سەعیدی نوورسی زانا گۆڕ ونەکەی کورد

بە گوێرەی هەندێك سەرچاوە سەعیدی نوورسی لە ساڵی (1876) لە دایک بووە و بەشێك لە سەرچاوەکانی تر دەڵێن لە ساڵی(1877)لە دایک بووە، لە گوندی نوورسی سەر بە پارێزگای بەدلیسی باکوری کوردستان، (صۆفی میرزا)ی باوکی بە پیاوچاکی بەناوبانگ بووە، هەر خۆراکێک حەڵاڵ نەبووبێت دەرخواردی مناڵەکانی نەداوە.
AM:01:47:13/12/2020
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا- کەسایەتیەکان
زیاتر لە سەد و سێ کتێب و نامیلکەی لەژێر ناونیشانی (سەرجەمی پەیامەکانی نوور)دا نوسیوە و بڵاوی کردوونەتەوە.

هۆشیار جەمال
نوسەر و توێژەر


ژیانی سەعیدی نوورسی

خاتوو (نوریە)ی دایکیشی بە پاک و خاوێنی و دەستنوێژەوە نەبووبێت شیری بە مناڵەکانی نەداوە. دایکی لە کاتی جەنگی یەکەمی جیهانی و باوکیشی لە ساڵەکانی بیستی سەدەی پێشوودا کۆچی دواییان کردووە و لە گۆڕستانی گوندی "نوورس" نێژراون. 

چوارەم مناڵی خانەوادەکەیانە، کە یەک لە دوای یەک ئەمانەن:(دوڕڕییە، خانم، عەبدوڵڵا، سەعید، محەمەد، عەبدولمەجید، مەرجان).

لە تەمەنی (9) ساڵیدا خراوەتە بەر خوێندن لە پێشدا لە لای (مەلا عەبدوڵڵا)ی برا گەورەی دەستی بە سەرەتاکانی خوێندن کردووە. پاشان گوند و شارەکانی کوردستان گەڕاوە، لای زانا گەورەکانی ئەو سەردەمە وانە گرنگەکانی خوێندووە. لەتەمەنی چواردە ساڵیدا بڕوانامەی زانایی لە زانستە ئیسلامییەکاندا بەدەست هێناوە. بەهەوڵ و تەقەڵای خۆی شارەزای لە زانستەکانی ڕۆژگاردا، وەک:( کیمیا، فیزیا، بایۆلۆجی، جێۆلۆجی، بیرکاری، گەردوونناسی، جوگرافیا، هتد...) پەیدا کردووە. لەبەر زیرەکی ناوازە و لەڕادەبەدەری، نازناوی "سەعیدی مەشهوور" پاشان "بەدیعووزەمان"ی لەلایەن زانایانەوە پێ دراوە.

سەعیدی نوورسی و کردنەوەی زانکۆ
 
سەعیدی نوورسی بۆ خوێندنی زانستە گشتییەکان و زانستی ئیسلامی، دەمێک بوو بیری لە دروستکردنی زانکۆیەک کردبۆوە لە کوردستان، کە ئەمەش یەکەم هەوڵی کەسایەتییەکی کورد بووە لەو کاتەدا، هەر بۆیە بۆ گەیاندنی داواکەی بە حوکومەت لە ساڵی (1907) چوو بۆ ئەستەمبوڵ. وەک برایەتی کردنێک لەگەڵ (زانکۆی اڵازھر) لە میسر ناوی (مدرسە زھرا‌و)ی لەم زانکۆیە نابوو. مەبەستی (سەعید نوورسی) لە دروستکردنی ئەم زانکۆیە خوێندنی "زانستە گشتییەکان" و "زانستی ئیسلامی" بوو. وە بە ھەرسێ زمانەکانی عەرەبی و تورکی و کوردی لەم زانکۆیەدا بخوێنرێت. کە ھات بۆ ئەستەمبوڵ یەکەم جار چوو بۆ ماڵی (فەریق ئەحمەد پاشا). دوای ئەوە داوای لە حوکومەت کرد کە دەیەوێت لە ڕۆژھەلاتی ئەستەمبوڵ زانکۆیەک دروست بکات، بەڵام حکومەت وەڵامی نەبوو، لەم پێناوەشدا لە لایەن دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی عوسمانییەوە ڕووبەڕوی چەندین گرفتی دژوار بووەتەوە. لەنێوان ساڵەکانی (1915-1917) لە جەنگی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و ڕووسەکان لە شەڕی " قەفقاس" دا وەکو بەرپرسێکی گەورە بەشداری لە جەنگی جیھانی یەکەمدا کرد، پاشان لە ساڵی (1916) دا لە شەڕی بەرگریکردن لە شاری بەدلیس لەگەڵ ڕووسەکان بریندار کراو بە دیلی کەوتە دەست ڕووسەکان، بۆ ماوەی یەک ساڵ لە کەمپی ڕووسەکاندا مایەوە. لە ساڵی (1917) لە کامپی (کۆسترۆما) لە دەست ڕووسەکان ھەڵھات و بەرەو ئەستەمبوڵ گەڕایەوە. کە گەڕایەوە بۆ ئەستەمبوڵ چووە ڕیزی بەرزترین کۆمەڵەی فەتوای ئەو سەردەمە کە ئەویش کۆمەڵەی " الدار الحکمە اڵاسلامیە" بوو، بووە ئەندامێکی ئەو کۆمەڵەیە.

گەورەترین زانا و کەسایەتی کوردی ئەم سەردەمەیە کە لە دوای مەولانا خالیدی نەقشبەندی لەناو نەتەوەی کورد دا هەڵکەوتووە و ناوبانگی جیهانیی بۆ دروست بووە، لەڕووبەرێکی فراوانی سەر زەویدا سوود لە بەرهەمەکانی وەردەگیرێت. تاکە کەسایەتی بووە کە هەموو زەبر و زەنگێکی ڕژێمی (مستەفا کەمال) و سی و پێنج ساڵی بەندی و دوورخستنەوە و دەستبەسەری و دەیان دادگای تۆقێنەر نەیانتوانیوە چۆکی پێ دابدەن و لە خەباتی ڕەوای خۆی کۆڵی پێ بدەن. تەنانەت ئەو توانیویەتی سەرکەوتنیشیان بەسەردا بەدەست بهێنێت.

بەرهەمەکانی سەعیدی نوورسی 

زیاتر لە سەد و سێ کتێب و نامیلکەی لەژێر ناونیشانی (سەرجەمی پەیامەکانی نوور)دا نوسیوە و بڵاوی کردوونەتەوە. وەرگێڕانی سەرجەمی پەیامەکانی نوور بۆ (زمانی عەرەبی) لەلایەن مامۆستا (ئیحسان قاسم صاڵحی)یەوە لە دە دانە بەرگی گەورەدا تەواو بووە و لە وڵاتانی تورکیا و میسر و هیندستان و عەرەبستانی سعوودی چەند چاپێکی یەک لە دوای یەکیان تا ئێستا لێ بڵاو کراوەتەوە. بەشێکی زۆریشیان لە لایەن خوشکی مسوڵمان ماری وێڵد (شوکران واحیدە)وە کراون بە (زمانی ئینگلیزی)، تا ئێستا چەندین بەرگی گەورەیان بە چاپی جوان و مۆدێرن بەو زمانە لێ بڵاو کراوەتەوە. بە(زمانی کوردی)ش (سەرجەمی پەیامەکانی نوور) لە نۆ بەرگی گەورەدا چاپ کراوە، جگە لە سی و پێنج کتێب و نامیلکەی سەربەخۆ. هەروەها چەندین کتێبی تر بە دیالێکتی کرمانجی ژووروو بڵاو کراونەتەوە. چەند بەشێکی ئەم پەیامانە بۆ ئەم زمانانەی خوارەوەش وەرگێڕاون، کە تا ئێستا کاری وەرگێڕان تیایاندا بەردەوامە: (ئەڵمانی، ئەلبانی، ئیتاڵی، ئیسپانی، ئازەری، ئۆزبەکی، ئوردوو، ئیندۆنیسی، بەنگالی، بولگاری، بۆسنی، پرتوگالی، پشتۆ، تاجیکی، تەتاری، تاڵشی، تورکمانی، جۆرجی، چینی، دانیمارکی، ڕۆمانی، ڕووسی، ژاپۆنی، سانسکریتی، سلۆڤاکی، سەواحیلی، سویدی، فەڕەنسی، فیلیپینی، فارسی، ڤێتنامی، قەرغیزی، کازاخی، کۆری، کرواتی، گۆجیراتی، لاتینی، مالی، مالیزی، مەقەدۆنی، نەیجیری، هۆسا، هیبرۆ، هیندی، هەنگاری، هۆڵەندی، یۆنانی).

کۆچی دوایی سەعیدی نوورسی

سەعیدی نوورسی لە (23)ی مارتی(1960) دا لە شاری (ئورفا) کۆچی دوایی کردووە، بەڵام لە (12)ی تەمووزی (1960) دا لەلایەن حوکومەتی تورکیاوە گۆڕەکەی ھەڵدرایەوە و بۆ شوێنێکی نادیار کە تا ئێستا نەزانراوە دوورخرایەوە. (بەرهەمەکانی سەعیدی نوورسی و لێکۆلینەوە زانستییەکان) تا ئێستا زیاتر لە شەست کۆنگرەی جیهانی و دەیان کۆڕی زانستی و پێشبڕکێی ڕۆشنبیری لە ئاستی جیهاندا لەسەر کراوە و دەیان کتێب و سەدان لێکۆڵینەوەی لەسەر نوسراوە، چەندین بڕوانامەی زانکۆیشی لە خوێندنی باڵادا لەسەر وەرگیراوە، کە هەندێکیان لە کوردستاندا بووە. لە وڵاتی هیندستان پەیمانگایەکی تایبەت بە ناساندنی مامۆستا نوورسی و پەیامەکانی دامەزراوە، کە ماوەی دوو ساڵە خوێندن تیایدا بەردەوامە. دواهەمین گەورە.

وڵاتی هیندستان پەیمانگایەکی تایبەت بە ناساندنی مامۆستا نوورسی و پەیامەکانی دامەزراوە، کە ماوەی دوو ساڵە خوێندن تیایدا بەردەوامە. دواهەمین گەورە کۆنگرەی زانستیی جیهانی لەسەر مامۆستا بەدیعووزەمان لە شاری ئەستەمبووڵ لە ساڵی(2017)دا بەڕێوەچوو، کە زیاتر لە سەد توێژینەوەی زانستی تێدا تاوتوێ کرا، چەند توێژەرێکی باشووری کوردستانیش بەشدارییان تێدا کرد. لە باشووری کوردستاندا، هەتا ئێستا سێ سیمینار تایبەت کراوە بە مامۆستا نوورسی و پەیامەکانی، لە شارەکانی (هەولێر، سلێمانی، سۆران). هەروەها کۆڕبەندێک لەساڵی (2013) لە شاری هەولێر لە لایەن پەیمانگای زانستە ئیسلامییەکان و وەزارەتی ئەوقافی حوکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕێکخرا بە بەشداریی چەند توێژەرێکی ناوخۆی کوردستان و وڵاتی تورکیا و بە ئامادەبوونی دەیان کەسایەتیی زانستی و ئایینیی عێراق و هەرێم. هەروەها لە ساڵی (2015)دا لە شاری هەولێر نەدوەیەکی زانستی لە لایەن (ڕێکخراوی پەیامی پاک)ەوە بۆ مامۆستا نوورسی و پەیامەکانی سازکرا بە ناوی "نووری نبووەت لە پەیامەکانی نووردا" کە چەند توێژەرێکی باکووری کوردستانیش بەشدارییان تێدا کرد. هەروەها لە ساڵی (2016) لە شاری هەولێر لە لایەن (ئەمیندارێتیی گشتی ئەنجومەنی زانایانی عێراق)ەوە و بە بەشداری لەگەڵ سەنتەری ڕۆشنبیری (وقف الخیرات)دا نەدوەیەکی ڕۆشنبیری بە ناوی (الٳمام بدیع الزمان سعید النوورسی و منهجە فی ٳحیا‌و الٳیمان) بەڕێوەچوو کە چەند باس و بابەتێکی بە زمانی عەرەبی تێدا پێشکەش کرا. هەتا ئێستا لە باشووری کوردستاندا شەش مزگەوت بە ناویەوە ناونراوە لە شارەکانی (سلێمانی، سۆران، کەرکووک، هەولێر، پێنجوێن، هەڵەبجە).


سەرچاوەکان 
کتێب

 1/ ژیاننامەی بەدیعووزەمان، سەعیدی نوورسی، ئامادەکردنی، حەبیب محمەد سەعید، چاپ و بڵاوکردنەوەی نووسینگەی تەفسیر، شاری هەولێر، چاپی دووەم، ساڵی2012.

 2/ مرۆڤ و ئیمان، سەعیدی نوورسی، وەرگێرانی فاروق ڕەسوڵ یەحیا، ناوەندی ڕاگەیاندنی ئارا، شاری سلێمانی، چاپی حەوتەم، ساڵی2019.



ئه‌م بابه‌ته 964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر