چارەسەری کێشەی ئاو لە یاسای نێودەوڵەتیدا

ئەگەر سەدەی بیستەم شەڕی نەوت ودەستگرتن بەسەر سەرچاوەکانی وزەی ژێر زەویدا بوبێت ئەوا زانایان کۆکن لەسەرئەوەی لەدەیەی یەکەمی سەدەی بیست ویەکەوە شەڕی ئاو وسەرچاوە ئاوییەکان جێگای شەڕی نەوت دەگرێتەوە، پێویستی زۆری ژیان بۆ ئاو وادەکات گرنگی زۆر زیاتربێت لەنەوت وکانزاکانی تری ژێرزەوی
PM:05:33:16/09/2018
دۆسیە: ئاسایشی نەتەوەیی
کێشەی ئاوی نێوان عێراق ودراوسێکانی مێژوویەکی درێژی ھەیە؛ ھەرچەندە دەکرێ دیسان وەک کارتی گوشار بەرامبەر بەویستی پاوانخوازی ودەستوەردانی دراوسێکان بەکاری بھێنن.

سیروان حەمە شەریف
ڕاوێژكاری یاسایی و پارێزه‌ری تایبه‌تی چاوی كورد

ئەگەر سەدەی بیستەم شەڕی نەوت ودەستگرتن بەسەر سەرچاوەکانی وزەی ژێر    زەویدا بوبێت ئەوا زانایان کۆکن لەسەرئەوەی لەدەیەی یەکەمی سەدەی
بیست ویەکەوە شەڕی ئاو وسەرچاوە ئاوییەکان جێگای شەڕی نەوت دەگرێتەوە، پێویستی زۆری ژیان بۆ ئاو وادەکات گرنگی زۆر زیاتربێت لەنەوت وکانزاکانی تری ژێرزەوی، تەنھا سەدساڵێکە نەوت دۆزراوەتەوە وکاریگەری لەسەر پێشکەوتنی ژیانی کۆمەڵایەتی وسیاسی وئابوریدا ھێناوە
، بەڵام ئاو یەکەم مەرجی ژیان بووە بەتایبەت لەکۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا کەئامێر وئامرازی گواستنەوەی ئاو بەردەست نەبووە ونەدۆزراوەتەوە ناچار مرۆڤەکان خۆیان بۆلای ئاوەکان گواستوەتەوە وگوند و ئاوەدانی وشارستانیەتیان لەکەناری ڕوبارەکاندا ئاواکردووە لەبەر ئەوەش چەندین شەڕ و کێشە لەسەر ئاوی سەرزەوی دروست بووە،  لەداھاتوشدا دووبارە دەبنەوە. ھەوڵ دەدەین لەڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە وەڵامی ئەوە بدەینەوە ئایا دەوڵەتەکان تا چەند دەتوانن ئاڕاستەی سەرچاوە ئاوییەکان بگۆڕن وبیگرنەوە؟

 

ئاوەکان لەیاسای نێودەوڵەتیدا، لەبەرئەوەی سەرەتای سەرھەڵدانی ژیان و شارستانییەکان لەکەناری ڕووبار وسەرچاوە ئاویییەکانەوە بووە، لەبەر ئەم ھۆکارەیە ھەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ئاوەکان دراوە وکێشەیان لەسەر دروست دەبێت. پاش گەشەسەندنی یاسای نێودەوڵەتی، چارەسەر بۆ کێشە ئاویییەکان دۆزراوەتەوە ودەبێ دەوڵەتەکان پابەند بن بەیاساکانەوە بۆ ئەوەی ژیان بەھەموو کێشەکانیشیەوە بەردەوام بێت.

 

 لەیاسای نێودەوڵەتیدا ئاوی ڕووبارەکان بۆ دوو جۆر دابەش دەبن:

یەکەم: ڕووباری نیشتمانی، ئەو ئاوانەیە کە لەسەرچاوەکەیەوە تا کۆتایی لەسنووری یەک وڵاتدایە، وھیچ وڵاتێکی تری دراوسێی بەشدار نییە لەئاوەکەیدا وەک: ڕووباری تایمز لەبریتانیا وسین لەفەڕەنسا. سەرپەرشتی وسەروەریی ئەم جۆرە ئاوانە، دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی ومافی سوود لێوەرگرتنی ھەیە بۆ مەبەستی کشتوکاڵی وپیشەسازی وکەشتیوانی.


 

دووەم: ڕووباری نێودەوڵەتی، ئەو جۆرە ئاوانەیە کەسنووری دوو وڵات، یان زیاتر دەبڕێت، ھەر وڵاتێک سەروەریی ھەیە لەسەر بەشی ناوخۆی، بەمەرجێ پابەندی بەرژەوەندیی وڵاتانی خوارووی خۆی بێت، بەتایبەت لەسوودی گشتی کشتوکاڵ و پیشەسازی وکەشتیوانی، بۆ نموونە: ڕووباری دانوب، ڕاین، نیل وفورات.


 

قۆناغەکانی تێپەڕبوونی ئاوە نێودەوڵەتییەکان لە جیھاندا:

 

قۆناغی یەکەم: سەدەکانی ناوەڕاست، وڵاتەکان سەروەریی تەواویان ھەبوو بەسەر ڕووبارەکاندا و لەقۆرخکاری وسەپاندنی باج وڕەسمی گومرگی بەسەریاندا؛ تەنیا لە کاتێکدا دەرفەتیان بەوڵاتێک دەدا سوود لەو ئاوە وەربگرێت کەڕێککەوتنێکی تایبەتیان لەگەڵی ھەبووایە.

 

قۆناغی دووەم: شۆڕشی فەڕەنسا، ئەو شۆڕشەی کەگۆڕانکاریی گەورەی لەبنەماکانی یاسای نێودەوڵەتیدا کرد، بەتایبەت لەبواری ڕووبار وسەرچاوە ئاوییەکاندا، بەر لەشۆڕشی فەرەنسی لەساڵی ١٧٨٩ی زایینی، مۆڵەت نەبوو بۆ مەبەستی کەشتیوانی ئاوی ڕووبارەکان بەکار بھێنرێت، بەڵام بۆ یەکەمجار لەساڵی ١٧٩٢ فەرەنسییەکان بڕیاریاندا، بەلژیکا وھۆڵەندییەکان لەڕووباری موز وئالایسکو کەشتیوانی بکەن کەھەردوو ڕووباریان پێدا تێپەڕ دەبوو، بەڵام بەتەنھا ئەو وڵاتانە، نەک بۆ گشت وڵاتان.

 

قۆناغی سێیەم: کۆنگرەی ڤیەننا لەساڵى ١٨١٥، مافی کەشتیوانی بە تێکڕای وڵاتان درا، بەمەرجێ باج وخەراجی زۆریان لەلایەن وڵاتی خاوەن ڕووبارەکەوە نەخرێتە سەر.

 

قۆناغی چوارەم: ڕێککەوتننامەی بارسێلۆنا لە ٢٠/٤/١٩٢١،  کە ٤٢ دەوڵەت تیایدا بەشدار بوون، لەو قۆناغەدا بڕیار درا ھەموو وڵاتانی خاوەن ڕووبارە نێودەوڵەتییەکان، نابێ ھیچ کێشە وبەربەستێک لەبەردەم ھاتوچۆی کەشتیوانیدا دروست بکەن، پێویستە لەسەریان دەست بە چاککردنەوە ونۆژەنکردنەوەی بەندەر و پێداویستییەکان بکەن.

 

لەگەڵ ئەوەی بەراورد بەڕابردوو، گۆڕانکاری وبەرەوپێشچوونی دیار وبەرچاو لە یاسای ڕێڕەوە ئاوییەکاندا ڕوویدابوو، بەڵام ھیچ یەک لەو ڕێککەوتن وقۆناغانە نەیانتوانی بەجیھانی وسەرتاسەری ببن، بەھۆی کاریگەریی نەرێنیی جەنگی جیھانی یەکەمەوە ژمارەی وڵاتە بەشداربووەکان لەڕێککەوتننامەی بارسێلۆنا لە ٤٢ وڵاتەوە دابەزی بۆ ٢١ وڵات ونەتوانرا چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشە ئاویییەکان دابنرێت.

 

بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان لەڕێکەوتی ٢١/٥/١٩٩٧ بەبڕیاری زۆرینەی وڵاتان و دەنگی  "بەڵێ"ی ١٠٤ و دەنگی "نەخێر"ی تەنیا ٣ وڵات و ٢٧ وڵاتی دەنگنەدەر، کە لەناویاندا ئیسڕائیل وئەسیۆبیا ھەبوو، پەیماننامەی نێودەوڵەتیی "بەکارھێنانی ڕێڕەوی ئاوە نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی جگە لە کەشتیوانی"ی پەسەند کرد. دەتوانین ئەم پەیماننامەیە بەیەکێ لەچارەسەرەکانی کێشەی ئاو وسەرچاوە ئاوییەکان لەیاسای نێودەوڵەتیدا دابنێین، ئەو ڕێککەوتنە تایبەتییانەی لەنێوان وڵاتان لەسەر ئاوەکان دەکرا، دەبووایە ھاوتەریبی بنەماکانی ئەم پەیماننامەیە بێت.

 

لە ماددەی ٣٣دا ھاتووە: ئەگەر چارەسەری کێشەی ئاوەکان بە دانوستان –نێوان وڵاتانی خاوەن ئاو- سەری نەگرت، دەبێ لیژنەیەک پێک بھێنرێت بۆ دیاریکردنی ڕاستییەکان ونزیککردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان وپەنابردن بۆ ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی (International Arbitration) یاخود ڕێکاری یاسایی بگیرێتە بەر. ھەروەھا لەبڕگەی ٩ی ھەمان ماددەدا ھاتووە: وڵاتانی خاوەن واژۆ لەم پەیماننامەیەدا، دەتوانن ڕەزامەندی لەسەر دەسەڵاتی دادگەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری کێشەکان بنوێنن، یاخود لەڕێگەی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتییەوە دەکرێت.

 

بەڕوونی ئاماژەی داوە بەوەی تێکڕای وڵاتانی خاوەن ئاو مافی سوودوەرگرتنیان ھەیە، بەڵام بە شێوازی "ویژدانی و دروست" و بەمەرجێک زیان بەوڵاتی خوارووی خۆیان نەگەیەنن کەئاوەکەی پێیدا تێپەڕ دەبێت.  پێویستیشە شەش مانگ بەر لەوەی ھەر پرۆژەیەک لەسەر ئاوی ڕووبارەکە دروست بکات، وڵاتانی تر لەناوەڕۆکی پڕۆژەکەی ئاگادار بکاتەوە؛ ئەگەر ئەوانی تر ناڕازی بوون، دەتوانن  لەڕێگەی وڵاتانی تری ناوبژیوانەوە بگەنە چارەسەری گونجاو.

 

یاساناسان لەبواری نێودەوڵەتیدا چەند خاڵێکی گرنگیان وەک بنەما دیاری کردووە ودەبێ پێیەوە پابەندبن. کۆی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان ودادگاکانی ناوبژیوانیی تایبەت بەچارەسەری کێشەی ئاوی ڕووبارەکان، ئەمانەن:

 

-          ئەو بنەمایانەی کەوڵاتانی شەریک، خۆیان لەسەری ڕێک کەوتوون.

-          دادگەری لەدابەشکردنی ئاوەکان وسوودوەرگرتن لێیان.

-          ھاریکاریی یەکتری لەپەرەپێدان وگەشەسەندنی ئاوەکان و

سوود لێوەرگرتنیان وەک یەک
.

-          لەبەرچاوگرتنی ئەوانەی پێشوو مافیان لەسوودوەرگرتنی ئاوەکاندا ھەبووە.

-          نابێت ئاڕاستەی ئاو بگۆڕدرێ وبەربەست لەسەر ڕووبارەکان دروست بکرێ، بەبێ ڕێککەوتنی پێشوەختی وڵاتانی بەشدار لەئاوەکە.

 

کەواتە بەپێی بنەما سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتیی گشتی، کوردستان مافی خۆیەتی لەچوارچێوەی دەوڵەتدا تێکڕای بەرژەوەندییەکانی خۆی لەسوودوەرگرتن لەڕووبارەکانی کەبەناویدا تێدەپەڕێ وەرگرێت، وەک چۆن وڵاتانی وەک ئێران و تورکیا بۆیان نییە ڕێڕەوە ئاوییەکان لێی بگرنەوە، ئەمیش دەبێت پابەندی یاسا بێت ولەداھاتوودا زیان بەدەوڵەتی عێراق نەگەیەنێ، چونکە ئاوەکانی بەناو دەوڵەتی داھاتووی کوردستاندا تێ دەپەڕێت.

 

ئەوەی گرنگە، کاتێک وڵاتێک دەست بەدروستکردنی بەربەست، یان گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوەکان دەکات، دەبێ ئامادەی گفوگۆ بێت، ئەگەر ئامادە نەبوو، دەبێ ڕێگە بەوڵاتانی ناوبژیوان بدرێت چارەسەری کێشەکەیان بۆ بکات؛ ئەگەر ئامادەی ئەمەش نەبوو، دەبێ بەرپرسیارێتیی لەئەستۆگرتنی زیانەکانی وڵاتی خوارووی خۆی بێت.

 

کێشەی ئاوەکانی عێراق:

 

ھەرچەندە لەسەرەتای دروستبونی دەوڵەتی عێراقەوە چەندین کێشەی دینی ومەزھەبی و نەتەوەیی وفەرھەنگی جیاوازی ھەبووە وکۆتاییشیان پێنایەت، چونکە دانیشتوانەکەی پێکھاتەیەکی ئاڵۆزی ھەیە وبەسەر شیعە وسونە وکورد وتورکمان وزۆری تریشدا دابەشبووە، هەروەها وڵاتانی دراوسێ بەرژەوەندییان ھەیە لەدەستوەردان بەکاروباری ناوخۆی ئەم وڵاتەوە، وەک دەبینرێت لەدوای ھەڵبژاردنی ١٢/٥/٢٠١٨ بۆ پەرلەمانی عێراق کێشەی کەم ئاوی وگرتنەوەی سەرچاوە ئاوییەکان لەلایەن ھەریەک لە دەوڵەتی ئێران وتورکیاوە دروستبوو هەروەها دانیشتوانی بەدەست بێ ئاوی وکەمی کارەباوە دەناڵێنن، ھەرچەندە ئەوە بەردەست وبەرچاوە بەڵام لەڕاستیدا کێشەی ئاوی عێراق مێژوویەکی دوورتری ھەیە.

 

بەر لە جەنگی جیھانی یەکەم، ئاوەکانی دەوڵەتی عوسمانی تێکڕا ئاوی نیشتمانی بوون وکێشەی نێودەوڵەتییان نەبوو، لەبەر ئەوەی لەسنووری تەنیا یەک وڵاتدا بوون، بەڵام لەدوای ساڵی ١٩١٨ وداڕووخانی خەلافەتی عوسمانی ودابەشبوونی بۆ چەند وڵاتێک، ئاوەکانی، بوون بەئاوی نێودەوڵەتی وکێشەی دەستبەسەرگرتن وبەکارھێنان لەو ڕێکەوتەوە سەری ھەڵداوە. ئاوی فورات لەتورکیاوە ھەڵدەقووڵێت وبەناو سوریا وعێراقدا تێ دەپەڕێت؛ بەشێوازێک ٤٢٠کم لەناو تورکیایە و ٦٨٠کم لەسوریا و ١٢٠٠کم لەعێراقە.

 

ڕێککەوتنەکانی پەیوەندیدار بەئاوی عێراق:

لەسەدەی ڕابردوودا ھەر یەک لەدەوڵەتانی بریتانیا وفەڕەنسا کاتێ ئیستیعماری عێراق و سوریا بوون لە ٢٣/١٢/١٩٢٠ ڕێککەوتنێکیان واژوو کرد ولەماددەی ٣دا ھاتووە: "ئەگەر فەڕەنسا پرۆژەی لەسەر ئاوەکانی دیجلە وفورات لەوڵاتی سوریا دروست کرد – بۆ ئەوەی زیان بە عێراق نەگەیەنن- دەبێ پێشوەخت لیژنەی بۆ پێک بھێندرێت." لە ماددەی ١٠٩ی ڕێککەوتننامەی "لۆزان"دا لە ٢٤/٧/١٩٢٣ لەنێوان تورکیا وھاوپەیماناندا ھاتووە: "بۆ پارێزگاریکردن لەماف وبەرژەوەندییەکانی ھەر یەکێکیان، دەبێ لەنێوان وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندیی ھاوبەشدا ڕێککەوتن بکرێ."

 

بەپێی ھەر یەک لەبنەما نێودەوڵەتییەکان وڕێککەوتننامە تایبەتییەکانی وڵاتانی سوریا وتورکیا وعێراق، ھیچ یەک لەو وڵاتانە بۆیان نییە لەسەر ئاوەکانی ھاوبەشیان بەربەست وکێشە وزیان بەیەکتری بگەیەنن. ھەر یەک لەوڵاتانی عێراق وسوریا پاش بەدەستھێنانی سەربەخۆیی خۆیان لەدوای داڕمانی خەلافەتی عوسمانی، لەسەر ئەو ڕێککەوتننامانەی پێشوو کەلەسەر سەرچاوە ئاوییەکان کراوە، ڕەزامەند بوون.

 

وڵاتانی عێراق وتورکیا لە ٢٩/٣/١٩٤٧ ڕێککەوتنێکیان سەبارەت بەئاوەکانی دیجلە وفورات واژوو کرد، بەپێی ئەم ڕێککەوتنە ھیچ یەک لەدەوڵەتەکان بۆیان نییە زیان بەوانی تر بگەیەنن. لەڕێکەوتی ٧/١١/١٩٥٧ باڵیۆزخانەی تورکیا لەبەغدا یاداشتێکی ڕادەستی حکومەتی عێراقی کرد کەتیایدا ڕوونیان کردبووەوە دەیانەوێت لەسەر ڕووباری فورات بەنداو دروست بکەن، بۆ ئەوەی لایەنی عێراقی ڕەزامەندی پیشان بدات.

 

کاتێک سوریا بڕیاری دروستکردنی بەنداوێکی گەورەی دا لەسەر ڕووباری فورات، عێراق لەساڵی ١٩٥٧ لەکۆمکاری عەرەبی سکاڵای لەدژی کرد، چونکە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕەفتاری کرد. بەتەنیا لەنێوان ساڵەکانی ١٩٧٦ تاوەکوو ١٩٩٢ وڵاتانی تورکیا وسوریا وعێراق ١٦ جار کۆبوونەوەی تایبەت بەچارەسەری کێشە ئاوییەکانی نێوانیان کردووە بەڵام بێ ئەنجام بووە.

 

دەرەنجام

 

کێشەی ئاوی نێوان عێراق ودراوسێکانی مێژوویەکی درێژی ھەیە؛ ھەرچەندە دەکرێ دیسان وەک کارتی گوشار بەرامبەر بەویستی پاوانخوازی ودەستوەردانی دراوسێکان بەکاری بھێنن. بەڵام تێکڕای ئەو ڕێککەوتنانە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکەنەوە کەوڵاتانی دراوسێ ناتوانن بەبێ ڕەزامەندیی دەوڵەتی خواروی خۆیان کەعێراقە بەربەست و ڕێگری بۆ سەرچاوە ئاوییەکان دروست بکەن. ئەگەر بەشێوازی یەکلایەنە ڕەفتار بکەن وبیانەوێ زیان بەم دەوڵەتە بگەیەنن، ئەوا بۆ عێراق ھەیە ودەتوانێ لەدادگەی نێودەوڵەتی، سکاڵایان لەسەر تۆمار بکات ودەبێ کۆی ئەو زیانانەی بەدانیشتوانی دەگات لەئەستۆ بگرن.



ئه‌م بابه‌ته 883 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر