نێ، شارەدێی فەرهەنگ و نیشتمانپەروەری

شارەدێی "نێ" یەکێک لە گوندە گەورەکانی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە پێنج کیلۆمەتریی باشووری شاری مەریوان و گۆلی زرێبار هەڵکەوتووە.
PM:06:38:05/11/2020
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - شارو ناوچەکان
نێ بە درێژایی مێژوو تاڵی و سەختیی زۆری بینیوە.

بێهزاد قادری
ڕۆژنامەنووس


نێ دەروازەی هاتوچۆی هەموو گوندەکانی بەری بەگزادە و بناری سورێنە. لە ۹۰۰ ماڵ پێک هاتووە و نزیک ۲٩٠٠ کەس حەشیمەتیەتی.

پیشە و کاری خەڵکی نێ بەهۆی زەوی و باخاتی زۆرەوە، وەرزێڕی، ئاژەڵداری و باخدارییە و بەشێکی دیکەشی کە خاوەن زەوی نین بە کرێکاری، دووکانداری و کاری دیکەوە خەریکن. هەروەها بەپێی ئەوەی کە لە نزیک سنوورە دەستکردەکانی کوردستان هەڵکەوتووە، کاروباری سەر سنووریش پیشەی بەشێکی دیکە لە خەڵکی ئەم شارەدێیەیە.

بەپێی وتەی خەڵکی ئەم ناوچەیە، ناوی "نێ" وێدەچێت سێ مانای هەبێت: "یەکەم، قامیش؛ دوویەم، نێی ئاش کە کەرەستەیەکە لە ئاشدا و سێیەم، وشەیەکی دێرین و مێژووییە کە واتای گۆمی خوێن دەدات".
 
خەڵکی نێ خاوەن هەستی نەتەوایەتیی بەهێزن و ساڵانە بۆنە نەتەوەییەکانی وەک نەورۆز بە ئاڵای کوردستانەوە بەڕێوە دەبەن. تەنانەت بۆ خەم و شادیی پارچەکانی تری کوردستان، بەبێ گوێدان بە هێزەکانی حکوومەتی ئێران، ڕێوڕەسمی خۆیان بەڕێوە دەبەن کە نموونەی هەرەبەرچاوی جێژنی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان بوو. نەورۆزی نێ، بەهۆی شێوەی تایبەتی بەڕێوەچوونیەوە، لە هەموو کوردستان بەناوبانگە. 

کورتەیەک لە مێژووی نێ

ئەم شارەدێیە بەهۆی هەڵکەوتەی ستراتیژیکی خۆیەوە و بەهۆی ئاوی زۆر، دەشتی بەربڵاو، کوێستان و دارستانی چڕوپڕ بۆ خۆ حەشاردان و کاری ئاژەڵداری و... لەمێژە ئاوەدانە. هەروەها قەڵا و ئاسەوارە کۆنەکانی وەکوو: "قەڵا گوان، وڵە گەور، قەبرە بەگزادە، گردە خەزێنە، ئاسنگەران، ئەسحاب، گرد و زیارەت، براکوژاو، کەپر حاکم و..." نموونەی سەلماندنی ژیانی لەمێژینە لەو شارەدێیەدایە. 

نێ بە درێژایی مێژوو دەیان جار سوتێندراوە و خەڵکەکەی پەنایان بە شوێنی دیکە لە پشت ئەو گوندەوە بردووە، وەکوو شوێنەکانی: "دێ کۆن، برا کوژاو، چاوگ و ئەسحاب" کە لەو شوێنانەدا هەتا ئێستاش ئاسەواری ژیان ماوەتەوە. هەروەها بەپێی بەڵگە مێژووییەکان، لە نێوەڕاستی دەسەڵاتی قاجاڕەکاندا خەڵکی نێ لە دێ کۆنەوە هاتوونەتە ئەو شوێنەی ئێستا و لەگەڵ چەند بنەماڵەیەکی دیکەی کۆچەریدا "نێـ"ـیان ئاوەدان کردووەتەوە. 

نێ بە درێژایی مێژوو تاڵی و سەختیی زۆری بینیوە. هێزەکانی "ڕەزا شا" بۆ ڕێفۆرمی حیجاب سەرتا ڕوو دەکەنە ئەوێ و بەهۆی شەڕ و پێکدادانەوە ژنێک دەمرێت و بە دەیان بنەماڵە بەرەو باشووری کوردستان هەڵدێن. 

هەروەها لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران، بە چەندین جار هێرش کراوەتە سەر نێ و تۆپباران کراوە. لەلایەکی ترەوە، بەهاری ساڵی ٦٧ی هەتاوی لەلایەن ڕێژیمی ڕووخاوی بەعسی عێراقەوە نێ کیمیاباران کراوە و بە سەدان کەس لە خەڵکی بێتاوان شەهید و بریندار بوون. 

ئەو گوندە لە خەباتی گەلی کورددا ڕۆڵی کارای هەبووە و ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی، چەندین کەس لەگەڵ محەممەد خانی کانیسانان بەرەو پێشوازیکردن لە کۆماری کوردستان بەرەو مەهاباد ڕۆیشتوون. هەروەها لە شۆڕشی گەلانی ئێران دژی شا بەشدارییان کردووە و لە دوای سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی کورد، بە دەیان لاو بوونەتە پێشمەرگەی کوردستان و چەندین کەسیان گیانیان بە سەروەریی کوردستان بەخشیوە. 

نێ، شارەدێی فەرهەنگ و زانست

شارەدێی نێ شوێنێک بووە کە دەیان کەسی زانا، قەڵەم بەدەست و بەناوبانگی تێدا هەڵکەوتووە. مامۆستا "قانع"، شاعیری چەوساوەکانی کوردستان بۆ ماوەیەکی زۆر لە نێدا ژیاوە؛ هەروەها "شێخ ڕەشید حوسێنی" خەڵکی دۆڵاش و نەوەی مامۆستا قانع، زۆربەی تەمەنی لە نێدا تێپەڕاندووە.

"فەرەیدوون درەخشانی" ناسراو بە  "کۆچەر بیرکار"، بیرکارێکی ھاوچەرخی کوردە کە لە ساڵی ١٩٧٨دا لە نێ لەدایک بووە. ناوبراو بێرمەندێکی ناسراوی جیهانییە و ئێستا لە زانکۆی کەمبریجی بریتانیا پڕۆفیسۆرە و  لە ساڵی ٢٠١٨دا توانی گەورەترین خەڵاتی بیرکاریی جیھانی ناسراو بە "فیڵدز" کە بە نۆبێلی بیرکاری ناسراوە دەستەبەر بکات. کۆچەر بیرکار وتوویەتی: "ھیوادارم ئەم خەڵاتە بزە بخاتە سەر لێوی چل ملیۆن کورد".

خەڵکی نێ هەر ئیستاش نموونەی خەڵکێکی زیندوون و لە بوارەکانی فەرهەنگیدا نێ یەکەم گوند بووە کە ئەنجومەنی فەرهەنگیی تێدا دامەزراوە. هەروەها دەیان چالاکی مەدەنی، فەرهەنگی و ژینگەیی لەم شارەدێیەدا چالاکن و نێ نموونەی هاوکاری، پێکەوە ژیان، ئاوماڵی و هەرەوەزییە.

ساڵی ٩٦ی هەتاوی، کۆمەڵێک لە ژنانی نێ ئەنجومەنێک و سندووقێکی پاشەکەوتیان دامەزراند. ئەو کارەیان بە پاشکەوتکردنی مانگانە بڕە پارەیەکی کەم کە کەلێنیش نەخاتە نێو ئابووریی ژیانیان دەست پێکرد و ئەم هەنگاوە لەگەڵ پێشوازیی بەشێکی زۆری ژنانی ئاواییدا بەرەوڕوو بووەوە. زۆر زوو تەنانەت لە دێهاتەکانی دەوروبەر و نێو شاری مەریوانیشەوە داوا کرا کە ببنە ئەندامی ئەو سندووقە.

ناوەرۆکی کارەکەیان ئەوە بوو کە بە پاشەکەوتکردنی ئەو پارەیە، هەر مانگێک و بەپێی پێویست و بە مەرجی ئەوەی کە دەبێ پیشەیەکی پێ دەست پێبکەن یان ئەگەر پیشەیان هەیە برەوی پێ بدەن، بێ سوود لە سندووق پارە وەربگرن. کارەکان زۆر بە جوانی دەستی پێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە و ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەی پەیوەستبوونی ژنان زۆرتر دەبێت. ئەم کارە جگە لە دابینکردنی بژێویی ژیان، فەرهەنگی پێکەوە کارکردن و هاوڕایی لەگەڵ یەک و گوێگرتن بۆ یەک لەنێو ژنانی گوندەکەی زیاد کرد.

مۆزەخانەی نێ

نێ خاوەن مۆزەخانەیەکە کە سەدان نموونەی ئاسەواری کۆنی تێدایە و ڕۆژانە بە سەدان کەس سەردانی دەکەن. خاوەنی ئەم مۆزەخانەیە لەبارەی ئەم مۆزەخانەوە دەڵێت: "لەساڵی ٧٥ی هەتاویدا، هەستم بە گرینگیی دانانی مۆزەخانەیەکی خەڵکناسی کرد. چه‌ند ساڵ تێپەڕی و من لەم کۆڵان، لەو ئاوایی و لەژێر کەلاوە ڕووخاوەکاندا بۆ کەرەستەی کۆن و مێژوویی کە نیشاندەری شوناسی نەتەوەکەم بێت، دەگەڕام. کەرەستەگەلێک کە لایەنی خەڵکناسیی هەبوو، لە ژوورێکی ماڵەکەی خۆمدا کۆم کردنەوە و بە خۆمم دەوت، ئاخۆ ڕۆژێک بێت خەڵک سەرنجیان بە لای ئەم کەرەستانەدا بکێشرێت؟".

ئەم مۆزەخانەیە لە بەشگەلی جیاواز پێکهاتووە کە بریتین لە: "خەڵکناسی، وەرزێڕی، جلوبەرگناسی، سفاڵەکان، پەیکەرەکان، کەرەستەی ڕاو، جۆرەکانی خۆمرە، بەرد و پێداویستیی کۆنی ژیان". نزیک بە ٢٥٠٠ پارچە کەرەستەی خەڵکناسیی تایبەت بە خەڵکی کوردستان لەم مۆزەیەدا کۆ کراوەتەوە کە وێدەچێت ئەمە یەکەمین مۆزەی گوندی بێت بەم تایبەتمەندییانەوە.

خاوەنی ئەم مۆزەخانەیە هەروەها وتوویەتی: "ئەم مۆزەخانەیە بەبێ بەرانبەر و بەوپەڕی پێشوازیی گەرمەوە ئامادەی سەردانی هۆگرانیەتی. هەر شێوە کەرەستەیەکی کۆن وەک دیاری لەلایەن خەڵکی دڵسۆزەوە دەتوانێت یارمەتیدەری دەوڵەمەندکردنی مۆزەکە بێت".



ئه‌م بابه‌ته 163 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر