دۆخی دارایی عێراق لە ئاستێکی خراپدایە

دۆخی دارایی عێراق لە ئاستێکی ئێجگار خراپ و قەیراناویدایە، تا دێت ڕووەو خراپتریش دەچێت، شکستی دارایی، کورتهێنان، گەندەڵیی و پشت بەستنی %90ی کۆی داهاتی وڵات بە نەوت لە سەردەمی داڕمانی نرخەکانی نەوت بەهۆی پەتای جیهانیی کۆرۆناوە.
PM:09:38:06/10/2020
دۆسیە: شیکار
دۆخی ئێستای عێراق لەهەموو ڕووێکەوە لە ساڵی ڕابردوودا خراپترە.

محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا
نوسەر و وەرگێڕ

گەندەڵیی و پشت بەستنی %90ی کۆی داهاتی وڵات بە نەوت لە سەردەمی داڕمانی نرخەکانی نەوت بەهۆی پەتای جیهانیی کۆرۆناوە، عێراقی تووشی دۆخێک کردۆتەوە کە نەتوانێت موچەی فەرمانبەرانیش دابەش بکات و وەک هەمیشە بۆ پڕکردنەوە و دابینکردنی پەنا بباتە بەر قەرز

لە بواری نەوتدا لەئێستادا کە نرخی نەوت بە خراپترین دۆخیدا تێپەڕ دەبێت بەهۆی و دووبارە تەشەنەکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێکارەکانی دژ بە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە و نەبوونی هیچ ئاماژەیەکی ڕوون بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕی وزەی نێودەوڵەتییدا، پێدەچێت دۆخی عێراق هێشتا زیاتر شڵەژاو ببێت و کورتهێنانی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت لە بودجەی ساڵی داهاتوودا، لەکاتێکدا هێشتا یاسای بودجەی ئەمساڵ پەسند نەکراوە لە پەرلەمان

بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگیی بازاڕی وزە، ڕێکخراوی ئۆپیک، کە وڵاتی عێراق تێیدا لەدوای سعودیە بە پلەی دووەم دێت لەڕووی ئاستی بەرهەمهێنانەوە، لەگەڵ وڵاتانی دیکەی دەرەوەی ئەو ڕێکخراوە کە وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتن،   لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا گەیشتنە ڕێککەوتنێک بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، کە بە ڕێککەوتنی ئۆپیک پڵەس ناسرا و وا بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2022ش بەردەوام بێت.

لێرەدا شکست و بێ پلانی عێراق زەق بوویەوە و لەماوەی ڕابردوودا و لە میدیاکاندا، چەند جارێک بڵاو کرایەوە کە عێراق داوای کردووە لە رێککەوتنی ئۆپیک پڵەس ببەخشرێت و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت نەیگرێتەوە، کەچی عێراق ئەو هەواڵانەی ڕەتدەکردەوە و بەڵێنی پابەندبوونی دا بە ڕێککەوتنەکەوە، دواتر داتای خودی حکومەتی عێراق زیادکردنی بەرهەمی نەوتی بۆ مانگی سێپتەمبەر ڕاگەیاند

لەکۆی سێزدە وڵاتی ئەندام، عێراق تاکە وڵاتی ئەندامی ئۆپیکە کە تا ئێستا نەک پابەند نەبووە بە ڕێککەوتنەکەوە، بەڵکو وەزیری وزەی ئەو وڵاتەش ڕایگەیاند لە مانگی سێپتەمبەردا بڕی 78 ملیۆن و 388 هەزار و 619 بەرمیل نەوتیان هەناردە کردووە و ئەو رێژەیەش زیاترە لە هەناردەی مانگی ئاب، ئەمە لەکاتێکدا کە ئۆپیک پڵەس دەبێت هێشتا نزیکەی دوو ملیۆن و نیو بەرمیل نەوت کەمتر بکاتەوە، ئەوەش وەک قەرەبوو بۆ ئەو زیادە بەرهەمهێنانەی لایەنەکانی ڕێککەوتنەکە لە مانگەکانی ڕابردوودا بەرهەمیان هێناوە، لەپێش هەموویانەوە عێراق، بۆیە لەو قەرەبووەشدا عێراق پشکی شێری بەردەکەوێت.

هەروەها عێراق بەڵێنی ئەوەشی دابوو بە کەمکردنەوەی بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوت لە مانگی ئەیلوولدا ئەو قەرەبووە بداتەوە، ئەوەش لە بەرانبەر زیادە بەرهەمهێنانە مانگەکانی ڕابردووی

دواجار هاوبەشەکانی عێراق لە ئۆپیک پڵەس لەبەر بێ بەڵێنی عێراق هاتنە دەنگ و داوایان کرد دەست لە فێڵکردن هەڵگرێت و پابەند بێت بە ڕێککەوتنەکەوە، واتا بەرهەمهێنان کەم بکاتەوە. ئەمەش بەڕوونی لە  ڕاپۆرتێکدا لە ماڵپەڕی Oil Price لە ڕۆژی 2ی ئەم مانگە و چەند ئاژانسێکی دیکەی هەواڵ بڵاو کراوەتەوە و ئاماژەی پێدراوە.

پرسیارێکی ترسناک لێرەدا دێتە ئاراوە: عێراق بە زیادکردنی بەرهەم و نەدانەوەی قەرەبوو گەیشتۆتە ئەوەی پێویستی بە قەرز بێت بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، ئەی کاتێک ناچار بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و قەرەبووی زیادە بەرهەمهێنانەکانی مانگەکانی ڕابردووی چی بەسەر دێت؟

خۆ ئەگەر عێراق پابەندیش بە ڕێککەوتنەکەوە و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دابەزێنێت، ئەوا زیانێکی گەورە بە بودجەکە شلۆقەکەی دەکەوێت کە بەشی هەرە سەرەکی لە داهاتی نەوت پێک دێت. هەر لەم بارەیەوە لە ڕۆژی 16ی سێپتەمبەردا، "ابراهیم بحرالعوم"، وەزیری پێشووی وزەی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی "Russia toady" هۆشداریی دابوو لەوەی ئەگەر هەیە عێراق بەهۆی ڕێککەوتنی ئۆپیک پڵەس بڕی 50 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوێت ئەگەر بەتەواوی پابەند بێت بەو ڕێککەوتنەوە، هەر ئەو بابەتەش مشتومڕی زۆری لەنێو حکومەتی عێراقیدا دروست کرد و زۆرینەی بەرپرسان دژی پابەندبوونی تەواوەتی بوون و بیریان لەوە کردەوە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بەشێک لە کاریگەریی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان لەئەستۆ بگرن

سەرباری شکستی عێراق و قەرزکردن بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و دواکەوتنی ناردنی 320 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لەماوەی ڕابردوودا عەلی عەللاوی، کە جێگری سەرۆک وەزیران و لەهەمان کاتدا وەزیری داراییشە، هەرێمی کوردستانی بە بەقاچاخ ڕەوانەکردنی 450-470 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە و کۆسپ خستە بەر پابەندبوونی عێراق بە پابەندبوون بە ڕێککەوتنی ئۆپیک پڵەسەوە تۆمەتبار کرد، بەڵام هەر زوو لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و حکومەتی هەرێمەوە وەڵامی درایەوە و دواتر بەپێی هەواڵی میدیا جیهانییەکان و بەردەوامبوونی خوودی خۆی لە نەبردنە سەری بەڵێنەکەی لە پابەندبوون بە ڕێککەوتنی ئۆپیک پڵەس، وەڵامی تۆمەتە ناڕەواکانی خۆی دایەوە

هەرچی دۆخی سیاسیی نێوخۆیی وڵاتەکەشە، لەوە ناچێت هاوکاری باشتربوونی هەلومەرجی دارایی بکات، لەکاتێدا میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران، کە حکومەتەکەی مستەفا کازمی دەستەوەستانە لە ئاست کۆنترۆڵکردنیان، بوونە هۆی ڕەنجاندنی ئەمریکا و هەڕەشەی داخستنی باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە عێراق لەلایەن خودی مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە، لەکاتێدا مانگێک پێش ئێستا لە سەردانەکەی کازمی بۆ واشنتۆن، ئەمریکا پاڵپشتی خۆی بۆ حکومەتی عێراق دووپات کردبوویەوە.


شکستی عێراق بواری گازیشی گرتۆتەوە و بەپێی داتای بانکی نێودەوڵەتی کە لە 21ی تەمموزی ئەمساڵدا بڵاوکراوەتەوە، لەسەر ئاستی جیهاندا عێراق دووەم وڵاتە لەڕووی زۆری ڕێژەی بەهەدەردانی گاز و لەساڵی ڕابردوودا بڕی 18 ملیار مەتری سێجا گازی بەهەدەر داوە. بەپێی وتەی جۆی ئانیس، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە کۆمپانیای جەنەراڵ ئینێرجی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەشی وزەی گاز، کە رۆژی 20ی مانگی سێپتەمبەر ڕایگەیاند، بە کەمکردنەوەی بڕی 30-40% بەهەدەردانی گاز، عێراق دەتوانێت 3.5 گێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنێت. ئەمەش جگە لەوەی کە وڵاتەکە سەرچاوەی زۆری گازی هەیە و دەکرێ بۆ بوژانەوەی پیشەسازییش سوودی گەورەی لێ ببینێت.
 

بەپێی وتەی مەحمود حەنەفی، جێگری بەڕێوەبەری باڵای گواستنەوە لە کۆمپانیای سیمێنس، لەئێستادا عێراق نزیکەی 18 گێگاوات کارەبا بەرهەم دێنێت، بەڵام پێویستی بە نزیکەی 30 گێگابایتە، خواستی سەر کارەباش ساڵانە بەڕێژەی 9% زیاد دەکات. کەچی یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەرەوپێشچوونی کەرتی کارەبا لە عێراق بریتیە لە بەفیرۆچوونی ڕێژەی 40% بۆ 60%ی کارەبا لەکاتی گواستنەوەدا. هەر بەپێی وتەی حەنەفی، کەمکردنەوەی تەنیا 5%ی ئەو بەفیڕۆچوونەی کارەبا لەکاتی گواستنەوەدا بڕی 40 ملیار دۆلار بۆ خەزێنەی حکومەتی عێراق دەگەڕێنێتەوە

بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی کارەبای نێوخۆییش، عێراق گاز و کارەبا لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردە دەکات، کە لەئێستادا لەژێر ڕەحمی مۆلەتی ئەمریکا بۆ ئەو هاوردەکردنە، بەهۆی سزاکانی سەر ئێران و ئەمریکا هۆشداریی داوەتە عێراق دەست لە پشت بەستن بە گاز و کارەبای ئێران هەڵگرێت و مۆڵەتێکی دیکەی 60 ڕۆژی پێداوە بۆ ئەو مەبەستە، ئەوەش ماوەیەکی کەمترە وەک لە مۆڵەتەکەی پێشوو کە 120 ڕۆژ بوو

هەموو ئەمانە لەکاتێدا دێت کە بەر لە چەند ڕۆژێک، هاووڵاتییانی عێراق یادی یەک ساڵەی "شۆڕشی ئۆکتۆبەر" یان کردەوە، کە مەبەست لێی خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی ساڵی ڕابردووە کە بووە هۆی لەسەرکار لادانی عادل عەبدولمەهدی و عێڕاقییەکان داوای مافە سەرەتاییەکان و نەهێشتنی گەندەڵیی و ئەنجامدانی چاکسازییان کرد و زیاتر 600 سەد خۆپیشاندەریش لەلایەن هێزە ئەمنیی و گروپە چەکدارەکان و میلیشیاکانەوە کوژران

تاکە شت کە تا دێت زیاتر ڕوون دەبێتەوە، ناڕوونیی و ناسەقامگیریی دۆخی عێراق و چارەنووسی دۆخی عێراقییەکانە، دۆخی ئێستای عێراق لەهەموو ڕووێکەوە لە ساڵی ڕابردوودا خراپترە و هاوشانی گەندەڵیی، ڤایرۆسی کۆرۆنا و نزمبوونەوەی نرخی نەوت تەنگیان پێ هەڵچنیوە و بێتوانایی و بێدەسەڵاتیی حکومەتیش وایکردووە لە ئێستاوە هاووڵاتیان متمانەیان بەو هەڵبژاردنی پێشوەختەش نییە کە وابڕیارە لە 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت و ساڵی داهاتووش عێراق هەر لەژێر باری ڕێککەوتنی ئۆپیک پڵەس دەمێنێتەوە کە پێناچێت بە پابەندبوون یان پابەندنەبوونی هیچ شتێک لە دۆخی نێوخۆیی وڵاتەکەیدا ناگۆڕێت


ئه‌م بابه‌ته 444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر