قەتەر لە وڵاتێکی بیابانییەوە بۆ زلهێزێکی جیهانی

ڕووبەرەکەی 11 هەزار و 437 هەزار مەتری چوارگۆشەیە. بەپێی دوایین سەرژمێری کە لەساڵی 2017دا کراوە ئاماری دانیشتوانەکەی 2 ملیۆن و 545 هەزار و 603 کەسە، 313هەزار کەس لە دانیشتوانەکەی قەتەرین نیشتەجێ بووەکانی تر هەمووی بیانین، یەک لەسەر سێی ئەو وڵاتە عەرەبیە، سوننە دەسەڵاتی ڕەهای هەیە، یەک لەسەر چواری دانیشتوانەکەی لەڕەگەزی مێن.
PM:11:02:03/11/2020
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا-دەوڵەتەکان
قەتەر تا کۆتاییی حکومەتی ساسانییەکان، بەشێک بووە لە ئێران و پاشان بۆتە بەشێک لە خەلافەتی ئیسلامی.

هۆشیار جەمال
نوسەر و توێژەر


ناوی قەتەر

ناوی نێودەوڵەتی قەتەر (کەتەر) یان (کتر)ە.(کت) لە زمانی فارسی کۆن واتە شار، دێ، شارۆچکە و وڵات، (ار)یش بەمانای گەورەیی، پایەبەرزی، بەها و ڕێزگرتنی مەعنەوی و زانسته ئاسمانییەکان. پێکەوەلکانی ئەو دوو وشەیە بەشێوەی (کتر)، کە ئەمڕۆ بۆتە قەتەر، لەوانەیە ئاماژە بەشوێنی نیشتەجێبوون و زێدی خەڵکانی زۆر کۆن بێت، کە لە ڕۆژگاری خۆیان بەها و پێگەیەکی ئەوتۆیان بە دەستهێنابوو، جەخت لە زانست و گەورەییان کراوەتەوە.

زمان و ئاین

زمانی ڕەسمی عەرەبییە، زمانی ئینگلیزی وەک زمانی دووەم بەکاردەهێنرێت، ئاینی ئیسلام ئاینی ڕەسمی وڵاتە، چەندین ئایینی تر لە وڵاتی قەتەر هەیە کە بە گوێرەی ئاماری ساڵی 2010 دابەش بوونی ئاینەکان بەم شێوەیە:

1/  ئیسلام68,2 %

2/  مەسیح 15,8%

3/  هندۆس 11,3%

4/  بوزی   3,11%

5/  ئاینەکانی تر0,7%

6/  بێ ئاینەکان 0,9%

شارەکانی قەتەر

شارە گرنگەکانی قەتەر بریتین لە: دەوحە، وکرە، خور، دخان، زیارە، شمال، مسیعید و راس لفانە. شارێکی نوێ بەناوی لوسیل و شارۆچکیەکی نوێ بە ناوی مرواری لە ئێستادا خەریکە دروست دەکرێن.

شوێنی جوگرافی وڵاتی قەتەر

قەتەر لە نیمچە دوورگەی عەرەبی هەڵکەوتووە، لە باشووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا و له خۆرهەڵاتی نیمچە دوورگەی سعودیە، دەڕوانێتە سەر کەنداوی فارس، یەکێکە لە دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئاو هەوای قەتەر

کەشوهەوای قەتەر بیابانییە، لە زستاندا باران دەبارێت کە ساڵانە ڕادەی باران بارینەکەی نزیکەی 5 ئینجە ئاوی ژێر زەوی قەتەر بە هۆی بوونی ڕێژەیەکی زۆری مادەی کانزایی بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ شیاو نییە، جگە لە ناوچەی باکوور و ناوەندی بە هۆی بە پیتیەکەیەوە بە باشترین ناوچەی کشتوکاڵی ئەو وڵاتە دادەنرێت، هاوینان کەشوهەوایەکی شێدار و گەرمی هەیە کە پلەی گەرمی ئەم وڵاتە لە نێوان 20 تا 46 پلەدایە.

بەشی زۆری ئاوی بەکارهێنراوی ڕۆژانەی هاوڵاتیان لە قەتەر لە دەزگای پاڵاوتنی ئاو دابین دەکرێت لە شاری دوحەی پایتەختی ئەو وڵاتە

بەکورتی زەوی قەتەر  زەویەکی پان و تەخت و زیخەڵانە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین گردۆڵکە و بەرزایی بوونی هەیە لە بەشەکانی باکوور و خۆرئاوای وڵات چەند دورگەیەک هەیە کە گرنگترینیان (فشت، ئەلدیبلن و حوار)ە، و نەوتیان تێدا دۆزراوەتەوە، هەروەها چەند بەندەرێکی گرنگی هەیە وەک بەندەری بازرگانی دەوحە، کە بە باشترین بەندەرەکانی قەتەر دادەنرێت. دوو بەندەری تری گرنگی تریشی هەیە کە ئەوانیش  بریتین لە (زکریەت) لە کەنارەکانی خۆرئاوا (ئوم سەعید) لە خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە کە دوای دۆزینەوەی نەوت گەشەیان سەند.

بەشێک لە مێژووی قەتەر

قەتەر تا کۆتایی حکومەتی ساسانییەکان، بەشێک بووە لە ئێران و پاشان بۆتە بەشێک لە خەلافەتی ئیسلامی. ئەو ناوچەیە لە 1517ی زاینی، پرتوگالیەکان داگیریان کردووە. لە سەردەمی شا عەباسی یەکەمی سەفەوی، بە تێکشکانی پرتوگالییەکان، دوبارە ئەو وڵاتە، کە بەشێک لە کۆمەڵە دورگەکانی بەحرەین بووە، ئێرانییەکان داگیریان کرد.

لەساڵی 1871 تا 1913 قەتەر لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانیدا بوو، ساڵی1913 ڕێککەوتنێک لە نێوان حکومەتی بەریتانیا و حکومەتی عوسمانی واژۆ کراوە و بەپێی یەکێک لە بڕگەکانی ئەو ڕێککەوتنە حکومەتی عوسمانی چاوپۆشی لە قەتەر کرد و کەوتە ژێر سەرپەرشتی حکومەتی بەریتانیاوە. هێزەکانی عوسمانی خاکی قەتەریان چۆڵ کرد و حکومەتی بەریتانیا دەسەڵاتەکەی شێخ عەبدوڵڵا بن جامعی وەک حاکمی قەتەر بە ڕەسمی ناسی. لە ساڵی 1913وە تا ساڵی 1971 وە قەتەر کەوتە ژێر سەرپەرشتی و چاودێری بەریتانیاوە. لەساڵی 1935 تائیفەیەک لە عەرەبەکانی بەنی (باس)ی دانیشتوی ئەبوزەبی بەهۆی ناڕازیبوون لە سیاسەتەکانی شێخ خەلیفە شەخبوت حاکمی ئەبوزەبی بۆ ناوچەی باشوور دوور خرانەوە و لە بەشی خۆرهەڵاتی ئەبوزەبی بانی(خورالعدید) نیشتەجێ کران و ئەمەبوو بە سەرەتای دروستبوونی کێشەی جددی لەنێوان ئەبوزەبی و قەتەر. لە سەرەتای سەدەی 19 وە تا ئێستا لەلایەن بنەماڵەی ئالی سانی بەڕێوە دەچێت، تا ساڵی 1971 لەژێر سەرپەرشتی بەریتانیادا بووە.

سەربەخۆیی قەتەر

بە سەربەخۆیی قەتەر لە ساڵی 1971، کابینەی نوێ بۆ ئیدارەدانی کاروباری قەتەر ناسێندرا، کابینەی نوێی ئەو کات بە ئەندامییەتی 10 وەزیر و سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران، ئەمیر هەڵیاندەبژێرێت. ئەو وڵاتە لە 1972 وە دەستوری کاتی هەبووە، کە بەو پێیە ئەمیر دەسەڵات و بژاردەیەکی فراوانی هەیە و فەرمان و بڕیارەکانی حکومەت دەردەکات. بەگوێرەی دەستوری قەتەر ئەو وڵاتە، حکومەتی قەتەر وڵاتێکی سەربەخۆیی عەرەبییە، ئیسلام ئاینی فەرمی و شەریعەت (یاسا ئیسلامییەکان)، سەرچاوەی سەرەکی یاسادانانی دەبێت. پێکهاتەی حکومەت بریتییە لە هەرسێ دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن، دادوەری و یاسادانان. دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن، یان ئەنجومەنی وەزیران، باڵاترین کۆڵەکەی جێبەجێکردنی وڵاتە، کە سەرۆکایەتییەکەی لەئەستۆی ئەمیرە و سەرۆک وەزیران بەڕێوەیدەبات. ئەو دەستەیە، چاودێری و هەماهەنگی نێوان وەزیر و ئۆرگانەکانی حکومەتی لە ئەستۆیە. ئەمیری قەتەر کارنامەکانی حکومەتی دەرکردوە و پەسەندکراوەکانی ئەنجومەنی وەزیران واژۆ دەکات. ژمارەی وەزیرەکان 16 وەزیرە و بەپێی ماددەی 13ی دەستووری قەتەر، دانان و لابردنی وەزیر بەدەست ئەمیرە.

هێزی سەربازی قەتەر

قەتەر لە ساڵی 1990گرێبەستێکی بە مەبەستی کڕینی چەک لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کرد، کە بوو بە یەکێک لەبەرچاوترین کڕیارانی چەکی ئەو وڵاتە، بووجەی بەرگری قەتەر لە ساڵی 1991دا زیاتر لە 3 ملیار و چوارسەد ملیۆن ڕیاڵی قەتەری بووە 11800چەکداری هەیە، کەسی 8500 ی لە هێزە وشکانیەکانە، 1800 کەسی لە هێزە دەریایەکانە و 1500 کەسی هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە پێک دێنن.

داهاتی قەتەر

بەر لە دۆزینەوەی نەوت لەو وڵاتە، قەتەر وڵاتێکی هەژاربوو پشتی بە بازرگانی دەریایی و فرۆشتنی مرواری و ڕاوە ماسی بەستبوو، بەڵام دوای دۆزینەوەی نەوت بوو بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتەکانی عەرەبی و جیهانی بەشێوەیەک کە داهاتی تاک لە ساڵدا 165 هەزار دۆلارە، بەپێی ڕاپۆرتی گۆڤاری فورپس، قەتەر دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهانە.

داهاتی قەتەر زیاتر پشتی بەستووە بە هەناردە کردنی نەوت و گاز و بەپێی زانیارییەکان قەتەر لە دوای ڕوسیا و ئێران زۆرترین کێڵگەی گازی جیهانی هەیە و داهاتەکەی پەیوەندی بە گازەوە هەیە و بەپێی ئامارەکان تا 200 ساڵی تر قەتەر گازی هەیە.

وەبەرهێنانی قەتەر و ئەوروپا

کیشوەری ئەوروپا بەردەوام بووەتە شوێنی وەبەرهێنانی قەتەر، بەجۆرێک ئەو وڵاتە ملیاران دۆلاری لە چەندین وەبەرهێنانی سەرکەوتووی وەکو ئوتومبێلی ئەڵمانی، فاشیۆن و دیزاینی ئیتاڵی و یانەکانی تۆپی پێ لە وڵاتانی ئەو کیشوەرە خەرج کردووە. لە ساڵی 2008 لە کاتێکدا جیهان بە قەیرانی ئابووریدا تێدەپەڕی. شێخ محەمەد بن جاسم ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی قەتەر، کە یەکێکە لە ئەندامانی بنەماڵەی پادشایەتی قەتەر بە بڕی زیاتر لە 50 ملیار دۆلاری ئەمەریکی وەبەرهێنانی لەبانکی ئەڵمانیا کردووە. هەروەها دەزگای قەتەر بۆ وەبەرهێنانی خاوەنی زۆرترین پشکی کۆمپانیای ڤۆڵکس ڤاگنی ئەڵمانیە کە تایبەتە بە دروستکردنی ئۆتۆمبێل. جگە لەمانەش قەتەر خاوەنی یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسیە کە لە ساڵی 2011دا کڕیویەتی و تاوەکو ئێستاش چوار نازناوی خولی فەڕەنسای بەدەستهێناوە.

مەیهولا، کە کۆمپانیایەکی تری وەبەرهێنانە لەلایەن وەبەرهێنەرانی قەتەریەوە پشتیوانی لێ دەکرێت، کە لە ساڵی 2012دا بە بڕی (700) ملیۆن یۆرۆ براندی بەناوبانگی ڤالانتینۆی کڕیوە.

قەتەر و بەریتانیا

لە ساڵی 2014 دا وەبەرهێنانی قەتەر لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بەلایەنی کەمەوە گەیشتە (35) ملیار دۆلار، بە جۆرێک لە هەندێک شوێنی لەندەنی پایتەخت قەتەرییەکان لەناو خانووی خۆیان، بازاڕی خۆیان و شوێنی کارکردنیان دەمێننەوە، واتا هەموو شتێکیان کڕیوە. گروپێک هەیە کە قەتەر سەرۆکایەتی دەکات، لە ساڵی 2015 کەناری وارڤی کڕی، کە یەکێک لە بەناوبانگترین ناوچەکانی کارکردنە لە لەندەن. کەناری وارڤی تاوەر و چەندین بانکی لێیە، جگە لە چەندین شوێنی بازرگانی گەورەی دیکە، بەڵام وەبەرهێنانەکانی قەتەر تەنها پەیوەست نین بە بواری تاوەر و خانووبەرە، بەڵکو دەزگای قەتەر بۆ وەبەرهێنان زۆرترین پشک (22٪)ی لە زنجیرە سوپەرمارکێتەکانی سەینسبێری کڕیوە، کە دووەم گەورەترین زنجیرە سوپەرمارکێتی بەریتانیایە و دەستی بەسەر (17٪)ی بازاڕی بەریتانیادا گرتووە.

قەتەر و ڕوسیا

ڕێژەی 7٪ی پشکەکانی کۆمپانیای ڕۆس نەفتی ڕوسی موڵکی قەتەرن، هەروەها قەتەر 24,9 ٪ی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سان پترسبۆرگی ڕوسیشی کڕیوە.

قەتەر و ئەمریکا

سەرەتا قەتەر لە وڵاتانی ئەوروپا بە چەندین ملیار دۆلار وەبەرهێنانی کردووە و ئێستاش گەشەی زیاتری کردووە، بەڵام ماوەیەکە چاوی بڕیوەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. دەزگای قەتەر بۆ وەبەرهێنان لە ساڵی 2015 ئۆفیسی خۆی لە نیویۆرک کردەوە و پلانی داڕشتووە تاکو ساڵی 2020دا بە بڕی (35) ملیار دۆلار لە سێکتەرە جیاوازەکاندا وەبەرهێنان بکات.

قەتەر و هەرێمی کوردستان

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (فاینانشیاڵ تایمز)ی بەریتانی، ساڵی  2012کۆمپانیای (ئۆریدۆ)ی قەتەری پێشتر ناوی کیوتێل بوو ڕێژەی30 ٪ی پشکەکانی کۆمپانیای (ئاسیا سێڵ)ی بە بڕی 1 ملیار و 70 ملیۆن دۆلار کڕیوە، پێشتریش خاوەنی 30٪ی پشکەکانی تری بووە. بەم شێوەیەش بووەتە خاوەنی 60٪ی پشکەکانی کۆمپانیاکە.

قەتەر و ڕاگەیاندن

وڵاتی قەتەر لە پێشکەوتووترین ئاستی ڕاگەیاندندایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی بوونی چەند کەناڵێکی پێشکەوتوو. لەوانە کەناڵی (جەزیرە). کە ئەم کەناڵە چەندین کەناڵی لاوەکیشی هەیە بۆ بواری منداڵان و وەرزشی و دۆکیۆمێنتاری.

خزمەتگوزاری و دۆخی ژن لە قەتەر

پێکهاتەی کۆمەڵایەتی قەتەر بەهۆی کەمی مێژوو، پێشینەی کۆلۆنیالیستییەکەی و بوونی جێ سەرنجی جۆرەها هاوڵاتی بێگانە، جیاوازە. بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی قەتەر، بە پێکهاتەیەک لە کەلتورە جیاوازەکانی بزانی. بارودۆخی ژنان لە کۆمەڵگەی قەتەر، بەرەو باش بوونە. بۆ نمونە، زۆربەی زۆری خوێندکارانی زانکۆی قەتەر کچن، سەرەڕای، ناوەندی خوێندنی‌ تایبەتی بۆ کچان کراوەتەوە، کە بۆ چوونە بازاڕی کار ئامادەیان دەکات. ئاستی زانستی زانکۆی قەتەر بە بەراورد بە دەیەکانی دوای سەربەخۆیی، پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیووە. گەرچی وەزارەتی خوێندن و پەروەردەی قەتەر لە 1959 (پێش سەربەخۆی) دامەزراوە، گەشەسەندنی ناوەندەکانی خوێندن و وەچەرخانی خێرا لە هەموو ئاستەکانی خوێندن و لە 1990 بووە.

خزمەتگوزاری تەندروستی، گرنگترین ڕۆڵی بەرنامەی پەرەپێدانی قەتەر و بەرەوپێشبردنی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی لە ئەستۆیە.چاودێرییە تەندروستییەکان، تێکڕای وڵاتی گرتۆتەوە و بناغەکەی بە خستنەڕووی خزمەتگوزاری تەواوی چارەسەر کردنی بێ بەرامبەر بۆ گشت هاوڵاتیانی قەتەر، بێگانەی دانیشتویەتی و لە کاتی پێویستی بە چارەسەر لە دەرەوەی وڵات، حکومەت پارەی هاووڵاتی قەتەری دابیندەکات. لە ئێستادا، زیاتر لە 100 نەخۆشخانە، ناوەندی تەندروستی و کلینیکی حکومەت (عیادەی خاریجی) لە قەتەر هەیە. نزیکەی 20 هەزار ئێرانی بەگشتی کرێکارن لەو وڵاتە.

گەشتیاریی وڵاتی قەتەر

لەم ساڵانەی دوایی ئەو وڵاتە بۆ بەهێزبوون و زیادکردنی داهاتی گەشتیاریی، چەند هەوڵێكی داوە کە دواتر  لە ساڵی 2009 نیۆیۆرک تایمز دەست خۆشیان لێکرد و ناونیشانی ئامانجی کلتوریی بۆ خۆی دەستەبەرکرد، ئەو وڵاتە وەک ئامانجێک لە ڕیزی جیهانیی بۆ خزمەتگوزاری چۆنایەتی بەرز بۆ شوێنی گەشتیاریی زۆرە ، شایەنی وتنە پیشەی گەشتیاریی ، پێکهێنەری گرنگە لە ئابووریی مۆدێرنەی قەتەردا، کە 17 ملیار دۆلاریان لە گەشەپێدانی ژێرخانی گەشتیاریی وەبەرهێناوە، تا قەتەر سەرنجڕاکێش بێتە بەرچاو، هەروەها هەوڵیان داوە میوزیک، کلتور، کارە دەستیەکانی قەتەر بکەنە ئیلهام بەخشی هونەرمەندان، هەروەها لە ڕێگای دروستکردنی ستادیۆم(یاریگای)گەورەوە چالاکییە وەرزیشە گەورەکان و بازرگانی، پێشەسازییە گەورەکان و کۆنفرانسە گرنگە نێو دەوڵەتیەکان بە پیشەی گەشتیاریی ببەستنەوە. کە هەوڵیان داوە ژمارەی گەشتیار لە ساڵێکدا 1,500000کەس تێپەڕێنێت، کە لەساڵی 2004 ژمارەی گەشتیاران بۆ سەیرکردنی مۆزەخانەکانی قەتەر  12 هەزار کەس بووە ، بەڵام لە ساڵی 2006 بۆ 31 هەزار گەشتیار بەرزبۆتەوە.

وەرزش لە قەتەر

دیپلۆماتیەتی وەرزشی بە مانای سود وەرگرتن لە وەرزش بە قازانجی نەتەوەییە، لە ئەمڕۆدا ڕکابەری زۆر بۆ میوانداری کردنی کێبركێ وەرزشیەکان هەیە، هەر بۆیە قەتەر وەک وڵاتێکی بچووک بەڵام گەشە سەندوو توانی لە ساڵی 2006 میواندارێتی یاریەکانی ئاسیایی کرد  بڕی 2,8 ملیار دۆلاری خەرجکرد، هەروەها قەتەریەکان وەبەرهێنانی زۆریان لەبواری وەرزشی ئەوروپادا کردوە وەک خەرجکردنی 60 ملیار دۆلار بۆ کراسی یانەی بەرشەلۆنە، قەتەر لەم ساڵانەی دواتریشدا بڕی 225 ملیار دۆلاری پرۆژەکانی ژێرخانی خەرجکردوە، کە بەشێكی بۆ جامی جیهانی خەرج دەکرێت چونکە بڕیارە قەتەر وەک یەکەمین وڵاتی عەرەبی میوانداری یارییەکانی مۆندیالی 2022 بکات.

زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو بیانی لەو وڵاتە دەژین و نزیکەی 400 ملیار دۆلار لە وڵاتانی جیهانی سەرمایەگوزاری کردووە و یەکەمین وڵاتی عەرەبییە بۆ تەندروستی و شەشەمین وڵاتی جیهانە. بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان نزیکەی 30 هەزار ملیۆنێر لە قەتەر دەژین، لەبواری پەروەردەوە یەکەمین وڵاتی عەرەبی و چوارەمین وڵاتی جیهانە. قەتەر یەکەمین وڵاتە کە بێکاری بنبڕ کردووە کە ساڵانە بڕی 6 ملیار دۆلار تەرخان دەکات. لەگەڵ 177 وڵاتی جیهان پەیوەندی هەیە. لەو وڵاتەدا ئاو و کارەبا خۆڕاییە و باج لە هاوڵاتی وەرناگرێت و یەکەمین وڵاتە بۆ بەرهەمهێنانی گازی شل.

سیاسەتی دەرەوەی قەتەر

کاتێک حەمد بن خەلیفە ئال سانی لە 27 یۆنیۆی 1995دا دەسەڵاتی گرتە دەست، گۆڕانێکی ڕیشەیی لە سیاسەتی دەرەوەی قەتەردا دروستکرد، کەبوو بەهۆی ئەوەی قەتەر لەپەیوەندییە نێو دەوڵەتییەکاندا ڕۆڵێکی گرنگ بگێرێت و زۆر زیاتر لە قەبارەکەی خۆی دەربکەوێت، شەفافیەت و واقعی بوون و ودی لە هەڵسەنگاندن و هاوسەنگی سیاسی کردە بەرنامەی خۆی، حەمد بن خەلیفە خۆی ئەندازیاری سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەتی و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە چڕکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لە جیهاندا. سیاسەتی دەرەوەی قەتەریش لەسەر چەند ڕێسایەکی نەگۆڕ وەستاوە لە ئاستە جیاوازەکانی کاری دیبلۆماسیدا:

1- دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی.

2- وڵاتانی عەرەبی.

3- پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل.

لە یەکەمیاندا قەتەر هەوڵدەدات لەسەر پەرەپێدانی هاوکاری نێوان دەوڵەتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی عەرەبی لەڕێگەی ئامادەی بەردەوام و بەشداریکردنی چالاکانەی لە کۆڕو کۆبوونەوەکانی کەنداوی عەرەبیدا لەو دۆز و تەحەدییانەی کە ڕوو بەڕووی ناوچەکە دەبنەوە، چونکە قەتەر پێیوایە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو نمونەیەکە بۆ تەواوکاری و هاوئاهەنگی و ئەمەش دەبێتە هۆی یەک هەڵوێستی دەوڵەتانی ئەندام.

لە دوەمیاندا: قەتەر پشتگیری تەواوی ئەو هەوڵانە دەکات کە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی دەیدات بۆ چاککردنی بارودۆخەکان و بەدیهێنانی ئاشتەوایی و دووبارە گێڕانەوەی یەک ڕیزی عەرەب، وەک چۆن پشتگیری پڕۆسەی ئاشتی دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە، وە پێداگری توند دەکات لەسەر پێویستی کشانەوەی تەواوی ئیسرائیل لەسەرجەم عەرەبیە داگیرکراوەکاندا بەقودس و بەرزاییەکانی جولانیشەوە، گەڕانەوەی مافەکانی.

لە سێهەمیاندا: پەیوەندی نێوان قەتەر و ئیسرائیل لەدوای کۆنگرەی مەدریدەوە دەست پێدەکات، دوای ئەوەش "شیمۆن پێرێز" سەردانی قەتەری کرد و ڕێکەوتننامەی فرۆشتنی غازی قەتەری بە ئیسرائیل و کردنەوەی بۆرسەی غازی ئەو وڵاتەی لە تەلئەبیب ئیمزا کرد.

هۆی ئەم چالاکبونەی دیپلۆماتیەیی قەتەر

چاودێران ئەم چالاکبوونەی دیپلۆماتیەیی قەتەر بۆ چەند خاڵێک دەگێرنەوە:

1/ بوێری ئەم وڵاتە لەچوونە گفتوگۆوە لەهەموو ئاستە جیاوازەکاندا، لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بیگرە و بۆ تاڵیبان و حزبولای لوبنانی.

2/ خۆبواردنی قەتەر لە ناکۆکی و جیاوازییە گەورەکان، دەرفەتی ئەوەی پێداوە ڕۆڵی سەرەکی ببینێت لەنێوان وڵاتانی ڕۆژئاوا و دەوڵەت و کەسایەتییە موسڵمانەکاندا لەکاتی ڕوودانی کێشە و گرفتدا.

3/ قەتەر هەوڵیداوە و خواستی بووە لەدراوسێ عەرەبیەکانی جیاواز بێت، بەتایبەت لەگەڵ شانشینی سعودیە کە ململانێ لەگەڵیدا لەدەساڵی ڕابردوودا یەکێک بووە لەڕەگەزە سەرەکیەکانی سیاسەتی دەرەوەی قەتەر و زۆر جاریش بەهۆی ئەمەوە ناکۆکی توندی لەگەڵ سعودیە بۆ دروست بووە.

4/ بنەماڵەی فەرمانڕەوای قەتەر سڵ ناکاتەوە لەوەی هەڵوێستی نێودەوڵەتی پڕ کێشمەکێش و ئاڵۆزی هەبێت، پشتگیری گەورەیان کرد بۆ لەسەر کارلادانی موعممەر قەزافی و هەڵمەتی سەربازی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی بۆ سەر لیبیا، تەنانەت قەتەر بەهێز و چەکیش بەشداریکرد و بووە جێی پێزانینی خەڵکی ئەو وڵاتە.

5/ لاوازبوونی نێوەندگیرە تەقلیدیەکە "میسر"ی ناوچەکە، بەتایبەت دوای ڕوخاندنی موبارەک و وەک شارەزایان بۆی دەچن دەرفەتی گونجاو و زیاتری دایە بە قەتەردا بۆ زیاتر دەرکەوتنی لەئاستی دیبلۆماسیدا.

نمونەی نێوەندگیرییە دیبلۆماسییەکانی قەتەر

1- سەرپەرشتی کردنی ئاگربەستی نێوان سودان یاخیبوانی دارفۆر لەساڵی 2010دا.

2- ئەمیری قەتەر توانی بڕوا بەگەورە لێپرسراوانی لوبنان بهێنێت بۆ ڕێکەوتنی سیاسی لەساڵی 2008 دا، لە کاتێکدا کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی و نەتەوە یەکگرتووەکان تەنانەت فەڕەنسا و چەند وڵاتێکی تریش نەیانتوانی ئەوە بکەن شکستیان هێنا.

3- پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەیە و گەورەترین بنکەی ئاسمانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقەتەر هەیە.

4- پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ ئیسرائیل هەبووە تا پەلاماری تەلئەبیب بۆ سەر کەرتی غەززە لە 2009دا.

5- لەم ساڵانەی دواییدا چوەتە گفتوگۆوە لەگەڵ هەریەکە لە ئێران و بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی کە نەیاری ئەمریکان.

6- پێش ئەوەی بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان پەیکەری بوزا بشکێنێت لە 2001دا وەفدێکی بۆ ئەو مەبەستە ناردە ئەو وڵاتە.

7- پەیوەندی لەگەڵ سوریا و ئەسەد و ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەدا هەبووە. 

8- لە ڕابردوودا لەگەڵ ئەفغانستان و ئەمریکا گفتوگۆی کردووە بۆ کردنەوەی نوسینگەیەکی بزوتنەوەی تاڵیبان لە دەوحە.

9- گرێدانی لوتکەی غەززە لە دەوحە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو کەرتە کە کۆماری عەرەبی نەیتوانی گرێی بدات.



سەرچاوەکان/ کتێب.

1/ حوسێن ئەسغەری سانی، وەرگێرانی، ئەرسەلان حەسەن، هەڵسەنگاندی دەسەڵاتی نەرمی قەتەر، دەزگای ئایدیا بۆ فکر و لێکۆڵینەوە، چاپخانەی حەمدی، سلێمانی ، چاپی یەکەم، ساڵی2017.

گۆڤار

1/ ژمارە4 گۆڤاری فۆکەس، ساڵی2017.

2/ ژمارە 2 گۆڤاری ئایدیا دیپلۆماتیک، ساڵی2013.

ئینتەرنێت
1/ https://www.marefa.org/%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%8A%D9%86_%D9%81%D9%8A_%D9%82%D8%B7%D8%B1



ئه‌م بابه‌ته 588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر