ھەڵسەنگاندن بۆ ئێستا و پێشبینی بۆ داھاتووی حکومەتی ئەلەکترۆنی لە کوردستانی عێراق

جیبەجێکردنی حکومەتی ئەلەکترۆنی لەھەر وڵاتێکدا بەندە بەکۆمەڵە مەرجێکەوە وەکو: باشترین شێوەی بەکارھینانی تەکنۆلۆجیای زانیاری، پەیوەندییەکانی نێوان توانا داراییەکان، بەڕێوەبردن، لەگەڵ یاساکانی بەردەست، ئەوەش بۆ گەیشتن بەبەدیهێنانى خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان لەڕووی کۆمەڵایەتی وئابورییەوە.
PM:11:57:11/09/2018
دۆسیە: دەوڵەت سازی
حکومەتى هەرێمى کوردستان پلانى ستراتیجى داناوە بۆ بەئەلەکترۆنى کردنى چالاکییەکانى لە ساڵى ٢٠٢٠دا.

د. خالید حەیدەر عەبد عەلى، مامۆستا چێنەرئەسعەد محمەد عەبدوڵا
مامۆستایانى زانکۆ لە زانکۆى سلێمانى

ژمارەیەکی بەرچاو لە حکومەتی وڵاتانی دنیا ڕوویان کردۆتە بەکارھێنانی تەکنۆلۆجیای ژمارە لە بواری بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی وڵات، کە ھەنگاوێکی یەکەم وسەرەتاییە بۆ گواستنەوەی بەڕێوەبردن وحوکمڕانی لە شێوازێکی تەقلیدییەوە بۆ شێوازێکی مۆدێرن، لە ھەمان کاتدا نمونەی ئەلەکترۆنی بەڕێوەبردنە لە حوکمڕانیکردندا، ئەمەش چەندین کاریگەری ئەرینی بەدوای خۆیدا ھێناوە وەک: بەرزکردنەوەی ئاستی کارگێڕی، کەمکردنەوەی خەرجی گشتی ھەروەھا ھەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی کۆمەلگا.



جێبەجێکردنی حکومەتی ئەلەکترۆنی لەھەر وڵاتێکدا بەندە بە: باشترین شێوەی بەکارھێنانی تەکنۆلۆجیای زانیاری، پەیوەندییەکانی نێوان توانا داراییەکان، بەڕێوەبردن، لەگەڵ یاساکانی بەردەست، ئەوەش بۆ گەیشتن بەو خۆشگوزەرانییەی پێشتر باسمان لێوەکرد لە ڕووی کۆمەڵایەتی وئابوورییەوە
.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵی بەکارھێنانی ئەو شێوازە نوێیەی سەرەوەدایە بە مەبەستی کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان وبەرزکردنەوەی ئاستی ئەدای حکومەت تا ئەو ئاستەی کە ھاوتابێت لەگەڵ ئەو بارودۆخەی کە حکومەتی پیایدا دەگوزەرێت، ھەربۆیە ھەڵسەنگاندنی ئەم بابەتە ئەم تەوەرانەی خوارەوە لەخۆدەگرێت.


یەکەم: چەمکی حکومەتی ئەلەکترۆنی وسەرھەڵدانی


بەپێی پێناسەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری تۆڕەکانی بەڕێوەبردنی گشتی
(United Nations Public Administration Network - UNPAN) چەندین پێناسە بۆ حکومەتی ئەلەکترۆنی لەلایەن لێکۆڵەرەوان و پسپۆرانی ئەم بوارە دانراوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بەشێکی زۆریان ھاوڕان لەسەرئەوەی کە حکومەتی ئەلەکترۆنی بریتییە لە: بەکارھینانی تەکنۆلۆجیای زانیارییەکان وپەیوەندییەکان لەلایەن حکومەتەوە کە لەبواری دەرەوە، بەشداریکارا و ئەنجامدانی کاری بازرگانی ھاوڵاتیان لەگەڵ حکومەتدا، ئەویش لە ڕێگای: ھۆکارەکانی پەیوەندی وەک تەلەفۆن وفاکس وکارتی زیرەک ویەکە خزمەتگوزارییەکان وپۆستی ئەلەکترۆنی وئەنتەرنێتی تایبەت بەکۆمەلەکان یان کۆمپانیاکان، لە بواری ناوخۆیدا چۆنیەتی خۆرێکخستنی خودی حکومەت لە ڕووی کارگێری وڕێساکان وچوارچیوەی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان وسیستەمی پەیوەندی و تیکەڵبوونەوەی پڕۆسیسەرەکانی خودی حکومەت دەگرێتە خۆی.



پاڵپشت بەو پێناسەیەی سەرەوە دەتوانین بڵێن کە حکومەتی ئەلەکترۆنی بریتییە لە: پڕۆسەیەکی کارگێری ڕێکخراوی وورد وخێرا، پارێزراو وبەردەوامی کەرتە حکومی وناحکومییەکان لەناوەوە ودەرەوە، ولەناوکۆمەڵگادا، لەگەڵ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە کەمترین ماوە وتێچوون لە ڕێگای بەکارھێنانی تەکنۆلۆجیای پەیوەندی وزانیارییەکانەوە کە دەبێتە ھۆی زیادکردنی خۆشگوزەرانی و کەمکردنەوەی گەندەڵی
، چەمکی حکومەتی ئەلەکترۆنی لە چوارچێوەی گەشەسەندنی کۆمەڵگای زانیاریدا دێت کە بە سێ قۆناغدا تێپەڕیوە:


قۆناغی یەکەم لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەوە ولەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی تەکنۆلۆژیا وزانیاری دەستپێدەکات، تیایدا کۆمپیوتەر بەکارھێنرا لەبواری بەڕێوەبردن، ئەم قۆناغە بەقۆناغی لەدایکبوون ناونراوە
.


قۆناغی دووەم لەحەفتاکان وھەشتاکانی سەدەی رابردووە دەستپێدەکات وبەقۆناغی ھەڵکشان ناودەبرێت کە تیایدا گورزەیەک لە خزمەتگوزاری لە ڕێگای کۆمپیوتەرەوە پێشکەش دەکرا، لەم قۆناغەدا تاکەکانی کۆمەڵگا لە ڕێگای سیستەمی زانیارییەکانەوە خزمەتگوزاریەکانیان بەدەست دەھێنا وە ئەم قۆناغە ناسراوە بە قۆناغی
(Automation) .


قۆناغی سێیەم کە بە قۆناغی لوتکە ناودەبرێت وتیایدا ئەنتەرنێت بەکارھێنرا بە مەبەستی ڕاپەڕاندنی کارەکانی حکومەت وەک: پێدانی کرێی تەلەفۆن وکارەبا و..ھتد لە ڕێگای ئامێرەکانی پەیوەندی وئامرازەکانی دیکەوە، ئەم قۆناغە بە قۆناغی تەواوکەری پەیوەندی نێوان بواری تەکنۆلۆجیا وڕەھەندە کۆمەڵایەتی وسیاسی ومرۆییەکان دەناسرێتەوە
.


دووەم: ئامانجەکانی حکومەتی ئەلەکترۆنی و بوارە سەرەکییەکانی


دەتوانین ئامانجە سەرەکییەکانی حکومەتی ئەلەکترۆنی لەم خاڵانەی خوارەوە کۆبکەینەوە
:

١-بەدەست ھێنانی شەفافییەت: حکومەتی ئەلەکترۆنی ڕۆڵیکی کارای ھەیە لە بەھێزکردنی شەفافییەتى حکومەت لەڕێی پێشکەشکردنی زانیارییەکان بەشێوەیەکی ڕاستگۆیانە وبڵاوکردنەوەیان و ئالوگۆڕکردنەوەیان.

٢- پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان: کاردەکات لەپێناو پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری خێرا وپێویست وبەکوالێتییەکی بەرزەوە بۆ سەرجەم تاکەکان و یەکەکانی کارکردن وھەموو ئەو کەسانەی مامەڵەدەکەن لە شوینێکی دیاریکراودا.

٣- بەرزکردنەوەی ئاستی کار: گواستنەوەی زانیاری لە نێوان دامەزراوەکانی حکومەت بەشیوەیەکی وورد وڕێکخراو کەدەبێتە ھۆی نەبوونی ئەگەری دووبارە ئینتەرکردنەوەی زانیارییەکان ونەھێشتنی ھەڵە لە کاتی ئینتەرکردندا.

٤-پشتگیریکردنی گەشەی ئابوری: لە ڕیگای دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی ئابوری گونجاو کە یارمەتی بەجێگەیاندنی ئەپلیکەیشنەکانی حکومەتی ئەلەکترۆنی دەدات.

٦-کەمکردنەوەی خەرجییەکان: کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت، لە ڕێگای کەمکردنەوەی ژمارەی فەرمانبەران وجێگرتنەوەی کۆمپیوتەر لەجێی پەڕاو وگەنجینەکان.

٧-بەکارھێنانی پیشەیی تەکنۆلۆجیا: بەکارھینانی تەکنۆلۆجیا کاریگەری تەواو دەکاتە سەرپێشکەوتن وپێشکەشکردنی خزمەتگوزاری باشتر وئاسانکاری کاروبارە حکومی وناحکومییەکان.



لە ڕێگای ئەو ئامانجانەی سەرەوە پەیوەندی بەھێزی نێوان گەشەی ئابوری وحکومەتی ئەلەکترۆنی بەدەردەکەوێت، بە تایبەتی لەو وڵاتە تازە گەشەکردووەکاندا کە دەستیان کردووە بەجێبەجێکردنی حکومەتی ئەلەکترۆنی، یان ئەو وڵاتانەی کە ئارەزوویان ھەیە ئەم جۆرە حوکمڕانییە جێبەجێبکەن
.


لەم ڕوانگەیەوە ھەندێک پێیان وایە کە حکومەتی ئەلەکترۆنی دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی ئەرکەکان، وخەرجییەکان بەتایبەتی لە میانەی ڕایەڵەکردنی کاروبارەکانی ھاوولاتیان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتدا وەکو ( فەرمانگەکانی حکومەت بەنمونە: ھاتوچۆ وپاسپۆرت وگواستنەوە وڕەگەزنامە و...ھتد)، سەرەرای دەبازبوون لەو ئاڵۆزییەی کە لەکاتی ڕاییکردنی مامەڵەکاندا دەبینرێت، لە ڕێگای بەستنەوەی حکومەتی تەقلیدی بەحکومەتی ئەلەکترۆنییەوە.


سێیەم: جیاوازی نیوان حکومەتی ئەلەکترۆنی و حکومەتی تەقلیدی
.


حکومەتی ئەلەکترۆنی لە ڕووی ئامانج وفەلسەفە وسیستەمی کارگێڕی وپەیکەری ڕێکخستن وسروشتی پەیوەندی نیوان تاکەکان وکۆمەڵگا وشێوازی بەڕێوەبردنی توانا مرۆییەکانی ناو کۆمەڵگا لە حکومەتی تەقلیدی جیاوازە
. بەشێوەیەک کە حکومەتی تەقلیدی لە ڕووی فەلسەفەوە پشتدەبەستیت بە فۆرمێکی سەرۆکایەتی بیرۆکراتی کە تیایدا سەرۆکەکان کارەکان ڕادەپەڕینن بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگا وبەشداریپێکردنی تاکەکان لە بڕیارەکاندا، بە پشتبەستن بەکۆمەڵە ڕێسایەکی توندوتۆڵ وبیرۆکراتی، لە کاتێکدا کە حکومەتی ئەلەکترۆنی لەسەر بەشداری کارای تاکەکان دادەمەزرێت و کۆنتڕۆڵکردنی فەرمانڕەوا لە ڕێگای بەشداری ئەلەکترۆنی وھەڵبژاردنی ئەلەکترۆنییەوەیە، ھەروەھا لە ڕووی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانەوە لە یەکدی جیاوازن، لە کاتێکدا کە حکومەتی تەقلیدی بەشێوەیەکی تەقلیدییانە خزمەتگوزارییەکانی خۆی پێشکەش دەکات وەک پابەندبوون بەکاتێکی دیاریکراوی کارکردنەوە، حکومەتی ئەلەکترۆنی لە ھەموو کاتێکدا ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی.


لەناو حکومەتی ئەلەکترۆنیدا تەکنۆلۆجیا ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت لە خێراکردنی پڕۆسیسەرەکانی نێوان حکومەت وفەرمانگە ویەکە خزمەتگوزارییەکان بەشێوەیەک کە بگات بەسەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا وکاربکاتە سەر فۆرمی حوکمڕانی کردن و سنوری کار وڕێکخستنەکان، دواتر کاربکاتە سەر بوارە ئابوری وکۆمەڵایەتی وسیاسییەکان، بەم شێوەیەش لە حکومەتی تەقلیدی جیادەبێتەوە
.


چوارھەم: واقعی تەکنۆلۆجیای زانیارییەکان وپەیوەندییەکان لەھەرێمی کوردستانی عێراق
.


تەکنۆلۆجیای زانیاری
(Information Technology) وژێرخانی پەیوەندییەکان (Telecommunications Infrastructure) پێکەوە کاریان کردووە بۆ پێکھێنانی کەرتی تەکنۆلۆجیای زانیاری وپەیوەندییەکان (Information Communications and Technology).


بەشێکی زۆری حکومەتی وڵاتان حکومەتی ئەلەکترۆنیان وەکو ئامڕازێک بەکارھێناوە بەمەبەستی پاراستنی داتاو زانیارییەکانی حکومەت وتاکەکانی کۆمەڵگا، لە سۆنگەی ھەستکردن بەم گرنگییە و زەرورەتی جیبەجێکردنی حکومەتی ئەلەکترۆنی لە کارکردندا حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵیداوە بۆ دەستەبەرکردنی ئەم پێشکەوتنە بەپێی ئەم خالانەی خوارەوە
:

١-بەشداریپێکردنی کەرتی تایبەت لە گەشەپێدانی تەکنۆلۆجیای زانیارییەکان، بەھۆی کەمی ئاستی وەبەرھینان لەم بوارەدا حکومەتی ھەرێمی کوردستان نەیتوانیوە بە شدارییەکی تەواوی ھەبێت لە بواری تەکنۆلۆجیای زانیارییەکاندا.


ڕێژەی بەشداری وپشکی کەرتی پەیوەندی لە ھەرێمی کوردستان ئەگەر بە نمونە تەلەفۆنی نۆرماڵ وەربگیرێت لە ٢٠١٣ تەنھا ١٣٩٠٠٠ سەدو سی ونۆ ھەزار بەشداربووی ھەبووە، چاوەڕێ دەکرێت کە تا ساڵی ٢٠١٩ بگاتە ١٦٠٠٠٠ سەدو شەست ھەزراربە شداربوو، نزیکەی ٢٥١٩٠٠ دووسەدو پەنجاو یەک ھەزار و نۆسەد کەس سوودمەند بوون لە خزمەتگوزاری ئەنتەرنێتی ناو تەلەفۆنی مۆبایل و چاوەڕێدەکرێت کە بۆ ساڵی ٢٠١٩ بە ڕێژەی ١٠٠% زیاد بکات، بە بەراورد وڵاتانی وەک سەنگافورە وئەڵمانیا وئیماراتی عەرەبی، جیاوازییەکی زۆر بەدیدەکرێت کە حکومەت دەتوانیت ئەو جیاوازییە کەمبکاتەوە لە ڕێگای زیادکردنی وەبەرھینان و زیادکردنی بەشداری کەرتی تایبەت وبەرزکردنەوەی کوالێتی خزمەتگوزارییەکان لەو بوارەدا، هەروەها کاراکردنی ڕۆڵی ئەو کەرتە لەبواری جێبەجێکردنی پلانی ستراتیجی گەشەپێدانی ئابوری لەھەرێم لەنێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٩، ئەمەو لە ساڵی ٢٠٠٧ ەوە دەستەی تەکنۆلۆجیای ھەرێم دامەزرا بە مەبەستی ڕێکخستن و نوێکردنەوەی تەکنۆلۆجیای زانیارییەکانی حکومەت کە تیایدا ئەم کارانە دەگرێتە خۆی
:


-بەرزکردنەوەی توانا وگەشەپیدانی مرۆیی لە ھەرێم لەڕێگای ڕاھینان وپەروەردەکردنەوە.

-جێگیرکردنی ژێرخانی تەکنۆلۆجیای پارێزراو.

-پارێزگاریکردن لە حکومەتی ئەلەکترۆنی وبەرنامەی تەکنۆلۆجیای زانیارییەکانی حکومەت.

-پارێزگاریکردن لە داتا وزانیارییەکان وئەپلیکەیشنەکانی دامەزراوەکانی حکومەت.

-پشتگیری کردنی پسپۆرەکانی ئەو بوارە بەمەبەستی بەرەو پێشبردنی کەرتی تەکنۆلۆجیای زانیاری.


پاڵپشت بەمە دەستەی ناوبراو ھەوڵی جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی دا بە تایبەتی لە بواری حکومەتی ئەلەکترۆنی، بۆ یەکەمجار سەنتەری داتای لە ھەرێم دامەزراند بەناوی (سیستەمی کارتی کەسێتی وبنکەی داتای توانا مرۆییەکان
ID Card System and HR Database-) لە سالی ٢٠٠٨و بەگوژمی زیاتر لە چوارملیۆن دۆلار حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە بەشداری چەند کۆمپانیایەکی بیانی وەک ( ژمێرکاری ئیماراتی، ھایبر لینک، فاقو، سیستەمی کەنداو بۆ ئاسایشی ئەلەکترۆنی) دەستیکرد بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، تیایدا کارتێکی کەسێتی بۆ فەرمانبەرانی حکومەت دروستدەکراو کە لەبواری بازرگانی وپێدانی باج ومووچە ودەنگداندا بەکارئەھات، لەگەل بوونی پارچەیەکی ئەلەکترۆنی کە سەرجەم داتاکانی لەخۆدەگرت، لەم پڕۆژەیەدا ٢٨٢ فەرمانبەر کاری تیادا دەکرد، ھەروەھا ٢٢٠ کۆمپوتەر و١٢ سێرڤەر و٤٠ ئامێری چاپی ناسنامەکان لەگەل چەند ئامێرێکی دیکەی وەک کامێرا وپەنجەمۆری ئەلەکترۆنی ، وەرگرتنی واژۆی ئەلەکترۆنی بەکارھات، قۆناغی یەکەم ودووەمی پڕۆژەکە بەسەرکەوتووی کۆتای ھات بەڵام لە قۆناغی سێیەم وچوارھەمدا خاوی پێوەدیاربوو لەبەر دابەزینی ئاستی بە پیرەوەچوونی ھاووڵاتیان بۆ سەنتەرەکانی وەرگرتنی زانیاری، ئەمەش کاریگەری نەرێنی کردە سەر پڕۆژەکە لە بواری تیچوو وبەردەومییەوە.


بەوەشەوە تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٠ بەردەوام بوو، لەگەڵئەوەشدا دەستەی تەکنۆلۆجیای زانیاری چەند پرۆژەیەکی دیکەی گرتە ئەستۆ، وەکو (ستراتیژییەتی تەکنۆلۆجیای زانیاری، نەخشە ڕیگا، دامەزراندنی پێگەی فەرمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، دامەزراندنی ئەکادیمیای تەکنۆلۆجیای زانیاری، پڕۆژەی دۆمین
KRD Domain بۆ سایتەکانی ئەنتەرنێت لە ھەرێمwww.krg.org.krd)، دوای ئەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بویەوە لە ئەنجامی بڕینی پشکی ھەرێمەوە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی ودابەزینی نرخی نەوت وشەڕی داعش وھاتنی ئاوارەیەکی زۆر بۆ ناو ھەریم، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ بڕیاری کۆمەڵیک چاکسازی دارایی دا، دەستەی تەکنۆلۆجیای زانیارییەکان لەو چوارچێوەیەدا تۆماری بایۆمەتری ڕاگەیاند(Biometric Registration) کە لەچارەکی سێیەمی ٢٠١٦ ەوە تا ئێستا بەردەوامە ، ئامانج لەو دەستپێشخەرییە تۆمارکردنی سەرجەم فەرمانبەرەکانی حکومەتە بەشێوەیەکی ئەلەکترۆنی بە مەبەستی دەرکردنی ناوە دووبارەبووەکان بە شێوەیەکی نایاسایی ، لەم بوارەشدا ٢٧٠ یەکەی تۆمارکردن لە ٨٠ ناوچەی جیاواز تەرخانکرا بۆ ڕاپەراندنی ئەو ئەرکە و لەمانگی کانونی دووەمی سالی ٢٠١٧ ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی ناویان تۆمار کرا گەیشتە ٥١١٥١٢ فەرمانبەر.


بە پێی زانیارییەکانی بەدەست ھاتوو لە سەرچاوەکانی حکومەتی ھەرێم، ٢٧٠ یەکەی تۆمارکردن لە سەرەتای ٢٠١٧ توانیویەتی زیاتر لە نیوملیۆن فەرمانبەر تۆمار بکات، ئەم ژمارەیە بۆ ٨٥٠٠٠٠ فەرمانبەر لەمانگی دووی ھەمان ساڵدا بەرزبۆتەوە، بە واتای تەواو کردنی ڕێژەی ٧٦% لە قۆناغی یەکەمدا ( قۆناغی ئینتەرکردنی زانیارییەکان)، دواتر سەرجەم زانیارییەکان لە سەنتەری زانیارییەکانی حکومەت
(Data Center) تۆمارکرا کە ھاردێکی گەورەیە وتوانای وەرگرتنی سەرجەم زانیاری وداتاکانی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتە خۆی، لە ھەمانکاتدا توانای فراوانکردنی ھەیە لە داھاتوودا، ئەمە بەسەرپەرشتی کۆمپانیای سیسکۆ دامەزرا (cisco)، کە خۆئامادەکردنە بۆ داھاتوو، لە ھەمانکاتدا دەتوانریت لەم بوارانەی خوارەوە سوود بگەیەنێت:



- پێدانی باج بەشێوەیەکی ئەلەکترۆنی
e-Payment.

ـ پیدانی مووچە بەشێوەیەکی ئەلەکترۆنی e-Salary.

ـ پشتگیریکردنی یەکەی سەرژمێری بەزانیاری وداتای وورد بەڕێژەیەکی کەمی ھەڵە.

ـ دەرخستنی ھەڵە پەیکەری وسەرەکییەکانی حکومەت وکارگێری گشتی.

ـ پشتی پێدەبەسترێت لە بواری بیناکردنی حکومەتی ئەلەکترۆنی.

ـ شەفافییەت وکەمکردنەوەی گەندەڵی دارایی وبەڕێوەبردن.

ـ گەیشتن بە گەشەپێدانی ئابوری.

٢-خەون وستراتیژییەتی داھاتووی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ( وەبەرھێنانی مرۆیی وئەلەکترۆنی لەبواری کاری حکومی).

بەشێکی زۆری وڵاتان ھەوڵی دیاریکردنی داھاتووی ھەر پڕۆژەیەک دەدەن بە جەختکردنەوە لەسەر نەخشەیەکی فراوان بە بەشداری ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە مەبەستی کارکردن بە شێوەیەکی جددی بۆ گەیشتن بەئامانجەکان لە داھاتوودا، حکومەتی ھەرێمی کوردستان یەکێکە لەو حکومەتانەی ھەمان تێروانینی ھەیە بۆ پڕۆژەکانی داھاتوو کەتیایدا گرنگی دەدات بەبواری وەبەرھینانی مرۆیی و بەکارھینانی تەکنۆلۆژیا لە کاری حکومییدا، ئەم تێڕوانینە پێکدێت لە تێڕوانینێکی گشتی بەمەبەستی گەشەپێدانی داھاتوو وخۆشگوزەرانی ھاوڵاتیان وئازادی و تەندروستی وئارامی وبواری کار وئابوری، بەو پێیە ستراتیژییەتی داھاتووی ھەرێم تا ساڵی ٢٠٢٠ داڕێژراوە کە دەتوانرێت بەم شێوەیەی خوارەوە ڕوون بکرێتەوە:

١-تاکەکانی کۆمەڵگا پێش ھەموو شتێک:حکومەت ھەوڵ دەدات کە لەداھاتوودا باشترین سەرمایەی مرۆیی دەست بکەوێت لە ڕێگای گەشەپێدانی کەرتی تەندروستی، و پەروەردە لەگەڵ تەرخانکردنی قەرەبووی کۆمەڵایەتی، کارکردن وڕێکخستنی داخوازییەکانی بازاڕی کار.

٢-بیناکردنی ژێرخانی ھەرێم:حکومەت ھەوڵدەدات بە مەبەستی پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتی ھەرێم لە ڕیگای گەشەپیدانی کەرتی گواستنەوە وگەیاندن وئاو وکارەبا ونیشتەجێبوون.

٣-بیناکردنەوەی ھەرێم لەسەر بنەمای گەشەپێدانی ئابوری: حکومەت لەھەوڵی گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ وپیشەسازی کشتوکاڵ بەھاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەتدا ئەو کارە دەکات بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی ناوخۆیی وکەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری وپارێزگاریکردن لە ژینگە وسروشتی کوردستان.

٤-بەگەڕخستنی خزمەتگوزارییەکانی تاک لەلایەن حکومەتەوە لەگەڵ ھەوڵدان بۆ خێراکردنی حکومەتی ئەلەکترۆنی: حکومەت لە ھەوڵی ئەوەدایە کە ڕوونتربێت لە سەرجەم بوارەکانی پێکھاتەی حکومەت، ھەروەھا چالاککردنی حکومەت لە ڕێگای ئازادی ودادپەروەری ویاسا وھەمەجۆرکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکومەتەوە لە ڕێگای بەشداریکردنی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا وباشتترکردنی شێوازەکانی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان، ھەروەھا کاردەکات بەمەبەستی پیاچونەوە بە پەیکەرییەتی وەزارەتەکان وداڕشتنی یاسای میزانییەی ھەرێم .



ئه‌م بابه‌ته 671 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر