کۆمەڵگا لە نێوان گرووپەکانی فشار و حزبە سیاسییەکاندا

پێشدەستی و دەروازە…گر‬ووپەکانی فشار، کە ڕێکخراوی نوێ و هاوچەرخن، لەباری سەرهەڵدان و دەرکەوتنیانەوە، ئەمریکا بە تایبەتی و وڵاتانی ئەوڕوپا و ڕۆژئاوا بەگشتی، ئەو کێڵگە و زەمینە سیاسیانەن، کە تیایاندا سەریان هەڵداوە و گۆڕەپانی فراوانی چالاکییەکانی ئەم گرووپانە بوونە.
PM:03:06:14/08/2020
دۆسیە: ئاسایشی نەتەوەیی
مەبەستمان لەمە گرووپەکانی فشارە، نەک کۆمەڵە و گردبوونەوە ئاساییەکان

نووری بێخاڵی
نوسەر و توێژەر




ڕەگی قووڵی مێژووییان هەیە و لەگەڵ دەرکەوتنی گرووپە مرۆییە سەرەتایی و دێرینەکانەوە دەرکەوتوون و تەنانەت وەک هێزگەلی سیاسی، بەڵام جیاواز لەو گرووپە هاوچەرخانەی باسمان کردن و مەبەستی ئەم نووسینەن، ڕۆڵیان لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی مرۆڤایەتیدا بینیوە. 

ئەمەش لەو ڕوانگەیەی کە گرووپی زۆر تایبەت و سنووردار بوونە و تەنیا بەرژەوەندیی ئابووری و داراییان، یان لە هەندێ حاڵەتدا بەرژەوەندیی خێزانییان بە ئامانج گرتووە.

لەم ڕووەوە (ڕۆلان مۆسینێ)، کە وەک لێکۆڵەرێکی دیاری ئەم بوارە، لێکۆینەوە و بەدواداچوونی بۆ شارستانیێتەکانی هەردوو سەدەی ١٧ و ١٨ کردووە، ئاماژە بە گرنگیی ئەو ڕۆڵە دەدات، کە پیاوە خاوەن کار و سەرمایەدارە گەورەکان لە ئیتاڵیا و ئەڵمانیا بینیویانە.

لەو نێوەشدا نموونە بە خێزانی (فۆگەر) لە (ئێکسبۆرگ) دێنێتەوە، کە بە هۆی ئەو دەسەڵاتە ئابووری و داراییەی هەیبووە و بەسەر خێزان و پادشا حوکمڕانەکاندا تەخشانی کردووە، هەروەها لە میانی هاوسەرگیریکردنیان لەگەڵ خێزانە پادشایەتییەکانی هەنگاریا لە ساڵی 1515، توانیان هەڵبژاردن و دیاریکردن و دانانی شاڕلی پێنجەم وەک ئیمپراتۆر لە ساڵی 1519 دا بسەپێنن.

وەک چۆن لەباری داراییەوە پشتگیریی کورسیی پەیامبەری کرد و مافی وەرگرتنی باج و سەرانەی پاپایەتی لە زۆربەی وڵاتە ئەوڕپییەکان پێ بەخشی.

هاوكات ئیمپراتۆریەتی ماکسیمیلیان لە ئیتاڵیا وەبەرهێنانی لە کانەکانی زیو و مسدا، کە هی خۆی بوون، لەگەڵ مافی کۆکردنەوەی باجی داهاتی تاجی شاهانەی لە ئیسپانیا، بەو خێزانە دا.

ئەمەش ڕاستیی ڕۆڵ و کاریگەری و ئەو کارانەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە خێزانی ناوبراو (فۆگەر) لە مێژووی ئەوڕوپادا بینیویەتی و هەیبووە و ئەنجامی داون.

هاوکات ئەمە نموونەیەکە لەسەر ئەوەی، کە گرووپەکانی فشار بەلەبەر چاوگرتنی چین و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکەیان و ئەو بەرژەوەندییانەی نوێنەرایەتیان دەکەن، بە تەنیا ڕەنگ و جۆرێکەوە دەرناکەون، بەڵکو لە دەرکەوتن و بوون و کاریگەرییان، هەروەها لە بەردەوامبوون و ئامانجەکانیان، لەگەڵ ڕێگا و شێواز و ئامرازەکانی کارکردنیان جیاوازن. 
*****

‪گرووپەکانی فشار کێن



ڕەهەندێکی گرنگ و هەستیاریی ناو کایەی سیاسی هەر دەوڵەتێک لەم سەردەمەماندا، کۆمەڵە و گرووپەکانی فشارن، بۆ ناسینەوەی ئەدگارەکانی ئەم گرووپانە و ئەو بنەمایانەی لەسەری دامەزراون، هەروەها لەگەڵ چیەتیی ئەو گرووپانە و ناوەڕۆک و ئەرک و ئامانجەکانیان، پێویست دەکات لە چەند لایەکەوە دەرگا بەسەر بابەتەکەدا بکەینەوە.

بۆ ناسینەوەی چییەتیی گرووپەکانی فشاریش دەبێ لە دەریچەی جیاوازەوە بۆیان بچین و جەخت لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ و جەوهەری بکەینەوە (پێناسەی چەمکەکە، جۆر و فۆڕمەکانی، جیاوازییەکانی لەگەڵ حزبەکان، خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی، ئامراز و ئەلتەرنەتیڤەکانی کارکردنی و……). بۆیە بەر لەهەر شت پێویستە لە ناساندنی چەمکەکەوە دەست پێ بگەین، بۆ ئەوەی بیکەینە دەروازە و بناغەیەک بۆ قسەکردن لەسەر کۆی رەهەندەکانی دیکەی بابەتەکە.

بە گوێرەی پێناسەی ئینسکلۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیا، گرووپەکانی فشار بریتیین لە: کۆمەڵە و گرووپە ناسراوەکانی پشتیووانی، یان ئەوەی کە کۆمەڵەکانی (فشار، لۆبی، کۆمەڵەکانی هەڵمەتەکان، کۆمەڵەکانی بەرژەوەندییەکان، یان گرنگیپێدانە تایبەتییەکان)یشیان پێ دەگوترێت.

ئەو گرووپانەن کە شێوازی جیاواز بەکار دێنن بۆبەدەستهێنانی پشتیووانیی ڕای گشتی گرووپگەلێکن تا ئیستاش ڕۆڵێکی گرنگ لە پرۆسەی گەشەپێدانی سیستەمە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا دەبینن، ئەو گرووپانە لەباری قەبارە و کاریگەریی و پاڵنەرەکانیانەوە جیاوازن، هەندێکیان ژمارەیەک ئامانجی کۆمەڵایەتیی درێژخایەنیان هەیە، هەندێکی دیکەیشیان تایبەتن، یان وەک پەرچەکردارێکی کێشەیەک، یاخود پرسێکی هەنووکەیی دروست بوونە. وێدەچێ پاڵنەرەکانی کارکردنیان لە هەندێ حاڵەتدا پشت بە هەڵوێستێکی هاوبەشی سیاسی، یان فیکری، یان مۆڕالی، یاخود بازرگانی  ببەستێت. 

هەرچی فەرهەنگی چەمکە سیاسییەکانە، ئاوا پێناسەی گرووپەکانی فشار دەکات:  ژمارەیەکی زۆر و گەورەی کۆمەڵە، یان گرووپ، یاخود کۆمپانیان کە لەپێناو بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان و بەرژەوەندیی ئەندامەکانیاندا، یان ئەو بەها و پرەنسیپانەی باوەڕیان پێیان هەیە، هەروەها بۆ کاریگەریکردنە سەر کاری حکوومی و پەرلەمانی، پەنا بۆ ئامراز و شێوازی حیاوازیی فشار دەبەن.

جان مینۆ، کە یەکێکە لەو لیکۆڵەرانەی بایەخێکی زۆر و تایبەتی بەم پرسە داوە، لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوونیشانی (گرووپەکانی فشار)، ئاماژە بەوە دەکات، کە گرووپەکانی بەرژەوەندیی بەو شێوەیەی فشارێکی ڕێکخراو بکەن، لەدایک نابن، تا ئەو کاتەی هەندێ بەرپرس و کاربەدەست لەپێناو بەدیهێنانی ئامانج و بەرژەوەندییەکانیاندا، هەوڵی کاریگەریی خستنەسەر و کارتێکردنی دامەزراوەی حکوومی دەدن.

نووسەر و لێکۆڵەرێکی سیاسیی دیکە، دەربارەی گرووپەکانی فشار جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە کۆمەڵە کەسێکن، کۆمەڵێ پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی تایبەت بەیەکەوە دەیانبەستێتەوە، پەیوەندیگەلێکی بارگاوی بە خەسڵەتی هەمیشەیی، یان کاتی، کە فۆڕم و جۆرێکی دیاریکراوی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی بەسەر ئەندامانیدا دەسەپێنێت. دەشێ لەسەر بنەمای هەبوونی ئامانجێکی هاوبەش، یان بەرژەوەندیێکی هاوبەش لەنێوانیاندا لە یەکتری کۆببنەوە و بەو ئامراز و شێوازانەی لەبەر دەستیان دان، بەرگریی لەو ئامانج و بەرژەوەندییە هاوبەشەیان بکەن (صادق الاسود، الرأی العام ظاهرە اجتماعیە وقوە سیاسیە).

بە کورتی، جیاوازیێکی ئەوتۆی شایانی باس لە پەیوەست بە پێناسەی گرووپەکانی فشاردا نییە. بە جۆرێک لە جۆرەکان هەموو پێناسەکانی بە جیاوازیی سەرچاوەی فیکری و سیاسی و تەنانەت سۆسیۆ - ئیکۆنۆمییەکانیشیانەوە، لەسەر ئەوە کۆکن، کە گرووپەکانی فشار بریتین لە، کۆمەڵێک گرووپی بەرژەوەندییەکان، کە هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجێکی دیاریکراو دەدەن، ئامانجگەلێک کە گرێدراوی بەرژەوەندییە سیاسییەکانن، بەڵام هیچ کام لەم ئامانجانەیان، هەوڵدان نییە بۆ گەیشتنە دەسەڵات. بۆیەش بە گرووپەکانی فشار ناوبردراون، چونکە لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانیاندا فشاری هەمەجۆر لەسەر دەسەڵات دەکەن. 
*****

ماهیەت و ناوەڕۆکی گرووپەکانی فشار



ئەم ناساندنەی پێشەوەی گرووپەکانی فشار، دەرگای پرسیارگەلی گرنگمان لە پەیوەست بە ماهیەتی ئەم گرووپانە لێ دەکاتەوە، کە بەبێ وەڵامدانەوەیان، ناتوانین ئاوا بە ئاسانی لە چییەتیی گرووپەکانی فشار بگەین و ئەدگار و خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانیان بناسینەوە، پرسیاری ئەوەی، چەند جۆر گرووپی فشارمان هەن و لەسەر چ بنەما و بە چ پێوەرێک پۆلێن و دابەش دەبن؟ جیاوازیی ئەو گرووپانە لەگەڵ ڕێکخستن و حزبە سیاسییەکاندا چییە؟ تایبەتمەندیی و خەسڵەتە جیاکەرەوەکانی نێوان ئەم گرووپە جیاوازانە چین؟ ئەم گرووپانە لە کار و خەبات و چالاکییەکانیاندا پشت بە چ میکانیزم و ئامراز و شێوازێک دەبەستن؟ ئەو ڕۆڵ و ئەرکانە چین، کە گرووپەکانی فشار لەسەر ئاستی سیایدا دەیگێڕن؟ ئەو هۆکار و هەلومەرجانە کامانەن، کە ئەرک و کارایی ئەم گرووپانە دەستنیشان و سنووردار دەکەن؟ ئەمانەو زۆر پرسیاری دیکەش.

دیارە بەبێ ناسینی جۆر و فۆڕمی گرووپەکان و ئەو ئامانجانەی هەیانە، ئاسان نییە هەروا لە ڕێکخراوە سیاسییەکان، یان وردتر بڵێین لە حزبەکان جیایان بکەینەوە، بۆیە بۆ بەرچاوڕوونی زیاتری خوێنەر، ئەگەر بە خێراییش بێت، ئاماژە بە دابەشبوون و پۆلێنی ئەو گرووپانە دەکەین، کە بەرمەبنای چەندین پێوەر و بنەمای جیاواز، کە سەرچاوە لە جیاوازیی ئامانجەکانیان و شێوازەکانی خەبات و ئامرازەکانی فشارکردنیانەوە دەگرێت، دابەشی سەر چەند جۆرێک دەبن. 

هەندێک شارەزا ئەم گرووپانە بە گرووپی نا سیاسی ناو دەبەن (حافض علوان حمادی الدلیمی - المدخل إلی علم السیاسە)، بەو پێیەی گرووپگەلێکن، کە چالاکییەکانیان تەواوی لایەن و کایەکانی ژیانی مرۆیی لە خۆ دەگرن (ئابووری، سیاسی، ڕۆشنبیری و پیشەیی). وەک چۆن دەشێ هەندێک جار وەک گرووپێکی سیاسیش تێیان بڕوانین، ئەمەش لەو ڕوانگەیەی، کە لە هەندێ کاتدا هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجگەلێکی سیاسیش دەدەن. بۆ نموونە، لۆبیی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوەکان لە وڵاتاندا، کە ڕەنگە نزیکترین و بەرجەستەترینی نموونەکانیش لۆبیی ئیسرائیلی بێت. 

بە تەنیشت ئەم ناونانەیانەوە، هەندێکی دیکە بە کۆمەڵە و گرووپی نافەرمی ناویان دەبەن (قحطان أحمد سلیمان القحطانی - اڵاساس فی العلوم السیاسیە). بە گوێرەی ئەو ئەرگۆمێنتانەی دەیخاتەڕوو، بە پێی ئەم بۆچوونە بێت، دەشێ بەشێک لەو گرووپانەی فشار نافەرمی بن، بەڵام مۆڵەتی کارکردنیان لە دەسەڵاتە فەرمییەکانی وڵاتەوە وەرگرتبێت (کۆمەڵەکانی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ، سەندیکاکان)، هاوکات دەشێت گرووپی حکوومی و فەرمیش بن و لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجێکی دیاریکراو دامەزرابن (گرووپ و کۆمەڵەکانی هاوڕێیەتی و دۆستایەتیی گەلان - ئەو فۆڕمەی کە لە وڵاتە سۆسیالیستییەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و ئەوڕوپای ڕۆژهەڵات، هەروەها لە سیستەمە بیرۆکراتییە سەربازییەکان، ئەوانەی ڕاستەوخۆ سەر بە دەسەڵات بوون، باو بوون). 

بە شێوەیەکی گشتی، بۆ ناسینی جۆری گرووپەکانی فشار، دەتوانین پەنا بۆ دوو قوتابخانە، یان دوو تێروانین، یاخود دوو جۆر لە پۆلێنبەندیی ئەم گرووپانە ببەین (ئەلمۆند و مینۆ)، کە کەم و زۆر، دوور و نزیک، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، زیاتر لەیەکترییەوە نزیکن، تا دوور و ناکۆک.

بە گوێرەی پۆلێنبەندی و دابەشکارییەکەی (گابرێل ئەلمۆند)، کە بۆ گرووپەکانی فشاری کردووە، ئەو گرووپانە دەبنە چوار بەش، یاخود چوار جۆر، کە بریتین لە:

١- گرووپەکانی هاوبەندیی و یەکانگیری بەرژەوەندی، کە جۆرە هەرە باوەکەی ئەو گرووپانەن، ئەوانەن کە لە بنەڕەتدا تەنیا گوزارشت لە بەرژەوەندیی ئەندامەکانیان        دەکەن. 

٢- گرووپەکانی بەرژەوەندیی ناهاوبەند و نایەکانگیر، ئەوانەن کە لەسەر بنەمای دابەشبوونی جوگرافی، چینایەتی، ئایینی، زمانەوانی، فیکری و پیشەییدا دامەزراون.

٣- گرووپەکانی بەرژەوەندیی دامەزراوەیی، ئەم گرووپانە زیاتر سروشتێکی فەرمی و حکوومیان بەسەرەوەیە. بۆ نموونە، بیرۆکراسیەتی مەدەنی و سەربازیی، بەڵام        ئەوانەی کار لە چوارچێوەی ئەو گرووپانەدا دەکەن، دواجار دەبنە گرووپێکی خاوەن بەرژەوەندیی هاوبەش، بەتایبەتی کاتێک دەیانەوێ، یان هەوڵ دەدەن لەپێناو          بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان کاریگەریی بخەنە سەر خاوەن بڕیار و دەسەڵاتەکان.

٤- گرووپی بەرژەوەندیی پۆپۆلیستی، ئەوانەن کە پشت بە خۆپیشاندان و مانگرتن و کاری ئاژاوەگێڕی دەبەستن و هیچ بناغە و بنەمایەکی ڕێکخستن و ڕێکخراویان نییە. یەکێکیش لە ڕووخسار و ئەدگارە هەرە دیارەکانی چالاکییەکانی ئەم جۆرە لە گرووپەکانی فشار، هەڕەمەکی و توندوتیژییە.

جیاواز لەوەی (ئەلمۆند)، پۆلێن و دابەشکارییەکەی (جان مینۆ)یە بۆ گرووپەکانی فشار، کە بۆتە بناغە و بنەڕەت بۆ زۆر لێکۆڵینەوەی دیکە لەم بوارەوە. بەو پێیەی (مینۆ) بەرمەبنای چەندین پێوەر و بنەما، ورد و هەمەلایەنتر، بە لەبەرچاوگرتنی چەندین ڕەهەند لە پەیوەست بە ئامانج، سروشتی پێکهاتە، شێوازەکانی کار، ئامرازەکانی خەبات و ئەو ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی تێیدا سەرهەڵ دەدەن، قسەی لەسەر چییەتی و ماهیەتی گرووپەکانی فشار کردووە.

بنەما و پێوەرەکانی پۆلینەکە پەیوەستن بە سروشتی هەریەک لەو گرووپانە و ئەو ئامانجانەی لەپێناو بەدیهێنانیدا خەباتی بۆ دەکەن، کە دەکرێ بەم جۆرە کورت و پوختیان بکەینەوە:

١- ڕێکخراوە پیشەییەکان، کە ئامانجە سەرەکییەکەیان تێکۆشانە لەپێناو دەستگەیشتن بە سوود و قازانجی دارایی بۆ ئەندامەکانیان، یان پاراستنی ئەو دەسکەوتانەی لە          میانی ئەو تێکۆشانەیاندا بەدەستیان هێناون. لەم ڕووەوە دەکرێ ئاماژە بە یەکێتی و سەندیکاکانی کرێکاران و خاوەن کارەکان بدەین.

٢-  گرووپ و گردبوونەوە خاوەن مەیلە ئایدیۆلۆژییەکان، ئەوانەن کە هەوڵی پاراستن و پشتیووانیکردنی بەرژەوەندیێکی دیاریکراو دەکەن، ئەمیش لە میانی دەربڕین و نواندنی هەڵوێستی فیکری و مۆڕالی. لەنێو ئەو گرووپانەدا دەکرێ ئاماژە بە گردبوونەوە ئایینی و نائایینییەکان، گرووپە ئازادیخوازییەکان، کۆمەڵە نیشتمانی و نەتەوەیی و جیهانییەکان، هەروەها ئەو گرووپ و کۆمەڵانەی کە بانگەشەی پاراستنی ژینگە و مافەکانی مرۆڤ دەکەن (محمد فایز عید السعید: قضایا علم السیاسە العام).

هەر پەیوەست بەم باسە و لەبەر ڕۆشنایی ئەو پێوەر و بنەما و بەهایانەی، کە (مینۆ) لە پۆلێنکردنی گرووپەکاندا پشتی پێ بەستوون، دەتوانین بە شێوەیەکی فراوان و هەمەلایەن و گشتگیرتر، گرووپەکانی فشار بەسەر چەند جۆرێکدا پۆلین و دابەش بکەین:

یەکەم: بەگوێرەی پێگەی کولتووری و ڕۆشنبیریی گرووپەکان، مەبەست لێیان ئەو گرووپ و کۆمەڵانەن، کە دامەزراوەیی وخاوەنی پێگەیەکی یاسایین و قەوارە وئامانج و چالاکیی تایبەت بە خۆیان هەیە. گرووپگەلێک کە ئاستێکی دیاریکراوی ڕێکخراوەییان لە ناوەوەی خۆیان و لە پەیوەند بە دەرەوەی خۆیان و هێزەکانی ترەوە هەیە، بە جۆرێک کە سروشتی ئەم ڕێکخراوەیی و دامەزراوەییە، زامنی بەردەوامیی و مانەوەیانە.

دووەم: بەگوێرەی پەیوەندیی گرووپەکان بە دەوڵەتەوە، ئەمانەش دەبنە دوو جۆر. یەکێکیان کۆمەڵە تایبەتەکانی دەرەوەی کارگێڕین، دووەمیشیان گرووپە گشتییەکانی ناو کارگێڕین. بەو پێیەی گرووپی یەکەم لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت دان، پێویستیان بە دەستنیشانکردن نییە، بەڵام هەرچی کۆمەڵەکانی دووەمن، کە گشتین و لە چوارچێوەی دەوڵەت دان، ئەوانیش دەبنە دوو بەش:

ا- کۆمەڵە سڤیلەکان، مەبەست لێیان هەر فەرمانگە و دامەزراوەیەکە، کە بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتی لەناو چوارچێوەی دەوڵەتدا، کار بۆ بەرگریکردن لە ماف و  بەرژوەندییەکانی فەرمانبەرەکانی دەکەن.

ب- گرووپە سەربازییەکان، سەرەڕای ئەوەی کە لەناو زۆرینەی سیستەمە سیاسییەکاندا سوپا پاشکۆی دەسەڵاتی مەدەنییە، بەڵام بە حوکمی سروشت و پێکهات و ئامانجە بۆ دیاریکراوەکانی لە میانی کاردا، دامەزراوەی سەربازیی کردۆتە دامەزراوەیەکی خاوەن خەسڵەت و تایبەتمەندی، کە لە تەواوی دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەت جیای دەکاتەوە.

ئەمەش پەیوەندیی بەو ڕۆڵ و پێگەیەوە هەیە، کە دامەزراوەی سەربازیی لە سیاسەتی دەوڵەتدا ڕای خۆی هەیە و هەوڵی فشارخستنە سەر دەسەڵاتی گشتی دەدات، کە بە هەندی وەربگرێت، بە ڕاگرتنی هاوسەنگیی نێوان دامەزراوە مەدەنییەکان و دامەزراوەی سەربازیشەوە، چونکە لە ئەگەری هەر کەموکوڕی و خەوشێک لەو هاوسەنگییەدا، ئەوا دوور نییە بوار بداتە دامەزراوەی سەربازیی، کە سنووری خۆی تێپەڕێنێت، لەوەی وەک تەنیا دامەزراوەیەک، کە فشار بخاتە سەر دەسەڵات، ئەوا خودی خۆی ببێتە هێزێکی سیاسی و لە ڕێگای یاخیبوونەوە، یان لە ڕێگای کودەتاوە، دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت.

سێیەم: بەگوێرەی سروشتی بەرژەوەندیی گرووپەکان، کە ئەمەیشیان دەبنە سێ گرووپ:

ا- کۆمەڵی بەرژەوەندییە داراییەکان، ئەم جۆرە لە گرووپ و کۆمەڵەکان، لەناو کۆمەڵگا نوێ و هاوچەرخەکاندا زۆر و زەوەندن، ئەمەش بە هۆی جیاوازیی دۆخە ئابوورییەکان، بە جۆرێک کە ڕەنگدانەوەی ژێرخانی کۆمەڵایەتی - ئابووریی ئەو کۆمەڵگایەیەن، کە خەباتی تیادا دەکەن و هەوڵی فشارخستنە سەر دەسەڵات دەدەن. ئیتر چ وەک یەکە و کۆمەڵەیەکی سەربەخۆ، یان بە یەکگرتن و هاوپەیمانیی لەگەڵ هێزێکی سیاسیی دیاریکراو، بەو پێیەی ڕەنگە بە تەنیا نەتوانرێت کاریگەریێکی ئەوتۆیان لەسەر دەسەڵات هەبێت.

ب- گرووپەکانی فشاری مەعنەوی، یان ئەوەی پێیان دەگوترێ " گرووپی فیکرەکان”، کە ئەمەش لە دونیادا نموونەیان زۆر زۆرە، لەوانە (کۆمەڵەکانی مافەکانی مرۆڤ، کۆمەڵەکانی پشتیوانیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمەڵەکانی نەهێشتنی ڕەگەزپەرستی)، هەروەها یانە و کۆڕبەندەکان (یانەی جان مۆلان لە فەڕەنسا، وەک نموونە)، ئەمەو سەرەڕای ئەو کۆمەڵە و گرووپە ئایینییانەی، کە پێگەیەکی دیار و بەرچاویان لەناو کۆمەڵگادا هەیە، ئیتر ئیسلامی بن، یان مەسیحی، یاخود جوو.ئەو گرووپە ئایینییانە دەتوانن ببنە گرووپی فشاری کارا و کاریگەر. بەتایبەتی کە پێگەیشتنی ئایینی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا ڕۆڵ لە ئامادەکردنی خودێکدا دەبینن، تا بکەوێتە ژێر کاریگەرییانەوە.

چوارەم: بەگوێرەی ڕێکخستن و دیسپلین، ئەم گرووپانە دەبنە دوو بەش، بەم شێوەیەی خوارەوە:

ا- گرووپی کەنارەکان، ئەم گرووپانە بە کەمیی ژمارەی ئەندامەکانیان دەناسرێنەوە، چونکە لایەنی چۆنێتی و ڕەهەندی کارایی و کوالێتیی ئەندامەکانیان بەلایانەوە گرنگە، نەک زۆری و بۆری و چەندێتی. نموونەی ئەمانەش بریتین لە سەندیکاکانی خاوەن کارەکان لە بواری پیشەسازی و بانکەکاندا.

ب- گرووپەکانی جەماوەر، ڕێک پێچەوانەی گرووپی یەکەم، ئەمانە بە زۆریی ژمارەی ئەندامانیان دەناسرێنەوە، ئەمەش بە ئامانجی زیاترکردنی قورسایی فشار و هێزەکەیان لە بەرانبەر ڕکابەرە پیشەییەکان، یان لە بەرانبەر دەسەڵاتدا.

نموونەی ئەم گرووپانەش بریتین لە سەندیکاکانی کرێکاران، کۆمەڵە جووتیارییەکان، یەکێتییەکانی ژنان و قوتابیان و لاوان. بۆیە پێچەوانەی گرووپی یەکەم، ئەم گرووپە و کۆمەڵانە پێویستییان بە ئاستێکی بەرزی ڕێکخستن و دیسپلینی ڕێکخراوەیی هەیە.

بەهەرحاڵ، بە ئاوێتەکردنی هەردوو پۆلێنبەندییەکەی (ئەلمۆند و مینۆ) و چرکردنەوەیان، ئەوا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی، کە گرووپەکانی فشار دەبنە چەند بەشێک، یان چەند جۆرێک، لەوانە:

١- گرووپەکانی خاوەن بەرژەوەندییە سیاسییەکان، ئەوانەن ئامانجی ڕووتی سیاسییان هەیە و زیاتر بە (لۆبی) ناو دەبردرێن، کە تا ئێستا دیارترینیان (لۆبی جووە).

٢- گرووپەکانی خاوەن بەرژەوەندییە نیمچە سیاسییەکان، ئەوانەن لەیەک کاتدا ئامانج و بەرژەوەندیی سیاسی و ئابوورییان هەیە (سەندیکاکانی کرێکاران، یەکێتییەکانی خاوەن کارەکان).

٣- گرووپەکانی خاوەن بەرژەوەندییە مرۆیی، یان خێرخوازییەکان، ئەوانەی ئەو چالاکییانە ئەنجام دەدەن، کە تایبەتن بە دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ، چادوێریکردنی منداڵان و کۆمەڵەکانی بەدەنگەوەچوونی ئاژەڵان و ژینگەپارێزی.

٤- گرووپەکانی خاوەن بەرژەوەندییە پیشەییەکان، ئەوانەی بە پلەی یەکەم، کار و چالاکییەکانیان لەسەر بەدیهێنانی ئامانجە پیشەییەکانی کەرتێکی دیاریکراو، یان پیشەگەریێکی تایبەت چڕ دەکەنەوە.
*****

جیاوازیی گرووپی فشار لەگەڵ حزبی سیاسی چییە



ئێستا کە جۆرەکانی ئەم گرووپانەمان ناسین، دەتوانین بپەڕژێینە سەر وەڵامدانەوەی پرسیاری ئەوەی، کە چ شتێک گرووپەکانی فشار و حزبە سیاسییەکان لە یەکتری 
جیا دەکاتەوە؟وێڕای جیاوازیی تێڕوانینی ئایدیۆلۆژی و پاشخانی سیاسی و ئینتمای نەتەوەیی و ئایینی، کۆمەڵێک بەرژەوەندیی هاوبەش، ئەو کۆمەڵە کەسە بەیەکەوە دەبەستنەوە، کەئامانجیان گەیشتنە دەسەڵات و دەست بەسەرداگرتنی نییە (ئەمە خاڵێکی جیاکەرەوەی نێوان گرووپەکانی فشار و حزبە سیاسییەکانە)، بەڵکو تەنیا ئامانجی سەرەکی و پێشینەی بایەخپێدانەکانیان ئەوەیە، کە کاریگەریی بخەنە سەر بڕیار و سیاسەتەکانی دەسەڵاتی سیاسی، بەو ئاراستەیەی بە قازانجی بەرژەوەندییەکانیان بشکێتەوە.

ڕەنگە بە هۆی فرەیی کۆمەڵگا لە باری پێکهاتە و خەون و خولیا و بەرژەوەندی، ئەم گرووپانەش فرەچەشن و کایەی کارکردن و بواری چالاکی و گرنگیپێدانەکانیشیان هەمەجۆر بن، لەوانەیە گرووپی گشتی و سەرتاسەری بن، بە جۆرێک کە نوێنەرایەتیی پانتایێکی فراوانی جەماوەری بکەن (سەندیکا و کۆمەڵە کۆمەڵایەتی و پیشەییەکان).

وێدەچێ گرووپی تایبەت و سنووردار بن و نوێنەرایەتی کۆمەڵێک کەس بکەن، کە بەرژەوەندیی تایبەت و کەسی بەیەکتریان دەبەستێتەوە. ڕەنگە گرووپگەلی کۆمەڵایەتی بن و بەرگریی لە کۆمەڵە ئامانجێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراو بکەن.

دووریش نییە گرووپی سیاسی بن و بەرژەوەندییەکانیان لە بەرگریکردن لە کۆمەڵە بەرژەوەندیێکی سیاسیی دیاریکراودا بێت (لۆبییەکان). لەوانەیشە گرووپی ئابووری، کولتووری، فەرهەنگی و تەنانەت کارگێڕیش بن، کە هەریەکە و بە گوێرەی پێشینەیی بایەخپێدانەکانی، ئامانجەکانیان لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندیی تایبەتی کارگێڕی، فەرهەنگی، کولتووری و ئابووری کورت بکرێنەوە. 

بەهەرحاڵ، گرووپەکانی فشار لەسەر هەردوو ئاستی ئامانجەکانیان و جۆر و شێوازی پێکهاتەکانیان، لە حزب و ڕێکخستنە سیاسییەکان جیا دەکرێنەوە. بەو پێیەی ئەو گرووپانە لە هەوڵەکانیان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیاندا، کار بۆ بەدیهێنانی ئەو بەرژەوەندییانە دەکەن، کە گرێدراوی سروشت و پێکهاتە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانیانە، بۆ نموونە، سەندیکای کرێکاران بەرگریی لە کاتژمێرەکان و کرێی کار و بیمەی ژیان دەکەن، لەکاتێکدا حزبی سیاسی کە پەنا بۆ دامەزراندنی ئەو سەندیکایانە دەبات، لە بنەڕەتدا ئامانجەکەی ئەوەیە ئۆتۆریتەی جەماوەریی خۆی زیاد و بەرفراوان بکات و بە هۆیانەوە گەمەکانی هەڵبژاردن و ململانێی سیاسی لە ڕکابەرەکانی بباتەوە، بۆ ئەوەی جڵەوی دەسەڵات بگرێتە دەست.

بە مانایەکی دیکە، سەندیکای کرێکاران خەمی کرێکار و ژیان و داهاتووەکەیەتی، کەچی حزب لە پشتی بانگەشەکردن بۆ داکۆکیکردن لەو مافەی کرێکاران، خودی کرێکاران وەک باسکێکی بەهێزی کۆمەڵایەتی، دەکاتە پرد و ڕایەڵەی پەرینەوە بۆ سەر کورسیی دەسەڵات.

بە شێوەیەکی دیکە، دەتوانین بڵێین: گرووپی فشار کۆمەڵە کەسێکن بەرژەوەندیی دیاریکراوی هاوبەشیان هەیە، لەوانەیشە جۆرێک لە ڕێکخستنیشیان هەبێت، بەڵام ئامانجیان گرتنەدەستی دەسەڵات نییە، بەڵکو لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانیان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، هەوڵ دەدەن فشار بخەنە سەر دەسەڵات. بە مانایەکی دیکە، پێوەری سەرەکی بۆ جیاکردنەوەی نێوان حزبە سیاسییەکان و گرووپەکانی بەرژەوەندی ئەوەیە، کە ئامانجی سەرەکی و ڕاستەوخۆی حزبی سیاسی، گەیشتنە دەسەڵات، یان بەشداریکردنە تێیدا، بۆیە هەوڵ دەدات لە ڕێگای بردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمان، بۆ ئەوەی نوێنەری لە ئەنجوومەنەکاندا و کورسیی وەزارەتی هەبێت و دواجاریش بتوانێت دەسەڵات بگرێتە دەست، بەڵام گرووپەکانی فشار و بەرژەوەندی، دوور و نزیک ئامانجێکی وایان نییە. بەو مانایەی کە گرووپەکانی فشار نایانەوێ دەسەڵات بگرنە دەست، وەک ئەوەی ناشیانەوێ بەشداریی لە دەسەڵاتی سیاسیدا بکەن، بەڵکو دەیانەوێ کاریگەریی لەوانە بکەن، کە دەگەنە دەسەڵات و فشاریان بخەنە سەر، بۆ ئەوەی ئامانج و بەرژەوەندییەکانیان بهێننە دی (محمد نصر مهنا: علوم سیاسیە، دراسە فی اڵاصول و النظریات). 

جیاوازیێکی زۆر ڕۆشن و جەوهەریی لە پەیوەست بەو نموونەی سەرەوە لە نێوان گرووپەکانی فشار و حزبی سیاسیدا هێنامانەوە ئەوەیە، حزبی سیاسی کاتێک لە خەونی گەیشتن بە دەسەڵات، یان ڕوونتر بڵێین، کاتێک لە هەڵبژاردن و گەمە دیموکراسییەکانی ناو ململانێی سیاسیدا شکست دەهێنێت، دەبێتە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و سەرلەنوێ بۆ گەڕێکی دیکەی ململانێ و ڕکابەریی گرتنەدەستی دەسەڵات، تێی هەڵدەچێتەوە، لەم نێوەشدا ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بیر دەچێتەوە و ئەرک و ئامانجە سیاسییەکانی دەکاتەوە پێشینەی گرنگی و بایەخ پێدان.

هەرچی گرووپەکانی فشارن، گۆڕینی حکوومەتەکان، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، شکستی ئەم حزب و سەرکەوتنی ئەو حزب لە ماهیەتەکەیان ناگۆڕن، بەڵکو ئەوان لە سای هەموو هەلومەرجێکدا لەسەر داکۆکیکردن لە مافەکانی خۆیان و بەدیهێنانی ئامانجەکانیان بەردەوام دەبن.

شتێک نییە بۆ ئەوان بە مانای شکست لە هاوکێشەی ململانێدا، چونکە هەرکێ لە حکوومەت بێت، شەڕی ئەوان لەسەر چەسپاندنی مافەکان و بەدیهێنانی ئامانج و بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتی و چینایەتی و مرۆییەکانیانە. تەنانەت پێچەوانە و جیاواز لە حزبی سیاسی، کە هەندێکیان تەنیا لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا چالاک و کاران، کەچی گرووپەکانی فشار هەمیشە و لە هەموو شوێنکات و لە سای هەموو بارودۆخەکاندا، گرووپی پڕ وزەی چالاکی و هێزی بەردەوامیی و خاوەنی کاریگەرین، بەتایبەتی ئەگەر ئەو گرووپانە لەنێو خۆیاندا هەماهەنگییان لەنێواندا هەبێت.

بە پێچەوانەی ئەو گرووپ و سەندیکایانەی حزب، کە بۆ شەڕی سیاسی دایاندەمەزرێنێ و جۆرێکن لە ڕێکخستنی حزبی، بەڵام بە بەرگ و دەمامکێکی ترەوە، کە ئەندامی حزب و پشتیووانیی دارایی لە حزبەوە وەردەگرن و لەهەر قۆناغێکی کاری سیاسی و خەباتی خۆیاندا، لەبەر ڕۆشنایی بەرنامە و ئامانجەکانی حزبدا کار دەکەن و هەنگاو دەنێن. بۆ نموونە، کاتێ حزبەکانیان لە دەسەڵاتدان، سروشتی کار و شێوازی خەبات و تەنانەت تۆنی گوتاریشیان زۆر لەو کاتانە جیاوازترە، کە حزبەکانیان لە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی دان. لەگەڵ ئەمەشدا هەندێ جار ئەو گرووپانە و حزبگەلی سیاسی لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجێکی دیاریکراو و لە قۆناغێکی دیاریکراودا، ڕەنگە بچنە ناو هاوپەیمانیێتیێکی کاتیشەوە.

سەرەڕای ئەم جیاوازییانەی نێوانیان، ڕەنگە لە خەسڵەت و خاڵێکدا گرووپەکانی فشار و حزبەکان بگەنەوە یەک، خاڵەکەش ئەوەیە، کە هەردووکیان لە باری ڕێکخستن و ئەندامێتی و کۆمەککردنەوە، هاوشێوەن. لەوانەیشە سروشت و جۆری فشاری هەر دوو لاش بۆسەر حکوومەتەکان، خاڵێکی دیکەی هاوبەشی نێوانیان بێت. کەوابوو سەرەڕای جیاوازییەکانی نێوان گرووپەکانی فشار و حزبەکان، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دوو کەناڵ و سەکۆ و مینەری سەرەکین لە پرۆسەی نوێنەرایەتیکردنی گەلێری و جەماوەریدا، تەنیا ئەوە نەبێت، کە حزبەکان نوێنەرایەتیی ئامانجە سیاسی و دەسەڵاخوازییەکان، گرووپەکانی فشاریش نوێنەرایەتیی خواستە کۆمەڵایەتی و مافە پیشەییەکان دەکەن (حامد ربیع، أبحاث فی النظریە السیاسیە). 

ئەمە بەو مانایە دێت، کە جیاواز لە حزبی سیاسی، ئەرکی سەرەکیی گرووپەکانی فشار بریتی نییە لە ئامادەکردن و پێگەیاندنی سەرکردەی سیاسی، کە نوێنەرایەتیی خەڵک بکات و لە ڕێگایانەوە بگاتە کورسی و ئیمتیازەکانی حوکمڕانی، بەڵکو ئەرکی سەرەکیی ئەو گرووپانە، کۆکردنەوەی خاوەن بەرژەوەندییە هاوبەشەکان (گرووپ) و داکۆکیکردنە لە داخوازیی و مافەکانیان لە بەرامبەر دەسەڵاتدا و فشارخستنە سەری بۆ ئەوەی بەدەنگ داخوازیی ئەو گرووپانەوە بێت و جێبەجێیان بکات.

لەم ڕووەوە یەکێک لە ئەرک و چالاکییە دیارەکانی گرووپەکانی فشار، ئامادە و تەیارکردنی کەرت و کایە کۆمەڵایەتی و پیشەییە جیاوازە خاوەن بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ناو کۆمەڵگایە، بە مەبەستی ئاراستەکردنیان بۆ پشتگیری و کۆمەککردنی دەسەڵات لە ئەگەری بەدەنگەوەچوونی داخوازییەکانیان، یان بە پێچەوانەوە،هاندان و ئاراستەکردنیان بۆ دژایەتیی و ڕکابەرێتیکردنی و ڕووبەڕووبوونەوەی، لە دۆخێکدا کە دەسەڵات بە پیر داواکانیانەوە نەچێت و پەراوێز و پشتگوێیان بخات (مارسیل بریلو، علم السیاسە). 

خودی جیاوازییەکانی نێوان گرووپەکانی فشار وحزبە سیاسییەکان، کە ڕەنگە لە خستنەڕوویاندا کورتمان نەهێنابێت، بەو پێیەی هەلومەرجە سیاسی و بارودۆخە ئابووری و ژینگە کۆمەڵایەتییەکان لە شوێنکاتێکەوە بۆ یەکێکی تر جیاواز بن، بەڵام زەمینەسازی ئەوەن بتوانین لە میانی بەشێک لەو جیاوازییانەدا، زۆرترین، یان بە لایەنی کەمەوە، بەشێکی زۆری خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی گرووپەکانی فشار بناسینەوە. واتە بەرمەبنای پێناسەی ئەو گرووپانە و ناسینەوەی جیاوازییەکانیان لەگەڵ حزبە سیاسییەکاندا، دەتوانین ئاماژە بە چەند خەسڵەت و تایبەتمەندیێکی گرووپەکانی فشار بکەین، کە پێیان دەناسرێنەوە، لەناویاندا گوزارشتگردن لە بۆچوون و خەون وئامانج و بەرژەوەندیی چەند کەسێک، یان چین، یاخود توێژێک.
*****

سیستەمە سیاسییەکان و پێگەی گرووپەکانی فشار



وەک پێشتر و لە وەڵامی پرسیاری جیاوازیی نێوان گرووپەکانی فشار و حزب و ڕێکخستنە سیاسییەکاندا باسمان کرد، بۆمان دەرکەوت کە جیاوازیێکی ئاشکرا و گەورە لە نێوان گرووپەکانی فشار و حزبەکاندا هەیە. بەو پێیەی حزب بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆژیا و ئامانجی ڕۆشن و ڕاگەیەندراوی هەیە و لە پێناوی گەشەپێدان و دۆزینەوەی فۆڕمێک لە سیاسەت، کە کەمترین تێچووی هەبێت و فراوانترین هەل و بواری بەشداریی تێدا بکەن، هەوڵی دۆزینەوەی دەریچە و کەناڵی جیاواز دەدات، تا لێیانەوە سیاسییەکان و هاووڵاتییان لەم بوارەدا هاوکار و هەماهەنگ بن، بۆ ئەوەی بگاتە دەسەڵات.

هەرچی گرووپی فشارە لەسەر بنەمای سیاسەتی تایبەتی و کەسی کار دەکات، کە ئامانجی بەدیهێنانی مەیل و مەبەستی تایبەتی و کەسییە، هاوکات مەبەستیەتی لە ڕێگای کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردنەوە، کاریگەریی بەسەر بڕیارە سیاسییەکاندا هەبێت، دەبێ ئاماژە بەو ڕاستییەش بکەین، کە پەرەسەندن و تەشەنەسەندنی گرووپەکانی فشار، کاریگەریی نەرێنی لەسەر حزبەکان دەکات و لاوازیان دەکات.

ئەمەش ئەو کاتە زیاتر هەستی پێ دەکرێ، کە کاندیدەکان دەزانن و دەگەنە ئەو بڕوایەی، کە بەبێ هاوکاریی و پشتیووانیی حزب و پابەندبوون بە بیروباوەڕ و پرەنسیپەکانی، دەتوانن لە هەڵبژاردنەکاندا براوە بن، بۆ ئەمەش پەنا بۆ ئەو کۆمەڵ و گرووپانە دەبەن، کە خاوەنی ئۆتۆریتە و هێزی دارایین، بۆ ئەوەی لە هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا کۆمەکیان بکەن. دیارە لە دۆخێکی واشدا هیچ شتێک ناکەوێتە ئەستۆی ئەو کاندیدانە، تەنیا ڕەچاوکردنی سیاسەت و ئامانجە تایبەتییەکانی ئەو کەس و گرووپانە نەبێت، کە ڕۆڵیان بینیووە و دەبینن لە گەیاندنی ئەم کاندیدانە بۆ پۆستەکانی دەسەڵات. 

لەم ڕووەوە پسپۆر و شارەزایانی سیاسی و لێکۆڵەرەوەکانی بواری زانستی سیاسەت سەرنجی ئەوەیان داوە، کە هێز و گرووپەکانی فشار، ئەوانەی نوێنەرایەتیی دەستە و تاقمی جیاوازیی ناو کۆمەڵگا دەکەن و پێداویستی و داخوازییەکانیان جیاوازن، چەندە فشارەکانیان بۆ سەر حکوومەت و دەسەڵات زیاتر و توندتر بێت، ئەوەندە و زیاتر لە ڕێگای ڕاست و ڕەوایی و ماف و دادپەروەری لا دەدەن و بەلاڕێدا دەچن.

تا ئەو ئاستەی ئەو شتانەی کە ئەو گرووپانەی فشار داوای دەکەن و پێداگیریی لەسەر بەدیهێنانیان دەکەن، دوور نییە ببنە دێوەزمەیەکی ترسناک و لە بری ئەوەی ببنە هێزێک کە گوزارشت لە دیموکراسیەت بکەن و گەشەی پێ بدەن، بۆ خۆیان دەبنە مەترسی و هەڕەشە بەسەر سیستەمی دیموکراسی (موریس دوفرجیه، مدخل إلی علم السیاسە).

هەر بۆیەشە کە چالاکییەکانی گرووپەکانی فشار، بە گوێرەی جیاوازیی سیستەمە سیاسی و  حوکمڕانییەکان، جیاوازییان تێدەکەوێت. بە جۆرێک فشارکردن لەناو سیستەمی سەرۆکایەتیدا بەراورد بە سیستەمی پەرلەمانی، زۆر بەهێز و کاریگەر و درێژخایەنترە، ئەمەش پەیوەندیی بە پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانەوە هەیە، کە تیایاندا پێشوەختە و بەر لە پەسەندکردن و دەرکردنی بڕیارەکان، ڕێککەوتنێکی تەواو لە نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردندا هەیە، دیارە ئەم ڕێککەوتنە پێشوەختەیەش بەبێ فشارکردن لەسەر سەرۆک و ئەنجومەن سەر ناگرێت. بۆیە سیستەمی سەرۆکایەتیی شوێن و زەمینەیەکی پتەو و تۆکمەی کارکردن و چالاکییەکانی گرووپەکانی فشارە.

لە بەرانبەردا و ڕێک پێچەوانەی هاوکێشەکەی پێشەوە، لەو وڵاتانەی کە سیستەمە حوکمڕانییەکەیان پەرلەمانییە، کار و ئەرکی گرووپەکان جیاوازە، بەو پێیەی لەناو ئەو سیستەمەدا حکوومەت بۆ خۆی سەرچاوەی چالاکی سیاسییە، بەمەش کار و چالاکیی گرووپەکانی فشار لەسەر حکوومەت چڕ دەبێتەوە. تەنانەت لەناو ئەو سیستەمەشدا زەمینەی کاری گرووپەکانی فشار جیاوازە. لەم نێوەدا دەتوانین نموونەی فەڕەنسا وەربگرین (کە نیمچە سەرۆکایەتییە).

لەم وڵاتەدا چونکە سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی هێزێکی زیاتری بە پەرلەمان داوە، ئەمە وایکردووە لیژنەکانی پەرلەمان قورسایی و پێگە و کاریگەریێکی زیاتریان هەبێت. کاتێکیش دەبینین لەناو سیستەمی سیاسی و حوکمڕانیی فەڕەنسادا گرووپەکانی فشار هەمیشە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان پێش بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی دەخەن، لەبەر ئەوەیە کە گرووپەکانی فشار نوێنەرایەتیێکی بەهێزیان لەناو لیژنەکانی پەرلەماندا هەیە، تا ئەو ئاستەی بەبێ ڕێککەوتن و سازانی نێوان گرووپەکانی فشار، ڕەزامەندیی لەسەر پڕۆژە یاساکان نادرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە لەو وڵاتانەی سیستەمی حوکمیان کۆمۆنیستی و سۆسیالیستییە، هەروا بە ئاسانی سیما و ئەدگارەکانی گرووپەکانی فشار ناناسرێنەوە. چونکە حزبە کۆمۆنیستەکان هیچ بوار و بۆشایێک بۆ دۆزینەوە و دەرکەوتنی ئەم فۆڕمە لە گرووپ و ئەم جۆرە لە ڕاستی ناهێڵنەوە، ئەمەو لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەو کۆمەڵ و گرووپانە ئۆتۆریتەی خۆیان هەیە، لەوانەش سەندیکاکان و کۆمەڵە هەروەزییەکان (حسن صعب، علم السیاسە).
*****

ئامراز و شێوازەکانی خەباتی گرووپەکانی فشار




بەگوێرەی زانیارییەکانی ئینسکلۆپیدیای ئازادی ویکیپیدا "بۆ گەیشتن، یان بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان، ئەو گرووپانە شێواز و ئامرازی هەمەجۆر بەکاردێنن. بۆ نموونە: فشاری سیاسی، هەڵمەتە میدیاییەکان، فرتوفێڵی پڕوپاگەندەکاری، ڕاپرسییەکان، لێکۆڵینەوە و کۆڕبەند و کۆبوونەوە.

بەشێک لەو گرووپانە چانسی پشتیووانیێکی بەهێزیان لە دامەزراوە بەهێزە بازرگانییەکان، یان بەرژەوەندییە سیاسییەکان هەیە و ڕاستەوخۆ و بەشێوەیەکی بەرچاویش، کاریگەریی لە پرۆسەی سیاسیدا دەکەن”.
 
لەکاتێکدا جۆرەکانی گرووپەکانی فشار جیاواز بن، هاوکات لەگەڵ ڕێکخستنە سیاسی و حزبەکاندا لەباری ئەرک و ئامانج و شێوازی کاردا جیاواز بن، هەروەها کاریگەریی و ڕۆڵیان لە سای سیستەمێکی سیاسییەوە بۆ سیستەمێکی دیکە جیاواز بێت، کەواتە لە ئامراز و شێوازەکانی کار و چالاکیشیاندا بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان، جیاواز دەبن.

لەبەر ئەوە پێویست دەکات ئاشنای ئەو ئامراز و هۆکارانەش بین، کە گرووپەکانی فشار لە میانی خەبات و کار و چالاکییەکانیاندا بۆ فشار خستنە سەر دەسەڵات بەکاریان دەهێنن، ئەوانیش بریتین لە (قۆستنەوەی پەیوەندییەکان، باوەڕپێهێنان، دەمەزەدکردن و بەرتیل، هەڕەشەکردن، فشار خستنەسەر دەسەڵاتە حکوومی و فەرمییەکان).. با بزانین کە ئاخۆ ئەو گرووپانە چۆن و لە چ شوێنکات و لەسای چ هەلومەرجێکدا، پەنا بۆ ئەم ئامراز و ئەلتەرناتیڤانەی فشارکردن دەبەن؟
گرووپەکانی فشار لە کار و خەباتیاندا لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانیان و پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیاندا، بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵات و حوکمڕانەکان، پەنا بۆ هەموو ڕێگا و شێواز و ئامراز و هۆکارێکی خەبات دەبەن، کە ئەوان بۆ داکۆکیکردن لە مافە و داخوازییەکانیاندا بە گونجاو و ڕەوایان دەزانن و دەکرێ زۆر بە کورتی ئاماژە بە هەندێکیان بدەین:

یەکەم: قۆستنەوەی پەیوەندییە تایبەتییەکان.

هەتا ڕێژە و ڕاددە و ئاستی دەستتێوەردان و کاریگەریی دەوڵەت لە ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگا زیاتر بێت، ئەوەندەش فشاری گرووپەکان بۆ سەر دەوڵەت و دامەزراوەکانی زیاتر دەبێت، بەتایبەتی کاتێک دەزانن ئەم دەستتدرێژییانە زیان بە ماف و داخوازی و بەرژەوەندییەکانیان دەگەیەنن. بۆ ئەمەش سوود لە پەیوەندییە دۆستایەتییە تایبەتییەکان و ئاشنایەتییە کەسییەکانیان لەگەڵ کاربەدەستان و گەورە بەرپرسانی دەوڵەت وەردەگرن، ئەو پەیوەندییانە بە جۆرێک دەقۆزنەوە و دەیانکەنە هەل و دەرفەتی گەیشتن بە هێنانەدی ئامانجەکانیان، تا ئاستی دەمەزەدکردن و دەم چەورکردنیان بە خەڵات و دیاریی دارایی، تەنانەت بە پێدانی بەرتیلیشەوە.

دووەم: باوەڕ، یان قەناعەت پێهێنان.

ئەمە یەکێکە لە گرنگترین و کاریگەرترین ئەو ئامراز و هۆکار و ڕێگا و شێوازانەی، گرووپەکانی فشار لەپێناو ڕاکێشانی سەرنجی لایەنگران و باوەڕپیهێنانی دەسەڵاتەکان، پەنای بۆ دەبەن، ئەمەش لە میانی ئەنجامدانی دیدار و کۆبوونەوە و گردبوونەوەی بە کۆمەڵ و تایبەت، هەروەها بە سوود وەرگرتن لە تەواوی هۆکارەکانی ڕاگەیاندن.

گرووپەکانی فشار لەم کارەیاندا هەوڵ دەدەن سوود لە ئەزموونی کەسانی شارەزا وەربگرن، ئەویش بە گەیاندنیان بۆ وەرگرتنی پۆستی جیاواز لەناو حکوومەتدا (دادوەر، یاساناس، وەزیر، کاربەدەست و فەرمانبەرە پەرێز پاکەکان)، ئەمەش بە مەبەستی سوود وەرگرتن لە دۆسیەی خاوێن و ناوبانگی باشیان لەناو خەڵکدا، تا لە ڕێگایانەوە سۆز و لایەنگیریی بۆ خۆیان زیاتر بکەن و باوەڕ و قەناعەت بە هەوادارەکانیان و تەنانەت حکوومەت و دەسەڵاتیش بێنن.     

سێیەم: کاریگەریی خستنە سەر پەرلەمانتارەکان.

بەو پێیەی سەرچاوەی دەسەڵاتی یاسادانان و داڕشتن و هەموارکردن و دەرکردنی یاساکانە، پەرلەمان گۆڕەپانی سەرەکی و ڕاستەقینەی کار و جێ بایەخی گرووپەکانی فشارە، ئەمەش لەو ڕوانگەیەی کە بتوانن لە میانی فشاریان بۆ سەر قەوارەی سیاسی، یان پەرلەمانتارەکان، یاساگەلێک بە قازانجی بەرژەوەندییەکانیان دەربکەن، یان هەموار بکەنەوە، تەنانەت هەندێ هەوڵدان و فشارکردنەکانیان دەگەیەننە ڕاددەی گۆڕین، یان هەموارکردنەوەی دەستوور.

مەرج نییە ئەم فشارەی گرووپەکانی فشار بۆسەر پەرلەمان و پەرلەمانتارەکان ڕاستەوخۆ بێت، بەڵکو زیاتر ناڕاستەوخۆن، بەتایبەتی لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا، کە هەوڵ دەدەن لە میانی وەرگرتنی چەندین بەڵێن و پەیمان لە قەوارەیەکی سیاسیی دیاریکراو، یان کۆمەڵێک کاندید، ئامادەیی خۆیان بۆ پشتگیرکردن و دەرچوواندنیان دەرببڕن.

ئیتر مەرج نییە ئەم بەڵێن و پەیمانەی قەوارە سیاسییەکە، یان پەرلەمانتارەکان تەنیا پەیوەندیی بە داڕشتنی یاساکانەوە هەبێت، بەڵکو زۆرجار بە هۆی سەپۆرتکردنیان لە کاتی هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن و پێدانی پاداشتی دارایی پێیان، دەیانخەنە بەر باری مەرجی دزەپێکردنی، ئەو زانیاری و ڕاپۆرت و بەڵگەنامانەی، کە لە لایەن لیژنە جیاوازەکانی پەرلەمانەوە دەخرێتە بەردەمیان، بۆ ئەوەی پێشوەختە وەک گرووپی خاوەن بەرژەوەندی، لە پڕۆژە پێشنیازکراوەکان ئاگادار بن و بەر لەوەی ببنە یاسا و بڕیار، ئەوان لە میانی فشارەکانیانەوە ئامادەکاریی خۆیان بۆ ڕێپێگرتنیان بکەن. 

بە دیوەکەی تردا و هەر پەیوەست بەم جۆری فشارە، گرووپەکانی فشار هەوڵ دەدەن لە ڕێگای پێدانی زانیاری، ئامادەکردنی توێژینەوەی پشت ئەستوور بە بەڵگە و ئامار بۆ پەرلەمانتار و یاسادانەرەکان و بەرپرسانی حکوومەت، کاریگەریی دروست بکەن و بە دەنگ داوا و داخوازییەکانیانەوە بێن. تەنانەت ئەوان هەموو بۆنەیەکی ئاسایی و نائاسایی، هەموو دەرفەتێکی گەشت و میواندارییش دەقۆزنەوە، بۆ ئەوەی چاویان بەم کەسایەتییە گشتییانە بکەوێت و لەگەڵیاندا بکەونە گفتوگۆ و ڕاز و نیاز و زانیاری و توێژینەوەکانی خۆیانیان بگەیەننە دەستیان.

چوارەم: دنەدان و تەیارکردنی ڕای گشتی.

بەو پێیەی ڕای گشتی یەکێکە لە پانتاییەکانی بایەخپێدان و پێشینەیی گرنگی پێدانەکانی هەر سیستەمێکی سیاسیی حوکمڕان، بۆیە گرووپەکانی فشار لە میانی تەیارکردن و دنەدانی ڕای گشتی، بە هەموو شێواز و ئامرازێکی پەیوەندی و کارتێکردنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، هەوڵی بەکارهێنان و گۆڕینی ئاراستەی گوتار و هەڵوێستی ڕای گشتی و شەقام بە دژی دەسەڵات دەدەن.

پێنجەم: فشار و کۆمەککردن.

زۆرجار گرووپەکانی فشار (بەتایبەتی کۆمەڵەی خاوەن کار و بەرژەوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان) لە باری داراییەوە کۆمەکی حزبێکی دیاریکراو دەکەن، بۆ ئەوەی بگاتە دەسەڵات. لە دۆخێکی ئاواشدا ئەو حزبە دەکەوێتە ژێر باری مەرجەکانی ئەو گرووپانە، ئەویش بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، بەدەنگەوەچوونی داواکارییەکانیان و بەدیهێنانی ئامانجەکانیان، ئیتر بە هەر ڕێگا و شێواز و میکانیزمێکەوە بێت، کە لەبەر دەستی دان.

ئەمەو لەلایەکی دیکەوە، بەلەبەرچاوگرتنی گرنگی و بایەخی دەسەڵاتە حکوومییەکان لە دەرکردنی بڕیارەکاندا، بەتایبەتی لە کایە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا، کە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەگرنەوە، گرووپەکانی بەرژەوەندی هەوڵی بەردەوام دەدەن بۆ پەیوەندیگرتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو کەسانەی لەناو ئەو دامەزراوە جێبەجێکار و کارگێڕییانەدا، هەر لە سەرۆکی وەزیرانەوە بگرە، تا دەگاتە وەزیر و کاربەدەستە پلە تایبەت و باڵاکان. کە ڕەنگە بە هۆیەوە بتوانن جێبەجێکردنی یاسایەک ڕابگرن، یان چەند بڕگە و بەند و ماددەیەکی ئەو بڕیارانە لابدەن.

شەشەم: هەڕەشەکردن و توندوتیژی.

گرووپەکانی فشار هەر بەو میکانیزم و ئامرازانەی فشارکردنەوە، کە پێشتر ئاماژەمان بۆ کردن، ناوەستن، بەڵکو ئەگەر دۆخەکە بخوازێت، ئەوا لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانیاندا، ئەگەری پەنابردن بۆ ئامراز و میکانیزمی دیکە، کە بە جۆرێک لە توندوتیژی و ئاڵۆزی بارگاوین، هەمیشە ئەگەرێکی کراوەیە لەبەردەمیاندا. لەوانەش پەنابردن بۆ خۆپیشاندان و مانگرتنی سەرتاسەریی، ئاستەنگ خستنە بەردەم کاروبارەکانی حکوومەت و ڕەتکردنەوەی هاوکاریکردنی دەسەڵات، لەباربردنی بە ئەنقەستی هەندێ پڕۆژەی حکوومەت، هەوڵدان بۆ دروستکردنی قەیرانی دارایی خنکێنەر و نەدانی باج.

ئەم شێوازانەی فشار لەم سەردەمەدا و لە زۆربەی وڵاتەکاندا و بەتایبەتی لە وڵاتە پیشەسازی و پێشکەوتووەکاندا، بە بەردەوامی دەبیندرێن، کە هەندێ جار جگە لە پەکخستنی کارەکانی حکوومەت، ڕاگرتنی ژیانی ئاسایی ڕۆژانە (مانگرتن لە فڕۆکەخانە و هێڵەکانی گواستنەوەی زەمینی، کارگەکانی بەرهەمهێنان و……)، تەنانەت بەریەککەوتنی زبر و توندی نێوان ئەو گرووپانەی فشار و هێزەکانی پۆلیس و تەناهی و چالاکییە مەدەنییەکانی حکوومەتی لێ دەکەوێتەوە، تا ئاستی توندوتیژیێک، کە قوربانیی گیانی و زیانی ماددی زۆریش بەدوای خۆیدا دێنن.

سەرەڕای هەموو ئەو هۆکارانەی پێشتر باسمان کردن، هاوکات هۆکار و ئامرازگەلی دیکە هەن، کە بە مەبەستی پێکانی ئامانجەکانیان و گەیشتن بە مەبەستەکانیان، ئەو گرووپانەی فشار پەنایان بۆ دەبەن، ئیتر چ لە پشتیووانیکردنەوە بێت، یان پێبژاردن، یاخود دنەدانی ڕای گشتی بە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانیان، هەروەها لەگەڵ کاریگەریی خستنە سەر پەرلەمانتارەکان. هەموو ئەم ئامرازانەش کە وەک کارتی فشار بەکار دەبردرێن، لەپێناوی ئەوەیە یاسا و بڕیارەکان بە قازانجی بەرژەوەندییەکانیان بشکێنەوە، بەڵام پرسیارێکی گرنگ لەم نێوەدا ئەوەیە: ئایا ئەرکی سیاسیی ئەم گرووپانە چییە و سنووری کارکردنیان لەو کایەیەدا چییە و چۆنە؟

وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر سادەیە، ئەم ئەرکە و سنووری چالاکییەکانیان پەیوەندیی بە ژینگەی سیاسی و جۆری سیستەمی حوکمڕانیی وڵاتەکەوە هەیە، ئەوەی کە پێشتر لە بارەی کاری گرووپەکانی فشار لە سای سیستەمی سەرۆکایەتیی، یان پەرلەمانییەوە باسمان کرد.

تەنانەت ئەم ڕەهەندە پەل بۆ وردەکاریی زیاتری ناو هەناوی سیستەمەکەش ڕادەکێشێت، کە ئاخۆ سیستەمێکی لیبڕاڵ و دیموکراسە، یان فراوانخواز و دیکتاتۆر.

هەروەها پەیوەندیی بە سروشتی ڕێکخستن و پێکهاتی دەسەڵاتەکەوە هەیە، کە ئایا دەسەڵاتێکی ناوەندیی توند و بەهێزە، یان دەسەڵاتێکی ئۆتۆنۆم و لامەرکەزیی خواز؟ تەنانەت ئەم پرسی کاریگەریی و ناکاریگەریی کار و چالاکییەکانی گرووپەکانی فشار و سنوورەکەیان، گرێدراوی ئاست و ڕاددەی جیاکردنەوە و سەربەخۆیی دەسەڵاتەکانیشە (یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەری) لە هەناوی سیستەمی حوکمڕانیدا، هەروەها پەیوەندیی بە بارودۆخی حزبەکان خۆیشیانەوە هەیە، ئیتر چ حزبی حوکمڕان بن، یاخود ئۆپۆزسیۆن.

مەبەست لە بارودۆخی ناوەوەی حزب خۆی و پەیوەندیی لەگەڵ دەرەوەی خۆی بە مانایەکی ڕۆشنتر، دیسپلینی ڕێکخراوەیی وسەنترالیزمی بڕیار تیایاندا، لەگەڵ چەندێتی و چۆنێتیی کەناڵ و ڕایەڵ و پردی پەیوەندییەکانی ئەو حزبە بە دەرەوەی خۆی، چ لەگەڵ کۆمەڵگا، یان حزبە نەیارەکانی. 
*****

سەرچاوەکان:

١- جان مینو ـ الجماعات الضاغطە ـ ترجمە بهیج شعبان ـ منشورات عویدات 1983
٢- حامد ربیع، أبحاث فی النظریە السیاسیە، القاهرە، جامعە القاهرە، كلیە الاقتصاد والسیاسە، 1970
٣- حسن صعب، علم السیاسە، بیروت، دار العلم للملایین 1997
٤- روبرت دال، التحلیل السیاسی الحدیث، ترجمە د. علا أبو زید، القاهرە، اڵاهرام، 1993
٥- صادق الاسود، الرأی العام ظاهرە اجتماعیە وقوە سیاسیە، بغداد 1991
٦- عبد المعگی محمد عساف، مقدمە إلی علم السیاسە، دار مجدلاوی للنشر والتوزیع، عمان اڵاردن .گ 2 ، 1981
٧- قحطان أحمد سلیمان القحطانی، اڵاساس فی العلوم السیاسیە، عمان دار مجدلاوی للنشر، 2004
٨- مارسیل بریلو، علم السیاسە، ترجمە محمد برجاوی بیروت، منشورات عویدات 1977
٩- محمد فایز عید السعید: قضایا علم السیاسە العام، دار الطلیعە للطباعە و النشر، بیروت
١٠- محمد نصر مهنا: علوم سیاسیە، دراسە فی اڵاصول و النظریات، دار الفكر العربی
١١- موریس دوفرجیه، مدخل إلی علم السیاسە، ترجمە جمال اڵاناسی وسامی الدروبی‫،‬ دمشق، دار دمشق للنشر 
١٢-  ویکیبیدیا، الموسوعە الحرە
 



ئه‌م بابه‌ته 387 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر