کێبرکێی فەرەنسا وتورکیا، کورد چی بکات

لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییەیی کە چاوەڕوان دەکرێت لە سیستەمی جیهانی ڕووبدات، زۆرێک لە دەوڵەتانی بەهێز دەیانەوێت ڕۆڵیان هەبێت تیایدا وپێگەیەکی باش بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن لەو گۆڕانکارییەدا.
PM:04:10:18/08/2020
دۆسیە: هەرێمایەتی
هەردوو گەڕانەوەکەی تورکیا وفەرەنسا بۆ ئەو سەردەمە، بە ستایل وستراتیژی جیاواز دەبێت.



فەرەنسا وتورکیا دوو نموونەن لەو دەوڵەتانە. تورکیا بۆ گەڕانەوە بۆ یادەوەری سەردەمی عوسمانیەکان، دەیەوێت دووبارە هەژموونی خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە لەسەردەمی عوسمانی هەژموونی بەسەریەوە هەبووە یا لەژێر دەسەڵاتی خۆی بووە.

فەرەنساش بە هەمان شێوە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە لەسەردەمی ئیمبپرالیزمدا لە ژێر کۆنترۆڵ وهەژموونی خۆیدا بوون، هەردوو گەڕانەوەکەی تورکیا وفەرەنسا بۆ ئەو سەردەمە، بە ستایل وستراتیژی جیاواز دەبێت، نەک داگیرکاری سەربازی، بە شێوەیەک دەبێت کە بگونجێت لەگەڵ لۆژیکی سیاسی ئەم سەردەمە.

زۆرێک لەو ناوچانەی کە تورکیا دەیەوێت دووبارە بیکاتەوە بە ناوچەی هەژموونی خۆی، فەرەنساش دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ هەمان ئەو ناوچانە، لە کاتێکدا فەرەنسا کەم تا زۆر، جارێ هەژموونی هەیە لەو ناوچانەدا، بە تایبەت ئەفریقیا. لێرەوە فەرەنسا وتورکیا لە زیاد لە ناوچەیەک ولەسەر زیاد لە پرسێک بەریەکدەکەون وبەرەو ململانێیەکی ئاڵۆز وقوورس دەچن.

لە ئێستادا کێبرکێی فەرەنسا وتورکیا زۆر بە ڕوونی لە ئەفریقیادا دەردەکەوێت. فەرەنسا بە گشتی ئەفریقیا یا بەشێکی گەورەی ئەفریقیا بە ناوچەی بەرژەوەندی خۆی دەزانێت.

تورکیا لە سەردەمی حوکمی ئۆردۆگان وحیزبەکەی بایەخێکی گەورە دەدات بە ئەفریقیا، پێش ٢٠٠٢ تورکیا ١٢ باڵوێزخانەی هەبوو لە ئەفریقیا، لە ئیستادا ٤٢باڵوێزخانەی هەیە، ئۆردۆگان تا ئێستا سەردانی ٣٢ وڵاتی ئەفریقی کردوە، یەکەم سەرۆک دەوڵەتی جیهانە، کە زۆرترین جار سەردانی ئەفریقای کردبێت.

لە ساڵی ٢٠٠٤ قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوان تورکیا وئەفریقیا ٥،٦ ملیار دۆلار بوو، ساڵی ٢٠١٨ گەیشتە ٢١،٥ ملیار دۆلار، پلان هەیە لە ئایندەیەکی نزیک ئەو بڕە بگاتە ٥٠ ملیار دۆلار.

هاوکات تورکیا شەش بنکەی سەربازی هەیە لە دەرەوەی خاکی خۆی، گەورەترین بنکەیان دەکەوێتە ئەفریقیا لە وڵاتی سۆماڵ، هەر وەها ئامادەییەکی سەربازی گەورەشی هەیە لە لیبیا، بە نیاز بوو لە سوودانیش بنکەیەکی سەربازی گەورە بکاتەوە، بەڵام ڕووخاندنی حکومەتەکەی عومەر بەشیر بە پشتگیری ئیمارات وسعودیە ومیسر، بووە ڕێگر لەبەردەم ئەو ویستەی تورکیا. جگە لەوانە، تورکیا لە ڕێگەی ئابووری وهاوکاری مرۆیی وپەیوەندی ئاینی.. ئامادەبوونێکی زۆری هەیە لە ئەفریقیا بۆ نموونە لە هەندێ دەوڵەتی وەک مالی وچاد ونەیجیر وئەفریقیایی ناوەڕاست... کە ئەو ناوچانە تا ئێستاش هەژموونی فەرەنسایان تیادا ماوە.

تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨ لەگەڵ وڵاتی مالی ٨ ڕێکەوتنامە لە بواری ئابووری ووزە وتەندروستی... دەکەن، ئۆردۆگان یەکەم سەرۆکە لە مێژووی تورکیادا کە سەردانی وڵاتی مالی کردبێت، فەرەنساش وڵاتی مالی بە بەشێک لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت، ئەو هەنگاوانەی تورکیا لە مالی، ڕاستەوخۆ هەڕەشەیە لە فەرەنسا.

ناوچەی باکووری ئەفریقیا کە دەوڵەتانی عەرەبی وەک جەزائیر، تونس ومەغریب ومیسر لە خۆ دەگرێت، تورکیا لە ڕێگەی ئیخوانەکانی میسر توانی هەژموونی خۆی بگەیەنێتە ئەوێ بەڵام بە کودەتاکەی سیسی ئەو هەژموونی نەما لە میسر، ئەوەش بەهێزترین گورز بوو لە تورکیا درا لە ناوچەی ئەفریقیا ووڵاتانی عەرەبی وخەونە ئیخوانیەکەی، لە تونس سەرەتا ئیخوانیەکان بەهێز بوون، پاشان لەوێش بەرەو لاوازی چوون، ئەوەش گورزێکی تر بوو لە تورکیا، ئەوەی مایەوە لیبیایە، لەوێ بەرامبەر فەرەنسا ومیسر وئیمارات وسعودیە وڕووسیا کێبرکێ دەکات، تورکیا ویستی هەموو لیبیا بخاتە ژێر دەسەڵاتی بەرەی سەراج وئیخوانیەکان، بەڵام ئەوە بووە کارێکی ئەستەم، لە ئیستادا دەیەوێت یەکێک بێت لە بەشداربوە سەرەکیەکانی لیبیا. هەموو ئەو هەنگاو وستراتیژانەی تورکیا، پێچەوانەی ویستی فەرەنسایە.

دوای تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت، فەرەنسا وتورکیا ململانێکانیان بردە لوبنانیش، هەر زوو ماکرۆن سەردانی لوبنانی کرد، پاش ماوەیەکی کەم، جێگری ئوردۆگان ووەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی لوبنانیان کرد، بەڵام ئەو دوو سەردانە، ئەوەی پێشاندا کە فەرەنسا بەهێزترە لەوێ وزیاتریش بایەخ بە لوبنان دەدات، کاتێک سەرۆکی فەرەنسا خۆی ئەو سەردانە ئەنجامدەدات مانای وایە لوبنان ناوچەیەکە تەواو پەیوەندی بە فەرەنساوە هەیە، هەر وەها هەندێ لێکدانەوەش هەیە کە پێی وایە ماکرۆن بێ ترس چووە ناو شەقامەکانی لوبنان، بەڵام ئۆردۆگان لەوانەیە نەیوێرا بێت خۆی بچێت لەبەر ئەو قەیران وکێشە ئەمنیانەی لە لوبنان هەیە.

هەر وەها لوبنان وڵاتێکی زۆرینە مەسێحیە، ماکرۆن لەوێ لە لایەن زۆرینەوە پێشوازی لێ کرا ودەپارێزرێت، تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی کەمینەیەکی تورکمان وسوونەوە شوینی خۆی بکاتەوە لە لوبنان، سوونەکانیش لەوێ سێهەم پێکهاتەن وهەر وەها لەبەر هەژموونی چەن ساڵەی ئێران لەوێ، سوونەکان تەواو لاواز کراون. بۆیە وەک زەمینە، لوبنان لەبارترە بۆ فەرەنسا وەک بۆ تورکیا.

ماوەیەکە ململانێ قوورسەکەی فەرەنسا وتورکیا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی دەریایی سپی ناوەڕاستە، کە هەر یەک لە میسر، لیبیا،لوبنان، سووریا، ئیسرائل، تورکیا، قوبرس ویۆنان دەڕواننە سەر ئەو ناوچەیە، کێشەکە لەسەر گازی سروشتی ئەو ناوچەیەیە، کە لە نێوان تورکیا لە لایەک، لەگەڵ قوبرس ویۆنان ومیسر لە لایەکی تر، فەرەنسا پشتگیری یۆنان دەکات، ئیسرائیل تا ئێستا زیاتر بێ دەنگە، بەڵام بەرژەوەندی لەوەدایە بەرەی یۆنان سەرکەوتوو بن.

سووریا ولوبنان لەبەر لاوازیان لە هاوکێشەکەدا ڕۆڵیان کزە، چاوەڕوان دکرێت ڕووسیا لەو هاوکێشەیەدا رۆڵی سووریا ببینێت وفەرەنساش رۆڵی لوبنان. لەو ناوچەیەدا هیچ وڵاتێک هاوپەیمانی تورکیا نییە، مەگەر بەرەی فایز سەراج، ئەویش تەنها بەشێکی لیبیایی بە دەستە. فەرەنسا لەو هاوکێشەیەدا یەکێتی ئەوروپا پشتگیری دەکەن، چونکە یەکێتی ئەوروپا دەیانەوێت ئەو گازە لە لایەن یۆنان وقوبرسەوە بفرۆشرێت کە سەر بە یەکێتی ئەوروپان.
 
هاوکات فەرەنسا لە ڕێگەی ڕێکخراوی فرنكوفۆنیەوە کە ڕێکخراوێکی کولتوری فەرەنسیە وئامانجی سیاسی وجیوپۆلەتیکی گەورەی هەیە، لەگەڵ تونس ڕێکەوتنێکی سەرنج ڕاکێشی کردوە، کە ڕێکخراوەکە بە پێی ئەو ڕێکەوتنە پارێزبەندی دبلوماسی (حصانە دبلوماسیە) هەیە، ئەو ڕیکخراوەیە بە نیازە هەمان ڕێکەوتن لەگەڵ لوبنان بکات، لەوانەیە لەگەڵ دەوڵەتانی تریش لە ئایندەیەکی نزیک هەمان جۆر ڕێکەوتن بکات.

ئەمریکا نیگەرانە بەرامبەر هەژموونخوازی فەرەنسا، کشانەوەی بەشێک لە سوپای ئەمریکی لە ئەڵمانیا، پێدەچێت هۆکارێکی ئەوە بێت کە ڕێ لە هەژموونخوازی فەرەنسا بگرێت، چونکە بەشێک لەو سوپا ئەمریکیەیی کە لە ئەڵمانیا کشایەوە، لە وڵاتی ئیتالیا جێگیر دەکرێن، ئەمەش بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لە لیبیا وئەفریقیا، تا رۆڵی زیاتری هەبێت لە هاوکێشەکان وفەرەنسا نەبێتە هێزی یەکەمی ئەو ناوچەیە.

لە لایەکی ترەوە، ماوەی پێشوو پەرلەمانی تونس ویستی متمانە لە راشد غەنووشی سەرۆک پەرلەمانی تونس بسەنێتەوە، فەرەنسا ومیسر وئیمارات وسعودیە پشتگیری ئەوەیان دەکرد، گوایە ئیمارات پارەیەکی زۆریشی داوە بە ئەندام پەرلەمانەکانی تونس، بەڵام دەرکردنی غەنووشی دەنگی پێویستی نەهێنا، زۆرێک پێیانوابوو کە ئەوە سەرکەوتنی بەرەی تورکیا وقەتەر وئیخوانیەکانە، بەڵام لە ڕاستیدا پەیوەندی بە کێبرکێیەکی شاراوەی ئەمریکاو فەرەنساوە هەبوو، کۆمەڵێک ئەندام پەرلەمانی تونس، کە دژە ئیخوانی وئیسلامیەکانیشن، بەڵام بەرەی ئەمریکان، ئەو گرووپە بەشدار نەبوون لە دەنگدان بە لێسەندنەوەی متمانە لە غەنووشی، لە کاتێکدا دژی ئیخوانیەکانیشن، بەڵام گوایە ئەمریکا پێی وتون بەشدار مەبن، ئەگەر ئەوانە بەشدار بوونایە، ئەوا ئەگەر زیاتر دەبوو غەنووشی دەربکرایە لە سەرۆکایەتی پەرلەمان. ئەمەش نیگەرانیەکی ئەمریکا پێشاندەدات بەرامبەر هەنگاوەکانی فەرەنسا، هەر وەها پەیامێکە بۆ هەردوو بەرەکە، کە ئەمریکا لە دەرەوەی ئێوە، رۆڵی یەک لاکەرەوە دەبینێت لە تونس و ناوچەکە.

جگە لەو ناوچانەی باسکرا، تورکیا وفەرەنسا بە هۆی کێشەی نێوان ئەرمینیا وئازەربیجان، دەکرێت کێشەکانیان لە ناوچەی قەوقاز قووڵتر بێتەوە. تا سەقامگیری دەوڵەتان تێکبچێت وسەروەری وڵاتان کەم بێتەوە لە ئەفریقیا وناوچەکانی تر، ئەوا ململانێی فەرەنسا وتورکیا زیاتر دەبێت، بۆ نموونە لیبیا لەبەر ئەوەی سەروەری وسەقامگیری نەماوە لەوێ ململانێ زۆر زیاترە بە براورد بە وڵاتێکی وەک میسر وجەزائیر، لە کاتێکدا ئەو تایبەتمەندیە جیوپۆلەتیکەیی لیبیا هەیەتی، زۆر نزیکە لەوەی میسر و جەزائیر... بەڵام سەروەری وسەقامگیری لەو دوو وڵاتە جارێ، زۆر باشتر وزیاترە لە هی لیبیا. 

فەرەنسا وتورکیا تا دێت پانتایی ململانێکانیان فراوانتر دەبێت، ئەمەش کار دەکاتە سەر کۆی ململانێکانی جیهان، چونکە ئەو ناوچانەی تورکیا وفەرەنسا کێبرکێی لەسەر دەکەن تا هەژموونی خۆیانی تیا بسەپێنن، بە تەنیا نین، بۆ نموونە چین لەو وڵاتانەیە پلانێکی گەورەی هەیە بۆ سەپاندنی هەژموون لە ئەفریقیا، بەریتانیا وئیتالیا وئیسپانیاش لەوانەیە تەماشاکەر نەبن لەو هاوکێشانەدا، چونکە هەر یەک لەو سێ وڵاتەش، هەژموونیان هەبووە وهەیە لەو ناوچانەی کە تورکیاو فەرەنسا هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دەدەن، ڕووسیا کە لە سووریایە، بە ئاسانی لوبنان بەجێ ناهێڵێت بۆ فەرەنسا یا تورکیا، جگە لەوەی، لە سەرووی هەموویانەوە، ئەمریکا خۆی بە سەرۆکی جیهان دەزانێت وتەماشاکەر نییە وناشبێت بۆ ئەو هەموو گەمە جیوپۆلەتیکیە. 

ئەوەی بۆ ئێمەی کورد گرنگە، یاری کردنە لەو بۆشاییانەی کە ئەو ململانێیانە درووستی دەکەن، قۆستنەوەی ئەو هەلانەیە کە ئەو هاوکێشانە دەیبەخشن، بۆ نموونە ئێستا کاتێکی گونجاوە کوردانی باکوور ورۆژئاوا وپەکەکە وهەسەدە، هاوکاری زیاتر وەربگرن لە بەرەی فەرەنسا-ئیمارات-سعودیە-میسر بۆ بەهێزکردنی خۆیان بەرامبەر بە تورکیا، دەکرێت پەکەکە لە ڕیگەی فەرەنساوە، ناوی خۆی لە لیستی تیرۆری ئەوروپا دەربکات، پاشان لە ڕێگەی یەکێتی ئەوروپاوە ئەو داوایە ئاڕاستە ئەمریکاش بکرێت، ئەوەش دەبێتە لێدانێکی بەهێز بە ڕووی تورکیا وئۆدۆگان، بەوەش بەرەی دژە تورکیا دەتوانن تورکیا سەرقاڵی کێشەی سنووری خۆی بکەن، دەکرێت بە هاوکاری بەرەی دژە تورکیا، پەکەکە بە ئەندازەیەک بەهێز بێت، چالاگی گەورە دژ بە تورکیا لە باکور وناو تورکیا ئەنجامبدات.

لەو کاتەدا باشوری کوردستانیش دەتوانێت داوای دەرکردنی بارەگاو بنکە سەربازییەکانی تورکیا وپەکەکەش بە یەکەوە بکات. ئەوەی گرنگە کورد دەبێت هەمیشە خواستی ئەوە بێت کە ئەو چوار دەوڵەتە داگیرکەرەی کوردستان بەردەوام لە قەیران وکێشەی گەورە بن تا دەشکرێت هەوڵی ئەوە بدات قەیران وکێشەکانی ئەو چوار دەوڵەتە قووڵتر وئاڵۆزتر بکات.

فەرەنسا بەشداربوویەکی سەرەکی هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی عوسمانی بوو، ئایا دەکرێت ئەمجارەش هەوڵە عوسمانیەکانی ئۆردۆگان هەڵبوەشێنێتەوە؟ ئەوە ئایندە پێمان دەڵێت. بە پێی پێدراوەکانی ئێستا، فەرەنسا کەرەستە ودۆستی زیاترە وزەمینە بۆ سەرکەوتنی فەرەسنا بەسەر تورکیا ڕەخساوترە، بەرژەوەندی ئەمریکا بەوەی کام بەرە سەرکەوتوو بن، رۆڵێکی گرنگ دەبینێت، لەوانەیە مەرجی ئەمریکا بۆ ئەوە، بریتیی بێت لەوەی کام بەرە، دەچێتە پاڵ ئەمریکا دژ بە چین.



ئه‌م بابه‌ته 419 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر