سیاسەتمەدار و شاعیر ئەحمەد هەردی

ئەحمەد کوڕی حەسەن بەگ کوڕی عەزیز بەگ لە ساڵی 1922 لە سلێمانی لە دایک بووە. لەساڵی 1938 نازناوی "هەردی" هەڵبژاردووە بۆ شیعری و لە دوایشدا هەر بەم ناوە ناسراوە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە سلێمانی بووە، ئینجا خانەی مامۆستایانی لە بەغداد تەواو کردووە و لە ساڵی 1941 کراوە بە مامۆستای قوتابخانە لە هەندێ لە ئاواییەکانی ناوچەی هەورامان، ئەوجا گوازراوەتەوە سلێمانی، ماوەیێکی زۆر مامۆستایەتی قوتابخانە سەرەتاییەکانی کردووە.
PM:03:43:18/11/2020
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا- کەسایەتیەکان
شارەزایی زۆری لە زمانی کوردی، فارسی، عەرەبیدا هەبووە. ماوەیەک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندی یەکێتی نووسەرانی کورد بووە، سەردەمێکیش سەرۆکی لقی سلێمانی بووە.

هۆشیار جەمال
نوسەر و توێژەر


ژیانی ئەحمەد هەردی

هەردی لەساڵی خوێندنی 1973-1974 لە زانکۆی سلێمانی وانەی ڕەخنەی ئەدەبی پێ سپێرراوە. لەدوای چەند مانگێک لە بەهاری 1974 بەهۆی سیاسەتی دوژمنانەی دەسەڵاتی عێراق بەرامبەر بە کورد و داخستنی زانکۆی سلێمانی ئەم کارەی لەدەست چوو. 

شاعیر تا ساڵی 1981 وەک مامۆستایێکی قوتابخانەی سەرەتایی مایەوە. لەو ساڵەدا خانەنشین کرا. لەوە بەدواوە ژیانی خێزانی ئاسای نەبوو، لە شوێنێکی دیاریکراو ئۆقرەی نەدەگرت، دەمێ لە ئێران و دەمێ لە وڵاتانی ئەوروپا تا لە دواییدا لە ساڵی 1992 لەندەن نیشتەجێ بوو. ماوەیەکی زۆر وەک پەنابەری سیاسی لەوێ مایەوە، پاش ڕووخانی رژێمی بەعس گەڕاوەتەوە کوردستان، بەهۆی ژیانی پڕ لە ئاوارەیی و دەربەدەرییەوە، گەلێک لێکۆڵینەوە و دەقی ئەدەبی و هونەریی شاعیر رووناکییان نەدیوە. هەردی لێکۆڵینەوەیەکی نووسیوە بە ناونیشانی( كێشی عرووز لەشیعری كوردی)، ڕۆژی 29/10/2006 ماڵەکەی خۆی لەشاری‌ سلێمانی کۆچی دوایی کرد و لە گردی سەیوان بە خاک سپێردرا.

هەردی و سیاسەت

لە ساڵی 1949 بەهۆی جموجۆڵی سیاسی و کاری نهێنی حیزبایەتی لە کارەکەی لابراوە، بەڵام لە ساڵی 1952 گەڕاوەتەوە سەرکارەی جارانی کە مامۆستابووە.

ساڵی 1959 لەگەڵ‌ کۆمەڵێک هاوڕێی تریدا (کۆمەڵەی ئازادی ژیانەوەی یەکێتیی کورد) (کاژیک)یان دامەزراندووەو هەر خۆیشی بووەتە بەرپرسی یەکەمی.

لە ساڵی 1963 پەیوەندیی کردووە بە شۆڕشی کوردستانەوە. لە ساڵی 1966 لەسەردەشت لەلایەن دەزگای موخابەراتی ئێران (ساواک)ەوە دەستگیرکراوە، لەگەڵ‌ ئازادبوونیدا گەڕاوەتەوە بۆ کوردستانی عێراق.

لەگەڵ‌ هەڵگیرسانەوەی شەڕدا، ساڵی 1974 دیسانەوە پەیوەندیی کردووە بەشۆڕشەوە. پاش هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلوول، لە ئێران ئاوارە بووە تا ساڵی 1979، هەر لەو ساڵەدا شەڕی ناوخۆی‌ حیزبەکان نائومێدی دەکات، بەو هۆیەشەوە بڕیاردەدات بۆ پاراستنی هەڵوێستی سەربەخۆی خۆی، بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی.
پاشان لە ساڵی 1988 پەیوەندی دەکاتەوە بە شۆرشی کوردستانەوە بۆ ماوەیەک بووە بە سکرتێری گشتی پارتی سۆشیالستی کورد (پاسۆک) و لە ساڵی 1989وازی لە پاسۆک هێناوە.

هەردی و شیعر

"شیعری" هەردی لەتەمەنی لاویدا لە ساڵی 1944دەستی بە شیعر وتن کردووە، بەڵام وەکو خۆی دەڵێ نەیکردووە بە پیشە، بەهرەی خۆڕسک و توانای هونەری و ڕۆشنبیری هەبووە، بە بەڵگەی ئەو بڕە شیعرە کەمەی هەیەتی خۆی بکا بە کەسێک وەک شاعیر ناو دەربکا، ماوەی دانانی شیعری کەم بووە لەسنووری نیوەی دووەمی چلەکان و پەنجاکانی سەدەی بیستەم نەچوو بووە دەرەوە. بۆیە هەردی لە شاعیرانی ئەو سەردەمە کورتەی ناوەڕاستی سەدەی بیستەم دەژمێررێ.

 شیعری لەڕووی ڕوخسارەوە

بەرهەمی شاعیر لەڕووی ڕوخسارەوە لە چوارچێوەی مەرجەکانی شیعری کلاسیکی لاسای نەچۆتە دەرەوە. 

شیعری هەردی دەوڵەمەندە، لە بە پەتیکردنی زمان دەوری باڵای هەیە. وشەی بێگانە کەم بەکاردێنێ، زاراوەی شیعری ڕێبازی ڕۆمانتیکی و سیمبولی ئەدەبی نەتەوەکانی ڕۆژئاوا لە بەرهەمیدا دیارە. بەم جۆرە شیعری هەردی بەشێکە لەو شیعرە نوێیەی کوردی کە لە ڕووی زمانەوە لە وشەی فەرهەنگی شیعری عەرزووی ئیسلامی دوور کەوتۆتەوە.

 لە ڕەوانبێژیدا دەستێکی درێژی هەیە. ئەو شیعرەی هەردی کە بەنوێ ژمێرراون لە ڕووی ناوەڕۆکەوە ئەو جۆرە وێنە ڕەوانبێژییانەیان تێدایە هەندێکی لە ڕەوانبێژی شیعری کلاسیکی کوردی و زیاتریش لە شیعری ڕۆمانتیکی ڕۆژئاوایی وەرگیراون و شاعیر وەستایانە گیانی کوردی پێ بەخشیوون.

شیعری لە ڕووی ناوەڕۆکەوە

شیعری هەردی لەڕووی ناوەڕۆکەوە لە دوو مەبەستی ڕێبازی سەرەکی نەچۆتە دەرەوە. یەکەمیان شیعری ڕیالیزمی کۆمەڵایەتی موتربە کراو و بەهەناسەی ڕۆمانتیکی لە دەوروبەری ئیدیۆلۆجییەتی جیاوازی چینایەتی و ئەمپریالیستی جیهانی و کێشەی نەتەوەی کورد دەسوڕێتەوە، دووەمیان شیعری ڕۆمانتیکی(وەک قوتابخانە و ڕێباز) بە سیمپۆلیزم لە دەوری چێژ و خەیاڵی دڵداریێکی بێ هیوا و ئەنجام لە کۆمەڵێکی پڕ لەئاژاوە و تەنگوچەڵەمە دەسوێتەوە. بەڕاستی ئەم دوو جۆرە شیعرە ڕەنگدانەوەی ئیدیۆلۆجیەتی هەردییە لەو دوو قۆناغە پێچەوانە یەکترییەی بیروباوەڕی.

1- قۆناغی یەکەمی شیعری هەردی بابەتی شۆڕش و هەڵمەت بردن بوو. سەرەتا بە دانانی شیعری دڵداری دەستی پێ کرد بەڵام زوو لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی وەکو بەشێک لە لاوانی عێراق بە گشتی و لاوانی کورد بەتایبەتی بوو بە هەڵگری بیروباوەڕی مارکسیزم و ئەتئەرناسیۆنالیزم. 

کۆمەڵێک شیعری داناوە ناوەڕۆکیان بریتییە لە دروشمی سیاسی ئەوەی لە خۆپیشانداندا هەڵدەکران. هەڵمەت و هێز و زەبروزەنگ و هاندانی تێدایە بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕش و لە ناوبردنی دەسەڵاتی دواکەوتوو لە عێراق و هێزی دەوڵەتە ئەمپریالیستەکان لە هەموو جیهاندا. ئەو شیعرانە لە سروودی شۆڕشگێڕی دەکەن. لەبەر ئەوەی بە زۆری دەچنە ناو شیعری پەروەردەییەوە(دیداکتیکی). دەتوانرێ ئەو ماوەیەی هەردی ئەم شیعرانەی تێدا هۆنیوەتەوە بەنیوەی دووەمی چلەکانی سەدەی بیستەم دیاری بکرێ. لەدوای ساڵی 1950کە سەردەمی گواستنەوەی بیروباوەڕی بووە لە هەردوو شیعری "ست فاتیمە" و "دڵداری کچی نازە" هێشتا شوێنەواری بیری جیاوازی چینایەتی تیایاندا دیارە.

2- قۆناغی دووەمی شیعری هەردی ڕەشبینی و دوورکەوتنەوە بوو لە شۆڕش. لە پەنجاکانی سەدەی بیستەمدا کودەتای گەورە لەبیر و خەیاڵی شیعری هەردی ڕووی دا. لە بابەت لایەنی بیرییەوە هەموو تاقیکردنەوە کۆنەکانی مارکسیزمی پراکتیکی لەبیری خۆی بردەوە و بوو بەهەڵگری بیری ناسیۆنالی(کوردایەتی). ئەم کوردایەتییە لە دەوروبەری پێش کودەتا سوپاییەکەی 14ی تەمووزی 1958ی بەغدا لەناو هەندێ لاوانی کوردی عێراق پەیدابوو. ئەمە نە(کوردایەتی کۆمۆنیستە کوردەکان)بوو، وە نە(کوردایەتی لیبیراڵی دیموکراتی کوردەکان)بوو. ئەمانە خۆیان بەهێزی سێیەم دادەنا لە ڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە لە کۆمەڵی کوردستانی عێراقدا. هەردی هەڵگری ئەم بیروباوەڕە بوو لەو ماوەیەدا خەریکی خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفی و مێژووی ئیدیۆلۆجیەتی ئەو حیزبانەی ئەوروپا بوو کە باوەڕیان بە سیستمی تاکە حیزبی هەبوو، ئەوانەی هەریەکەیان تەنیا دانی بەخۆی دەهێنا و فەلسەفە و حیزبی دیکەی ڕەت دەکردەوە. ئەمە لەڕووی ئیدیۆلۆجییەوە، بەڵام لەڕووی خەیاڵەوە هەردی خەریکی ئەو شیعرانە بوو کە لە ساڵی 1957بەناوی "ڕازی تەنیایی" بڵاوکرانەوە، کۆمەڵە شیعرێکە لە دەوروبەری دڵداریێکی ناکامی بەئەنجام نەگەیشتووی خنکاو لەناو ڕەشبینیدا دەسوڕێتەوە. لەکاتی چاپکردنی "ڕازی تەنیایی" هەردی دوودڵ بوو لەچاپکردنی کۆمەڵە شیعرەکەی. وای دەزانی بیرە تازەکەی کە پێچەوانەی بیرە کۆنەکەیەتی دژی بیروباوەڕی ئەم شیعرە ڕەشبینییانەیە. لەبەر ئەوە نەیدەزانی چۆن بڕیاربدا. هەڵوێستی سیاسی و ئیدیۆلۆجی تێکەڵ بە چێژی هونەری و ئیستێتیکی بوو. هەوڵی دەدا خۆی دوور بخاتەوە لەو جۆرە شیعرە چونکە بەلای هەڵگرانی بیروباوەڕە کوردایەتییە تازەکە ئەو شیعرانە جوان نەبوون. بەڵام لە دوای چاپکردنی شیعرەکان و بڵاوبوونەوەیان، بەڕاستی دەنگی دایەوە. ئینجا هەردی کەوتە ئەوەی شانازییان پێوە بکا و جارێکی دیکە "ڕازی تەنیایی" لە سلێمانی لە ساڵی 1984دا چاپ بکاتەوە. بەڵام ئەوە نازانرێ بۆچ شیعری قۆناغی یەکەمی شاعیرییەتی لەو چاپەدا بڵاونەکردەوە. هەرچۆنێ بێ لەڕووی جوانکارییەوە هەرچەندە شیعری قۆناغی یەکەمی هەردی لە پلە و پایەی شیعری قۆناغی دووەمی نین. بەڵام بەزیادەوە لە مێژووی ئەدەبدا بەنموونەی شیعری سەرکەوتووی کوردی دەژمێررێن. ماوەی شاعیرییەتی هەردی دیاریکراوە. لە نیوەی دووەمی چلەکان و پەنجاکانی سەدەی بیستەم بووە. دوا شیعری "پەیامی یار" لە ساڵی 1958 هۆنراوەتەوە. ئەو شیعرە کەمەی هەردی کە لە چوارچێوەی ناوەڕۆکی دڵداری بەئومێد نەگەیشتووی ڕەشبینی دایە. لووتکەی داهێنانی هونەرییە و دەلاقەیێکی دیکەی لە مێژووی ئەدەبی کوردی پڕ کردۆتەوە. ئەو دەلاقەیە بەتاڵ بوو هەردی فریای کەوت.

هەروەها گۆرانی شاعیر لە بارەی "ئەحمەد هەردی"ە،وە وتویەتی (هەردی قوتابخانەیەکی تایبەتی هەیە لە شیعری کوردیدا و شوێن دەستی دیارە).

هەردی و ئازاری  نەتەوەی کورد.

(نموونەی شیعری) هێرش و شۆڕش.

هەردی لە بەندی یەکەمی سێ بەندەکەی سروودی "ئازادی خوا" دەڵێ 

ئازادیخوای کوردین ئێمە
شوورەی پۆڵا و بەردین ئێمە
پشتی جووتیاری زەبوونین
ئاڵای بەرزی چوون یەک بوونین
شیری دەستی لێقەوماوین
لە ڕووی زوڵما هەڵکێشراوین
ئاغا و بەگزادانی زۆردار
جەردەی گیانی گەلی هەژار
خوێن خۆری ئەم نیشتمانەن
ئالەتی دەستی بێگانەن
ڕۆژی خۆی گیانیان دەردێنین
تۆڵەی گەلیان لێ ئەستێنینن
ئازادیخوای کوردین ئێمە
شوورەی پۆڵا و بەردین ئێمە کوردە

کۆمۆنیستەکانی عێراق ئەم شیعرەیان کردبوو بە سروودی ڕەسمی خۆیان. بەرامبەر بەمە کوردی دیکە شیعری "ئەی ڕەقیب"ی دڵداریان کردبوو بەسروودی ڕەسمی وەکو پاشماوەیێکی کۆماری کوردستانی ئێران لە مەهاباد1946. ئەو کاتە ئەم شیعرە ناوبانگی دەرکرد.
 
لەم شیعرەدا هەردی جەنگاوەرێکی توڕەیە، هەڕەشە لە دوژمن دەکا، چوونە مەیدانی لەم لایەنەوە لە پلەی کردەوە نابەجێ و نا مرۆڤایەتی دوژمن بەرامبەر بەبێ دەسەڵات و هەژاران زیاترە. بێ نەوایان دڵنیا دەکا لە دواڕۆژدا دوژمنان لەناو دەچن و تۆڵەی زۆربەی میللەتیان لێ دەکرێتەوە.

 لە دوای ئەم هەڕەشەیە لە دوژمنان ڕوو دەکاتە کرێکاران

کوڕانی ڕۆژی مەیدانی شەڕ و ئاشووب و ئاژاوە
براکانم! کرێکاری هەموو ئەم لانە ڕووخاوە
هەموو دایکێ کە تاقانەی لەسەر سێدارە خنکاوە
بە کورتی میللەتی برسی پەنای بۆ ئێوە هێناوە
دەسا تۆ حەققی ئەم خاکەی کە خاکی ئەشک و خوێناوە
هەتا خوا هێزی پێ داون هەتا دنیا خرۆشاوە
هەموو پڕ دەم بقیژێنن کە ئیستیعماری ئینگلیسی
بڕووخێ تەفروتوونا بێ سەر و فەسساڵی نەگریسی
بڕووخێ تەخت و تاراجی بتۆپێ نۆکەری پیسی
لە ڕۆژێکی وەها سوورا کە تەئریخی شەهیدانە
چ تەئریخێ! ئەوی جەرگی نیگاری خوێنی لاوانە
چ خوێنێ! هەر دڵۆپێکی نموونەی خوێنی ئینسانە
چ ئینسانێ ئەوەی گیانی لە لا بێ نرخ و هەرزانە
لە تاو بێدادی ئیستیعمار هەڵاتووی کێو و هەردانە
هەرا بۆ ڕۆژی وا چاکە کە دڵ وەک جۆشی بوورکانە
دەسا پڕ دەم بقیژێنن کە ئیستعماری ئینگلیسی
بڕووخێ تەفروتوونا بێ سەر و فەسساڵی نەگریسی
بڕووخێ تەخت و تاراجی بتۆپێ نۆکەری پیسی

 شاعیر باوەڕی بەهێزە بەوەی لەناو کۆمەڵدا هیچ هێزێک نییە جگە لە چینی کرێکار شایانی ئەوە بێ ئەمپریالیستی ئینگلیزی لەناوببا. ئەوەی ئاشکرایە تا کودەتا سوپاییەکەی 14ی تەمووزی 1958ی بەغدا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئینگلیز فەرمانڕەوا بوون لە عێراق. لەو سەردەمەدا ئەوان و کاربەدەستانی دەوڵەتی عێراق گەورەترین دوژمنی بیروباوەڕی کۆمۆنیزم بوون. 

لە شیعرێکی دیکەدا هەردی بانگی خەڵکی دەکا هەڵمەت بەرن و ئاگری شۆڕش هەڵگیرسێنن.

بە یادی ئەو شەهیدانەی کەوا بێ ناز و بێ گیانن
لە ژێر پۆستاڵی پۆلیسا هەموو پێخوستی کۆڵانن
بەیادی ئەو هەتیوانەی کە برسی و ڕووت و عوریانن
بەیادی ئەو پڵینگانەی کە دیلی کۆنی زیندانن
وەرن ئەی میللەتی برسی ئیتر وا ڕۆژی مەیدانە
بچینە سەر تەلار و کۆشکی ئەو میللەت فرۆشانە
کە خوێنی ئێمەیان بەخشی بە پارە و زێڕی بێگانە

شاعیر بە ناوی شەهید و چەوسێنراو و ئازاردراو و هەتیو و ئەو پڵینگانەی لە بەندینخانەن (مەبەستی کۆمۆنیسته بەندکراوەکانە) جەماوەری میللەت بانگ دەکا هێرش ببەنە سەر کۆشک و باڵەخانەی میللەت فرۆشان و تەفروتوونا و خاپووریان بکەن. 

ئینجا شاعیر بەرنامە دادەنێ بۆ لە ناوبردنی سەرداری ناشایستە 

ئەوی خوێنی هەژارانی مژی و نامووسی ژێر پێ نا
بە فێڵ و جەردەی پارەی لە چنگی خەڵکی دەرهێنا
بە زۆر تۆ ناوت نا (سەردار) و ئیمانیشت پێ هێنا
هەتا خاکی بە دیل گرتیت و ئیستعماری تێ هێنا
قوڕی بۆت گرتەوە و ئەوسا سەری بەدبەختی تۆی تێنا

شاعیر دەڵێ ئەو سەرۆکەی خوێنی هەژاران دەمژێ، خەڵکی دەڕووتێنێتەوە، خاکی نیشتمان پێشکەش بە ئەمپریالیستەکان دەکا، پێویستە ئەو جۆرە سەردارە لە فەرمانڕەواییدا نەمێنێ.

ئەحمەد هەردی جێگەیێکی دیاری هەیە لە ئەدەبی کوردیدا، دوو هۆی سەرەکی سنووری ئەو جێگەیە دیاری دەکەن

1- شاعیر لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی بیستەمەوە گەیشتۆتە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم. کەچی کەسایەتی شیعری لە نیوەی دووەمی چلەکان و پەنجاکانی سەدەی بیستەم بووە 1945-1958. لەو ماوەیەدا بڕێک شیعری نووسیوە. 

2- ئەو بڕە شیعرە داهێنانێکی ڕەسەنە لە ئەدەبی کوردیدا، لە ڕووخساردا بێ کەموکوڕییە. لە ناوەڕۆکدا بەشداری لە داهێنانی "شیعری نوێ"ی کوردی کردووە. بەوەی جەوهەری شیعری ڕۆمانتیکی و سیمبۆلی ئامێزی ئەوروپایی تێکەڵ بە داهێنانی خۆی کردووە. لە دوو مەبەستی پێچەوانەی یەکتری شیعری شۆڕشگێڕی و دڵداری ڕەشبینی سەرکەوتووانەی هێناوەتە ناو ئەدەبی کوردییەوە. هەردی لە شاعیرە ناودارەکانی کوردی ناوەڕاستی سەدەی بیستەم دەژمێررێ.

سەرچاوەکان کتێب.

1/ دیوانی ئەحمەد هەردی، ڕازی تەنیایی، کتێبخانەی سلێمانی چاپ وبڵاوی کردۆتەوە، چاپی دووەم، ساڵی1984.

2/ دکتۆر مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، دەزگای ئاراس، چاپی یەکەم، هەولێر، ساڵی2006.



ئه‌م بابه‌ته 185 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر