پۆپۆلیزم... فرە بەکارهێنان و کەم تێگەیشتن لێی

هەندێ کەس دەستەواژەی پۆپۆلیزم دەگەڕێننەوە بۆ کۆتای سەدەی نۆزدەهەم لە چوارچێوەی پێناسەکردنی ئەو بزووتنەوە شۆسیالیستییەی کە لایەنگرانی لەناو خەڵکدا سەرزەنشتی چینی بژاردەیان دەکرد
PM:10:12:02/08/2020
دۆسیە: ئاسایشی نەتەوەیی
پۆپۆلیزم کورتنابێتەوە تەنها لە کۆمەڵگا دوواکەوتووەکان و ئەو کۆمەڵگایانەی لە ڕووی سیاسیەوە دەچەوسێندرێنەوە

داهۆ سالم
نوسەر


 پێیان وابوو کە دەبێ چینی بژاردە بنەما سەرەکییەکانیان لەڕێساکانی  گەلەوە وەربگرن، نابێ گەل ڕێسای  بەها و بنەما لەو چینە بژاردەیەوە وەربگیرێت.

دیارە ئەم کارە هاوکات بوو لەگەڵ ڕاپەڕینی کرێکاران لەدژی خاوەن دامەزراوە گەورەکان لە ئەمەریکا، وە زۆربوونی  پاڵپشتیکردن لە خەڵک لە دژی خاوەن سەرمایەکان لەو کاتەدا، کەواتە مانا بنەڕەتییەکەی هەڵگری پەیامێکی خراپ نیە.

پۆپۆلیزم دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیە کە پاڵپشتی ئایدۆلۆژیا دەکات لەدژی زانست و زانین، لە چەندێتی لەدژی چۆنایەتی.

مەیلێکە بۆ بیرۆکەی دەمارگیری  تەنها بۆ ئارەزووی ناخی کەسەکان و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی لە ئاگاهی هەندێکی تردا.

ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە، پۆپۆلیزم هیچ بنەمایەکی زانستی نیە، بەڵکو بەر ئەنجامی ئەو بیرۆکە گشتیانەیە کە بەمەبەستی سازان لەگەڵ ئەو بیروباوەڕانەدا بڵاودەکرێتەوە کە بەشێوەیەکی بەرفراوان لەناو خەڵکدا پاڵپشتی لێدەکرێت. 

لە ڕووی سیاسیەوە، پۆپۆلیزم چەکێکی دووڕووییە، چونکە کاردەکات بۆ سەرنج ڕاکێشانی ڕای گشتی بەرەو ئایدۆلۆژیای خۆپەرستی یان ئاراستە ئایدۆلۆژییەکان وە یان بەرەو ئەو بیروباوەڕە نەریتیانەی کە لەلایەن توێژێکی بەرفراوانی خەڵکەوە پێشوازی لێدەکرێت.

ئامانجی پۆپۆلیزم چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان نیە لە ڕێگەی شرۆڤەکردن و شیتەڵکرنیان و کۆتای پێهێنانیان لە ڕێگەی گەیشتن بە ئەنجامێکی زانستی و پۆلێنکراو.

ئامانج لێی ڕوماڵکردنی گشت دیاردەکانە بە دەمامکێکی سادە و ساکار، سود لە ڕووکەش و ڕوکاری دەرەوەی ئەو ڕووداوانە وەردەگرێت کە هەستیار و وروژێنەرن، لەپێناو ڕاکێشانی جەماوەر و بەدەستهێنانی پاڵپشتییان بۆ ئەو ڕێبازەی خۆی ئەیەوێت.

بەگشتی پۆپۆلیزم



ـ ڕەوتێکە لە بیروباوەڕی ڕووکەشیانە.

ـ ڕەوتێکە بە ئاراستەی ئایدۆلۆژیای بارگاویکردنی خەڵک.

ـ بیرێکە کاردەکات بۆ قۆستنەوەی لاوازی هۆشیاری و شێواوی دەروونی.

ـ بیرێکە توانای بڵاوبوونەوەی هەیە، چونکە پێویستی بە هەوڵ و ماندووبوونی ژیری و ئاگاهییانە نیە.

ـ چەکێکی کارای ململانێی سیاسی و ڕکابەری ئایدۆلۆژییە, توانای هەڵوەشاندنەوەی یەکگرتووی کۆمەڵگا و تێکدانی پرۆسەی سیاسی هەیە.

بەڵام پۆپۆلیزم کورتنابێتەوە تەنها لە کۆمەڵگا دوواکەوتووەکان و ئەو کۆمەڵگایانەی لە ڕووی سیاسیەوە دەچەوسێندرێنەوە.

زۆرێک لەو کۆمەڵگا پێشکەوتووانە ( کە بەوە ناسراون خاوەن سیستەمێکی دیمۆکراتین و لایەنگری ئازادییەکانن) کە مەیلی پۆپۆلیستی تێیدا روو لە زیادبوونە، بەتایبەت لەکاتی هەڵبژاردنە سیاسیەکاندا، هەر وەک ئەوەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکادا تێبینیمان کرد.

هەندێ لە کۆمەڵگاکان بە زانست و هۆشیاری و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری هەوڵی ڕووبەڕووبونەوە دەدەن لەبەرامبەر پۆپۆلیزمدا، وە هەندێکیتر یارمەتی تەشەنەسەندنی دەدەن لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی بیری ئەفسانەیی و ڕۆشنبیری خواروخێچ و دۆگمایی ئایینی و سیاسی، وە مراندنی سەرچاوەکانی داهێنان و تۆوی ئازادیەکان.

پۆپۆلیزم پاشەکشە ناکات تەنها لەو هەلومەرجانەدا نەبێت کە پاڵپشتی لە داهێنان و ئەفراندن دەکرێت، مەوداکەی کورتنابێتەوە جگە لە هاندان بۆ هونەر و بڵاوکردنەوەی ئەدەب و بونیادنانی شانۆ و ڕۆڵی سینەما و ئاهەنگە موزیکییەکان.

هونەر جیهانە خەیاڵیەکان لەناو هزردا دروستدەکات و جۆشوخرۆشی گشتی بەرزدەکاتەوە و ئاسۆی تواناکان فراوان دەکات، وە ئەدەبیش پەیوەندی بە پەرتوک و خوێندنەوەوە توندوتۆڵدەکات و کەسەکان ڕادەهێنێت لەسەر ئەندێشە و بیرکردنەوە، وە بژاردە هزرییەکان بۆ خوێندنەوە دەوڵەمەند دەکات.

شانۆش ژیان لەناو ژیاندا دروستدەکات، لە جیهانە بچوکەکەتەوە دەستپێدەکات بۆ جیهانە هەمەچەشن و جۆراۆجۆرەکان و بە پەرتوکی نوێ و کلتورە جیاوازەکان ئاشنات دەکات و چەندین دەرگات بۆ دەکاتەوە بەڕووی دید و بۆ چونە ڕاست و دروستەکاندا.

موزیکیش ڕۆحی ژیانە و ئەو "بوون”ەت دادەڕێژێتەوە کە لە ڕووداوێکی بۆشەوە بەرەو پربوون لە سەمفۆنیایەک هاوشانی گەردوون دەتبات، بەهەمان شێوە تەواوی ئەو هونەرانەی کە دەرگا بەڕووی فرەی و جیاوازی و خۆشبەختیدا دەکاتەوە ئەبێتە هۆی لاوازبوونی پۆپۆلیزم.

ئێمە پێویستمان بە بڵاوکردنەوەی بەھاکانی قەبوڵکردنی ڕای جیاواز وخۆنەپەرستی و بەھاکانی لێبوردەیی و گۆڕینەوەی ڕاوبۆچوونە لەپێناو وەلانانی ئەو پۆپۆلییستییەی بەرۆکی گرتووین کە بەشێکە لە دەمارگیریمان.

ناکرێ باوەڕمان بە زانست و بنەما و بەھا بەرزەکان نەبێت لە پێناو بەربەرەکانێی مەیلی بڵاوکردنەوەی ڕوکەشیانە و ئارەزووی پاڵپشتیکردن لە ھزری وشک، پۆپۆلیزم بە مانا نەرێنییەکەی، بریتییە لە کلتوری کۆکردنەوە و ھاندانی خەڵک، نەک ھاندانی بەھا.

ئەو وڵاتانەی تێچووی مادی بۆ بوارەکانی خوێندن و زانست و ھونەر لە ئەستۆ دەگرن، ئەوانەن ھەوڵدەدەن بۆ خۆشگوزەرانی و شارستانییەت.

ئەگەر ئەرکەکانمان کورت بکەینەوە لە ھۆشیاری سەرپێی و ڕۆژانەدا، وە بەدوای ھزر و ئەدەب و ھونەر نەکەوین، واتە گوێی خۆمان کەڕکردووە لە ئاست گەشەی ئابووری و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری سیاسی.

ئەرکی ھەندێکیان ئەکەوێتە ئەستۆی ھەندێکیتریان، وەبەرھێنان لە ھۆشیارکردنەوە و زانست و ھونەری باڵا ئەو کارەیە کە دژایەتی نەزانی وھوشیاری بەسەرچوودەکات، ڕووبەڕوی  پۆپۆلیزم و بەکارھێنانی زانیاری نادروستی ڕۆژانە دەبێتەوە.

بە ھونەر و ئەدەب و زانست دەتوانرێ ڕووبەڕووی میراتییە بەجێماوە ڕزیوەکان و ئاگاھییە ئاست نزمە بێ بنەماکان ببینەوە، ڕۆشنبیری ئاسۆی ھزر و بازنەی گریمانەکان فراوان دەکات، وە جۆرێک لە ئەزموونی ھەمەچەشنە دەبەخشێتە مرۆڤ کە لە توانایدایە ڕووبەرووی ئەو مەیلە بەربڵاو و ھۆشیارییە ڕووکەشە ساکارە ببێتەوە.


دێمۆکراتی و مافی مرۆڤ



ئێمە پێویستمان بە دێمۆکراتی و مافی مرۆڤ ھەیە، بەڵام لەوەش گرنگتر پێویستمان بە ھۆشیارییەکی پێشکەوتوو و ئاگاھییەک ھەیە کە بە زانست پاڵپشتی لێکرابێت، وە بە ھزرێکی سەنگینی ڕاستەقینە، چونکە ڕێبازی پۆپۆلیزم ھەموو ئەمانە بەگەڕدەخا و تاڵەكانی بە بۆچونە باو و خێڵەکیە فریودەرەکان دەھۆنێتەوە.

بەڵام ڕەوتی پۆپۆلیستیش لایەنگری خۆی ھەیە، نەخاسمە لە بواری سیاسیدا، کە بەکاردەھێنرێت بۆ دەستگرتن بەسەر ئەو چینە کۆمەڵایەتییە زۆرینەیەی کە بیرکردنەوەیان لە ئاستێکی ساکاردایە.

بۆیە ڕەنگە ببێتە ھۆی توندبوونەوەی ناکۆکی لە ڕکابەریکردن بۆ دەستگرتن بە سەر ئەو چینانەی کۆمەڵگادا، ململانێیە لەنێوان جیھانێکی نمونەیی و خۆشگوزەران ئەوەی کە پۆپۆلیستەکان بانگەشەی بۆ دەکەن ئەو جیھانە  پڕ گوڵ و گوڵزار و سودبەخشەی کە خەڵکانی بژاردەی ئەکادیمی شکستیان ھێناوە لەوەی بیکەن بەخەونێکی تایبەتی گەلان.

بەمجۆرە نەیارانی پۆپۆلیزم زیاددەکەن وە بۆچونێکی نا لۆژیکیە و ناشکرێ ھەموو تاکێکی ئاسای بخرێتە ژێر کاریگەرییەکانی ھزری زانستی وعەقڵانی و لەھەموو ھۆشیارییەکی بونیادنراو و داناییە قوڵەکاندا بە ئاگا بھێنرێنەوە.

لەکۆتاییدا ناکرێ ئاماژە بەوە نەکەین کەوا دەستەواژەی "پۆپۆلیزم" بەزۆری لە چوارچێوەی ھاندان و سەرکۆنەکردن بەکاردێت، بەڵام لەھەندێ باری دەگمەندا، وەک چەمکێکی کرداری دەستنیشاندەکرێت لە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکاندا، ئەمەش وەک پێویستییەک بۆ ڕۆچوون بەناو دید و بۆچوون و بەراوردکارییە زانستی و ھەوڵە ئەکادیمییە ڕژدەکاندا.



ئه‌م بابه‌ته 453 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر