قەزای پشدەر

ناوی پشدەر پێ دەچێت لە (پشت دەر)ەوە هاتبێت، بەواتە پشت (دەر) یا ئەو دەربەندەی کە زێی بچووکی بە ناودا ڕەت دەبێت و چیای کێوە ڕەش و ئاسۆس لێک جیا دەکاتەوە، هەر ئەو دەربەندەش ناوچەی پشدەر بە ناوچەی بیتوێن بە یەکەوە گرێ دەدات.
PM:02:46:27/09/2020
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - شارو ناوچەکان
قه‌زای پشده‌ر كه‌وتۆته‌ باكوری خۆرهه‌ڵاتی پارێزگای سلێمانی و (١٣٨) كم لێوه‌ی دووره‌.



ئاوهه‌وا.

ئاوهه‌وای ناوچه‌ی پشده‌ر، به‌ زۆری له‌ئاوهه‌وای ناوچه‌كانی سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاست ئه‌چێت، پله‌ی گه‌رمای له‌وه‌رزی هاویندا ده‌گاته‌ (٣٩) پله‌ی سه‌دی، به‌ڵام هه‌ندێك ساڵ به‌رزترین پله‌ی گه‌رما له‌هاویندا سنوری (٤٥) پله‌ی سه‌دیش تێده‌په‌ڕێنێت.

ناوچه‌ی پشده‌ر سروشتێكی جوانی هه‌یه ‌‌و چه‌ندین ناوچه‌ی گه‌شتیاریی تێدایه‌، كه‌ بوه‌ته‌ جێی سه‌رنجی گه‌شتیاران‌ و له‌وه‌رزه‌كانی به‌هار‌و گه‌رمادا، خه‌ڵكێكی زۆر روی تێده‌كه‌ن، زۆربه‌ی هاوڵاتییه‌كانی ناوچه‌ی پشده‌ر سه‌رقاڵی كاری كشتوكاڵكردن‌و باخداریی‌و ئاژه‌ڵدارین، هاوكات به‌هۆی ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنوری نێوان عێراق ‌و ئێران، به‌شێك له ‌دانیشتوانه‌كه‌ی كاری بازرگانی ده‌كه‌ن.


له‌ ڕووی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیاوە.

قه‌زای پشده‌ر كه‌وتۆته‌ باكوری خۆرهه‌ڵاتی پارێزگای سلێمانی و (١٣٨) كم لێوه‌ی دووره‌، كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ شاخ و دۆڵ و گرد و ده‌شت و رووبار، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ له‌ رووی جوگرافیاییه‌وه‌ تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌بێت.

هه‌روەها كۆمه‌ڵێك چیا ده‌وریانداوه‌، وه‌ك چیای (بڵفه‌ت و ته‌ورداس) له‌ خۆرهه‌ڵات، چیای (كێوه‌ڕه‌ش) له‌ خۆرئاوا و چیای (قه‌ندیل) له‌ باكور و چیای (ئاسۆس)یش له‌ باشور، زێی بچوك-یش به‌ دامێنی چیای ئاسۆس به‌ ناوچه‌ی پشده‌ردا تێپه‌ڕ ده‌بێت و له‌ (ده‌ربه‌ندی رانیه‌)وه‌ ده‌ڕژێته‌ (ده‌ریاچه‌ی دوكان).

هەروەها له‌خۆرهه‌ڵاتییه‌وه‌ هاوسنوری به‌شی خۆرهه‌ڵاتی كوردستانه‌‌و شاره‌كانی سه‌رده‌شت ‌و میراوه‌ لێیه‌وه‌ نزیكن، له ‌خۆرئاواشه‌وه‌ شارۆچكه‌ی ڕانیه‌، له‌ باكوره‌وه‌ ناحیه‌ی قه‌سرێی قه‌زای چۆمانه‌وه‌‌و له‌باشوریشیه‌وه‌ ناحیه‌ی بنگرد‌ و ناوچه‌ی مه‌رگه‌ و قه‌زای ماوه‌ت هه‌ن.

ڕووبەری قەزای پشدەر.

لەساڵی (٢٠٠٩) بەدواوە ڕووبەری قەزاکە (١٤٠٨٫٨)کم٢ بووە، کە بەڕای توێژەر ئەوە ڕاسترین ڕووبەرە بەبەراورد بەو ژمارانەی کە پێشتر ئاماژەی پێدرا، چونکە بۆ دۆزینەوەی ڕووبەر پشت بەستراوە بە بەرنامەی (GIS)، کە ئەگەری هەڵەی زۆر کەمە، بەو پێییەی زۆربەی داتاکان لە فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئاستی یەکە کارگێرییەکان تۆمار کراون.

ڕووەکی سروشتی لە سنوری قەزای پشدەر.

هەموو ئەو ڕووەکە سروشتیانە دەگرێتەوە، کە لە شێوەی گژووگیای سروشتی لە ڕوبەرێکی فراوان لە ناوچە دەشتایی و گردوو دۆڵەکاندان، هەروەها لەنێوان پشتێنەی دارستانە کراوەکان و لە ناوچەی چیاکان گەشە دەکەن، لە شێوە و قەبارەی جیاواز دەردەکەون، گژوگیا سەرچاوەی خۆراکی گرنگە بۆ ئاژەڵان و گیانلەبەرانی وشکانییەکان.

ڕووبەری پشتێنەی گژوگیا لە ناوچەی پشدەر نزیکەی (١٩١٫٥)کم۲، ئەوەش دەکاتە (١٣٫٦٪)ی سەرجەمی ڕووبەری ناوچەکە، لەم ڕوبەرەش ناحیەی (ژاراوە)، بە(٤٨٫٦)کم۲ (٢٥٫٤٪)ی سەرجەمی پشتێنەی گژوگیا لە خۆ دەگرێت، هەریەکە لە ناحیەکانی(سەنگەسەر، ئیسێوە، هەڵشو، سەنتەر، هێرۆ)، بە(٣٤٫٦، ٣٣٫٦، ٢٨٫٢، ٢٥٫٢، ٢١٫٣)کم۲، ڕێژەی(١٨٫١، ١٧٫٥، ١٤٫٧، ١٣٫٢، ١١٫١٪)ی سەرجەمی ئەم پشتێنەیەی ڕوەکی سروشتی لەخۆیان دەگرن.

دارستانی سروشتی له قەزای پشدەر.

ڕوبەری دارستانی سروشتی له قەزای پشدەردا ، نزیکەی (٧٠٣٫٥)کم۲، ئەوەش دەکاتە(٤٩٫٩٪)ی سەرجەمی ڕوبەری ناوچەی پشدەر، لەم ڕوبەرەش نزیکەی (٧٦٫٥٪)ی دەکەوێتە هەردوو ناحیەی (سەنگەسەر و ژاراوە) یەک بە دوای یەک دەگاتە (٤٢٦٫٧، ١١١)کم۲، ناحیەی (هەڵشۆ) بەپلەی سێیەم دێت بە (٧٨٫٢)کم۲، لە (١١٫١٪)ی سەرجەمی ڕووبەری دارستانی قەزاکە پێک دەهێنێت، هەریەکە لە ناحیەکانی (هێرۆ، ئیسێوە، سەنتەر) بە (٤٧٫٣، ٣٨٫٤، ١٫٩)کم۲، ڕێژەی لە (٦٫٧، ٥٫٥، ٠٫٣٪)ی سەرجەمی دارستانی ناوچەکە لە خۆدەگرن.

گرد و بانەکانی پشدەر.

کۆمەڵێک گرد و تەپۆڵکەی لەیەک دابڕاون دەکەونە نێوان زنجیرە چیای خۆرهەڵات و شاری قەڵادزێ، کە بە شێوەی پشتێنەیەکی باریک لەباشوری خۆرهەڵاتی شاری قەڵادزێوە لە سنوری ناحیەکانی ( ئیسێوە، هێرۆ، سەنتەر، هەڵشۆ) بە ئاڕاستەی باکوری خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە، بەڵام یەکەی گرد لە سنووری ناحیەی (ژاراوە) دەکەوێتە نێوان زنجیرە چیای (قەندیل و دەشتی پشدەر) لە باکوری شارۆچکەی (ژاراوە)، بەرزی یەکەی گردەکان لە ناوچەی لێکۆڵینەوە لەنێوان (٧٠٠-٨٥٠)مەترە لەئاستی ڕووی دەریا، ڕوبەری گردەکان بریتییە لە (١٥٢٫١٥)کم۲، ئەوەش دەکاتە (١٠٫٨٪) سەرجەمی روبەری ناوچەی لێکۆڵینەوە، لە بەناوبانگترین گردەکانیش وەک (گرد و تەپۆڵکەکانی دوڕێ، گردە سپیان، گردەکانی بادین و بێموش، گردمەیتەر، گردی حەسار، گردە ئێستر، گردی ڕمکان.....هتد)، ناوچەی گردەکان بە گژوگیا دەوڵەمەندن، هەربۆیە بە شوێنێکی گونجاو بۆ پیادەکردنی چالاکی کشتوکاڵی (ئاژەڵداری) دادەنرێت.

بانی پشدەر.

بانی پشدەر: ئەم بانەش کەوتۆتە ناوچەی قەڵادزێی سەر بە پارێزگای سلێمانی ئەم بانە لە خۆرهەڵاتەوە چیا پێچئاڵۆزەکانی سنووری ئێران و لە باشوورەوە دۆڵی سیوەیل و لە خۆرئاواوە قەڵاچوالان و لە باکوورەوە زێی بچووک، چەند چیایەک کەوتونەتە ناو ئەم بانەوە و لە هەموویان گرنگتر چیای کەنیو(٢٣١٦م) و سەرشیو(٢١١٦)م.

دەشتی پشدەر.

دەشتەکان ئەو زەوییانە دەگرێتەوە کە نزمترن و لێژیان زۆر کەمترە، بە بەراورد بە چیاکان، سەر ڕوەکانیان ساکار و بەرز و نزمی زۆر لە خۆ ناگرن. یەکەی دەشت لە ناوچەی لێکۆڵینەوە بە بەراورد لەگەڵ چیاکان ڕوبەری کەمترە، بەجۆرێک ڕووبەری دەشتی (پشدەر) دەگاتە (٢٧٣٫٧٧)کم۲، واتە ڕێژەی (١٩٫٤٣٪) ناوچەکە پێکدەهێنێت، دەشتی پشدەر بەگشتی لە شێوەی سێگۆشەیەکدایە لە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (پیرانان) لەشێوەی پشتێنەیەکی باریک دەستپێدەکات، بە ئاڕاستەی خۆرهەڵات فراوانییەکەی زیاد دەکات، زۆرترین فراوانی دەشتەکە دەکەوێتە سنوری ناحیەی (ژاراوە) لەوێوە بە ئاڕاستەی باشوری خۆرهەڵات فراوانییەکەی کەم دەکات تاکو لە سنوری ناحیەی (ئیسێوە) دەگاتە ئەوپەڕی تەسکی و کۆتای دێت، بەرزی دەشتی پشدەر لە نێوان (٤٣٥-٧٠٠)م لە ئاستی ڕووی دەریا، نزمترین خاڵی دەکەوێتە نزیک دەربەند، بە ئاڕاستەی باکور و باکوری خۆرهەڵات بەرزی و لێژییەکەی زیاد دەکات، دەشتی پشدەر بە گرنگترین شوێن بۆ نیشتەجێبوون و چالاکی کشتوکاڵی و دروستکردنی ڕێگاکانی هاتووچۆ دادەنرێن.

ئاوی ژێر زەوی سنوری قەزای پشدەر.

ئاوی سەرزەوی لە سنوری قەزای پشدەر دا لە ڕووبارو چەمەکان پێکدێت، کە چەندین ڕووبار و چەمی هەمیشەی و وەرزی لە خۆدەگرێت، کە هەمیشیەکان بریتین لە (ڕووباری زێێ بچووک، ڕووباری ژاراوە، چەمی سواچ ، چەمی گردە ئێستر، چەمی کۆشکەڵە). هەروەها ڕووباری کارڤێن کە چەند ئەویش چەند لقێکی لێ دەبێتەوە وەک (ڕووباری قەندیل،ڕووباری ‌شەهیدان) ڕووباری هەڵشۆ لقێکی تری زێی بچووکە کە پێکدێت لە ( چەمی دۆڵی هەڵشۆ، چەمی سپیچار، چەمی چۆمخڕە)
چەمی پاچکار پێکدێت لە (بێکڵۆ،چەمی دێگە،چەمی بادێن،)هەروەها چەندین چەمی تریش بوونی هەیە وەک (چەمی هێرۆ، چەمی باوزێ،چەمی قەندۆڵ).

هەر لە سنوری قەزای پشدەر چەندین ڕووباری وەرزی و کاتی بوونی هەیە وەک (چەمی دۆڵە فڕە، چەمی بەستە ستێن، چەمی تووە سوران،چەمی دووڕێ).

دەرامەتی ئاوی ژێر زەوی لە پشدەر.

له ناوچەکە ژمارەیەکی زۆر کانی هەیە، بەڵام ژمارەی ئەو کانیانەی کە ناسراون و بەردەوام ئاویان لەبەر دەڕوات، لە قەزای (پشدەر)دا، دەگاتە (٦٩٩)کانی، بەگشتی تا بەرەو باکور و باکوری خۆرهەڵات بڕۆین و لەناوچە دەشتاییەکان دوربکەوینەوە، ژمارەی کانیاوەکان زیاد دەکات. ناحیەی (سەنگەسەر) بە (٢٨٦) کانی ڕێژەی (٤٠٫٩٪)ی کانیاوەکان لەخۆ دەگرێت، ناحیەی (ژاراوە) بەپلەی دووەم دێت و ژمارەی کانیاوەکانی بریتیین لە (١٢٠) کانیاو واتە (١٧٫٢٪)ی سەرجەمی کانیاوەکانی قەزاکە لەخۆ دەگرێت، ناحیەی (ئیسێوە) کەمترین ژمارەی کانی لەخۆ دەگرێت، تەنها (٢٧) کانییە، کە دەکاتە (٣٫٨٪)ی سەرجەمی کانیاوەکان، هەریەکە لە ناحیەکانی (سەنتەر، هێرۆ، هەڵشۆ) یەک لە دوای یەک بە (٧٤، ٩٨، ٩٤)کانی کە ڕێژەی (١٠،٦%، ١٤%،١٣،٥%)ی کۆی سەرچاوەی کانیاوەکان پێکدەهێنێت.

کارێز: یەکێکە لە ڕێگا کۆنەکان بۆ وەبەرهێنانی ئاوی ژێر زەوی، کە بریتییە لە چەند بیرێک بەهۆی تونێلێکەوە بەیەکەوە بەستراونەتەوە، کە هەریەکەیان لە پێش خۆی نزمترە و ماوەی کەمتر لە(٢٠) مەتریان لە نێواندایە.

سەبارەت بە کارێز لە ناوچەی پشدەردا ، ژمارەیان دەگاتە (١٩٧) کارێز، لەم ژمارەیەدا زۆرترینیان دەکەوێتە ناحیەی (هێرۆ)، کە ژمارەیان (٦٩) کارێزە، لە کاتێکدا تەنها (١) کارێز لە سنووری ناحیەی (سەنگەسەر) هەیە، ئەوەش بەهۆی دەوڵەمەندی بە سەرچاوەو کانیاوەکان، هەریەکە لە ناحیەکانی(ئیسێوە، سەنتەر، هەڵشۆ، ژاراوە)یش یەک لە دوای یەک(٤٥، ٣٧، ١٨، ٢) کارێز لە خۆیان دەگرن، بەڵام ئەوەی شایەنی باسە، زۆربەی کارێزەکانی ناوچەکە ووشکبوون یان بەکار ناهێنرێن و شوێنەواریان نەماوە، کە تەنها (٢٥) کارێز بەرهەمیان هەیە، کە(١٢)یان لە ناحیەی هێرۆ و (٨) کارێز لە ناحیەی هەڵشۆ و (٥) کارێزیش لە ناحیەی سەنتەردان.

بیرەکان: بەکۆنترین ڕێگای هەڵێنجانی ئاوی ژێر زەوی دادەنرێت، کە مرۆڤ لەڕێگای هەڵکەندنی زەوی ئاوی دەستکەوتووە و لەبواری جۆراوجۆردا بەکاری هێناوە، ڕێگای هەڵکەندنی (بیر) لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا لە بیری دەستی گۆڕانی بەسەردا هاتووە، تا گەیشتۆتە بەکارهێنانی ئامێری پێشکەوتوو. 

لە ناوچەی پشدەردا ژمارەی ئەو بیرانەی کە تۆمارکراون، یان بە شێوەیەکی یاسای لێدراون و مۆڵەتیان بۆ وەرگیراوە لەلایەنی پەیوەندیدار، بریتییە لە(٢٧٣) بیر، (سەنتەری قەزا) بە (١١٧) بیر ڕێژەی (٤٣٪)ی بیرەکان لە خۆی دەگرێت، ناحیەی (سەنگەسەر) بە پلەی دووەم دێت ژمارەی بیرەکانی (١١٠) بیرە واتە (٤٠٪)ی سەرجەمی بیرەکانی قەزاکە لە خۆ دەگرێت، ناحیەی (هێرۆ) کەمترین ژمارەی بیر لەخۆ دەگرێت تەنها (٤) بیرە کە دەکاتە(١٫٥٪)ی سەرجەمی بیرەکان، هەریەکە لە ناحیەکانی (ژاراوە، هەڵشۆ، ئیسێوە) یەک لە دوای یەک بە (٢٦، ١٢، ٤) بیر لە (٩٫٥٪، ٤٫٤٪، ١٫٥٪)ی سەرجەمی بیرەکان لە خۆیان دەگرن.

بەشێک دەرامەت سروشتیەکانی قەزای پشدەر.

کانزا فلزییەکان 

١-ئاسن: لە سنوری پشدەر ئاسن لە چیای (قەندیل) لە نزیک (مەرەبەسته) بوونی هەیە، ڕێژەی ئاسن لەخاوی مەگناتایت و ڕیشاڵی کوارتز دەگاتە لە (٤٩٫٣٢، ٦٦٫٢٧٪) ، لەخاوی لیمۆنایتش ڕێژەی (٦١٫٣٢) ئاسنی تێدایە.

٢-مس:لە ناوچەی پشدەر لە سێ شوێن بوونی هەیە: ١-لە گوندی سەید ئەحمدان ڕێژەکەی لە نێوان (٠٫٨-٣٫٢)دایە.

٢-لە نزیک چیای (بڵفەت) بە ڕێژەی (١٫٨-٢)دایە.

٣-لە سنوری ناحیەی هێرۆ لە گوندی گیرە ڕێژەی (٠٫٨) .

٣-قوڕقوشم و خارسین: کە لە سێ ناوچە لە سنوری چیای (قەندیل)دا دەبینرێ بە ڕێژەی (٢٫٩٧٪) قوڕقوشم و (١٫٢١٪) خارسینی تێدایە.

٤-کڕۆم: لە قەزای پشدەر کڕۆمیتی دەوڵەمەند بە ئاسن لە چیای (بڵفەت) هەیە بە ڕێژەی (٤٦٪).

٥-مەنگەنیز: لە قەزای پشدەردا لە ناوچەی سیرنێ کە دەکەوێتە ناحیەی سەنگەسەر بە ڕێژەی (١٤٫٢٩- ٢١٫٩٦٪) .

کانزا نافلزیەکانی سنوری پشدەر.

کانی مەڕمەڕەی دارەشمانە: دەکەوێتە نزیک گوندی دارەشمانە لەسنووری ناحیەی (هەڵشۆ) لە باکوری خۆرهەڵاتی قەڵادزێ، ڕەنگەکەی ڕەساسیە بەلای سەوزدا، ئەوەش بەهۆی بوونی ماددەی کاربۆنی، لەو بەردەدا.

کانی مەڕمەڕی کیلێ و باوزێ: کانی کێلێ دەکەوێتە نزیک سنووری(نێودەوڵەتی کێلێ)، ڕەنگی بەردەکەی سپییە، هەروەها کانی (باوزێ) دەکەوێتە گوندی باوزێ لە سنووری ناحیەی (ئیسێوە)، ڕەنگی بەردەکەی سپییە، هەروەها کانێکی بەردی مەڕمەڕی سور لە نزیک قەڵادزێ بوونی هەیە، بەڵام بڕی یەدەگی هیچ کام لە کانەکان نەزانراوە.

کانی بەردی بیناسازی(ئایۆلایت): یەکێکە لە جۆرەکانی بەردی ئاگرینی سەر ڕووی زەوی، ئەم جۆرە بەردە، ماوەی دووساڵ دەبێت لە ناوچەکە دا دەستکراوە بە بەکارهێنانی لەبواری بیناکاریدا، بەتایبەت لەبواری جوانکاری بینایدا، بەگشتی لەڕووی دەرەوەی ئەو ڤێلایانەدا بەکاردێت، کە لە دەوروبەری شارەکانی ناوچەکە لەناو باخەکان دروستکراون، تا (٢٠١٦) تەنها یەک کان لەو جۆرە بەردە سوودی لێ وەرگیراوە ئەویش دەکەوێتە نزیک گوندی (ئاڵان).
هەروەها هەر لە سنوری قەزای پشدەر چەندین کانی چەو لم، کانەکانی بەردی مەڕمەڕ بوونی هەیە.

شاری قه‌ڵادزێ‌ ناوه‌ندی قه‌زای پشده‌ر.

لە ڕووی کارگێڕیەوە شارۆچكه‌ی قه‌ڵادزێ، ناوه‌ندی قه‌زای پشده‌ره‌، کە سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕینە جگە لە سەنتەری قەزا ، له‌ پێنج (٥) ناحیه‌ پێكهاتووه‌، كه‌ بریتین له‌ ناحیەکانی ( سه‌نگه‌سه‌ر، ژاراوه‌، هێرۆ، هه‌ڵشۆ، ئیسێوه‌)284 گوندی هەیە.

ناوی قەڵادزێ

وشه‌ی قه‌ڵادزێ ڕه‌نگه‌ له‌ دوو وشه‌ی قه‌ڵاو دزێ پێكهاتبێ، كه‌ دزێ ڕه‌نگه‌ ئاماژه‌ بێت به‌ڕوباری زێی بچوك، كه‌ له ‌نزیكی ئه‌م شارۆچكه‌دایه‌، قه‌ڵاش به‌ مانای شوێنێكی جێگیر دێت، یاخود به‌ناوی ئه‌و قه‌ڵایه‌ كراوه‌، كه‌ ئێستاش ئاسه‌واری ماوه‌‌و به‌قه‌ڵا ناسراوه‌، کە مێژووەکەی زۆر کۆنە هەندێک سەرچاوە بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان، هەندێک سەرچاوەی تریش بۆ سەردەمی (خان بداغ) کوڕی فەقێ ئەحمەدی دارە شمانەی ئەگێڕنەوە "گوایە بە تورەکە گڵ کێشی دروست کراوە".

هەندێ ڕۆشنبیر و نووسەر ڕای جیاوازیان هەیە لەسەر ناوی قەڵادزێ:

١-مامۆستا "خدر ئیبراهیم خدر" ڕای وایە کە لە قەڵادووزێ وە هاتووە.

٢-مامۆستا گه بابان لە کتێبەکەی کۆستی شارێک ڕای وایە کە (قەڵا) کە ئەوە هەیە، (دژ) کە هەمیشە دژی داگیرکەران بووە، بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار دژەکە بووە بە دزێ. واتا قەڵادژێ بووە بۆتە قەڵادزێ، هەروەک چۆن ڕەواندژ بۆتە ڕەواندز، نەورۆژ بووە بە نەورۆز.

گه‌ڕه‌كه‌كانی قه‌ڵادزێ

گه‌ڕه‌كی خانه‌قا، گه‌ڕه‌كی ئاشتی، گه‌ڕه‌كی ئازادی، گه‌ڕه‌كی گربداخ، گه‌ڕه‌كی ئیمام قاسم، گه‌ڕه‌كی راپه‌ڕین، گه‌ڕه‌كی بابان، گه‌ڕه‌كی نه‌ورۆز، گه‌ڕه‌كی كۆڕه‌و، گه‌ڕه‌كی ساوێن، گه‌ڕه‌كی مه‌شخه‌ڵان، گه‌ڕه‌كی شه‌هیدان، گه‌ڕه‌كی مامه‌نده‌، گه‌ڕه‌كی باخان، گه‌ڕه‌كی فه‌رنبه‌ران، گه‌ڕه‌كی بنار‌و گه‌ڕه‌كی چوارچرا.

ڕۆشنبیر و شاعیران شارەکە.

احمد شێواو (شاعیر) ١٩٣٧-١٩٩٩.

عه‌زیز سه‌لیم (شێوه‌كار) ١٩١٥-٢٠٠٣.

حه‌مه‌ی ئایشێ (شانۆكار) ١٩٣٢-٢٠٠٤.

محمد فیدا (ڕوناكبیر) ١٩٢٩-١٩٨٤.

خدر محمەد كۆساری (شاعیر) ١٩٩٣-١٩٦٧.

ژمارەی دانیشتوان.

ژمارەی دانیشتوانی قەزای پشدەر لەسەرژمێریە جیاوازەکاندا گۆڕانکاری بووە، بە جۆرێک ژمارەی دانیشتوانی قەزاکە لەسەرژمێری ساڵی (١٩٥٧)دا (٣٤٥٤٥)کەس بووە، لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە لە ساڵی (٢٠٠٩)دا گەیشتۆتە (١٠٧٥٩٦)کەس.

هەروەها ژمارەی دانیشتوانی قەزای پشدەر بە گوێرەی بڵاوکراوەی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی (٢٠١٨)بریتیە لە (١٣٦٤٤٦)هەزارکەس.

ناحیەكانی سەربە قەزای پشدەر.

ناحیەی سەنگەسەر.

رووبەری ناحیە (589) كم2.

ناحیە (65) گوند .

ئەم ناحیەیە (%93) دەشت ناوەندی ناحیە. (%7) گردە.

لە باكوورەوە چیای قەندیل و لە باشورەوە زێی بچووك و لە رۆژهەڵاتەوە قەزای قەڵادزێ‌ و لە رۆژئاواوە قەزای رانیەیە.

ژمارەی گوندەكان (65) گوند

ژمارەی گوندە چۆڵكراوەكان (2) گوند.

ژمارەی گوندە ئاوەداتكراوەكان (63) گوند.

ژمارەی گشتی دانیشتوانی ناحیەكە (24536) كەس.

ژمارەی خێزان (5446) كەس.

رووبەری زەوی شیاو بۆ كشتوكاڵ ( 15500) دۆنم.

رووبەری زەوی نەشیاو بۆ كشتوكاڵ ( 2663) دۆنم.

ناحیەی ژاراو.

رووبەری ناحیە 294 كم2.

جوگرافیای ناوچەكە.

ژمارەی گوندەكان (34) گوند.

ژمارەی گوندەچۆڵكراوەكان (4) گوند.

ژمارەی گوندە ئاوەدانكراوەكان (30) گوند.

ژمارەی دانیشتوان زیاتر لە (15000)  كەسە.

ژمارەی خێزان (3300) خێزانە.

رووبەری زەوی شیاو بۆ كشتوكاڵ (4724) دۆنم بەراو. (15146) دۆنم دێم.

رووبەری زەوی شیاو بۆ كشتوكاڵ (45462) دۆنم دارستانی سروشتی.(2) دۆنم دارستانی دەستكرد.(1285) دۆنم لەوارگا.(5417) دۆنم بەردەڵان.

ناحیەی هەڵشۆ.

جوگرافیا و تۆبۆگرافیا: لە زستاندا ساردو لە هاویندا كەش و هەوایەكی مامناوەندی هەیە خاوەنی رەزو باخ و ئاوێكی سازگارە لە باشوورەوە ناحیەی هێرۆ و لە رۆژهەڵات چیای بڵفەت و لە رۆژئاوا قەزای قەڵادزێ و لە بكورەوە چیای مامەندە.

رووبەری ناحیەكە(148292)كم2.

ژمارەی گوندەكانی: (27) گوند.

گونە چۆڵكراوەكان(3) گوند.

گوندە ئاوەدان كراوەكان(24) گوند.

ژمارەی دانیشتوانی (11484) ژمارەی خێزان( 1915).
 
رووبەی شیاو بۆ كشتوكاڵ( 1717).

رووبەری نەشیاو( 11628).

ناحیەی هێرۆ.

ئاراستەكان رۆژهەڵاتی قەڵادزێ‌ بەدووری (23) كم زنجیرە چیای بەكاو و گۆر هێلكە گردە بێناس لە رۆژئاواوە زنجیرە چیای پەروێز, لە باكوری خۆرهەڵاتی چیای دووپەزە و باشوری خۆرئاوای چیای كەنەرەشە.

ژمارەی گوندەكان (13) گوندە.

ژمارەی دانیشتوان (20801) كەسە.

ژمارەی خێزان (458) سەرۆك خێزانە .

زەوی شیاو بۆ كشتوكاڵ (2943) دۆنم بەراو .

زەوی پشتاو (4217) دۆنم پشتاو .

زەوی نەشیاو (2869) بەردەڵانە .

لە ساڵی 1964 بۆتە ناحیە.

ناحیەی ئیسێوە.

لە رووی تۆبۆ گرافیەوە:

ناحیەی ئیسێوە دەكەوێتە سنوری كوردستانی باشوور سەر بە قەزای پشدەرە و لە رووی تۆبۆگرافیەوە ناوچەیەكی نیمچە شاخاوییە ئاوهەوایەكی ساردووشكی هەیە ئاوی ژێر زەوی زۆر باش نییە بە گشتی سود لە كانی وەردەگرێت بایەكی تایبەتی هەیە لە رۆژهەڵاتەوە هەڵدەكات بە گشتی ناوچەكە پێگەی ئابووری لەسەر كشتوكاڵ بەندە.
لە باكورەوە بە گوندی بێناسەوە زنجیرە چیایەك دەست پێدەكات لە باشورەوە بەزێی بچووك و گوندی ئەلبانە كۆتای دێت لە باكوری خۆرهەڵاتەوە گوندی باوزێ‌ دەست پێدەكات و لە باكووری خۆرئاوا گوندی گواران كۆتای دێت لە خۆرهەڵاتەوە بە گوندی ئەشكەنەو دۆڵی نێسێ‌ و لە خۆرئاواوە بە گوندی دەشتێو كۆتای دێت, وە (7) گوند بەیەكەوە دەبەستێتەوە وە چەقی گوندەكانی سنوری ناحیەی ئیسێوەیە.

رووبەرەكەی (94825000)م2 بە دۆنم(37930).

ژمارەی گوند (18) گوند.

ژمارەی چۆڵكراوی گوند (4) گوند.

ژمارەی ئاوەدانكراوەی گوند (14).

ژمارەی دانیشتوان (2500) كەس. ژمارەی خێزان (215).

رووبەری زەوی شیاو بۆ كشتوكاڵ (16750000) م2 بە دۆنم (6700) دۆنم.

رووبەری زەوی نەشیا و بۆ كشتوكاڵ (78075000). بە دۆنم (31230) دۆنم.

شوێنەوارەکانی ناوچەی پشدەر.

(213) ناوچەی شوێنەواریی لە دەڤەری پشدەر هەیە.

لەو ژمارەیە (26) قەڵا و (43) ئەشکەوت و گردۆڵکە و یان تەپۆلکە و گۆڕستان و پەرستگا- یە و تاکو ئێستا (55) ناوچەی شوێنەوار بەتەواوەتی لەناوچوون.

ناوچە شوێنەوارییەکانی سنوورەکە مەترسیی جدییان لەسەرە بەهۆی ئەوەی، کە دامەزراوەیەکی تایبەت بەپاراستنی شوێنەوار نییە لە دەڤەرەکەمان و یاسایەکی تایبەتیش نییە بۆ سزادانی ئەو کەسانەی مەترسیی بۆ ئەو شوێنەوارانە دروست دەکەن”.

بەشێک لەو ناوچە شوێنەوارییانە لە لایەن شوێنەوارەوە تۆمار کراون و کاری کنە و پشکنینیان لەلایەن تیمە بیانییەکان بۆ ئەنجام دراوە و بەشێکیشیان هەتا ئێستا تۆمار نەکراون، کە بە پێی لێکۆڵینەوەکان کۆنترین قەڵات، قەڵاتی سەیدە حمەدانە، کە مێژووەکەی بۆزیاتر لە (9) هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە”.

ناوچه‌ی پشده‌ر به‌گشتی چه‌ندین شوێنه‌واری مێژوویی لێده‌بینرێت، له‌وانه‌ (قه‌ڵاتی قه‌ڵادزێ‌) له‌ ناوه‌ندی قه‌زاكه‌، (به‌رشاخان) له‌ناحیه‌ی هێرۆ، (زیندان) له‌ گوندی باده‌ڵیان، (گردی حه‌سار) له‌ گوندی حه‌سار، (گۆڕی فه‌قێ ئه‌حمه‌دی داره‌شمانه‌) له‌ گوندی داره‌شمانه‌، (گڵكۆی شێخ فه‌رخ)، (دۆڵی شه‌هیدان) له‌ پشتی سه‌نگه‌سه‌ر و چه‌ندین شوێنه‌واری دیكه‌.

مێژووی قەڵادزێ.

به‌ پێی هه‌ندێ سه‌رچاوه‌، مێژووی قه‌ڵادزێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می ئاشورییه‌كان، له‌ كاتی هێرشه‌كانی (سه‌لجونی هه‌شته‌م) ناوی (زه‌مبیلی) بووه‌، هه‌روا له‌ ساڵی (٥٧٢)ی زاییندا ناوی (نامرێ) بووه‌، له‌ دوای هێرشه‌كانی له‌شكری عوسمانی له‌ سه‌رده‌می سوڵتان (عبدالحمید)ی دووه‌م له‌ساڵانی (١٨٧٨-١٩٠٩) ناوی پشده‌ر (معموره‌ الحمید) بووه‌. 

له‌ دوای سه‌رده‌می پاشایه‌تی له‌ عیراقدا، ئه‌و روداوانه‌ی به‌سه‌ر ئه‌و قه‌زا‌و ناوچه‌یه‌دا هاتوون بریتین له‌: کردنی قەڵادزێ ناوەندی قەزای پشدەر بە قەزا لە ساڵی ١٩٤٨.

بۆردومانكردنی شاری قه‌ڵادزێ‌ له‌ سه‌رده‌می (عبدالسلام عارف) له‌ ساڵی (١٩٦٣)، هه‌روا له‌ سه‌رده‌می (عبدالرحمن عارف) له‌ ساڵی (١٩٦٦)دا.

بۆردوومانی شاری قەڵادزێ.

دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە نێوان شۆڕشی چەکداری کورد و حکومەتی عێراقی تا مانگی(٨)ی (١٩٧٤) شاری قەڵادزێ و ناوچەی پشدەر ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش بوو بەهۆی ئەوەش کە خەڵکی شارەکەش زۆر میوان پەروەربوون و ئەو کاتیش زۆرێک لە خەڵکی شارەکان پەیوەندیان بە شۆڕشەکەوە دەکرد و لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقییەوە دەهاتنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش ئەو سەردەمە زۆربەی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی و مامۆستاکانی زانکۆ پەیوەندیان بە شۆڕشەکەوە کردبوو شۆڕشەکەش بۆ درێژە پێدانی زانکۆیەکە لە ڕادیۆی شۆڕشەوە بانگەوازی بڵاودەکاتەوە بۆ مامۆستا و خوێندکاران زانکۆی سلێمانی کە پەیوەندی بە شاری قەڵادزێوە بکەن بۆ ئەو مەبەستەش لە ناوەڕاستی شارەکە چەند قاعەیەکی تووتن هەبوو کران بە شوێنی حەوانەوەی خوێندکارەکان ئیتر بەو هۆیەوە لە ڕۆژی چوارشەممە (٢٤-٤-١٩٧٤) کاتژمێر نزیک بە ١٠:٣٠ بەیانی ژمارەیەک فڕۆکەی حکومەتی عێراقی کە بریتی بوو لە جۆرەکانی (سۆخۆی ڕوسی- باجەری فەرەنسی- مێکی رووسی) بۆردوومانێکی چڕی ناوەڕاستی شارەکەیان کرد لە کاتێکدا کە هیچ بەرگرییەکی ئاسمانیش بۆ شارەکە دانەنرا بوو بۆردوومانەکە گیان لە دەستدانی زیاتر لە (٤٠) کەس و برینداربوونی نزیکەی (١٥٠) کەسی لێکەوتەوە لە نێوانیاندا چوار خێزانی شارەکە تەنیا تاکە نەفەرێکیان لێ دەرچوو.

زیانە ماددیەکانی بۆردوومانی قەڵادزێ.

دوای کارەساتی بۆردومانی ٢٤-٤-١٩٧٤ ڕژێمی بەعسی لە ناوچوو بەقەدەغە کراوترین چەک بۆردوومانی شاری قەڵادزێ ی کرد و چەندین خانووی هاوڵاتیان و دووکان و بینا حکومییەکانی ئەو کات لە ناو شاری قەڵادزێ وێران کراون و زیانیان پێگەیشتووە کە ژمارەیان "٢٣" خانوو زیاتر ئەبێت و "٢٦" دووکان و "٩" بینای حکومی ناو قەڵادزێ.

ڕاگواستنی گوندەکان.

راگواستنی دانیشتوانی گونده‌كانی بناری قه‌ندیل به‌ زۆره‌ملێ‌ له ‌لایه‌ن رژێمی به‌عس له‌ ساڵی (١٩٧٧)دا، دووه‌م شاڵاوی راگواستنی گونده‌كانی تری ده‌ووروبه‌ری پشده‌ر بۆ كۆمه‌ڵگه‌ زۆره‌ملێكانی (به‌سته‌ستێن، تووه‌سوران، ژاراوه‌، پێماڵك) له‌ ساڵی (١٩٧٨)دا.
قەڵادزێ لە ماوەی نێوان شەڕی ئێران و عێراقدا

شەڕی (٨) ساڵەی عێراق و ئێران لە ٢٢-٩-١٩٨٠ بە دەست پێشخەری (سەدام حسێن) سەرۆک کۆماری عێراق هەڵگیرسا ئەویش بە بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەکانی شارەکانی عێراق و داگیرکردنی چەند شارێکی ئێران لە هەرێمی (ئەهوازی عەرەبی) ئەوە بوو ئەم جەنگە(٨) ساڵی خایاند ئەویش بەهۆی درێژە پێدانی "خومەینی" ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کە ئامادەی وەستاندنی شەڕەکەی نەدەبوو لەمیانەی ئەم جەنگەدا شەڕی شارەکان یان شەڕی مەدەنیش لە نێوان هەردوو وڵاتەکە پەیڕەو دەکرا کە بریتی بوو لە بۆردوومان کردنی شارەکانی یەکتر بە تۆپ و فڕۆکە و موشەک کە شاری قەڵادزێش بەهۆی نزیکی لە سنووری ئێران و بەهۆی بۆردوومانی تۆپ و فڕۆکەی ئێران نزیکەی (١٠٠) هاوڵاتی سڤیلی بونە قوربانی.

 ڕاپه‌ڕینی (١٩٨٢) شاری قەڵادزێ

ساڵێک خەڵکی شارەکە کە کردبوویان بە نەریت بۆ یاد کردنەوەی قوربانییەکانی بۆردوومانەکانی (٢٤-٤-١٩٧٤) لەو ڕۆژەدا تەواوی شارەکە دەچووە سەر مەزاری شەهیدەکان لە گۆڕستانی گەورەی شارەکە کە دەکەوێتە باشووری شارەکە لە کاتژمێر (٨:٠٠) سەر لە بەیانی ڕۆژی (٢٤-٤-١٩٨٢) کە خەڵکی شارەکە بە پێشڕەوی خوێندکاران لەسەر گۆڕستانەکەوە دەگەڕانەوە ناو شارەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمەکەی (سدام حسێن) ڕێیان پێدەگیرا و تێک هەڵچوون لە نێوان خەڵکی شارەکە و هێزە ئەمنییەکان دروست دەبوو زرێ پۆش و بنکە سەربازییەکانی گردەکانی شارەکە بەچەکی دۆشکا تەقە لە خەڵکەکە دەکەن و خەڵکەکەش بۆ پارێزگاری لە ژیانی خۆیان هەوڵی خۆ دەرباز کردن دەدەن.

ڕاگواستنی شاری قەڵادزێ.

دوای وەستاندنی جەنگی عێراق - ئێران لە (٨-٨-١٩٨٨) ڕژێمەکەی (سەدام) لە (٢٠-٦-١٩٨٩)وە دەستی کرد بە ڕاگواستنی شاری قەڵادزێ و تەواوی ناوچەی (پشدەر) بۆ ئۆردوگاکانی خۆرئاوای هەولێر و خۆرئاوای سلێمانی کەوا دوای چۆڵکردنی شارەکە و ناوچەکە لە هاوڵاتیان بە بەکارهێنانی ماددەی (TNT) سەرجەم خانووبەرە و قوتابخانەو مزگەوتەکانی شارو ناوچەکە تەقێنرانەوە و خاپورکران و ناوچەکەش بە (ارج الحرام ویا محرمە واتە: خاکی حەرام و قەدەغەکراو) دانرا، هیچ کەس لە خەڵکی ناوچەکە بۆی نەبوو بە سەردانی بچێتە ناوچەکەی و ئەگەر بە قاچاغیش ڕۆشتبایە و لەلایەن سوپای عێراقی دەستگیرکرابایە بێ سەر و شوێن دەکرا کە بەشێکی شارەکە تەختی زەوی کرا.

بۆردوومان و ڕاگواستنی قەڵادزێ جینۆسایدە.

ئاشکرایە کە قڕکردن یان لەناو بردنی کۆمەڵێک یاخود گەل و نەتەوەیەک بەهەر شێواز و ڕێگایەک بێت، دەچێتە خانەی تاوانی جینۆسایدەوە، کە هاوشانی تاوانەکانی تری وەک تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆیی بە تاوانی نێونەتەوەی دادەنرێت. کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، پاڵپشت بە بەندی (٦) لە دەستووری دادگای (نۆرنبێرگ)، جینۆساید وا دەست نیشان دەکات کە تاوانێکی مرۆڤایەتییە لەسەر کۆمەڵە کەسانێک یان مرۆڤێک یان ڕەتکردنەوەی مافی بوونی ژیانیانە.

لە ٩-١٢-١٩٤٨ ،پەیماننامەی قەدەغەکردنی تاوانی جینۆساید سزای خستەسەر ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە کە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دیاریکرا، بۆیە ئێمە وەکو گەلی کورد، پاڵپشت بەو بەڵگەنامە نێودەوڵەتییانە، دەتوانیین جۆرەکانی جینۆساید دژی گەلەکەمان دەست نیشان بکەین، وەک دادگای نێودەوڵەتی "نۆرنبێرگ" کە لە ٢٨-٥-١٩٥١ ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و دەڵێ: هەموو ئەو وڵاتانە سزا دەیان گرێتەوە کە پەیماننامەکەیان واژۆ کردووە و هەروەها ئەوانەشی کە واژۆیان نەکردووە.
ئەمەش وایکردووە کە جینۆساید لە یاسای تازەی نێودەوڵەتیدا وەکوو تاوانێکی سەربەخۆ تایبەتمەندی جیاوازی خۆی هەبێت لەگەڵ تاوانەکانی تردا، چونکە جینۆساید مەبەستی قڕکردن و فەوتاندی نەتەوەیەک یان گروپێکی ئاینی یان بێ بەش کردنیانە لە ژیان، گرنگ نییە ژمارەی قوربانییەکان کەم بێ یان زۆر، بەڵکو ئامانجی لەناو بردنەکە دەبێتە پێوەر بۆ ناساندن و سەلماندنی تاوانەکە.

جینۆسایدیش بەشێوازی جۆراوجۆر پیادە دەکرێت وەک: "جینۆسایدی فیزیکی، جینۆسایدی بایولۆژی، جینۆسایدی کلتوری، جینۆسایدی ئابووری" جۆری تاوانەکەش هەروەکو لەبەندی (٢)ی پەیماننامەی ١٩٤٨دا هاتووە، بریتییە لە: 

١-کوشتنی ئەندامانی کۆمەڵێک یان خێزانێک یان شارێک یانیش گەل و نەتەوەیەک، واتا زۆری و کەمی زیانەکان گرنگ نییە بەڵکو ئامانج لەبەرچاو گیراوە.

٢-شێواندنی لەش و بیری ئەندامانی ئەو کۆمەڵگایە.

٣-کۆسپ و بەربەست خستنەسەر ڕێگای ئەو کۆمەڵگایە بە مەبەستی بەرتەسککردنەوەی ژیان و گوزەرانیان. لە ڕووی بەرپرسیارێتی یان هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی تاوانی جینۆساید لەبەندی (٣)ی پەیماننامەکەدا دەڵێ بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر ئەوانەی کە:

١-ئەوانەی جینۆساید ئەنجام دەدەن. 

٢-ئەوانەی هانی جینۆساید دەدەن یان ڕێگا بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە خۆش دەکەن. 

٣-ئەوانەی بەشداری لە جینۆسایددا دەکەن.

 کەواتە ئەگەر لە شێوازەکانی جینۆساید و ئامانجەکانی ئەو تاوانە وردبینەوە، ئەوا دەردەکەوێ کەهۆی لەناوچونی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی شاری قەڵادزێ لە بۆردوومانی ٢٤-٤-١٩٧٤ و تێک چوونی باری ژینگە و تێکدان و کاولکردنی شارەکە بۆ دواجار لەساڵی ١٩٨٩، جینۆسایدێکی حاشا هەڵنەگرە، چونکە مەبەستی ڕژێمی بەعس، لەناوبردن و قڕکردنی دانیشتوانی شارەکە و هەروەها تێکدانی باری ژینگە و کلتوور و ئابووری و بایۆلۆژی حەوزی پشدەر و قەڵادزێ بووە، هەروەک لە بۆردوومانی قەڵادزێ و ڕاگواستنی ناوچەکە وەک لە خشتەکانی سەرەوە ڕوون کراوەتەوە.
 بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەو تاوانەش پێویستە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێکارە یاساییەکان بگرنەبەر و بەجدی هەوڵی بۆ بدەن.

دادگا و دۆسیەی قەڵادزێ.

دۆسیەی بۆردوومان و ڕاگواستنی قەزای پشدەر "قەڵادزێ"، لەدوای ڕوخانی بەعس لە ٢٠٠٣، یەکێک بوو لە کۆمەڵە دۆسێیانەی لە بارەی تاوانەکانی بەعس دژ بە گەلی کوردو کوردستان ئامادەکرابوون و پێشکەشی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق کران و تۆمار کران.

ئەوەی جێگای تێبینی جەوهەری و سەرنجی جددیە ئەوەیە دۆسییەکە وەک پێویست بەهەند وەرنەگیرا، هەروەک پارێزەرەکانی دۆسییەکە ئەوە پشت ڕاست دەکەنەوە، کە پێش ئەوەی دۆسییەکە وەک بابەت و تاوانێکی سەربەخۆ ڕێ و شوێنی یاسای بۆ بگیرێتە بەر ، دادگای باڵای تاوانەکان بەبڕیارێکی سیاسی سڕکرا، ئەمەش وایکرد مافی ڕاستەقینە بە دۆسییەی قەڵادزێ نەدرێ، تەنها ئەوە نەبێ لە بڕیارێکی "زارەکی"دا لە ساڵی ۲۰۱۳ هەردوو دۆسییەی "قەڵادزێ و سەیدسادق" کرانە پاشکۆی دۆسییەی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال و وەک تاوانی جینۆساید لەو چوار چێوەیە ناسێنران. ڕاستیەکەی ئەوە بوو کە هەردوو دۆسییەکە وەک دوو تاوان و دۆسییەی سەربەخۆ مامەڵەیان لەگەڵ بکرایە و بڕیاری لە بارەوە بدرایە.

قەڵادزێ دوای ڕاپەڕین.

لە 4و 5_3_1991 کە خەڵکی کوردستان ڕاپەڕینی چەکدارانەی دژی ڕژێمەکەی سدام بەرپاکرد ئەوە بوو لە (8-3-1991) ناوچەی پشدەر و شاری قەڵادزێش ئازادکران و کە تەنیا هێزی سەربازی لێ بوو کە بە هەزاران سەربازی عێراقی خۆیان دابەدەستەوە و خەڵکەکەش تاکە سەربازێکی نەکوشت و ئیتر لەو ڕۆژەوە خەڵکی ناوچە و شارەکە توانیان بە شارو ناوچەکەیان شاد ببنەوە و دەست بکەن بە ئاوەدان کردنەوەی.

پەلەوەر و ئاژەڵداری لە قەزای پشدەر.

قەزای پشدەر بەهۆی بوونی لەوەڕگای زۆر و کێڵگەی بە پیتەوە دانیشتوانی گوندەکانی بەردەوامن لەسەر  ئاژەڵداری لەناوچەکە، بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی لەساڵی ٢٠١5 دا (63) کێڵگەی پەلەوەر و (66) هۆڵ بوونی هەبووە، هەروەها هەر لە هەمان ساڵدا (425272)سەرمەڕ (104708) سەربزن (17908) مانگا بوونی هەبووە هەروەها (242) گامیش بوونی هەیە لەگەڵ (61)حەوزی ماسی ئەمە جگە لە بوونی (706) هەنگەوان و کۆلی کۆن (705)بوونی هەیە. 

کشتوکاڵ لە قەزای پشدەر.

ناوچەی زۆر گونجاوە بۆ کشتوکاڵ کرد و  بەرهەم هێنانی دانەوێڵە ساڵانە بەبەردەوامی جوتیارانی سنورەکە گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ دەدەن کە بڕبڕەی پشتی ئاسایشی خۆراکە ، لەرووی بوونی (بەیت) خانووی پلاسیکیەوە کشتوکاڵی بەگوێرەی ئاماری ساڵی ٢٠١٤ – ٢٠١٥ (80)خانووی پلاسیکی بوونی هەبووە. 

هەروەها ڕووبەری چینراو بۆ بەروبوومی دانەوێلە لە ساڵی ٢٠١5 بریتیبووە لە(82683)دۆنم کە جۆری دانەوێڵەکە بریتی بووە لە بەروبوونی دانەوێڵەو  سەوزەی زستانە.

کە بە هۆی سەرقاڵبوون بە کشتوکاڵەوە جوتیارانی ناوچەکە ( گەنم، جۆ، نیسك، نوك، تووتن، گوڵە بەرۆژە، تەماتە، پیاز، شوتی، خەیار و سەوزەمەنی...) لە زەوی ناوچەکە بەرهەم دێنن، چاندن لەو سنوورە دوو وەرزە و لە شوێنە فێنكەكانی قەزاکە چەندین جۆری میو وەك: (هەنار، هەنجیر، هەرمێ، سێو و ترێ) هەیە.

پشدەر له‌ ڕووی زانستییه‌وه‌.

قه‌ڵادزێ پێشكه‌وتنی بەرچاوی به‌خۆوه‌ بینیوە، له‌ ساڵی (٢٠٠٤)دا (كۆلێژی زمان)ی لێكرایه‌وه‌، كه‌ سه‌ر به‌ (زانكۆی كۆیه‌) بوو و، له‌ به‌شه‌كانی (زمانی كوردی، زمانی عه‌ره‌بی) پێكهاتبوو، له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونی كولێژه‌كه‌شدا، به‌شی (زمانی ئینگلیزی) له‌ ساڵی (٢٠٠٩)دا كرایه‌وه‌، هه‌ر له‌ هه‌مان ساڵدا ناوی (كۆلێژی زمان) گۆڕا بۆ (كۆلێژی په‌روه‌رده‌).

 دوای كردنه‌وه‌ی (زانكۆی راپه‌ڕین)یش له‌ ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین (رانیه‌)، له‌ ساڵی (٢٠١١)دا (كۆلێژی په‌روەردە)‌‌ بوو به‌ (فاكه‌ڵتیی په‌روه‌رده‌) له‌ زانكۆی ناوبراو. بەشی سامانی ئاژەڵ-یش بۆ ساڵی ٢٠١٥-٢٠١٦ کرایەوە. وەک بەشی نوێش لە ساڵی (٢٠١٦)دا (پەروەردە و دەرونناسی/ پەروەردە) و (باخداری) کرانەوە.


سەرچاوەکان - کتێب:

١/  د،هاوڕێ یاسین محمەد ئەمین، لێکۆلینەوەیەک لە جوگرافیای هەرێمی کوردستان،ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە،چاپی سێیەم، سلێمانی،٢٠١٤.

2/  ئیبراهیم ئیبراهیم میراودەلی، چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی عەشیرەتی میراودەلی پشدەر، چاپخانەی بەدرخان، چاپی یەکەم،سلێمانی، ٢٠٠٣.

٣/ دیوانی کۆساری، بورکانی شیعر، چاپی سێیەم، بڵاوکردنەوەی نوسینگەی تەفسیر، هەولێر، ساڵی ٢٠١١

سەرچاوەکان بڵاوکراوە.

١/ بڵاوکراوەی قەڵادزێ مەکۆی کوردایەتی، کۆکردنەوە و ئامادەکردنی ، ڕەحمان نەقشی، ساڵی ٢٠١٦
نامەی ماستەر.

1/ سەلام مەحمود ناسر، دەرامەتە سروشتیەکان و ڕۆڵیان لە پەرەپێدانی چالاکیە ئابووریەکان لە قەزای پشدەر، نامەی ماستەر ، زانکۆی سلێمانی، ساڵێ ٢٠١٦.

سەرچاوەی حکومی.

١/ سایتی ڕەسمی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی، 
http://sulamar.com/ku/publications.php?cat_id=1

2/ سایتی فەرمی ئیدارەی ڕاپەڕین،  http://raparin.gov.krd/ku/babat/1599?fbclid=IwAR0eB_SlGtcICJMGrBrZWLQTsg36vOzKivpreRJoR1bUeZ951L6HDANw0AM

3/ سایتی ڕەسمی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، 
http://www.slemanipc.org/edara.aspx?jimare=1&fbclid=IwAR0eB_SlGtcICJMGrBrZWLQTsg36vOzKivpreRJoR1bUeZ951L6HDANw0AM
 
4/ سایتی ڕەسمی زانکۆی ڕاپەڕین، https://www.uor.edu.krd/about/gallery?id=197&fbclid=IwAR0eB_SlGtcICJMGrBrZWLQTsg36vOzKivpreRJoR1bUeZ951L6HDANw0AM

سەرچاوەی ئینتەرنێت.

١/ سایتی مێژووی کورد، ئایا بۆردومان و گواستنەوەی قەڵادزێ جینوسایدە؟ http://www.historyofkurd.com/2019/08/01/

٢/ سایتی ڕۆژنیوز، https://rojnews.news/%da%a9%d9%84%




ئه‌م بابه‌ته 407 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر