داعش ئەڵقەیەک لەزنجیرێکی نەپساو، سیناریۆکانی بەرھەمھاتنی داعش

داعش دیاردەیەکی ریزپەڕنیە تاشۆکێکی مەعریفی دروست بکات، لەخۆڕاوە لەئەستێرەیەکی دیکەوە نەکەوتوەتە خوارەوە تاپیویست نەکات بەدوای پێشینەکانیدا بگەڕێین، بەڵکو وەک لەپێشەوەش ئاماژەمان پێدا ئەڵقەیەکە لەزنجیرەیەکی نەپسا وپێشینەی ھەیە وپاشینەشی ھەیە
PM:10:53:12/09/2018
دۆسیە: تیرۆرناسی
بیری داعش ھەرەشەیە لەسەر گەشەی ناسیۆنالیزمی کوردی.

سەلمان نادر
ئەندامی دەستەی کارگێڕی ناوەندی هەژان بۆ فیکرو مەعنەویەت

لێکۆڵینەوە لەپرسی داعش لەچەند ڕوویەکەوە گرنگە، لەلایەکەوە داعش بەرکەوتنی راستەوخۆی لەگەڵ ئێمەدا ھەبووە لەڕووی جوگرافیەوە، ئەمەش ئەگەرێکی گەورەی لەخۆیدا ھەڵگرتوە جارێکی دیکە پشکۆی ژێر ئەم خۆڵەمێشە لەبەردەم شنەی بەرژەوەندی سیاسی نێودەوڵەتی وھەرێمایەتیدا بگەشێتەوە وپاوانی ئێمە جاریکی دیکەش لەبەردەم بلێسەی ئەودا بقرچێنەوە ، لەلایەکی دیکەشەوە لەڕووی مێژووییەوە وەک نەتەوەیەک، بیری داعش ھەرەشەیە لەسەر گەشەی ناسیۆنالیزمی کوردی، بەتایبەتی کەپاریزەرانی بیری ناسیۆنالیزمی لەخراپترین جۆری بازرگانە ساختەبازەکانن ئەمەش وای کردوە لەزەینی مرۆڤی ئێرەدا شەرعیەتی نەتەوە گەرایی لەبەردەم پرسیاری جدیدایە وگەشەی ناسیۆنالیزمی کوردی نەک لەدۆخێکی ئاسایی وگەنجێتیدا نیە بەڵکو چوەتە گەشەی سالبیەوە ودوورنیە لەجاریکی دیکەدا گوتاری نێونەتەوە گەرایی ئایینی نەتوانێت  تابوتی ناسیۆنالیزمی بەردەستی سیاسەتوانانی بودەڵە بخاتە سەرشانی گەنجانی کوردەوە، لەکاتێکدا خاڵی ھاوبەشی موسڵمانی کورد وداعش سونی بوونە ودەبێت بەھەستیاریەوە لەو ھەرەشەیە بڕوانین، جگە لەوەی کورد لەم ناوچەدا ھەمیشە گیرگازە بۆ دەوڵەتەکانی ناوچەکە، نەدەتوانن وەک خۆی قەبوڵی بکەن ونەدەشتوانن کۆتایی پێبھێنن، دوورنیە ھێزی مەتسیداری لێھانبدرێت، ئەمانە تێکڕا بەرکەوتنیان لەگەڵ کوردا دەبێت، بابەتی پرسیاری جدین کەرەستەی لیکۆڵینەوەی زانستین، ئێمە دەمانەوێت لەلایەنی جیاوازەوە لەپرسی داعش بکۆڵینەوە، پێشمان وایە دیاردەیەکی فرەڕەھەندە بۆیە ناتوانرێت لەتەنھا ڕوویەکەوە لێی بڕوانرێت، بۆیە لەگۆشەنیگای جیاوازەوە تەماشای دەکەین، بەڵام ناتوانرێت گۆشەنیگا جیاوازەکان لەیەک بابەتدا کۆ بکرێنەوە بۆیە لەم بابەتەدا تەنھا لەگۆشە نیگای پێشینەکانی سەرھەڵدانەوە لێی دەڕوانین.



داعش پێشینەی سەرھەڵدان



داعش دیاردەیەکی ریزپەڕنیە تاشۆکێکی مەعریفی دروست بکات، لەخۆڕاوە لەئەستێرەیەکی دیکەوە نەکەوتوەتە خوارەوە تاپیویست نەکات بەدوای پێشینەکانیدا بگەڕێین، بەڵکو وەک لەپێشەوەش ئاماژەمان پێدا ئەڵقەیەکە لەزنجیرەیەکی نەپسا وپێشینەی ھەیە وپاشینەشی ھەیە، مەترسیدارترین پاشینەی بریتییە لەوەی لەداھاتوودا ھێزی مەترسیدارتر لەخۆی دەردەکەون، ئەمەش فاڵ گرتنەوە نیە بەڵکو لەرێگەی ئیسقرائێکەوە پێی گەشتوین کەجار لەدوای جار ھێزی مەترسیدارتر دەرکەوتوون، بۆیە پێش ئەوەی ئێمە لەھۆکارەکانی بکۆڵینەوە دەبێت لەپێشینەکانی بکۆڵینەوە، بۆ قسەکردن لەسەر پێشینەکانی دەرکەوتنی داعش چوار سیناریۆمان ھێناوە کەلیکۆڵەرەکان ئاماژەیان پێداون وەک لەخوارەوەش خراونەتە ڕوو
.



سیناریۆی یەکەم: داعش وەک دەرھاویشتەیەی فیقھی خەلافەت



یەکیک لەو ڕا جدیانەی لیکۆڵینەوە لەپێشینەکانی دەرکەوتنی توندوتیژی پیرۆز دەکات پێی وایە ، ڕیشە بنەڕەتیەکانی دەرکەوتنی ھیزە توندئاژوە ئیسلامیەکان دەگەڕێتەوە بۆ فیقھی خەلافەت، ئەمەش بێ پێشەکی و لەخۆرا نیە بەڵکو پیشەکی زەمینەی خۆی ھەیە ودەبیت بەووردی کاری لەسەر بکریت
.



ئەڵبەتە لەو ڕوانگانەوە کەفیقھـ یاسای ناو شارستانیەتی ئیسلامی بووە وشارستانیەتی ئیسلامیش لەناو چوارچێوەی خەلافەتدا بەرجەستە بووە بۆیە دەبێت ئەو ڕیشە سەرەتاییانەی دەرکەوتنی توندوتیژی پیرۆز لەناو فیقھدا ڕاڤە بکرێن، تاوەکو وێنەکە ڕوونتر دەربکەوێت
.

عەبدولکەریم سروش بیرمەندی ئێرانی لەڕاڤەکردنی ئیقباڵی لاھوریدا دەڵێت فیقھی ئیسلامی بۆ باڵای خەلافەت بڕاوە، ئەمەش وادەکات کاتێک دەکرێتە بەری جۆرەکانی دیکەی دەوڵەت داریەوە لەنگە وگونجاو نیە، ئێمەش پێمان وایە ئەو لەنگیە یەکێک دەرھاویشتەیەکی بێبەندوباری تیرۆریزم دەھێنێتە ئاراوە.



نابیت ئەوە فەرامۆش بکەین پرانسیپیترین خاڵی نێو یاساکان لەھەر دەوڵەتێکدا پاریزگاریە لەبەرژەوندیە باڵاکانی ئەو دەوڵەتە، کەئەمڕۆ لەچوارچێوەی ئاساییشی نەتەوەییدا ئەو پرانسیپە تەعبیری لێدەکریت، ھەرچەندە ئەم چەمکە ھاوچەرخە وناتوانین وەک خۆی بۆ شێوازەکانی حوکمڕانی پێش مۆدێرنە تەوزیفی بکەین بەڵام بۆ نزیککردنە و دەرککردنی ئەو بابەتە ناچارین پەنای بۆ ببەین، ئالیرەوە دەڵێین ئاسایشی نەتەوەیی خەلافەت پنتی بنەڕەتی ناو فیقھی ئیسلامیە بەتایبەت فیقھی سیاسی وئەحکامی سوڵتانی وباسی ئیمامەتی کوبرا و ھەموو ئەو بابەتانەی دیکە کەدەکرێت دەروازەیەکبن بۆ شەرعیەتدان بەپەنا بردنە بەر توند وتیژی پیرۆز
.



کاتیک لەچارەکی یەکەمی سەدەی ڕابردودا خەلافەتی ئیسلامی ھەڵدەوەشێنریتەوە بەرخوردی جیاواز دێنە ئاراوە، لەلایەک شۆکێکی کۆمەڵایەتی ودەروونی دەخولقینێت بە شکست لەبەرامبەر نەیاراندا، لەلایەکی دیکەشەوە پرسێکی مەعریفی دێتە ئاراوە، چونکە زیاتر لە(١٠)دە سەدە تەنزیر بۆ ئەوە کراوە ئیمامەت وحوکمرانی بەشێکە لەعەقیدە و لەکتێبەکانی عەقیدەدا باسی لێوە کراوە، ئالێرەوە پەرچەکردار لەھەمبەر ھەڵوەشاندنەوە خەلافەت دێتە ئاراوە، لەتەنیشتیشیەوە پاڵپشتی ئەم ھەنگاوەش ھەبووە ودیارترینیان کتێبەکەی عەلی عەبدورەزاقە. پەرچەکردارەکانیش دەتوانین بڵێین دیارترینیان کۆمەڵی برایانی موسڵمانن، ھەرچەندە دەوترێت لەداینامیکیەتی سیاسیدا برایانی موسڵمان بەتایبەتی لەسەر دەستی ( حەسن ھوزەیبیدا ) بەرەو فیقھی بەرژەوەندی ھەنگاوی ناوە لەبری فیقھی خەلافەت،  ئەمەش ناکاتە ئەوەی بڵێین برایانی موسڵمان توانیویەتی بەتەواوەتی خۆی لەفیقھی خەلافەت دەرباز بکات، بەتایبەتی کاتێک ( ئەبوعەلای مەودودیدا) بابەتی سەروەری دەوڵەت (سۆڤەرینیتی) لەمۆدیرنەدا بەبەری حوکمی خودایی دەوڵەتی خەلافەتدا دەبڕێت وسەید قوتبیش ئەم چەمکە تەنزیر دەکاتەوە وکتێبی دەنوسێت، ھەرچەندە وەک وتمان ھوزەیبی وەک نوێنەرایەتی تەوژمە موحافیزکارەکەی ناو ئیخوان بەڕویدا دەوەستێت، بەڵام زاڵبوونی دۆخی شۆڕشگێری فیکری چەپ وموتورەبەبوونی بەفیکری ئیسلامی لەشەستەکانی رابردوو هەروەها شکستی دەوڵەتی پاش کۆڵۆنیالیزمی عەرەبی وستەمکاریەکانی ڕێگر بوون لەگەشانەوەی ھزری ھوزەیبی کەمەلەی دژە ڕەوت بووە لەچاو گەشەی فیقھی خەلافەتدا
.



ئەڵبەتە نابێت ئەوەمان لەیاد بچێت کەلەھەناوی خەلافەتیشدا ھاوڕایی لەسەر ڕۆڵی توندوتیژی نەبووە، بەشێوەیەک لەمسەری بانگەشکردن بۆ توند وتیژیەوە تا ڕەتکردنەوەی بوونی ھەیە، لە بابەتی جیھادی دەفعەوە تا جیھادی تەلەب باسی لێوە کراوە، بۆ نمونە ئیبن تەیمییە باوەڕی وابووە ( جیھاد دەبێتە ھۆی باڵابوونی دین ومرۆڤی ئاییندار )  بەڵام ئیمامی ڕازی پێی وابوو توند وتیژی پەیوەست کردن بەدینەوە ڕەتکەرەوەی ڕەحمانیەتی خودایە.



سیناریۆی دووەم : داعش وەک ھەوڵی گروپی بۆ گەرانەوە بۆ وەھابیەتی دەوڵەت



لە سیناریۆی یەکەمدا ئاماژەمان بەداعش وەک دەرھاویشتەیەکی فیقھی خەلافەت کرد، لەگەڵ ئەوەشدا دەبیت دان بەو ڕاستیەشدا بنێین کەسەراپای موسڵمانانی لایەنگری خەلافەت نەبوونە داعش پێدەچێت ئەمە ئەو پرسیارە جددیە بێت ئاریشە بۆ ئەم شیکارە دروست دەکات، بۆیە دەبیت زیاتر لەسیناریۆیەک بوونی ببێت تابتوانرێت راڤەیەکی باشتر بۆ داعش بکریت
.



لیرەوە سیناریۆی دووەم دێتە ئاراوە ئەویش بەستنەوەی داعشە بە فیکری وەھابیەتەوە، داعش دەبیتە دەرھاویشتەیەک بۆ ئەو بزاوتە سیاسی وکۆمەڵایەتیەی لەوەھابیەتەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمەش خوازیاری بەستنەوەی سەرداوەکانی دەرکەوتنی داعشە بەفیکری وەھابیەتەوە.



محمدی کوری عەبدولوەھاب (١٧٠٣ – ١٧٩١ ) زانایەکی موسڵمانی سونی حەنبەلیە ولەشاری نەجد لەدایک بووە، لایەنگرانی بەنوێکەرەوەی دەزانن کەبانگەشەی کردوە بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی شیرک وبیدعە وخورافات، عەبدولوەھاب لەگەڵ موحەمەدی کوڕی سعودی ئەمیری درعیەدا بوونە ھاوپەیمان وئەمەش پاڵپشتیکی باش بوو بۆ سەرکەوتنی، بەساڵێک پاش ئەم ھاوپەیمانیەتییە جەنگێکی فراوانیان دەست پێکرد
.



بەڕای لیکۆڵەرەوان لەسەرھەڵدانی تیرۆریزمی ئیسلامی ناکریت خوێندنەوە بۆ ھەر بزاوتیکی توندئاژوی ئیسلامی بکرێت بەبێ ئاماژە دان بە بنەماکانی ئەم ڕیکەوتنە وشیتەڵ کردنی ڕەھەندە پێکھێنەرەکانی بۆیە لێرەدا ئێمە ھەندێک ئاماژە بەم رێکەوتننامەیە دەکەین



وەک ئاماژەمان پێدا لە ساڵی ١٧٤٤ دا ھاوپەیمانیەتیەکی سیاسی لەنێوان دوو موحەمەددا بەسترا( موحەمەدی کوڕی سعود ) وەک بەرجەستەکاری ھێز و( موحەمەدی کوڕی عەبدولوەھاب) وەک بەرجەستە کاری شەرعیەتی شۆڕشگێڕی، ئەم ھاوپەیمانیەتییە پێویستی بەدوو ڕەھەندی دیکە ھەبوو، لەناو زۆنی خێڵ وقەبیلەدا پیویستی بە ئایدۆلۆجیایەک ھەبوو بتوانێت ئینتمایەکی گەورەتر لەئینتمای خیڵ دروست بکات، بۆ ئەمەش ناوبراو ئایدۆلۆجیای تەکفیر، پاککردنەوە لەشیرک وبیدعەی بەیان کرد، بەڵام ئەمە کافی نەبوو  بۆ سەرخستنی بزاوتەکەیان بۆیە تەکتیکی (کۆچ) ی لەدارولکوفرەوە بۆ دارولئیسلامی خستە ڕوو، بۆیە کۆبونەوەیەکی گەورەی لایەنگری بۆ بزاوتە خولقاند بەمەش، شەرعیەتی ھێز، شەرعیەتی شۆڕش، ئایدۆلۆجیا، پاڵپشتی بۆ بزاوتەکەیان خولقا وتوانیان لەماوەیەکی کورتدا دەنگدانەوەیەکی گەورە بخولقێنن، ئەم دەنگدانەوەیە تەنھا کاریگەری سیاسی نەبوو بەڵکو کاریگەری دینیشی ھەبوو، بۆ نمونە لەحەجی ساڵی ١٨٠٩ زاینیدا شوێنکەوتوانی عەبدولوەھاب بە دروشمی (فلا یقربوا المسجد بعد عامھم ھذا) رێگریان کرد لەحاجیە میسری وشامیەکان بەپاساوی موشریکبونیان بچنە ماڵی خوداوە
.



ھەرچەندە عوسمانیەکان سەرکەوتوو بوون لەوەدا بتوانن لەڕیگەی موحەمەد عەلی پاشاوە ئەم بزاوتە تێکبشکێنن بەڵام ھەم لەڕوانگەی سەربازیەوە بەتەواوەتی کۆتایی نەھات وبەشێک لەسەرکردەکانیان لەچۆڵەوانیە بیابانیەکاندا خۆیان حەشاردا وھەمیش بەھاکانی ئەم بزاوتە تا ئیستاش کاریگەری گەورەیان ھەیە لەسەر بیرکردنەوەی بەشێک لەموسڵمانان، دەکرێت بەشێکی ئەو دۆخەش بگەڕێتەوە بۆ ئەو ستەمکاریانەى سوپای میسریەکان بەرپایان کرد لەکاتی لەناوبردنی ھەڵگەڕانەوەی وەھابیەکاندا.



ھاوپەیمانی دینی سیاسی (آل سعود ) و( آل عبدالوھاب) جارێکی دیکە لەسەردەستی ( مەلیک عەبدولعەزیز ) و( شیخ عبدللە) زیندوکرایەوە، ھاوسەرگیری سیاسیش لەم نێوەندەدا ڕۆلی گەورەی گێڕا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ھاوپەیمانیەتیە بەردەوام بەرکەوتنی تێدا بووە، لەلایەک لەسەر بنەمای تەعالیمەکانی عەبدولوەھاب بەڕێوە بردنی دەوڵەت مومکین نیە، لەلای دوەمیشەوە ھەر لادانێک لەتەعالیمەکان شکاندنی ھاوپەیمانیەتییەکە بووە، بۆیە بەدرێژایی ماوەی ئەم ھاو پەیمانیەتییە ھەوڵی تاکەکەسی وجەماعی دراون بۆ گیڕانەوەی ھاوپەیمانیەتیەکە بۆ سەر بنەڕەتەکەی، لیکۆڵەرەوان باوەڕیان وایە داعشیش یەکێکە لەو ھەوڵانە
.



ئێمە لیرەدا ئاماژەیەکی کورت بەھەوڵە کەسییەکان دەدەین بەڵام تیشک دەخەینە سەر ھەوڵە جەماعیەکان بۆ گێڕانەوەی دەوڵەتی سعودیە بۆ سەر رێکەوتنە سیاسیەکەی نێوان ئەو دوو کارەکتەوە.



یەکێک لەھەوڵە کەسییەکان دەتوانین بەھەوڵەکەی شێخ عەبدورەحمانی کوڕی حوسەین بزانین کاتیک نامەیەک بۆ ئەمیر فەیسەڵ دەنێرێت، باوەڕی وایە (بابەتە دونیاییەکان سەرکەش بوون بەسەر بابەتە قیامەتییەکاندا
).



ھەرچی ھەوڵە جەماعیەکانن دەتوانین بڵێین سەرەتاییترین ھەوڵیان بریتیە لەھەوڵی ئیخوانەکان، بەتایبەتی پاش ئەوەی ئیبن سعود، ڕووبەڕووی بوویەوە چونکە دوو دەیە بەکاری ھێنا بوون لەپیناو خەونە سیاسیەکانیدا وئەوانیش ھیچ ئامانجێکی لەو ئامانجانەیان دەست نەکەوتبوو
.



سیناریۆی سێیەم: داعش دەرھاویشتەی کارلێکی نێوان ( سەلەفیەت وئیخوان موسلیمینە
).



یەکێکی دیکە لەو ڕایانەی لەم بارەوە ھەن بریتییە لەو ڕایەی پێی وایە داعش بەتەنھا خەونی فیقھی خەلافەت نیە وبەتەنھاش وەھابیەت نیە، بەڵکو تێکەلەیەکە لەیەکگرتنی ئاسۆکانی ئیخوان و وەھابییەت
.



تیکەڵ بوونی ئیخوان وسەلەفیەت بەرئەنجامی کۆمەڵێک ھاوکێشەی سیاسی وگۆڕانکاری سیاسیە لەڕۆژھەلاتی ناویندا کەنابێت بەھەند وەرنەگیرێن لەڕاڤەی سیاسیدا
.



لە ساڵی ١٩٥٢ زایینی شۆڕشی میسریەکان کۆتایی بەسیستمی پاشایەتی ھینا بۆ سیستمی کۆماری، جەمال عەبدوناسر وەک یەکەم سەرۆککۆماری میسر بەدونیایەک خەونی نەتەوەییەوە، وەک کارەکتەرێکی بەھیزی پلۆرۆژھەڵاتی لەتەنیشت ئیسرائیلدا ھەڵتۆقی، خۆماڵی کردنی نۆکەندی سوێس، نزیکییەکانی بەیەکێتی سۆڤیەت ویەک لەدوای یەک شکستی کۆڵۆنیالیزمی رۆژئاوایی لەناوچەکەدا وبیداری گەلان ورۆڵی بیری ئیشتراکی وھێزە چەپەکان لەو بێداریەدا، مەترسی بوون بۆ سەر کۆمەڵێک دەوڵەت لەوانە ئەو دەوڵەتانەی سیستمی پاشایەتیان ھەیە، ئەو دەوڵەتانەی ھاوپەیمانی رۆژئاواییەکان بوون، ئەو دەوڵەتانەی لەڕوانگەی بیری ئایینیەوە دیدێکی کۆنەپارێزانەیان ھەبوو، ئەمانە ھەموویان لەوڵاتێکی وەک سعودیەدا بەرجەستە بوون، لەلایەکی دیکەشە دووھۆکاری دیکەش ھەبوون بۆ نەیاری سعودیە بە(عەبدوناسر) ، ئەوانیش بەھیزی کارەکتەری جەمال بوو کەوەکو کارەکتەرێکی بەھێزی عەرەبی نمایش دەبوو بەمەش پێگەی بنەمالەی آل سعود لەناو وڵاتانی عەرەبیدا دەکەوتە ژێر پرسیارەوە، ھۆکاری دووەمیش ئەو فشارە گەورەیە بوو رۆژئاواییەکان لەسەر سعودیە و وڵاتە پاشکۆکانیان دایان دەنان تاوەکو ببنە شورایەک لەبەردەم مەدی شیوعیدا. ھەموو ئەم فاکتەرانە وایان کردبوو سعودیەکان ببنە پەناگەیەک بۆ ئیخوانە ھەڵھاتووەکان لەمیسر ، جگە لەوەی لەو قۆناغەدا بنەماڵەی مەلیکی سعودیە پێویستیان بە توانای مرۆیی ئیخوانەکان ھەبوو بۆ بونیاد نانی زانکۆ ودامەزراوە مۆدیرنەکان لە وڵاتەکەیاندا، چونکە زۆربەی ئیخوانەکان ھەڵگری بڕوانامەی باڵابوون وسەلەفیەکان خۆشحال نەبوون بە ھێنانی تەکنۆلۆجیای رۆژئاوایی، ئیخوانەکانیش دروشمی تەکنۆلۆجیا بی ئایدۆلۆجیایان بەرز دەکردەوە. ئەم فاکتەرانە وایان کرد ژمارەیەکی زۆری کەسانی ئەکادیمی وشارەزای ئیخوانی لەسعودیەدا جێگیرببن ، بەمەش دەرفەتی بەرکەوتنی ئیخوان وسەلەفیەت ھاتە ئاراوە، نەوەیەکی سێیەم دروست بوو ، نەئیخوان بوون بەو واتایەی حەسەن بەننا کاری بۆ دەکرد کەتێکەڵەیەک بێت لەو فرە ڕەھەندییەی لەدروشمە بەناو بانگەکەیدا دەردەکەوت نەسەلەفیەتیش بێت بەو واتایەی بنەماڵەی مەلیک سەرکەوتوو بوون لەداڕنینی باکگراوندە بزاوتیەکە لێی، ئەمەش ھەنگاو بەھەنگاو بەرە وتوندڕەوی زیاتر رۆشتووە تا گەشتوەتە داعش.



سیناریۆی چوارەم: داعش وەک دەرھاویشتەیەکی مۆدێرن



بەشێک لەلێکۆڵەرەوەکان باوەڕیان وایە داعش دیاردەیەکی مۆدێرنە خوێندنەوە وبیروباوەڕ وتێگەشتنیان لەحوکمڕانی پڕاوپر مۆدێرەنەیە، لەو ڕووەوە دەوڵەت دەبێتە ئامانجی کۆتایی ھەر ھێزیک وئەدەبیات وکارکردنیشی ھەمووی کورت دەبێتەوە لەو ئامانجەدا، بۆیە پێیان وایە ئایدۆلۆجیای داعش ھاوشێوەی تێکڕای ئایدۆلۆجیا شمولیەکانی دیکە لەفاشیەت ونازیەت ومارکسیزمە، تەنانەت کتێبی (إدارة التوحش) ھاوشێوەی کتێبەکانی دیکەی قوتابخانەی واقعیەت بەھەناسەی مۆدێرنانەوە نوسراوەتەوە
.



دەرئەنجام
:



پیدەچێت لەم بەشەدا دەرفەتی ئەوەمان نەبووبێت بە ووردی بچینە ناو سیناریۆ جیاوازەکانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بابەتە زیاتر لەوەش ھەڵدەگرێت لەنوسینەکانی داھاتودا زیاتر جەختی لێدەکەینەوە، بەڵام پێمان وایە ھیچ یەکێک لەو سیناریۆیانە ناتوانن بە تەواوەتی داعش بخوێننەوە، بۆیە پێویستمان بەزیاتر خوێندنەوەی ئەو ھێزە ھەیە تاوەکو بتوانین وەک پیویست بیانناسین

 



ئه‌م بابه‌ته 1195 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر