قەڵای والیی ئیلام

شوناس لقگەلێکی جۆراوجۆری هەیە و شوناسگەلێکی جۆراوجۆریش بوونی هەیە کە شوناسی نەتەوەیی یەکێک لەوانە. شوناسی نەتەوەیی بۆ ڕابردووی مرۆڤگەلێک دەگەڕێتەوە کە لە چوارچێوەی وڵاتێکدا ژیان دەکەن و خۆیان بەپێی ئەو مەڵبەندە کە خاوەن سنوور و فەرهەنگ و مێژووی تایبەتی خۆیە، دەناسێنن.
PM:07:39:07/09/2020
دۆسیە: نیشتمانسازی
قەڵایەکی مێژوویی لەبیرکراوی کوردستان

بێهزاد قادری
ڕۆژنامەنووس


هەربۆیە شوناسی نەتەوەیی بەپێی مەڵبەندێکە کە لەودا دەژین و بە ئەوانی دیکەی دەناسێنین.

پێکهاتەکانی  شوناسی نەتەوەیی لە شوێنە جیاوازەکاندا دەتوانێت جیاواز بێت، بەڵام توخمە سەرەکییەکان لە هەموو شوێنێکدا بوونی هەیە، لەوانە: "مەڵبەندێک و سنوورەکانی، مێژووی ئەو مەڵبەندە، فەرهەنگ و زمان". شتانێکی تریش وەکوو: "میراتی سیاسی و دەوڵەتی وڵاتێک، ئاگایی سیاسیی هاووڵاتییانی کۆمەڵگەیەک بەنیسبەت خۆیان، مەڵبەند و ڕابردوو و هەستی خاوەنداریەتی لەو مەڵبەندە" بوونی هەیە.

ئێمە وەک نەتەوەی کورد، دەسەڵاتی خاکی خۆمان لەدەستدا نییە و "سەربەخۆیی" بووە بە ئاواتی هەر تاکێکی هۆشیاری کورد. هەروەها لەلایەن داگیرکەرانەوە بە هەموو شێوازێک دژی شوناسی نەتەوەیی ئێمە پیلانگەلێک دەگێڕدرێت. ئەوەی لێرەدا گرینگە، دژکردەوەی ئێمەیە و هەوڵەکانمان بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەییمان کە ژێرخانی هەموو شوناسەکانی دیکەی ئێمەیە. لەم نێوانەدا گرینگیدان بەوەی کە کێین و ڕابردوومان چی بووە و میراتی ڕابردووەکانمان بۆ ئێمە کامانەن، ڕۆڵێکی گرینگی هەیە بۆ پارێزگاری لە شوناسمان.

زەوتکردنی میراتە مێژووییەکانمان و کردنیان بە ناوی نەتەوەی تر و بەتاڵانبردنی ئاسەوارە مێژووییەکانمان، بۆ خۆی هەوڵێکە دژی شوناسی نەتەوەیی کورد و پچڕاندنی پەیوەندیی کورد بە ڕابردووی خۆیەوە. لەم بابەتەدا هەوڵم داوە قەڵایەکی مێژوویی کورد لە ڕۆژهەڵاتی وڵات بناسێنم.

قەڵای والی



قەڵای "والیـ"ـی ئیلام، لە دەشتی "میان کوهیـ"ـی ئیلام و لەسەر تەپەی "چگا میرکـ"ـی شاری ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە و لە ساڵی ١٢٨٧ی هەتاوی و لە سەردەمی "قاجاڕ"دا ساز کراوە. کانیی "بی‌بی" ئاوی ئەم قەڵایەی دابین کردووە کە بە شێوازی ڕابردوو و بە کەڵک وەرگرتن لە "بۆڕی گڵی"، ئاوی کانی دەنێردرایە حەوشەی ناوەندیی قەڵاکەوە. ئەم میراتە کە هی کورد و کوردستانە، لە نەبوونی حکوومەت و کیانێکی کوردی، ڕێکەوتی ١٩ی بانەمەڕی ١٣٧٦ی هەتاوی بە ژمارەی "١٧٩٨" وەکوو میراتێکی نەتەوەیی ئێران تۆمار کراوە.

قەڵای والی لە بەشی باکووری شەقامی "پاسداران" لە ناوەندی ئیلام هەڵکەوتووە و نۆژەن کراوەتەوە. ئەم بینا مێژووییە لە شوێنە گرینگە گەشتیارییەکانی شاری ئیلام و کوردستانە و مۆزەی خەڵکناسیی ئیلام لەوێدایە. قەڵای والی وەک زۆرینەی قەڵاکانی دیکەی کوردستان بە فەرامۆشی سپێردراوە و لەلایەن حکوومەتی ئێرانیشەوە بایەخی پێ نادرێت.

مێژوو و هەڵکەوتەی قەڵای والی

قەڵای والی یەکێک لە بینا فەرهەنگی- مێژووییە گرینگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ساڵی ١٢٨٧ی هەتاوی بە فەرمانی "غوڵامڕەزا خانی فەیلی" لە گەڕەکێک بە ناوی "حوسەین ئاوای فەیلی" کە بە "گوندی سەروو" ناوبانگی هەبووە، ساز کراوە. "غوڵامڕەزا خانی والیی فەیلی" ئەم شوێنەی بۆ مانەوەی خۆی لە وەرزی هاویندا هەڵبژاردووە و قەڵاکەی لەسەر تەپەیەک ساز کردووە.

لەبارەی مێژووی قەڵای والی، بەو جۆرەی کە لە نووسراوەیەکی بەردینە کە لە تەختی خان (گەڕەکێک لە ١٥ کیلۆمەتریی باکووری ڕۆژهەڵاتی ساڵح ئاوا – ئیلام) نووسراوە، هاتووە کە "غوڵامڕەزا خان" پاش ناوهێنانی چەندین ڕستە لە کارە جێبەجێکراوەکانی خۆی نووسیویەتی: "فەرمانم بە دروستکردنی قەڵای حوسەین ئاوای فەیلی داوە کە بە گوندی سەروو ناوبانگی هەیە". 

قەڵای حەمام و باخ بە مێعماریەتیی "حاج دەروێش عەلی کرماشانی" و "حیجاری ڕەزا قولی" بووە کە جێگای سەرنجی "غوڵامڕەزا خان" بووە. خانی ئیلام بەرپرسیاریەتیی پارێزگاری لە ژنەکانی لە هەموو شەڕەکانی کە "غوڵامڕەزا ئەبووقدارە" جێبەجێی دەکرد، بە "ڕەزا قولیـ"ـی دەسپارد، لەوە بەدوا "ڕەزا قولی" لە درێژایی شەڕەکانی "غوڵامڕەزا خان"، ژنەکانی بە جلوبەرگی دێهاتی دەسپاردە عەشایەرەکانی ئیلام.

لەو سەردەمەدا "ڕەزا قولی" لەگەڵ کچی "باقر"، یەکێک لە گەورەکانی عەشیرەی "غەیاسی" هاوسەرگیریی کرد و لە ئیلامدا مایەوە. دوای هەڵاتنی "غوڵامڕەزا خان" لە ئیلام و جێگیربوونی لە بەغداد لە ساڵی ١٣٠٦ی هەتاویدا، بۆ ماوەیەک "ڕەزا قولیـ"ـش لە یەکێک لە شارە سنوورییەکانی عێراق ژیانی بەسەر برد و پاش ڕاگەیاندنی ئەماننامەی حکوومەتی ئەوکات، گەڕایەوە ئیلام و کۆتاییەکانی ژیانی لەو شارەدا بەسەر برد. "ڕەزا قولی" کوڕی "حەیدەر کرماشانیـ"ـیە و بە ڕەچەڵەک کوردە و خاوەن دوو کچە بە ناوەکانی "فیردەوس و ڕەبابە مەحجووبی" کە هەر لە ئیلامدان. "ڕەزا قولی" لە تەمەنی ٨٠ ساڵی و لە ساڵی ١٣٣٠ی هەتاویدا بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەست دا و لە کرماشان بە خاک سپێردراوە.

ناساندنی قەڵای والی

قەڵای والی لە زەوییەک بە گەورەیی ٤٦٨٧ مەتری سێ‌جا ساز کراوە کە لەم ڕێژەیە فەزایەکی سەوز بە گەورەیی ١٧٩٢ مەتری سێ‌جا لە بەشی باشوور ماوەتەوە. ژێرخانی ئەم قەڵایە ١٤٦٦ مەتری سێ‌جایە و گەورەیی حەوشی نێو قەڵاکە ١٣٦٣ مەتری سێ‌جایە. درەختگەلێکی بەرز و کۆن و حەوزێک لە بەشی پێشەوە، دیمەنێکی جوانی بەم قەڵایە بەخشیوە.

قەڵای والی لە کاتی دروستکردنیدا لە فەزایەکی بەتەواوی کراوەدا ساز کراوە، بەڵام دواتر پاش پێشکەوتنی شارنشینی، دەوروبەری بە بینای ئیداری و خانووی هاووڵاتییانەوە گەمارۆ دراوە.

لە بەشی باکووری ئەم قەڵایەدا تەلارێکی (شانشین) جوان بوونی هەیە کە ئەندازەی نێوەوەی گەورەتر لە ژوورەکانی دیکەی قەڵاکەیە. لە نێوەڕاستی تەلارەکەدا حەوزێکی گچکە بوونی هەیە کە بە بەردی "مەڕمەڕ" ڕازێندراوەتەوە. ئەم حەوزەیە لە تەنیشت کانییەک کە لەو کاتەدا پڕئاو بووە، ساز کراوە، بەڵام دوای تێپەڕینی کات ئەم کانییە وشک بووە و بۆ ئەوەی جوانیی ئەو سەردەمەی بمێنێتەوە، لە کاتی نۆژەنکردنەوەدا بۆڕی ئاویان بۆ ڕاکێشاوە. شایانی باسە کە ئەم قەڵایە لە کاتی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراقدا، ٥٠ لەسەدی وێران کرا و لە دوای شەڕ، کۆمەڵێک لە بەشەکانی نۆژەن کرایەوە کە بە ڕادەی پێویست نییە.

تایبەتمەندییە مێعمارییەکانی قەڵای والی

زۆربەی ژوورەکانی قەڵای والی پێکەوە لە پەیوەندیدان؛ قەڵاکە ٢٠ ژووری گەورە، ٥ ژووری بچووک، ٤ هەیوان و ٢ بانجیلەی بچووکی هەیە. بەشی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی قەڵاکە بەتەواوی لەیەک دەچن. قەڵاکە بە ٣ ڕێڕەو لەگەڵ سەربانەکەی لە پەیوەندیدایە و دوو بورجی پاسەوانیی لە باکووری ڕۆژاوا و باکووری ڕۆژهەڵاتدا هەیە. 

لەم قەڵایەدا شەش ژێرزەمین لە سێ بەشی باکوور، ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتدا بوونی هەیە کە بەرزاییەکەیان تا ژێر تاق دوو مەترە و ڕووناکاییەکەی لەلایەن پەنجەرەگەلێکەوە کە ڕوو لە حەوشەی نێو قەڵان، دابین دەکرێت. زۆرینەی کەرەستەی بیناسازیی بەکاربراو لەم قەڵایەدا "ئاجۆر"ە و لە هەندێک بەشیشدا لە "بەرد" کەڵک وەرگیراوە.

ئەم قەڵایە سێ دەرگای چوونە ژوورەوەی لە بەشەکانی باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوادا هەیە کە بە شێوازی "یوونانی" ساز کراوە. دەرگاکانی دیکەی قەڵاکە بە شێوازی تایبەت بەکار براوە یان بۆ هاتوچۆی میوانەکان ساز کراوە کە لە ڕێگای ڕێڕەوگەلێکی سەربەستراوەوە لەگەڵ حەوشەی قەڵا لە پەیوەندیدایە.

لەم قەڵایەدا هونەری ئایەنەکاری لە تاقی ژوورەکانی قەڵادا بەکار براوە کە دیمەنێکی جوانی بە ژوورەکان بەخشیوە. هەروەها دیوارەکان و تاقی ژووری شانشین بە نیگارگەلێک لە گوڵ و گیا ڕازێندراوەتەوە.



ئه‌م بابه‌ته 211 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر