پۆڵتن: ترەمپ دژە کوردە

بە گوێرەی گێڕانەوەی جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری پێشوی ئاسایشی نەتەوەیی ، سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕاستی دژە کوردە و حەزی بە چارەی ئەو گروپە کەمینەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە کە بە بەردەوامی هاوهەڵوێستی ئەمەریکا بوون.
PM:02:31:09/09/2020
دۆسیە: کورد لە چاوی ئەواندا
پەرتوکەکەی بۆڵتن ئەوە دەردەخات کە ترەمپ یەکەم سەرۆکی دژە کوردی ئەمەریکایە.

جێت جەی فرانتزمان
بەڕێوەبەری ناوەندی بنکە لە قودسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.




کاتێک لە ساڵی ٢٠١٦ دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرا کوردەکان هیوای زۆریان بۆ سەرۆکایەتییەکەی هەبوو. ساڵی ٢٠١٦ هەستیار بوو، دژبەرە کوردەکان لە ئێران لە ژێر جەوری ڕژێمدا بوون و کوردەکانی تورکیا قەدەغەی هاتووچۆ بەسەریاندا سەپێنرا بوو چونکە ئەنقەرە لەشەڕدا بوو دژی جەنگاوەرە کوردەکان. 

بەڵام، لەودیو سنوور لە سوریا، هاوپەیمانێتییەک لە نێوان کوردەکان و هێزی تایبەتی ئەمەریکا پێک هاتبوو کە لە شەڕی دژی داعش سەرکەوتنی بە دەست دەهێنا. لە عێراق، ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستان لەژێر فشاری ئابووریدا بوو بەڵام لە هێڵەکانی بەرگری دژی داعش خۆی ڕاگرتبوو وە گەشەی دەسەند. 

سەرەڕای ئەوەش، هیوای کوردەکان تێکشکێندرا. بە گوێرەی ڕاوێژکاری پێشوی ئاسایشی نەتەوەیی، سەرۆکی ئەمەریکا دژە کورد بووە و حەزی بە چارەی ئەو گروپە کەمینەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست نەبووە کە بە بەردەوامی هاوهەڵوێستی ئەمەریکا بووە و هەوڵی داوە کاری لەگەڵدا بکات. 

لە جیاتی سەرسام بون بە بەهاکانی ناوچە کوردییەکان کە بریتین لە هەمەچەشنی و قبوڵ کردن و بوون بە ناوچەیەکی ئارام بۆ کەمینەکانی وەکو ئێزدی و کریستیانەکان وا دەردەکەوێت کە هەندێک کەس لە دەوری ترەمپ ڕژێمی ڕەگەزپەرستی تورک و ئەو گروپانەی تر کە کوردیان دەکردە ئامانج پێ باشتر بێت کە ئاینزای جیاوز قبوڵ ناکەن و کوشتار ئەنجام دەدەن.

لە سەرەتای ٢٠١٧، ئەو هیوا کورتخایەنەی کە سەرۆکێکی نوێ لە واشنتۆن دەتوانێت هەڵوێستی هەڵبەز و دابەزی چەند دەیەیەکی ئەمەریکا سەبارەت بە کێشەکانی مافی مرۆڤی کوردەکان بگۆڕێت زیاد دەبوو. بە درێژایی سەدەی بیست کوردەکان بە توندی سەرکوت کرابوون و خیانەتیان لی کرابوو. بە شێوازێکی سیستەماتیک لە لایەن سەدام حسێنەوە دەکوژران. حکومەتی نەتەوەپەرستی تورکیا نکوڵی لە هەبوونیان دەکرد. لە سوریا، زۆریان ڕەگەزنامەیان نەبوو وە ڕووبەڕووی بەعەرەب کردن و تواندنەوە بوونەوە لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە. ئێران، ڕاوەدووی دژبەرانی دەکرد و لە ئەوروپا تیرۆری دەکردن و بە توندی ناوچە کوردییەکانی خۆی کۆنترۆڵ کردبوو.  

لە سەدەی ٢١ شتەکان بۆ کورد گۆڕان. تورکیا لە ژێر سەرکردایەتی ئاک پارتی هەوڵی دا کە سیاسەتی حکومەت باشتر بکات و میدیای کوردی و مافی کەلتوریی سنورداری ڕێگە پێدا. لە عێراق، هەرێمی کوردستان ئۆتۆنۆمی هەبوو وە پڕ بوو لە باڵەخانەی سەرنج ڕاکێش و فڕۆکەخانە بە هۆی بازرگانی نەوت و وەبەرهێنانی کەنداو و تورکیاوە. ئێران وا دەردەکەوت وەکو پێشوو سەرکوتی نەدەکردن. 

پاشان شەڕ دژی داعش دەستی پێکرد. ناوچە کوردییەکان خۆیان ڕاگرت دژی داعش و بە هەزاران قوربانییان دا. ئەندامانی داعش لە ناو پشتیوانانیان دەهاتن کە لە ناوچەکانی ڕژێمی سوریا نیشتەجێ بوون و لە هەمان کاتدا بەرهەڵستکارە تونڕەوەکان و خۆبەخشە بیانییەکان لە ڕێگەی تورکیاوە هاتووچۆیان دەکرد. لە بەغداد بەرهەلستکاری هەبوو دژی سیاسەتی ئاینزایی (مەزهەبیی) نوری مالیکی. ناوچە کوردییەکان پشتیوانیی هەڵمەتی هاوپەیمانانیان لە دژی داعش بە سەرکردایەتی ئەمەریکا کرد. جەنگاوەرە کوردەکان ئێزدییەکانیان پاراست و نەیانهێشت زیاتر جیۆساید بکرێن. 

بەهەرحاڵ، کۆشکی سپی سارد بوو بەرامبەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە عێراق. سەیر لەوەدایە کە لە دواییدا ئەمەریکا ئەو میلیشیایانەی کردە ئامانج کە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکران، هەمان ئەو میلیشیایانەی کە کوردەکان لە ٢٠١٧ دا سکاڵایان لە دەستیان هەبوو. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧ ئەمەریکا لەگەڵ بەغدا دژی ڕیفراندۆمی کوردەکانی عێراق کاری  دەکرد.

لە ئەنجامی زنجیرەیەک ڕووداوی سەیر و سەمەرەدا، ئەو میلیشایانەی کە ئێران پاڵپشتی دەکردن ڕێگەیان بۆ کرایەوە پەلاماری کەرکوک بدەن کە لە لایەن هێزە کوردییەکانەوە کۆنترۆڵ کرابوو. ١٥٠٠٠٠کورد ئاوارە بوون. لەو کاتەوە ئێران ڕۆڵی زیاد بووە  لەو ناوچانە کە پێشتر کوردەکان بەڕێوەیان دەبرد ودەرئەنجامەکەشی ناسەقامگیریی زیاتر و شانەی زیاتری داعش بوو. 

لە کاتێکدا کە ترەمپ لە مانگی ٩ و١٠ ی ٢٠١٧ کاری دەکرد بۆ گۆشەگیرکردنی ئەو کوردانەی کە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییان ئەنجام دابوو لە عێراق، هات  گورزێکی لێ وەشاندن و ووتی "کوردەکانم خۆش ناوێت" و وتیشی "لە عێراقییەکان ڕایان کرد". شەڕەکە بۆ کوردەکان لە کەرکوک سەخت بوو لەبەر ئەوەی هەموو فڕۆکەخانە و سنوورەکانیان داخرابوون و هەروەها ڕوبەڕوو بوون لەگەڵ تانکی ئەبرامز کە لە لایەن ئەمەریکاوە  درابوو بە بەغدا. لە کۆتاییدا کشانەوە. 

ڕیفراندۆمی کوردەکان بۆچی ئەوەندە ئەمەریکای نیگەران کردبوو؟ سکۆتلەندا و کیوبێک و باشووری سودان و زۆر شوێنی دیکە ڕیفراندۆمیان ئەنجامدابوو. ئمەریکا لە ڕابردوودا باوەڕی بە مافی چارەی خۆنووسین هەبوو. لە جیاتی ئەوە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ئەمەریکا هاوکاریی گروپە ئێرانییەکانی کرد بەوەی کە هاوکار نەبوو گفتوگۆ بێتە کایەوە لە نێوان هەولێر و بەغدا، لە ئەنجامدا هاوبەشێکی ئەمەریکا لاواز بوو، وە ئێران جەسوور تر بوو.

لەوە سەیر تر، ئەمەریکا دوای دوو ساڵ بۆمبارانی هەمان ئەو گروپە ئێرانییانەی کرد و بووە هۆی کوشتنی ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسمی سولەیمانی، پلان داڕێژەرانی داگیرکردنی کەرکوک. 

لە سوریا، ترەمپ هەمیشە دەیویست ئەو شەڕەی کە دژی داعش سەرکەوتنی تێدا بە دەست هێندرا بوو بە جێبهێڵیت. کوردەکان هاوبەشی سەرەکی بوون. ترەمپ لە ٢٠١٧ ئاماژەی بەوە دا کە سوریا بەجێ دەهێڵێت و لە ٢٠١٨ کردی بە سیاسەتی سەرەکی. 

ترەمپ دەسەڵاتی دا بە تیمێکی سیاسەتی دەرەوە کە لە مێژوودا زۆرترین داکۆکییان لە تورکیا کردووە، ئەمەش وای لە تورکیا کرد دەست بەسەر ناوچە کوردییەکانی سوریادا بگرێت. لە مانگی یەک کوردەکان لە عەفرین دەرکران، کە ئەمەش  ١٦٧٠٠٠ئاوارەی زیاد کرد بۆ ئەو ١٥٠٠٠٠ئاوەرەی کە لە کەرکوک هەڵهاتبوون. 

پاشان ئەمەریکا داوای لەو کوردانە کرد کە سەرقاڵی شەڕی داعش بوون ئەو هەڕەشانەی لەسەر سنووری سوریا هەن لایان ببەن (بە گوێرەی داواکاری تورکیا).هەڕەشەکان هەندێک سەنگەر و خەندەق بوون لە نزیک گرێ سپی. ئەوەی تورکیا بە ئەمەریکای نەووت ئەوەبوو کە دەیویست داگیرکاریی بکات و ئەمەریکا ڕێگاکەی بۆ خۆش بکات. 

ئەنقەرە نەخشەی ئەو ناوچانەی کە دەیویست داگیری بکات پێشکەش بە هاوڕێکانی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کرد.بە گوێرەی ئەو نەخشەیە کوردەکان دەردەکران و پەنابەری عەرەب لە ناوچەکانیان جێگیر دەکران. ئەمە پێی دەوترێت پاکتاوی نەژادیی و هەندێک کاربەدەستی ئەمەریکایی لە دژی هۆشدارییان دا. 
 
لە جیاتی ئاگادار کردنەوەی هێزە کوردییە هاوکارەکان لە ڕۆژهەڵاتی سوریا سەبارەت بە نیازی تورکیا، ئەمەریکا هەوڵی دەدا کە تورکیا ئارام و ئاسودە بکات. کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پاڵپشتی ئەوەیان دەکرد کە ئەمەریکا موشەکی پاتریۆت بە تورکیا بفرۆشێت لەو کاتەی کە ئێس -٤٠٠ی ڕووسی دەکڕی. ئەمەریکا پاداشتی دانا بۆ لەناوبردنی جەنگاوەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان کە تورکیا شەڕی لەگەڵ دەکردن. 

ئەمەریکا دەمێک بوو پاڵپشتیی ئەو شەڕەی لە دژی پەکەکە دەکرد و گروپەکەی وەک تێرۆریست دەناساند. بەلای تورکیاوەگرنگ نەبوو ئەمەریکا چی بۆ دەکات، ئامانجی کۆتایی تورکیا دەرپەڕاندنی هێزەکانی ئەمەریکا بوو لە سوریا. ئەنقەرە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە هاوبەشەکانی ئەمەریکا لە سوریا تێرۆریست بوون، لەکاتێکدا کە هیچ هێرشێک لە سوریاوە ئەنجام نەدرابوو.  

ئەمەریکا دوو شتی بە کوردەکانی سوریا وت.

یەکەم : فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا بە سەرکردایەتی وەزیری بەرگریی جەیمس ماتیس و جەنەراڵ جۆسێڤ ڤۆتێل و جۆسێڤ دەنفۆرد ئاماژەیان بەوە دا کە بۆ چەند ساڵێک دەمێننەوە و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەقامگیر دەکەن. لە هەمان کاتدا وەزارەتی دەرەوە بە ئاراستەی بنپێ کردنی دەسکەوتەکانی کورد کاری دەکرد بەوەی لە پرۆسەی جنێڤ بەرکەنار کران و ڕیگەیان نەدرا کە لە داهاتووی سوریا ڕۆڵیان هەبێت. 

دووەم : دیپلۆماتکاری ئەمەریکی جەیمس جێفری ئەوەی ڕاگەیاند کە ئەمەریکا پەیوەندییەکی تاکتیکی و ڕوون و قۆناخ بە قۆناخ بە ڕێوە دەبەن لە ڕۆژهەڵاتی سوریا. کاتێک تورکیا هەڕەشەی داگیرکاریی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە دەدەن بەسەر بارەگا ئەمەریکییەکانیشدا ئەگەر پێویست بکات، ترەمپ لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ لە ناوچەیەکی سنووریی کشایەوە ، ئەمەش بووە هۆی ئاوارە بوونی ٢٠٠٠٠٠کەس لە کورد و مەسیحی و ئێزدی. دەرئەنجامی ئەمە بۆ بەڕێوەبەرایەتی ترەمپ ئاوارە بوونی ٥١٧٠٠٠ کەس بوو لەو ناوچانەی کە پێشتر لە لایەن کوردەکانەوە بەڕێوە دەبران و ئارام و سەقامگیر بوون. 

بە گوێرەی گێڕانەوەی بۆڵتن ترەمپ باوەڕی وایە کە " کوردەکان ڕایان کرد لە تورکەکان و تەنها ئەو کاتانە ڕا ناکەن کە ئێمە چوار دەوریان بە ئێف ١٨ بۆ بۆردومان دەکەین" ئەمە قسەیەکی سەیر بوو. مێژووی ئەمەریکا پڕە لە نمونەی هاوکاری کردنی ئەو خەڵکانەی کە ڕا دەکەن نەک ڕق لێ بوونەوەیان لەبەر سەرکوتکردنیان. 

لە ڕابردوودا ئەمەریکا هاوکاری کوباییەکان، هایتییەکان، سۆماڵییەکان، کوردەکان، جووەکان و زۆری تری کردبوو کە هەڵهاتبوون. لە باڵکان لە ١٩٩٠ کان ئەمەریکا هاوکار بوو بۆ وەستاندنی سەرکوتکردنی گروپەکان. ڕامیاری نوێ، بە گوێرەی پەرتوکەکەی بۆڵتن ئەوەیە کە لایەنگیریی سەرکوتکار بکرێت نەک ئەوەی کە ڕا دەکات. 

بۆ کوردەکان ئەمە کارەساتێکی نەبڕاوەیە. ئەمڕۆ ئێران و تورکیا بە یەکەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی سەرکوتی چالاکوانانی کورد بکەن.سەدان چالاکوان و ڕۆژنامەوان و سیاسەتوانی کورد لە تورکیا زیندانی کراون.لە عێراق کوردەکان ڕووبەڕوی هەڕەشە دەبنەوە لە ناوچەکانی وەکو کەرکوک و شنگال.

کەمینە ئێزدی و مەسیحییەکانیش ڕووبە ڕووی هەڕەشە بوونەتەوە. لە سوریا ئەو هەڵمەتەی کە سەرکەوتوو بوو بۆ لە ناو بردنی داعش بە شێوەیەک خراپ کرا کە ئەمەریکا وا هەست دەکرا هەڵمەتە سەرکەوتووەکە وەکو کێشەیەک ببینێت کە بیەوێت خۆی لی دەرباز بکات. 

ڕوسیا، ئێران، و تورکیا سێ وڵاتی پاوانخوازن کە دەیانەوێت دوای ڕۆیشتنی ئەمەریکا دەستکەوتەکان دابەش بکەن. لەعێراق، هەرێمی کوردستان جارێکی تر لەژێر هەڕەشەی ئابووریدایە و داگیرکارییەکی هاوبەشی تورکیا و ئێران هەڕەشە لە سەقامگیریی دەکات. 

لە عەفرین ئەو کوردانەی کە ماونەتەوە ڕاوەدوو دەنرێن و ئافرەتان دەڕفێنرێن بۆ زیندانی نهێنی ئەو گروپانەی کە لە لایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرین. دەستکەوتەکانی ساڵانی ڕابردوو لەدەست دراون و نزیکەی ٥٠٠٠٠٠ کەس بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە لە سایەی بەڕێوەبەرایەتی ئێستای ئەمەریکاوە.

بەگشتی ئەمانە ئەو کەسانەن کە پاڵپشتی ئەمەریکایان کرد و بە هیواوە لێیان دەڕوانی. ئەمانە تەنانەت شتگەلێکی وەکو ناونانی چێشتخانەکانیان بە ناووی ترەمپیشەوە کرد. پەرتوکەکەی بۆڵتن ئەوەدەردەخات کە کۆشکی سپی کەمێک پاڵپشتی کورد دەکات بەڵام دەنگە دژە کوردەکان وا دەردەکەوێت کە گەشتبێتنە باڵاترین پێگە.


وەرگێڕانی : کۆسار وەڵەدبەگی.


سەرچاوە : ئۆرشەلیم پۆست.


ئه‌م بابه‌ته 474 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر