لە ناڕەزایەتییەوە تا سەرکوتکاری

ئەوەی هۆکاری سووککردنی قەبارەی خواست و کاریگەریی هەر جوڵانەوەیەکی ناڕازیی کوردستانە، ئەو هاوپەیمانێتییە ڕانەگەیەنراوەی نێوان دەسەڵات و "ڕادیکاڵە ناڕازی"یەکانن، هەردوولا لەسەر پەراوێز نەک ماهییەتی خۆپیشاندانێک دەکەونە بەرامبەر یەک و لە پشتیشەوە لە گۆڕەپانێکدان.
PM:03:46:07/12/2020
دۆسیە: دەوڵەت سازی
ساڵانێکە خۆپیشاندان و ناڕەزایی سیمایەکی دیار و جوڵانەوەیەکی بەردەوامی ناوچەکەیە.




(هاوپەیمانێتیی سەرکوتکار و ناڕازییانی چەواشەکار)

لای ئەمان ئامانجی خۆپیشاندان لە ئەرکە واقیعییەکەیەوە کورتکراوەتەوە دابینکردنی چەند کورسییەک بۆ حزب، پەرلەمانتارکردنی کەسانێک یان خۆهەڵبژاردنەوەی چەند ڕوخسارێکی فریوودەر. لە کاتێکدا خۆپیشاندەری ناڕازی خاوەنخەون و بێبەشکراوێکی ڕاستینەیە و چاوی لە دنیایەکی باشترە بۆ ئامانجەکانی، لە چوارچێوەی نیشتمانێکی ئارامتر و ئاوەدانتردا کە خۆی دەیسازێنێت. چی وایکردووە، نارەزایەتی فروانە و ئەنجامگیری کەم و کورتمەودایە؟ بۆ ئەم پرسە دەبێت لەسەر دوو ئاست لە جوڵانەوەکان بڕوانین: یەکەم لە ئاستی تێگەیشتنەوە لە هۆکارە جوڵێنەرەکان، دووەم لە ئاستی سیماکانی خۆپیشاندان و سیماشێوێنەکان.

٭٭٭
تێگەیشتنەوە لە دینەمۆی توڕەیی

بە میدیاکان بێت هەژاری لە لوتکەدایە، هەژارانیش زۆرینەن، کەواتە بۆچی ڕۆژانە هاواری هەژاران لە میدیاکانەوە عەرش دەهەژێنێت و فەرشی هیچ دەسەڵاتدارێک ناڕووشێنێت؟ دەوترێت "شۆڕشی هەژاران" هیچ دەسەڵاتێک خۆی لەبەردەمیدا ناگرێت، ئەی خێرە هیچ خۆپیشاندانێک خۆی لەبەردەم ئەم دەسەڵاتەی ئێمەدا ناگرێت؟ گەر سەیری هۆکار و ئەنجامی زۆرێک شۆڕشەکانی مێژوو بکەین، نە هۆکاری سەرەکی برسێتی بووە و نە ئەنجامەکانیشی برسییەکانی تێر کردووە و کردوونیەتە دەسەڵاتدار! گەر هەژار شۆڕشگێڕ بووایە مێژووی شارستانییەتی مرۆڤایەتی نە ئاراستەکەی وا دەهات و نە گلەییەکیشی لە نوخبەی قۆرخکار و دەسەڵاتدار هەبوو، چونکە هەژار بەردەوام شۆڕشی دەکرد و ڕێگەی بە درووستبوونی چێنێکی وا نەدەدا. لەوەتەی مێژوو هەیە سامان ناعادیلانە دابەشکراوە و ژمارەی هەژاران زۆرینەی جیهانن و ٨٠٪ێکی سامانی جیهان بەدەست کەمینەیەکی دەسەڵاتدار یان سەرمایەدارەوە بووە؟ ئەی کەوابوو بۆ ئەم شۆڕشی هەژارانە هەر بێبەرهەم و دنیای نەگۆڕی؟ ڕاستییەکەی هەژار نانێک و ژیانێکی قانعانەی دەوێت و بەس، نە خۆی ڕێکدەخات و نە هەژاریش بزوتنەوەیەکی بزووتنەوەیەکی سیاسیی یان جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتییە، بەڵکو حاڵەتێکی گوزەرانە.

دەوترێت هەژار دینەمۆی شۆڕشە، بەڵام ڕاستییەکەی وانییە، ئەوانەی ناڕازیی ڕێکخراوون کەمتر برسییەکانن و برسییەکانیش کەمتر بەدووی شۆڕشەوەن، لە هەر تەنگانەیەکیشدا دەسەڵات بە نیوەنانێک و کەمێک ئاسایش دایاندەمرکێنێتەوە. یاخییەکان ئەوانەن کە خەونیان هەیە و دڵیان شکێنراوە، یاخییەکان ئەوانەن چاویان لە دنیایەکی باشتر هەیە و "ئێستا" نەک دنیای باشتر نابینن، بەڵکو بەرزەفڕیوی ئامانجیان ڕێک پێچەوانەی واقیعێکی بەرهەمهاتووە، ناتوانن پێشبینی بکەن کە دنیایەک ئەمان دەیانەوێت وا ڕێک پێچەوانەکەی دەبینن، بۆیە خۆیان ڕێک دەخەن تا بەر بەو داشکان و هەرەسە بهێنن. یاخییەکان نەوەیەکن نایانەوێت باج بە نەوەیەک بدەن کە دنیایەکیان بەرهەمهێناوە و ئەمان دەستیان تێیدا نییە! هەژاری لای ئەمان بریتی نییە لەوەی نانی ئێوارەت نەبێت، بەڵکو ئەوەیە دنیایەکی جوانتر و ئارامتر لە جێیەکی دیکە هەیە و ئامانجێکی بەرزەفڕی جوانیش لە دەروونیدا چەکەرەی کردووە، بەڵام واقیع بۆ ئەمانی فەرام ناکات. ئەمەیە پێوەری ئەم نەوەیە و هەقیشییەتی دنیایەکی بوێت کە خۆی بینای دەکات نەک سەپێنراو بێت بەسەریدا.

دواجار هەژاری لەبەرامبەر دەوڵەمەندیدایە، هەم بۆیەکەم و هەم بۆ دووەمیش پاساوی لۆژیکی بوونی هەیە و لە زۆر حاڵەتیشدا هەردوولا بە بەشی خۆیان قانعن و خۆشیان بە بەرهەمهێنەری ئەو دونیایە دەزانن، بەڵام ئەوانەی بێبەش دەکرێن لە دنیایەک کە بۆی دەڕۆن و ئەوانەی خەونیان هەیە، بە دنیای واقیعی ڕازیی نین و دەیانەوێت خۆیان بونیادنەری دنیاکەیان بن نەک هی دیکە.

گەر نیگایەک بە دەورووبەردا بکرێت، دەبینرێت ساڵانێکە، خۆپیشاندان و ناڕەزایی سیمایەکی دیار و جوڵانەوەیەکی بەردەوامی ناوچەکەیە، زنجیرەیەکی شەپۆلدارە و لە هەرلایەکەوە دەست پێدەکات، وەک شەپۆلێک سنووربڕ دەگوزەرێت و چەند پایتەختێک دەوروژێنێت، جاری وا هەیە لە لوبنانەوە دەست پێدەکات و لە تاران سەرکوت دەکرێت، هەندێ جاریش لە تونسەوە دەخرۆشێت و لە بەغداد درێژە دەکێشێت. هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو ناڕەزایەتیە شەپۆلدارانە و ڕەنگە لە هۆکاردا لە یەک نەچن بەڵام لە ئەنجام و تایبەتمەندی و جۆری جوڵانەوە و شێوەی سەرکووتکردن و پەراوێزخستندا هاوشێوەییان زۆر بێت. بەڵام بۆچی زۆربەیان بە ناکامی سەرکووت دەکرێن یان ڕێبەرانی ناسێنراویان (نەک ڕێبەرانی ڕاستەقینە) دەبنەوە بەشێک لە دەسەڵات یان بەشێکی ئەو مەکینە گەندەڵییەی کە دیسانەوە مەحروومیەت و ناعەدالەتی بەرهەم دەهێنێت؟ ئەمە پرسیارێکی گرنگە؟

واقیعێکی تاڵ هەیە لە شکستناسی جوڵانەوەکاندا، ئەوەیە ئەو نەوەیەی چاوی لە ژیانێکی باشترە (وەک باسکرا)، تانوپۆی هەر جوڵانەوەیەک ڕێکناخەن، بەڵکو لەو نێوەندەدا چەندین گۆڕاوی دیکە هەیە ڕۆڵیان هەیە لە بە ئەنجامگەیاندن یان نەگەیاندنی خەونی ناڕازییان، وەک: چالاکوان و هەڵسوڕێنەران، ئامادەسازیی، ڕێکخراو، کەسایەتیی سیاسیی، دەسەڵات، دەرفەت، سەرکوتکاری و ئاسانکاری دەسەڵات، دواجار لەدایکبوونی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی، ئەمانە هەموو پێکەوە ڕۆڵ دەگێڕین لە بە ئەنجامگەیاندن یان نەگەیاندنی بزووتنەوەیەکدا.

ڕەنگە تیۆرەکەی چارلز تیلی (لە ئامادەسازیەوە تا شۆڕش) کە تیۆرەیەکە لە بواری "کۆمەڵناسی مێژوو"ییدا، ڕاڤەکارێکی باش بێت بۆ دۆخی کوردستان کە بۆچی ئەنجامگیریی خۆپیشاندانەکان بە دڵی ناڕازییە ڕاستەقینەکان نییە؟ تیلی باوەڕی وایە لە هەر بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا، کەسانێک هەن هەستی مەحرومیەت و ستەملێکردن (نەک هەژاری) کۆیان دەکاتەوە ئامادە و قوربانیدەرانی راستەقینەی جوڵانەوەکەن. رێکخراو و پێکهاتە سیاسیەکانیش وەک هەلێک لێی دەڕوانن و دەیکەنە قەیرانێکی سیاسی و بەمە ڕووبەڕووی دەسەڵات دەبنەوە. بەڵام ئەنجام ئەوانەی دەکوژرێن و دەکرێنە زیندان و قوربانیەکەی دەدەن بێبەشەکانن (مەحرومەکان یان ئەوانەی کە باسمان کردن خەونیان هەیە و واقیع لەگەڵیاندا پێک نایەتەوە)، ئەوانەشی دەسکەوتەکەی دەخۆن و گفتوگۆی لەسەر دەکەن سیاسیەکانی پشتەوەن کە بە کوشت دەدەن بەڵام هەرگیز سزای یاخیبونەکەی ناچێژن، ئەوانەن کە دواتر "دێنە ناو بزوتنەوە کۆمەلایەتییەکەوە". ئایا ئەم چوارچێوە بۆ زۆر لە جوڵانەوەکان نایپێکێت؟ ئێستا تەقەکەرەکان و قۆزەرەوەکان لەسەر مێز لەگەڵ حکومەت یان لە پشتی مێز بەناوی ناڕازییەوە لە ئاستی هەرێمایەتیدا بەرژەوەندییان هەڵدەسوڕێنن و مەحرومەکانیش هێشتا لە دووی خەونی وەدینەهاتوویانەوەن.

٭٭٭
سیماشێوێنەکانی جوڵانەوەکان کێن؟

لە هەر بزوتنەوەیەکی ناڕازییدا ڕێکخەران، سیاسی و گوتارەکەیان، جۆری دەسەڵات و ڕادەی سەرکوتکردن و ئاسانکارییەکانیان، جۆری پەیوەندیی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، سەرکەوتن و شکستی بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی ناڕازی یەکلادەکەنەوە.

لە کوردستان، پەیوەندیی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی (دەمووچاوە موزایەدەچییەکانی خۆپیشاندانەکان و سیاسییەکانی پشت مێزی حزبەکان) پەیوەندیەکی ڕادیکاڵانە نییە و لە یەک گۆڕەپاندان، لە کاتێکدا لە گریمانەی خۆپیشاندانێکی سەرکەوتوودا دەبێت ئۆپۆزسیۆنی خۆتێکەڵکردوو بە خۆپیشاندان، ئیتر پەیوەندی خۆی بە دەسەڵات و فۆرمەکانییەوە بپچڕێنێت تا بگاتە ئەنجامێکی دڵپەسەندی کۆمەڵگە نەک حزبپەسەند، بەڵام لێرە ئامانجی خۆپیشاندەران بە دوو ڕێگە ئینحیرافی کراوە:

١. ڕوخسارە سیاسییەکانی خۆپیشاندان زاڵترن لە ڕێکخەران و ناڕازییانی ڕادیکاڵی ڕاستەقینە، کە ئامانجی یەکەمیان سیاسەتکردنێکی فەرمییە لە چوارچێوەی پەرلەمان و حکومەتدارییدا، بەڵام ئامانجی دووەم گرووپ کە خۆپیشاندەری ڕاستەقینەیە دنیایەکی باشتر و لانیکەم ڕیفۆرمێکی بەشەکەییە. بۆیە ئاسان ڕوخسارە سیاسییەکە لە ئینحرافێکی کورتدا، سەرجەم داواکارییەکان دەباتەوە گۆڕەپانێک کە یان مێزی حزبەکانە، یان پەرلەمانە کە هەردووکیان یاریگای سازکراوی دەسەڵاتن و دەیانگۆڕێتەوە بەو مەرامە سیاسی و گروپییەکانی، ئەوکات بەرژەوەندییەکی تایبەت هێنایە نێو خۆپیشاندەر و ئێستاش هەمان بەرژەوەندی دەیباتەوە نێو دەسەڵات. بێگوومان دەسەڵات ئەم یارییە (گەرچی ئازاریشی بدات بەڵام بەهێزی دەکات) پێی پەسەندترە تا ڕووخان، بۆیە لە ناخەوە دڵخۆشە بە بوونی گرووپگەلێکی بەرژەوەندیخوازی سیاسیی چەواشەکار لە نێو خۆپیشاندەراندا، چونکە کۆتاییەکەی لای خۆیەتی.

٢. چەواشەکاریی لە ناساندنی ڕووخسارەکانی خۆپیشانداندا: ڕێکخراوی سیاسیی و ڕوخسارە سیاسییەکان، کەسانێک بە هێمای خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەناسێنن، یان لە بنچینەدا لە جوڵانەوەکەدا نەبوون یان پەراوێزی و پاشتر هاتوونەتە نێو جوڵانەوەکە، بە کوورتی خۆپیشاندانەکانیان لە خاوەنەکانیان دزیووە و مامەڵەیان پێوە کردووە. ئەم ئینحرافەش کار دەکاتە سەر خۆپیشاندانی ئاییندە، چونکە نائومێدی درووست دەکات و گەر بتەوێت ناڕەزاییەکی جەماوەری کاریگەر ڕێک بخەیت، خێرا دەوترێت: 

"خۆپیشاندانەکانی پێشتر فریوودراوین" کە ڕاستییەکەی وانییە و خۆپیشاندەرانی ڕاستەقینە هەنووکەش قوربانیین و دەتوانن بە ئاماری ڕاست و درووست ئەم کردەیە لە ساڵی ١٩٩١ەوە تا ئەمڕۆ ئەم راستیە بسەلمێنن، کە ئەوانە ناڕازییانی ڕاستەقینە نەبوون کە جوڵێنەری ڕاستەقینە بوون لە خۆپیشانداندا، بێگوومان دەسەڵاتیش بەمەبەست ئەو ڕوخسارانە دەناسێنێت کە ڕابەری ڕاستەقینە نین و  ئەو ڕیوایەتە برەو پێدەدەدات تا سیمای نەیارە ڕاستەقینەکانی کە نەوەی ناڕازیی و جوڵانەوە کۆمەڵایەتییەکانن نەک گرووپە ناڕازییە سیاسییەکان بشێوێنێت. بێگومان ئەو کەسانەش کە پاڵەوان نین و بە پاڵەوان کراون هەم ئەو ڕیوایەتە چەواشەکارانەیە ڕەت ناکەنەوە و هەم بەرژەوەندییەکانیشیانی پێ مسۆگەر دەکەن.

ڕەنگە هێندە بەس بێت بڕوانرێتە نموونەی جوڵانەوەی ١٧ی شوبات، کە نە سیاسیەکانی نێو "ئەنجومەنی سەرای ئازادی"و نە"پاڵەوانەکان"ی دواتری ١٧ی شوبات و نە پەرلەمانتارە موزایەدەچیەکان کەسیان لەوێنەبوون و پاشتر کە لە خۆپیشاندانەوە بوویە کەرنەڤاڵی نمایش سەکۆکەیان بەرنەدەدا.

لەمە گرنگتر ئەوەیە، ڕاستە لە هیچ جوڵانەوەیەکدا ناتوانرێت و ناکرێت ڕێ بگیرێت لە هاتنەنێوی سیاسیی و ڕێکخراوەکانیان بۆ نێو جوڵانەوەکان، بەڵام گرنگە لە نێو ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی هەر جوڵانەوەیەکدا، هەر لایەک بە قەبارەی خۆی بناسرێت، گوتار و  ئامانج و جوڵێنەرانی راستەقینە جڵەویان لەدەستدا بێت، ئامانجە گشتییەکە نەکرێتە فیدای بەرژەوەندیی گرووپی و لە ناساندنی ڕووخسارەکانیشدا ڕێگە بە ناساندنی دەرەکی نەدرێت. 

لەبەرئەوە لە هۆکارناسیی ناڕەزایەتی و شۆڕشەکانی دنیای هاوچەرخدا، مەرج نییە دەسەڵات تەنها بە سەرکوتکردن خۆپیشاندانێک لە نێو بەرێت، بەڵکو زۆرجار بە ئاسانکاریی و چاوپۆشی، مامەڵە لەگەڵ سیماشێوێن و "ڕووخسارە ناسێنراو"ەکانی جوڵانەوەکەدا، دەکات و بەمەش هەم نەوەی نارازیی نائومێد دەکات لە هەر ڕیفۆرمێک کە بەرژەوەندیی گرووپەکان بخاتە مەترسییەوە و هەم مەترسی جوڵانەوە کۆمەڵایەتییە دادخوازەکەش وەردەچەرخێنێت بۆ جوڵانەوەیەکی سیاسیی بەرژەوەندیخواز.

لە دامەزراوەی میدیایی درەو: وەرگیراوە


ئه‌م بابه‌ته 268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر