جیهانی پاش کۆرۆنا چۆن جیهانێک دەبێت

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، گۆی زەویی لەگەڵ قەیرانێکی زۆر گەورە بەرەوڕوو کردووەتەوە. زۆربەمان ڕۆژانە لە خۆمان دەپرسین کە ئایا لەم قەیرانە ڕزگارمان دەبێت یان نە؟
PM:10:14:16/10/2020
دۆسیە: شیکار
چ کاتێک ئەم مۆتەکەیە کۆتایی پێ دێت؟

بێهزاد قادری
ڕۆژنامەنووس


وێڕای ژیان لەم سەردەمە مۆدێڕن و پێشکەوتووەدا، بۆچی هێشتا دەرمانێک بۆ ئەم پەتایە نەدۆزراوەتەوە؟

ئەگەر بۆ زیاتر لە 6 مانگی دیکە ئەم پەتایە درێژەی هەبێت، چی بەسەرکارو پیشەکەماندا دێت؟

ئایا دەتوانین پارەی پێویست بۆ بژێویی ژیانمان دابین بکەین؟

چۆن دەبێ لەگەڵ وەها هەڕەشەیەکدا ڕووبەڕوو ببینەوە؟

بەڵام پرسیاری گرینگتر ئەوەیە کە پاش تەواوبوونی پەتای کۆرۆنا، ئێمە لە چۆن دونیایەکدا دەبێ ژیان بکەین؟



ئەم پەتایەش تەواو دەبێت، مرۆڤ لە لەنێوچوون ڕزگاری دەبێت و زیندوو دەمێنێتەوە، بەڵام لە جیهانێکی جیاوازتردا ژیان دەکات دابڕگەی ناچاری بۆ مرۆڤەکانی سەدەی بیست‌ویەکەم، لە دوو قاپی "هەڕەشە و دەرفەتـدا دەناسێنرێت. هەڕەشە بۆ هونەرمەندە گرانبەهاکانی سینەما، یاریزانە بەناوبانگ و کەسانی هاوشێوە بەردەوام دەبێت؛ ئەم کەسانە هیچ ڕێگایەکی جێگرەوەیان نییە؛ ئەو کەسانە ناتوانن لە ئینتەرنێتدا یاریی تۆپی پێ بکەن یان لە ماڵدا لە فیلمەکاندا ڕۆڵ بگێڕن.

تەشەنەسەندنی کۆرۆنا، وڵاتانی تەنیا لەگەڵ قەیرانی تەندروستی ڕووبەڕوو نەکردووەتەوە، بەڵکوو بابەتگەلێکی وەک بژێوی، ئابووری و کەمیی خزمەتگوزاریش بووە بە کەڵکەڵەی سەرەکیی دەوڵەتەکان. داخستنی ناوەندە ئابوورییەکانیش، زەبرێکی توندی لە دەوڵەتەکان دا. "ئەندرۆ کۆمۆ" فەرمانداری نیۆیۆرک: "ناکرێت دۆلار وەک بەرامبەرێک بۆ ژیانی مرۆڤەکان دابنێین".

ڕاستی ئەوەیە کە ساڵێک پەکخستنی چالاکییە ئابوورییەکان، دەتوانێت ببێتە هۆی لەنێوچوونی نزیکەی یەک لەسەر سێی بەرهەمهێنانی ناپاقژی نێوخۆیی ئامریکا و هەرێمی ئەوروپا و بازاڕەکان تووشی مایەپووچی دەکات.

بەردەوامیی دابڕگە و ئەم دۆخەی ئێستا، چ بەڵایەک بەسەر پیشەکاندا دەهێنێت؟

تەشەنەسەندنی کۆرۆنا بووە هۆی پەرەسەندنی هەندێک لە پیشەکان کە بنەماڵەکان زۆر پێویستییان پێ هەبووە، هەروەها بە زیانی هەندێکی دیکە لە پیشەکان (گەشتیاری، ڕێستوورانتەکان، سینەما و شانۆ و...) بوو. پێشبینی دەکرێت کە ئەگەر 6 مانگی دیکە ئەم دۆخە بەردەوام بێت، کارەساتێکی گەورە لە ئابووریی جیهاندا ڕوو دەدات. لەلایەکی دیکەوە، ئەم بابەتە دەرفەتێکە بۆ ئەو کەسانەی کە دەتوانن هەموو ڕەهەندەکانی پیشەکەیان بە ئینتەرنێت جێبەجێ بکەن. ڕەنگە هەندێک کەسیش ناچار بن پیشەکەیان بگۆڕن!

ئایا ئێمە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئامادەی کۆتاییهێنان بە کاری مرۆیین؟

هەرگیز لە مێژووی مرۆڤایەتیدا وەک ئێستا نەمانتوانیبوو بێ ئەوەی کە بۆ شوێنێک بڕۆین ئەو هەمووە کارە ئەنجام بدەین. یەکێک لە نموونەکان ئەوەیە کە فرۆشتنی بلیت لە بلیتفرۆشییەکانی سینەماکان لە ساڵی 2019دا تا ئاستێکی نزم دابەزی و هۆکارەکەی ئۆگریی زۆر بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە کە ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پێشکەوتن بە خۆیانەوە دەبینن. لە ئێستاشدا و بەهۆی کۆرۆناوە، پێشبینی دەکرێت کە مرۆڤ ناچارەن زیاتر ڕوو دەکاتە ئینتەرنێت و ڕۆبۆت و کەرەستەکانی هاوشێوە.

پاش تێپەڕین لە کۆرۆنا، فەرهەنگی مرۆڤەکان چ گۆڕانکاریگەلێکیان بەسەردا دێت؟

لە مێشکی خۆتاندا وێنای بکەن، ئەگەر دۆخی ئێستا بۆ ماوەی ساڵێکی تر بەردەوام بێت، ڕووخساری شارەکان، مرۆڤەکان و سروشت چییان لێ بەسەر دێت؟

"ماتیاس هورکس" و هاوکارانی لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەیوەندیدار بە دامەزراوەی "ڕابێرت کۆخ" لە ئاڵمان، بەردەوام بیر لەم پرسیارانە دەکەنەوە و لێکۆڵینەوەگەلێکی بەربڵاویان بۆ وڵامدانەوە بە ئەم پرسیارانە دەست پێکردووە؟ "ماتیاس هورکس" و هاوکارانی لەمبارەوە ئاماژەیان بە سێ وەرزی سەرەکی کردووە:

1- کۆرۆنا، فەرهەنگی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەگۆڕێت: "کۆبوونەوەی دۆستان و هاوڕێیان بچووکتر دەبێتەوە. ئامادەبوونی تاکەکان لە شوێنێک، جێگای خۆی بە پەیوەندییە ڤیدیۆیی و ئینتەرنێتییەکان دەدات. دڵتەنگییەکان زۆرتر دەبنەوە و وردە وردە دونیای ئینتەرنێت جێگای بەتاڵی تاکەکان و ئازیزانمان پڕ دەکاتەوە. مرۆڤ بوونەوەرێکە کە هەمیشە پێویستی بە پێوەندیی حوزووری و ئامادەبوونی فیزیکی هەبووە، لە دونیای پاش کۆرۆنادا مێز و کورسییەکان لە هەمووکات زیاتر بەتاڵ دەبن".

2- کۆرۆنا، نێونجی خوێندنەوەی کتێب لە یەک ساڵدا بەرز دەکاتەوە: "کەسانێکی زۆر بۆ زیندوومانەوە ناچار دەبن کە فێر ببن و بخوێننەوە. دابڕگە دەرمانییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، گیانی نوێ بە کتێبە ئەلکترۆنیکی و کتێبەکانی نێو کتێبخانەکان دەبەخشێت. دابڕگە هونەر و داهێنانی تاک بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش پێدەگەیەنێت".

3- ڤایرۆسی کۆرۆنا پێی وتینەوە کە بوونی تەکنۆلۆژیا چەندە پێویستە. ڕەنگە مرۆڤ پاش کۆرۆنا زۆرتر لە پێش گرینگی بە تەکنۆلۆژیا بدات: "سیستەمی پەروەردە و بارهێنانی مرۆڤ گۆڕانی بەسەردا دێت. ڤیدیۆ کۆنفڕانسەکان و فێرکارییە ئانلاینەکان، وەرزێکی نوێ لە داهاتووی زانست و پەروەردەیە. هەموو قوتابخانەکان بەناچار خۆیان بە نوێترین ئامرازەکانی خوێندنی ئانلاین تەیار دەکەن و کۆمەڵێکی زۆر لە چەمکە پەروەردەیی و فێرکارییەکان گۆڕانی بەسەردا دێت. ئەم گۆڕانانە دەتوانێت ڕاستەوخۆ یان ناڕەستەوخۆ بێت. بۆ نموونە دارستانەکان ڕزگاریان دەبێت و کەمترین دار بۆ بەرهەمهێنانی کاغەز دەبڕدرێت".

پاش کۆرۆنا، ڕواڵەتی گۆی زەوی چۆن دەبێت؟

ناوەندی لێکۆڵینەوەی بیۆلۆجیکیی "میشیگان" پێکهاتوو لە گرووپێکی لێکۆڵەری بواری ژینگە (پەنجا بیرمەندی بواری ژینگە و نەخۆشییە بیۆلۆجییەکان) بۆچوونێکی جێگای سەرنج و سەرسووڕهێنەریان هەیە: "کۆرۆنا ژیانی بیۆلۆجیکیی هەسارەی زەوی دەگۆڕێت. بەرهەمهێنانی "دی ئۆکسیدی کەربۆن" بە ڕێژەی 200 ملیۆن مەتری سێجا کەم دەکات. پلەی گەرمای گۆی زەوی لە داهاتوویەکی نزیکدا دادەبەزێت. ئەگەر ئەم دۆخەی ئێستا ساڵێکی دیکە بەردەوام بێت، 700 جۆری گیانلەبەری لە لەنێوچوون ڕزگاریان دەبێت. بەرهەمهێنانی زبڵەکان بە ڕێژەی چەند سەد ملیۆن تۆن، کەم دەکات. تەندروستیی گشتی گەشە دەکات. ڕێکخراوە تەندروستییە جیهانییەکان بۆ پاراستنی مرۆڤ پێشکەوتن بە خۆیانەوە دەبینن و بودجەی تایبەت و سەرسووڕهێنەر بەم بۆنەوە تەرخان دەکەن. وڵاتانی هەژاریش زۆرتر لە هەمیشە دەسپێڕاگەیشتنیان بە فێرکاری و خزمەتگوزاریی دەرمانی دەبێت.

تێبینی: ڕەنگە ئەو خاڵانەی کە لەم بابەتەدا ئاماژەی پێکرا بەپێی کۆمەڵگەکان گۆڕانی بەسەردا بێت. بۆ نموونە لە کۆمەڵگەیەک "خوێندنەوەی کتێب" گەشە بکات، لە کۆمەڵگەیەکی تر "یاریی کۆمپیۆتێری".



ئه‌م بابه‌ته 261 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر