ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ

شاری کۆبانێ، ئەو شارەی کە مێزەکەی بەسەر ڕێکخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) هەڵگەڕاندەوە.
PM:11:33:04/11/2020
دۆسیە: شیکار
بۆچی پێویستە هەموومان بزانین ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ واتای چییە؟

سارا گلیین
چالاکوان و ئەندامی گروپی یەکگرتنی سکوتلەندی لەگەڵ کوردستان


شاری کۆبانێ شارێکی زۆرینە کوردنشینە، کوردەکان بەشی زۆرینەی دانیشتووانی شاری کۆبانێ پێك دەهێنن، کە سەر بە دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا - کە بە ڕۆژاڤاش دەناسرێت - بەرامبەر بە سنووری وڵاتی تورکیا. ئەمساڵ دەبێتە حەوتەم ساڵ کە ڕۆژی 1ی نۆڤەمبەر وەك ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ دەناسرێت (لەدوای ساڵی 2014ەوە). 

نووسەر ئاماژە بەوەش دەکات کە یەکەم ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ لە ساڵی 2014 بوو، ئەوەش لەکاتێکدا شاری کۆبانێ هێشتا لەژێر گەمارۆدا بوو، کە ئەو گەمارۆیە بووە هۆی زیان و وێرانکردنی گەورە و گرتنە دەستی کۆنترۆڵی نیوەی شارەکە لەلایەن ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش. 

کاتێک پۆڵات جان، وتەبێژی هێزە کوردییەکان، بەر لە یەکەم خۆپیشاندانە جیهانییەکان چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەنجام درا، ڕایگەیاند: "لەمڕۆدا، کۆبانێ دەکرێت دوو مانا ببەخشێت". 

یەکەم - بەرگریی قارەمانانەی چەکدارانی یەکەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە).

دووەم - پاڵپشتی بە لێشاوە لە سەرجەم گۆشەکانی جیهانەوە. 


"هۆشیارییەکی لەو شێوەیە، هەوڵە دیموکراسی و ئاشتیخوازەکان بوونە هۆی ئەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش یارمەتی کوردەکان بدان و رۆڵێکی بەرچاویان هەبێت لە تێکشکاندنی زەمینی داعشدا". 

هاوکات ڕاشیگەیاند، "دەمانەوێت ئەم هەوڵانە فراوانتر بن. کۆبانێ چیتر پرسێکی تەنیا تایبەت نییە بە کوردەکان، یان تایبەت بە سوریا یان کوردستان، بەڵکو پرسێکی تایبەت بە سەرانسەری جیهانە". 

باسی لەوەش کرد کە "ئەمە گوزارشت لە بوونێکی دیموکراسی و ئاشتیخوازانە دەکات... ئێمە دەمانەوێت ڕۆژی 1ی نۆڤەمبەر ببێتە ئەو ڕۆژەی کە جیهان خاوەندارێتیی خۆی بۆ کۆبانێ نیشان دا".

ئەو خانمە نووسەرە باس لەوەش دەکات کە یادکردنەوە یەک بەدوای یەکەکان بەبۆنەی دەستکەوتەکانی شوڕشی رۆژاڤاوە دڵخۆشییان دەربڕیوە، هاوکات سەرنجیان بەرەو هەڕەشە و هێرشە بەردەوامەکان ڕاکێشاوە - هەروەها نیشاندانی گرنگی پشگیریی نێودەوڵەتی. 

شەڕی کۆبانێ تەنیا شکستێک نەبوو بۆ هێزە فاشیستە ئایینییەکان. بەڵکو سەرکەوتنی بزووتنەوەیەکە نیشانی دەدات کە وێڕای سەختترین هەلومەرجەکان، کۆمەڵگا دەکرێ بەشێوەیەکی نوێ ڕێکبخرێتەوە لەسەر بنەمای دادپەروەریی و دیموکراسی ڕیشەیی. 

لەبارەی خەڵکی کۆبانێوە ئەو نووسەرە دەڵێت، خەڵکی رۆژئاڤا ئەوەیان نیشان دەدا کە "دەکرێ جیهانێکی دیکە هەبێت" - نەک ئەوەی زۆر حەزیان بەم دەستەواژەیە هەبێت، چونکە وەک خۆیان ئاماژەی پێ دەکەن، ئێمە تەنیا جیهانێکمان هەیە و گۆڕانیش دەکرێ لەم جیهانەدا بێتەوە کایەوە. 

کاتێک لە ساڵی 2018 سەردانی کۆبانێم کرد، بنیاتنانەوەی هەیکەلیی شارەکە شتێکی ناوازە و دڵگیر بوو، بەڵام بەهەمان ڕادەی ئەو هەیکەلیەتانە دڵگیر نەبوو کە ڕێگایان بە خەڵک دەدا ژیانی خۆیان و کۆمەڵگەی ناوچەکانیان بەڕێوە ببەن. 

ئەو دیموکراسییە ڕیشەییەی - هەروەها جەختکردنەوەی پتەوی مافەکانی ژنان - کە شایەتحاڵی بووم ڕەگوڕیشەی درێژی داکوتابوو، کە مێژووەکەی دەگەڕایەوە بۆ ساڵانی 1970 و 1980کان، کاتێک عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە سوریا دوور خرایەوە. کوردەکان بە مەبەست لەلایەن ڕژێمی سووریاوە دەچەوسێنرانەوە، بەڵام ئەو بیر و هزرانەی کە بەشێوەیەکی نهێنیی لەم دەیانەدا برەویان پێ دەدرا لەکۆتاییدا توانیان بەهۆی ئەو بۆشاییەی دەسەڵاتە بگەشێنەوە کە شەڕی ناوخۆی سووریا هێنایە ئاراوە. 

هاوشێوەی یەکێک لەو خانمانەی کە چاومان پێکەوت بەوشێوەیە باسی کرد: "وەک ئەوە وابوو بەردێک بەرز کرابوویەوە و لەژێریدا گوڵی پێنەگەیوو هەبوون". 

زۆر سەرسام بووم بەم وێنەیەی جیهانێکی نوێ کە بەنهێنی گەورە گەشەی سەندبوو و لەکۆتاییدا توانی بگەشێتەوە، کە من ئەم وێنەیەک لکاند.

خاپوورترین ناوچەی شارەکە وەک یادگارییەکی گەمارۆکە جێهێڵرابوو، کاتێکیش بە کامێراکانمانەوە گوزەرمان پێدا کرد، خێزانێک گوڵێکی سپیان پێشکەش کردم، کە وەک یادگاریی خودی خۆم لەو شوێنە بەهێزە تۆمارم کرد. شاندەکەمان بووە میوانی کۆنگرەیا ستار، کە ڕێکخراوی ئافرەتانە. 

ڕێک لەپشت ئەم شوێنە خاپوورانەوە، سنوورەکەیە، کە ئاڵای تورکیای لێ وەک بیرخەرەوەیەکی تاڵی دراوسێ نەیار و شەڕفرۆشەکە بەرامبەر بە باکوور دەشەکێتەوە. 

تورکیا لەپێشوودا هێرشی کردۆتە سەر باکووری سووریا و بەشێکی زۆری لێ داگیر کردووە، ترسی تەواو ڕاستەقینەش هەیە کە لە داهاتوودا هێرشی زیاتر ئەنجام بدەن و کۆبانێ بکەنە ئامانج. 

تورکیا هەرگیز هێرشەکانی نەوەستاندووە، ئەوەش وێڕای ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەستەکان، ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووش زیادبوونی دەستدرێژییەکانیانی بەخۆوە بینیووە. 

لەئێستادا هێزەکانی سوریا لە دەرەوەی کۆبانێن، بەڵام نە ڕژێمی سوریا، نە ڕووسیای پشتیوانیان، هیچ هاوسۆزییەکیان نە بۆ ئەو مۆدێلە دیموکراسییەی لە رۆژئاڤا گەشەی سەندووە هەیە، نە بۆ ئەو چارەسەرە فیدراڵییانەش کە کوردەکان لەبارەی سوریاوە پێشنیاریان کردووە. 

ژیان لەژێر سایەی ئەو میلیشیا ئیسلامییانەی تورکیا وەک هێزی زەمینی خۆی بەکاریان دەهێنێت زۆر لە ژیانی ژێر سایەی داعشەوە جیاواز نییە - ژمارەیەک لەو خۆفرۆشانەش هەر چەکداری پێشووی داعشن.

ڕەجەب تەییب ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیاش بە ئاشکرا باسی لە پلانەکانی کردووە سەبارەت بە پاکتاوی نەژادی ناوچەکە لە دانیشتوانە کوردەکەی. 

لەهەمان کاتدا، لەنێو وڵاتی تورکیا، هەڵمەتی دڕندانەی سەر چەپڕەوی، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) چڕ بۆتەوە. هۆکاری پشت دەستگیرکردنی زۆرینەی سەرکردە دیارەکانی پارتەکە پەیوەندی بە گەمارۆی کۆبانێوە هەیە. 

لەمڕۆدا لە تورکیا، بانگەوازێک بۆ ناڕەزایی ئاشتییانە بەسە تا سزایەکی ماوە درێژی زیندانت بەسەردا بسەپێنرێت. 

مەترسییەکانی فاشیزمی تورکی و دەستدرێژیی سەربازیی ڕوونن و هەمووان دەتوانن بیبینن، بەڵام ئەو "سەرکردانەی جیهان"، کە بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان رێبەریانە، بەباشی دەزانن ڕوویان وەرگێڕن. 

ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ بیرخەرەوەیەکی ئەم مەترسییانە و ئەو چرای ڕێنیشاندەرەی هیوایەیە کە نیازیانە خامۆشی بکەن. هاوکات بیرخەرەوەیەکیشە کە زۆر گرنگە سیاسەتیش بۆ سیاسەتمەداران جێبهێڵرێت.

وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا



ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر