باڵیۆزی سعودیە داوای سەربەخۆیی كوردستان دەكات

تادێ دەنگەكانی پشتیوانی كردن لەسەربەخۆیی كوردستان زیاتر دەبن
PM:10:18:18/08/2020
دۆسیە: کورد لە چاوی ئەواندا
ئەوانی تر لەسەر كورد چۆن دەدەوێن؟ بەچاك یان بەخراپ؟ بەبێ دەستكاری كۆی دەكەینەوەو دەیخەینە بەرچاوی كورد

ڕائید بن خالید قرملی
باڵیۆزی سعودیە لەڕووسیا

باڵیۆزی سعودیە لە ڕوسیا، داوای لە سێ دەوڵەت كرد كە ڕێز لە خواستی گەلی كورد بگرن. هاوكات پشتیوانی وڵاتەكەیی بۆ مافەكانی كورد و مافی چارەی خۆنوسینی كورد دەربڕی.

"ڕائید بن خالید قرملی" لەبارەگای باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی و لەدیدارێكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: پێویستە لەسەر سورییەكان چارەنوسی خۆیان بەدەستی خۆیان دیاری بكەن، هاوكات ڕێگە خۆش بكەن تاكو هەموو پێكهاتە و ئیتنیكەكانی تر، مافی خۆیان دیاری بكەن.

 داوای لەوڵاتانی توركیا و عێراق و سوریاش كرد، تاكو ڕێز لەخواستی گەلی كورد بگرن لەوەی ڕێگەی بدەن چارەنوسی خۆی دیاری بكات. هەروەها گوتیشی: ئێمە ئامادەین دەستی یارمەتی و پشتیوانی بۆ گەلی كورد درێژ بكەین، تاكو ببێتە گەلێكی سەربەخۆ و لەلایەن ڕۆڵەكانی خۆیەوە حوكمی بكرێت".

هەروەها زیاتر دەدەوێت و دەڵێت: كوردەكانی مافی ئەوەیان هەیە داوای سەربەخۆیی بكەن بەجۆرێك مافەكانیان پارێزراوبێت، ئەوان لەڕیزی پێشەوەی شەڕی داعشدا بوون، هەوڵیشیان داوە لەناوچەكانی ژێردەستەڵاتی خۆیاندا پڕنسیپەكانی دیموكراسی جێبەجێبكەن، لەگەڵ ئەوەشدا پەنای زۆرێك لەو عەرەبانەیان داوە كە شەڕ دەربەدەری كردوون".

سەبارەت بەكوردی توركیاش، باڵیۆزەكەی سعودیە دەڵێت: كوردەكانی توركیا لەكوردەكانی عێراق و سوریا بارودۆخیان خراپترە، لەگەڵ ئەوەشدا كە زۆرترین ژمارەی كورد لەتوركیایە، كەچی بەدرێژایی چەندین دەیە، دووچاری داپڵۆسین و بێبەشكردن بوونەتەوە لەلایەن دەستەڵاتدارانی توركەوە، بەجۆرێك هاوڵاتییەكی كورد وەك هاوڵاتی مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت لەتوركیادا".

زیاتریش لەسەری دەڕوات و دەڵیت: ئەو بارودۆخەی لەژێر دەستەڵاتی ئەردۆگاندا هاتۆتە كایەوە، بەتەواوی نیگەرانییەكانی ئێمەی زیاد كردووە" هاوكات دەڵێت: " من پێشنیاری ئەوە ناكەم لەهەموو ئاڵوگۆڕێكدا هاوكاری و پشتیوانی بزوتنەوەكانی سەربەخۆیی گەلان بكەین، بەڵام كوردستان حاڵەتێكی تایبەتە، نەك تەنها لەبەر ئەوەی كورد گەورەترین كەمایەتی بێ دەوڵەتی ناوچەكەیە، بەڵكو لەبەر ئەوەی زۆرباش شایستەگی خۆیان بۆ مافی سەربەخۆیی سەلماندووە، ناوچەكەش بەو دەوڵەتە سودێكی زۆر وەردەگرێت".

باڵیۆزەكەی سعودیە دەشڵێت: دەبێ ئەوەشمان لەبیر نەچێت كە كورد بەتەنها لەگەمەی نێوان نەتەوەكاندا باجێكی قورسیان دا، بەتایبەتی لەدوای جەنگی یەكەمی جیهانی و ڕێككەوتنەكانی سایكس- بیكۆ، بەڵام ئەوانی تر، بۆنمونە وەك توركیا، بۆ ئەوەی بگەن بەمافەكانی خۆیان لەوێناكردنی سنورەكاندا، هەستان بە پێشێلكردنی مافی كوردەكان، بەتەنها كورد مانەوەو باجی هەموو ئەو ستەمەیان دا كەبەدرێژایی سەد ساڵ لەم ناوچەیە كراوە".

ژێدەر: نوێنەرایەتی كوردستان لە لیژنەی مافی مرۆڤ لەسوریا(MAF)



ئه‌م بابه‌ته 2060 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر