شێخ مەحمود مەلیکی کورد

شۆڕشگێڕی ناوداری کورد شێخ مەحموودی کوڕی شێخ سەعیدی کوڕی شێخ محەمەدی کوڕی کاک ئە‌‌حمەدی شێخە، ئەم کەسایەتییە مەزنەی کورد ساڵی لە دایک بوونی گومانی لەسەرە هەندێک سەرچاوە دەڵێن لەساڵی 1881دا لەسلێمانی لەدایکبووە، هەندێک سەرچاوەی تر دەڵین کە لە ساڵی ١٨٧٨ و یان ١٨٨٢ لە دایکبووە.
PM:07:53:09/10/2020
دۆسیە: نەتەوەسازی
ئەوسا هیچ دەوڵەت، یا حکومەت، یا دامودەزگایەک هێشتا بەناوی عێراقەوە نەهەبو.

وشیار جەمال
نوسەر و توێژەر


ژیانی شێخ مەحمود.

زانستی شەریعەت و فیقه و داڕشتن و بنچینەی تەسەوفی خوێندووە و لەساڵی 1904دا لەگەڵ شێخ سەعیدی باوکی سەردانی ئەستەمبوڵیان کردووە و چاویان بەسوڵتان عەبدولحەمید کەوتووە و ڕێزێکی زۆریان لێنراوە جگە لە زمانی کوردی زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی زانیوە.

شۆرشەکەی شێخ مەحمود.

لە دەمە دەمی بڕانەوەی یەکەمین جەنگی جیهانی دا. کە نیشانەکانی شکانی تورک و سەرکەوتنی بریتانیا لە دەرکەوتندا بوو.هەلومەرجی شاری سلێمانی و دەوروبەری زۆر خراپ بوو، زۆری دوکان و بازاڕ و خان و خانو و کاروانسەرا و حەمام و مزگەوت و قوتابخانەکانی وێران بوبوون وەکو هەندێ سەرچاوە ئەگێڕنەوە: لە ۳ کەسی دانیشتوانی سلێمانی، ۲ کەسی فەوتا بوون، تەنیا ۱ کەسی بە زیندووی مابوو. 

هێزەکانی بریتانیا خوارو ناوەڕاستی عێراقیان گرتبوو،هەڵئەکشان بەرەو موسڵ هێزەکانی عوسمانی لەبەردەم پێشڕەوی ئینگلیزدا ئەشکان و ئەکشانەوە. شێخ مەحموود ناسراوترین کەسایەتی سیاسی و دەسەڵاتداری ناوچەی سلێمانی بوو. لە ساڵانی جەنگدا ۲جار هێزی موجاهیدینی کوردی برد بوو بۆ بەشداری شەڕ. جارێکیان بۆ قۆڵی پێنجوێن بۆ بەرهەڵستی هێزی روس و جارێکی تر بۆ بەرهەڵستی ئینگلیز لە شوعەیبیە.

شێخ مەحموود شارەزای زوڵم وزۆری کاربەدەستانی عوسمانی بوو. هەروەها پرنسیپەکانی وێڵسنی سەرکۆماری ئەمریکی سەبارەت بە سەلماندنی مافی ئازادی چارەنوسی گەلانی نەتورکی ناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بیست بوو.

کە هێزی ئینگلیز لە ۷ی مایسی 1918دا گەیشتە کەرکوک، شێخ مەحمود نامەی بۆ نوسین، بەڵام هێزەکانی ئینگلیز لە ٢٤ ی هەمان مانگدا لە کەرکوک کشانەوە. نامەکەی شێخ مەحمود، لەباتی ئەوەی بگاتە شوێنی مەبەست، کەوتە دەست تورک، لەسەر ئەوە شێخ مەحمودیان گرت و حوکمی ئیعدامیان دا. لەو کاتەدا باری تورک گلا بوو. لە ئیعدام کردنی شێخ مەحمود نەک هیچ قازانجێکیان نەئەکرد، بەڵکو ئەبوو بەهۆی ناڕەزایی زۆرتری خەڵک لە تورک. عەلی ئیحسان پاشا، سەرکردەی لەشکری تورک شێخ مەحمودی بەخشی. کە کاربەدەستانی تورک سلێمانییان بە جێ هێشت، کاروباری ناوچەکەیان بە شێخ مەحمود سپارد.

ڕەوتی شەڕ وەکو دیار بوو بە قازانجی ئینگلیز و دۆڕانی عوسمانی تەواو ئەبوو. لە ۲٥ی تشرینی یەکەمی 1918 هێزی ئینگلیز گەیشتە کەرکوک. ئەگەرچی لە ۳۱ی تشرینی یەکەمی 1918دا شەڕ لە نێوان عوسمانی و ئینگلیزدا راگیرا. بەڵام هێزەکانی ئینگلیز بەرەوژور پێشڕەوییان کرد. لە ۱۰ی تشرینی دووەمی1918 دا چونە ناو شاری موسڵەوە. بەمەش هەر ۳ ولایەتەکەی عێراقیان خستە ژێر دەستی خۆیانەوە.

پاشان سەرۆک هۆزە کوردەکان کۆبوونەوەیەکیان کرد بە سەرۆکایەتی شێخ مەحمود بڕیاریاندا نامەیەک بە نوێنەرێکی تایبەتدا بنێرێت بۆ لای حاکمی ئینگلیز لە عێراق و داواکردنی فەرمانڕەوایەتی کوردی لە ژێر سەرپەرشتی بەریتانیادا بە کردەوەش ئەوە کراو نامەکە نێردرا بۆ کفری، درایە دەست ئەفسەرەکانی ئینگلیز و کاتێکیش نامەکە گەیشت بە فەرمانڕەوای سەربازی بەریتانیا سێر ئەرنۆڵد وێلسن لە بەغداد، ڕازی بوو لەسەر ناردنی مێجەرنۆئیل بۆ سلێمانی کە لە ساڵی ١٩١٨ کۆبوونەوەیەکی بەست کە پیاوانی ئاینی و سەرۆک هۆزەکان و پیاو ماقوڵانی شارەکە ئامادەی بوون تێدا بەناوی حکومەتی بەریتانیاوە شێخ مەحمودی وەک حکومداری گشتی هەموو باشوری کوردستان دەستنیشان کرد و مێجەر نوئێل-یش واتە خۆی وەک ڕاوێژکاری شێخ مەحمود دامەزراند، هەروەها چەند ئەفسەرێکی تری بریتانیش بۆ مەشقی لەشکر و کاروباری بەڕێوبەرایەتی لە سلێمانی دانران.

ستیڤن لۆنگریک لە کتێبکەیدا عێراق لە 1900 - 1950دا لەبارەی فەرمانڕەوایی شێخ مەحموودەوە دەڵێت: "‌دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی شێخ مەحموود ناوچەکانی هەڵەبجە و سلێمانی تا دەگاتە ڕ‌ەواندزی گرتەوە و ماوەیەکیش کۆیە و ناوچەکەیشی سەربە میرییەکی شێخ بوون و بەدەیان سەرۆک خێڵی کوردی چوونە پاڵی و زمانی کوردی بووە زمانی فەرمیی میرییەکەی و فەرمانبەری لە کورد بەولاوە کەسی تر نەبوون. ئەم هەنگاوەی بریتانیا دو کێشەی لە دوای خۆی بەجێ هێشت کە هەتا ئێستاش گەلی کورد لە عێراق دا بەدەستیانەوە گیری خواردووە:

کێشەی یەکەم: ئینگلیز وڵاتێکی بەناوی کوردستانەوە ناسی. بەڵام سنووری جوگرافیایی ئەو کوردستانە کوێیە؟

ئەوسا هیچ دەوڵەت، یا حکومەت، یا دامودەزگایەک هێشتا بەناوی عێراقەوە نەهەبو، نە دامەزرابوو. کوردستانی جنوبی وەکو ئەوسا پێی ئەوترا، بەشێکی لەسەر ویلایەتی موسڵ و بەشێکی لەسەر ویلایەتی بەغداد بوو. ئینگلیز شێخ مەحموودی بە حوکمداری کوردستانی جنوبی ناسی، بەڵام سنووری جوگرافییان دیاری نەکرد. شێخ مەحمود لە سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەریدا مایەوە، دەسەڵاتی حکومڕانی نە گەیشتە هەولێر و بادینان و گەرمیان.

کێشەی دووەم: ئینگلیز مافی گەلی کوردی لەسەر بنچینەی حوکمدار و حوکمدارێتی ناسی. بەڵام حوکمدار و حوکمدارێتی چیە و تەعریفی قانونی و سیاسی و بەڕێوەبەرایەتی ئەم زاراوانە چین؟.

ئینگلیز ئەم وشە نائاشنایانەی هێنایە کایەوە. لەکاتێکدا زاراوەیەکی لەو بابەتە لەقانونی دەستوری عوسمانی یان ئینگلیزیدا نەبوو.

ئەم دوو کێشەیە کە بوون بەهۆی تێکچونی پەیوەندی شێخ مەحمود و ئینگلیز و هەڵگیرسانی شەڕ و شۆڕش. دواتر لە هەموو گفتوگۆیەکانی کورد و حکومەتەکانی عێراقدا ڕەنگیان دایەوە. سنوری جوگرافی کوردستان کوێیە و مافەکانی نەتەوەی کورد لە عێراقدا، تەنیا ڕۆشنبیری و بەڕێوەبەرییە، ئۆتۆنۆمییە، فیدراڵی یە، یان کۆنفیدراڵی یە، بە دیاری نەکراوی مایەوە.

هەروەها ئەو کات پەیوەندیە دۆستایەتیەکانی نێوان بەریتانیا و فەرمانڕەوایەتی شێخ مەحمود تەمەنی درێژ نەبوو ناکۆکیەکان دەستیان بە دەرکەوتن کرد بە تایبەت دوای گواستنەوەی مێجەر نوئێل و دامەزراندنی مێجەرسۆن لە شوێنەکەی وەک ڕاوێژکاری حوکمداری کوردستان. ناکۆکیەکان توند بوون ئەویش کاتێک کە  مێجەرسۆن دەستیکرد بە نانەوەی ئاژاوە و فێڵ و تەڵەکە لە دژی شێخ مەحمود و هەوڵدان بۆ کڕینی لایەنگری و پەیمانی ئاغاکان ودەسەڵاتدارە کوردەکان دژی شێخ مەحمود. 

هەربۆیە شێخ مەحموود هەستی دەکرد بەریتانیا بەدڵ‌ لەگەڵ‌ کورد نییە و وردە وردە لە پەیمان و بەڵێنەکانی، کە بە کوردی دابوون پاشگەز دە‌بێتەوە، بۆیە لە ڕۆژی 21ی مایسی 1919دا سەربەخۆیی دەسەڵاتەکەی ڕاگەیاند و مەحمود خانی دزڵی، کە کەسایەتییەکی بەهێزی ناوچەی هەورامان بووە شێخ داوای هاوکاریی کردنی لێ دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای ئینگلیز، ئەویش بە سوپاکەیەوە دێت و هاوکاری شێخ مەحمود دەکات سوپای ئینگلیز دەشکێنن و سلێمانی ڕزگار دەکەن لە دەستی ئینگلیزەکان. ئینگلیزەکانی لە سلێمانی و ناوچەکانی وەدەرنا و بەشێک لە ئەفسەرەکانی ئینگلیزیان بەدیلگرتن.

زۆری پێنەچوو ئینگلیزەکان هێزێکی چەکداری گەورە و گرانی خۆیان کۆکردەوە لە قۆڵی کەرکووکەوە بەرەو سلێمانی هاتن ، هێزێکی شۆرشگێری کوردی بە سەرۆکایەتی شێخ مەحمود لە تاسڵوجەی نزیک شاری سلێمانی بەرەنگاری بووە،شکستیان بە هێزەکەی ئینگلیز هێنا زیانێکی زۆری بەرکەوت لە کوژراو بریندار و دەستکەوتنی بڕێکی زۆر چەک و کەرەستەی جەنگی.

ئەم جەنگە لەنێوان هێزەکانی شێخ مەحمود و سوپای ئینگلیز بەردەوام بوو تا لە ڕۆژی ١٩/٦/١٩١٩ کاتێک شەڕێکی مەزن لە دەربەندی بازیان لە نێوان لەشکری شێخ مە‌‌حموود و سوپای ئینگلیزدا ڕووی دا کە  کەریم بەگی فەتاح بەگ چونە لای شێخ مەحمود و تکای کرد کە لەهیچ شوێنێکی دونیا دانەبوە مەلیک خۆی بچێتە شەڕەوە تکایە جەنابت بگەڕێرەوە بۆ سلێمانی شەڕەکە بە ئێمە بسپێرە ، چونکە تۆ وەک سەری میلەتەکە وایت، گەر سەرت کەلاشەت بکەوێ ، ئەو دەمە لاشەش خۆی ناگرێ و شکست دەهێنین.

لەوەڵامدا شێخ مەحمود دەڵێت:(من هەربۆ ئەوە هاتووم چاوم لە بازووی شێرە کوڕانم بێت تا ببینم چۆن ئەم دەربەندە دەکەنە گۆڕ بۆ سوپاکەی ئینگلیز).

کە سوپای ئینگلیز بە چەندین جۆر چەکی نوێ وەک تانک و فرۆکە و تۆپ  و یەک فیرقە هێزەوە لە کوردیان دەدا و لە ئەنجامی ناپاکی و خیانەتی هەندێک لە ئاغاکانی هەمەوەند هێزەکانی ئینگلیز پشتیان لە هێزەکەی کورد گرت و دوای شەڕێكی سەخت شێخ مەحمود  لە پەنا بەردە قارەماندا بە برینداری بەدیلگیراو گواسترایەوە بۆ کەرکوک و پاشان بۆ بەغدا و دادگای سەربازی فەرمانی لەسێدارەدانیدا، ئەگەر چی شێخ مەحمود ڕەتی کردوە دان بەوەدابنێت کە ئەو دادگایە شایستە بێت بۆ دادگای کردنی بەو پێیەی ئەو  حکومداری کوردستان نەک ئینگلیز بەڵام دوایی بیریان لەوەکردەوە، گەر شێخ مەحموود بکوژرێ باری کوردستان پتر ئاڵۆز دەبێ و شێخیش دیلەکانی ئینگلیزی نەکوشتوون و هێرشێ نەکردۆتە سەر سوپای بەریتانیا، بەڵکو لەباری بەرگری لە خۆکردندابووە، بۆیە بڕیاریاندا فەرمانی سزاکەی سووک بکرێ بۆ ١٠ ساڵ و دوور خرێتەوە بۆ هیندستان و پاشان گواستیانەوە بۆ وڵاتی کوێت.

لەپاش دوورخستنەوەی شێخ مە‌حموود لە سلێمانی، باری ئاسایشی کوردستان پتر تێکچوو، بۆیە بەریتانیا بیری لە هێنانەوەی ئەو پاشایەی کوردستان کردەوە بۆ دامرکاندنەوەی ئەو پەشێوییە، وابوو ئینگلیزەکان لەدوا دوایی مانگی ئەیلوولی ساڵی 1922دا شێخ مەحموودیان هێنایەوە بۆ کوردستان و پێشوازییەکی گەرمی لێکراو ناوی نا پاشای کوردستان و لە مانگی تشرینی دووەمی 1922دا میرییەکی نوێ دامەزراند و میری بەریتانیا و مەلیکی عێراق فەیسەڵی یەکەم دانیان پێدانا کە پێشتر چەندین کۆبوونەوە لە نێوان (شێخ مەحمود و وڵسن حاکمی ئینگلیز لە عێراق و مەلیک فەیسەڵ) کرابووتابیەت بەو پرسە.

پاشان شێخ مەحمود دەستی بەدامەزاندنی کابینەی حکومەتەکەی کرد لە ڕێکەوتی ١٠/١٠/١٩٢٢ پێکهات کە هەر ئەو ڕۆژە شاری سلێمانی بە پایتەختی حکومەتەکە ناسێنرا و شێخ مەحمود وتارێكی خوێندەوە،بەڵام شێخ مەحمود ئاواتی زۆر لەوە گەورە تری هەبوو هەربۆیە پاش کەمتر لە مانگێک ناوی حکومداریەکەی گۆڕی و نازناوی مەلیکی کوردستان دانا، پاشان دەستی کرد بە پرۆژەی ئاوەدان کردنەوەی شارە کوردیەکان، هەروەها ئاڵای کوردستان بەرزکرایەوە کە پێکهاتبوو لە(مانگێکی سور و پارچەیەکی سەوز و لەگەڵ تاجێکی ڕەنگاوڕەنگ لەسەر ئاڵاکە. هەردوو حکومەتی عێراقی و بەریتانی بەیاننامەیەکیان بڵاوکردوە کە تێدا ڕایانگەیاند دان دەنێن بە مافی کورد و حکومەتەکەی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا.

ناوی وەزیرەکانی حکومەتەکەی شێخ مەحمود.

١/ شێخ قادری شێخ حەسەن   سوپاسالار.

٢/ شێخ حەمە غەریب        وەزیری ناوخۆ.

٣/ عەبدولکەریمی عەلەکە    وەزیری دارایی.

٤/ مستەفا پاشای یاموڵکی   وەزیری مەعاریف (پەروەردە و ڕۆشنبیری).

٥/ شێخ عەلی ئەفەندی قەرەداغی  وەزیری داد و شەریعەت.

٦/ ئەحمەد بەگی فەتاح بەگ        بەڕێوەبەری گومرگ.

٧/ سەید ئەحمەد بەرزنجی            بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی (ئەمنی عام).

شایەنی باسە لەو ماوە کەمەدا کە  موستەفا پاشا وەزیری پەروەردە بووە، سەرەڕای نەبوونی داهات و کەمی مامۆستا، موستەفا پاشا توانی دوو قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی (مەحمودییە) و (قادرییە) لە سلێمانی دروست بکاتەوە.

هەوڵدان بۆ کوشتی شێخ مەحمود.

ئەگەرچی لە مانگی حوزەیرانی 1925دا عێراق بە تەنگوچەڵەمەیەکی وەزاریدا تێ ئەپەڕی، یاسین هاشمی ئیستیقالەی ئەکرد و وەزارەتەکەی ئەڕوخا و وەزارەتێکی تازە لەسەر تەکلیفی مەلیک فەیسەڵ، بە سەرۆکایەتی عەبدولموحسین سەعدون تەشکیل ئەکرا. بەڵام دیارە ئەم ڕوداوانە کاریان لەو بڕیارە نەکردوە کە ئەنجومەنی وەزیران لەسەر داوای مەندوبی سامی بە دەستیەوە بووە.

بڕیاری چوارەمی ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنی ۱۳ی حوزەیرانی 1925دا: 

نوسراوی(ژمارە بی. نۆ/١٢٢ی ٨ی حوزەیرانی1925)ی موستەشاری فەخامەتی مەندوبی سامی عێراقی خوێندەوە سەبارەت بە تەرخان کردنی ۱۰۰ هەزار روپیە پاداشت(جائیزە) بۆ گرتن وە یا کوشتنی شێخ مەحمود و، کەریمی فەتاح بەگ و سابیری کوڕی. لەوە ٦۰ هەزار ڕوپییەی بۆ کوشتن وە یا گرتنی شێخ مەحموود و ۲۰ هەزار ڕوپیەش بۆ هەر یەکێ لە کەریمی فەتاح بەگ و سابیری کەریم بەگ. بۆ مەرجەی ئەو پارەیەی بۆ کوشتنی یەکێ لەو سیانە ئەدرێ چوار یەکی ئەو پارەیە بێ کە بۆ گرتنیان ئەدرێ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا ئەم پێشنیارە قبوڵ بکات"

بریاری دووەمی ئەنجومەنی وەزیرانی لە دانیشتنی ڕۆژی ۳۰ی حوزەیرانی١٩٢٥ دا: 

نوسراوی(بی.نۆ/۱٥۱ی ۱۹ی حوزەیرانی ١٩٢٥)ی فەخامەتی مەندووبی سامی خوێندەوە. سەبارەت بە ڕاسپاردنی موفەتیشی ئیداری سلێمانی بۆ دانانی جائیزە بۆ ئەو مەبەستەی لە بڕیاری چوارەمی دانیشتنی ۱۳ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٥ دا باس کراوە، بۆ کەسانێک جگە لە ئەفرادی هێزی ئاسوری. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا دەسەڵات بدا بە موفەتیشی ئیداری سلێمانی کە بۆ هەندێ کەسی هەڵبژێردراوی ڕون بکاتەوە کە ئەگەر ئەنجامی ویستراو بە هۆی ئەوانەوە بۆ جائیزەکەیان ئەدرێتێ بەو مەرجەی لە سنووری ئەو مەبلەغەدا بێ کە ئەنجومەن لە دانیشتنی ۱۳ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٥ دا موافەقەتی لەسەر کردووە".

تەرخانکردنی ٦۰ هەزار ڕوپیە بۆ گرتن وە یا کوشتنی شێخ مەحمود. لەبەر ئەوە بوو کە شێخ مەحموود سەرکردەی جوڵانەوەکە بووە لایان وا بوە بە لەناو بردنی ئەو جوڵانەوەکەیش تەواو ئەبێ. هی کەریمی فەتاح بەگ و سابیری کوڕیشی لەبەر ئەوە بووە تاوانبار بوون بە کوشتنی کاپتان بۆند و ماکانت کە دوو ئەفسەری ئینگلیزی بوون.

لەو کاتەدا سێر هێنری دوبس مەندوبی سامی بووە لە عێراق. کاپتن لاین موفەتیشی ئیداری سلێمانی بووە، پێ ئەچێ نەیانویست بێ تەرخان کردنی ئەم جائیزەیە لەناو خەڵکدا بڵاو بکەنەوە. بەڵکو ویستویانە لە ڕێگەی چەند کەسێکی هەڵبژێردراوەوە کارەکە ئەنجام بدەن، بەڵام سەرەڕای تەرخان کردنی ئەم پارە زۆرە نەیانتوانیوە کەسانێک پەیدا بکەن شێخ مەحمودیان بۆ بکوژێ.

شێواندنی ناوبانگی شێخ مەحمود.

دەسەڵاتدارانی ئینگلیز بۆ شێواندنی ناوبانگی شێخ مەحمود و زڕاندنی ناوی خۆی و لایەنگرەکانی، هێرشێکی پڕوپاگەندەی فراوانیان دەست پێ کردووە. لەلایەکەوە ژیان کەوتۆتە نوسینی وتار و لێدوان و لەلایەکی ترەوە بە تۆمەتی بەفیڕۆدانی پارەی شارەوانی داویانەتە دادگا.

وشککردنی سەرچاوەکانی دەرامەتی شێخ مەحمود.

شێخ مەحموود ئەرکێکی دارایی گەورەی لەسەر شان بووە، بەرپرسی دابینکردنی پێویستیەکانی ژیانی خێزانەکەی خۆی و هەموو چەکدارەکانی بووە، نە هیچ دەوڵەتێک هەبووە یارمەتی دارایی بدا و نەخۆیشی دەزگایەکی دارای هەبووە ئەم کارە ئەنجام بدا. سەرچاوەی دەرامەتی بریتی بووە لە مڵکانەی زەویی و زاری گوندەکانی خۆی و لەو باجەی لە دانیشتوانی دێهات و خێڵە ڕەوەندەکانی کۆ کردۆتەوە.

هەربۆیە بۆ بۆ بنبڕکردنی بزوتنەوەکە، ئینگلیز و عێراق  ڕێوشوێنی وشک کردنی سەرچاوەی دەرامەت و دارایی شێخ مەحموودی دانا. لە لایەکەوە بە زەوت کردن و دەست بەسەرا گرتنی هەموو موڵکەکانی خۆی و کوڕەکانی و هاوسەرەکانی و خوشکەکەی و لە لایەکی ترەوە بە ڕێگرتن لە کۆکردنەوەی باج و سزادانی ئەوەی باج ئەدا.

خۆپیشاندانی بەردەرکی سەرا و شێخ مەحمود.

ئەمجارەش بەریتانیا لەگەڵ کورد سەر ڕاست نەبوو، بەتایبەتی کە پەیمانی سیڤەر پووچەڵکرایەوە و لەشوێنی ئەو پەیمانی لۆزان لە ٢٤/٧/ ١٩٢٣دا لەگەڵ تورکیا کەمالی مۆرکرا، دووبارە لە میریەکەی شێخ مەحموود درایەوە و ماوەیەک مەلیک مەحموود چووە چیای سورداش و دوایی گەڕایەوە سلێمانی، بەڵام لەساڵی 1924دا سوپای عێراق بە پشتگیری تانک و تۆپ و فڕۆکەی بەریتانیا سلێمانی داگیرکرد و ئەندامی بەریتانیا خودموختاریشی بۆ کورد ڕەوانەبینی تەنیا ئەو مافەی دا بە کورد کە فەرمانبەرەکانی کوردستان کوردبن یا کوردی زان بن و زمانی کوردی بکرێ بە زمانی فەرمی لەناوچەکەدا. ئەمەیش بە نامەیەکی فەرمی بۆ شێخ مەحمود ناردوە تێیدا نووسی لەوە زیاتر چیدیکەتان پێنادرێ.

بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لەسەر ئەوەی مافی نەتەوەیی کورد لە پەیماننامەی عیراقی-بریتانی دا باس نەکرابوو. خەڵکی سلێمانی بڕیاریان دا کە بەشداری لە هەڵبژاردنی دەورەی سێیەمی مەجلیسی نوابدا نەکەن. ئەو مەجلیسەی ئەبوو پەیماننامەکە تەسدیق بکا. بەڵام کاربەدەستانی بەریتانی و عێراقی ئەیانویست هەرچۆنێ بێ ئەگەر بە ڕواڵەت و ڕوکەشیش بێ، هەڵبژاردن لە سلێمانی بکرێ.

ڕۆژی ٦ی ئەیلولی ۱۹۳۰ کە ئەبو هەیئەتی تەفتیشیە لە سەرای سلێمانی دا کۆ ببێتەوە بۆ سەرپەرشتی هەڵبژاردنی مەبعوسەکانی سلێمانی، شاری سلێمانی خرۆشا، دوکان و بازاڕ داخرا و خەڵک لە بەر دەرکی سەرای سلێمانی کەوتنە خۆپیشاندان دژی هەڵبژاردن. لە ئەنجام دا بو بە تەقە، جەیشی عێراقی بۆ دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکە تێکەڵاوی ڕوداوەکە بوو. دەیان کەس کوژران و دەیان کەس بریندار بوون و دەیان کەسایەتی ناسراوی سلێمانی گیران. ئەم ڕوداوە شێخ مەحمودی بزواند و لە گۆشەگیری دەرچوو، ۳ ئەفسەری کورد: مەحمود جەودەت، حەمید جەودەت، کامیل حەسەن،ڕیزی جەیشی عێراقیان بەجێ هێشت و دایانە پاڵ شێخ مەحمود.

شێخ مەحمود چەند نامەیەکی بۆ موفەتیشی ئیداری سلێمانی، مەندوبی سامی بریتانی لە عێراق، کۆمەڵەی گەلان نوسی. داوای لێ کردن که حکومەتی عێراق لە زاخۆوە هەتا خانەقین چۆڵ بکات و دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ لەژێر ئینتیدابی بریتانیا یا هەر یەکێ لە دەوڵەتە گەورەکان دروست بکرێ. کاربەدەستانی بریتانیا زۆر بە توندی چونەوە بە گژ ئەم داوایانە و بە گژ شێخ مەحمودا.

دوا ڕاپەڕینی شێخ مەحموود لەدژی میری عێراقی ژێر چاودێری بەریتانیا لەدوای شەڕەکەی بەردەرکی سەرای سلێمانی و کوشتنی دەستەیەک لەخۆپیشاندەران بوو، کە ئەو کاتە لەدیوی کوردستانی ئێران لە (پیران) دادەنیشت، کە هەواڵی ئەو ڕاپەڕینەی میللەتی زانی، هاتەوە پێنجوێن و ئەو ناوچەیەی ئازادکرد و پیاوماوقوڵی ئەو ناوەی کۆکردەوە و بە هەموویان لەسەر ڕاسپارد‌ەی شێخی نەمر یادداشتێکی توندیان بۆ نوێنەری بەریتانیا لەبەغدا نووسی و داخوازییەکانی گەلی کوردیان تێدانووسی، کە بریتی بوون لە مانەی خوارەوە:

* دامەزراندنی وڵاتێکی کوردی لە زاخۆوە تا پشتی خانەقین و هیچ عەرەبێک نە سەرباز نە سیڤیل لەم شوێنەدا نەمێنێت.
* ئەم ناوچەیە واتە کوردستان لەژێر چاودێری بەرتیانیا دابێت تاکو کۆمەڵی ئەقوام (عێبە الامم) بڕیارێکی لەسەر دەدات .
* ئازادکردنی ئەو کەسانەی بەهۆی (شەڕی بەردەرکی سەرا)وە گیراون و دوورخراونەتەوە.
* هەر ئەفسەر و فەرمانبەرێکی کورد لە وڵاتی عەرەبستاندا هەیە بنێردرێنەو بۆ کوردستان .

گفتوگۆی شێخ مەحمود و ئینگلیز لە خوڕماڵ.

  مەندوبی سامی ، سێر هێنری دوبس، لەبەر نەخۆشی یان خۆ نەخۆش خستن نەچوو. لەباتی ئەو کۆرنوالیس کە ئەودەم موستەشاری وەزارەتی داخلیەی عێراق بوو. ڕۆژی ۹ی ۱۰ی ١٩٢٦ چوو بۆ نزیک خوڕماڵ بۆ بینینی شێخ مەحموود. شێخ مەحموود لەگەڵ خۆی هەردوو دیلی هێنا بوو بە سەلامەتی تەسلیمی کۆرنوالیسی کردن. ماوەی چەند سەعاتێ گفتوگۆیان کرد، خواستەکانی شێخ مەحموود دوو جۆر بوون: هەندێکیان تایبەتی بوو، پەیوەندی بە گێڕانەوەی ماڵ و مڵکەکانی خۆیەوە و بە چۆڵکردنی پێنجوێنەوە هەبوو، بۆ ئەوەی لێی دابنیشێ. هەندێکیشیان گشتی بوون، پەیوەندییان بە مافی نەتەوەیی کوردەوە هەبوو. شێخ مەحموود داوای ئەکرد حکومەتێکی کوردی سەربەخۆ لەژێر ئینتیدابی بریتانی دا دروست بکرێ.

کۆرنوالیس بە ڕاشکاوی بە شێخ مەحموودی ڕاگەیاند کە مەسەلەی حکومەتی کوردی بابەتی باس نیە. بۆ ئەوەی واز لە خۆی بهێنن و مڵک و ماڵەکانی بۆ بگێڕنەوە، ئەبێ دەست نەخاتە کاروباری سیاسیەوە.

شێخ مەحمود چەند نامەیەکی بۆ موفەتیشی ئیداری سلێمانی، مەندوبی سامی بریتانی لە عێراق، کۆمەڵەی گەلان نوسی. داوای لێ کردن که حکومەتی عێراق لە زاخۆوە هەتا خانەقین چۆڵ بکات و دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ لەژێر ئینتیدابی بریتانیا یا هەر یەکێ لە دەوڵەتە گەورەکان دروست بکرێ. کاربەدەستانی بریتانیا زۆر بە توندی چونەوە بە گژ ئەم داوایانە و بە گژ شێخ مەحمودا. لەزنجیرەیەک شەڕ و پێکداداندا کە دواینیان لە گوندی ئاوباریک بوو، بە شکان و خۆ بەدەستەوە دانی شێخ مەحمود کۆتایی هات. بەهۆی نابەرامبەری هێز ساڵی 1931 جارێكی تر دەستگیركرایەوە و بەدەستبەسەری گواسترایەوە بۆ بەغداد، تاکو لەساڵی 1941دا لە کاتی شەڕەکەی ڕەشید عالی گەیلانی لەدژی بەریتانیا خۆی لە ژیانی دەستبەسەری لە بەغدا ڕزگارکرد و چوو لە گوندی داریکەلی لە سنوری ناحیەی بازیان نیشتەجێ بووە. 

ڕاگەیاندن لە سەردەمی حکومڕانی شێخ مەحمودا.

لەو ماوە کەمەی حکومڕاندا شێخ مەحمود گرنگی بە ڕاگەیاندن داوە، توانیویەتی لەسەر باری سەختی باردودۆخەکە سێ ڕۆژنامە لە سێ کاتی جیاواز دەربکات.

١/ ڕۆژی کوردستان، کە ژمارە ١ ی لە ١٥ تشرینی دووەمی ١٩٢٢ دەرچووە، دوا ژمارەی کە ژمارە ١٥ یە لە ٣ مارتی ١٩٢٣ دەرچووە، کە زمانحاڵی حکومەتەکەی شێخ مەحمود بووە، بەهۆی پەلامار و هێرشی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر شاری سلێمانی وەستاوە،خاوەن ئیمتیازی ئەم هەفتەنامەیە عەلی کەمال بووە، شێخ نوری شێخ سالح سەروتاری یەکەم ژمارەی نووسیوە. کە ئامانجی ڕۆژنامەکە داکۆکی بووە لە مافی ئازادی کورد و سەربەخۆی کوردستان، کە ئەم ڕۆژنامەیە جگە لە تۆمارێكی بە نرخی ڕووداوەکانی سەردەمی خۆی، ڕەنگدانەوەی بیروبۆچوونی هەڵبژاردەی کورد و ئاواتەکانیانە لە بواری سەربەخۆی سیاسی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابوری و پەروەردەی.

٢/ بانگی حەق، ئەم ڕۆژنامەیە بەهۆی هێرشی بەریتانیەکانەوە کە شێخ مەحمود ناچاربوو لە سلێمانی بکشێتەوە لە ئەشكەوتی جاسەنەی سنوری سورداش دەرچوو، چونکە لەگەڵ چوونی بۆ ئەو ناوچەیە چاپخانەکەشی بردبوو. ژمارە ١ ی لە ٨ ی مارتی ١٩٢٣ دا و ژمارە ٣ ی کە دوا ژمارەیەتی لە ١٢ ی نیسان ١٩٢٣ دا دەرچووە، کە دواتر هێزەکانی ئینگلیز پەلاماری ناوچەکە دەدەن و ئەشكەوتەکە کۆنترۆڵ دەکەن و چاپخانەکەیان گێڕایەوە بۆ شاری سلێمانی.

٣/ ئومێدی ئیستیقلال، ئەم ڕۆژنامەیە پاش گەڕانەوەی هێزەکەی شێخ مەحمود دەرچووە کە ژمارە ١ی لە ٢٠ ئەیلولی ١٩٢٣ و ژمارە ٢٥ی کە دوا ژمارەیەتی لە ١٥ مایسی ١٩٢٤دەرچووە. کە سەرنووسەرەکەی ڕەفیق حیلمی بووە، هەفتەی جارێک دەرچووە، ئەم ڕۆژنامەیە لە ڕۆژگارێکدا دەرچووە کە ململانێی سیاسی- چەکداری لە نێوان جوڵانەوەی سەربەخۆ خوازی کورد و دەسەڵاتداری ئینگلیز لە عێراقدا چۆتە قۆناغی شەڕ و پێکدادانەوە، هەر بۆیە بیروبۆچوونی دەستە سەربەخۆخوازانی کوردی دەربڕیوە.

هۆکارەکانی کۆتایی هاتنی شۆرشی شێخ مەحمود.

1/ شێخ محمود چووە ناو جەنگێکی بەرەیەوە، لە کاتێکدا هیچ پشتوانیەکی دەرەکی نەبوو.

2/ دانیشتوانی ناوچەکانی ڕەواندوز و شەقلاوە و کۆیە پشتیوانی خۆیان بۆ شۆرشی شێخ مەحمود دەربڕی و ئامادەبوون  بۆ پەیوەندی کرد بە شێخەوە، بەڵام شێخ مەحمود نەیتوانی چەند یەکەیەک لە هێزەکانی بنێرێت بۆ ئەو ناوچانە.

3/ شێخ مەحمود کەسایەتیەکی ئازا و پاڵەوانی هەبووە، بەڵام یاریدەدەری بەتوانا و دڵسۆزی نەبوون.

4/ هیچ بزووتنەوەیەکی نیشتمانی ڕێکخراو بوونی نەبوو لە کوردستان تاوەکو هەموو لایەنەکانی کوردستان کۆبکاتەوە، دژی ئینگلیز.

5/ باڵا دەستی تەواوی ئینگلیز لە ڕووی ‌هێز و چەکەوە کە نوێترین جۆری چەکی سەربازیان پێ بووە.

6/ پشتگوێخستنی داواكاریەكانی شێخ مەحمود لەلایەن ئینگلیزەكانەوە بەهۆی ئەوەی بەرژەوەندی بەریتانیا لە دروستكردنی دەوڵەتێكی كوردی دا نەبوو، بۆ ئەمەش بیانوی ئەوەیان دەهێنایەوە كە ویلایەتەكانی بەسرە و بەغدادش دوای ویلایەتی موسڵ هەمان داواكاریان دەبێت،و رەچاوكردنی بەرژەوەندیەكانی دەوڵەتی توركیای نوێ لە لایەن بەریتانیاكانەوە و ترسی ئەوەی كاریگەری دەوڵەتی كوردستان لە باشور بگاتە وڵاتانی تری وەك توركیا و سوریا و ئێران.

7/ پەرتەوازەبوونی نەتەوەی کورد بە تایبەت یەک نە بوونی هۆزە کوردیەکان هۆکارێکی تری کۆتایی هاتنی شۆرشەکەی شێخ مەحمود بوو.

کۆچی دوایی شێخ مەحمود.

لە ڕۆژی ٩/١٠/١٩٥٦دا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەغداد بەناوی "حەیدەریە" کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی بەڕیزێکی زۆرەوە لەناو ئاپۆڕەی خەڵکی دڵسۆزی کوردستان گەیەندرایەوە شاری سلێمانی، لە تەنیشت گۆڕی کاک ئەحمەدی شێخ لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی بەخاک سپێردرا.

سەرچاوەکان.:کتێب.

1/ عەلائەدین سەجادی، شۆرشەکانی کورد و کورد و کۆماری عێراق،چاپی تاران، چاپخانەی ئەتڵەس چاپی دووەم ساڵی ٢٠٠٥.

2/ جەلال تاڵەبانی، کوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەی کورد، بڵاوکار،کتێبخانەی جەمالی عەلی باپیر، سلێمانی.

3/ نەوشیروان مستەفا ئەمین، بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین، کتێبی دووەم، بەرگی یەکەم، الدار العربیە للوم_ ناشرون بیروت، لوبنان، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠١٣.

4/ نەوشیروان مستەفا ئەمین، بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین،کتێبی دووەم،بەرگی دووەم. الدار العربیە للوم_ ناشرون بیروت، لوبنان، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠١٣.

5/ ئومێد حمە ئەمین، شێخ مەحمودی حەفید،پرۆژەی تیشک، چاپخانەی چوارچرا، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠٠٨.



ئه‌م بابه‌ته 295 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر