گۆڕانکارییەکی گرنگ

دوای ئەو گۆڕانکارییانەی لەم چەند دەیە-یەیی دوایی بەسەر کەش و هەوادا هاتووە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەسەر گۆی زەوی، ئەمەش وایکردوە تەنانەت جەمسەری باکور کە دەکەوێتە باکوری گۆی زەوی و ئۆقیانووسی بەستووی باکور لە خۆ دەگرێت، دەستبکات بە تواندنەوە لە هەندێ کاتی هاویندا.
PM:06:07:11/01/2021
دۆسیە: شیکار
کاریگەری گۆڕانکارییەکانی کەش وهەوا لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی و جیوپۆلەتیک؛ جەمسەری باکور، ئابوری بەفر و سەهۆڵبەندان.

ڕەنج نەوزاد
نوسەر و توێژەر


وا چاوەڕوان دەکرێت، ئەگەر کەش و هەوا بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا لە ئایندەیەکی نزیک ئۆقیانووسی بەستووی باکور، بە درێژایی چەن مانگێکی هاوین و لەوانەیە زیاتریش گونجاو بێت بۆ هاتووچۆی کەشتی بازرگانی و دەرهێنانی سامانی سروشتی. ئەمە گرنگییەکی گەورەی هەیە بۆ هاوکێشە جیۆ-پۆلەتیکیەکانی جیهان، بە تایبەت بۆ دەوڵەتانی وەک چین و ڕووسیا وئەمریکا.

گرنگییەکەی بۆ چین؛ بایەخی چین بۆ جەمسەری باکور دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابرردوو، بەڵام ئەو بایەخە زیاتر لە چوارچێوەی زانستی و توێژینەوە بوو، لە سەدەی (21) و بەتایبەت دوای ساڵی (2010) بایەخی چین بۆ ئەو ناوچەیە زۆر زیاتر بوو، بودجەی زەبەلاحی تەرخانکردووە بۆ ئەو ناوچەیە. بە پێی هەندێ توێژینەوەی چینی، وا چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی (2030) جەمسەری باکور لە زۆربەی کاتەکانی هاوین گونجاو بێت بۆ هاتووچۆ و دەریاوانی، بۆ ئەمە؛ چەندین ڕێكکەوتنامە و لێك تێگەیشتنی ئەنجامداوە لەگەڵ ڕووسیا، ئێسلەندا و گرین لاند، تا ڕازییان بکات بەوەی لە جەمسەری باکور، چین بتوانێت بە ئاسانی وەربەرهێنان بکات و لە ئایندەدا بیکاتە ڕێگەیەکی سەرەکی خۆی بۆ هاتوچۆی کەشتیەکانی.

 بۆچی جەمسەری باکور گرنگە بۆ چین؟

1- تا ئێستا هەژموون و هێزی سەرەکی چین پشتی بەستووە بە ئابوری (پشەسازی و بازرگانی) ئەمەش پێویستی بە کەرەستەی خاوە (وزە، نەوت و، گازی سروشتی) بۆ دروستکردنی شمەک. هەروەها پێویستی بە بازاڕە بۆ فڕۆشتی شمەکەکانی، هەردوو پرۆسەکە؛ پێویستی بە ڕێگا و ئامڕازی گواستنەوە هه‌یە، ئامڕازی سەرەکی گواستنەوەی چین، تا ئێستا بریتییە لە دەریاکان، واتە کەشتی. "چین" زۆربەی ئەو وزە-یەیی کە پێویستیەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاوە بەدەستی دەهێنیت، ئەوەش زیاتر بە کەشتی پێیدەگات، بە تێپەڕبوون بە زەریایی هیندی پاشان ئارام. بۆ هەناردەکردنی شمەکی چینی بۆ جیهان، دیسانەوە بە شێوەیەکی سەرەکی دەبێت پشت بە زەریایی هیندی ببەستێت، واتە هەناردە و هاوردەی چینی بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بەم ڕێگانە دەبەستێت؛ دەریایی چین، گەروو، ڕێڕەوی ئاوی مەلەکە، هورمز، باب المندب سوێس، رأس الرجا‌و الصالح، هەموو ئەو ڕێگایانەش یا کێشەی تیایە یا دەکەوێتە ژێر هەژموونی ئەمریکا و هاوپەیمانییەکانی ئەمریکا. "چین" ئەو ڕێگایانە بەکاردەهێنێت بۆ گەیشتن بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ هیندستان، ئەفریقا، ئەوروپا و ئەمریکا. بە گشتی بەم ڕێگه‌ یانه‌ دەڵێن؛ ڕێگاکانی باشور. ئەگەر "چین" بتوانێت ڕێگه‌ی جەمسەری باکور بەکاربهێنێت، ئەوا دەتوانێت بە شێوەیەکی گەورە کەمتر پشت بەو ڕێگه‌یانە ببەستێت کە پێشتر ئاماژەی پێدرا زیاتر لەژێر چاودێری و هەژموونی ئەمریکان. ئۆقیانووسی بەستووی باکور، هەردوو ئۆقیانووسی ئارام و ئەتڵەسی دەگەیەنێت بە یەکتر، بە بێ تێپەڕبوون بە ئۆقیانووسی هیندی، ئەمریکا کۆنتڕۆڵی کردوە.

2- بە پێی هەندێ پێشبینی لەوانەیە (%30) ی گازی سروشتی نەدۆزرابێته‌وه‌  و (%10) ی نەوتی نەدۆزراوە لە جیهاندا بکەوێتە ئەو ناوچەیە، ئەو کات "چین" سەرچاوەیەکی تری دەست دەکەوێت بۆ کڕینی وزە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەمریکا وهاوپەیمانەکانی.

3- بەکارهێنانی ڕێگای جەمسەری باکور، لە (%40) کات دەگەڕێنێتەوە بۆ كەشتییەکانی "چین" بۆ ئەوروپا، لەوێشەوە بۆ چین، ئەمەش وا دەکات شمەکی چینی هەرزانتر بێت، ئەو کات کڕیاری زیاتر لە ئەوروپا بۆ شمەکی چینی درووست دەبێت. جگە لەوەی ئەگەر چین لە جەمسەری باکورەوە وزە بهێنێت، ئەوا؛ نرخی وزەکەش هەرزانتر دەبێت لەبەر کەمی کاتی گواستنەوە، کۆی ئەوەش دەکاتە کەمی نرخی شمەکی چینی و زیاد بوونی قازانج و زیاد بوونی توانای ڕکابەرێتی.

4- ناوچەی جەمسەری باکور زیاتر لەژێر هەژموونی ڕووسیایە، چین و، ڕووسیا، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتی و تەنها لەبەر دوژمنێکی هاوبەشیش بێت، ئەوا هاوپەیمانن. واتە؛ چین ئیتر دەتوانێت ڕێگه‌یەک بەکاربهێنێت، کورتتر و، هەرزانتر و، باشتر، ڕێگه‌کەش هەژموونی ڕووسی زیاتر لەسەرە بە به‌راورد بە ئەمریکا.

"چین" چەند ساڵێکە چەمکی ئابوری بەفر بەکاردەهێنێت، بۆ مەبەستی چۆنییەتی بەکارهێنانی جە مسەری باکور بۆ سوودی خۆی. ئابووری بەفر، پلانێکی نوێی چینە، بۆ بەهێزکردنی ئابووری وهەژموونی خۆی لە جیهاندا، هەر وەها بۆ دوورکردنەوەی ئەو ئابووریە لە چاو و دەسەڵاتی ئەمریکا. لە ساڵی ٢٠١٣ چین ڕیگای ئاوریشمی جەمسەری باکوری ڕاگەیاند وخۆشی کرد بە ئەندامێکی چاودێر لە ئەنجوومەنی ئەو دەوڵەتانەی کە دەڕواننە سەر جەمسەری باکور، لە ئیستا خۆی بە دەوڵەتێکی نیمچە درواسێ لەگەڵ جەمسەری باکور دەناسێنێت، لە کاتێکدا چین هیچ سنوورێکی نییە بڕوانێتە سەر جەمسەری باکور، بەڵام جیوپۆلەتیک سنوری یاسایی وواقعی دەوڵەت تێدەپەڕێنێت.

گرنگی جەمسەری باکور بۆ ڕووسیا

جەمسەری باکور و بەستەڵەک بەشێکە لە شوناس و مێژووی ڕووسەکان، ڕووسیا زۆرترین هێز  و هەژموونی هەیە بەسەر ئەو ناوچەیەدا، هەروەها ڕووسیا پلانی هەیە سامانی سروشتی ئەو ناوچەیە بکاتە ئامرازێک بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتی خۆی بەسەر وزەی جیهانی، بە تایبەت گازی سروشتی. یەکێ لە کێشە گەورەکانی ڕووسیا بە درێژایی مێژوو ئەوە بووە؛ ڕێگه‌یەکی ڕاستەوخۆی نەبووە بۆ گەیشتن بە ئاوە گەرمەکان، بۆ ئەوەی بگاتە دەریای ناوەڕاست، ناچارە دەریای ڕەش و گەرووەکانی تورکیا بەکاربهێنێت. ئەگەر ئۆقیانووسی باکور بەرەو توواندنەوەی زیاتر بڕوات، ئەوا ڕووسیا ڕێگه‌یەکی دەریایی نوێی بۆ دروست دەبێت. ئەمەش ڕووسیا ئازادتر و بە تواناتر دەکات، جگە لەوەی ئەگەر ئەو ڕێگه‌یە ببێتە ڕێڕەوێکی دەریایی بۆ چین، ئەوا ڕووسیا لە ڕووی ئابورییەوە سوودێکی گەورەی پێدەگات، کە ناوچەیەکی بەفراوی و نا بازرگانی بۆ دەبێتە ڕێگه‌یەکی سەرەکی بازرگانی نێوان چین وئەوروپا.

گرنگی ئەو ناوچەیە بۆ ئەمریکا

ئەمریکا لە ڕێگەی ئەلاسکاوە سنوری هەیە بە جەمسەری باکوور، ئەمە زیرەکی و دوور بینی سیاسییەکانی ئەمریکا پێشاندەدات کە لە ساڵی(1867) ناوچەی ئەلاسکا لە ڕووسیا دەکڕن بە (7.2) ملیۆن دۆلار، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمریکا "ویلیام سیوارد" سەرپەرشتیاری ئەو مامەڵەیەیی کرد، ئەوکات بەشێک لە ئەمریکییەکان بەو مامەڵەیەیان دەوت (گەمژێتیەکەی سیوارد). ئێستا ئەمریکا لە ڕێگەی ئالاسکاوە، دەیەوێت چاودێری ئەو پلانەی چین و ڕووسیا بکات لە جەمسەری باکور. بە به‌راورد بە هێزی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکانی تری دنیا، هێزه‌ سەربازییەکەی لە نزیک جەمسەری باکور لاوازە، چونکە ناوچەیەکی ئارام بووە و جموجۆڵی کەمی تیا بووە، لەبەر ئەوەی زۆربەی کاتەکانی ساڵ بەستوو بووە، بەڵام ئێستا کە چین و ڕووسیا پلانیان هەیە سوود لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای ئەو ناوچەیە وەربگرن، ئەوا ئەمریکاش بێ هەڵوێست نابێت، هەر بۆیە لە بەشە بودجەی ئەمساڵ کە تەرخانکراوە بۆ هێزی سەربازی ئەمریکا، بودجەیەکی تایبەت دانراوە بۆ دروستکردنی بەندەرێکی ئەمریکی لە ئالاسکا نزیک لە جەمسەری باکور بۆ زیادکردنی هێزی سەربازی ئەمریکا لەو ناوچەیە، داواکارییەکەی ترەمپ، پێش چەن ساڵێک بۆ کڕینی دوورگەی "گرین لاند" لە دانیمارک  دەکەوێتە جەمسەری باکور، هەر لە چوارچێوەی ستراتیژی ئەمریکایە بۆ زیادکردنی هەژموونی خۆی لە جەمسەری باکور و، ڕێ گرتن و، کێشە دروستکردن بۆ پلان و ئامانجەکانی چین ورووسیا.

لەبەر ئەوەی ڕووسیا خۆی بە خاوەنی ئەو ناوچەیە دەزانێت، بە بەشێک لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەبینێت، دەکرێت لە ئایندەدا، تەماح و جموجۆڵەکانی چین لەو ناوچەیەدا ببێتە مایەیی نیگەرانی ڕووسیا و تێکچوونی ئەو هاوپەیمانییە گوماناوی و ناچارییەیی لە نێوان چین و ڕووسیادا هەیە، بەڵام لە ئێستادا؛ بۆ ئەوەی هەردوولا سوود لەو ڕێگه‌ گرنگ و نوێیە ببینن و، هەژموونی ئەمریکا لە خۆیان دوور بکەنەوە، ئەوا؛ ناچارن بە یەکەوە هاوکاری بکەن چونکە ڕووسیا بۆ ئەوەی ئەو ڕێگه‌یە بکاتە ڕێگه‌یەکی بازرگانی پێویستی بە سەرمایەیەکی زۆرە، لە ئێستادا نیەتی. چین لە ڕووی داهات وسەرمایەوە ئەرکەکە دەگرێتە ئەستۆ، لە بەرامبەردا ڕووسیا لە ڕووی سیاسی و یاساییەوه‌ هاوکاری چین دەکات.

هەموو ئەم پلان و، گەشبینی و، ترسەی چین و ڕووسیا و ئەمریکا پەیوەستە بە گۆڕانکارییەکانی کەش وهەوا، ئەگەر پلەی گەرما نزم بێتەوە لەسەر گۆی زەوی وجەمسەری باکور نەتوێتەوە، ئەوا ئەو پلان و ئامانجانە لەناودەچن، بەڵام ئەگەر جەمسەری باکور، وەک ئەوەی چین چاوەڕێی دەکات، بەرەو توواندنەوەی زیاتر بڕوات، ئەوا؛ گۆڕانکارییەکی گەورەی جیۆ-پۆلەتیکی و، ئابوری و، بازرگانی لە جیهاندا ڕوودەدات و کاریگەری گەورە دروست دەکات لەسەر سیستەمی جیهانی، هەر وەها جەمسەرەکانی گۆی زەویش دەبنە گۆڕەپانی ململانێ.



ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر