حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، حیزبێکی سیاسییە کە ٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ (١٣٩٩ی هەتاوی) پێی نایە ٧٥ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی خۆیەوە. "پێشەوا قازی محەممەد، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و دوکتور سادق شەرەفکەندی" لە کەسایەتییە سیاسییە گەورەکانی گەلی کورد، لە ڕێبەرانی شەهیدی ئەم حیزبەن.
PM:05:10:22/10/2020
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - حیزب و رێکخراوەکان
لە ئێستادا بەڕێز "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.

بێهزاد قادری
ڕۆژنامەنووس


حدکا بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەبات دەکات و لە هەنووکەدا ئەمە دروشمەکەیەتی: "دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کوردی ڕۆژهەڵات لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیک و فێدراڵدا".

دامەزران.

پێشەنگ و بژاردە و ڕووناکبیرەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە کەڵک وەرگرتن لە هەلومەرجی سیاسیی پێکهاتوو لە ئەنجامی شەڕی جیهانیی دووەم، لە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢١ی هەتاویدا (١٦ی ئووتی ١٩٤٢ی زایینی) ڕێکخراوی نهێنیی "ژ.ک"یان دامەزراند (کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد). دوای سێ ساڵ خەباتی نهێنی و ئەزموونی ڕیکخراوەیی، لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی (١٦ی ئووتی ١٩٤٥ی زایینی) و لەسەر بنەما تەشکیلاتییەکانی ئەم ڕێکخراوەیە و بە خوێندنەوەیەکی واقعبینانە کە وڵامدەری بارودۆخی نێوخۆیی کوردستان و هەروەها هەلومەرجی نێودەوڵەتیی ئەو سەردەمە بوو، "حیزبی دێموکراتی کوردستان، وەک ڕێکخراوێکی مۆدێڕن دامەزرا. حیزبی دێموکرات لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕێبەریی پێشەوا قازی محەممەد، وڵامێکی بەجێ و مێژوویی بووە بۆ ئەو قۆناغە گرنگەی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد.

حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان.

بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات، خەڵکی کورد بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بوو بە خاوەن دەسەڵاتێکی نیشتمانی و دێموکراتیک لە شێوەی کۆماریدا. پێشەوا قازی محەممەد ڕێبەری هەڵکەوتووی ئەم حیزبە لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاویدا (٢٢ی ژانڤییەی ١٩٤٦ی زایینی) لە مەهاباد بەفەرمی دامەزراندنی کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند و بوو بە سەرۆککۆماری ئەو کۆمارە. کۆماری کوردستان لە ماوەی تەمەنی کورتی خۆیدا کە ١١ مانگی خایاند، کۆمەڵێک دەستکەوتی بەنرخی بۆ گەلی کورد بەجێ هێشت.

ئامانجە گشتییەکانی حیزبی دێموکرات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوەیی- دێموکراتیکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێران (ئازەری، تورکەمەن، بەلووچ و عەرەب) و هێزە دێموکرات و پێشکەوتنخوازەکانی ئێران، بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دێموکراتیکی فێدراڵی لە ئێران و وەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەبات دەکات.

ئامانجی دواڕۆژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی دێموکراتیکی سوسیالیستییە. 

دروشمی ستراتیجیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کوردی ڕۆژهەڵاتە لە چوارچێوەی سیستەمێکی دێموکراتیکی فێدراڵ لە ئێراندا.

پشتیوانی لە خەباتی نەتەوەیی دێموکراتیکی نەتەوەی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان، ڕێبازی هەمیشەیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.

بە بۆچوونی زۆرێک لە چالاکان و چاوەدێرانی سیاسی، بەبۆنەی دۆخی نێودەوڵەتییەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران داوای فێدراڵیزم دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم حیزبە حیزبێکی سەربەخۆییخوازە و بۆ دەوڵەتی کوردی خەبات دەکات. تەنانەت کاتی گشتپرسیی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی ئەم هەرێمە (٢٥ی سێپتامبری ٢٠١٧)، حیزبی دێموکرات پشتیوانییەکی بێوێنەی لە خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

قەوارەی حیزبی دێموکرات.

نێوەڕۆکی قەوارەی حیزب،  خۆی لە دیسانتراڵیزەکردنی حیزب و دابەشکردنی ئەرک و دەسەڵاتدا دەبینێت و لەسەر ئەم بنەمایە چۆنیەتیی هاوئاهەنگی و هاوسەنگی لەنێوان بەرپرسیاریەتی و سەڵاحییەتی بەرپرسان و ئۆرگانەکاندا ڕێک دەخات. ئەم قەوارەیە بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەت و هەڵوێستی حیزب بۆ تێکۆشانی داهاتوو لە باری سیاسی، نیزامی، ڕاگەیاندنی و ڕێکخستنەوە سەرنجی پێ دراوە. دیسانتراڵیزەکردنی حیزب وەک بنەمایەکی گشتی دەبێت.

خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات (ڕاسان).

پاش ڕاگرتنی چەندین ساڵەی خەباتی چەکداری و گۆڕانکارییەکان بەنیسبەت شوێنی خەباتی حیزبی دێموکرات کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، خەباتی ئەم حیزبە لەگەڵ کۆمەڵێک کۆسپ و تەگەرەی ئاڵۆز و هەڵبەت پێشبینیکراو بەرەوڕوو بووەوە. پاش بیست ساڵ لە ڕاوەستانی خەباتی چەکداریی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم حیزبە لە نەورۆزی ١٣٩٥ی هەتاویدا، خەباتی نوێی خۆی لەژێر ناوی "ڕاسان" دەستپێکردەوە. دوای ڕاگەیاندنی ڕاسان، چەندین ئۆپراسیۆنی گەورەی پارتیزانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو کە سەدان کوژراو و برینداری لەنێو هێزەکانی حکوومەتی ئێرانی لێکەوتەوە و زیاتر لە ٥٠ پێشمەرگەی ئەم حیزبەش شەهید بوون. بە وتەی ئەندامانی ئەم حیزبە، ڕاسان تەنیا خەباتی چەکداری نییە و خەباتێکی فرەڕەهەندە. هەروەها بە وتەی چاوەدێرانی سیاسی، دوای ڕاگەیاندنی ڕاسان، خوێنێکی نوێ هاتە نێو دەمارەکانی ئەم حیزبەوە.

"عیرفان ڕەهنموون" سیاسەتوان و ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، لە وتووێژێک لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەسەر ڕاسان دەڵێت: "ئەم ڕاسانە نوێیەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرچاوەگرتوو لە پێویستییەکی مێژوویی و ئەو ئەتمۆسفێرە ئاڵۆز و تێکچێڕژاوە سیاسییەیە کە سەرجەم ڕۆژهەڵاتی ناڤینی گرتووەتەوە. هەر وەک هەموان ئاگادارن، نەتەوەی کورد لە باشوور و ڕۆژئاوا و باکووردا، لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان لە ململانێیەکی خوێناوی و مافخوازانەدایە و پێش ئەم ڕاسانە نوێیەی ڕۆژهەڵات، ڕێژیمی فاشیست- ئیسلامیی ئێران، وای دەنواند کە لە بەرەی دژی تێرۆریزمی داعشدایە و لافی ئەوەی لێدەدا کە ئێران دوورگەی ئارامە و چەقی سەقامگیری و تەناهییە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤینی تەژی لە ئاگر و خوێندا. هەر بۆیە پێویست بوو ئەو دوورگە بە ڕواڵەت ئارامەی ڕێژیمی فاشیستیی تاران لەلایەن پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بشڵەقێت و ڕێگا بە ڕێژیمی سەرەڕۆی تاران نەدرێت کە دۆخەکە لە بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە و جارێکی دیکە ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات ببێتە ڕۆژەڤی دەنگوباسی دونیا و ڕۆژئاواش لەوە تێبگات کە ئێران وڵاتێکی لەرزۆکە و ناتوانن و لە بەرژەوەندییان نییە کە سەرمایەکانیان لەو وڵاتەدا بخەنە گەڕ".

"کاوە ئاهەنگەری" شرۆڤەکار و چاوەدێری سیاسیی کورد، لە وتووێژێک لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەسەر ڕاسان دەڵێت: "به چاوخشاندێک به‌سه‌ر گۆڕانکارییه‌کانی ناوچه به‌گشتی و وڵاتانی ئێران و دراوسێکانی به‌تایبه‌تی، پێداچوونه‌وه و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی خه‌بات ئه‌مرێکی حه‌یاتی و زه‌روورییه. ڕاسانی حیزبی دێموکراتیش له ڕاستیدا په‌که‌یجێکی موبارزاتیی‌ چه‌ند ڕه‌هه‌ندییه که به له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی هه‌نووکه ‌و داهاتووی ناوچه‌که به‌گشتی و ئێران و کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات به‌تایبه‌تی، له‌لایه‌ن ڕێبه‌ریی حیزبی دێموکراته‌وه هاتووەته ئاراوه. پێویسته ئه‌وه‌ش بوترێت که ڕاسان ته‌نیا به‌رگری و خه‌باتی چه‌کدارانه‌ نییه به‌ڵکوو گرێدانی هه‌موو جۆره‌کانی خه‌باته که له ڕاستیدا پشتیوان و ته‌واوکه‌ری یه‌کترن".



ئه‌م بابه‌ته 1404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر