پارتی سۆسیالستی کورد (پاسۆک)

بەهۆی ڕێکەوتنامەی جەزائیرەوە لە نێوان شای ئێران و سەدام حوسێن جێگری سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق ساڵی (١٩٧٥) شۆرشەکە کۆتایی هاتبوو، هەر بۆیە لەو کاتەدا بێ ئومێدیەکی گەورە ڕووی لە کوردستان کرد بوو.هەروەها یەکەم کۆبوونەوەی پاسۆک لە خانوویەک لە گەڕەکی عەقاری شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی ھەریەک لە فەرھاد عەبدولقادر و ئازاد مستەفا و مامۆستا شێرزاد بەرێوەچوو.
PM:08:06:17/09/2020
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - حیزب و رێکخراوەکان
پاسۆک لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی خەڵکی کوردستان لە ساڵی (١٩٩١) ڕۆڵیان هەبووە بەشداریان کردوە.

هۆشیار جەمال
نوسەر و توێژەر


دامەزراندن:

حیزبی سۆسیالستی کورد (پاسۆک) لە ڕۆژی ١١/٩/١٩٧٥ بە دەسپێشخەری یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی کە ناوی "ئازاد مستەفا"یە  لە شاری کەرکوک دامەزراوە، هەڵبژاردنی شاری کەرکوک وەک شوێنی دەرکردنی بەیاننامەی دامەزراندن بۆ تەحەداکردنی حیزبی بەعس بووە، کە لەو کاتەدا پڕوپاگەندەی ئەوەی بڵاودەکردەوە کە بۆ ئەبەد شۆرشی کوردی کۆتایی هاتووە، لە دوای نسۆکی شۆرشی ئەیلول کە بەهۆی ڕێکەوتنامەی جەزائیرەوە لە نێوان شای ئێران  و سەدام حوسێن جێگری سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق ساڵی (١٩٧٥) شۆرشەکە کۆتایی هاتبوو، هەر بۆیە لەو کاتەدا بێ ئومێدیەکی گەورە ڕووی لە کوردستان کرد بوو.
 
سەرەتا بە ناوی (پارتی سۆسیالستی نەتەوەی کورد) دامەزراوە، دواتر لە کۆنفرانسی یەکەمی حیزب لە ١١ی ئەیلولی ١٩٧٦ لەسەر پێشنیاری د.جەمال نەبەز ناوەکەی گۆڕاوە بۆ پارتی سۆسیالستی کورد.

سەرکردەکانی پاسۆک.

سەرکردە دیارەکانی ئەم پارتە بریتی بوون لە(ئازاد مستەفا،سکرتێری حیزب، ملازم مەنسور،ملازم کەریم، فەرهاد عبدالقادر، جەلال حاجی حوسێن، عبدللە ئاگرین.
کە سێ لە سەرکردە دیارەکان کە ئەندامی دامەزێنەری حیزبوون، ئەوانیش (ئازاد مستەفا، فەرهاد عبدالقادر،مامۆستا شێرزاد).

دروشمەکانی پاسۆک.

دروشمەکانی ئەم پارتە دەکرێ لەم خاڵانەی خوارەوە کورت بکرێنەوە.

کوردستانێکی سەربەخۆ و گەلێکی ئازاد.

پێش ئەوەی هەرشتێک بین دەبێت کوردبین.

کوردستان تەنها موڵکی کوردە.

کوردایەتی مرۆڤایەتیە.

جەماوەر سەرچاوەی بوون و دەسەڵاتە.

بەشێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بیروباوەڕی ئەم پارتە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد، بەڵام بەشێکی تر لە سەرچاوەکان پێی وایە ڕاستە بەشێک لە بەرپرسانی پاسۆک لە ناو کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (کاژیک)بوون، بەڵام لەیەکتری جیابوونەتەوە، و ڕەخنەی توندیان هەبووە لە سەرکردەکانی کاژیک و بەرنامەکەی کە ناسراو بووە بە کاژیک نامە.

پاسۆک و خەباتی چەکداری.

پاسۆک لە ساڵی (١٩٧٦)بەشداری خەباتی چەکداری کردی دژ حیزبی بەعس کردوە، یەکەم مەفرەزەی کە چووە شاخ بە سەرپەرشتی جەلالی حاجی حەسین کەلۆش بووە، هەروەها ئەندامی بەرەی جود بووە لە ساڵی (١٩٨٠)، پاشان ئەندامی بەرەی کوردستانی بووە.

پاسۆک و بەشداری لە بەرەی جود.

لە ساڵی (1980)، دوو بەرە لە نێوان لایەنەکانی کوردستاندا دروست دەبێت، بەرەی نیشتیمانی ‌و نەتەوەیی دیموكراسی عێراق – جوقد، کە پێک هاتبوون لەهەریەكە لە یەكێتی نیشتیمانی کوردستان ‌و حیزبی سۆسیالستی كوردستان و هەرێمی سەركردایەتی حیزبی بەعس ‌و بزوتنەوەی سۆسیالستی عەرەبی‌ و حیزبی شیوعی عێراقی، لە بەرەی جوقد- دا، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان باڵادەست بوو.

بەرەی دووەم ناوی بەرەی نیشتیمانی دیموكراسی عێراق- جود بوو، کە پێک هاتبوو لە (پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق، حزبی سۆسیالستی کوردستان، حزبی شیوعی، پارتی سۆسیالستی کورد- پاسۆك)، لەم بەرەیەشدا پارتی باڵادەست بوو، کە دواتر لە جیاتی شەڕی دەوڵەتی عێراق و بەعس بکرێت ئەم دووبەرەیە زنجیرەیەک شەڕی خوێناوی لە نێوانیاندا ڕوویدا.

ڕۆڵی پاسۆک لە دروستکردنی بەرەی کوردستانی.

لە دوای ماوەیەکی درێژ لە شەڕ و خوێن ڕشت لە نێوان لایەنە کوردیەکاندا و هاتنە پێشەوەی بارودۆخی نوێ گرنگی کاری هاوبەش و دروستکردنی بەرەیەکی نیشتمانی کە پێکبێت لە سەرجەم حیزبەکان هاتە کایەوە، هەربۆیە  دروستکردنی بەری کوردستانی کە کۆکردنەوەی زۆربەی حیزبە کوردیەکانە لە بەریەکدا بۆیە پێویستی، چونکە کۆتایی هێنا بە شەڕی ناوخۆی حیزبەکان لە شاخ، کە دروستکردنی ئەم بەرەیە لە سەر پێشنیازی پاسۆک بووە، کە پاش چەندین کۆبوونەوەی نێوان لایەنەکان لە ئایاری ساڵی (١٩٨٨)دامەزراوە، کە پێکهاتبوو لە حیزبەکانی،" پاسۆک، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان،حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان، پارتی گەل، حیزبی شیوعی کوردستان- عێراق، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشوری." کە ئەم بەرەیە لە دوای ڕاپەڕینی مەزنی بەهاری ساڵی (١٩٩١) نوێنەرایەتی نەتەوەی کوردیان دەکرد کاتی گفتوگۆ لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا.

پاسۆک و ڕاپەڕینی ساڵی (١٩٩١).

پاسۆک لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی خەڵکی کوردستان لە ساڵی (١٩٩١) ڕۆڵیان هەبووە بەشداریان کردوە، کە بە گوێرەی نوسراوێک لە ٩/٢/١٩٩١ کە بە ژمارە (١١١) سەرکردایەتی پاسۆک لقی سلێمانی داوا لە هاوبیرانیان دەکەن خۆیان ئامادە بکەن بۆ ڕووداوی نوێ و بەشداربن کە لە بەشێکی نوسراکەدا هاتووە (ئێستاش کە بار و زروفێکی تایبەتی هاتۆتە پێش بەرژەوەندی نەتەوەکەمان و حیزبمان وا پێویست دەکات کە هاوبیرانمان لەم کاتەدا زۆر وریابن و خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەو رووداوانەی لە ئارادایە و پێش بینی دەکرێ رووداوی کوت و پر خێراتر بێتە پێش. بۆیە لە لایەن سەرکردایەتی حیزبمانەوە ئاگادار کراینەوە کە گرنگیەکی تەواو بدەین بە خەتەکانی رێکخستن و گشت هاوبیران بەسەربکەینەوە بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا بتوانین ئەو ئەرکانەی لەسەر شانمانە جێ بەجێ بکەین).

ڕاگەیاندنی پاسۆک.

لە ڕووی راگەیاندنەوە بەراورد بە حیزبەکانی تر ڕاگەیاندنی لاوازبووە، ڕۆژنامەکەی ناوی سەربەخۆی بووە، کە سەرنووسەرەکەی نزار محەمەد بووە، هەروەها گۆڤاری ئاڵای سوری کوردایەتی هەبووە، ئازاد مستەفای سکرتێری پارتەکە سەرنووسەری بوو، بەشێک لە نووسینەکانی لە ژێر ناوی خوازراوی(عەلی) بڵاوکردۆتەوە، گۆڤاری ئاڵای سوری کوردایەتی ئۆرگانی هێزی پێشمەرگەی پاسۆک بووە، کە لە بەرگی گۆڤارەکە نووسراوە کوردستانێکی ئازاد، گەلێکی یەکسان، پێش ئەوەی هەرشتێک بیت کوردین، هەروەها زنجیرەی پاسۆک بناسە کە گرنگی بە بیر و هزری پاسۆک داوە.

پاسۆک تاکە حیزبی شاخ بووە ئاڵای کوردستانی هەڵکردوە لە ساڵی (١٩٨٣)دا، لە کاتێکدا حیزبەکانی تر تەنها ئاڵای حیزبیان هەڵکردوە.

کۆچی دوایی سکرتێری پاسۆک.

لەبەرەبەیانی ڕۆژی ١٩ ئازاری ١٩٨٩ ئازاد مستەفا سکرتێری پارتی سۆسیالستی کورد (پاسۆک)بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کردوە، زۆربەی بۆچوونەکان پێیان وایە کۆچی دوای ئازاد مستەفا یەکسانبووە بە تەواوبوونی ڕۆڵی سیاسی پارتی پاسۆک، چونکە حیزبەکە زۆربەی تواناکانی لە بواری سیاسەت بەسترابووە بە ئازاد مستەفاوە.

هەڵبژاردن و پاسۆک.

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی (١٩٩٢)دا لە ژێر ناوی لیستی یەکگرتن لەگەڵ حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان بەشداریان کرد، کە ڕێژەی ٢ % بەدەستهێنا کە ژمارەی دەنگەکانیان  بریتی بوو لە (٢٤٨٨٢) کە نەیانتوانی بچنە پەرلەمانی کوردستان بەهۆی ئەوەی سیستەمی هەڵبژاردنەکانی ئەوکات هەر پارتێک کەمتر لە ڕێژەی ٧% بە دەستبهێنایە نەدەچووە پەرلەمان.

چارەنووسی پاسۆک.

سنووری چالاکیەکانی ئەم پارتە زیاتر ناوچەکانی دەوروبەری سلێمانی بووە، لە ٧ ئەیلولی ١٩٩١دا لە (قەلاچوالان) کۆنگرەی یەکەمی پاسۆک دەستی پێکرد لە (قەڵاچوالان) و کۆنگرەکەیان (3) ڕۆژی خایاند و پاشان لە ساڵی (١٩٩٢)دا، لەگەڵ هەردوو پارتی گەلی دیموکرات و حیزبی سۆسیالست یەکیان گرت، کە بە زۆرینە پەسەند کرا لە ژێر ناوی حیزبی یەکگرت کە بووە سەرەتای کۆتایی هاتنی حیزبەکە و کە هەندێک لە سەرکردنەکانی ئەم کۆنگرەیە بە مامەڵە کردن دەزانن لە لایەن بەشێکی تری سەرکردەکانیەوە، کە بووە هۆی ئەوەی دواتر حیزبی یەکگرتن بەشێکی زۆری و بەرپرسەکانیان لە کۆتایدا چوونە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشێکی کەمیان چوونە ناو یەکێتی و هەروەها بەشێکی تری سەرکردەکانی تری  وازیان لە سیاسەت هێنا و کۆتایی بە پارتی سۆسیالستی کورد (پاسۆک) هات.


سەرچاوەکان.

١/ محمەد فاتیح، حیزب و ڕێکخراوە سیاسیە عێراقیەکان، بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران، سلێمانی، ساڵی ٢٠١٢.

٢/ ئازاد مستەفا، کورتەباسێکی بەرەی کوردستانی،دەزگای چاپەمەنی شەهید فەرهاد، سوید، ساڵی ١٩٨٨. 

٣/ نەوشیروان مستەفا ئەمین، مفاوەزاتی بەرەی کوردستانی- بەعس (١٩٩١)،چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبخانەی جەمالی عەلی باپیر، سلێمانی، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠٠٩.



ئه‌م بابه‌ته 605 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر