حەشدی شەعبی چۆن لێدوانەکانی هۆشیار زێباری قۆستەوە

لە شاری بەغدای پایتەختی وڵاتی عێراق، بە ئاشکرا و لە ڕۆژی ڕووناکدا، لایەنگرانی حەشدی شەعبی میلیشیای شیعە هێرشیان کردە سەر بارەگای فەرمی لقی پێنجی هێزێکی دیاری گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان بە تایبەت و عێراق بە گشتی، ئەویش بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان.
PM:06:43:30/10/2020
دۆسیە: شیکار
پەیامی سووتاندنی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەکرێت ئەو پەیامەی لە پشتەوە بێت بۆ ئەو حیزبە کە ئەو ڕێککەوتنە ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت.

محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا
نوسەر و وەرگێڕ


وێڕای بوونی هێزێکی زۆری ئەمنییش لە شوێنەکەدا، بەڵام ڕێگری لە خۆپێشاندەران نەکرا لەوەی بچنە نێو بارەگاکە، کەلوپەلی نێوی بشێوێنن، ئاگر بەر بدەنە بارەگاکە و ئاڵای حەشدی شەعبی لەسەر هەڵبکەن و ئاڵای کوردستانیش بسوتێنن. 

لایەنگرانی حەشدی شەعبی، ئاڵای حەشدی شەعبی و وێنەی هەریەک لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێران و ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس، جێگری پێشووی فەرماندەی حەشدی شەعبییان دەشەکاندەوە، کە هەردووکیان لە سەرەتای ئەمساڵ و لە ڕۆژی 3ی کانوونی دووەمدا بە هێرشی ئاسمانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد کوژران 

ئەو دەستدرێژییەی لایەنگرانی حەشدی شەعبی لەدوای لێدوانێکی هۆشیار زێباری هات، کە داوای لە حکومەتی عێراق کرد ناوچەی سەوز لە هێزەکانی حەشدی شەعبی پاک بکاتەوە و ڕایگەیاند بەشێک لە بەرەکانی ئەو هێزە بوونەتە هێزی نایاسایی. 

دوا بەدوای ئەو دەستدرێژییەش، نوسینگەی ڕاگەیاندنی مستەفا کازمیی سەر وەزیرانی عێراق، کە بێتوانایە لە ئاست کردارەکانی حەشدی شەعبی و شکستی هێناوە لە سنوردارکردنی دەسەڵاتەکانیان، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆبوونەوەیەکی ئەنجام داوە و گفتوگۆی لەبارەی پێشهاتە دەستدرێژییکارییەکە و پەنابردنە بەر توندوتیژیی و سوتاندنی بارەگای لقی پێنجی پارتە سیاسییە کوردییەکە و ئاڵای کوردستان کردووە.

هاوکات لێکەوتەیەکی دیکەی نەرێنیی ڕووداوەکە بریتی بوو لە دواخستنی کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق تا کاتێکی نادیار، هۆکاری دواخستنەکەش دەمەقاڵێی نێوان ئەندام پەرلەمانی کورد و شیعە بوو، دوای ئەوەی ئەندامانی کورد بەرپەرچی داخوازیی حەسەن ئەلکەعبییان دایەوە، کە ئەندامی هاوپەیمانی فەتح و جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانیشە، کاتێک ئەو ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی فەتح داخوازیی داوای لێبوردنی هۆشیار زێباری لە حەشدی شەعبی کرد بەهۆی لێدوانەکەی، لە بەرامبەریشدا، ئەندام پەرلەمانانی کورد پێیان وابوو کە لێدوانەکەی هۆشیار زێباری مایەی سوکایەتیی و هێرش نەبووە بۆ سەر حەشدی شەعبی، بەلای زۆربەی چاودێرانیش، ناکرێت لێدوانی تاکە کەسێک ببێتە بیانووی کارێکی لەو شێوەیە، وێڕای ئەوەی لێکدانەوەی هەڵە بۆ لێدوانەکەی زێباری کراوە. 

پەیام و ئەنگیزەکانی پشت سووتاندنی بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان چین؟ 

لێدوانەکانی هۆشیار زێباری، بیانووی لایەنگرانی حەشدی شەعبی بوو بۆ هێرشکردنە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان و سوتاندنی ئاڵای کوردستان کە بەمەبەست زۆر گەورە کرا و لێکدانەوەی بە هەڵەی بۆ کرا. ئەگینا لێدوانەکانی ئەو بەرپرسە ڕوون بوون و سوکایەتیی نەبووە، وەک خۆشی ڕوونکردنەوەی لەبارەیەوە دا. هەر لە بارەی لێدوانەکانی زێبارییەوە، عیماد باجەلان، شیکەرەوەی سیاسی بە ئاژانسی لیڤانت نیوزی ڕاگەیاندووە: مەبەستی بەڕێز زێباری گرژی نەبووە، ئەوەشی وتوویەتی وەڵامی کارمەندی تەلەفزیۆنەکە بووە لەبارەی هێرشی موشەکی سەر شاری هەولێر و بنکەی هاوپەیمانەکانی ئەو شارە. تەواوی قسەکانی بەڕێز زێباری ڕاست بوون، سووتاندنی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش ڕاستی قسەکانی دەسەلمێنن. 

ئەو چاودێرە ئاماژەی بەوەش داوە کە زێباری نەیویست سوکایەتیی حەشدی شەعبی بکات، بەڵکو وتی هەندێ بەرەی حەشدی شەعبی هەن کە بە ناوی حەشدی شەعبییەوە چالاکیی دەکەن و باشترین بەڵگەش ئەو ماتۆڕسکیلانەن،  ماتۆڕسوارەکانی  سەریان بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان سوتاند، لێوانلێو بوون لە ئاڵا و دروشمەکانی حەشدی شەعبی و هاوکات ئەو مووشەکانەی ئاڕاستەی هەولێر کران لەلایەن فیرقەی 30 حەشدی شەعبییەوە هاوێژرابوون.

ڕێککەوتنی شەنگال. 

بەبڕوای چاودێران، هۆکاری ناڕاستەوخۆی سووتاندنی بارەگاکانی پارتی لە شاری بەغداد، بەهۆی ڕێککەوتنی شەنگالەوە بووە، بەڵام لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە لێدوانەکانی حەشدی شەعبی وەک هۆکاری ڕاستەوخۆ بینرا. چونکە ڕێککەوتنی شەنگالی گورزێکی کوشندەیە بۆ حەشدی شەعبی، هاوکات لە ئەگەری جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکەش پێشبینیی دەکرێت کاردانەوەکانیان تەنیا لە سنووری پشێوی و ئاژاوە نەوەستێت و هەنگاوی زیاتر بۆ ڕێگرتن لێی بگرنە بەر. لە ئەگەری چوونە بواری جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدا دۆخی شەنگال ئاسایی دەبێتەوە، شەرعییەت و دەسەڵاتی ڕەسمیی دەگەڕێتەوە قەزاکە، ئاوەدان دەکرێتەوە و ئاوارەکان دەگەڕێنەوە و تێیدا نیشتەجێ دەبنەوە و هێزە نایاساییەکان وەدەر دەنرێن، کە ئەوەش تەواو پێچەوانەی خواستی ئەو جۆرە هێزانەیە، بۆیەش چاوەڕوان دەکرێت تەنیا بە سووتاندنی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاڵای کوردستان، کە سیمبولی نەتەوەی کوردە نەوەستن و ئەگەری پەنابردنە بەر شێوازی توندوتیژتریان لێ دەکرێت.

عیماد باجەلان باسی لەوەش کرد ئەو بەیاننامە توندانەی هاوپەیمانی فەتح، کە بە بیانووی سوکایەتیکردن بە حەشدی شەعبی و توڕەیی خەڵکی لایەنگرانی حەشدی شەعبی لێکەوتەوە، لە بنەڕەتدا کاردانەوەی شاراوەن دژی ڕێککەوتنی شەنگال، چونکە ئەو ڕێککەوتنە شتێکی چاوەڕواننەکراو بوو بۆ ئەوان. ئەوەشی زیاتر پەستیان دەکات بوونی لێکتێگەیشتنی هاوبەشە لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند و نایانەوێت ئەو لێکتێگەیشتنە کۆتایی بە ناکۆکییەکان بهێنێت. ئەو چاودێرە سیاسییە بۆ لیڤانت نیوز وتیشی کە ئەو گروپانە پەیامێک دەنێرن بۆ مستەفا کازمی، کە ئەو هێز و گروپانە خۆیان حکومەت و وڵاتێکن بۆخۆیان و توانای کۆنترۆڵکردنی بڕیارە گەورەکانیشیان هەیە.

گرتنەبەری رێوشوێن و ڕێکاری یاسایی و پێویست و سزادانی تۆمەتباران و تێکدەرانیش دواجار لە ئەستۆی حکومەتی ئیتیحادییە، سووتاندنی سیمبولێکی گەورەی نەتەوەیی وەک ئاڵا شتێک نییە چاوپۆشیی لێ بکرێت، وەک ئەوەی سەرۆک بارزانییش ڕایگەیاند کە هیواخوازە حکومەتی عێراق ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەر بەو کەس و گروپانە بگرێتە بەر و ئەوانەشی بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و ئاڵای کوردستانیان سووتاند دواجار باجەکەی دەدەن.

سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش خۆ بەدوور گرتنە لە هەر جۆرە ناکۆکیی و ناتەباییەک و نایەوێت بەهۆی حەشدی شەعبی و میلیشیا شیعە و گروپە چەکدارەکانەوە بێیتە بەشێک لە ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و ئێران و سیاسەتێکی تەوەرەیی پەیڕەو بکات.


ئه‌م بابه‌ته 214 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر