بۆچی هێرشی ئێران؛ یەکەم کێشەی بایدن دەبێت

تاران و هێزە لایەنگرەکان، لەوانەیە تا کاتی دوای دەست بەکاربوونی ئیدارەی بایدن چاوەڕێ بکەن و هیچ کارێك نەکەن، بەمە بڕیاری ئەوە بۆ "بایدن" بەجێ دەهێڵێت چۆن هاوسەنگیی سەلامەتیی هێزەکانی ئەمریکا بە هەلی خۆ ڕێکخستنەوە دەپارێزێت.
PM:04:31:17/01/2021
دۆسیە: هەرێمایەتی
ئێران لەوانەیە تا کۆتایی ئیدارەی "ترەمپ" میلیشیا هاوبەشەکانی کۆت و بەند بکات، بەڵام تا کاتێکی زۆر دوای ئەوە نا.

مایکڵ نایتس
ئەندام ئینستیتیوتی واشنتۆن، ئەمریکیە، شارەزای بواری ئەمنیی و کاروباری عێراق.


ڕۆژی(3ـی کانوونی دووەم) یادی یەکەمین ساڵیادی ئەو هێرشە ئاسمانییە دەکەنەوە "قاسم سولەیمانی" فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران، "ئەبومەهدی موهەندیس" جێگری سەرۆکی میلیشیای حەشدی شەعبی کوشت. وا پێدەچێت جیهانیش بە ئەگەری حەتمیی پێکدادانی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرقاڵ بێت، کاتێك ئەو میلیشیا شیعانەی ئێراق پشتیوانییان دەکات، هێرشە مووشەکییەکانیان بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا و چاندنی بۆمب لەسەر ڕێگای کاروانەکان زیاد دەکەن، ئەمریکاش فڕۆکەی جەنگی (B-52) دەفڕێنێت و بەهێزترین هێزی دەریایی لە کەنداو جێگیر دەکات. 

ژمارەیەك شرۆڤەکار؛ پێشبینیی ئەوەیان کردووە، پێکدادانێکی توند لەگەڵ ئێران دەبێتە کۆتا کردەی سەقامگیری شوێنی "دۆناڵد ترامپ" لە سەرۆکایەتییکردنی ئەمریکا. بەڵام هەموو ئەگەرێکیش هەیە، کە لەبری ئەوە تۆڵەی "قاسم سولەیمانی" و "ئەبومەهدی موهەندیس" یەکەم ئاڵنگاری ئیدارەی جۆ بایدن بێت. 

ماوەی چەندین هەفتەیە بەڵگە و نیشانەی بەیەکداچوونێکی دوای( 20ـی کانوونی دووەم) لەسەر یەك کەڵەکە دەبێت. "عەلی خامنەیی" ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ڕۆژی(16ـی دیسەمبەر) هۆشداریی دا لەوەی تۆڵەی ئێران "لە کات و شوێنی گونجاوی خۆیدا" دێت و، بەم پێیەش؛ بەدڵنیاییەوە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی "دۆناڵد ترەمپدا" نابێت، کە بەڵێنی بەرپەرچی توند بداتەوە ئەگەر ئەمریکییەکان زیانیان پێبگات. لە ناوەوەی ئێراق، "کتائب حیزبوڵڵا" میلیشیای دیاری پاڵپشتیکراوی ئێران، هۆشداریی داوە لەوەی  هێرشی تۆڵەکاری ئەنجام نەدرێت، تا ئەوکاتەی "ترەمپ" کورسی سەرۆکایەتیی جێدەهێڵێت، تەنانەت ڕۆژنامەی "اڵاخبار"ـی لوبنانی ڕایگەیاندووە کە "موحەممەد ئەلهاشمی"، نێردەیەکی حکومەتی ئێراق بۆ ئێران نێردراوە و، داوای لە تاران کردووە ئارام بگرێت "تا ئەوکاتەی ئیدارەی بایدن کورسی سەرۆکایەتیی لە ترەمپ وەردەگرێت". 
 
ئێران لەوانەیە تا کۆتایی ئیدارەی "ترەمپ" میلیشیا هاوبەشەکانی کۆت و بەند بکات، بەڵام تا کاتێکی زۆر دوای ئەوە نا. لەو ناوەندە ناوخۆییانەی حکومەتی ئەمریکا کە تێیاندا هەڕەشەکان هەڵدەسەنگێنرێن، دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە ڕۆژی(20ـی کانوونی دووەم)دا وەك دەروازەیەکی مەترسی و (فەرامۆشکراو) سەیر دەکرێت بۆ دروستکردنی گرژی. بۆیە ئەگەر هەیە یەکێك لە ئەرکە سەرەتاییەکانی "جۆ بایدن" وەڵامدانەوەی هێرشێکی تووند بێت بۆ سەر ئەمریکییەکان لە ئێراق سوریا یان ناوچەی کەنداو. 

وڵاتی ئێراق تایبەتمەندی ڕێخۆشکردن بۆ ئاستەنگ و ئاڵنگاری پێشوەختە بۆ سەرۆکە نوێکان هەیە: یەکەم بەکارهێنانی هێز لەلایەن بێل کلینتۆنەوە لە ئێراق بوو، هێرشە مووشەکییەکانی ساڵی(1993) کە تۆڵەی هەوڵەکانی دوو مانگ بەر لەوکاتی "سەدام حسێن"ی کردەوە بۆ تیرۆرکردنی "جۆرج ئێچ دەبلیو بۆش"ی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا. یەکەم بەکارهێنانی هێز لەلایەن سەرۆك "جۆرج دەبلیو بۆش"یش هەر لە ئێراق بوو - شەپۆلێکی هێرشی ئاسمانی لە مانگی شوباتی ساڵی(2001)کە جۆرج بۆشیان بێزار کردبوو یەکەم گەشتی دەرەکیی ناوبراویان (بۆ مەکسیك) پچڕاند. 

یەکەم ئاستەنگی سەربازیی سەرۆکێکی نوێ دەکرێ کارێکی چارەنووسساز بێت، بەتایبەتی کە پێشبڕکێکارانی گەورەی دەسەڵات و وڵاتانی خراپ بەهەمان شێوە ڕێ و شوێن بۆ سەرۆکە نوێکە دەگرنە بەر. پێویستە "بایدن" لێکەوتەکانی کردار گرتنەبەر و نەگرتنەبەر هەڵسەنگێنێت: بەشێکی بنەما سیاسییەکەی نیازی وایە ئیدارە نوێکە لە کۆنەکە جیا بکاتەوە و، دەستێکی کراوە بۆ ئێران درێژ بکات، لەکاتێکدا کۆنەخوازانی سیاسەتی دەرەکییش ئاماژە بە گرنگیی نیشاندانی هێز و تووندی دەدەن، بەتایبەتی ئەگەر ئەمریکییەك بکوژرێت. 

باشترین دەرەنجام بۆ هەرکەسێك ئەوەیە کە "ئێران" و هێزە لایەنگرەکانی دەرك بەوە بکەن کە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەردەمی "بایدن" بەهیچ شێوەیەك، سەلامەتتر یان کەم مەترسیدارتر نییە لە گرتنەبەری هەنگاوێکی لەوشێوەیە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا. سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا پێویستە بەر لە (20ـی کانوونی دووەم) بەڕوونی باسی ئەوە بکات کە لە خولەکی یەکەم، ڕۆژی یەکەم ئامادە دەبێت بۆ وەڵامدانەوەی تووندی هەر هەڕەشەیەك بۆ سەر ئەمریکییەکان. لە ڕۆژی(20ـی کانوونی دووەم)دا، پێویستە ئیدارەی نوێ بە هێمنی و لەسەرخۆ ئاماژەی ئەوە بداتە "ئێران" کە دەستی درێژ کراوە، بەڵام تۆڵەی دژی "ترەمپ" هەر تۆڵەی دژی ئەمریکا و ئیدارەی نوێش کۆست و تەگەرەی دەخاتە بەردەم ڕێگەی هەڵگرتنی سزاکان. 

ئیدارەی داهاتووی "بایدن" کێشەی لە گەیشتن بەو زانیارییە هەیە کە ئاساییانە لەکاتی ڕادەستکردنی دەسەڵاتدا پێشکەش دەکرێت. کارێکی لەپێشینەی زۆر سەرەتا پێویستە پێداچوونەوەیەکی ئەو بژاردە سەربازییانە بکرێت کە ئامادە کراون، ئەوەش بۆ ئاشناکردنی تیمەکە و ڕێگه‌ پێدانی تا بەخێرایی داوای زیاتر بکات و ڕێگریی بکات. تیمی ئاسایشی نەتەوەییە خاوەن ئەزموونەکەی "بایدن" بە تایبەتی "لۆید ئۆستنی" بەربژێری وەزیری بەرگری، کە فەرماندەیەکی پێشووی هێزەکانی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەزانێت کە ساتە چارەنووسسازەکانی دوای هێرشێك کاتێکی دروست و گونجاو نین بۆ بە دواکەوتن یان زانینی ئەوەی هیچ بژاردەیەکی سەربازییت لەبەردەستدا نییە بۆ ئامادەکاری.

ئەگەر میلیشیا پاڵپشتیکراوەکانی ئێران لە ئێراق، لە کاتێکی زۆر درەنگ هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا کە "ترەمپ" نەتوانێت وەڵامبداتەوە، یان لە کاتێکی زووی سەرۆکایەتیی "بایدن"دا؛ ئەوا ناکۆکییەك دروستدەکات لەنێوان بەخێرایی بەر پەرچدانەوەی مەترسی و چەسپاندنی جێی متمانەیی "ئەمریکا" لەلایەك و بە وریایی هەڵسەنگاندنی ڕاستیی و بژاردەکان لەلایەکی ترەوە. 

ئەگەر هێرشەکە بەڕادەیەك توند بێت؛ کوشتنی ئەمریکییەکانی لێبکەوێتەوە کە "ئاساییانە لەژێر پارێزگاریی تەواودان" ئەوا لەوانەیە لەلایەن ئێرانەوە بەتەواوی ڕێگه‌ی بۆ خۆشکرابێت، بەڵام ئیدارەی داهاتوو؛ دەکرێت چاوەڕێ بکات بۆ لێکۆڵینەوە لەو پەیوەندییە. کلینتۆن(72) ڕۆژ چاوەڕێی کرد بۆ لێدان لە دەزگای هەواڵگری ئێراق، بەهۆی ڕۆڵی دەزگاکە لە هەوڵی تیرۆرکردنی "جۆرج بۆش" لە ساڵی(1993)ـدا.

ئەگەر بەڵگەی ڕاست لەبارەی ڕۆڵی "ئێران" لە هێرش دەربکەوێت، ئەوکات پێویستە ئیدارەی "بایدن" هاوشێوەی ئیدارەی پێشووی کلینتۆن، بەڵام بەشێوەیەکی خێراتر سڵ لە ئەنجامدانی کارە ڕاستەکە بۆ ڕێگرتن لە هێرشی زیاتر بۆ سەر ئەمریکییەکان نەکاتەوە. ئەگەر ئێران باوه‌ڕی وابێت دەرەنجامەکە بەو شێوەیە دەبێت، ئەوا لە سەرەتاوە دوودڵ دەبێت لە هێرشکردنە سەر ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی ئەمریكا. 

ئەوەی ئەمریکا دەتوانێت، پێویستە بیکات ئەوەیە دەستبەجێ ئاماژە بەوە بکات؛ باجی هەر هێرشێکی سەر ئەمریکییەکان چی دەبێت، وەڵامی تۆڕە فراوانەکەی "ئێران" بداتەوە بژاردەی زیاتر گل بداتەوە، واتە هێرشی فراوانتر. لەساڵی ڕابردوودا و لە هەرکاتێك هێرشی مووشەکیی و بۆمبارانکردن بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئێراق ڕوویدابێت، شانەی بەرپرس لە هێرشەکە لە ماوەی چەند کاتژمێرێك یان چەند ڕۆژێکدا بەتەواوی بۆ دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا ئاشکرا بووە: کۆمەڵەیەکی سێ گروپە پێشڕەوەکەی شانەکانی ئێراق:- عەسائیبی ئەهلی حەق، کتائب حیزبوڵڵا و حرکات حیزبواللە النجابە، ئەم گرووپانە مایەی قوربانیی و مەترسیی هێرشەکانیان لەسەرە و پێشتریش هێرشیان کردۆتە سەر ئەمریکا. 
 
میلیشیا هاوبەشەکانی "ئێران" هەموو ڕۆژ هەوڵ دەدەن تۆمەتی هێرشەکانی سەر پێگەکانی ئەمریکا لە ئێراق لێڵ و تەمومژاوی بکەن، لە ڕۆژی ( 13ـی ئاداردا) ، ئەم تاکتیکانە سەرکەوتووانە ڕێگرییان لە بەریتانیا کرد، لەوەی لە هێرشێکی ئەمریکا لە ئێراق بەشداریی بکەن بۆ تۆڵە سەندنەوەی کوژرانی دوو کەسی ئەمریکیی و کەسێکی بەریتانی لەلایەن میلیشیاکانەوە، فڕۆکە بەریتانییەکان جۆشدراو و پڕچەك لەسەر هەڵفڕگە وەستابوون، لەکاتێکدا پارێزەرانی حکومەتی لەبارەی ئەوەی کێ تۆمەتباری ڕاستەقینە و دەبوایە بەئامانج بگیرێن گەنگەشەیان دەکرد. لە کۆتاییدا، ئیدارەی ترەمپ نەیتوانی باوەڕ بە بەریتانیا بهێنێت کە "کتائب حیزبوڵڵا" ئامانجە دروستەکە بوو و، بەرپرسە بەریتانییەکان ڕێگەیان بە هەڵسانی فڕۆکەکانیان نەدا، ئیدارەی بایدن ڕێکاری بەرپێگرتن بەهێز دەکات ئەگەر ڕێگه‌ لە هێرشکاران بگرێت لەوەی بۆمباران بکەن. 

هەرچەندە ڕۆژی دەستبەکاربوون لە ( 20ـی ) ئەم مانگەدا دەبێتە ساتێکی پڕ جۆش و خرۆش بۆ "جۆ بایدن" و تیمەکەی، بەڵام ساتی تاقیکردنەوەی بوێرییشیەتی. مێژوو نیشانی داوە کە ئێران لەو چارەسەرانە دەکۆڵێتەوە کە ئیدارەکانی ئەمریکا دەیگرنە بەر و، دەتوانێت خۆ ویستانە بە چاو سەرۆکێکی ئەمریکا بجوڵێنێت و لەسەر مێزێکی گفتوگۆ دابنیشێت. ئێران هەوڵ دەدات ڕێگریی لە هێزە لایەنگرەکانی بکات لە تۆڵەسەندنەوە، بەڵام لەوانەیە دەستبەکاربوونی ئیدارەی بایدن وەك یەکەم ساتی گونجاو بۆ تۆڵەسەندنەوە ببینێت. هەر دەستدرێژییکارێکی دیکەش لە جیهاندا سەیر دەکات و تێبینیی لەو بارەیەوە وەردەگرێت.

وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا




ئه‌م بابه‌ته 282 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر