فاکتەری مانەوە و سەلماندنی نەتەوەی کورد

زیاتر لە دوو هەزار ساڵە کورد بێ دەسەڵات و بێ بەش لە حکوومەتی خۆیەتی و بەوەشەوە دوژمنانی وازیان نەهێناوە و بە هەموو شێوازێک هەوڵی فەوتان و لەنێوبردنیان داوە، بەڵام هەتا ئێستە وەکوو نەتەوەیەکی خاوەن شوناس لە نیشتمان و شوێنی خۆی ماوەتەوە.
AM:04:09:13/11/2020
دۆسیە: نەتەوەسازی
نە دوژمنانی توانیویانە ئەم نەتەوەیە لە نێو ببەن و نە ئەم نەتەوەش توانیوە ببێتە خاوەن دەسەڵات و کیانێکی سەربەخۆ.

جەمال فەتحی (کۆچەر)
نووسەر


لە نێوان بوون و نەماندا پەلەقاژێ دەکات و سەرەڕای هەموو گوشار و پیلانەکانی دوژمنانی توانیویە مانی خۆی بسەلمێنێ، بەڵام مانەوەیەک لە حاڵەتی بندەستی و بێچارەنووسییەکدا کە لانیکەم سەد ساڵە وەکوو کێشەیەکی چارەسەرنەکراو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لەگەڵی مامەڵە دەکرێت.

لە پێوەندی لەگەڵ نەگەیشتنی کورد بە قۆناغی بەدەوڵەتبوون کە ئارەزووی هەر تاکێکی نیشتمانپەروەرێکە هۆکاری زۆر باس کراوە و بگرە سەدان کتێبی لەسەر نووسرابێ، بەڵام ئەگەر بمانەوێ بە شێوەیەکی کورت ئاماژەیەک بە سەرەکیترین هۆکاری ئەم کێشەیە بکەین، جگە لە خودی کورد هیچی دیکەمان پێ شک نایە، واتە دەکرێت بڵێن ناڕاستەوخۆ خودی کورد بووەتە جێبەجێکاری پیلانەکانی داگیرکەران و پرۆسەی ڕزگاری و سەربەستیی خۆی وەدوا خستووە و وەکوو لەمپەرێک لە هەمبەر پرۆسەی ڕزگاریی نیشتماندا ڕۆڵ دەگێڕێت؛

نەتەوەیەک کە زیاتر لە هەموو نەتەوەیەکی دنیا لە پێناو ئازادی و سەربەستیدا قوربانی داوە بۆ دەبێ لە هەمان کاتدا خۆیشی لە هەمبەر ئەم ئازادییە ڕێگر و لەمپەر بێت؟

ئایا هەوڵەکەی بۆ ئازادبوون ڕاستەقینە نییە یان کێشەیەکی پەنگخواردوو لە ناخ و دەروونی عەقڵی سیاسیی کورددا بوونی هەیە کە ئاوا بێچارەنووس و سەرلێشێواوە؟ 

ئەگەر لە ڕوانگەی خەسارناسی و دەروونناسیی سیاسییەوە چاو لەم کێشەیە بکرێت، دەردەکەوێت کە کورد نەتەوەیەکی ئازادیخوازی سەرلێشێواوە، واتە ئازادی دەوێت بەڵام بۆ گەیشتن بەم ئازادییە ڕێگا ڕاستەقینەکەی لێ ون بووە و جەوهەری سەرەکیی خەباتەکەی کە ڕزگاریی نەتەوەییە کەوتووەتە خزمەت بابەتگەلێک وەکوو دێموکراسی، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، فیدراڵیزم...هتد، یان بە زمانێکی دیکە وزەی خەبات و هەوڵەکانی بۆ بابەتگەلێک تەرخان دەکات کە قازانجی بۆ دەوروبەرییەکان هەیە هەتا خۆی، بەڵام قەت کورد لەو واقعیەتە تێنەگەیشتووە کە پشتیوان و ئامرازی سەقامگیرکردنی دێموکراسی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و هەموو ئەو چەمکانە کە وڵاتە پێشکەوتووەکان لە ژێر چەتریان دەحەسێنەوە، هێزە، هێز بە هەموو ڕەهەندە سیاسی، سەربازی، ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانەوە، بەو واتاییەی کە هەتا کاتێ کە نەبێتە خاوەن ئەو هێزانە نەک ناتوانیت چەمکێک وەک دێموکراسی لە ئاستی ناوچەدا جێگیر بکات بەڵکوو لە جێگیرکردنی لە نێوخۆشیدا دەستەوەستان دەمێنیتەوە. 

پرسیار لێرە ئەوەیە:

دەبێ چی بکەین هەتا ببینە خاوەن ئەو هێزەی کە بوون و مانەوەمان لە ئاستی ناوچە و وڵاتی خۆماندا دەستەبەر بکەین؟

ڕێگاکانی بەدەستهێنانی هێزەکان چین؟

بۆ گەیشتن بە وڵامێکی دروست پێویستە بزانین ئایا لە ڕێگای دێموکراسی و ئەو چەمکانەی کە کورد وەکوو دروشمی خەباتی دەستی بۆ بردوون بە ئازادی و سەربەستیی نیشتمانی و نەتەوەیی دەگەین یان هێز گارانتییەکە بۆ ئەو چەمکانە؟ 

ئەگەر چاو لە شۆڕشەکانی دنیا بکەین و بەپێی ڕەگەز و جۆرەکانیان هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەین، هیچ شۆڕش و خەباتی نەتەوەیەک لە دنیادا کە هاوچارەنووسی کورد بوون، نابینرێت کە لە دۆخی بندەستیدا و لە حاڵەتی خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی هاوکات نەک لە ئاستی ئارەزوو بەڵکوو بە کردەوە خەبات بۆ سەقامگیریی دێموکراسی و سۆسیالیزمی کۆمەڵگایەک و نەتەوەیەک بکات کە لەو بەری گۆڕەپانی شەڕەکەیدان. 

ئەم جۆرە خەباتە جگە لە خۆکوژی و مانەوە لە نێو گێژاوێک هیچ دەسکەوتێکی بۆ کورد نابێت و بۆ ڕزگاربوون لە دەست ئەم گەڵاڵانە دەبێ هەموو وزە و ویستێکی سیاسی بکەوێتە خزمەت داخوازییەکی نەتەوەیی و ئەگەر دێموکراسیمان دەوێت دەبێ یەکەمجار سوودەکەی بۆ خۆی بێ ئینجا بۆ ئەوی تر، دەنا دێموکراسییەک کە لە تاران و ئانکارا و بەغداد بێت دێموکراسییەکە کە براگەورەیی هەر هی ئەوانە و سنوورپارێزی و ناو و ژستەکەشی هی کوردە. 

ڕاستە پێش دابەشکاریی جیهان بەسەر دوو جەمسەری کاپیتاڵیزم و کۆمۆنیزم، کورد هەر وەک ئێستە لە هەبوونی دەسەڵات و حکوومەت بێبەش بووە و خەبات و بزووتنەوەکانی کورد لە هەمبەر داگیرکەرانی کوردستاندا هاوچەشنی ئێستە نەبووبێت و پرس و دۆزی کورد بە هۆی نەبوونی ڕاگەیاندن و گەشەنەکردنی تکنۆلۆژی ڕۆژەڤ و بابەتی سیاسیی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی نەبووبێت، بەڵام ئەگەر خەباتێک و بزووتنەوەیەک لە ئارادا بوو خەباتێکی پەتی و ڕەسەن بوو و هەموو وزە و پتانسیلەکانی ئەو خەباتانە لە خزمەت بزووتنەوەیەکی کوردیدا بوو و هەر ئەم پەتیبوونە، سروشتێکی بە بزووتنەوەکان بەخشیبوو کە سمایل ئاغای سمکۆ دەخاتە خزمەت شۆڕشی شێخ مەحموود نەمرەوە، یان بزووتنەوەی باشووری کوردستان بە ڕێبەریی مەلا مستەفای بارزانی هان دەدات، کە ئەزموونی سیاسی و چەکدارییەکەی پێشکەش بە کۆماری کوردستان بکات، بەڵام پاش پەرەسەندنی جیهانی تکنۆلۆژی و قۆناغی مودێڕنیتە حیزبی کوردی بە هەڵبژاردنی بابەتگەلێک کە لە ڕاستیدا بابەتی پاش ڕزگارین نەک پێش ڕزگاری، یان بە زمانێکی سادەتر سوود و بەرهەمی ئەم بابەتانە لە کاتی خەباتدا دەستی کورد ناگرێت، بەڵکوو کاتێک کورد دەتوانێت سوود لەم بابەتانە ببینێت کە خاوەن هێز و دەسەڵاتی سیاسی، نیزامی و ئابووری خۆی بێت، ڕێچکەی خەباتی کورد بەرەو ئاراستەیەکی دیکە گۆڕدرا، هەر بۆیە دەسبردن بۆ ئەم بابەتانە لە قۆناغگەلێکی جیاجیادا بووەتە هۆی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانی کورد و تەنانەت شەڕی براکوژیشی لێ کەوتووەتەوە، کە ناحەزترین دیاردەی خەباتی کورد ئەوە بووە کە لە جیاتی سەنگەری دوژمن سەنگەری برا دەکرایە ئامانج و لەم شەڕەدا ئەوەی سەرکەوتوو بوو دوژمن و داگیرکەران بوون نەک لایەنە کوردییەکان.

 
لێرە پێویستە بزانین چ شتێک هێز بۆ کورد دەستەبەر دەکات، ئایا خەباتی دوور و درێژ و مێژووی پڕ لە شانازی دەبنە هێز یان ماتریاڵەکان هێز بەدی دێنن، ئەوەی ڕاستی بێت هەتا ئێستە بەداخەوە کورد لە هیچ پارچەیەکی کوردستاندا نەیتوانیوە وەکوو هێزێک خۆی پێناسە بکات، چونکە سەرەڕای دەوڵەمەندبوون لە باری هێزەوە نەیتوانیوە ماتریاڵەکانی هێز یەک بخاتەوە و مۆنتاژیان بکات و نەتەوەییبوون خۆی لە دۆخی کلاسیکی و پێناسە و پێوانە کلاسیکییەکانەوە بۆ دۆخێکی سەردەمیانە و پێوانە جیهانییەکان بگۆڕێت و هەتا ئەو ئایدیا لە نێو ئەدەبیات و عەقڵیەتی سیاسیی کورددا دروست نەبێت کە نەتەوەییبوونی ئەو بە بوونی دەسەڵات و هێزەوە گرێ دراوە و دەسەڵات و هێزیش بە بوونی دەوڵەت و حکوومەتێکی سەربەخۆ، هەروا لە دۆخی بەرگریکاری و داکۆکیکاری دەمێنێتەوە و هەروا ڕێبواری ڕێی ئازادی دەمێنێتەوە.

بۆیە دەکرێت بڵێن یەکەمین ماتریاڵ بۆ خەبات دروستکردنی جیهانبینی و ستراتیژییەکە کە هەموو لایەن و حیزبەکان بخاتە ژێر چەتری خۆیەوە و هەموو کەس و تاکێکی کورد خۆی لەو جیهانبینییە ببینێتەوە، چون ئەگەر کەسێک یان لایەنێک خۆی لە نێو هێڵەکانی پێناسەی ئەو جیهانبینییە نەبینێتەوە ئەگەری ئەوەی هەیە کە بکەوێتە بەرەی دوژمنەوە و بەشێک لە پتانسیلی خەبات و بزووتنەوەی کورد بەفێڕۆ بدات. دووهەمین ماتریاڵی خەبات پاش ئەوەی یەکڕیزییەکی ئارەزوومەندانە پێک هات، پێکهێنانی سپایەکی گشتی لە ژێر یەکەیەکی بێلایەن و نیشتمانییە کە وەکوو باسک و هێزی مرۆیی ئەو جیهانبینییە بەکار بهێنرێت و بۆ هەر ئەگەر و پەلامارێکی دوژمن ئامادە و تەیار بێت، کە ئەم دوو ماتریاڵە (ماتریاڵی هزری و ماتریاڵی مرۆیی) پێک هات ڕاستەوخۆ هەم دێموکراسییەکی نێوخۆیی پێک دێت، هەم یەکسانییەکی دڵخوازانە، کە ئەگەری بەپرۆژەکردنی بۆ نەتەوە و وڵاتانی دەوروبەر، متمانەپێکراوترە لەوەی کە خۆت لە نێو خۆتدا هیچ دێموکراسییەک ڕەچاو نەکەیت و داوای جێگیرکردنی دێموکراسی و یەکسانی کۆمەڵایەتیی بۆ کۆمەڵگاکانی دیکە بکەیت.  



ئه‌م بابه‌ته 273 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر