نالی و نیشتمان

نالی ھەر لە تەمەنی منداڵی نێردراوەتە بەر خوێندن، لە حوجرە خوێندوویەتی. لە سەرەتاوە وردە کتێبی فارسی و قورئانی خوێندووە، دواتر زانستەکانی تری قورئان و فەرموودە و سەرف و نەحو و کەلام، بەلاغە، و فەلەک و فیقھـ و سیرەی خوێندووە.
PM:08:26:08/10/2020
دۆسیە: نەتەوەسازی
نالی ناوی تەواوی"خدر ئەحمەدی شاوەیسی میکالییە"لە گوندی خاکوخۆڵ، لە دەشتی شارەزوور ھاتووەتە دنیاوە.

وشیار جەمال
نوسەر و توێژەر


تا خوێندنی ئەمانەی تەواو کردووە و دواتر ئیجازەی عیلمی وەرگرتوو، لە چەندان شوێن وەک سنە و سابڵاخ و ھەڵەبجە و سلێمانی و لای چەندان مامۆستای باشی ئەو سەردەمەی خۆی خوێندوویەتی. دوای تەواوبوونی خوێندنەکەی، نالی مەلایەکی باش و ڕۆشنبیرێکی گەورەی لێ دەردەچێت، بێجگە لە زمانی دایکی، کە زمانی کوردییە، زمانەکانی فارسی و تورکی و عەرەبیشی بە باشی زانیوە، تەنانەت شیعریشی پێ نووسیون.

مشت و مڕێکی زۆر هەیە لە سەر لە دایک بوون و کۆچکردنی نالی لە ناو میژوونووسان و ڕۆشنبیرانی کورددا، ئەگەرچی لەلایەن مێژوونووسانەوە چەند ڕایەکی جیاواز خراونەتە ڕوو 

ئەمانەی خوارەوە چەند نموونەیەکن لە و بۆچوون و سەرنجانەی نووسەرانی کورد هەیانە لەسەر ژیان و مردنی نالی:

محەمەد ئەمین زەکی بەگ دەڵێت: "نالی لە ساڵانی١٨٠٠-١٨٥٦ زایینیدا ژیاوه". و مارف خەزنەدار و کەمال فوئادیش هەر هەمان مێژوویان دیاری کردووە. عەلائەدین سەجادی دە‌ڵێت: "لە ١٧٩٧ی زایینیدا هاتووەتە دنیاوە و لە ١٨٥٥ دا کۆچی دوایی کردووه". ئەگەر بە پێی زۆرینەی لێکۆڵەران کار بکەین بێجگە لە عەلائەدین سەججادی دەتوانرێت بگوترێت نالی ٥٦ ساڵ ژیاوە هەر وەک زۆربەی لێکۆڵەران لەسەر ئەم بۆچوونە کۆکن. تەنیا بە پێی بۆچوونەکەی عەلائەدین سەجادی نالی ٥٨ ساڵ ژیاوە.

ئەم جیاوازیەیش وەک سەرنجی بۆ دراوە قسەی مامۆستا عەلائەدین سەجادی لەلایەک و دکتۆر مارف خەزنەدار و دکتۆر کەمال فوئاد لە لایەکی‌ ترەوە لە بارەی تەمەنی و ساڵی لە دایک بوونی نالی ئەو بەراوردکردنەی کوردی و مەریوانی و بەدوای ئەوانیشدا مامۆستا عەلی موقبیله، ئەوەی لە پێشەکی دیوانەکەیاندا ساڵی ١٢١٥ی کۆچییان لەگەڵ ساڵی ١٧٩٧ی زایینیدا بەراورد کردووه. جا ئەگەر وا بێت، ئەوە وەک کوردی و مەریوانی و موقبیل و سەجادی دەفەرموون نالی ٥٨ ساڵ ژیاوه. بەڵام لە ڕۆژنامەکانی ڕۆژهەڵاتناسی ئەرمەنییی "وسف ئەبگارەڤێچ ئۆربێلی"‌دا ساڵی ١٢١٥ی کۆچی لەگەڵ ساڵی ١٨٠٠-١٨٠١ی زایینی بەرانبەر کراوه. بەپێی ئەوە وەک دکتۆر مارف خەزنەدار و دکتۆر کەماڵ فوئاد لەسەری ڕۆیشتوون، ساڵی لە دایکبوونی نالی دەکاتە ١٨٠٠ی زایینی و تەمەنیشی دەبێتە ٥٦ ساڵ.

د. حاجی مەلا عەبدوللەی جەلی زادە (باوکی مەلای گەورەی کۆیە)گێراویەتیەوە کە بێگومان قسەکەشتی جێگای متمانەیەم کەوا ساڵی ١٨٧١-١٨٧٢ ی زایینی نالی لە شاری مەککە دیوە کە زۆر پیربووە.

لەوانەی باسکران هیچیان ناتوانرێت وەک سەرچاوە‌یەکی ڕاستەقینە و باوەڕپێکراو ساڵی لەدایک بوون و کۆچی نالی دیاری بکەن. چونکە بەڵگەیان نییە و جگە لەوەیش دەڵێن هەندێ شت هەیە دەبنە هۆکاری ڕوونکردنەوەی سەردەمی نالی و نزیکبوونەوە لە زانینی مێژووی لە دایک بوون و مردنی. 

هەروەها ئەو لێکدانەوانە نادروستن و هەڵەیە پشت بە چەند دێڕە شیعرێک ببەسترێ، کە ڕەنگە شاعیر لە تەمەنی لاوێتیدا باسی پیری کردبێت، یان بە پێچەوانەوە. چونکە ئەو دێڕە شیعرانە بە بەڵگەی دروست و پشتئەستوور وەرناگیرێن.

لە دیوانەکەی نالیدا هاتووە، مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس دەڵێت "مەسەلەی دیاری کردنی مێژووی لە دایک بوون و مردنی کەسێک، شتێک نییە بنیادەم بتوانێ بە ئیجتیهاد بڕیاری لێ بدا و بە بەڵگە و نیشانەی مێژووی لەوە زیاترمان پی نەکرا، کە تێکڕا هەندێ لەو ساڵانە دیاری بکەین کە نالییان تێدا ژیاوە. بەڵام بەڵگەی تریش بەدەستەوە هەیە پێمان ئەسەلمێنێ، نالی نە لە ساڵی ١٨٥٥ و نە لە ساڵی ١٨٥٦ مردووە و نە تەمەنیشی ٥٦ یا ٥٨ ساڵ بووە، جا خوا دەزانێ ئیتر لە ١٧٩٧دا لە دایک بووبێ وەک عەلی موقبیل دەڵێ یان لە ١٨٠٠ وەک ئەوانی تر دەڵێن".

بەڵام بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی عوسمانیەکان " نالی" لە لە ٢٣/١١/١٨٧٧ لە شاری ئەستەمبوڵ کۆچی دوای کردوە، هەر لەوێش نێژراوە.
 
هەر لە بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی عوسمانیەکان " نالی" شاعیر لە ناو عوسمانیەکان ڕێز و پێگەی تایبەتی هەبووە، بە حاجی و خاوەن پایە و زانا و پیاوێکی مەزن و شارەزا و خەڵکی سلێمانی وەسفکراوە.

ناوەڕۆکی شیعری نالی.

ناوەڕۆکی شعیری نالی بە گشتی ئەو مەبەستانەیە کە لە ئەدەبی کلاسیکی ئیسلامی(غەزەل و قەسیدەی) نەتەوە مسوڵمانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینرێن. ئەوەی داهێنان و نوێ بێ لای شاعیر ئەوەیە بەزمانی کوردی لە کوردستانی باشووردا شیعری بەرزی دروست کردووە، یان ڕاستتر زمانی کوردی لەو ناوچەیەدا کردووە بە زمانی شیعرێکی بەرز. سروشتی کوردستان کارێکی گەورەی کردۆتە سەر شاعیر، بلیمەتی شاعیر لەوەدا دەبینرێ ڕوخسار و فۆڕمی نوێی هێناوتەوە ناو ئەدەبی کوردییەوە و بەشداری لە پەرەسەندن و پێشکەوتنی شیعری ئیسلامەوی کردووە، هەرچی ناوەڕۆکیشە جەوهەری تایبەتی خۆی هەیە و سیمای نەتەوەیی لە شیعردا ئاشکرا و دیارە.

لەم ماوەیەدا جێی خۆیەتی ناوەڕۆکی شیعری نالی ڕوون بکرێتەوە، بەپێی مەبەستەکانی بەرهەمی ئەدەبی، کە ئەمانەن.

١- دڵداری:کە بەشی هەرە زۆری شیعرەکانی لەم جۆرەیە. 

٢- وەسف: بە تایبەتی وەسفی بەهار و دیمەنی سروشت و وەسفی حوجرە شەق و شرەکەی و لێ هاتووی و بوردەباری(کەر)ەکەی.

٣- نزا و پارانەوە لە خوا. 

٤- خۆشەویستی نیشتمان، و زمانی کوردی. 

٥- لاواندنەوە و پیاهەڵدانی پاش مردن: غەزەلەکەی لەمەڕ وەفاتی سلێمان پاشای بابان، لەگەڵ قەسیدەکەی کە وەک ئەڵێن بەبۆنەی مردنی باوکی (حەبیبە)وە وتویەتی. 

٦- مەدح و پیاهەڵدان: مەدحی نووری ڕوودباریی برادەری کە ئەچێتە حەج، مەدحی سوپای بابان، مەدحی وڵات، مەدحی پێغەمبەر، مەدحی مەککە و مەدینە. نالی لە قووڵی مەعنا و جوانی وەسف و بەرزیی پێ چواندن و دەربڕین و ئاشکراکردنی دەردی دڵدا، شیعری کوردی بەڕادەیەک بەرزکردوەتەوە، بێ پێ لێ هەڵبڕین گەیشتووەتە ڕادەی ئەدەب و شیعری ئەو سەردەمەی نەتەوە دراوسێکان:(عەرەب و فارس و تورک).

نیشتمان لە خەیاڵی نالی شاعیردا.

نیشتمانپەروەری شاعیرێکی وەکو نالی لە ناوچەی کوردستانی باشووردا لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەمدا ژیابێ لە چوار چێوەی (زمانی کوردی) و (یادی نیشتمان) ناچێتە دەرەوە، ئەوەی جێی باوەڕ و متمانەبێ ئەوەیە نالی هەستی بەوە کردووە نەتەوەکەی ماف خوراوە، لەبەر ئەوە دواکەوتووە، بەڵام ڕەنگدانەوەی ئەم هەستە ئاشکرا و ڕوون و دیار نییە، وەک لە لای دوو شاعیری دیکەدا دەبینرێ خانی(١٦٥٠-١٧٠٧) کە لەپێش ئەودا ژیاوە، یا حاجی (١٨١٥-١٨٩٧) کە لەدوای نالی لە ژیاندا بووە.

ئەوپەڕی نیشتمانپەروەری نالی لەوەدا دەردەکەوێ کە ڕێچکەی شیعری کوردی لە ڕووی زمانەوە شکاندووە، بەوەی دیالێکتی کرمانجی خوارووی زمانی کوردی کردووە بە زمانی شیعرێکی بەرزی بێ کەموکوڕی کە لە غەزەل و قەسیدەدا بەرچاو دەکەوێ، شکاندنی ئەم ڕێچکەیە لەبەر ئەوە نەبووە نەیتوانیووە شیعر بە زمانەکانی دیکە بڵێ، بەڵکو وای بە باش زانیوە زمانی نەتەوەی خۆی بکات بەزمانی شیعرێکی ڕەسەن و پڕ لە هونەر لەم لایەنەوە دەڵیت:

تەبعی شەکەر باری من (کوردی)ئەگەر ئینشا ئەکا
ئیمتحانی خــــۆیە مقسودی لــــە عـــــەمدەن وا ئەکا

جگە لەوە مەبەستی شانازیکردن(فەخر) یەکێکە لە مەبەسته دیارەکانی شاعیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەبەرهەمەکانیاندا بە ڕوونی ڕاستگۆییان دەکەوێتە بەرچاو، کەچی نالی شاعیرییەت و خەیاڵی شیعری لەزمانی قەومی خۆیدا دەکا بە مەبەست و دەڵێ ئەو شاعیرییەتە توانای ئەوەی هەیە بەهەر زمانێک لەو زمانانەی دەیزانێ هونەری خۆی دەرببڕێ، لێرەدا زمانی کوردی لەپێش ئەودا بەشێوەیەکی وا دەرنەکەوتبوو بکەوێتە ناوەوە ببێ بە زمانی شیعر و دیوان و بەرهەمێکی زۆر بەم زمانە بێتە ناوەوە.  هەستی هونەری خۆی بەزمانی کوردی دەرببڕێ، بەڵکو نیشتمانپەروەری دەگاتە ڕادەیێک دان بەوەدا بنێ خەیاڵیشی کوردییە. وەکو لە شیعرێکدا دەڵێت:

موحەققەق مەشرەبی (نالی) لە شیعرا هەر وەکو خاکی
خەیاڵی کوردییە بەیتی سەراپا زولفی دوو تایە

بەمە نالی خۆی دەکا بە شاعیری ڕاستەقینەی نەتەوەی کورد، نەوەکو تەنیا بەزمانی کوردی دەنوسێ، بەڵکو خەیاڵیشی ڕەنگدانەوەی (بوونی کورد)ە کە بیری کوردایەتی و ڕەوشتی کوردەواری دەگرێتەوە.

نالی لە قەسیدە نایابەکانی ڕێگای مەککە و مەدینەشیدا و لەکاتی نزا و پاڕانەوەیدا لە بارەگای خوا، ئەوەی لەبیر نەچووە باسی کوردایەتی خۆی و شیعرەکانی بکا:

موردم زیللەت و پاڕانەوەی حاڵە نەوەک نەعتە
بە چەن بەیتێکی کوردانە، کە قورئانت سەنا خوانە
ئەگەرچی کوردی دووری شارەزووری قەسوەتم ئەمما
وەسیلەم تەیبەوو حیلمی شەفیع و فەزڵی مننانە

شاعیر وەکو هەموو ئادەمیزادێک سۆزی نیشتمانپەروەری زیاتر لە دەرەوەی نیشتمان و سەردەمی ئاوارەییدا هەڵچووە، وەکو ئاشکرایە لە دەوروبەری ڕووخانی میرنشینی بابان لە وڵات دوور دەکەوێتەوە و لە ئەستەمبوڵ کۆچی دوای دەکا. بەم هۆیەوە دەتوانرێ هەندێ دێڕه شیعری وا لە دیوانی شاعیردا بدۆزرێتەوە لە دەرەوەی نیشتمان داینابن و یادی ئەوی کردبێتەوە، لێرەدا مەبەست ئەوەیە شاعیر لە دەرەوەی نیشتمان یادی کردبێتەوە، ئەگینا شیعری وای نالیمان لەبەر دەستدا نییە وێنەی کۆمەڵی دەرەوەی کێشابێ وەک شام و ئەستەمبووڵ.

ڕەوشەنی دیدە بەئینسانە کە موژدەی قەدمت
ڕەوشەنی دیدەیی غەمدیدیی بەیتولحەزەنە
دڵی (نالی) کەئەنیسی قەرەداغە ئێستەش
داغی سەرچاوە و دێوانەیی دار و دەوەنە

ئەو غەزەلەی ئەم دوو دێڕەی لێ وەرگیراوە، شیعرێکی داخراوە. شاعیر دەڵێ ڕووناکی لە گلێنەی چاوەوە هەڵدەقوڵێ. کە خۆشەویست دێتە ناویەوە، یان هەر لە بنجدا نیشتەجێی ئەوێیە، غەمباری بەیتولحەزەن (کونجی خەم، ژووری یەعقوب) چاوی دەکرێتەوە. نالی دەیەوێ بڵێ چۆن دڵی یەعقووب لای یوسفە، دڵی ئەویش لە قەرەداغە و ئاخ و داخ بۆ ئاوای سەرچاوە و دۆڵی دێوانەی شاخی سەگرمە و دار و دەوەنەکانی دەکێشێ. ڕەنگە ئەم بیرەوەرییە پەیوەندی بەخورپەیێکی دڵی نالییەوە هەبێ، چونکە بەرامبەر بە ژن خورپەی زۆرە، ئەو بڕە دڵدارییە لەسەر شانۆی ئەو خاکە ڕوویداوە، واتە یادی خۆشەویستەکەی دەکاتەوە، بەم جۆرە یادی دڵداری و یادی نیشتمان تێکەڵ بە یەکدی دەبن. ئەمە ئەوپەڕی گیان و هەستی مرۆڤایەتی دەنوێنێ. ئەگەر (دڵداری) و (یادی نیشتمان) تێکەڵ بە یەکتریش نەکرێن هەریەکەیان بەتەنیا سەرچاوەیەکی لەبن نەهاتووی داهێنانی ئەدەبی و هونەرییە.

پۆپەی بیر و هەستی نیشتمانپەروەری لەلای نالی شیعرە بەناوبانگەکەیەتی (قوربانی تۆزی ڕێگەتم...) وەک پەیامێکی دڵسۆزانە لە شامەوە بۆ دۆستانی خۆی و شار و ناوچەی سلێمانی ناردووە.


هەروەها نالی ڕوویەکی تری هونەرمەندێتی باس دەکا، ئەویش لایەنی گرنگیدانە بەزمانەوانی و بایەخدانێکی بێ سنوور دەربارەی زمانی زکماکی دەخاتە ڕوو. 

تەبعی شەککەرباری من کوردی ئەگەر ئینشا دەکا
ئیمتیحانی خۆیە مەقسوودی لە عەمدا وا دەکا

لێرەدا نالی بەرەنگاری ئەو کەسانە بووەتەوە کە ڕەخنەیان لێی گرتووە کەوا بۆچی بەزمانی کوردی شعری داناوە؟ وە بەلای ڕەخنەگرانەوە گوایە دەبێ لەو سەردەمەدا شیعر هەر بە زمانی عەرەبی یان فارسی بوترێ. نالیش دەرکی بەمە کردووە و هەوڵی ئەوەی داوە کە زمانی کوردیش بێنێتە ڕیز و ئاستی زمانەکانی تر، و بکات بە بەڵگەی هێز و توانا و دەوڵەمەندی، چونکە نالی باوەڕی بەبلیمەتی و زانای و لێهاتووی خۆی هەبووە، باوەڕی بەوە هەبووە کە لە ئاستی ئەو تاقیکردنەوە مێژوویەدا کە ژیان خستبووە ئەستۆی سەرکەوتوو ئەبێ، بۆیە هاواری کرد. ئەمە کارێکی بە ئەنقەست و بە هۆشیارییەوە دەیکا.خەڵکیش با بەپێی دەستووری کۆن و باو بیر نەکەنەوە، با سەیری ناوەڕۆکی شیعرەکانی بکەن و بزانن لەڕێگەی بەکارهێنانی زمانی کوردییەوە چ مانا و مەبەستێکی ورد و مەزن و هونەرمەندانە دەردەبڕێ.

لە دێڕێکی تردا نالی بەردەوام دەبێ لەباسکردنی پەیوەندی نێوان زمان و ڕەگەزەکانی هۆنراوە و چۆنیەتی ئەنجامدان و ڕێکخستنی و دەڵێت:

کەس بە ئەلفازم نەڵێ خـــــــــۆ کـــوردیە خۆ کردییە
هەرکەسێ نادان نەبێ خۆی تالبی مــــەعنا ئەکا

لێرەشدا وادەگەیەنێ کەسێکی نەزان نەبێ ڕەخنە لە شیعرەکانی ناگرێ لەبەرئەوەی کە کوردین، چونکە مەبەستی تەنیا وشە نییە، بەڵکو واتایە بە شوێنیدا بگەڕێن. ئەم گرنگ و بایەخدانەی نالی بە زمان و واژە و واتای شیعرەکانییەوە، بەلامانەوە لەبەر ئەوە بووە کەلەو سەردەمەدا گەلێ کۆلکە شاعیر هەبوو و توانجیان لە شیعرەکانی گرتووە کە گوایە تەنیا داڕشتنێکی دەستکردە و هیچ مەبەستێک نادەن بە دەستەوە، بۆیە بەرپەرچی ئەو کۆلکە شاعیرانەی داوە و ڕاستەوخۆ پیشان دەدا کە داڕشتنەکەی بەهرەی خۆماڵین و ڕەسەنایەتی تێدا بەدی دەکەن.

خۆشەویستی نیشتمان لە قەسیدەی ( قوربانی تۆزی ڕێگەتم).

لوتکەی بیر و هەستی نیشتمانپەروەری لە لای نالی لە شیعرە بەناوبانگەکەی ڕەنگی داوەتەوە کە لە شامەوە بۆ سلێمانی ناردووە، بەچاوی پڕ لە فرمێسک و دڵی زامدارەوە داوای ئەوە دەکا هەواڵی شار بزانێ، ئایا بگەڕێتەوە یا نا؟ نامە شیعرییەکەی نالی دەکەوێتە بەر دەستی سالم، سۆزی نالی دەبێتە سەرچاوە، سالم بەشیعر وەڵامی دەداتەوە و تێی دەگەیەنێ کە نەگەڕێتەوە.

نالی لەم شعرە پڕ لە سۆزەدا بیرەوەری کۆن لە سروشتی خاکی نیشتمان دەتوێنێتەوە، هەموو سوچ و قوژبنێکی ئەم بیرەوەریانە وێنەیان لە شاخوداخ، گوند و شار، ڕووبار و شیوی وڵاتەکە کێشراوە. شاعیر بە شێوەیەکی جوان سەرەتای نامەکەی بەم دێڕە شیعرانە دەست پێ دەکا:

قوربانی تۆزی ڕێگەتم، ئەی بادی خۆش مروور
ئەی پەیکی شارەزا بە ھەموو شاری (شارەزوور)
ئەی لوتفەکەت خەفیی و ھەوا خواە و ھەمدەمە
وەی سروەکەت بەشارەتی سەرگۆشەیی حوزوور
ئەی ھەم میزاجی ئەشکی تەڕ و گەرمی عاشقان
تۆفانی دیدە و شەرەری قەلبی وەک تەنوور
گاھێ دەبی بە ڕەوح و دەکەی باوەشێنی ڕوح
گاھێ دەبی بە دەم، دەدەمێنی، دەمی غوروور
مەحوی قەبووڵی خاتری عاتر شەمیمتە
گەردی شیمال و گێژی جەنووب و کزەی دەبوور
سووتا ڕەواقی خانەیی سەبرم، دڵ و دەروون
نەیماوە غەیری گۆشەیی، زیکرێکی یا سەبوور
ھەم ھەم عەنانی ئاھم و، ھەم ھەم ڕیکابی ئەشک
ڕەحمێ بەم ئاە و ئەشکە بکە، ھەستەبێ قوسوور

ئینجا شاعیر پەیامنێرەکەی تێدەگەیەنێ کە بایە، پێویستە بە وردی سەرنج بداتە دیمەنی گەورە و بچوکەکانی سروشتی خۆشەویست و ئەو شوێنانە بەسەر بکاتەوە لەو کاتە کە دەچێتە ناو خاکی کوردستانەوە، چونکە نالی بیرەوەرییەکی زۆری تیایاندا بەجێ هێشتووە تا دەگاتە خاک و خۆڵی مەڵبەندی لە دایکبوونی و سلێمانی پایتەختی وڵاتە ڕووخاوەکەی:

وەک ئاھەکەم دەوان بە، ھەتا خاکی کۆیی یار
وەک ئەشکەکەم ڕەوان بە، ھەتا ئاوی (شیوەسوور)
بەو ئاوە خۆت بشۆ، لە کودووراتی سەرزەمین
شاد بن بەوەسلی یەکدی، کە تۆی تاھیر، ئەو تەھوور

پێش ئەوەی پەیامنێری نالی بگاتە شاری سلێمانی ، بێ گومان وەستانێکی پێ دەکا لە سەرچنار، ئەو جێگەیەی هەرگیز سروشت هەموو وەستاییەکی خۆی نواندوە بۆ نەخشکێشانی ئەم نیگارە، نالیش وەنەبێ وەستاییەتیەکەی لەوەی سروشت کەمتربێ دەڵێ:

ئەمجا مەوەستە تا دەگەییە عەینی (سەرچنار)
ئاوێکە پڕ لە نار و چنار و گوڵ و چنوور
چەشمێکە میسلی خۆر کە لە سەد جێ، بە ڕۆشنی
فەورانی، نووری سافە لەسەر بەردی وەک بلوور
یا عەکسی ئاسمانە لە ئاوێنەدا کەوا
ئەستێرەکانی ڕابکشێن وەک شەھابی نوور
یا چەشمەساری خاتری پڕ فەیزی عاریفە
یەنبووعی نوورە دابڕژێنێ لە کێوی توور
دەموت دوو چاوی خۆمە، ئەگەر (بەکرەجۆ)یی ئەشک
نەبوایە تیژ و بێ سەمەر و گەرم و سوێر و سوور

نالی عاشقی ئەو نیشتمانەیە، چونکە لەو مەڵبەندەدا هاتۆتە دنیاوە و لەوێش پەروەردە و گەورە بووە. نامە بۆ سلێمانی دەنێرێ بۆ ئەوەی هەواڵی وڵات بزانێ، ئەگەر بیر لەجێگەی لەدایکبوونی بکاتەوە کە خاک و خۆڵە و پەیامبەر پێویستە سەر لەوێش بدا، خۆ دەبێ هەر بەڕێگەی سلێمانییەوە تێپەڕببێ:

داخڵ نەبی بە عەنبەری سارایی (خاک و خۆڵ)
ھەتا نەکەی بەخاکی (سولەیمانی)یا عوبوور

شاعیر لەو دێڕە شعرانەی داهاتوودا نەخشەیێکی سروشتی شاری سلێمانی دەکێشێ و باس لە دانیشتوانی دەکا، بە خۆشەویستی خۆی دەیانژمێرێ، شاری سلێمانی بەهی خۆی و ئەوان دەزانێ.
یەعنی ڕیازی ڕەوزە، کە تێیدا بە چەند دەمێ
موشکین دەبێ بە کاکۆڵی غیلمان و زوڵفی حوور
خاکی میزاجی عەنبەر و، داری ڕەواجی عوود
بەردی خەراجی گەوھەر و، جۆباری عەینی نوور
شامی ھەموو نەھار و، فوسووڵی ھەموو بەھار
تۆزی ھەموو عەبیر و، بوخاری ھەموو بوخوور
شارێکە عەدل و گەرمە، لە جێگێکە خۆش و نەرم
بۆ دەفعی چاوەزارە دەڵێن: شاری شارەزوور
ئەھلێکی وای ھەیە، کە ھەموو ئەھلی دانشن
ھەم نازیمی عوقوودن و، ھەم نازیری ئوموور

لە دوای ئەمە نالی دەکەوێتە پرسیارکردن، بیرەوەریە کۆنەکانی دێتەوە یادی، دەزانێ جەدرمەی تورکی عوسمانی لە پاش داگیرکردنی  شاری سلێمانی وێنەی ڕاستەقینەیان شێواندووە، داریان لەسەر بەرد نەهێشتووە:

سەیرێ بکە لە بەرد و لە داری مەحەللەکان
دەورێ بدە بە پرسش و تەفتیش و خوار و ژوور
داخۆ دەروونی شەق نەبووە (پردی سەرشەقام)؟
پیر و فوتادەتەن نەبووە (داری پیرمەسوور)؟
ئێستەش بە بەرگ و بارە عەلەمداری (شێخ ھەباس)،
یا بێ نەوا و بەرگە، گەڕاوە بە شەخسی عوور؟
ئایا بە جەمع و دائیرەیە دەوری (کانی با)،
یاخۆ بووە بە تەفریقەیی شۆڕش و نوشوور؟
(سەیوان) نەزیری گونبەدی کەیوانە سەبز و ساف،
یاخۆ بووە بە دائیرەی ئەنجومی قوبوور؟
ئێستەش مەکانی ئاسکەیە (کانیی ئاسکان)،
یاخۆ بووە بە مەلعەبەی گورگ و لوورەلوور؟
ئێستەش سوروشکی عیشقی ھەیە (شیوی ئاودار)،
یاخۆ بووە بە سۆفیی وشکی لە حەق بە دوور؟
داخۆ دەروونی سافە، گوڕەی ماوە (تانجەرۆ)،
یاخۆ ئەسیری خاکە، بە لێڵی دەکا عوبوور؟

لە پاش ئەم هەموو پرسیارانە کە شاعیر چاک دەزانێت وەڵامەکانی چین، دێتە سەرهەواڵی خانەقا، جێی کۆبوونەوە و خوێندن و گفتوگۆ، شاعیر دەزانێ لە دوای داگیرکردنی شار لە لایەن داگیرکەروە رەونەقی جارانی نەماوە.

سەیرێکی خۆش لە چیمەنی ناو (خانەقا) بکە
ئایا ڕەبیعی ئاھووە، یا چایری ستوور؟
سەبزە لە دەوری گوڵ تەڕە، وەک خەتتی ڕوویی یار،
یا پووشی وشک و زوورە، وەکوو ڕیشی (کاکەسوور)؟
قەلبی مونەوەرە لە حەبیبانی نازەنین،
یا وەک سەقەر، پڕە لە ڕەقیبانی لەندەھوور؟

ئینجا نالی نامەبەر دەنێرێ بۆ مەدرەسە لە لای مزگەوتی سەید حەسەن لە سلێمانی، ئەو جێگایەی لە هەموو شوێنێکی تر خۆشترە لای شاعیر، چونکە لە حوجرەیەک لە حوجرەکانی ئەو ژوورە ژیاوە، وانەی وتۆتەوە، جگە لەوی شیعرێکی زۆری لە مەدرەسەیە نووسیوەتەوە:

دەس بەندیانە دێن و دەچن، سەرو و نارەوەن،
یا حەڵقەیانە سۆفیی ملخوار و مەندەبوور؟
مەیلێ بکە لە سەبزە درەختانی مەدرەسە
ئەوراقیان موقەدیمەیی شینە یا نە سوور؟
حەوزی پڕی، کە نائیبی دیدەی منە لەوێ
لێڵاوی دانەھاتووە، وەک سەیلی (شیوەسوور)؟
ئێستەش کەناری حەوشەکە جێی باز و کەوشەکە؟
یاریی تیایە، یا بووەتە مەعرەزی نوفوور؟
چاوێ بخە لەسەبزە و سێرابی دائیرە
جێ جیلوەگاھی چاوەکەمە نەرمە یا نە زوور؟
توخوا فەزایی دەشتی فەقێکان ئەمێستەکەش
مەحشەر میسالە، یا بووەتە (چۆڵی سەلم و توور)؟
واسیل بکە عەبیری سەلامم بە حوجرەکەم
چی ماوە، چی نەماوە، لە ھەیوان و تاق و ژوور
ئەو غاری یارە، ئیستە پڕ ئەغیارە، یا نە خۆ
ھەر غاری یارە، یا بووەتە غاری مار و موور؟

نالی بە چاوێکی پڕ فرمێسک و بە دڵێکی پڕ لە گریانەوە، بەسەرهاتی ئاوارەی خۆی دەگێڕێتەوە، دەزانێ وڵات شپرزە بووە، لەوەدانەماوە بگەڕێتەوە، بەم دێرە شیعرە پڕ لە سۆز و دڵداریە بەرامبەر بە مەڵبەند و خاکی نیشتمان دوای بە قەسیدەیەکی دەهێنێت :

زارم وەکو ھیلال و نەحیفم وەکو خەیاڵ
ئایا دەکەومەزار و بە دڵدا دەکەم خوتوور؟
لەم شەرحی دەردی غوربەتە، لەم سۆزی ھیجرەتە
دڵ ڕەنگە بێ بە ئاو و بە چاوا بکا عوبوور
ئایا مەقامی ڕوخسەتە لەم بەینە بێمەوە،
یا مەسڵەحەت تەوەقوفە تا یەومی نەفخی سوور؟
حاڵی بکە بە خوفیە: کە ئەی یاری سەنگ دڵ!
«نالی» لە شەوقی تۆیە دەنێرێ سەلامی دوور.

بەم قەسیدەیە نالی  خۆی وەک نیشتمانپەروەرێکی دڵسۆز و شاعیرێکی باڵا لە ئەدەبی کوردی تۆمار دەکات. کە جگە لەوەی وەک شاعیرێک هەستی خۆی دەربڕیوە وەک جوگرافی ناسێکی شارەزاش باسی شوێن و ناوچەکانی بەشێک لە نیشتمانی کردوە کە شاری سلێمانیە، ئاگادری بارودۆخی سیاسی ئەوکات بووە، هەروەها وەک کەسێکی شارەزا بە مێژووش باسی یادەوریەکانی پێشووی کردوە، لەو سەردەمدا کە نەتەوە سەردەستەکانی وەک تورک و عەرەب و فارس نەک هەر لە ڕووی سیاسیەوە لە ڕووی زمانیشەوە سەردەست بوون، بەراورد بە زمانی کوردی نالی شانازی بە کوردی نووسینی خۆیەوە کردوە زمانی کوردی خستۆتە ئاستی زمانەکانی عەرەبی و تورکی و فارسیەوە، هەروەها یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی شیعری نالی بەکارهێنان و تێكەڵ کردن شێوە و دیالێکتەکانی زمانی کوردییە، وەکو کەرەستەی شیعر و ڕازاندنەوەی زۆر بە ئاشکرا دیارن و دێڕەکانی ڕەنگاوڕەنگ کردووە.

ئەو دەسەڵاتەی نالی بەسەر گۆڤەر و شێوەکانی زمانی کوردی و زمانەکانی دەوروبەر هەیبووە و کەرەسەکانی زمان لە بەردەستیدا وەک هەویر یا قوڕی خۆش کراوبوون لە بەکارهێنانا، ئەوانە هەموو وامان لێدەکەن بە بێ ترس بڵێین نالی لە بوارەکانی زمان و زانستیەکانی بلیمەت و زانانی سەردەمی خۆی بووە، وشە و زاراوەیەکی زۆری لە دیالێکتەکانی گۆران و کرمانجی سەروو خواستووە و بەکاری هێناون، کە ئەمە حسابی تایبەتی بۆ دەکرێت و دەیسەلمێنێت نالی ئاگاداری  ئەو دیالێکتەی زمانی کوردی و شیعرەکانی بووە، بە واتایەکی تر نالی ئاگاداری دنیای شیعری پێش خۆی بووە. 


سەرچاوەکان کتێب.

1/ دیوانی نالی، لێکۆلینەوە و لێکدانەوەی مەلا عەبدولکەریمی مودەریس و فاتح عبدالکریم پێداچوونەوەی محمەد مەلا کەریم  ناوەندی بڵاوکردنەوە (سنە+ ناوەندی پەخشی چوارچرا لە شاری سلێمانی،چاپی دووەم، ساڵی ٢٠١١.

2/ دکتۆر مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی سێیەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، دەزگای ئاراس، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠٠٣.

3/ هێمن عومەر خۆشناو، نالی لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا، چاپی یەکەم ساڵی 2017.

4/ عەبدوللە یاسین ئامێدی، پەیدابوونی ڕەخنەی ئەدەبی لە شیعری کلاسیکدا تا جەنگی گێتی یەکەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، دەزگای ئاراس، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠٠٣.

5/ د،عبدوللە خدر مەولود، لێکۆڵینەوەیەک لە شیعرە ئاینی و سۆفیگەری و فەلسەفییەکانی نالی، چاپی چاپخانەی ئاراس، دەزگای ئاراس، چاپی یەکەم، هەولێر، ساڵی ٢٠٠٧.



ئه‌م بابه‌ته 328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر