ئیدلیب، میکانیزمەکانی چارەسەر

ئیدلیب دۆخێکی ئاڵۆزی هەیە بۆ چارەسەر، چونکە پێشتر کەهێزەکانی سوریا بەپاڵپشتی ڕوسیا، ئێران وحیزبوڵا بۆ کۆنترۆڵ کردنەوەی هەرناوچەیەک ڕووبەرێکی تریان دەبەخشییە تورکیا وگروپە چەکدارە هاوپەمانەکانی لەوانە بەخشینی ڕۆژهەڵاتی حەلەب لەبەرامبەر باب وجەرابلوس، غەوتەی شەرقی وناوچەی ئەبوزهوور لەبەرامبەر عەفرین.
PM:01:53:15/09/2018
دۆسیە: هەرێمایەتی
تورکیا خوازیارە بە دواخستنى ئۆپەراسیۆنى ئیدلیب لە ڕێگاى ڕێککەوتن لەگەڵ گروپە چەکدارەکان و وڵاتانى پەیوەست بە قەیرانى سوریاوە

داهۆ سالم
نوسەر

وەک بینیمان دوای ئەوەی وڵاتانی ناوچەکە وبەشێک لەزلهێزەکان ڕاستەوخۆ وناڕاستەوخۆ دەستیان وەردایە قەیرانی سوریا، جەنگ دڕێژەی کێشا ودواجار بەرەی دژ بەڕۆژئاوا بەسەرکردایەتی ڕووسیا وکاراکتەری ئێران توانییان ڕژێمەکەی ئەسەد لەڕوخانی حەتمی ڕزگار بکەن. لەبەرامبەردا بلۆکی ناتۆ وکەنداو نەک هەرشکستیان هێنا بەڵکو  یەکڕیزیان لەدەستدا، لەوانە تورکیا دەستەبەرداری دروشمی ڕوخانی ئەسەد بوو، کەوتە ڕێکەوتنی سیاسی وسەربازی لەگەڵیاندا. ئیتر لەوە بەدواوە هەموو گۆڕانکارییە سەربازییەکان لەسەر زەوی بەڕێککەوتن یەکلادەکرانەوە لەنێوان تورکیا وسوریا بەسەرپەرشتی ونێوەندگیری ڕووسەکان، ڕەگەزی ئاڵو وێرەکەیش گۆڕینەوەی ناوچەکانی بندەستی کورد بوو لەبەرامبەر ناوچەکانی بندەستی ئۆپۆزیسیۆن. ئێستا کەئەسەد لەدوا قۆناغەکانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی وڵاتەکەیدایە، دواین قەڵای بەهێزی گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکان کەمابێتەوە پارێزگای ئیدلیبە، کەئەسەد هەڕەشەی کۆنترۆڵکردنەوەی دەکات.

 

ئیدلیب دۆخێکی ئاڵۆزی هەیە بۆ چارەسەر، چونکە پێشتر کەهێزەکانی سوریا بەپاڵپشتی ڕووسیا، ئێران وحیزبوڵا بۆ کۆنترۆڵ کردنەوەی هەرناوچەیەک ڕووبەرێکی تریان دەبەخشییە تورکیا و گروپە چەکدارە هاوپەمانەکانی لەوانە بەخشینی ڕۆژهەڵاتی حەلەب لەبەرامبەر باب وجەرابلوس، غەوتەی شەرقی وناوچەی ئەبوزهوور لەبەرامبەر عەفرین.

 

جیاوازی ئەمجارەی پەرەسەندنەکان لەوەدایە ئەو چاکدارانەی لەپاکێجەکانی تردا بەڕێککەوتن دەهێنران بۆ ئیدلیب، بەڵام ئیتر سوریا جێگەیەکی تری بندەستی کورد نەماوە بیبەخشێت بەڕکابەرەکانی. ئەمجارەیان بەپێچەوانەی ناوچەکانی ترەوە تورکەکان بونی سەربازی مەیدانییان هەیە لەئیدلب ودوانزە خاڵی چاودێری تۆکمەی جێگیرکردووە لەسنوری ئەو پارێزگایە.

 

 

هاوکات نزیکەی (٧٠٠٠٠) حەفتا هەزار چەکداری ئۆپۆزیسیۆن لەو ناوچەیەدان کەنزیکەی (٥٠٠٠) پێنج هەزار لەوانە سەربەبەرەی فەتح شام ـ ی سەربە قاعیدە - ن، سەڕەرای پاشماوەیەکی بچوک لەچەکدارانی داعش.

 

سوریا لەسێ میحوەری سەرەکیەوە "ڕۆژهەڵاتی لازقییە، باکوری حەما وڕۆژئاوای حەلەب" ئامادەکاریە سەربازییەکانی بەهەموو پێداویستییەکی جەنگ هەروەها وورەیەکی بەرزەوە  تەواوکردووە.

 

بەپێی لێدوان وجوڵەکان لەسەر زەوی ئەو نایەوێت هێندە چاوەڕوان بکات لەدەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە و تەنها بەڕۆژ ودوو ڕۆژ چاوڕێی چارەسەرە دیپلۆماسییەکان دەکات.

 

گرفتێکی دیاری ئەم قۆناغەی جەنگی سوریا لەوەدایە جگە لەدانیشتوانی شارەکە نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارەی ناوچەکانی دیکە لەوێ نیشتەجێبوون، کەزۆربەیان سەربەگروپە ئۆپۆزیسۆنەکانن وخودی پارێزگاکەش زیاد لەملیۆنێک دانیشتوانی هەیە، لەکاتی کۆنترۆڵکردنەوەی ئیدلیب لەلایەن سوپای ئەسەدەوە دەرفەتی مانەوەیان نامێنێت وتاکە چانسێک هەیانبێت هەڵهاتنە بۆ تورکیای هاوسنووریان.

 

جگە لەوەش ئەو ژمارە زۆرە لەچەکدار وگروپی توندڕەو دەبێ بچنە تورکیاوە یان دەبێ بگوازێنەوە بۆ ناوچەکانی تری بندەستی تورکیا وئۆپۆزیسیۆن لەوانە "ئەفرین، باب وجەڕابلوس" بێت.

 

ئەوەی ئێستا تورکیا داوایدەکات دواخستنی ئۆپەراسیۆنەکەیە یان جۆرە ڕێککەوتنێکە لەنێوان ئەو چەکدارانە وڕژێمی سوریا بۆ مانەوە وئاشتەواییەک کەپێش لەشەپۆلی ئاوارەبوون وهەڵهاتنی چەکدارەکان بگرێت.

 

ئەمەش بەپێی سروشتی ڕژێمەکەی ئەسەد هیچ گرەنتییەکی ئاییندەیی نادا بەدەستەوە، چونکە بەتێپەڕبوونی کات وجێگیربوونەوەی دەسەڵاتی دیمەشق، هەڵمەتی تۆڵە کردنەوە ولەناوبردن دەسپێدەکات.

 

 بۆیە تورکیا دەبێ هەوڵی ئاشتەواییەک بدات کەبەچاودێری خۆی لەو پارێزگایەدا بەڕێوەببرێت وەک گەرەنتی کارپێکردن وبەردەواموونی لەئاییندەدا.

 

دواجار ئەوەی دەمێنێتەوە ونەگۆڕە، گەڕانەوەی دەسەڵاتی ئەسەدە بۆ ئیدلیب. ئەوەی جێی مشتومڕە، میکانیزم وفۆرمی گەڕانەوەکەیە. هەرچەندە سەرەڕای ڕێکەوتن بۆ دۆخەکە، دیسان جەنگی لاوەکی وپچڕپچڕ وسنووردار لەگەڵ ئەو گروپەگانەدا ڕوودەدات کەلەڕیزی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکاندا ئەژمار دەکرێن وپابەند نابن بەهیچ ڕێککەوتنێکی ئیقلیمی ونێودەوڵەتییەوە.



ئه‌م بابه‌ته 805 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر