فەرھەنگی مەعریفی وخوێندنی باڵا

زانکۆ لەعێراق پاش دروستبوونی دەوڵەتی عێراق بۆ بەردەوامبوونی حکومەتی عێراقی دروست دەبێت، واتە پرسیاری گەورە لەنێوکۆمەڵگادا نییە کەزانکۆ وەڵامی بداتەوە ولەبەرخاتری ئەو پێداویستیانە دروست ببێت، بەڵکو حکومەت بنیاتی دەنێت بۆ کامڵکردنی خۆی، لەگەڵ ئەوە لەپەراوێزێکی بچوکدا بۆ پێگەیاندنی دەستی کار بۆ بازاڕ (پاڵنەری ئابوری). بەمانایەکی تر، کۆمەڵگای عێراقی ئەو سەردەمە پرسیارێکی مەعریفی جەوھەری نییە کەبۆی بگەڕێ، واتە کۆمەڵە پرسیارێکی مەعریفی کەبژاردە خولیای بێت وبەردەوام بیکات.
PM:04:27:12/09/2018
دۆسیە: نیشتمانسازی
ئیرادەی گەڕان بەدوای مەعریفەسازیی پاڵنەرى سەرەکییە بۆ دروستبوونى زانکۆکان.

د. خالید محمد
مامۆستاى زانکۆ

مێژووی کاری ئەکادیمی وخوێندنی باڵا بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو، ھەرچەندە مێژووی کاری ئەکادیمی لە عێراقدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو، پاش دروستکردنی کۆلێجی ئەندازیاری وپزیشکی لەبەغداد، بەڵام لەساڵی ١٩٥٧ و لەگەڵ دروستبوونی زانکۆی بەغداد ودواتر زانکۆکانی موسڵ وبەسرا، خوێندکارانی کوردستان دەتوانن زیاتر ئامادەییان ھەبێت لەئەکادیمیای ھاوچەرخدا. ھەرچەندە ئاستی ڕۆشنبیری و ئاگایی ھەموو ھاوڵاتیانی کورد لەو سەردەمەدا وەک ئێستا نەبووە وئامادەیی کورد بە بەراورد بەعەرەب کەمتربووە. دواتر لەگەڵ کردنەوەی یەکەمین زانکۆ لەھەرێمی کوردستان، زانکۆی سلێمانی، ئیتر ناوەندی ئەکادیمی ئامادەی دەبێت لەھەرێمی کوردستان.


ھەرلەوکاتەوە، ھەتا ئێستا کۆمەڵێکی ئێجگار زۆرزانکۆ لەعێراقدا کراوەتەوە، تەنھا لە کوردستان لەئێستادا نزیکەی ٢٥ زانکۆی ئەھلی وحکومی ھەیە. ئەم زانکۆیانە بەشێکیان بڕوانامەی بەرایی دەدەن، بەشێکیان بڕوانامەی بەرایی وباڵاش دەدەن
.

ئەوەی جێگای پرسیارە ئەوەیە، کەئایا بۆچی لەگەڵ زۆری ئەو ژمارەیەدا، بەڵام بەپێی ئاماژە ئەکادیمییە جۆربەجۆرەکان، زانکۆکان نەیانتوانیوە ببنە کایەی بەرھەمێنانی مەعریفە؟ یان ببنە ناوەندێک بۆ گەشەی مەعریفی؟ ھۆکارەکانی پشتی نەتوانینی دروستکردنی کاراکتەری ئەکادیمی سەرکەتوو بەپێوەری جیھانی دەگەڕێتەوە بۆچی؟ ئایا ئەگەری ئەوە ھەیە لەم ناوچەیدا، بەتایبەتی لەکوردستان کایەی ئەکادیمی گەشەی بەرچاو بکات وببێتەوە ناوەندێکی مەعریفی کاریگەر، بەشێوەیەک کایەکانی دیکەی کۆمەڵگای کوردی سوودمەند ببێت لێی؟ ئایا توێژینەوە زانستییەکان چ پەیوەندییەکیان بەمەعریفە بەرھەمھێنانەوە ھەیە؟ ھۆکاری لاوازیی زانکۆکان لەعێراق و کوردستان لەچییەوە سەرچاوەی گرتووە؟ بۆ پاش نزیکەی سەد ساڵ لەھاتنی ئەکادیمیا بۆ عێراق، ھەتا ئێستاش ئەکادیمی عێراقی لەگرفتی قووڵی مەعریفیدا دەژی؟


سەرەتا بۆ دەسپێک باسێکی خێرا لەزەرورەتی دروستبوونی زانکۆ، وەک ناوەندێکی ئەکادیمی دەکەین، دواتر باسەکانی تر شرۆڤە دەکەین
.


زانکۆ لەنێوان خۆرھەڵات وخۆرئاوادا


سەرەتا جیاکارییەک دەبێت بکەین لەنێوان ھۆکارەکانی پشتی دروستبوونی زانکۆ لەڕۆژئاوا و لەڕۆژھەڵات. زانکۆ، وەک ناوەندێکی ئەکادیمی بۆ بەرھەمھێنانی مەعریفە کە لەخۆرئاوا دروستدەبێت، دەبێتە وەڵامدەرەوەی پێداویستی کۆمەڵگای ئەوان. لەھێڵەکاتدا (مەودای کات)، زانکۆ لەخۆرئاوا پێش ڕێنیسانس ھەبوو، وەک بۆڵۆنیا لەئیتالیا، ئۆکسفۆرد لەئینگلستان، یان ناوەندە مەعریفییەکان ھەبوون، کەبوونە ھۆی گەشەی فەلسەفە ودروستبوونی مەعریفەی نوێ، دواتر لەدایکبوونی زانست بە مانا ھاوچەرخەکەی
. (Charles Van Doren,1992)


ڕەنگە ھاوشێوەی زانکۆی ھاوچەرخ، ئەکادیمیای ئەفلاتون ولیۆسیۆمی ئەرەستۆ بریتی بن لەڤێرژنە کۆنەکەی زانکۆ، بەڵام ئەوەی کۆکن لەسەری کەدوای ڕۆشنگەریی لەئەورووپا، زانکۆی ھاوچەرخ لەدایک دەبێت وکاری گەورە لەسەر مەعریفە دەکات، یان بەشێوەیەکی سیاستماتیکی وبەردەوام زانست وتەکنەلۆجیا بەرھەم دەھێنرێت
.

زانکۆکان لەگەڵ گەشەی شۆڕشی پیشەسازیی لەخۆرئاوا گەشەی بەرچاو دەکەن، کاردەکەن بۆ دابنیکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی کاری ئەو سەردەمە، ھەروەھا لەگەڵ ئەوەشدا زۆربوونی پرسیاری مەعریفی سەردەمی دوای ڕینیسانس. کەواتە، زانکۆ لەڕۆژئاوا پێویستی (زەرورەت) بووە. پێویستی بازاڕی کار، پێویستی وەڵامدانەوەی پرسیارە کەڵەکەبووە مەعریفییەکان. سەدەکانی پێش ڕێنیسانس و سەردەمی ڕێنیسانس، وردە وردە لەدایکبوونی زانستی ھاوچەرخ سەدان وھەزاران پرسیاری گەورەی بەدوای خۆیدا ھێنا، کە دەبوو ناوەندی ھاوچەرخی ئەکادیمی گەشە بکات بۆ وەڵامدانەوەیان.

ھەرچەندە ناوەندە ئەکادیمییەکان لەجیھاندا، بەتایبەتی دوای جەنگی سارد گۆڕانکاری بەرچاوی بەسەرداھات، بەشێوەیەک کەزانکۆکان بوونە یەکەی گەشەی ئابوری لەڕێگای ئابوری مەعریفەیی (knowledge-based university)، کەشێوازی کار وئامانج وبەرھەمەکانی ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئاڵۆزتر کرد .(Alma Maldonado,2014)


لەخۆرھەڵات ئەم حاڵەتە جیاوازە، ئەو گەشە پیشەسازیی ومەعریفییە لەخۆرھەڵات زۆر کەم بوو. لەبەر ئەوەی باسەکەمان لەسەر کوردستانە، کوردستانیش لەساتی دروستبوونی شانشینی عێراق بەشێک بووە لەعێراق ولەژێر ھەژموونی مەعریفی عێراقدا بووە
.

زانکۆ لەعێراق پاش دروستبوونی دەوڵەتی عێراق بۆ بەردەوامبوونی حکومەتی عێراقی دروست دەبێت، واتە پرسیاری گەورە لەنێوکۆمەڵگادا نییە کەزانکۆ وەڵامی بداتەوە ولەبەرخاتری ئەو پێداویستیانە دروست ببێت، بەڵکو حکومەت بنیاتی دەنێت بۆ کامڵکردنی خۆی، لەگەڵ ئەوە لەپەراوێزێکی بچووکدا، بۆ پێگەیاندنی دەستی کار بۆ بازاڕ (پاڵنەری ئابووری). بەمانایەکی تر، کۆمەڵگای عێراقی ئەو سەردەمە پرسیارێکی مەعریفی جەوھەری نییە کەبۆی بگەڕێ، واتە کۆمەڵە پرسیارێکی مەعریفی کەبژاردە خولیای بێت وبەردوام بیکات. ئەم نەبوونی پرسیارە تەشەنە دەسێنێت، لەقۆناغێکدا پرۆسەی پەروەردەش دەگرێتەوە، ئیتر لێرەوە زانکۆکان لەمانا ئەکادیمییەکەی خۆیان دووردەکەونەوە ودەبنە دەزگایەک وەک باسمکرد لەپەرواێزێکی بچووکدا دەستی کار دروستدەکات، بەڵام بەردەوام قەیران بۆ خۆی وبۆ کۆمەڵگا دروستدەکات.

خاڵی بوونی کۆمەڵگا لە پرسیارە مەعریفییەکان، ڕێگانادات فەرھەنگی مەعریفی دروست ببێت.
بەمەش زانکۆکان لەعێراقدا، گەورەترین باج دەدەن ودادەبڕێن لەئامانج وچییەتی (ماھیەتی) خۆیان. بەپێچەوانەشەوە ئەو دەستەواژەیە ھەر ڕاستە، ھەوڵنەدان بۆ دروستکردنی فەرھەنگی مەعریفی، کۆمەڵگای خاڵیکردەوە لەپرسیا‌ری مەعریفی، کەدواتر ناوەندە ئەکادیمییەکان گەشەی جۆریی (نەوعی)یان نەکرد
.

نەبوونی پرسیاری مەعریفی، نەگەڕان بۆ دروستکردنی کاری گەورە، ھۆکاری زۆری لەپشتە، وەک ھۆکاری: سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئایینی، کەبەبەردەوامی کار لەسەر کوشتنی پرسیاری مەعریفی دەکات، ھەتا فەرھەنگی مەعریفی کۆتایی پێدێنێت. ھەر بۆیە ژێرخانی مەعریفی ئەکادیمی لەعێراقدا، ژێرخانێکی بۆشە، نەیتوانی لەڕابردوودا ھیچ کارێکی گەورەی لەسەر بنیات بنرێت.

کاتێک کەدەڵێم زانکۆکان لەعێراق بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری کۆمەڵگا دروستنابن، مەبەستەکەم ئەوە نییە بڵێم کەلەکۆمەڵگای عێراقیدا پرسیار بوونی نییە، یان زەمینەی مەعریفەسازی نییە. بە پێچەوانەوە، پرسیار ھەیە، بەڵام نایدۆزنەوە وناکرێ، یان زەمینەی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە نییە. خەونی مەعریفی ھەبووە (بەشێوەی خەون نەک پرسیاری جیددی)‌، بەڵام شوێنی ناکەون. ئیرادەی گەڕان بەدوای مەعریفەسازیی نییە. ‌نەبوونی ئەو ئیرادەیە، وەک پێشتر باسمکرد دەرەنجامی ھۆکارە سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئایینیەکانە.

ھەر بۆیە لەپەنجاکان بۆ ئێستا، زانکۆکانی عێراق، لەبەرنەبوونی فەرھەنگی مەعریفی، ھەمیشە ناتوانن کار لەسەر مەعریفە بکەن. توێژینەوە دەکەن، بەڵام (بەشێوەیەکی گشتی) ھیچ سوودێک ناگەیەنێت بۆ دونیای مەعریفە وکۆمەڵگای عێراقیش. توێژینەوەکان جۆرێکن لەخۆفریودان، ھەروەھا حکومەت فریودان.

فەرھەنگی حکومەت فریودان لەشەستەکانەوە سەریھەڵداوە، چونکە ھەر لەبنەماوە، حکومەت زانکۆکان وەک دەستکەوت دەکاتەوە، بەبێ گەڕانەوە بۆ پێوەری ئەکادیمی، مەعریفی، بۆیە توێژینەوەکان، دواتر وەک ژمارە، نەک کوالیتی، حکومەتەکان خۆیانی پێ ھەڵدەسەنگێنین
.

سەیربکە کاتێک دەگوترا زانکۆکانی موسڵ وبەغداد گرنگ بوون لەحەفتاکان وھەشتاکاندا، لەبەر ئەوە گرنگ نەبوون کەمەعریفەی گەورەیان دروستکردووە، یان مەعریفەیان گەشە پێداوە، بەڵکو لەبەر ئەوەبووە مەعریفەیان گەیاندووە، واتە مەعریفەیان گواستوەتەوە (dissemination) و بڵاوکردوەتەوە (لەگەڵ بوونی ھەندێ تێبینم لەشێوازی گواستنەوەی ئەو مەعریفەیەدا کە لەکاتێکی تردا باسی دەکەم ئەگەر دەر‌فەت بوو)‌.

لێرەدا گرنگە جیاکاری بکەین لە نێوان: مەعریفە بەکاربردن (وەک گەیاندنی مەعریفە) لەگەڵ مەعریفە بەرھەمھێنان وگەشەپێدان. زۆرجار ڕۆشنبیر یان زانستدۆستی گەورە لەعێراق دروستبوون (بە کوردستانەوە)، بەڵام لەسەر بنەمای بەرھەمھێنان نەبووە، بەڵکو لەسەر بنەمای بەکارھێنانی ئەو مەعریفەیە بووە. ناوەندی ئەکادیمی دەبێت کار بۆ مەعەریفەسازیی وگەشەپێدانی بکات، تەنھا بەکارھێنان، فەرھەنگی بەرخۆری
(consumption) دروستدەکات. فەرھەنگی بەرخۆری کۆمەڵگای بەرخۆری وعەقڵی بەرخۆری بەرھەم دەھێنێت. وەک کۆمەڵگای کەنداو، سەرباری ئەو ھەموو توانا ماددیەی کەھەیانە، بەڵام دونیای مەعریفە لەوێ، لەحاڵێکی زۆر خراپدایە، چونکە ھەر لەبنەڕەتدا لەسەر بنەمای گەشەی فەرھەنگی مەعریفی کارنەکراوە.

ڕیفۆڕمە یەک لەدوای یەکەکان

ڕیفۆڕم پرۆسەیەکی دینامیکیی ھەموو کایەیە، لەھەموو شوێنە جیاوازەکان ولەکاتە جیاوازەکاندا. خوێندنی باڵای عێراقیی (بێگومان دواتر ئەم مۆدێلە دەگواسترێتەوە بۆ کوردستان، چونکە خوێندنی باڵا وزانکۆکانی کوردستان لەھەناوی خوێندنی باڵای عێراقییەوە دروستبوون)، بەردەوام دەیەوێت ڕیفۆرم لەخویدا بکات. بەڵام سەرەنجام ھەتا ئێستا نەیتوانییوە وەڵامی پرسیارەکان وخواستەکانی کۆمەڵگای خۆی بداتەوە، بە مانایەکی تر سەدان کێشە وگرفت لەھەناوی خۆیدا ھەیە.

‌بۆیە دەبینیت، بەردەوام لەھەرێمی کوردستان وعێراقدا، یاسا وڕێنمای دەردەکرێت بەمەبەستی باشکردن، بەردەوام گۆڕانکاری دەکرێت، بەردەوام مۆدێلی جیاواز جیاواز لەڕۆژئاواوە دەھێنرێن وکاریان لەسەر دەکرێت. لەزۆرجاردا، کێشەکانی قووڵترکردوەتەوە نەک چارەسەر. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا ھۆکارەکانی گەشەنەکردنی زانکۆکان (زانکۆ بە پێناسەی جیھانییەکەی) چییە؟ ئایا نەبوونی ڕیفۆڕمە؟ ئایا بەردەوام لەعێراق وکوردستان ڕیفۆڕم ناکرێ؟ ئایا نەبوونی ڕێنمایی ویاسایە؟ ئایا خوێندنی باڵا وزانکۆکان بەردەوام ڕێنمایی دەرناکەن؟ یان ئایا بوونی یاسا وڕێنمایی ھەڵەیە؟ ئایا تاقیگەکان ھاوچەرخ نین؟ ئایا کتێبخانە نییە؟ ئایا پرۆفیسۆری ئاستبەرزی نییە؟ ئەمانە وسەدان پرسیاری تر، کەڕەنگە ھەموو ئەوانە بەڕاستەوخۆ، بەشێک بن لەقەیرانەکان وبەشێکیش بن لەچارەسەر. ڕاستە ھەمیشە گرفتی ژێرخان ھەبووە، بەڵام ئەوە ھەموو کێشەکان نیین. ھەمیشە گرفتی دارایی ھەبووە، بەڵام ئەوە ھەموو کێشەکان نین.

گومانی تێدانییە، لایەنی دارایی وئیدارەدانی کاریگەر، دوو کۆڵەکەی بەھێزن لە ڕاگرتن وگەشەکردنی خوێندنی باڵا، بەڵام دواجار ئەم یەکەیە، لەناو یەکەیەکی گەورەتر وئاڵۆزتردایە کەکۆمەڵگا ودەرەوەی خوێندنی باڵایە. ھەماھەنگی ئەم ناوەندانە بەیەکەوە، یان ھەماھەنگی دروستکردن بۆ شێوازی کار پێویستی بەبیرکردنەوەی ھاوچەرخ و ورد ھەیە.

بۆچی زانکۆکان لەکوردستان و نەبوونیان بەئاستی جیھانی

زانکۆی ئاست جیھانی پێناسەی خۆی ھەیە، کۆمەڵێک تایبەتمەندی ھەیە، لەکاتێکی تردا باسی دەکەین، بەڵام لێرەدا بەکورتی زانکۆی ئاست جیھانی، کەزاراوەیەکە زۆربەکاردێت، مەبەست لەو زانکۆیانەیە کەکوالیتی وانەوتنەوە وتوێژینەوەی لە ئاستێکی بەرزدایە، ئاستی بەرز ئەوەیە دەکەونە سەر نەخشەی جیھانی مەعریفە، ھاوتا بەوەش، وەک فیلیپ ئاڵپاچ( 2004(Altbach, P. G, دەڵیت، ئەم جۆرە لە زانکۆ دەتوانن تواناکانی خۆیان گەشە پێبدەن کەکێبەرکێی بازاڕی خوێندنی باڵای جیھان بکەن، ئەوەش بە خوڵقاندنی مەعریفەی پێشکەوتوو. بەشێوەک قوتابیان بتوانن بەبێ گوێدانە سنورەکان ڕووەو ئەمجۆرە لەزانکۆ ببن. واتە توانای ڕاکێشانی قوتابیان ومامۆستایانی نێودەوڵەتییان ھەبێ.

ئالپاچ کە نوسەرێکی دیاری بواری خوێندنی باڵایە، دەستەواژەیەکی گرنگی ھەیە دەڵێت: ھەموو دەیانەوێ ببن بە خاوەنی زانکۆی ئاست جیھانی، بەڵام کەسیان نازانن زانکۆی ئاست جیھانی چییە و دەبێت چۆن دەستیان بکەوێت!

واتە جارێ نازانن مەبەستەکە لەزانکۆی ئاست جیھانی چییە، پاشان ھەنگاوەکانی دروستکردنی ئەو زانکۆیە چۆنە. مەبەستی ئالپاچ لەو دەستەواژەیە، ئەوەیە کەتەنھا بەبیرکردنەوە ولاسایی کردنەوەی وڵاتانی پێشکەتوو ئەو کارەناکرێ، بەڵکو تێگەیشتنی قووڵی دەوێت لەشێوازە زانستییە جۆراجۆرەکانی گەشە وڕیفۆڕم بە ئاراستەی دروستکردنی زانکۆی ئاستبەرز.

ڕاوێژکاری وۆرڵد بانک سالمی بڕوای وەھایە کەئەوەی ناودەبرێت بە زانکۆی ئاست جیھانی، کارێکی ئاسان نییە لەھیچ وڵاتێکی جیھاندا، بەتایبەتی لە وڵاتە تازە گەشەکردووەکان کەخاوەنی ئابووری بەھێز نین. لەگەورەترین بەربەستەکان بریتییە لەدروستکردنی فەرھەنگی ئەکادیمی، پشتگیری ئابوری بەردەوام، بەڕێوەبردنی کاریگەر(2009, (Salmi .

لێرەوە سالمی و ئالپاچ، کۆی کارەکانیان کەباس لەتەکنیکەکانی گەشەکردنی خوێندنی باڵا ومیکانیزمەکانی دروستکردنی زانکۆی ئاستبەرز دەکات، دەیبەستنەوە بە گەشەی مەعریفی زانکۆکان ودواتر کۆمەڵگاکانەوە. لەھەمووی سەختتر چۆن حکومەتەکان پر مەعریفە بکەی، ‌وەک سالمی وئالپاچ بەردەوام ئاماژەی بۆ دەکەن ئەوە کارێکی سەختە وتەنانەت لەوڵاتانی گەشەکردوەکانیشدا ئەو گرفتە ھەرماوە.

بۆ وەڵامی پرسیارەکەی سەرەوە: بۆ کوردستان (یان لەعێراقدا) زانکۆکانمان نەک ئاست جیھانی نین، بەڵکو لەکورت مەوداشدا نابنە زانکۆی کاریگەر، وەڵامەکەی ئەوەیە کە لەبنەڕەتدا زانکۆ لەم ناوچەیە بۆ ئەوە دروست نەبوو کەئاستى جیھانی بێ و کار لەسەر دروستکردنی مەعریفەی ھاوچەرخ بکات، ھەربۆیە کار لەسەر ژێرخانی مەعریفی نەکراوە. پرسیارەکەش ئەوەیە کە ئایا نەزانینی بەڕێوەبردن، بووەتە ھۆی ئەم دۆخە یان نەبوونی ئامانجی دروستکردنی ئەکادیمیای سەرکەتوو، لە ڕاستیدا ھەریەکێک لەو دوو ھۆکارە ئەوی تر بەرھەم دەھێنێ، واتە نەبوونی پلانی ئەکادیمی مەعریفی ھاوچەرخ، دەبێتە ھۆی لاوازکردنی بەڕێوەبردن و ڕیفۆڕم لە خوێندنی باڵا. بەپێچەوانەشەوە، لاوازبەڕێوەبردن وفەرامۆشکردنی کۆی نەخشەڕێگای دروستکردنی کلتوری مەعریفی، بۆ زیندوو ڕاگرتنی ئەکادیمیا، ھۆکارە بۆ نەبوونی ئەکادیمیای ھاوچەرخ. وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا، عێراق مۆدێلێکی خراپ بوو بۆ چاولێکردن، کەبەداخەوە، ھەتا ئێستاشی لەسەر بێ، ئەو فەرھەنگە زاڵە بەسەر ئەکادیمیای کوردییەوە. دوورکەوتنەوە لەمۆدێلی عێراقی بۆ ناوەندی ئەکادیمی، ھەنگاوێکی ستراتیجی وحەتمییە، کەدەبێ ئەو ھەنگاوە بنرێت بۆ دابینکردنی داھاتووی ئەکادیمی لەھەرێمی کوردستان. لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بدەم، کاتێک دەڵێم ‌ مۆدێلی عێراقی دەبێت وەلابنرێت، بەومانایە نایە، کەلەگەڵ ئەوەبم، دەقاودەق، ھێنانی فەرھەنگی ڕۆژئاوا چارەسەری ئەکادیمیا دەکات. لەڕاستیدا، ئەوە چارەسەر نییە. چارەسەر ئەوەیە، کوردستان مۆدێلی خۆی بنیات بنێت، بەڵام، بوونی ھۆشیاری تەواو بەمۆدێلە سەرکەتووە جیاوازەکان لەجیھاندا.

فەرھەنگی مەعریفە وتوێژینەوە

زۆر بەسادەیی، کاری توێژینەوە بۆ مەعریفەیە. بەڵام، ھەموو توێژینەوەیەک، مەعریفە ناخوڵقێنێ. کاری گەورە وناوازەی توێژینەوە ئەوەیە، بەرھەمی جوان ببەخشێت. بەڵام، ھەموو توێژینەوەیەک، ئەم ئەنجامەت ناداتێ. ئەمە لەھەموو شوێنێکی دنیادا ڕاستە، ھەر لەگەشەکردووترین وڵاتی دنیا، بۆ دواکەتووترین وڵاتی سەر زەوی. بەڵام، کارەساتی وڵاتانی دواکەتوو، توێژینەوە بۆ ژمارەی توێژینەوەیە، مەعریفەیەکی گرنگ و گەورەی نەبەخشیەوە. لەکاتێکدا، سەرکەوتنی وڵاتانی گەشەسەندوو، توێژینەوە بۆ بەرھەمھێنانی مەعریفەیە. ھۆکارەکەش تەنھا ئەوەنییە کە توێژەرێکی خۆرئاوایی خۆی فریونادات، بەڵکو سیستمی خۆرئاوایی خۆفریودانی بەئاسانی لێ قبوڵناکات (نەک خۆفریودان نییە، بەڵکو بڕەکەی بەبەرچاو خۆرھەڵات زۆر کەمە).

توێژینەوەی زانستی، پێویستی بە ژینگەی مەعریفییە. ژینگەیەک، کەتێیدا پرسیارکردنی سەردەمیانە بوونی ھەبێ. ژینگەیەک، بەپلەی دووەم ‌ تێیدا، پێداویستییەکانی توێژینەوەی زانستی بوونی ھەبێ. سەرنج بدە، بوونی ژینگەی مەعریفی، خاڵێکی بنەڕەتییە بۆ دروستکردنی توێژینەوەی زانستی بەبەردەوامی، دواتر پێداویستییەکان، کەخۆی دەبینێتەوە لەباری دارایی دەزگاکە، بوونی توانای زانستی مرۆیی، لەگەڵ ئیدارەدانی ھاوچەرخ وکاریگەر(2004(Altbach, P. G, .

لەعێراق وکوردستان، پەنجا ساڵە توێژینەوە ھەیە، ساڵانە، ژمارەیەکی بەرچاو توێژینەوە دەکرێ، ڕەنگە ژمارەی پرۆفیسۆرەکان لەعێراقدا، زۆرتربن لەژمارەی پرۆفیسۆرەکان لەھۆڵەندا. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ئەو توێژینەوانە لەکوێیی دنیای مەعریفەدان؟ چییان بەخشیوە بە جیھان؟ کێ ئەم کارانەی بەکارھێناوە لەجیھاندا؟ کێ پشتی بەستووە بەو مەعریفەیەی کە لەتوێژینەوەکانی کوردستاندا دروستبووە؟ کاتێک کەخۆمان ڕەخنەدەکەین ودەگەینە ئەو خاڵەی کەلەناوچەکەش ئەستمە بتوانین کێبەرکێی جیھان بکەین، دەبێت بپرسین، ئەو ھەموو توێژینەوەی عێراقییە چییە؟ یان کوردستان؟ ئەی بۆ گەشە وەک چین وسەنگافورە وتایوان ناکەین؟ یان بۆ وێنەی وڵاتە عەرەبییەکان ڕووەو دواوە دەچین. ئێران وەک وڵاتی درواسێ لەئێمە باشتر نییە لەڕووی توانای مرۆیی وزەمینەی گەشەی فەرھەنگی مەعریفییەوە، بەڵام بۆ زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان دڵ بەئێران خۆش دەکەن؟

ژمارەی توێژینەوە، ھیچ لەئاستی مەعریفی ناوەندی ئەکادیمیا ناگۆڕێ، ئەگەر، جۆری کاری زانستی نەگۆڕێ. عەقڵی عێراقی، ھەمیشە پێداگریی لەسەر ژمارە کردووە، زۆری مامۆستا، زۆرکردنی زانکۆ، زۆرکردنی ھەموو شتەکان، بەبێ گەڕانەوە بۆ کواڵیتی وسەنگاندنی (نۆرمەڵایز، پێوانەکاری) شتەکان. کاتێک کەپێوانەکاری بەژمارە(پشت بەستن بە ژمارە بەتەنھا) دەچێتە نێو تێگەیشتنی حکومەتەکان یان نێو تێگەیشتنی بڕیاردەرەکان، زانکۆکان لەباشترین حاڵەتدا وەک زانکۆکانی عێراق و لوبنان و میسریان لێ دێت.

بەکورتی

فەرھەنگی مەعریفە، سەرەتای دروستکردنی عەقڵی بنیاتنەر وزانستییە. لێرەوە، ئەکادیمیای ھاوچەرخ، دەتوانێ کاربکات لەسەر پرسیارە ھاوچەرخەکان، مەعریفەی نوێ بۆ جیھان بەرھەم بھێنێت، یان مەعریفەی بەسوود وکاریگەر بۆ نیشتیمان بەرھەم بھێنرێت. دروستکردنی زانکۆی زۆر، دروستکردنی ئەکادیمی زۆر، بەبێ گەڕانەوە بۆ جۆری پرسیارەکان، ئاستی بەرھەمەکان، زانکۆکانمان دوورەپەرێز دەکەن لەدونیای ھاوچەرخ وگرفتی قووڵی مەعریفی بۆ نەوەکانی ئاییندە جێدەھێڵیین. ئەرکی ئەکادیمیا، ئەوە نییە زانکۆی زۆر، پرۆفیسۆری زۆر بخاتە ناو کۆمەڵگا. ئەرکی ئەکادیمیا، ئەوەیە پرسیاری گەورە بکات، پرسیاری گەورە وەڵامبداتەوە.


سەرچاوەکان

Alden, J., & Lin, G. (٢٠٠٤). Benchmarking the characteristics of a world-class university: Developing an international strategy at university level. London: Leadership Foundation for Higher Education.

Alma Maldonado-Maldonado Roberta Malee Bassett, (٢٠١٤) The Forefront of International Higher Education, Springer, ISBN ٩٧٨-٩٤-٠٠٧-٧٠٨٤-٣

Altbach, P. G. (٢٠٠٤). The costs and benefits of world-class universities. Academe ٩٠(١). Retrieved from http://www.aaup.org/AAUP/pubsres/academe/٢٠٠٤/JF/Feat/altb.htm

Charles Van Doren, A History of Knowledge: Past, Present, and Future, , ١٩٩٢, Ballantine Books, ISBN-١٠:٠٣٤٥٣٧٣١٦٢

Salmi, J. (٢٠٠٩). The challenge of establishing world-class universities. Washington, DC: World Bank.

Williams, R., & Van Dyke, N. (٢٠٠٧, June). Measuring the international standing of universities with an application to Australian Universities. Higher Education, ٥٣(٦), ٨١٩٨٤١.



ئه‌م بابه‌ته 1704 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر