ئیمارات موعجیزەی سەدەی نوێ

زۆر سەرنجمدا! چۆن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لەسەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو تا ئێستا، کە نزیکەی تەنها پەنجا ساڵێک دەبێت، بەتایبەتر لە دوای ساڵانی نەوەدەکان! ئەو بیابانە وشک و لماوییەیان کرد بەو شارە تەواو مۆدێرن و پێشکەوتووە؟!
PM:10:33:02/12/2020
دۆسیە: هەرێمایەتی
لە هیچەوە هەموو شتێکیان خوڵقاند، تەنها بە عەقڵ.

سەرخێڵ ئەحمەد
نووسەر

ئەوە چ هێزێک بوو لە نەبوونەوە مەحاڵی خوڵقاند؟

بیابانێک خۆڵەکەی هێندە بێ کەڵک بێت، تاقە ڕووەکێکی تیا نەڕوێت، کەچی ئێستا گەورەترین باخچەی گوڵی جیهانی لێ بێت؟!

بیابانێک تا چاوبڕکا کاکی بەکاکی، کەچی ئێستا بووەتە چراو چراخان و کۆشک و تەلاری هەوربڕ!

دەڵێن نەوت ئەو موعجیزەی خوڵقاند!

ئەی بۆچی نەوت عێراقی کرد بە گۆمی خوێن؟

فەنزەوێلا بەیەکێک لە وڵاتە هەژارو کارەساتبارەکانی جیهان؟!

دەڵێن پێگەی جوگرافی ئیمارات بەجۆرێک بوو توانی ببێت بە سەنتەری بازرگانی جیهانیی!

بەڵام پێگەی یەمەن گونجاوترو بەهێزتربوو، میصر زۆر شیاوتربوو تا ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا پێکەوە ببەستێتەوە، وەک چۆن لە سەردەمی ڕۆمانیەکانەوە تا ئێستا وای بۆ ڕوانراوە!

بەدیدی من نهێنی پشتی ئەو موعجیزەیە، تەنها عەقڵە! عەقڵی کاربەدەستانی ئەو وڵاتە!

بەتایبەت عەقڵی یەکەم حاکم و دامەزرێنەری ئیمارات (الشیخ زاید بن سلطان اَ‌ل نهیان) کە بەلای ئیماراتیەکانەوە بە "أبو اڵامە” ناسراوەو لەساڵی 1971 بووبە یەکەم سەرۆکی ئیمارات.

شێخ زاید توانی سێ کۆڵەکەی سەرەکی پێکەوە گرێبداو بەیەکەوە دەوڵەتێکی بەهێزو مۆدێرنیان لەسەر بونیاد بنێت. (نەوت، پێگەی جوگرافی، ویستی ڕۆژئاوا!)
نەوت وەک سەرچاوەیەکی سروشتی خاو، کەدەرهێنان و بەبازاڕکردنی کەمترین ئەرک و تێچوونی دەویست، پارەو داهاتێکی باشی بەردەست کرد بۆ ئەوەی بونیادێکی بەهێزی شارو ئاوەدانی لەسەر دروست بکەن. نەک هێندە، توانیان ئەو پارەی لە نەوت دەستیان دەکەوت، وەک موگناتیسێکی بەهێز بڕێکی زۆری پارەی تری لەمسەر تا ئەوسەری جیهانی پێ بهێنن و وەک سەرمایەگوزاری بیانی لەو وڵاتە بکەوێتە گەڕ! ئێستا بەشێکی سەرەکی ئەو پارەو سەرمایەی لە ئیمارات وەگەڕخراوە هی ئیماراتیەکان نییە! بەڵکو هی سەرمایەدارانی بیانیە و لەوێ خراوەتە گەڕ، بەڵام بەشێکی باشی قازانجەکەی بۆ ئیماراتیەکانە! لەعێراق پشکی شێری ئەو پارەی لە فرۆشتنی نەوت دەست دەکەوێت، لەڕێگەی کڕینی کاڵای دەرەکی دەچێتەوەدەر! ئەمە موعجیزەی داراییە لای ئیماراتیەکان، پارەی نەوت بووەتە موگناتیس و پارەی تریش دێنێتەوە لەگەڵ خۆی.

بێگومان پێگەی جوگرافی ئیمارات ڕۆڵی خۆی هەیە، کە ئێستا بووەتە سەنتەری بازرگانی جیهانی و بەشێکی زۆری کاڵاو کەلوپەلی جیهان لەوێ ترانزێت دەکرێت. بەڵام گرنگتر لەمە فەراهەم کردنی سەقامگیری سیاسی و جێگری دۆخی ئاسایشە لەو پارچە زەویە. ئەمە توانای شێخ زاید دەسەلمێنێ کە توانی حەوت ئیماراتی جیاواز یەکبخاو خێڵە بیابان نشینەکانی ئەوێ، کە شمشێرو خوێن بەشێک بوو لە بونیادی بیرکردنەوەیان، بکات بە هاوڵاتی شارنشین و لەسەر پشتی وشتر دایان بەزێنێ و سواری بوگاتی و مارسیدسیان بکات. لە پێشبڕکێی وشترەوە بیان بات بۆ پێشبڕکێی فۆرمولاوەن! موعجیزەیە بتوانی عەقڵی بیابان نشین بگۆڕی و لەشەڕە شمشێرو تاڵانیەوە بیانکەیت بە هاوڵاتی شاری مۆدێرن و ئاسایش بەرقەرار بکەیت.

ویستی ڕۆژئاواش ڕۆڵی گەورەو کاریگەری هەبووە، بەڵام ئەم ویستە تەنها بۆ ئیمارات نەبووە، بەڵکو بۆ بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە. بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەم ناوچە قەیراناوییە بەردەوام فوویان بە گوتاری نەتەوەیی و ئاینیدا کردووە، هەردەم ڕۆژئاوا بریتی بوو لە داگیرکەری گەورەو هێزە کۆمەڵایەتیەکانی ناوخۆیان لەدژی ڕۆژئاوا جۆشداوە. هەموو ئامادەییەکی سەرمایە، ئایدیا، مرۆڤی ڕۆژئاوایی وەک بەشێک لە پڕۆژەی کۆڵۆنیاڵیزم تەماشاکراوەو هەردەم بەرپەرچدراوەتەوە!

بەڵام شێخ زاید بە پێچەوانەی ئاراستەی نەتەوەیی و عەرەبچێتی باوی ئەو ڕۆژگارەوە، ئامادەیی تەواوی دەربڕیوە بۆ ئەوەی ئیمارات ببێتە پێگەیەکی ئارام بۆ سەرمایەی ڕۆژئاوا. لەبری سیاسەتی خۆماڵیکرنی نەوت لە عێراق و ئێرانی ئەو ڕۆژگارە، ئەو سیاسەتی وەبەرهێنانی سەرمایەگوزاری بیانی گرتەبەر. ئەگەر دیقەت بدەین ئێستاش ئیمارات یەکەم دەوڵەتی عەرەبییە ئامادەبوو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوەو، هیچ گوێی بەو هەڵمەتی بەشەیتان کردنە نەدا کە لەلایەن شەقامی عەرەبیەوە کرایەسەری!

ماوەتەوە بڵێم ئیمارات بۆیە موعجیزەیە، چونکە ئەو وڵاتە نە توانای مرۆیی تەواو، نە سەرمایەی تەواو، نە سەرچاوەی سروشتی بەردەستی نییە! کەچی جوانترین و ڕازاوەترین شاری دنیای بونیاد ناوە. (85٪) خەڵکی ئەو وڵاتە هاوڵاتی بیانین و ئەو وڵاتە بەڕێوەدەبەن. لە فڕۆکەخانەوە بۆ ئوتێل، بۆ مۆڵ و میترۆ، بۆ بازاڕو کۆمپانیا، سەرجەمیان لەلایەن خەڵکانی غەیرە ئیماراتی بەڕێوەدەبرێن، تۆ کاتێک دەچی کەمترین خەڵکی ئەوێ دەبینی، بەدەگمەن دزداشە لەبەرێک، عەرەبی زمانێکت بەردەکەوێ. واتە سەرچاوەی مرۆیی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە، پشکی شێری لە دەرەوە هاتووە!

هەموو ئەو خۆڵەی لەو وڵاتە دارو باخ و پارکی لەسەر بونیاد نراوە لە دەرەوە کڕدراوەو هێنراوە. لە بنک تا سەرەوەی یەک بەیەکی ئەو باڵەخانە هەور بڕانەی تۆ دەیبینی لە دەرەوە هێنراوە، لە ئاسن، چیمەنتۆ، شوشە، پلاستیک، سەرجەم کاڵاو کەلوپەلەکانی ناویان هیچی هی ئەو بیابانە وشکە نییە. ئەوان خۆڵ و بەرد لە دەرەوە دەکڕن و جەزیرەی قەشەنگ لە کەناری دەریا بونیاد دەنێن و تەلارو باڵەخانەی سەرنج ڕاکێشی لەسەر بونیاد دەنێن!

ئیمارات موعجیزەی سەدەی نوێیە، لە هیچەوە هەموو شتێکیان خوڵقاند، تەنها بە عەقڵ!


ئه‌م بابه‌ته 301 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر