شڵەژانی بارزانی! دیوێكی نەگوتراوی فیلمە ئێرانییەكە

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، كۆمپانیای "نەسیر" كە كۆمپانیایەكی ئێرانییە، كورتە فیلمێكی سەبارەت بەهاوكارییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان لەشەڕی داعشدا بەرهەمهێنا. فیلمەكە لەناو هەرێمی كوردستاندا نیگەرانی و توڕەییەكی زۆری لێكەوتەوە، تاكو دواجار كونسوڵخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەولێر، بەفەرمی ئەوەی ڕەتكردەوە كە ئەو فیلمە تەعبیر لەسیاسەتی فەرمی ئێران بكات بەرانبەر هەرێمی كوردستان و بەڕێز "كاك مەسعود بارزانی".
PM:09:41:25/01/2021
دۆسیە: شیکار
بۆچی فیلمە ئێرانییەكە ئامانجی نەپێكا وكورد و بارزانی گەورەتركرد؟ كامە ئەو بەڵگە و پێنوێنانەن كە لەفیلمەكەدا بەبێ ویستی خۆیان جەختیان لێكردۆتەوە؟

مه‌شخه‌ڵ كه‌وڵۆسی
سه‌رۆكی ناوه‌ندی چاوی كورد بۆ په‌ره‌پێدانی سیاسی

پێش دەستی

 

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، كۆمپانیای "نەسیر" كە كۆمپانیایەكی ئێرانییە، كورتە فیلمێكی سەبارەت بەهاوكارییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان لەشەڕی داعشدا بەرهەمهێنا.

فیلمەكە لەناو هەرێمی كوردستاندا نیگەرانی و توڕەییەكی زۆری لێكەوتەوە، تاكو دواجار "كونسوڵخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران" لەهەولێر، بەفەرمی ئەوەی ڕەتكردەوە كە ئەو فیلمە تەعبیر لەسیاسەتی فەرمی ئێران بكات بەرانبەر هەرێمی كوردستان و بەڕێز "كاك مەسعود بارزانی".

ئەو ڕوونكردنەوەیە بۆ هێوركردنەوەی هەستی توڕەیی سەدان هەزار هاوڵاتی كوردستان كە بارزانی بە سیمبولی نەتەوەكەیان دەزانن، تاڕادەیەكی زۆر كارێكی ژیرانەبوو.

بەندە نامەوێت" ئەگەر بشمەوێت ناتوانم" لەڕووی هونەری و سیناریۆ و دەرهێنان و تەكنیكی وێنە و ئەنیمەیشن و كاروبارە هونەرییەكانەوە، سەرنج لەسەر هیچ گۆشەیەكی فیلمەكە بنوسم، بەڵكو كەمو كووڕییەكانی ئەو كورتە فیلمە دادەنێم بۆ كەسانی پسپۆڕی بوارەكە.

ئەوەی دەمەوێت جەختی لێبكەمەوە، خوێندنەوەیەكی كورتی پەیامە سیاسی و دەرونییەكانی پشتی فیلمەكەیە، كەپێویستە زۆر بەجیدی پێمان گەیشتبن و، ژیرانە كۆدەكانیان بخوێنینەوە. چونكە ناكرێت هەروا بەسەرماندا تێپەڕێت و، هیچ ئاڵوگۆڕێك لە تێگەیشتنی ئێمە دروست نەكات، لانی كەم بەرانبەر بە باكگراوند و بیركردنەوەی نەخشە دانەرانی سیاسەتی فەرمی كۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان و، كارەكتەر و هاوكێشەكانی هێز لەهەرێمی كوردستاندا.

لێرەدا زۆر بە گوشراوی تیشك دەخەمە سەر هەندێ لایەنی سیاسی فیلمەكە، هیوادارم لەئایندەی نزیكدا بتوانین زیاتر دەردەشەی بكەین و، مانای زیاتر و ئاڵوگۆڕی زیاتر بەسەر تێگەیشتنماندا بهێنێت.

تێبینییەكان لەسەر بنەمای ئەو گریمانەیەن كە ئەوەی فیلمەكە دەیڵێت ڕاستە. واتە ناچینە ناو ئەو مشتومڕەی كە گێڕانەوەكانی فیلمەكە ڕاست نین و، شێواندنێكی زۆر بە ڕووداوەكانەوە هەیە، ئەوەش بەمەبەستی لێدان لە كورد و بارزانی. ئەوەیان بۆ دەرفەتێكی تر و بۆ مێژوونووسەكان و هونەرمەندانی بواری دیكۆمێنتاری بەجێ دێڵین.

دیارترین تێبینییەكان بەم جۆرە ڕیز دەكەین:

یەكەم: یەك ئاڵای كوردستان

 

ئەوەی جێگەی سەرنجە لەو فیلمەدا ئاڵای كوردستان دانراوە بەبێ ئاڵای ئێراق، ئەگەرچی لە واقیعدا لەناو ئەپارتمانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا، هەمیشە ئاڵای ئیراق بەتەنیشتی ئاڵای كوردستانەوە دانراوە، وەك بەشێك لە پابەندییەكانی هەرێمی كوردستان بەرانبەر بە دەستوری ئێراق!.

پرسیارەكە لێردەدا ئەوەیە: ئایا ستافی ئەو فیلمە، یان ئەو تیمەی كە سپۆنسەریان كردووە،چۆن لە سیاسەتی فەرمی ئێران دەرچوون و ئاڵای كوردستانیان جیاكردەوە لەئاڵای ئێراق؟ ئایا مەبەست لەوەیە ئەو چركەساتە بخەنە ئەستۆی ئاڵای كوردستان بەتەنها؟ لەكاتێكدا دۆخی حكومەتی ئێراق بەتەواوی بەدەستی داعشەوە وێران بوو! نزیكەی 1/3ی خاكی ئێراق لەلایەن ئەو ڕیكخراوەوە كۆنترۆڵكرابوو؟.

ئێمە تا ئیستا وا تێگەیشتووین كە سیاسەتی فەرمی كۆماری ئیسلامی لەگەڵ گرێدانەوەی ئەو دوو ئاڵایە پێكەوە، ئیستا كاتێ دەبینین بەو شێوەیە ئەو دوو ئاڵایە لەیەكتر جیادەكرێنەوەو، لە دەزگایەكی فەرمی ئەو وڵاتەیشەوە بڵاو دەكرێتەوە، ناڵێم مایەی دڵخۆشی و سەرسامییە، بەڵكو دەڵێم مایەی پرسیار و سەرنجی پێویستە. چونكە ئەو دیمەنە هاوڕاو گونجاوە لەگەڵ ڕاو ئاواتی سەربەخۆیی خوازانی كورددا.

دووەم: یەك سەركردایەتی سیاسی كوردی

 

تێبینی دەكرێت لەتەواوی كورتە فیلمەكەدا، یەك سەركردایەتی سیاسی كوردی پیشان ئەدرێت كە خاوەندارێتی لە دۆسیەی كورد و هەرێمی كوردستان دەكات، ئەوەشیان لەسەرۆكایەتی هەرێم و خودی بەڕێز بارزانیدا قەتیس كردووە.

لەماوەی ڕابردوودا لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، سەبارەت بە نوێنەرایەتی كردنی كێشەی كورد، بەشدارییان لەشەڕی داعش و بەرگری لەناوچەكان و خۆبەخاوەنكردن لەبەرەنگاربوونەوەی داعش، ئازاكردنی ناوچە جیاجیاكان هەمیشە مشتومڕیان بووە، بەڵامفیلمەكە ئەوەی پیشانداین كە ئەوان وەك لایەنی ئێران كە ژمارەیەكی قورس و یەكلاكەرەوەی ناو هاوكێشەكەن، تەنها سەرۆكایەتی هەرێم و بەڕێز بارزانی بەتاكە كەناڵ و تاكە مەرجەعیەتی نوێنەرایەتی كورد و بەرگری كردن لەكورد زانیوە.

زەقكردنەوەی ئەو لایەنە فەرمییە لە قەوارەی كوردیدا، خەونێكی زۆر گەورەی كوردە و لەمێژە كورد خەون دەبینێت بەوەی لایەنەكانی تر لەقەوارەیەكی فەرمی و دەستوریدا بیناسن و مامەڵەی لەگەڵدا بكەن. لەبری ئەوەی مامەڵە لەگەڵ حیزبە سیاسییەكان و هێزە جیاجیاكانی نێوگۆڕەپانی كوردستان بكەن.

ئاشكرایە "حاجی قاسم سلێمانی" لەكاتی شەڕی داعش و دوای ئەو جەنگەش پەیوەندی لەگەڵ زۆرێك لەسەركردەی حیزبەكان هەبووە، بەڵام هیچكام لەو پەیوەندییانە وەك پەیوەندی فەرمی و دەوڵەتییانە لای ئێرانییەكان وەرنەگیراون! تەنها مامەڵەكردن لەگەڵ دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم و خودی بەڕێز بارزانی وەك مامەڵە لەگەڵ كورد بەمانا فەرمی و سیاسی و دەوڵەتییەكەی حسابی بۆ كراوەو، ئەرشیفكراوە!.

سێیەم: ڕۆڵی بارزانی لەو فیلمەدا

 

فیلمەكە دان بەوەدا دەنێت كە بارزانی چەندە بەپەرۆش بووە بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان لەداعش، چۆن پەیوەندی بەهەموو دۆستەكانییەوە كردووەو، داوای هاوكاری لێكردوون بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان و دوورخستنەوەی مەترسی داعش.

ئەو دیمەنانەی كە بەڕێز بارزانی تێدا نمایش دەكرێت، تەنانەت ئەگەر خواستی بەرهەمهێنەرانی فیلمەكەش زەربەدان بووبێت لە كەسایەتی و كاریزما و مێژووی بارزانی، كەچی بەپێچەوانەوە كەوتۆتەوەو، تەواوی مەشهەدەكان لە بەرژەوەندی بارزانی شكاونەتەوە.

لێرەدا چەند خاڵیك بەگرنگ دەزانم:

 

یەك: وەك فیلمەكە پیشانمان ئەدات، بارزانی بەرلەوەی بیر لەهەر شتێك بكاتەوە، بیری لە بەرەنگاربوونەوەی داعش كردۆتەوە! لەكاتێكدا داعش زۆر لەهەولێر نزیك دەبێتەوەو، سێیەكی خاكی ئێراق دەگرێت، بارزانی بیر لەوە دەكاتەوە بەرەنگاری ببێتەوە! نەك هەولێری بۆ چۆڵ بكات!.

دوو: بارزانی لەناو بارەگاكەی خۆیەوە، سەركردایەتی بەرەنگاربوونەوەی داعش دەكات! لەكاتێكدا زۆرینەی هەرە زۆری سیاسییەكانی ئێراق بەغدایان چۆڵ كردو، سوپاكانیان خۆیان ڕادەستی داعش دەكرد! یانی بارەگای بارزانی وەك یەكەم سەنگەری بەرگری كردن لەمرۆڤایەتی بەرانبەر هەمەجیەتی داعش چوەتە ناو مێژوو، لانی كەم بەدانپێدانانی فیلمە ئێرانییەكە!.

سێ: شڵەژان و بێ ئۆقرەیی بارزانی كەلەو فیلمەدا پیشان ئەدرێت، ئەگەر بەڵگەبێت لەسەر شتێك، بەدڵنیاییەوە نوسینەوەی لاپەڕەیەكی زۆر گرنگە بۆ كەسایەتی بارزانی وەك فەرماندەیەك، كە ئەزمونێكی گەورەی پاراستنی نەتەوەكەیی دێتە پێش.

كاتێ مێژووی زۆرێك لەسەركردەكانی دنیا دەخوێنیتەوە، دەبینین لەزۆرێك چركەساتدا بێ ئومێدبوون و لەبەردەم ئەزمونە تازەكاندا خەریك بووە چۆك دابدەن.

لە جەنگی بەدری گەورەدا، قورئان بۆمان دەگێڕێتەوە كە پێغەمبەری ئیسلام"دروودی خوای لێبێت" بەتەواوی بێ ئومێد دەبێت و، لە ژیاننامەكانی پێغەمبەردا "دروودی خوای لێبێت"باس لەوە دەكرێت كە بەجۆرێك بەكووڵ دەپاڕایەوە و دەستی بەرزدەكردەوە بۆ قاپی خوداو، دەترسا تێك بشكێن، كە عەباكەی سەرشانی پیرۆزی دەكەوتە خوارەوە، ئەوە لەكاتێكدا خوداش لەسەروی عەرشەوە بەڵێنی سەركەوتنی لەو جەنگەدا پێدابوو!.

خوای گەورە دەفەرمێت: وَزُلْزِلُوا حَتَّىٰ يَقُولَ الرَّسُولُ وَالَّذِينَ آمَنُوا مَعَهُ مَتَىٰ نَصْرُ اللَّهِ ۗ أَلَا إِنَّ نَصْرَ اللَّهِ قَرِيبٌ (214) بەقەرە.. هەروەها لە ئایەتێكی تردا باسی بێ ئومێدبوونی پێغەمبەران بەگشتی دەكات لە بەڵێنەكانی خودا :" حَتَّىٰ إِذَا اسْتَيْأَسَ الرُّسُلُ وَظَنُّوا أَنَّهُمْ قَدْ كُذِبُوا" یوسف 110.

كەواتە سەركردە و گەورەكانی مێژوو بەهەندێ چركەساتدا تێپەڕیوون كە بەتەواوی بێ ئومێدبوون و ئەوەش بەئەندازەی گەردیلەیەك لە گەورەیی و كاریزمایی ئەوانی كەم نەكردۆتەوە، بەڵكو زیاتر بوونەتە سیمبول چونكە ئەگەرچی جۆرێك لەڕەش بینی زاڵ دەبێت بەسەر دەرونیاندا، بەڵام كۆڵ نادەن و بەردەوامن لە بەرەنگاری.

بەگوێرەی دانپێدانانی ئەو فیلمە، وێڕای كۆڵنەدان، بەڵام بارزانی توانیویەتی كۆنترۆڵی ئۆپشنەكانی بەردەمی خۆی بكات، كەئەوەش خەسڵەتێكی گەورەی سەركردەیە، بەوەی ئۆپشنەكانی گۆڕیوە، ئەگەر لەلاوازترین دۆخی سیاسی و سەربازیشدابووە، بەڵام بەتەلەفۆنێك ترۆپكی دەستەڵاتی سەربازی خودی كۆماری ئیسلامی هێناوەتە هەولێر! یانی بڕیاردان لە بەرەنگاربوونەوە، دیارترین خاڵی جیاوازی نێوان كەسایەتی سەركردەكانە. لە فیلمە ئێڕانییەكەدا ئەو جەدەلەش بڕاوەتەوە.

دواجار

 

ئێمە نابێ سێ خاڵ فەرامۆش بكەین:

یەكەم: ئێرانییەكان توانییان بە جوڵاندنی داشێكی نێو نەرمەهێزی خۆیان، ئێمە بەخۆیانەوە سەرقاڵ بكەن، ئەی كورد چی ئەكات بۆ وەبەرهێنان لەسەر نەرمەهێزی كوردی؟.

دووەم: دەبوو كورد خۆی ئەو فیلمەی بەرهەم بهێنایە كە پڕە لەمانای یەك قەوارەیی و یەك كەناڵی و یەك ئاڵا و یەك مەرجەعی كورد.

سێیەم: نابێ چاوەڕوان بكەین، بەرانبەرەكانمان بەچاوی ئێمە ببینن، بەگوێرەی قەناعەتی ئێمە بدوێن، بەخواستی ئێمە بەرهەم بێنن.

كورد سەرباری مێژوویەك لەشۆڕش و ململانێ بۆ ڕزگاری نەتەوەیی، هێشتا نەیتوانیوە نەرمەهێزی خۆی بەكاربهێنێت. ئیستاشی لەگەڵ بێت، كەمترین كاری هونەریمان هەیە كە جومگەكانی مێژوو، سیاسەت و كۆمەڵگەی كوردی ڕوون بكاتەوە! ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە نەرمەهێز بەنەرمەهێز وەڵام بدەینەوە! لەبری هەڵچونی كاتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان؟.



ئه‌م بابه‌ته 3043 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر