رۆشنبيرى به‌ره‌نگارى له‌عه‌فرين

تورك هێشتا چاوى له‌سه‌ر عه‌فرينه‌، چونكه‌ عه‌فرين ده‌رگاى كوردستانه‌ بۆ سه‌ر ده‌رياى سپى ناوه‌ڕاست. توركيش زۆر له‌وه‌ ده‌ترسێ كورد بگاته‌ سه‌ر ده‌رياى سپى وده‌ستى بگاته‌ كه‌ناراوه‌كانى ئه‌ورووپا، چونكه‌ به‌پێى رێككه‌وتننامه‌ى سايكس پيكۆ، ويلايه‌تى ئه‌سكه‌نده‌روون نه‌درابوو به‌ده‌وڵه‌تى تورك. سياسه‌تمه‌داره‌كانى تورك له‌به‌ر ئه‌وه‌ى شاره‌زابوون وهۆشياريى ئه‌وه‌يان هه‌بوو، به‌و شێوه‌يه‌ ئاسووده‌ نه‌ده‌بوون
PM:03:16:17/09/2018
دۆسیە: هەرێمایەتی
هۆكارى ئه‌و ترسه‌ى كه‌لاى توركه‌كان هه‌يه‌ له‌وه‌ى كورد بچێته‌ سه‌ر ده‌رياى سپى

محەمەد حەمۆ
نوسەر وتوێژه‌ری ڕۆژئاواى کوردستان

ده‌ڤه‌رى عه‌فرين، يان چياى كرمانج، ده‌كه‌وێته‌ نێوان چه‌ند شارێكى گرنگى حه‌ڵه‌ب، ديلۆك (عه‌نتاب) وئه‌سكه‌نده‌روون. لەدابه‌شكارييه‌كه‌ى سايكس پيكۆدا له‌ ساڵى ١٩١٦، چياى كرمانج له‌ كلس دابڕا – كلس کەشارێك بوو ناوچه‌ى ئيدارى چياى كرمانج. به‌شێكى گەورە‌ له‌ده‌ڤه‌رى عه‌فرين(چياى كرمانج) خرايه‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تى سوريا، به‌شێكى بچوكيشى خرايه‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تى توركيا، به‌شێكى ده‌شتى(حه‌مقێ)ش كه‌وته‌ سه‌ر ويلايه‌تى ئه‌سكه‌نده‌روون. كلس شارى ديلۆك (عه‌نتاب)يش خرايه‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تى توركيا. ئه‌سكه‌نده‌روونيشيان وه‌كو ويلايه‌تێكى سه‌ربه‌خۆ هێشته‌وه‌ له‌و دابه‌شكارييه‌دا. به‌ڵام توركيا به‌وه‌ ئارامى نه‌گرت وترسێكى گه‌وره‌يان هه‌بوو كه‌كورد هه‌ركاتێ ده‌وڵه‌تى ڕاگه‌ياند، ئه‌وا له‌سه‌ر ده‌رياى سپى ده‌بن وئه‌وكاتيش به‌ئاسانى ده‌ستيان به‌ ئه‌ورووپا ده‌گات و به‌و شێوه‌يه‌ش به‌هێز ده‌بن.

 

ده‌وڵه‌تى تورك زۆر هه‌وڵى دا ويلايه‌تى ئه‌سكه‌نده‌روون تاوه‌كو حه‌ڵه‌ب بخاته‌ سه‌ر توركيا، به‌ڵام ده‌وڵه‌تانى هاوپه‌يمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕازى نه‌بوون. له‌ساڵانى سييه‌كاندا، هه‌واڵگرى تورك، بزوتنه‌وه‌يه‌كى ئيسلامى چه‌كداريان له‌و ده‌ڤه‌ره‌ دروست كرد به‌ناوى (بزوتنه‌وه‌ى موريدان) له‌و رێگه‌يه‌وه‌ زۆر شه‌ڕى تونديان له‌گه‌ڵ فه‌ڕه‌نساييه‌كان وبنه‌ماڵه‌ى خانه‌دانه‌كانى عه‌فرين ده‌كرد.

 

بۆيه‌ ئاغاكانى ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ وخه‌ڵكى ڕۆشنبيرى ناوچه‌كه‌ هه‌ستيان كرد كه‌ئه‌وان به‌ فه‌رمانى تورك شه‌ڕى فه‌ڕه‌نسا ده‌كه‌ن، بۆيه‌ لەپاڵپشتيكردنى ئه‌و گروپه‌ كشانه‌وه‌ و ده‌ستيان هه‌ڵگرت. له‌ ساڵى ١٩٣٨ دا ده‌وڵه‌تى تورك١٢٠٠٠  هه‌زار شه‌پقه‌ى توركى نارد بۆ ئاغاكانى ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌، تاوه‌كو به‌سه‌ر گوندەكان بڵاوى بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بيكه‌نه‌ سه‌ريان. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ بوو تاوه‌كو به‌ فه‌ڕه‌نساييه‌كان بڵێن كه‌چياى كرمانج، هاوڵاتى توركيايين. به‌ڵام‌ به‌بڕيارى (سه‌يد ئاغا ديكێ) هه‌موو شه‌پقه‌كانيان له‌ناو ئه‌شكه‌وتێك سوتاندن ونه‌يانهێشت به‌سه‌ر خه‌ڵكى گونده‌كاندا دابه‌شيان بكه‌ن.

 

توركه‌كان هه‌رده‌م هه‌وڵيان ده‌دا جارێكى تر چياى كرمانج‌ بخه‌نه‌وه‌ سه‌ر ئيداره‌ى (كلس) تاكو به‌و شێوه‌يه‌ بخرێته‌ سه‌ر توركيا، ئه‌ويش به‌پاساوى ئه‌وه‌ى‌ كه‌ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ له‌ناوچه‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ى خۆى كه‌ئيداره‌ى كلسه‌، دابڕاوه‌. به‌ڵام فه‌ڕه‌نسا له‌ساڵى ١٩٢٢ بڕيارى دابوو كه‌ناوچه‌يه‌كى ئيداریى له‌ده‌ڤه‌رى چياى كرمانج دروست بكرێت، ئه‌ويش ئه‌و شاره‌ى عه‌فرين بوو كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستى فه‌ڕه‌نسا بنيات نراوه‌. له‌پاش دروستكردنى سه‌را وبنكه‌ى پۆليس، شارى عه‌فرين به‌پلانى ئه‌ندازيارى فه‌ڕه‌نسايى بنيات نرا.

 

هه‌ر بۆيه‌ تورك ئاگادار بوون وده‌يانزانى كه‌ئه‌و سه‌ربه‌خۆييه‌ى ويلايه‌تى ئه‌سكه‌نده‌روون ودابڕينى چياى كرمانج له‌توركيا، بۆ تورك ئاسان نييه‌ كه‌كورد ببينن له‌سه‌ر ده‌رياى سپى بمێنێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وكات به‌ئاسانى ده‌ستى كوردان ده‌گات به‌ئه‌ورووپا ودونياى ده‌ره‌وه‌‌ وشانبه‌شانى ده‌سه‌ڵاتى تورك ده‌رده‌كه‌ون. ئه‌وكات به‌ ئاسانى، كورد ده‌توانێت كوردستانێكى سه‌ربه‌خۆ ڕابگه‌يه‌نێت وده‌وڵه‌تى تورك لاوازتر بكه‌ن.

 

بۆيه‌ توركه‌كان ويلايه‌تى موسڵيان بەئينگليز بەخشی له‌به‌رامبه‌ر ويلايه‌تى ئه‌سكه‌نده‌روون، له‌ساڵى ١٩٣٩ دا سنوورى سايكس پيكۆ گۆڕانكارى به‌سه‌ردا هات. ويلايه‌تى ئه‌سكه‌نده‌روون خرايه‌ سه‌ر توركيا. سنوورى توركياش چياى ئامانۆسى برد وچياى (ئه‌قره‌ع) لەنزيك شارى لازقييه‌. به‌و گۆڕانكارييه‌، سنوورى توران كه‌وته‌ نێوان ده‌رياى سپى وچياى كرمانج (عه‌فرين). نێوان چياى كرمانج وده‌رياى سپى، ته‌نيا ٣٤ كيلۆمه‌تر ده‌بێت.

 

هۆكارى ئه‌و ترسه‌ى كه‌لاى توركه‌كان هه‌يه‌ له‌وه‌ى كورد بچێته‌ سه‌ر ده‌رياى سپى، ئه‌وه‌يه‌ كه‌خه‌ڵكى ده‌ڤه‌رى عه‌فرين، به‌ درێژايى مێژوو، به‌رگرى له‌ده‌ڤه‌ره‌كه‌ى خۆى كردووه‌. ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ش نموونه‌ى ئه‌و به‌رخۆدانه‌ى خه‌ڵكى عه‌فرين له‌مێژوودا:

 

1-      بنياتنانى دێرسه‌معان:

هه‌نگاوى بيزه‌نتييه‌كان له‌ساڵى ٤٦٥ ى مه‌سيحيدا, ويستيان دێرێك له‌سه‌ر مه‌رقه‌دى (عامۆدى) دروست بكه‌ن. (دێر وه‌كو كه‌نيسه‌ وايه‌ وماڵ وحاڵيشيان له‌وێدايه‌ وه‌كو قه‌ڵا). به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى ده‌ڤه‌رى عه‌فرين ڕۆژپه‌رست بوون، ڕێيان له‌بنياتنانى دێره‌كه‌ (يان قه‌ڵاكه‌) گرت ونه‌يانهێشت ئه‌و دێره‌ بنيات بنرێ. له‌نێوان بيزه‌نتى وخه‌ڵكى ده‌ڤه‌ره‌كه‌، شه‌ڕێكى توند ڕوویدا. دواى چه‌ند ساڵ شه‌ڕكردن و ڕێگه‌نه‌دان به‌چوونه‌ ناوه‌وه‌ى بيزه‌نتييه‌كان، هيچ چاره‌سه‌رێك نه‌مابوو جگه‌ له‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى ده‌ڤه‌ره‌كه‌. به‌ خه‌ڵكى ده‌ڤه‌ره‌كه‌يان گوت: له‌ ئايينى ئێمه‌شدا ڕێز‌ له‌خۆر ده‌گرن، بۆيه‌ ئێوه‌ چيتان ده‌وێت، ئێمه‌ له‌خزمه‌تى ئێوه‌دا ده‌بين.

 

كورده‌كان گوتيان: ئێوه‌ چى به‌ڵگه‌يه‌كتان هه‌يه‌ كه‌ئێوه‌ش ڕێزى خۆر ده‌گرن. گوتيان: ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت دێرى خۆمان له‌سه‌ر شێوه‌ى خۆر بنه‌خشێنين. رۆشتن و له‌سه‌ر بناغه‌ى پرۆژه‌كه‌، وێنه‌ى خۆريان نه‌خشاند و له‌حه‌وشه‌ى دێر بناغه‌كه‌يان دانا و له‌سه‌ر هه‌موو ستوونه‌كانى دێره‌كه‌ش‌، وێنه‌ى خۆريان نه‌خشاند، بۆيه‌ كورده‌كان له‌ساڵى ٤٧٦ ى مه‌سيحيدا ڕێگايان به‌بيزه‌نتييه‌كان دا، دێرى خۆيان دروست بكه‌ن.

 

2-      هاتنى موسوڵمانان:

ئه‌بى عوبه‌يده‌ى ئيبن جه‌ڕاح، ئه‌ويش دوورگه‌ى عه‌ره‌بيى گرت وهات تاكو گه‌يشته‌ ده‌ڤه‌رى چياى كرمانج، هه‌وڵیدا بچێته‌ ناو ده‌ڤه‌رى عه‌فرينه‌وه‌، به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ پارێزگارييان له‌چياكه‌ى خۆيان كرد. بۆ ماوه‌ى چوار ساڵ شه‌ڕ كردن، نه‌يتوانى بچێته‌ ناو عه‌فرينه‌وه‌. بۆيه‌ ئه‌بى عوبه‌يده‌ هات داواى ڕێككه‌وتنى له‌خه‌ڵكى ده‌ڤه‌ره‌كه‌ كرد. خه‌ڵكى ده‌ڤه‌ره‌كه‌ش له‌سه‌ر قسه‌ى ڕاهيبى قه‌ڵاى حۆرى (يان خۆريى كه‌ له‌خۆرپه‌رسته‌وه‌ هاتووه‌) و به‌سه‌رۆكايه‌تى هه‌مان ڕاهيب له‌ساڵى ٦٧٣ ى مه‌سيحيدا, ڕازى بوون و له‌گوندى شه‌رقييه‌ رێككه‌وتن كرا له‌گه‌ڵ سوپاى موسوڵمانان، به‌و مه‌رجه‌ ڕێگه‌ درا به‌ له‌شكرى موسوڵمانان بچنه‌ ناو ده‌ڤه‌رى چياى عه‌فرين، كه‌ده‌بێت رێز له‌ئايينه‌كانى دیکە بگرن وپه‌رستگاكانيان بپارێزن، هه‌ر بۆيه‌ هه‌تا ئێستاش، زۆرێك له‌په‌رستگاى ناموسوڵمان له‌چياى كرمانج ماونه‌ته‌وه‌.

 

3-      سەدەى حەڤدە:

له‌ سه‌ده‌ى حه‌ڤده‌دا، عوسمانييه‌كان شه‌ڕى (به‌تاڵى به‌تێل)يان كرد كه‌كابرايه‌ك بوو خاوه‌نى قه‌ڵاى باسوتا بوو له‌ده‌ڤه‌رى عه‌فرين، به‌ڵام سه‌رنه‌كه‌وتن به‌سه‌ر عه‌فريندا. بۆيه‌ لە ڕێگه‌ى والى حه‌ڵه‌به‌وه‌ به‌فرت وفێڵ، بانگهێشتى به‌تاڵى به‌تێڵيان كرد بۆ شارى حه‌ڵه‌ب تاوه‌كو له‌ڕێگه‌ى دانوستانه‌وه‌ له‌گه‌ڵيان ڕێك بكه‌ون. له‌و كاته‌دا والى حه‌ڵه‌ب، به‌ خيانه‌ت، به‌تاڵى به‌تێڵ وكوڕه‌كه‌ييان كوشت كه‌ناوى (ئيبيش) بوو، به‌سێداره‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن زاڵ ببن به‌سه‌ر خه‌ڵكى عه‌فريندا وداگيرى بكه‌ن.

 

4-      جەنگى جیهانى یەکەم:

له‌شه‌ڕى جيهانى يه‌كه‌مدا، فه‌ڕه‌نسييه‌كان له‌ساڵى ١٩٢٠ دا هه‌موو سوريايان داگير كرد، به‌ڵام هه‌وڵى زۆريان دا وته‌نيا نه‌يانتوانى چياى كرمانج ياخود عه‌فرين وچياى دورزيان داگير بكه‌ن. يه‌كه‌م گوله‌ كه‌ له‌شۆڕشى سوريا به‌ره‌وڕووى فه‌ڕه‌نسا ته‌قێنرا، له‌تفه‌نگه‌كه‌ى (محۆ ئيبۆ شاشۆ) ده‌رچوو له‌ده‌ڤه‌رى عه‌فرين. واته‌ شۆڕشى سوريا، له‌عه‌فرين وبه‌ ده‌ستى كورده‌كان ده‌ستى پێكرد ودامه‌زرا.

 

 

له‌شه‌ڕى (دۆڵى شيێ)، سه‌يد ئاغا ديكێ، كۆمه‌ڵێك ئه‌فه‌سه‌ر وسه‌ربازى فه‌ڕه‌نسايى كوشت له‌ساڵى ١٩٢١, دايان به‌سه‌ر شه‌مه‌نده‌فه‌رێكدا، چه‌ندين سه‌رباز وئه‌فسه‌ريان لێ به‌بارمته‌ گرتن وده‌ستيان به‌سه‌ر هه‌موو چه‌ك وجبه‌خانه‌كه‌ياندا گرتن.

تاوه‌كو دواجار له‌سه‌ر مێزى دانوستاندن دانيشتن له‌گه‌ڵ ڕه‌شيد ئاغاى شێخ سمايل زاده‌، دواجار چوار مه‌رجى ڕه‌شيد ئاغا (كۆر ڕه‌شيد – يان ڕه‌شيده‌ كوێر) قبوڵ ده‌كه‌ن وئه‌وكاته‌ ئيتر توانييان ده‌ربازى عه‌فرين ببن.

 

دواى ئه‌وه‌ى فه‌ڕه‌نسا له‌سوريا كشايه‌وه‌، جارێكى دیکە، توركه‌كان ويستيان عه‌فرين بخه‌نه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى خۆيانه‌وه‌. بۆيه له‌دژى توركه‌كان بزوتنه‌وه‌يه‌ك له‌عه‌فرين دروست ده‌بێت كه‌ئيبراهيم نورى سه‌رۆكى شاره‌وانى عه‌فرين بووه‌ ئه‌وكاته‌. به‌ڵام خه‌ڵكى عه‌فرين ڕێگه‌يان نه‌دا جارێكى تر ببێته‌وه‌ به‌سه‌رۆكى شاره‌وانى. تورك هێشتا چاوى له‌سه‌ر عه‌فرينه‌، چونكه‌ عه‌فرين ده‌رگاى كوردستانه‌ بۆ سه‌ر ده‌رياى سپى ناوه‌ڕاست.

 

ڕه‌وشى ئێستا:

 

بۆچى عه‌فرين له‌شه‌ڕى ١٨ ى ئازارى ساڵى ٢٠١٨ دا شكستى هێنا؟

 

تورك هێشتا چاوى له‌سه‌ر عه‌فرينه‌، چونكه‌ عه‌فرين ده‌رگاى كوردستانه‌ بۆ سه‌ر ده‌رياى سپى ناوه‌ڕاست. توركيش زۆر له‌وه‌ ده‌ترسێ كورد بگاته‌ سه‌ر ده‌رياى سپى وده‌ستى بگاته‌ كه‌ناراوه‌كانى ئه‌ورووپا، چونكه‌ به‌پێى ڕێككه‌وتننامه‌ى سايكس بيكۆ، ويلايه‌تى ئه‌سكه‌نده‌روون نه‌درابوو به‌ده‌وڵه‌تى تورك. سياسه‌تمه‌داره‌كانى تورك له‌به‌ر ئه‌وه‌ى شاره‌زابوون وهۆشياريى ئه‌وه‌يان هه‌بوو، به‌و شێوه‌يه‌ ئاسووده‌ نه‌ده‌بوون، چونكه‌ ده‌ترسان كه‌ كورد ببێته‌ خاوه‌نى ده‌رياى سپى وتوركه‌كان وه‌ده‌ر بنێن. ئه‌وكاته‌ كوردستانى گه‌وره‌ دروست ده‌بێت وده‌وڵه‌تى تورك لاواز ده‌بێت. بۆيه‌ ده‌وڵه‌تى تورك له‌ساڵى ١٩٣٦ دا، ده‌ستى له‌ويلايه‌تى موسڵى پڕ خێر وبێرى ژماره‌ى دانيشتوان هه‌ڵگرت كه‌ئه‌وكات موسڵ ناوچه‌ى كێشه‌ بوو له‌نێوان ئينگليز وتوركيادا، به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنى ويلايه‌تى ئه‌سكه‌نده‌روون.

 

1-      ئه‌و ڕێكخستنه‌ى له‌عه‌فرين حوكمى ده‌كرد، يه‌په‌گه‌ بوو. ئه‌و نه‌يتوانى وه‌كو پارتێكى سه‌ربه‌خۆ كار بكات له‌هه‌موو كاروبارێكى خۆيدا، خۆى وه‌كو په‌كه‌كه‌ پيشان ده‌دا كه‌بێگومان، په‌كه‌كه‌ش له‌لايه‌ن ده‌وڵه‌تانى ئه‌ورووپا وئه‌مه‌ريكا، رێكخستنێكى تيرۆريسته.

أ‌-        له‌ شوێنه‌ فه‌رمييه‌كان وێنه‌ى ئۆجالانيان هه‌ڵده‌واسى.

ب‌-    هه‌رچه‌نده‌ ڕۆژێك، خه‌ڵكى عه‌فرين له‌بچوك تا گه‌وره‌كان به‌زۆرى زۆردارى ده‌هێنرانه‌ سه‌ر كۆڵانه‌كان و وێنه‌ى ئۆجالانيان پێ به‌رز ده‌كردنه‌وه‌.

ت‌-    وێنه‌يه‌كى ئۆجالانيان له‌سه‌ر چياى شينگێل به‌ ١٢ مه‌تر له‌به‌رامبه‌ر قه‌ره‌قۆلى توركه‌كان(بازگه‌ى‌ توركيا) دروست كردووه‌.

 

2-      ئه‌وان هێزه‌ سياسييه‌كانى تريان نه‌كرد به‌شه‌ريكى ئيداره‌ى ناوچه‌كه‌ وبگره‌ شه‌ڕى ئه‌و هێزانه‌شيان كرد.

أ‌-        له‌به‌ر ئه‌وه‌ نائارامييان له‌ناو خه‌ڵكه‌ سه‌ربه‌خۆكه‌ى ناوچه‌كه‌ هه‌ڵگرتبوو.

ب‌-    هه‌موو ئه‌و كه‌سه‌ سياسه‌تمه‌دار وڕۆشنبيرانه‌ى كه‌پێگه‌يه‌كى كاريگه‌رييان هه‌بوو له‌عه‌فرين، دووريان خستنه‌وه‌ ودوور كه‌وتنه‌وه‌.

ت‌-    زۆربه‌ى كوردانى عه‌فرين كۆچيان ده‌كرد بۆ توركيا وئه‌ورووپا وداواى په‌نابه‌رييان ده‌كرد له‌و وڵاتانه‌. ده‌يانگوت ئێمه‌ له‌به‌ر تيرۆريستانى په‌كه‌كه‌ له‌عه‌فرين هه‌ڵهاتووين.

 

3-      وێنه‌ى ئۆجالانيان به‌رز ده‌كرده‌وه‌ ودروشميان پێدا ده‌گوت.ناوه‌ ناوه‌ خه‌ڵكى عه‌فرين كه‌زۆربه‌يان ژنى نه‌خوێنده‌وار بوون، ده‌يانبردنه‌ سه‌ر سنوورى توركيا و وێنه‌ى ئۆجالانيان به‌رز ده‌كرده‌وه‌ و به‌رديان ده‌گرته‌ سوپاى توركيا وجنێويان به‌ئه‌ردۆگان ده‌دا. ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌، هه‌موويان له‌خزمه‌تى توركيادا بوون كه‌هێشتيان به‌دونيا بسه‌لمێنن كه‌خه‌ڵكى عه‌فرين تيرۆريستن. له‌به‌ر ئه‌وه‌، ده‌وڵه‌ته‌كان له‌و شه‌ڕه‌دا ده‌ستى هاوكارى خۆيان له‌عه‌فرين كشانده‌وه‌.

 

4-      له‌ شه‌ڕى 2018 دا ئه‌م ديمه‌نانه‌ هه‌بوو:

أ-      ئه‌وانه‌ى سه‌رپه‌رشتى شه‌ڕه‌كه‌يان ده‌كرد، عه‌فرينى نه‌بوون.

ب-      سه‌ركرده‌كانى په‌يه‌ده‌ ويه‌په‌ژه‌ خۆيان خاوه‌ن بڕيار نه‌بوون. ته‌نيا فه‌رمانيان جێبه‌جێ كردووه‌.

ت-      رێكخستنه‌كانى په‌يه‌ده‌ ويه‌په‌ژه‌ خه‌ڵكى عه‌فرينيان بێزار كردبوو.

 

5-      حزبى ده‌سه‌ڵاتدار له‌عه‌فرين، له‌ڕووى دبلۆماسى زۆر لاواز بوو.

6-      حزبه‌كانى تر له‌عه‌فرين رۆڵيان پێنه‌درابوو.

 

به‌ باوه‌ڕى من, ئه‌و به‌ندانه‌، داگيركردنى عه‌فرينيان ئاسان كردبوو.



ئه‌م بابه‌ته 981 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر