گوتاری بێ ناوەرۆک، یان هەراوهۆریای بێ ئامانج

ئەم ناونیشانە بە دیدی ئێمە لەگەڵ بارودۆخی سیاسی و حیزبی و پەرلەمانی و بەڕێوەبردنی کوردیدا یەکاویەک دێتەوە. قسەکردنی بەردەوام، قسەی بێ گەوهەرو بێ مانا، کە لە زانستی زماندا بە قسە دانانرێت چونکە قسە دەبێ هەڵگری ماناو دەلالات بێت. چەقچەقە چیە؟ چەقچەقە دەنگی ناسازی چەقەنەیە.
PM:10:55:03/02/2021
دۆسیە: ئاسایشی نەتەوەیی
"هەراوهوریای بێ ئامانج یان چەقچەقەی بێ ئارد" ناونیشانی شانۆنامەیەکی "شکسپیرە" کە نزیکەی چوار سەدە و نیو پێش ئێستا نووسیوێتی.

عەتا قەرەداخى
نوسەر


ئاشی ئاو کە ئامرازێکی سەرەتاییە بۆ هاڕینی گەنم و کردنی بەئارد بەکارهاتووە، ئەویش لەقۆناغی فیودالی و پێش پیشەسازیدا. ئاوەکە بە تووندی بەر خلۆکەیەک دەکەوێت کە دەستاڕی وردکردنی گەنمەکەی لێبەستراوە، کاتێ خلۆکەکە دەخولێتەوە، دەستاڕەکە لەگەڵ خۆیدا دەخولێنێتەوە، دەنگێکی ناساز دەردەچێت کە پێی دەوترێت دەنگی چەقەنە. لە پێناوی دەستکەوتنی ئارددا خەڵک دانی بەخۆیدا گرتووە، گوێی لەو دەنگە ناسازو وەڕسکەرە بێت. ئێستا ئەوەی لە کوردستان گوێمان لێیدەبێت ئەو دەنگە هەراسانکەرەیە، بەڵام بەبێ دەستکەوتنی ئارد. واتە؛ ئارد ئامانجە، قسەکانی ئێرە قسەی بێ ئامانجن. کەواتە با سەیربکەین هەتا بزانین بۆچی ئێمە ئەم بارودۆخەی ئێستای کوردستانمان وا ناو ناوە. قسەی بێ ئامانجی کوردی دەکەین بەچەند هەنگاوێک، کە هەموویان پێکەوە گوتاری بێ ئامانج یان گوتاری بۆش یان گوتاری بێ ناوەرۆک پێکدەهێنن.

یەکەم؛ قسەی کوردایەتی کە مەبەست لێی؛ کۆی ئەو ئاخاوتنانەیە حیزبی کوردی لە دروستبوونیەوە دەیڵێت و دەیڵێتەوە، کە گوایە خەبات لە پێناوی کوردو کوردستاندا دەکات. ئاشکرایە کۆی حیزبەکانی کوردستان نەک هەر لە باشور بەڵکو لە هەر چوارپارچەی کوردستان ئەوەندەی دژی یەکتر جەنگاون و ئەوەندە پێکەوە کۆک نەبوون و ئەوەندەش دژی داگیرکەرانی کوردستان نەجەنگاون. بەو ئەندازەی دۆست و هاوکاری داگیرکەرانی کوردستان بوون و ئەوەندەی کاریان بۆ بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیان کردووە، ئەوەندە لە پێناوی ئەو کوردایەتییەدا نەجەنگاون کە کردوویانە بە چەتر بۆ شاردنەوەی کەمومورتیەکانیان. هەڵبەت دەمانەوێت بڵێین مەبەستمان لە کوردایەتی گوتاری سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتە. ئایا کامانەن ئەو حیزبانەی پرۆژەی دەوڵەتیان هەبووە؟ کەواتە کوردایەتی لای حیزبی کوردی لە بری ئەوەی ئامراز بووبێت لە پێناوی ئامانجی نەتەوەدا، نەتەوە کراوەتە ئامراز لە پێناوی حیزب و بەرژەوەندییەکانیدا، بەرژەوەندیەکانی حیزبیش کۆکراوەتەوە لە پێناوی تاکەکەسێک یان بنەماڵە یان نوخبەیەکدا. کەواتە لە رووی نەتەوەییەوە هەموو گێڕانەوەکانی حیکایەتی نەتەوەیی لە لایەن حیزبی کوردییەوە گێڕانەوەی بێ ناوەرۆکن، چونکە حیکایەتی کوردایەتی کۆی حیزبەکانی کوردستان لە هەر چوار پارچەی کوردستان تاکو ئێستا کوردیان بە هیچ نەگەیاندووە، بۆچی؟ وەڵامێکی زۆر سادە لەبەرئەوەی لەبری کارکردن بۆ یەکخستن و یه‌کگرتنی کورد، کاری بەردەوامیان زیاتر دابەشکردن و پەرتکردنی کوردو تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگابووە. بۆچی؟ لەبەرئەوەی نە ستراتیژی نەتەوەیی و نە گوتاری نەتەوەیی و نە پرۆژەی نەتەوەییان نەبووە.

دووەم؛ قسەی مافی بڕیاردانی چارەنووس کە لە مافی رۆشنبیرییەوە دەستیان پێکردووە بۆ لامەرکەزی، ئۆتۆنۆمی، ئۆتۆنۆمی راستەقینە، فیدراڵی، ریفراندۆمی سەربەخۆیی... دوانی دواییان، واتە فیدراڵی و ریفراندۆم  لە باشوری کوردستان بوون، ئەمیش وەکو تاکتیکی فریودەرانە بووەتە دروشمی رووبەرێکی فراوانی حیزبی کوردی. بەڵام لە رووی کردەییەوە شتێکیان لەم رووەوە ئەنجام نەداوە، چونکە هەر هەنگاوێک بەرەو بەدیهێنانی مافی چارەنووس، پێویستی بە یەکێتی و یەکبوونی هەموو پێکهاتەکانی گەلە. ستراتیژی حیزبی کوردی هاوشێوەی ستراتیژی خێلایەتی دابەشبوون بووە، ئەوەش هەموو زەمینەیەکی بۆ درستبوونی هێزێکی جەماوەری ئەوتۆ کە بتوانێت بڕیار لە مافی چارەنووس بدات لەباربردووەو ڕووخاندوویەتی. واتە قسەی بڕیاردانی مافی چارەنووس لای حیزبی کوردی قسەیەکی بێ ناوەرۆک بووە.

سێیەم؛ قسەی سەربەخۆیی، "پارتی کرێکارانی کوردستان" لەسەرەتاوە باسی لە سەربەخۆی هەموو کوردستان و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دەکردو خۆی وەکو پارتێکی ناسیونالیستی چەپی ئیتنیکی نمایش دەکرد. لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا دەستبەرداری ئەو گوتارە بوو، لە بری گوتاری سەربەخۆیی ئێستا هەڵگری گوتاری تورکیای دیموکراتییە. واتە لە پارتێکی ناسیونالیستی ئیتنیکیەوە بووەتە پارتێکی ناسیونالیزمی مەدەنی و باسی پێکەوەژیانی ئیتنیکە جیاوزەکانی "تورکیا" دەکات لە چوارچێوەی تورکیایەکی دیموکراتیدا. لە باشوری کوردستان "کاژیک" و دواتریش "پاسۆک" خۆیان بە هەڵگری گوتاری ناسیونالیزمی کوردی دەزانی و لەراستیشدا ئەم دوو پارتە، دوو پارتی ناسیونالیستی راستڕەوبوون و لە هیچ بارودۆخێکدا نەبوون بە خاوەنی پێگەی جەماوەری فراون و کاریگەرییەکی دیاری ئەوتۆیان لەسەر بڕیاردانی کورد نەبووە. دوای ئەمانیش "پارتی دیموکراتی کوردستان" لە هەڵوێستی کاردانەوەدا نەک وەکو پرۆژە بەرجەستەی جۆریک لە گوتاری ناسیونالیزمی نا-تەواوی کرد و، بڕیاردانی ریفراندۆم و ئەنجامدانی، جێبەجێکردنی ئەو گوتارەی پارتی بوو. حیزبەکانی تر لەبەر لاوازیان و لەترسی ئەوە بە رووکەش پشتگیرییان کرد نەوەکو ئەنجامەکەی ببێتە هۆی زیاتر لاوازکردنیان لەبەردەمی پارتیدا. لە راستیدا جەماوەر ئەرکی خۆی لە دەنگداندا جێبەجێکرد، بەڵام پارتی نەیتوانی لەسەر زەمینەی واقیع گوتاری ریفراندۆم کە گوتاری سەربەخۆیی بوو جێبەجێ بکات و بەوەش گوتاری سەربەخۆیی ریفراندۆم لە مانای گەوهەری خۆی رووتکرایەوەو قسەی سەربەخۆیی کە گەوهەری ریفراندۆم و گوتاری ریفراندۆم بوو، پارتی لە ئەنجامی نەتوانینی راگەیاندنی سەربەخۆییدا، گوتاری سەربەخۆیی لە ریفراندۆمدا لەباربرد. بێگومان حیزبەکانی تر مەگەر بۆ راکێشانی سەرنجی ناوخۆ، ئەگینا نە بروایان بەسەربەخۆیی هەبوو نە کاریشیان بۆ کردووە. بۆ نموونە حیزبەکانی رۆژهەڵات هەتاکو ئێستاش هەر باسی بەشێک لە مافەکانی کورد دەکەن لە چوارچێوەی ئێرانی دیموکراتیدا. بە گوێرەی "یەکێتی نیشتیمانی" وەکو پارتێکی دیارو خاوەن پێگەی ئیلهام وەرگرتوو لە ماویزمەوە و پارتێکی ناسیونالیزمی چەپ کە دواتریش خۆی وەکو سۆشیال دیموکرات ناساندووەو باسی لە مافی بڕیاردانی چارەنووس لە چوارچێوەی عێراقی دیموکراتیدا کردووە، زیاتر هەڵگری گوتاری کوردیی عێراقییە نەک گوتاری کوردی نا-ئێراقی، لەو رووەوە "یەکێتی نیشتیمانی" بەرامبەر بە گەوهەری گوتارەکەی راستگۆبووە و هەڵبەت خواست و ویستی مام جەلال-یش بۆ بوون بە سەرۆک کۆماری ئێراق شتێکی رێکكەوت نەبووە و بوونیشی بەسەرۆک کۆمارو رێزلێگرتنیشی لە لایەن عەرەبی عێراقەوەو گومان نەکردنیان لە دڵسۆزی مام جەلال بۆ ئێراق رەنگدانەوەی ئەو گوتارەیە، تاکو ئێستاش پەیوەندی باشی یەکێتی بە بەغداوەو بڕوابوونی بە پێویستبوونی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم لەگەڵ بەغداد رەنگدانەوەی گوتاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە. واتە لێرەوە دەردەکەوێت گوتاری سەربەخۆیی لە مێژووی حیزبەکانی کوردستاندا، هەرگیز نەبووەتە گوتارێکی خاوەن شوناس و حیکایەتی سەربەخۆیی و گێڕانەوەکانی تەنیا لەسەر ئاستی تاکەکەس و دەستەبژێر بوونی هەبووەو هەیە، بۆیە قسەی سەربەخۆیی کوردی تاکو ئێستا قسەیەکە لە چوارچێوەی خەون و لە خەیاڵی رووبەرێکی زۆر تەسکی دەستەبژێری ناوخۆو بەشێک لە ناسیونالیزمی دایاسپۆرادا بوونی هەیە.

چوارەم؛ قسەی ئۆپۆزسیۆن کە بەحیساب دوو جۆر ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان هەبوون، یەکەمیان ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی کە لە بزووتنەوەی ئیسلامییەوە دەستیپێکرد وەکو پارتێکی ئایینی کە پەیڕەوی سونەت و ئەهلی جەماعەتی دەکرد و، کۆمەڵی ئیسلامیش کە هەر لە هەناوی بزوتنەوەوە لەدایکبووە و، یەکگرتووی ئیسلامیش کە ئەمیش پارتێکی ئیسلامی سونەی مەدەنیە و ئەمیش دیسان لەسەر پەیڕەوی سونەت و ئەهلی جەماعەت دەڕوات و بەقسەی خۆی پارێزگاری لە ماف و دەستکەوتە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەکات. بەگشتی حیزبە ئیسلامیە کوردیەکان، ناسیونالیزمی ئایینی نین و رەگ و ریشەی کوردییان نیە و، بە کاریگەری (ئیخوان و، کۆماری ئیسلامی و، رابوونەوەی ئیسلامی لە جیهانی ئیسلامی ) و بەتایبەتیش لە تورکیا دروستبوون و حیزبی ئومەمین و بارگاوی نەکراون بە رەگەزە ناسیونالیستیەکان و پەیوەندیشیان نیە بە هیچ کام لە دوو رێبازە دیارەکەی تەسەوفەوە لە کوردستان، واتە؛ "قادری و نەقشبەندی" کە وەکو ئایینی میللی کوردیان لێهاتووە و رۆڵ و پێگەی دیاریان هەبووە و هەیە لە بزووتنەوە نەتەوەییەکانی کورددا. سەرباری ئەوەی خانەقا و تەکێکان بوونەتە بنکەی خوێندەواری و زەمینەی سەرهەڵدانی هەستی نەتەوایەتی، رابەرو شێخەکانی "نەقشبەندی و قادری" لە سەدەو نیوی رابردوودا سەرکردایەتی دیارترین راپەرین و بزووتنەوەکانی کوردیان کردووە، کە دیارترینیان بریتین لە "شێخ عوبەیدوڵای نەهری، شێخ عەبدولسەلامی بارزانی، شێخ مەحمودی حەفیدزادەی بەرزنجی، شێخ سەعیدی پیران و....تاد".

جۆری دووەمی ئۆپۆزسیۆن، بزوتنەوەی گۆڕان بوو، کە لە ئاستی خوارەوەدا پێکهاتەیەکی پۆپۆلیستی هەمەچەشن بوو، لەوپەڕی چەپ هەتا ئەوپەڕی راستی تیدابوو، کە رایەڵەی پێکەوە کۆبوونەوەیان سێ شت بوو؛ یەکەم، نا-دادپەروەری سیستمی فەرمانڕەوایی یەکێتی و پارتی. دووەم، بێزاربوونی زۆربەیان لە حیزبەکانی خۆیان کە بریتیبوون لە "یەکێتی و، ئیسلامیەکان و، پاشماوەی پاسۆک و، شیوعی" سێیەم، رق و کینە لە "پارتی" و بەتایبەتی رق لە بنەماڵەی "بارزانی" و هاندانی لوتکەی گۆڕانیش بۆ وەبەرهێنانکردن لەو رقەدا، لەسەروی هەموو ئەمانەشەوە سەرکردایەتی گۆڕان پەروەردەی زیاتر لە چل ساڵی هەمان گوتاری یەکێتی نیشتیمانی بوو، کە ئەو سەرکردایەتییە نە لە دروستبوونی گۆڕاندا و نە ئێستاش نەیتوانیووە گوتاری خۆی لە ئاستی نەتەوەیدا لە گوتاری یەکێتی جیابکاتەوە. لە راستیشدا بەهۆی نەبوونی هیچ یەکێتیەکی فیکری و ئایدیۆلۆجی بۆ پێکەوەبەستنی پێکهاتەی گۆڕان لەوساوە بۆ ئێستا وەکو بزوتنەوەیەکی پۆپۆلیستی بێ بەرنامەو بێ ستراتیژ دەرکەوتووەو ئەو ساو تاکو ئیستاش دوای کەسێتی نەوشیروان مستەفا کەوتبوون و بەردەوامیشن لەسەر بنەمای "پەرستنی تاکەکەس" کە ئەوەش هەمان بنەمایە کە ئەو جەماوەرە زۆرەی لە بزوتنەوەکە کۆکردەوەو بە مردنی ئەو تاکە رابەرەی ئەو بزوتنەوە پۆپۆلیستیە، بزوتنەوەکە روو لە هەڵدیرو نەمان هەنگاو دەنێت، هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە؛ کە ئەم بزوتنەوەیە خاوەنی بیرو ئایدیۆلۆجیاو دیدی تایبەتی نەبوو نە بۆ کورد و نە بۆ ئاییندەی کوردستان و وەهاش پەروەردەکرابوون نەبوونی سیستێمێکی فەرمانڕەوایی دادپەروەرو دامەزراو لەسەر بنەمای چەمکی هاووڵاتی باشترە لە بوونی دەوڵەتی کوردی نا-دادپەروەر. ئەمەش وەکو گوتاری  بزوتنەوەی گۆڕانی لێهات.

پەرلەمانتارەکانی گۆڕان ئێستا لە بەغداد هەڵگری گوتارێکی ئیسلامی ئیراقین، هەمان شێوەی گوتاری حیزبە ئیسلامیەکانی کوردستان، زیاتر لەوەی گوتارێکی کوردییان هەبێت. واتە؛ ئاراستەی بونیادنانی گوتاری نەتەوەیی خاوەن شوناس لە بزوتنەوەی گۆراندا زۆر لاوازبووە و مەگەر تەنیا لەسەر ئاستی تاکەکەس بوونی هەبووبێت، کەواتە ئۆپۆزسیۆن بە ئیسلامیەکان و بە گۆرانیشەوە، هەڵگری گوتارێکن تا ئەندازەیەکی ئاشکرا لە رەگەزە نەتەوەییەکان رووتکراوەیە. بێگومان هەردوولایشیان روو لە شکستن، چونکە هەر گوتارێک بەوجۆرە دووربێت لە رۆحی کوردبوونەوە دەشێت ئەگەری بەهێزبوون و پەرەسەندنی بۆ کاتێکی کەم هەبێت، وەکو هەڵچوونی پۆپۆلیستانە، بەڵام ئەگەری بەردەوامبوونی دیارو بەهێزی لاوازە. لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئێراقدا ئەگەر بکرێت ئەو ئەنجامانە دەبینرێت.

پێنجەم؛ قسەی کورد لە دەسەڵاتی ئێراقیدا، لە  دروستبوونی ئەنجوومەنی فەرمانڕەواییەوە کورد چوونە بەغداو لە پەرلەمان و زۆر پێگەی جۆراوجۆردا، هەر لە سەرۆکایەتی کۆمارەوە کە تا ئیستا بەدەست کوردەوەیە، تا دەگاتە وەزارەتەکان و پێگەکانی خوارتریش بەشداربووە. پێویست بەوە ناکات باسی ئەوە بکەین کە کورد لە بەغدا لە رووی نەتەوەییەوە چی کردووە، رەنگە تاکە شتێک کە کورد لە بەغدا کردبێتی و لە رووی نەتەوەییەوە جێگای باس بێت نووسینەوەی دەستووری ئێراقە، ئەویش ئاشکرایە کە تاکو ئیستا نەجێبەجێ کراوە و نەئەگەری ئەوەش هەیە جێبەجێ بکرێت. کەواتە لە رووی نەتەوەییەوە کورد لە بەغدا شتێکی نەکردووە کە شایانی باس بێت. بەڵکو کورد لە بەغدا سەرقاڵی دەستکەوتی مادی کەسی و حیزبین و هەڵچنینی هەر ئومێدێک لەسەر نوێنەرانی کورد لە بەغدا بێجگە لە بێئومیدی هیچی تر بەرهەم ناهێنێت. کەواتە حیکاتی کورد لە بەغدا لە رووی نەتەوەییەوە حیکایەتێکی بۆش و بێ ناوەرۆکە. ئەو کوردانەی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی ئێراقیدا پۆست و پلەو پایەیان هەیە، لەگەڵ هەموو ئەوانەی تر کە دەستکەوتی مادییان لە عێراقەوە دەست دەکەوێت وەها سەیری عێراق دەکەن کە دەوڵەتێکە بەرهەمی ناسیونالیزمی مەدەنییە. واتە؛ رەگەزی ئیتنیک هیچ ئامادەبوونێکی نیە لە بونیادنان و بەڕێوەبردنی ئەم دەوڵەتەدا، بەڵکو رەگەزی سەرەکی پێکەوەبەستن نیشتیمان و بەرژەوەندی هاوبەش و كولتووری هاوبەشە وەکو چۆن دەوڵەتی ئەمەریکا بەرهەمی ناسیونالیزمی مەدەنی ئەمەریکیە. 

ئیستا ئاشکرایە؛ کە ئەو هەموو هەراو هوریا و قسەو دەنگە دەنگ و ژاوەژاوەی لە کوردستان بە حیزب و سیاسی و دەستەبژێرو ئەندام پەرلەمان و...تاد بەناوی نەتەوەو نەتەوایەتی و سەربەخۆی و دەوڵەتەوە لەسەری بەردەوامن، تەنیا هەر قسەیە و تاکو ئێستا هیچ بەرهەمێکی نەتەوەیی نەبووە کە نەتەوەی گەیاندبێت بە کەناری ئارام و لە مەترسی دەربازی کردبێت، هەربۆیە جێگای خۆیەتی ئەو هەموو قسەیە بچوێنرێت بە هەراو هوریای بێ ئەنجام یان دەنگی چەقەنە بەبێ ئارد.  



ئه‌م بابه‌ته 840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر