کۆتایی دەوڵەتی عێراق؟

لەناوەوەی کوردستان و لەناوەندە ئەکادیمیەکانی دەرەوە کەم نین ئەو لێکۆڵەوەرانەی ئاماژە بەداڕووخانی دەوڵەتی عێراق دەکەن. گەلێک لەمان چەمکەکانی (دەوڵەتی لاواز)، (دەوڵەتی ناکامڵ)، (دەوڵەتی داوەشاو یان داڕماو)، کە چەمکگەلێکی زانستە سیاسیەکان، بەکاردەھێنن بۆ گوزارشتکردن لەدۆخی ئێستای دەوڵەتی عێراق.
PM:02:59:13/09/2018
دۆسیە: عیراقناسی
شەڕی داعش زۆر نزیکە ببێتە مایەی چوخت وچالاککردنەوەی ناوەند ودەسەڵاتەکانی دەوڵەت.

د. هەردی مێد
مامۆستاى زانستە سیاسییەکان لەزانکۆى پاریس-دۆفین

لە ناوەوەی کوردستان و لەناوەندە ئەکادیمیەکانی دەرەوە کەم نین ئەو لێکۆڵەوەرانەی ئاماژە بەداڕووخانی دەوڵەتی عێراق دەکەن. گەلێک لەمان چەمکەکانی (دەوڵەتی لاواز)، (دەوڵەتی ناکامڵ)، (دەوڵەتی داوەشاو یان داڕماو)، کە چەمکگەلێکی زانستە سیاسیەکان، بەکاردەھێنن بۆ گوزارشتکردن لەدۆخی ئێستای دەوڵەتی عێراق.

 

 ئەوەی جێ باسە، کۆی ئەم ئەدەبیاتە وئەوانەی ڕەخنەش لەم جۆرە چەمکانە دەگرن کاریگەرن بەتێڕوانینەکانی ماکس ڤێبەر. ڤێبەر پێشەنگی توێری دەوڵەتە ولادان و فەرامۆشکردنی ئەستەمە. ئەم لێکۆڵەوەرانەی خاوەن ئەم تێزەن تێڕوانینەکانیان لەسەر دوو تەوەر چڕدەکەنەوە کەکاریگەرن بەدیدگاکانی ڤێبەر.

 

 یەکەم، پێیان وایە دەوڵەتی عێراق خودان مۆنۆپۆڵی زەبروزەنگی شەرعی نییە، لەدەرەوەی دەوڵەت چەندەھا گروپ وکۆمەڵ ھەن کەخاوەن چەکن ودەتوانن بەکاریبھێنن لەبەرامبەر دەوڵەت، بۆیە بەووتەى ئەمان، دەوڵەتی عێراق لاوازە هەروەها لەسەر ڕێگای نەمانە. ئەم تێروانینە ڤێبەریانەیە،‌ چونکە بۆ ڤێبەر دەوڵەت بریتیە لەو دەستگایەی کەخاوەن (مۆنۆپۆڵی زەبروزەنگی فیزیکی شەرعیە)‌. واتە جگە لەدەوڵەت ھیچ گروپ وڕێکخراوێکی دی بۆیان نییە خودان چەک بن وتوانای بەکارھێنانی زەبروزەنگیان ھەبێت. بەمانایەکی دیکە، تەنھا دەوڵەت دەتوانێت خودان زەبروزەنگ بێت، بەڵام زەبروزەنگێکی (شەرعی). واتە پەسەندکراو لەلایەن گەلەوە. زەبروزەنگی پەسەندکراو واتە سوپا، پۆلیس، ئاسایش کەبەپێی یاسا وڕێسا ودوور لەدەمارگیری بەرگری لەھاوڵاتیان دەکەن هەروەها وەلائیان تەنھا بۆ دەوڵەتە و لەلایەن ئەوە تەعینکراون. 

 

دووەم، پێیانوایە دەوڵەتی عێراق بەھیچ شێوەیەک قەوارەیەکی ئازاد نییە لەبەرامبەر کۆمەڵگا وکارمەندەکانی، بەپێچەوانەوە دەوڵەت بۆتە گرەوێک کەگروپ وھێزەکان گەمەی لەسەر دەکەن بۆ بردنەوەی وپاشان دەوڵەت بە پێی یاسای ناکەسی ناچێت بەڕێوە،‌ بەڵکو بە پێی یاساکانی جڤات، مەزھەب، هتد. بێ گومان ئەمەش تەواو ڤێبەریە، چونکە بۆ ڤیبەر دەوڵەت قەوارەیەکی ئازادە، واتە بەپێی ڕێسا ویاساگەلێکی (ناکەسی) بونیادنراوە لەدەرەوەی ھەست، میزاج وبەرژەوەندی کارمەندەکانێتی. بەکورتی دەوڵەت سەربەخۆیە لەبەرامبەر کۆمەڵگا وخودان لۆژیکی خۆیەتی. ھیچ گروپ وکۆمەڵێک ناتوانن دەستەمۆی بکەن وبیکەنە موڵکی خۆیان.

 

من بەپێچەوانەی ئەم دیدانە، پێموایە جڵەونەکردنی زەبروزەنگ لەمڕۆدا چیدیتر توخمێکی سەرەکی نییە کەبوون یان نەبوونی دەوڵەتی لێوە ھەڵسەنگێنین. نەکو ھەر دەوڵەتى عێراق، بەڵکو زۆر دەوڵەتی دیکە توانای مۆنۆپۆلی زەبروزەنگیان نییە. لەھەندێکیاندا بزووتنەوەی چەکداری ھەن وتەحەدای سەروەرێتی دەوڵەت دەکەن وەک تورکیا، کۆلۆمبیا، هتد.

 

لەچەندەھا دەوڵەتی دیکە گروپی مافیا وتاوانساز ھەیە وەکو: ئیتالیا، مەکسیک، هتد، کەخاوەن چەکن. بۆیە بوونی حەشدی شەعبی وگروپی تر چەکدار پێوەرنین بۆ بڕیاردان لەکۆتای دەوڵەتی عێراق. ڕاستە، ڤێبەر تەنھا ئاماژە بەزەبروزەنگی شەرعی دەکا، وەلێ دەبێت بزانین کەزەبروزەنگی شەرعیش یەکێکە لەچەمکە تەمومژاویەکانی سیۆسیۆلۆژیا چونکە ھەرگیز ناتوانین بڵێین زەبروزەنگی دەوڵەت لەلای ھەموو دانیشتوان جێى ڕەزامەندی وپەسندێتیە.

 

پاشان، سەربەخۆنەبوونی دەوڵەت وکارنەکردنی بەپێی یاساگەلێکی ناکەسیش مەرجی سڕینەوەی دەوڵەت نییە، چونکە لەدەرەوەی خۆرئاوا ھیچ دەوڵەتێک یان زۆرینەی زۆری دەوڵەتان سەربەخۆنین لەھەمبەر کۆمەڵگا، بە بەردەوامی سنور و چوارچێوەکانیان دەبەزێنرێت. لەم ڕوانگەیەوە، من تەواو ھاوڕای ژوێل میگدال-م کە لەکتێبی (دەوڵەت لەکۆمەڵگا(State in Society-دا دیدەکانی ڤێبەر بۆ دەوڵەت دەخاتە ژێر رەخنە وپێی وایە دیدەکانی ڤێبەر تەواو بێتوانا ونەگونجاوە بۆ تێگەشتن لەدەوڵەت لەدەرەوەی جوگرافیای خۆرئاوا. لەم گۆشەنیگایەوە پێیوایە پێویستە دەوڵەت لە بورجی عاجی ڤێبەرەوە بھێنینە خوارەوە و لەسەر زەوی ھەر کۆمەڵگایەکدا بەدوای فۆرم و شێوازەکانی کارکردن وچوونەڕێوەی دەوڵەتدا بگەڕێن، واز لە تێزی سەربەخۆی دەوڵەت بێنین. ‌ بۆ میگدال گەڕانەوە بۆ ھەر کۆمەڵگا وکۆنتێکستێک مەرجی سەرەکی تێگەشتنە بۆ دەوڵەت و پێناسەکردنی دەوڵەت چونکە دواجار دەوڵەت یەک فۆرم ویەک شێوازی کارکردنی نیە وھەمەجۆرە، لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دی دەگۆڕێت. بە مانایەکی دیکە، بۆ میگدال (دەوڵەتی یەکانەیی) بوونی نییە، بەڵکو (دەوڵەت مێژووکردە)یە، لەکۆمەڵگایەکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت.

 

بەڵام، خاڵی ھەرە بنەڕەتی وسەرەکی کەکۆی لێکۆڵەوەران لەسەری کۆکن دواجار فاکتەری نێودەوڵەتییە، بەمانایەکی دی (دانپێدانانی نێودەوڵەتی). وەلێ، ڤێبەر تەواو ئەم خاڵە فەرامۆش دەکات ولەتوێرەکەیدا ئاماژەی پێنادات. بۆ ڤێبەر دەوڵەت ڕێڕەوێکی تاکانە وتایبەت بەخۆی ھەیە. کەبێگومان ئەمە ھەڵەیە، دەوڵەت لەنێو سیستەمێکی نێودەوڵەتیدا کاردەکات ودانپێدانانی ئەوانی دی مەرجی سەرەکی بوون بەدەوڵەتی ئەوە. ئەمڕۆ (ھەرێمی کوردستان، کەتەلان، کیبێک، چەندەھا ھەرێمی دی) کەخودان کۆی بنەماکانی دەوڵەتن وەلێ داپێدانانی نێودەوڵەتیان نییە وناتوانن بانگەوازی دەوڵەت بوون بکەن. وەلێ، عێراق ئەمڕۆ خودان دانپێدانانی نێودەوڵەتییە، لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی وەکو دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، وەکو دەوڵەت دەپارێزرێت. بۆیە دەتوانم بڵێم توخمی ھەرە جەوھەری دەوڵەت (دانپێدانانی نێودەوڵەتیە) نەک مۆنۆپۆڵی زەبروزەنگی شەرعی وسەربەخۆی دەوڵەت لەھەمبەر کۆمەڵگا.

 

لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ لەسەر ئەرزی واقیعی عێراق، دەوڵەت تاکە گۆڕەپانی دانوساندنە کەکۆی ھێزەکان بەکورد و عەرەبەوە  ڕووی تێدەکەن وتێیدا دانوساندن لەسەر پێگەیان دەکەن. کۆی ھێزەکان دەچنەوە بەغداد بۆ دانوساندن لەبۆبەدەستھێنانی پۆست، بودجە، دانپێدانانی دەوڵەت بەفڵانە پرۆسە وفڵانە مەلەفی ئیداری، هتد. ھەموو لایەنەکان لەسەروبەندی ململانێ وبنبەستبووندا پەنا بۆدادگای فیدراڵی دەبەن بۆ یەکلاکردنەوەی سکاڵا وململانێیکانیان. سەرجەمیان لەپەرلەمانی عێراقەوە دانوساندن وخەبات بۆ فڵانە یاسا وفڵانە بڕیار دەکەن لەبەرژەوەندی ھەرێم و پارێزگاکانیان. لەم گۆشەنیگایەوە، ئەمڕۆ دەوڵەت لەبەغداد خاوەن دەسەڵاتی ڕەمزییە، ئەو دەتوانێت سنور لەنێوان ئەوەی شەرعییە وئەوەی ناشەرعییە، یان ئەوەی دەلوێت وئەوەی نالوێت…بکێشێت.

 

گرنگترین بەڵگەی بەردەوامێتی(continuity) دەوڵەت ومانەوەی بەتاکە گۆڕەپانی دانوساندن وخانەی بڕیار، داواکاری وڕوو وەڕگێرانی خۆپیشاندەرانی ئەم دوایانەی ناوچەکانی خوارووی عێراقن. داواکاری ئاوی خواردن، کارەبا، ھەلی کار، خزمەتی گشتی، نەخۆشخانە، داودەرمان، هتد، واتە داواکاردنی زیاتری دەوڵەت، نەک سڕینەوە و لەناوبرندی دەوڵەت. ئەوپەڕی ساویلکەییە وابزانین ئەوانەی ڕاپەڕیون بە نیازی ڕووخانی دەوڵەتن، بەپێچەوانەوە داوای زیاتری دەوڵەت دەکەن. چونکە ئاو، کارەبا، نەخۆشخانە، ھەلی کار واتە دەوڵەت. لەوانەیە خۆپیشاندەران مەیل وھەندێکشیان ماخۆلانی گۆڕینی ڕژێمیان ھەبێت، بەڵام گۆڕینی ڕژێم بەمانای ڕووخان وگۆڕینی دەوڵەت نییە. دەوڵەت وڕژێم دوو گۆڕەپانی جودان

 

لە کۆتایدا، من بەرگری لەو تێزە دەکەم کەدەوڵەتی عێراق بەردەوامە ودوورە لەڕووخان وشکست. ھاوکات، وەک شارڵس تیلی، گەورە توێرناسی دەوڵەت، دەڵێت(دەوڵەت شەڕ دروست دەکات، شەڕیش دەوڵەت دروست دەکات)، پێموایە شەڕی داعش زۆر نزیکە ببێتە مایەی چوست وچالاککردنەوەی ناوەند ودەسەڵاتەکانی دەوڵەت.



ئه‌م بابه‌ته 3992 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر