گرژییەکی مەترسیدار لە عێراق

هەفتەی ڕابردوو، شەپۆلی هێرشە مووشەکییە توند و بەردەوامەکان لە عێراق کە هێزەکانی ئەمریکا و بەرپرسانیان بەئامانج دەگرت درێژەی هەبوو.
PM:11:40:12/10/2020
دۆسیە: عیراقناسی
هەڵمەتێکی ڕێکخراو دژی ئەمریکا لەئارادایە، کێ بەرپرسە؟

جۆناسان سپایەر
نوسەر و ڕوناکبیر


ڕۆژی دووشەممە دوو مووشەکی کاتیۆشا لە گەڕەکی جەدریە لە بەغدا، نزیک لە ناوچەی سەوز کەوتنە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە. 

پێشتریش و لە 27ـی سێپتەمبەردا، پێنج کەسی سڤیل (دوو ئافرەت و سێ منداڵ) گیانیان لەدەستدا کاتێک کاتیۆشایەک کە بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا هاوێژرابوو زوو کەوتە خوارەوە بەسەر ماڵێکی تایبەتدا. پێنج کوژراوەکە ئەندامی یەک خێزان بوون. لە 30ـی سێپتەمبەریشدا، لە بارگرژییەکی تردا، چوار مووشەک شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیان بەئامانج گرت و لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوتنە خوارەوە. 

بەگشتی، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی هێرشی مووشەکیی دژی ئەمریکا لە عێراق ئەنجام دراون. لەئێستاشدا هەڵمەتێکی ڕێکخراوی توندوتیژیی و گێچەڵ پێکردنیش دژی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لەئارادایە. 

کەوایە کێ بەرپرسە لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی هێرشەکان لەئێستادا، ئامانج لەو هێرشانەش چییە؟ 

تەواوی ئەو ناوچانەی مووشەکەکانیان لێوە هاوێژراوە وا دەردەکەوێت ئەو ناوچە و شوێنانە بن کە لەژێر کۆنترۆڵی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران بن. 
"عصبە الثائرین"، کە پێشتر ڕێکخراوێکی نەناسراو بوو، بەرپرسیارێتیی بەشێکی زۆر لە هێرشەکانی لەئەستۆ گرتووە. ڕێکخراوەکە بەشێوەیەکی فەرمی لە 14ـی ئازاری 2020 دامەزراوە، هەمان ڕۆژی هێرشەکانی سەر بنکەی سەربازیی تاجی، کە هێزەکانی ئەمریکای تێدابوو. 

"عصبە الپائرین" نازناوێکی تاڕادەیەک گونجاوە بۆ چالاکییە یاخیبوونەکانی میلیشیا شیعەکان. بەتایبەتیش بزووتنەوەی 10،000 سەربازی "کتائب حزبولله"ـی، کە وا پێدەچێت شانە بەربڵاوەکانی لە عێراق، یاریکەری سەرەکی بن لەم چالاکیی یاخیبوونە تازە دەرکەوتووە. "عصائب الحق"ـیش بەشدارە، کە ئەمەیان گروپێکی بچووکترە. بەڵام ئەوە "کتائب حزبولله"ـیە کە وەک نەیاری سەرەکیی ئەمریکا لە عێراق دەردەکەوێت. 

"کتائب حزبوللە"، کە لەساڵی 2003 لەلایەن "ابو مهدی المهندس"ـی کۆچکردووەوە دامەزرا، لەنێو ئاپۆڕای گروپە چەکدارەکانی سەر بە هێزی قودسی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی عێراق، وەک هێزێکی هەڵبژاردە و تایبەت لەخۆی دەڕوانێت. بەڵام دامەزراو و پتەو بیرۆکراسی نییە هاوشێوەی ڕێکخراوی بەدر، کە ڕۆلێکی سیاسیی ڕەسمی دەبینێت هاوشان لەگەڵ سیفەتی هێزە نیزامییەکەی (لەئێستاشدا بوونێکی ڕەسمیی هەیە لەنێو حکومەتی هەنووکەی عێراقدا). 

لە چاوی هێزی قودسی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، "کتائب حیزبوللە" ڕێکخراوێکی پەسەندە کە سوودمەندە لە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بەرفراوان و مەشق و ڕاهێنان لەلایەن دەستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی. 

بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن "حەمدی مالیک"، لێکۆڵەری عێراقییەوە بڵاوکرایەوە،  "مەرام و خواستەکانی "کتائب حیزبوللە" بەشێوەیەکی بەرچاو فراوانبوونییان بەخۆوە بینیوە، ئەو هێزە میلیشیایەش بۆیە بڕواپێکراوترین هێزی وەکیلی ئێران بۆ مەرامی زیاتری ئەو وڵاتە لە عێراقدا." 

حەمدی مالیک لە لێکۆڵینەوەکەدا دەشڵێت،"لە لوبنان، حزبوللە ئەو ڕۆڵە دەگێڕێت، لە یەمەن، ئەنساڕوڵڵای حووسییە کە هاوکاری فراوانکردنی هەژموونی ئێرانە. لە عێراقیش، "کتائب حیزبوللە " وەک گروپی سەرەکیی دەردەکەوێت لە جێبەجێکردنی مەرامەکانی ئێراندا. "

هەروەها باس لەوەش دەکات، ئامانج و چالاکییەکانی ئەو میلیشیایە زۆر زیاترە لە هێرشی مووشەکیی ناوە ناوە. ئەو میلیشیایە، کۆنترۆڵی هێزی کارووباری ناوخۆیی حەشدی شەعبی کردووە، کە ئەمیان لە میلیشیا شیعە دیارەکان پێکهات بۆ جەنگی دژی داعش لە ساڵی 2014ـدا و لەئێستاشدا بەشێکی سەرەکیی هێزە ئەمنییە ڕەسمییەکانی عێراقە. 

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەلی "هشام الهاشمی"ـی لێکۆڵەری عێراقی، "کتائب حیزبوللە" هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییە بەرفراوانەکانی دەدات، کە بەشی زۆری ئەو بەرژەوەندییانە لەسەر بنەمای بەزۆر وەرگرتن بووە. "هشام الهاشمی" مانگی تەمموز لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە و بە ئەگەری زۆرەوە بەهۆی نووسینی ئەو لێکۆڵینەوەیەوە تیرۆر کرا، کە باس لە چالاکییەکانی میلیشیاکان دەکات لەم ڕووەوە. 

بەڵام ئەم ڕووە مافیائاسایەی چالاکییەکانی "کتائب حزبوللە" زۆر لەمێژە دەرکەوتووە. بۆ نموونە "هشام الهاشمی" لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2015دا باسی هەڕەشەکانی ئەو گروپەی دژ بە نەیارەکانی و بەزۆر زەوتکردنی موڵکی لەلایەن ئەو میلیشیایەوە لەشاری بەغدا کردبوو. 

"کتائب حزبوللە" کۆنترۆڵی دەروازەی سنووریی "القائم البو كمال"ـی نێوان عێراق و سووریایشی کردووە. ئەو خاڵە سنوورییە خاڵێکی بەیەکەوە بەستنەوەی گرنگە هاوشانی ئەوەی ڕێڕەوێکی وشکانییشە کە لەلایەن ئێرانەوە بۆ گواستنەوەی چەکدار و کەرەستەی سەربازیی لە وڵاتەکەی خۆیەوە بۆ بەرەکانی جەنگ لە سووریا و لوبنان بەکار دەهێنرێت." کتائب حزبوللە" لەم دەرزاوە سنوورییە زامنی ئەوەش دەکات کە هیچ نوێنەرێکی حکومیی عێراق و سووریا بەبێ مۆڵەتی هێزەکانی سەر بە ئێران نەتوانن نزیکی ئەم ناوچەیە بکەون. 

"کتائب حزبوللە"، هاوشان لەگەڵ گروپەکانی دیکەی سەر بە ئێران، ماوەی چەند مانگێکە دەستی بە تیرۆرکردنی نەیارە سیاسییەکانی کردووە، کە دیارترینی تیرۆرکرا وشەکان تا ئێستا "هشام الهاشمی" لێکۆڵەری لەوەوپێش ناوبراو بووە. بەڵام دەیان کەسی دیکەش لە چەند مانگی ڕابردوودا ون بوون، یاخود ناچار کراون ڕوو بکەنە هەرێمی کوردستان، کە میلیشیا شیعەکان دەسەڵاتیان بەو هەرێمە ناگات.

لەنێو میلیشیا شیعەکانی عێراقدا، لەوە دەچێت لەئێستادا ئەمریکا " کتائب حزبوللە"ـی وەک دیارترین دووژمنی خۆی ناساندبێت. لە کۆتاییەکانی مانگی سێپتەمبەریشدا، مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، نیازی ئەمریکای بۆ داخستنی باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا (هەروەها گواستنەوەی باقی نوێنەرانی کونسوڵخانەی وڵاتەکەی بۆ شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستان) ئاشکرا کرد ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن و حکومەتەکەی مستەفا کازمییش شکست بێنێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی میلیشیاکاندا.
 
ڕۆژی 26ی مانگی ڕابردوو، "دێڤد ئیگناتیوس" ، لە پەڕاوی خۆی لە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە بەپێی هەواڵی سەرچاوەیەکی میدیایی عێراق لە زاری پۆمپیۆوە ڕایگەیاندووە، "ئەگەر هێزەکانمان بکشێنەوە و باڵوێزخانەکە بەم شێوەیە دابخرێت، ئەوا حیسابەکانمان لەگەڵ هەموو کەسێک پاک دەکەینەوە کە تێوەگلانی لەو هێرشانە سەلمێنرابێت." 

"دێڤد ئیگناتیوس" ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەپێی نووسراوەکە، مایک پۆمپیۆ بەدیاریکراوی ناوی "کتائب حزبوللە" و"عصائب اهل الحق"ـی هێناوە. تا ئێستا ئەگەرێکی دوورە کازمی ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر، تەنانەت دەبێت خۆزگە بخوازێت کە بتوانێت. لە هەوڵەکانیدا، تا ئێستا بە گومانی تێوەگلان لە هێرشە مووشەکییەکان 13 ئەندامی "کتائب حزبوللە"ـی دەستگیر کردووە و پاش چەند ڕۆژێکی کەم بەهۆی گوشارەوە ئازادی کردوون. 

سەرۆک وەزیرانی عێراق بناغەیەکی سیاسیی پتەوی تایبەت بەخۆی نییە، گرنگیی ئابووریی پەیوەندیی عێراقیش لەگەڵ ئێران لەوانەیە ببێتە هۆی بەربەستێکی دیکە. بێگومان لایەنە ئابوورییەکانی پاراستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکاش لە هی ئێران کەمتر نییە. سەرۆک وەزیرانی عێراقیش پێی باش بوو هەوڵی ڕازیکردنی هەردوولا بدات. 

وێڕای دەروازەی سنووریی "القائم"، هێزەکانی قودسی ئێران لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوێکی دووەمە تا لێیەوە بگاتە عێراق، لەڕێی دیالە، سەڵاحەددین و دەشتەکانی نەینەوا، پاشان بەرەو شەنگال و سنووری سووریا. ئەو موشەکانەش ئاڕاستەی هەولێر کران لەو شوێنەوە بوون. 

"کتائب حزبوللە" لەهەمانکاتدا خەریکی پەرەپێدانی توانا مووشەکەکانیەتی. بەڕای زۆرێکیش ئەو گروپە بەرپرسە لە هێرشەکانی مایسی ساڵی ڕابردووی سەر کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی. 

ئەوانەی پێیان وابوو کوشتنی قاسم سلێمانی و مهندس لە 3ـی کانوونی یەکەمی 2020 گورزێکی کوشندە بوو بۆ پڕۆژەی میلیشیا شیعەکانی ئێران لە عێراق پێویستە بە دەرەنجامی کۆتایییاندا بچنەوە. 

نووسەر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بۆ ڕاپۆرت و شیکاری و توێژەری کۆڕبەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئینستیتیوتی ئۆرشەلیمە بۆ ئاسایش و ستراتیژی. هەروەها نووسەری "ڕۆژەکانی کەوتن"ە، کە ناونیشانی گەشتێکی ڕۆژنامەوانییە جەنگەکانی بۆ عێراق و سووریا.

وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا
 



ئه‌م بابه‌ته 429 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر