەخۆیە. لەم باسە تەنیا ئاماژە بە یەکێک لە نووسەرانی شەبەکی دەدەین، عەباس سوڵتان کە لە ساڵی ٢٠١٦ فەرهەنگێکی شەبەکی – ئینگلیزی بڵاو کردووەتەوە، لە پێشەکییەکەیدا لە باسی ئەسڵی شەبەک و زمانەکەیان، ڕەتی دەکاتەوە کە شەبەک کورد بن و هەروەها پێی وایە زمانەکەشیان کوردی نییە، بەڵکو زمانێکی سەربەخۆی زمانە ئێرانییەکانی باکووری ڕۆژاوایە. بۆ ڕێنووسی زمانەکەش ئەلفوبێی لاتینی بە کار هێناوە کە پێی وایە ئەمە باشترین ئەلفوبێیە بۆ زمانی شەبەکی. (Sultan,2016:13-14) بۆ ئەوەی ئەم باسە بە شێوەیەکی زانستی شی بکەینەوە، پێویستە سەرنجێکی ئەو پێوەرانە بدەین کە لە زمانەوانی - کۆمەڵایەتیدا بۆ جوداکردنەوەی زار لە زمان کاری پێ دەکرێت. 

-پێوەرەکانی جوداکردنەوەی زار لە زمان

بۆ ئەم جوداکردنەوەیە کۆمەڵێک پێوەری زمانەوانی و نازمانەوانی دانراون، کە لێرەدا گرنگترینیان باس دەکەین:

یەکەم: لەیەکگەیشتن و لەیەکنەگەیشتنی دوو شێوەزمان، واتە ئەگەر ئەو دوو شێوەزمانە لە یەک گەیشتن ئەوە دوو زاری زمانێکە و ئەگەر لە یەکیش نەگەیشتن ئەوا دوو زمانە. زۆربەی ئەوانەی کە بانگەشەی زمان بۆ هەورامی و شەبەکی و زازاکی دەکەن ئەم پێوەرە بە کار دێنن کە ئاخێوەرانی ئەم شێوەزارانەی گۆران- زازا لەگەڵ ئاخێوەری کوردیی ناوەند لە یەک تێ ناگەن، هەر بۆیە دەبێ ئەمانە دوو زمان بن نەک دوو زار. ئەم پێوەرە لە زمانەوانی بۆ جوداکردنەوەی زار لە زمان بە هیچ شێوەیەک پێوەرێکی سەرکەوتوو نەبووە، چونکە هەندێک زمان هەیە کە دوو زمانن و لەیەکگەیشتنیش لە نێوانیاندا هەیە، لە زمانە جەرمەنییەکانی باکوور وەک سوێدی و نەرویجی و دانمارکی یان زمانە هیندییەکان وەک ئوردو و هیندی، یان لە زمانە سلاڤییەکان وەک چیکی و سلۆڤاکی، لە زمانەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە نێوان زمانی تای (تایلاند) و لاوی (لاووس)،.. لە نێوان ئەم زمانانە هەتا ڕادەیەک لە یەک گەیشتن هەیە، کە ئەم زمانانە هەموو سەر بە دوو زمان و دوو نەتەوەی جیاوازن، لە بەرانبەر ئەمە زمانی ماندەرین (چینی) کۆمەڵێک زاری هەیە کە زۆر بە زەحمەت لە یەک تێدەگەن و یان هەر لە یەک ناگەن، کەچی ئەمانە هەموو بە چەند زاری زمانێک دادەنرێن، زارە عەرەبییەکانیش وەک مەغریبی لە ڕۆژئاوای نیشتمانی عەرەبی لەگەڵ عەرەبێک لە ڕۆژهەڵات لە یەک تێ ناگەن، بۆیە زمانەوانان هاتوونە سەر ئەو باوەڕە کە نابێ ئەم پێوەرە ڕاست و گونجاو بێت بۆ ئەم مەسەلە زمانییە. 

دووەم: نزیکی یان وەکیەکی پێکهاتەی دوو شێوەزمان لە یەک، واتە ئەو دوو شێوەزمانە لە ڕووی ئاستەکانی زمانەوە وەک ڕستەسازی و ڕێزمان و وشەسازی و دەنگسازی دەچنەوە سەر یەک و لە یەک نزیکن. ئەم پێوەرەش کێشەی هەیە چونکە هەندێک زمان لە ڕووی پێکهاتەی زمان و فەرهەنگۆکی وشەوە تەواوێک لە یەک نزیکن وەک لە نێوان هیندی و ئوردو یان سوێدی و نەرویجی و دانمارکی، یان کوردیی ناوەند لەگەڵ فارسی لە ڕووی ڕێزمان و پێکهاتەی ڕستە تەواوێک وەک یەکن، ... ئەم زمانانە لە ڕووی پێکهاتەی زمانییەوە لە یەک نزیکن و بە زار دانانرێن و زمانن. بۆیە ئەم پێوەرە زمانەوانییانەش پێوەرێکی نەشیاو و نەگونجاوە بۆ جوداکردنەوەی زار و زمان، بۆیە زمانەوانان پێیان وایە جوداکردنەوەی زار لە زمان لە دەرەوەی پێوەرە زمانەوانییەکانە و پرسێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوورییە (Chambers & Trudgill, 1998: 4-5). بۆیە پێشنیازی ئەوە دەکەن کە بە پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان ئەم مەسەلەیە یەکلا بکرێتەوە.

سێیەم: لەم پێوەرە کۆمەڵایەتییە نازمانەوانییە، دوو شێوەزمان سەر بە کۆمەڵە زمانێکن و لە یەک نزیکن و هاوڕیشەن، بەڵام ئاخێوەرانی کۆمەڵێک پەیوەندیی هاوبەش بە یەکەوەیان گرێ دەدات وەک مێژوو و نەتەوە و کولتوورێکی هاوبەش و مەسەلەیەکی سیاسیی هاوبەش واتە لە ڕووی سیاسییەوە سەر بە یەک مەسەلەی نەتەوەیی و خاک و پێکەوەش یەک چارەنووسی هاوبەشیان هەیە. ئەم پێوەرە ناسنامەی ئەو زارە دەستنیشان دەکات کە سەر بە کام زمانە.

هەر لەم ڕوانگەوە ئینسکلۆپێدیای زمانناسی که‌مبریج پێناسەیەکی گشتگیرتر بۆ زار دەکات، بەم شێوەیە پێناسەی دەکات: زمان له‌ کۆمه‌ڵه‌ زارێک پێک هاتووه‌، هیچ زمانێکیش به‌بێ زار‌ نییه‌. زار،‌ کۆمه‌ڵێک ره‌فتاری زمانی و مه‌عریفه‌یی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکه‌ هه‌یه کە قسەی پێ دەکەن‌، بۆ دیارکردنی زار‌ ده‌بێ له‌ پێشدا ئه‌و زمانه‌ دیاری بکرێت که‌ ئه‌و زارە بۆی دەگەڕێتەوە‌. له‌و زمانه‌دا هه‌ر زارێک بۆی هه‌یه‌ له‌ ڕووی بێژەکردن‌ و وشه‌کانی فه‌رهه‌نگی و ده‌نگسازی و وشه‌سازی و  ڕسته‌سازی و ماناناسی و پێکهاتی ڕسته‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ک جیاواز بن. ( Hogan, 2011:254)

ئەگەر لەسەر ئەم پێوەرە بڕۆین دەکرێ بە ئاسانی زار و زمان لە یەک جودا بکرێنەوە و پۆلێن بکرێن، هەر بەم پێوەرە دەکرێ بزانین بۆچی سوێدی و نەرویجی و دانمارکی لە یەکیش تێدەگەن، بەڵام سێ زمانن و سێ زار نین، چونکە لە ڕووی مێژوویی و سیاسی و کولتوورییەوە سوێدی و نەرویجی و دانمارکی سێ نەتەوەن و سێ دەوڵەتی نەتەوەیی جیاوازیان هەیە و خەڵکەکەش خۆیان بە سێ نەتەوەی جیاواز و زمانەکانیشیان بە سێ زمانی سەربەخۆی جیاواز دادەنێن. بە نیسبەت زمانی ماندەرینی چینیش کە کۆمەڵێک لەهجەی هەیە کە لە یەک تێ ناگەن و هەر بە زارەکانی یەک زمانیش دادەنرێن، چونکە ئەم زارانە ئاخێوەرانی بە درێژایی هەزاران ساڵ خاوەن مێژوو و  کولتوور و چارەنووسێکی هاوبەش بوون لە نێو شارستانیەتی چینیدا، بۆیە ئاخێوەری هەموو زارەکانی خۆیان بە چینی دەزانن و سەر بە یەک زمانی چینین کە زمانی ماندەرینە.

هەر ئەم پێوەرە کۆمەڵایەتییەش بۆ جوداکردنەوەی زار و زمان بۆ زارە کوردییەکان بە ڕاست دادەنرێت، چونکە هەورامی و شەبەک و کاکەیی و زازا و دملی لەگەڵ ئاخێوەرانی زارە کوردییەکانی دی وەک کوردیی باکوور و کوردیی ناوەند و کوردیی خواروو یەک نەتەوەی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا مێژوو و کولتوورێکی هاوبەش و یەک مەسەلەی سیاسی هاوبەشیش کۆیان دەکاتەوە کە ئەویش مەسەلەی کورد و نیشتمانێکی هاوبەشە کە کوردستانە. هەر لەسەر ئەم بنەڕەتە بە ئاسایی دادەنرێت کە هەندێک زاری کوردی لەگەڵ زارێکی دی جیاوازیی لە ڕێزمان و وشەسازی و فەرهەنگۆکی وشەیان هەیە، بەڵام لەم ڕوانگەوە هەر بە چەند زارێکی زمانی کوردی دادەنرێن. 

هیچ گومان لەوەدا نییە کە جیاوازیی لە نێوان زاری کوردیی ناوەند و زاری گۆران - زازا هەیە، ئەم جیاوازییانەش ڕیشەیی نین، چونکە هەردوو کۆمەڵە زار لەپۆلێنکردنی زمانە ئێرانییەکان سەر بە کۆمەڵە زمانی باکووری ڕۆژاوای زمانە ئێرانییەکانن، کە ئەمەش بەڵگەیە کە هەموو زارەکان پێکەوە یەک پێکهاتەی ڕێزمانی و وشەسازی و دەنگسازی نزیک لەیەک کۆیان دەکاتەوە، بەڵام ئەوەندە هەیە زاری گۆران – زازا بە زارێکی ئارکایک (کۆن) دادەنرێت کە نزیکی لەگەڵ زمانە ئێرانییە کۆنەکان هەیە وەک پەهلەوی و ئاڤێستایی، کە ڕیشەیەکی کۆنتری هەیە لەگەڵ زارە کوردییەکانی دی، کە ئەمەش هیچ لە ئەسڵی بابەتەکە ناگۆڕێت کە ئەم زارانە ئەمڕۆ هەموو پێکەوە یەک نەتەوە کۆیان دەکاتەوە کە نەتەوەی کوردە و هەمووش پێکەوە کۆمەڵە زارێکن یەک زمان کۆیان دەکاتەوە کە ئەویش زمانی کوردییە.

ئەگەر لای ڕۆژهەڵاتناسان زاری گۆران – زازا بە کوردی دانەنراوە، ئەمە دیارە ئەوان تەنیا لە ڕوانگەیەکی پەتیی زمانەوانییەوە سەیری ئەو زارانەیان کردووە و هیچ حیسابێکیان بۆ ئاخێوەرانی نەکردووە کە ئەوانە پێکەوە بە درێژایی مێژوو ئەو زارانەیان بە یەک زمان داناوە و هەموو تێکەڵ بە یەک بوون و زارەکان لەیەک نزیک بوونەوە و ڕەنگی یەکدیان وەرگرتووە، لە ماوەی زیاتر لە هەزار ساڵیش ئاخێوەرانی پێکەوە مێژوو و کولتوور و نەتەوەیەکی هاوبەشیان هەبووە، ئێستاش پێکەوە یەک مەسەلەی سیاسی کۆیان دەکاتەوە کە مەسەلەی کوردە. 

ئەم کێشەیە لەو کاتەوە دەستی پێ کرد کاتێک لە کۆتایی سەدەی نۆزدەم زمانە هیندۆ– ئەوروپییەکان پۆلێن کران و لە ناو ئەم پۆلێنکردنەش زمانەکانی نزیک لەیەک لە ناو ئێران و دەوروبەری پۆلێن کران، پۆلێنکردنەکانیش لەسەر پێوەرە زمانەوانییەکان بوون و ڕەچاوی پێوەری کۆمەڵایەتی نەکراوە، بۆیە هەر لەم سەروبەندەش بوو لە توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتناسی ئەم دابەشکردنە هاتە ئاراوە و بە ناوی دابەشکردنێکی زانستی خرایە گەڕ و زمان و زارەکانی لەیەک دابڕی. هەر لەسەر ئەم بنەڕەتەش لوڕییان لە کوردی جودا کردەوە هەر لەبەر ئەوەی کە لە دابەشکردنی زمانە ئێرانییەکان لەگەڵ فارسی سەر بە باشووری ڕۆژئاوای زمانە ئێرانییەکانە، چونکە چەند دەنگێکی لەگەڵ فارسی نزیکترە تا زارە کوردییەکانی دی کە سەر بە باکووری ڕۆژئاوایە. ئیدی دوا ئەوە لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، هەرچی کوردناس و ڕۆژهەڵاتناسی ئەوروپی هەیە کە باسی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و زارە کوردییەکان کردبێت، لە ژێر ناوی میتۆدی زانستی بەم ئاراستەیە کاریان کردووە و ناسنامەی زارە کوردییەکانیان دەستنیشان کردووە. 

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ شەبەکەکان وەک لە مێژووەکەیان نیشان دەدات کە بە درێژایی مێژوو لە زێدی خۆیان و دواتریش لە شوێنی نیشتەجێبوونیان لە دەشتی مووسڵ هەمیشە پێکهاتەیەکی کورد بوون و لەسەردەمی نوێش لەسەر ناسنامەی کوردبوون دوچاری ماڵوێرانی و مەرگەسات بوونەوە، ئەمە بەڵگەیەکی ڕوونە کە ئەوان لەگەڵ کورد خاوەن یەک مەسەلەی سیاسین. 

-ڕەهەندی مەزهەبی و سیاسی لە ناسنامەی شێوەزاری شەبەکیدا 

ڕەهەندێکی دی کە شێوەزاری شەبەکی هەوڵ دەدرێ لە ناسنامەی کوردبوون داماڵرێ و بکرێ بە زمانێکی سەربەخۆ، زمانەوانی نییە، بەڵکو هەمان پێوەری کۆمەڵایەتییە کە پاڵنەر و هۆکاری مەزهەبی و سیاسیی هەیە، چونکە زۆرینەی شەبەک کە بە مەزهەب لە شیعە نزیکن لەگەڵ زۆرینەی کورد جیاوازن کە سوننین، ئەم ڕەهەندە بووە بە خاڵێکی لاواز کە بەشێک لە شەبەکە شیعەکان بانگەشەی نەتەوە و زمانێکی سەربەخۆ بکەن و وەک کەمینەیەکی دینی سەربەخۆ جودا لە کورد بناسرێن، بەڵام لە بەرانبەردا شەبەکە سوننییەکان ئەم بانگەشەیە ناکەن، بە تایبەت لە ژینگەیەکی سیاسی وەک ئەمڕۆ لە عێراق کە شیعە و سوننە لە ململانێیەکی سیاسیی تونددان، تەنانەت لە نێوان عەرەبی عێراقیش شیعە و سوننە بوون بە دوو لەتەوە و بەرانبەر بە یەک وەستاون، بۆیە هەمان هۆکار لە چوارچێوەی نەتەوەیەکی وەک کورد کە ناسنامەیەکی نەتەوەیی یەکگرتووی بەهێزی نییە، و زمانێکی یەکگرتووی بەهێزی وەک زمانی عەرەبیشی نییە، هەروەها پەیوەندیی نێوان ئاخێوەری زارەکانیش پەیوەندییەکی پتەو و بە‌هێز نییە، بۆیە لەم ڕەوشە سیاسی و زمانییە، هۆکاری جیاوازیی مەزهەبی لە دیارکردنی ناسنامەی نەتەوە و زماندا کاریگەرییەکی سەلبی دەبێت.

وەک هەمان بەرنامە بۆ ئێزییەکانیش هەیە، بە هۆی جیاوازیی لە دین لەگەڵ زۆرینەی کورد، هەوڵ دەدرێ وەک گروپێکی ئیتنۆ – دینیی جودا لە کورد خۆیان بناسێنن ئەمە هەرچەندە کە ئێزدییەکان بە زمان بە زاری کوردیی باکوور (کرمانجی) دەدوێن.

 دیارە ئەمانەش کۆمەڵێک ئامانج و ڕەهەندی سیاسییان هەیە، دەسەڵاتدارانی عێراق هەوڵ دەدەن بە هەر شێوەیەک بێت بوونی کورد لە پارێزگای مووسڵ کەم بێتەوە، ڕژێمی پێشووی عێراقیش بە هەمان ئامانجی سیاسی شەبەکەکانی لە ناوچەی خۆیان ڕاگوێزا و دووری خستنەوە بۆ هەریر و چەمەچەماڵ و بازیان بۆ ئەوەی دانیشتوانی کورد و جوگرافیای کوردستان لە شاری مووسڵ بچووک بکاتەوە و ناوچەکە لە کورد چۆڵ بکرێت، دواتریش کە ڕێگەیان پێدرا بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان بەو مەرجە بوو کە بە عەرەب خۆیان تۆمار بکەن.

لەبەر تیشکی ئەم ڕوونکردنەوەیە، دەتوانین بڵێین بەپێی پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان، شەبەکی و هەموو بنزارەکانی دیکەی  گۆران – زازا، سەرەڕای جیاوازییە زمانەوانییەکانیان لەگەڵ زارە کوردییەکانی دی، چەند زار و شێوەزارێکی زمانی کوردین.

شەبەکی، شوێنی لە نێو زارە کوردییەکاندا

شەبەکی لە هەموو ئاستەکانی زمانەوە وەک ماچۆ بە بنزارێک یان شێوەزارێکی زاری گۆرانی - هەورامی دادەنرێت، ئەمە هەرچەندە لە دابەشکردنی زارە کوردییەکان، ناوی شەبەکی وەک بنزارێکی گۆرانی نەهاتووە، بەڵکو زیاتر بە باجەڵانی ناوی هاتووە، تەنیا لە دوا دابەشکردنی زارەکان لە کتێبی (زمانی کوردی و دیالێکتەکانی) دوکتۆر فوئاد حەمەخورشیددا، ناوی شەبەکی وەک بنزارێکی زاری گۆران هاتووە. (د. فوئاد حەمەخورشید،٢٠١٨: ٤٠ )

شەبەکی وەک شێوەزارێکی گۆران - هەورامی تایبەتمەندیی خۆی هەیە و لەگەڵ بنزارەکانی دیکەی گۆران جیاوازە، تێکەڵ بە وشەی عەرەبی و فارسی و تورکی بووە، ئەمەش بە هۆکاری جوگرافی شوێنی نیشتەجێبوونیانە کە شوێنێکی دەشتاییە لە دەشتی مووسڵ(نەینەوا)، بە عەرەب و تورکمان دەورە دراون، بۆیە شێوەزارەکەیان تێکەڵ بە وشە و زاراوەی ئەو زمانانە بووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە شەبەکەکان وەک گروپێکی ئەتنیکی - دینیی فرەنەتەوە، هەندێک هۆزی عەرەب و تورکمانیان تێکەڵ بووە، بەڵام زۆرینەیان کوردن، بێگومان بوونی ئەم نەتەوانەش لەناو شەبەک کاریگەریی لەسەر زمانەکەیان بەجێ هێشتووە. ئەم تایبەتمەندییە لەهجەییە، شەبەکی جودا دەکاتەوە لەگەڵ شێوەزاری باجەلانەکانی ناوچەی لوڕستان و خانەقین. بۆیە پێویستە وەک بنزارێکی سەربەخۆی زاری گۆرانی – هەورامی لەگەڵ بنزارەکانی دی ناوی بێت. لەم توێژینەوەیە دابەشکردنێکی نوێ بۆ زارەکان کراوە و شەبەکی وەک بنزارێکی سەربەخۆی زاری گۆران - زازا دانراوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بە شێوەیەکی وردتر هەموو بنزارەکانی گۆران و زازاکی نیشان دراون: 

زاری کوردیی گۆران – زازا، دوو کۆمەڵ زاری کوردی دەگرێتەوە کە ئەمانەن

-کوردیی گۆرانی – هەورامی: چەند بنزار و شێوەزارێکی هەیە: هەورامی، ماچۆ، باجەڵانی، شەبەکی.
 
-کوردیی زازاکی: چەند بنزار و شێوەزارێکی هەیە: کردکی، کرمانچکی، دملکی.

بنزارەکانی زاری گۆران – زازا بە هەردوو کۆمەڵە زارەوە، چەند شێوەزارێکی هەمەچەشنیان هەیە کە ئاخێوەرانی بە پەرشوبڵاوی لە باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێن. لە باشوور و ڕۆژهەڵات لە لایەن هەورامی و شەبەک و کاکەیی و سارلی و باجەلان و هەندێک عەشیرەتی کورد وەک زەنگنە و ڕۆژبەیانییەکان قسەی پێ دەکەن. لە هەمان کاتدا ئاخێوەرانی سەر بە دین و مەزهەبی جیاوازن. هەورامییەکان کە ئاخێوەری سەرەکیی ئەم زارەن، لە هەر دوو بەشی هەورامانی تەخت و لهۆن لە هەردوو دیوی کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور نیشتەجێن بە دین موسڵمانی سوننین، گۆرانەکان کە چەند عەشیرەتێکن بە دین یارسان (ئەهلی هەق)ن، هەرچەندە ئێستا بە کوردیی خواروو (کەلهوڕی) دەدوێن، بەڵام لە ڕابردوودا بە گۆرانی قسەیان کردووە ئەمڕۆش چەند گوندێک لە ناوچەی گۆرانەکان بە گۆرانی - هەورامی دەدوێن، یارسانەکانی باشووری کوردستان کە بە کاکەیی ناسراون بە ماچۆ دەدوێن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە زمانی دینەکەیان و کتێبە پیرۆزەکانی وەک سەرەنجام و زەبووری هەقیقەت و کەلامەکانی هەر بە زاری کوردیی گۆرانی نووسراون. شەبەکەکانیش کە لە باشووری کوردستان نیشتەجێن، سەر بە هەمان زاری گۆرانی - هەورامین بە دین موسڵمانی شیعە و سوننین و کۆمەڵیک تایبەتمەندی و نەریتی دینی تایبەت بە خۆیان هەیە. ئەمە بێجگە لەوەی کۆمەڵێک تیرە و عەشیرەتی کوردی وەک باجەلان و زەنگنە و ڕۆژبەیانی و سیامەنسوری کە ئەوانیش بە پەرشوبڵاوی لە کەرکووک و دەشتی گەرمیان نیشتەجێن و بە شێوەزارێکی گۆرانی دەدوێن کە وەک ماچۆ وایە، بە دین زۆربەیان موسڵمانی سوننین و هەندێکیش یارسانن. بەڵام ئەمڕۆ نەوەی نوێیان لە نێو کوردیی ناوەند لە باشووری کوردستان ئەسمیلە بوون و چیدی بە شێوەزارەکەیان قسە ناکەن. لە باکووری کوردستانیش زازاکان بەو زارە دەدوێن و چەند بنزارێکی جیاوازیان هەیە وەک زازاکی، دملکی، کردکی، کرمانچکی،.. زازاکان کە لە باکووری کوردستان لە بینگۆل و دەرسیم و دیاربەکر و خەرپێت، ئەرزنجان، ڤارتۆ، سیڤەرەک، ئورفا.. نیشتەجێن، زارەکەیان لە ڕووی پێکهاتەی ڕێزمان و وشەسازی سەر بە هەمان زاری گۆرانی - هەورامییە، یەک ڕیشەی زمانی و لەهجەییان هەیە، ئەوانیش بە دین و مەزهەب جیاوازن، نیوەیان زازای موسڵمانی سوننین و نیوەکەی دی عەلەوین، عەلەوییەکان بەپێی نەریتی دینییان لە شەبەک و کاکەییەکان نزیکن، بێگومان بە زمانیش هەر لە یەک نزیکن. ئاخێوەرانی زازاکی لە  تورکیا بە هۆی قەدەغەکردنی زمانەکەیان زۆر بە چڕی ئەسمیلە بوون و زۆربەیان بە تورکی قسە دەکەن و خەریکە زارەکەیان لە دەست دەچێت، لە دەرەوە هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ بووژاندنەوەی، بەڵام لە ناوەوە هەر ئەسمیلە دەبن.

وەک دیارە ئەم زارە کوردییە بە هەموو شێوەزارەکانییەوە لە زۆر شوێن بە پەرشوبڵاوی لە کوردستان ئاخێوەری هەیە، هەرچەندە بە نەتەوە کوردن بەڵام یەک ناسنامەی دینی و مەزهەبی یەکگرتوو کۆیان ناکاتەوە، لە هەمان کاتدا ئەو بارودۆخەی کە ئەمڕۆ گەلی کورد و نیشتمانەکەی ڕووبەڕووی بووەتەوە پارچە بوونی کورد و دابەشبوونی سیاسیی کوردستان کە هەرگیز دەرفەتی ئەوەی بە کورد نەداوە یەک زمانی یەکگرتووی کوردی بە یەک ناسنامەی نەتەوەیی یەکگرتوو لە نێو هەموو ئاخێوەری زارەکان بە دین و مەزهەبی جیاواز پێک بێنێت، وەک ئەو زمانە یەکگرتووە نەتەوەییە کە لە نێو نەتەوەکانی هاوسێیدا هەیە، بۆیە لەم هەلومەرجە جیۆپۆلیتیکی و جوگرافی و کۆمەڵایەتی و سیاسیییەی کوردستان پەیوەندیی نێوان ئاخێوەری زارەکانی زمانی کوردی پەیوەندییەکی بەهێز و پتەو نییە، ئەمڕۆ لە سەردەمی دەوڵەت – نەتەوە ئاخێوەرانی لەبەردەم پچڕان و پەرتەوازەییدان و کەلێن کەوتووەتە نێو ئاخێوەری زارە کوردییەکان و ناسنامەیان، لە هەمان کاتدا ئەم ڕەوشە دینی و مەزهەبی و زمانی و لەهجەییە، بەهانەیەک بووە بۆ داگیرکەرانی کوردستان کە لەم کەلێنەوە بێنە ژوورەوە و زیاتر کورد پەرتەوازە بکەن و زمانەکەشی دابەش بکەن. ئەگەر لەم ڕووەوە سەیری ناسنامەی زاری گۆران – زازا بکەین، دیمەنەکە ڕوون دەبێتەوە کە ئەوەی  ئەمرۆ بە سەر ئاخێوەرانی ئەم زارەدا هاتووە کە لە ناسنامەی کوردبوون دوور دەکەونەوە زیاتر هۆکاری دینی و مەزهەبی و ساسییە کەمتر هۆکاری زمانەوانی و هۆکاری جیاوازیی لەهجەیی دەگرێتەوە، بێگومان بۆ شەبەکیش هەمان هۆکارە.
شەبەکیش وەک زازاکی، شێوەزارەکەیان لەبەردەم مەترسی فەوتان و ونبووندایە، چونکە شەبەکەکان لە ناوچەیەک نیشتەجێن کە سەر بە پاڕێزگای مووسڵە و خوێندنیان هەمیشە بە عەرەبی بووە و هەرگیز بە شێوەزارەکەی خۆیان نەیان خوێندووە، هەروەها لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراقیش ناوچەکەیان سەر بە پارێزگای مووسڵ بووە و لە دەرەوەی ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستان بووە، هەرگیز خوێندنی کوردی لە ناوچەکەیان نەبووە تەنانەت بە زاری کوردیی ناوەندیش نەیان خوێندووە، شێوەزارەکەش زۆر بەچڕی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی زمانی عەرەبی، بۆیە ئەم شێوەزارە بچووکە لەم ناوچەیە و بەم ڕەوشە زمانییە، کە هیچ پلەوپایەکی بۆ خوێندن نییە و تەنیا زمانی زارەکییە، هەروەها ژمارەی ئاخێوەرانیشی بەردەوام لە کەمبوونەوەدایە، چونکە جیلی نوێ کەمتر قسەی پێ دەکەن، بۆیە لەم هەلومەرجە زمانییە، شێوەزارەکەیان وردە وردە لاواز دەبێت و ئەگەر هەوڵی بووژاندنەوەی نەدرێت بۆی هەیە لە پاشەڕۆژ لە ناو بچێت. 

کورتەمێژوویەکی شێوەزاری کوردیی شەبەکی

زاری گۆرانی لە سەردەمێکدا لە ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی کوردستاندا زمانێکی باڵادەستی ئەدەبی بووە، بۆ ماوەی پێنج سەدە ئەو زمانە ئەدەبییە خەرمانێکی گەورەی ئەدەبی کوردی پێ نووسراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە زمانی دینی و دەقی دینیی یارسانەکانیش بووە. شەبەکی وەک بنزارێکی ئەو زارە، کە لە دووریی ئەو زمانە ئەدەبییە بووە، بە هۆی دووری شوێنی جوگرافی لە دەشتی مووسڵدا، هیچ شاعیرێک هەڵنەکەوتووە لە نێو شەبەکەکان بە گۆرانی شیعر بنووسێت، تەنانەت وەک بنزارێکی کوردیی گۆرانیش نەبووە بە زمانێکی ئەدەبی لە ناوچەکەی خۆیان، بە دەگمەن نەبێت دەقی ئەدەبی بە شەبەکی بەرچاو ناکەوێت، هەروەها وەک یارسانەکانیش نەبووە بە زمانی دینییان، هیچ دەقێکی دینی یان سروودێکی دینی شەبەکی بە زارەکەی خۆیان نییە. هەرچەندە شەبەکە شیعەکان کتێبێکی دینیی خۆیان هەیە بە ناوی (بویروق: فه‌رمانی حه‌زره‌تی شیخ سه‌فی کتێبی پیرۆزی شه‌به‌ک). بەڵام بە زمانی تورکیی ئازەرییە و کوردی نییە، بەم دواییە بۆ کوردی تەرجەمە کراوە. (ئەمجەدی، ٢٠١١ ) شەبەکی زیاتر ئەدەبی زارەکی هەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جار دەقی ئەدەبی و مەولودنامەش بە شەبەکی نووسراوە. لە نێو دەستنووسە دۆزراوەکان، ناوی شاعیرێکی شەبەکی هاتووە کە بە زارەکەی خۆی دیوانی شیعری هەیە و لە سەدەی نۆزدەم ژیاوە، ئەم شاعیرە سەید عەبدوڵلای مەئالییە( له ١٢٨٩ هجری/ ١٨٧٣ میلادی مردووە) یەکێک بووە لە موریدانی تەکیەی شێخانی بریفکان. لە کتێبی (بوژاندنەوەی مێژووی زانایانی کورد) قەسیدەیەکی دە دێریی هاتووە بە شێوەزاری شەبەکی، کە ئەمە دێری دوایی شیعرەکەیە و شاعیر ئاماژە بە زمانەکەی دەدات و دەڵێت، زمانم شەبەکییە:

گەر هەممە یار و ویرین ئەز دل ئاگاه حەزین بزبان شەبەکی باچە و بە مەئالی غەزەلی (محەمەد عەلی قەرەداغی، ١٩٩٩: ٢٣٠ - ٢٣١) دۆزینەوەی ئەم دیوانە شیعرییە بە شەبەکی سەرەتایەکە بۆ دۆزینەوەی دەقی دیکەی ئەدەبی کە بە شەبەکی نووسراون. بۆ مەولودنامە، شەبەکیش وەک زارەکانی دیکەی کوردی مەولوودنامەی پێ نووسراوە. مەولودنامەیەکی شەبەکی لە لایەن عەباس خەجان (١٨٨٥ – ١٩٧٠ م) لە عەرەبییەوە تەرجەمەی شەبەکی کراوە و بە شیعر هۆنراوەتەوە. (عەباس خەجان، ٢٠١١ ) ئەمەی خوارەوە پارچە دەقێکی ئەم مەولودنامەیە: 

هەر کی خلاسبێش مەگۆ چە ئاوری
سەلەوات بارۆ ئەلا پێغەمبەری
باچمێ ئەوەل نامی خودایی جیهان
فەرزە سەرمان چە گیشتە کارێ هەمان
کاریکی ئەوەلش بیسمیللا ببۆ
ئو کارە بێشک بزان ئاسان مەبۆ
تەک و تەینان بێ میسالەن بێ نەزیر

بێ شەریکەن بێ زەوالەن بێ وەزیر
(عەباس خەجان، ٢٠١١: ١٦ )

شەبەکییش وەک هەموو زار و شێوەزارێکی کوردی لە ڕووی ئەدەبی زارەکییەوە دەوڵەمەندە. بەم دواییە کۆمەڵێک پەندی پێشینان و قسەی نەستەقی شەبەکی لە لایەن هەردەوێل کاکەیی کۆ کراونەتەوە و بڵاوکراونەتەوە. (هەردەوێل کاکەیی، ٢٠٠٨ )

 لە بواری  فەرهەنگنووسی بۆ شێوەزاری شەبەکی چەند هەوڵێک دراوە، لە لایەن هەردەوێل کاکەیی فەرهەنگی شەبەکی بڵاو کراوەتەوە. (هەردەوێل کاکەیی، ٢٠١١ )ئەم فەرهەنگە هەنگاوێکی گرنگە بۆ کۆکردنەوەی وشەکانی زمانەکە، و پاراستنی، هەر بەم دواییە لە لایەن عەباس سوڵتان فەرهەنگێکی شەبەکی – ئینگلیزی بڵاو کراوەتەوە. ئەم فەرهەنگە بە ئەلفبێی لاتینییە و نووسەر پێی وایە ئەم ئەلفبێیە گونجاوترە بۆ نووسینی شەبەکی، بێگومان ئەم فەرهەنگە هەوڵێکی پێشەنگە بۆ ناساندنی شێوەزاری شەبەکی بۆ لێکۆڵینەوەی کوردناسە ئەوروپییەکان. ( Sultan, 2016:13 -14)

کوردیی شەبەکی لە کاری ڕۆژهەڵاتناساندا

شەبەکی سەرەڕای کەمی ژمارەیان و دووری و لاپەڕگەیی شوێنەکەیان، بەڵام لای هەندێک لە ڕۆژهەڵاتناسان جێگەی سەرنج بووە. چەندین کوردناسی ئەوروپی سەردانی شوێنەکەیان کردووە و توێژینەوەیان لەسەر شێوەزارەکەیان نووسیوە. 

لە سەرەتای سەدەی بیستەم ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمانی "ئۆسکار مان" سەردانی ناوچەی شەبەکەکانی کردووە ناوی یازدە گوندی شەبەکی لە لیستێک تۆمار کردووە بە ناوی باجەڵان، کە ئەوانی گەڕاندووەتەوە بۆ باجەڵانەکانی ناوچەی قەسری شیرین و زەهاو.

( Mackenzie,1956:418). لە ساڵی ١٩٥٥ دەیڤید مەکەنزی سەردانێکی کورتی چەند گوندێکی ناوچەی شەبەکەکانی کردووە، لەوێ چاوی بە چەند کەسێک کەوتووە، بەڵام زانیاریی لەبارەی زمانەکە لە گەنجێک وەرگرتووە بە ناوی قاسم ڕەشید کە خۆبەخشانە یارمەتی داوە، و داتا زمانییەکانی لە ڕێی ئەوەوە تۆمار کردووە. دوای گەڕانەوەی بۆ بەریتانیا، کاری لەسەر ئەم کەرەستە زمانییە کردووە و هەندێک لایەنی ڕێزمانی شەبەکی شی کردووەتەوە، بە وتارێک بەناوی (باجەڵان) لە گۆڤاری سکولی توێژینەوە ڕۆژهەڵاتی و ئەفەریقییەکان بڵاوی کردووەتەوە. ( Mackenzie,1956:419) مەکەنزی لەم توێژینەوەیە و چەندین توێژینەوەی دیکە هەمیشە تەئکید دەکاتەوە کە زاری گۆران بە هەموو بنزارەکانییەوە کوردی نین، بەڵکو ڕیشەی لە زمانە ئێرانییەکانی ناوەندە. 

لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا لە لایەن دوو کوردناسی هۆڵەندی میشیل لەیزینبێرگ و مارتن فان برونێسن دوو توێژینەوە لەسەر شەبەکەکان نووسراوە، بەڵام کەمتر لەسەر زارەکەیان بووە، زیاتر لە ڕووی ئەتنۆگرافی و مێژووی شەبەک و ڕەگوڕیشەی دینەکەیان بووە.

میشیل لەیزینبێرگ لە ساڵی ١٩٩٤ توێژینەوەیەک لەسەر شەبەک و کاکەیی بڵاو دەکاتەوە، باسی هەردوو گرووپی دینی لە ناو کورددا دەکات، بە درێژی لە ئەسڵی شەبەک و ڕیشەی دینەکەیان دەکۆڵێتەوە. لە بەشێکی توێژینەوەکەی بەراوردی کۆمەڵێک وشە و کەرەستەی ڕێزمانی بنزارەکانی گۆرانی – هەورامی دەکات وەک ماچۆ، شەبەکی، باجەڵانی، هەورامی. لە ئەنجامی بەراوردەکەی گەیشتووە بەو ئەنجامە کە شەبەکی لەگەڵ بنزارەکانی دیکەی ڕیشەیان یەکە و جیاوازییەکان زیاتر لە ڕووی دەنگسازییە، بەڵام لە ڕووی وشەسازییەوە جیاوازییان کەمە.( Leezenberg, 1994:17) 

هەرچی توێژینەوەکەی مارتن فان برونێسنە، کە لە ساڵی١٩٩٨ بڵاو بووەتەوە زیاتر تیشک دەخاتە سەر بنەچەی شەبەکەکان و پێی وایە شەبەک و کاکەیی و ئێزیدی لەگەڵ عەلەوییە قزلباشەکان نزیکیان هەیە و پێی وایە لە ڕووی ڕیشەی دینی و زمانەوە هاوڕیشە بن، ئەمە هەرچەندە ئێزیدی بە زارێکی دیکەی کوردی قسە دەکەن کە سەر بە زاری کوردیی باکوورە (کرمانجی).( Bruinessen, 1998: 185 -196).

لەیزینبێرگ هەر لە درێژەی توێژینەوەکانی دەربارەی شەبەک لە ساڵی ٢٠١٤  توێژینەوەیەکی دیکە لەبارەی شەبەک بڵاو دەکاتەوە بە ناوی (کۆتایی هێترۆدۆکسی: شەبەک لە عێراقی پاش سەدامدا). لەم توێژینەوەیە ئاماژە بە کۆتایی هیترۆکسی دینی لای شەبەکەکان دەدات کە ئەو جیاوازییە دینییەی هەیان بووە لەگەڵ موسڵمانی سوننە و شیعە لە دوای ڕووخانی سەدام و بەهێزبوونی باڵی شیعە لە عێراقدا، ئەم گروپە ئیتنۆ – دینییە زیاتر بەرەو شیعەی ئیمامی ڕۆیشتوون چیدی ئەو ڕێوڕەسمە دینییە شەبەکییە جێبەجێ ناکەن کە لە ڕابردوودا پێی ناسرابوون. (Leezenberg, 2014)

شەبەک  و شەبەکی بەرەو کوێ؟

ئەو گۆڕانە سیاسییەی کە بەم دواییە بە سەر عێراقدا هات، کاریگەریی لەسەر شەبەکیش هەبووە، بە تایبەت لەم ڕووەوە کە زۆرینەی شەبەک بە مەزهەب شیعەن و باڵی شیعەی ئیمامیش لە عێراقدا بە هێز بووە، لە هەمان کاتدا شیعە لە عێراقدا هەوڵ دەدەن هەر گرووپێک کە لە شیعە نزیک بێت، بەرەو شیعەی ئیمامی کێشیان بکەن، بۆیە شەبەکە شیعەکان ئەو تایبەتمەندییە دینییەی هەیان بووە کاڵ بووەتەوە، زیاتر بەرەو شیعەگەری و  شیعەی ئیمامی دەچن و لە ڕێورەسمی شەبەکی دوور دەکەونەوە، کە ئەمەش کاریگەریی هەیە بۆ پارچەبوونی یەکڕیزیی کۆمەڵگەی شەبەکی، و لەناوچوونی باوەڕ و کولتووری شەبەکی و دوور کەوتنەوە لە ناسنامەی نەتەوەیی کوردی، ئەمە بە تایبەت کە هەندێک لە شەبەکە شیعەکان بانگەشەی نەتەوە و زمانێکی سەربەخۆ بۆ شەبەکەکان دەکەن، بۆیە ئەمانە هەموو چەند هێمایەکن کە ئەو یەکێتییە ئیتنۆ- دینییە بە ناسنامەی کوردی کە لە نێو شەبەکەکاندا هەبووە کۆتایی بێت و لە ڕووی ناسنامەی نەتەوەییش شەبەک بەرەو پارچەبوون بچن، یان ڕاستتر بڵێین ببن بە شەبەکی سوننی بە ناسنامەی کوردی و شەبەکی شیعە بە ناسنامەیەکی نەتەوەیی شەبەکی و زمانێکی سەربەخۆی شەبەکی کە کوردی نییە.

شێوەزاری شەبەکیش، بەهۆی دەسەڵاتی زمانی عەرەبی لە ناوچەکەیان بەردەوام زمانەکەیان بەرەو لاوازی دەچێت، ئەگەر ئەم ڕەوشە زمانییەی ئێستا بەردەوام بێت ئیدی شەبەکیش وەک شێوەزارێک بەرەو ئەسمیلەبوون دەچێت، چونکە لە هیچ سەردەمێک بە شێوەزارەکەی خۆیان لە ناوچەکەیان نەیان خوێندووە، تەنانەت بە زمانی کوردیی ناوەندییش نەیان خوێندووە، بۆیە لە لایەک لە ڕووی زمانەوە هێشتا تەعریب لە ناو شەبەکی بەردەوامە، کە ئەم ڕەوشە زمانییە شێوەزارەکەیان بەرەو لاوازی و توانەوە دەبات، ئەمە لە کاتێکدا هیچ بەرنامەیەکیش لە نێو شەبەکەکاندا نییە بۆ بووژاندنەوەی زمانەکەیان و پاراستنی، بۆیە ئەم جۆرە هەلومەرجە زمانییە لەم دۆخە سیاسییە کە بە سەر ناوچەکەیاندا زاڵە، ئەگەر هەوڵیکی جددی نەدرێت کە شێوەزارەکەیان بە زیندوویی بمێنێتەوە و قسەی پێ بکرێت و پێی بنووسرێت، ئەوا هیچ ئاسۆیەکی گەش بۆ مانەوەی شەبەکی وەک شێوەزارێکی کوردی لە پاشەڕۆژدا نابیندرێت. 

ئەنجام

شەبەکەکان وەک پێکهاتەیەکی کورد بە درێژایی مێژوو هەر بە کورد ناسراون، بەڵام لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا بە زۆر شێوە هەوڵ دراوە لە ناسنامەی کوردبوون دایانبڕن و بیانکەن بە تورک یان عەرەب. ڕژێمی پێشووی عێراق زۆر هەوڵی داوە ئەوان بکات بە عەرەب، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە. لە سەردەمی نوێشدا دوای ڕووخانی سەدام لە عێراقدا، شەبەک ڕووبەڕووی ئالنگاری نوێ بوونەوە بەهۆی ئەو گۆڕانە سیاسییە کە بەسەر عێراقدا هات کە بووە هۆی بەهێزبوونی باڵی شیعە لە عێراقدا، شەبەکە شیعەکانی بەرەو شیعەگەری بردووە و دوور کەوتوونەوە لەو ناسنامە دینییە شەبەکییە کە پێی ناسرابوون، هەر لەم ڕووەوە هەوڵ دەدرێ لە ڕووی ناسنامەی نەتەوەییەوەش بکرێن بە گرووپێکی ئەتنیکی سەربەخۆی غەیری کورد، ئەمە هەرچەندە ئەوان لە ڕابردوودا بە هۆی کوردبوونیان هەمیشە باجی قورسیان داوە و دوچاری ڕاگوێزان و وێرانبوونی ئاواییەکانیان هاتوون. لە لایەکی دیکەوە بەهۆی جیاوازی لە پێکهاتەی دینی و مەزهەبی لەگەڵ زۆرینەی کورد، هەوڵ دراوە شەبەکەکان لە کورد جودا بکرێنەوە، کە ئەمەش بە هۆکاری سیاسییە و زمانەوانی نییە، چونکە وەک دیارە شەبەک بە درێژایی مێژوو کورد بوون و شێوەزارەکەشیان لەگەڵ بنزارەکانی دیکە وەک هەورامی، باجەلانی، ماچۆ،  سەر بە زارێکی کوردین کە بە زاری گۆران – زازا ناسراوە. هەرچەندە ئەم شێوەزارە لەگەڵ ئاخێوەرانی کوردیی ناوەند و زارەکانی دیکەی کوردی لە یەکگەیشتنیان نییە، بەڵام بەپێی پێوەری کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و کولتووری کە لەگەڵ کورد هاونەتەوەن، شێوەزارەکەشیان هەر بە کوردی دادەنرێت، چونکە ڕیشەی هاوبەشی لەگەڵ زارە کوردییەکاندا هەیە، بۆیە لەم ڕوانگەوە شەبەکی هەر بە شێوەزارێکی زمانی کوردی دادەنرێت. شێوەزاری شەبەکی وەک زمانێکی زارەکی هیچ بایەخێکی بۆ خوێندن و نووسین نییە، لە پارێزگای مووسڵ هەمیشە بە عەرەبییان خوێندووە، بۆیە ئەمڕۆ زمانەکەیان لەبەردەم مەترسی ونبوون و ئەسمیلەبووندایە، پێویستە هەوڵێک بدرێ ببووژێندرێتەوە، چونکە زمان ناسنامەیەکی گرنگە بۆ شەبەک، بە فەوتانی زمان، بەشێکی گرنگی ناسنامەیان لەبەین دەچێت. 
 
 
سەرچاوەکان

1-Bruinessen, Martin van (1998), The Shabak, a Kizilbash community in Iraqi Kurdistan, in Les Annales de l'Autre Islam 5.

2-Chambers, J.K. and Trudgill, Peter (1998), Dialectology, Cambridge University press.

3-Hogan, Patrick Colm (edited) (2011), The Cambridge Encyclopedia of the language science, Cambridge university press

4-Leezenberg, Michiel (1994), The Shabak and the Kakais: Dynamics of Ethnicity in Iraqi Kurdistan. Institute for Logic, Language and Computation. University of Amsterdam

5-Leezenberg, M. (2014), The end of heterodoxy? The Shabak in post-Saddam Iraq. Studies in Oriental Religions, 68.

6-Mackenzie, D. N. (1966), The dialect of Awroman (Hawraman-i Luhon) Grammatical sketch, texts, and vocabulary, Munksgaard, Kobenhavn. 

7-Mackenzie D. N.(1956), Bāǰalānī,  Bulletin of the School of Oriental and African Studies, University of London, Vol. 18,No. 3.

8-Minorsky, Vladmir (1943), "The Gûrân," Bulletin of the School of Oriental and African Studies, Vol. 11, Part I.

9-Sultan, Abbas (2016), Shabaki – English Dictionary, Dar Al-mahaja Al Baydhaa, Beirut.

١٠- ئاره‌شی ئه‌مجه‌دی(وەرگێڕ) (٢٠١١)، بویروق: فه‌رمانی حه‌زره‌تی شیخ سه‌فی کتیبی پیروزی شه‌به‌ک، بڵاوکراوەی دەزگای ئاراس، هەولێر.

١١- د. زرار صدیق تۆفیق(٢٠٢٠)، کاکەیی – ئەهلی هەق و شەبەک: لێکۆڵێنەوەیەکی مێژوویی، چاپخانەی زانکۆی سەلاحەدین، بڵاوکراوەی ئەکادیمیای کوردی، هەولێر، ٢٠٢٠.

١٢- د. فوئاد حەمەخورشید ( ٢٠١٨)، زمانی کوردی و دیالێکتەکانی، توێژینەوەیەکی جوگرافی، وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە بۆ کوردی: سوداد ڕەسووڵ، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر.

١٣- عەباس خەجان ( ٢٠١١)، مەولوودنامەی پێغەمبەر بە زاراوەی شەبەک، ئامادەکردن و لێکدانەوەی: هەردەوێل کاکەیی، ئینستیتیوتی کەلەپووری کورد، چاپی یەکەم، سلێمانی.

١٤- محەمەد عەلی قەرەداغی (١٩٩٩)، بوژاندنەوەی مێژووی زانایانی کورد لە ڕێگەی دەستخەتەکانیانەوە، بەرگی دووەم، چاپی یەکەم، سلێمانی.

١٥- د. نەجاتی عەبدوڵلا(٢٠١٥)، شەبەک: مێژوو و زمان و باوەڕیان، گۆڤاری ئەکادیمیانی کوردستان، ژمارە (٤)، چاپخانەی سەردەم، سلێمانی.

١٦- هەردەوێل کاکەیی (٢٠٠٨)، پەندی پێشینان و قسەی نەستەقی شەبەک، ئینستیتیوتی کەلەپووری کورد، بڵاوکراوەی دەزگای ئاراس، چاپی یەکەم، هەولێر. 

١٧- هەردەوێل کاکەیی (٢٠١١)، فەرهەنگی شەبەک، بڵاوکراوەی ئینستیتوتی کەلەپووری کورد، سلێمانی. 

چاوپێکەوتن
-چاوپێکەوتن لەگەڵ مامۆستا ئەمجەد جومعە (بە ئەسڵ شەبەک)، ڕێکەوتی ٦-١٠- ٢٠٢٠

تێبینی: ئەم توێژینەوەیە لە گۆڤاری شنروێ ژمارە (٢) ی ساڵی ٢٠٢٠ بڵاو بووەتەوە.

بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە: 

http://www.journal.yaresan.com/fa/1/13-vol1no22020



ئه‌م بابه‌ته 151 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر