بڕیاری (986) چی بوو

بە بڕیاری 986 ی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی1996، وڵاتی "ئێراق" لە رێگەی بریکارەکان خۆراکی مانگانە بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت. و ساڵی 2017 حکومەتی ئێراق بڕیاریدا لە بەرامبەر بەشە خۆراک پارە تەرخان بکات، بەڵام بەهۆی ناڕەزاییەکان بڕیارەکە هەڵوەشایەوە، هەروەها پشکی هه‌رێمی کوردستان له‌ داهاتی فرۆشتنی نه‌وت بۆ یارمه‌تی مرۆڤایه‌تی 13% بوو. دوای رزوخاندنی رژێم له‌ سه‌رده‌می مه‌جلیسی حوکمدا حاکمی مه‌ده‌نی ئه‌وسای "ئێراق" سه‌فیر- پۆڵ بریمه‌ر له‌ سه‌ر داوای کورد کردی به‌ 17%.
PM:04:26:07/02/2021
دۆسیە: عیراقناسی
(بەرنامەی نەوت بەرامبەر بە خۆراک) کۆمەڵێک رێکار لە خۆدەگرێ کە نەتەوەیەکگرتووەکان بە بریاری ژمارە (986) پەسەندی کردن.

هۆشیار جەمال
نوسەر و توێژەر



میکانزمی خستنە بازاڕی نەوتی خاوی عێراق لە سەردەمی بەرنامەی نەوت بەرامبەر بە خۆراک (1996-2003 )

ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی "ئێراق" کە لەگەڵ "نەتەوەیەکگرتووەکان" مۆریکرد دواتر ناونرا(بەرنامەی نەوت بەرامبەر بە خۆراک) کۆمەڵێک رێکار لە خۆدەگرێ کە نەتەوەیەکگرتووەکان بە بریاری ژمارە 986 پەسەندی کردن رێکارەکانیش بریتین لە:-
 
1-گرێبەست؛ لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە دەکرێت کە لە نەتەوەیەکگرتووەکان تۆمار کراون وەکو کریاری نەوتی خاوی ئێراقی، هەروەها تۆمار کردنی ئەو کۆمپانیایانە لە نەتەوەیەکگرتووەکان پێویست بەوە ناکات کە پێشتر گرێبەستی نەوت کرینی لەگەڵ ئێراقدا مۆرکردبێ.

2-کاری سازدانی گرێبەست؛ لەگەڵ کڕیارانی نەوتی خاو خرایە ئەستۆی کۆمپانیای خستنە بازاڕی نەوتی ئێراقەوە.

3-گرێبەستکردنی نەوت؛ بە پێی ڕێنماییەکانی گرێبەستی پێوانەی یەکخراو دەبێت، پێش جێبەجێکردنی بەرنامەکە کۆمپانیای خستنە بازاڕی نەوتی ئێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر بەندەکانی ئەو گرێبەستی پێوانەیی یەکخراوە رێکدەکەون.

4-هەموو گرێبەستەکان؛ دەبێ لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە رەزامەندی لەسەر بدرێ، هیچ گرێبەستێ بەبێ رەزامەندی نەتەوەیەکگرتووەکان جێبەجێ ناکرێت.

5-پارەی گرێبەستەکان؛ (واتە کڕینی نەوت) بەم جۆرە دەدرێ:- دەبێ کڕیار حسابێک، لە بانقێک بکاتەوە بەڵام پێش کردنەوەی حسابەکە دەبێ کۆمپانیای خستنەبازاڕ و نەتەوەیەکگرتووەکان و بانکەکە لەسەر وردەکارییەکانی حسابەکە رێککەوتبن. هیچ کەشتیەک بە نەوتی ئێراقی بار ناکرێت تا کڕیارەکە حساب لە بانکی(Banque_Natioale _De paris) نەکاتەوە و پارەکە نەخاتە سەر حسابی ئێراق.

6-نرخی دانان بۆ نەوتی خاوی ئێراقی؛ لەسەر ئەوە دەبێت کە پێی دەڵێن (بەهای عادیلانەی بازاڕ) کە لیژنەی  661ی نەتەوەیەکگرتووەکان بەهۆی چاودێرەکانیەوە سەرپەرشتیاری دەکات. ئەم نرخ دانانە بە دوا نرخی پێشبڕکێی نەوتی ئەو مانگە دەبێت کە دوای ئەم مانگە دێت کە نرخەکەی تێدا دیاری دەکرێت.

7-نەوتی فرۆشراو؛ لە ڕێی بەندەری جیهانی تورکی و بەندەری بەکر لە بەسرا دەدرێت بە کڕیار.

8-
نەوت بارکردن لە کەشتیە نەوت بەرەکان؛ بە سەرپەرشتیاری کۆمپانیای پشکێنەری سایبۆلتی هۆڵەندی ئەنجام دەدرێت. کۆمپانیای سایبۆلتی هۆڵەندی لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکانەوە راسپێردرابوو بۆ چاودێری کردنی ناردنەدەرەوەی نەوتی خاوی ئێراق. ئەم کۆمپانیایە تا دڵنیا نەبوایە لە هەموو مەرجەکانی گرێبەست و حسابی بانک نەیدەهێشت هیچ کەشتییەک باربکرێ.

شێوازی نرخ دانان بۆ نەوتی خاوی ئێراق لەماوەی بەرنامەی نەوت بەرامبەر بە خۆراکدا

1-کاری دیاریکردنی نرخی نەوتی خاوی ئێراقی بە کۆمپانیای خستنە بازاڕی نەوتی ئێراق سپێردرا بۆ ڕاوێژکردنی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان. دوای چەند ڕاوێژکردنێک کۆمپانیای خستنە بازاڕی نەوت توانی چەند هاوکێشەیەکی نرخ دانانی پێوانەیی دابنێ ئەو هاوکێشانەی نرخ دانان لەگەڵ کریارانی نەوت، ئەوانەی لە نەتەوەیەکگرتووەکان تۆمار کرابوون، گفتوگۆیان لەسەر دەکرا و دواتر لیژنەی 661 پەسەندی دەکردن.

2-ئەو هاوکێشەی نرخ دانانە، لە جێبەجێکردندا نەوتی خاوی ئێراقییان بەشێوەیەک نرخاند کە پێی دەڵێن (نرخی عادیلانەی بازاڕ) کە لەگەڵ نرخی هەموو جۆرەها نەوتەکانی جیهان دەگونجا کە ڕۆژانە نرخیان ڕوو لە زیاد بوون یان نزم بوون بووایە.

3-بە گوێرەی ڕێنماییەکانی رژێمی پێشوو و هەلومەرجی ئێراق لەو قۆناغەدا، نەوتی خاوی ئێراقی نێردراو بەشێوەیەکی گشتی کەمترین ڕادەی نرخی بۆ دادەنرا، ئەویش دوای پەسەند کردنی لە لایەن سەرپەرشتیارانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دابین کردنی سوودێکی کەم بۆ کڕیاران. نرخ دانانەکە ئەمانەی خوارەوەی رەچاو دەکرد.

٭نرخەکان پێشبڕکێیان لەسەر بکرێت بۆ ڕاکێشانی کڕیار و وە دەستهێنانەوەی پشکی ئێراق لە بازاڕی نەوتدا.

٭ڕەچاوکردنی ئەو مەرج و تێچونانەی دەکەوتنە سەر ئەو کۆمپانیایەی نەوتی ئێراق دەکری، لەوانە:-

- ناردنی کۆپی یەکی گرێبەست بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ رازی بوون.

- کردنەوەی پشتگیری(ئیعتیماد) لە بانکێکی جیهانی دیاریکراو.

- نەدانی سزای دواکەوتن بە هۆی بارنەکردنەوە لەبەر نەتوانینی کۆنترۆڵکردنی نەوت فرۆشتن لە لایەن ئێراقەوە (فرۆشیار).

٭ئەو گرێبەستانەی نەوت فرۆشتن کە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان دەکران، تەنیا تا شەش مانگ کاریان پێ دەکرا و نەدەتوانرا بە ئاسانی و ئۆتۆماتیکی تازە بکرێنەوە.

٭پێویستی فرۆشتنی نەوت بە نرخێکی کەمی هاندراو، بۆ ناردنە دەرەوەی زۆرترین بڕی نەوت، تاوەکو بەهای فرۆشتنی هەر سێ مانگێک بگاتە یەک ملیار دۆلار بۆ سێ قۆناغی یەکەمی بەرنامەکە، ئەویش بۆ مسۆگەرکردنی ناردنە دەرەوەی بەردەوامی نەوت بێگومان ئەگەر ئاوا نەبایە ئێراق ئەو پارەیەی دەست نەدەکەوت.

٭نرخ دانانەکە لەسەر بنچینەی مانگانە بوو، کە نرخێک بۆ مانگی داهاتوو لەلایەن کۆمپانیای خستنە بازاڕی نەوتەکەوە پێشنیار دەکرا، سەرەتا لەگەڵ سەرپەرشتیارە نێودەوڵەتیەکان گفتوگۆی لەسەر دەکرا ئینجا دەنێردرا بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەسەندکردنی و دواجار ئەو نرخە بە کڕیارەکە رادەگەیەنرا.

قۆناغەکانی جێبەجێکردنی بەرنامەی نەوت بەرامبەر بە خۆراک

بێگومان جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیە بە سیانزە قۆناغدا بەم شێوەیە تێپەڕی:-

لە قۆناغی یەکەم و دووەم؛ نەوت بۆ کۆمپانیا نەوتییە رووسی و چینی و فەرەنسیەکان بەو پێیەی ئەو دەوڵەتانە قورسایی یەکی زۆریان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەبوو، چونکە ئەندامی بەردەوامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بوون و کاریگەرییان لەسەر داڕشتن و ئامادەکردنی بریاری نێودەوڵەتی بەرامبەر بە ئێراق هەبوو.

ئێراق تا ڕادەیەکی زۆر ئازادی ئەوەی هەبوو کە مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیاکانی تردا بکات بە تایبەتی کۆمپانیای ئەمریکی و بەریتانییەکان. ئەم دوو قوناغە، هەڵپەیەکی زۆری کڕیارانی نەوتی بۆ گرێبەستە نەوتییەکانی ئێراق بە خۆیەوە بینی، لەبەر ئەوە سوودە مسۆگەرانەی ئەم گرێبەستانە هەیان بوو.

لە قۆناغی سێیەمدا؛ رژێمی سەدام دەستیکرد بە بەکارهێنانی ئەم بەرنامەیە بۆ دەسکەوتی سیاسی و ڕاگەیاندن یاخود بە سیاسەتکردنی نەوت، ئەویش بەخشینی بەو کۆمپانیا و کەسایەتی و پارتە سیاسیانەی هاریکارییان دەکرد و قورسایی سیاسی و ڕاگەیاندنیان لە نێو گۆمەڵگه‌ی عەرەبی و نێودەوڵەتیدا هەبوو تاوەکو پشتگیری هەڵوێستە سیاسیەکانی ڕژێم بکەن.

لە قۆناغی سێیەمەوە؛ ئەو تەرخانکردنەی نەوت گەشەیان کرد لەبەر ئەو هەڵپەیەی لەسەر گرێبەستەکانی فرۆشتنی نەوت بوو، تەرخانکردنەکان دوو جۆر بوون:-

جۆری یەکەم:- تەرخانکردنی نەوت بۆ ئەو کۆمپانیا نەوتیە ئاساییانە بوو کە خاوەن پاڵاوگە بوون و سودەکانیان مسۆگەر بوو.

جۆری دووەم:- تەرخانکردنی دیاریکراوی نەوت بوو بۆ ئەو کەسایەتی و پارتە سیاسیانەی پشتگیرییان لەو ڕژێمە دەکرد و هاوسۆزی بوون. ئەم تەرخانکردنانەی نەوت هەلێک بوون بۆ ئەو کەسایەتی و پارتانە بۆ بازرگانیکردن بە نەوت بەسودێکی مسۆگەر.

هەر کە بڕی نەوتی نێردراو زیادی کرد، ڕژێمی پێشوو هەوڵیدا ئەو هەلومەرجە بۆ سوودی دارایی خۆی بقۆزێتەوە، ئەویش بە سەپاندنی دەڵاڵی بەسەر هەر بەرمیلێک نەوتی هەناردە، بەڵام کڕیارانی نەوتەکە بەو دەڵاڵیە ڕازی نەبوون و ئامادە نەبوون نەوتی ئێراق باربکەن، بێگومان دەبوو بە هۆی ئەوەی تێکڕای ناردنی نەوت کەمبێتەوە و داهاتی سێ مانگ فرۆشتنی نەوت لە یەک ملیار دۆلار کەمتربێ. لەبەر ئەم هۆیانە رژێمی سەدام تاوەکو ئەیلولی ساڵی2000 چاوی لە سەپاندنی دەڵاڵی پۆشی.

لە سەرەتای نیوەی قۆناغی هەشتەمدا؛ ڕژێم دەستی کرد بە سەپاندنی دەڵاڵی بەسەر کڕیارەکاندا، ئەمەش بوو بە هۆی هەڵبەز و دابەزی تەرخانکردنی نەوت، کە لەلایەن لیژنەیەکی باڵای دەسەڵاتی ئێراقەوە دیاری دەکرا و، دەنێرا بۆ وەزارەتی نەوت بۆ جێبەجێکردنی بەم جۆرە ڕژێم توانی ئەو بڕیارە نێودەوڵەتیە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێ و هەندێک دەسکەوتی سیاسی و ڕاگەیاندن دەستەبەر بکات و داهاتێکی دارایی زۆر لەو دەڵاڵیە بە دەست بهێنێ کە لە ژێر سەرپەرشتی باڵێۆزخانەکانی ئێراق لە بانکەکانی لوبنان و ئوردن دادەنرا. لە سەرەتا دا سوودی مسۆگەر بۆ کریارەکان بە 10 بۆ 30 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک مەزەندە دەکرا، پاشان ئەم سوودە مسۆگەرە دابەزێنرا بۆ پێنج سەنت بۆ هەر بەرمیلێک، ئەویش کاتێک لە ئەیلولی 2000 دا، بڕی دە سەنت دەڵاڵی بۆ ڕژێم خرایە سەر هەر بەرمیلێک لە ژێر ناوی سوودی مسۆگەردا پاشان ئەو دەڵاڵیە لە کانونی یەکەمی ساڵی 2000 دا زیادکرا بۆ 50سەنت بۆ هەر بەرمیلێک، رژێم وێڕای سەپاندنی دەڵاڵی ئەو مەرجەشی لەسەر کڕیاران دانا کە دەبێ پارەی نەوت کرینەکە بە یۆرۆ بدەن نەوەک بە دۆلار، ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی کۆمپانیا نەوتیە جیهانیەکان چیتر نەوتی ئێراق نەکڕن و ناردنە دەرەوەی نەوتی ئێراق بە تەواوی راوەستێ. بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، لە کانونی دووەمی  2000دا، رژێم بریاریدا دەڵاڵی دابەزێنێ و بیکات بە 30سەنت بۆ هەر بەرمیلێک بۆ ئەو نەوتەی دەچێت بۆ ئەمریکا و  25سەنت بۆ هەر بەرمیلێک بۆ ئەو نەوتەی دەچێت بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا و ئاسیا، وێڕای ئەوەش ڕژێم؛ پره‌نسیپی تەرخانکردنی هەڵپەسارد و دەرگای گرێبەست کردنی نەوتی سەربەست و واڵا کرد لەگەڵ هەر لایەنێک ئامادە بێ کە دەڵاڵی بدات، ئەمەش وایکرد کە ئەو کۆمپانیایانەی بازرگانی بە فرۆشتنی نەوتەوە دەکەن و ئەوانەی دەڵاڵی لەنێو کریار و فرۆشیاردا دەکەن کە لە پێشدا هیچ هەلێکی گرێبەستکردنیان بۆ نەدەرەخسا، نەوتی ئێراق بە هەرزانترین نرخ لە چەند لایەنێکی ئێراقی بکڕن وەکو، وەزارەتی نەوت، وەزارەتی بازرگانی، دەزگای پیشەسازی سەربازی.

سەرەڕای ئەوانەی سەرەوە، بازرگانی دوو قۆڵی لە نێوان؛ ئێراق هەریەکە لە تورکیا و سوریا و ئۆردن پەیدا بوو. ئێراق لە ڕێی بەندەرەکانی سەر کەنداوەوە نەوتی خاو و بەرهەمی تریشی دەنارد بۆ هەریەک لەو سێ دەوڵەتانە لەبری ئەو هەناردانە پارە یاخود کاڵای تری لێوەردەگرتن. ئەمانە بوون بە هۆی ئەوەی داهاتی ڕژێمی پێشوو زیاد بکات و پێشێلی بڕیارە نێودەوڵەتیەکان بکات.

لە قۆناغی دەیەم؛ سەرپەرشتیارانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەستیان کرد بە بەرزکردنەوەی نرخی نەوتی ئێراق بۆ بەرزترین ئاست بۆ کەم کردنەوەی ئەو سوودە مسۆگەرەی بۆ کڕیارەکان دانرابوو، هەروەها لاواز کردنی توانایان تاوەکو دەڵاڵی نەدەن بە ڕژێمی ئێراق، ئەمەش وای لە ڕژێم کرد بگەڕێتەوە سەر پرنسیپی تەرخانکردن.
لە قۆناغی یازدە؛ بە هۆی بەرزی نرخی نەوتی عێراقی، بڕی ناردنە دەرەوەی نەوتی عێراق کەمبۆوە، هەرچەندە لە مایسی ساڵی 2002دا دەڵاڵی لەسەر نەوتی نێردە کرا بە 15 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک.

قۆناغی دوازدە و سێزدەی بەرنامەکە؛ لابردنی دەڵاڵی بە ناچاری بەخۆیەوە بینی بۆ پاراستنی ئاستی ناردنە دەرەوەی نەوت. ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی هەندێک کۆمپانیای خاوەن پاڵاوگە و هەندێک پارت و کەسایەتی دووبارە ڕوو لە ئێراق بکەنەوە بۆ نەوت کڕین. زۆربەیان گرێبەستی کڕینی نەوتیان لە ئێراق مۆرکرد بەڵام گرێبەستەکانیان جێبەجێنەکرد لەبەر کەم بوونەوەی یاخود نەمانی سوود.

بە لێبووردنەوە لە پسوڵەکانی فرۆشتنی نەوت، سەرنجی ئەمانە دەدرێ:

٭ڕژێمی پێشوو (2645,62) ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بۆ کۆمپانیا نەوتیەکان تەرخانکردبوو کە دەیکردە 66٪ی سەرجەمی نەوتە تەرخانکراوەکان.

٭بڕی ئەو نەوتەی بۆ کەسایەتیەکان تەرخانکرابوو،(1060,07) ملیۆن بەرمیل بوو کە دەیکردە 27٪ی سەرجەمی نەوتە تەرخانکراوەکان.

٭بڕی ئەو نەوتەی بۆ پارتە سیاسیەکان تەرخانکرابوو (289,31)ملیۆن بەرمیل بوو کە دەیکردە 7٪ی سەرجەم نەوتی تەرخانکراو.

بێگومان دوای رووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری لە 2003/4/9 دا تاوەکو ساڵی 2007 شەش جار وەزیری نەوتی ئێراقی گۆراوە ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ئەم وەزارەتە نەتوانێ پلانی ستراتیجی بۆ کەرتی نەوت لە ئێراقدا دابنێ وێڕای چارەسەر کردنی کێشەکانی کەرتی نەوت و دابین کردنی پێداویستیەکانی ژێر خانەکەی کە داڕماوە.

ئەو هۆیانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێکرا، بوون بە هۆی ئەوەی ئێراق لە ساڵی  2005دا دوا دەوڵەت بێ لە لیستی ئەو دەوڵەتانەی کە نەوت بەرهەم دەهێنن و دەشی نێرنە دەرەوە، هەرچەندە دووەم یاخود سێیەم دەوڵەتە لە جیهاندا لە رووی هەبوونی یەدەکی نەوتەوە ئێراق لە ساڵی 2005دا، (1,9) ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لە رۆژێکدا بەرهەمهێناوە و (1,5) ملیۆن بەرمیلی لە رۆژێکدا ناردۆتە دەرەوە.


سەرچاوەکان

کتێب
1/ د، بایەزید حسن عبدوللە، سامانی نەوت و گازی عێراق و پشکی کورد لە بەڕێوەبردنیدا، چاپخانەی کارۆ،چاپی یەکەم، سلێمانی، ساڵی 2008.

2/ نەوشیروان مستەفا ئەمین، ئێمە و ئەوان ناکۆکیەکانمان لەسەرچین؟، چاپخانەی زەرگەتە/ سلێمانی چاپی چوارەم،2009

ئینتەرنێت

1/ سایتی باسنیوز،https://www.basnews.com/so/babat/483201



ئه‌م بابه‌ته 310 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر