پۆپۆلیزم و گوتاری پۆپۆلیستی

پۆپۆلیزم و گوتاری پۆپۆلیستیی لە دونیای سیاسیی ئەمڕۆ و ململانێکانی ناویدا، چ لە ئاستە گڵۆباڵەکەی، یان هەرێمایەتی و لۆکاڵییەکەیدا، پانتایێکی گەورە و فراوانی داگیر کردووە.
PM:06:28:02/07/2020
دۆسیە: ئاسایشی نەتەوەیی
پۆپۆلیزم چییە؟ ئایا تیۆرێکی سیاسییە، یان تێزیکی فەلسەفی؟ ئاخۆ گوتارێکی فیکرییە، یان هونەر و سەلیقەی ڕامکردنی خەڵک؟

نووری بێخاڵی
نوسەر و توێژەر


لە گرێی دەروونییەوە بۆ شکستپێهێنانی پرۆسەی سیاسی!

بەشی یەكەم

 

 

کەسی دیماگۆجی بەرانبەرەکانی دەخەڵێنێت، بەڵام پۆپۆلیست خودی خۆی فریو دەدات - تاگیف"

 

 

دەروازە
 هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و هاتنە پێشەوەی (تڕامپ)، گەمە سیاسییەکانی (پۆتین) لە ڕووسیا و بەردەوامییەکەی لە سەرۆکایەتیکردنی ئەم وڵاتە، چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوڕوپا (برێکزت)، خۆپیشاندانەکانی فەڕەنسا و بابەتی (هێلەگ زەردەکان)، ڕاپرسی لەسەر هەموارکردنەوەی دەستووری ئیتاڵیا، ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی، ڕاپرسی لەسەر هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا و بابەتی گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانیی لەو وڵاتە و پۆپۆلیزمی (ئەردۆگان)، خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی لوبنان، دۆخی سیاسیی عێراقی دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس، هەرێمی کوردستان و دەرکەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەو شەپۆلە سیاسییەی دواتر حزبە ئیسلامییەکانیشی لەگەڵ خۆیدا ڕاماڵی و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت کاوێژ لەسەر میراتی ئەو بزووتنەوەیە و ڕێکخەرە کۆچکردووەکەی دەکەن. هەموو ئەم پرسانە و زۆر رووداو و پرسی دیکەی سیاسی لە ئاستی وڵاتانی جیهان و ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستاندا، هەر یەکەیان و بە شێوەیەک لە شێوەکان، لەگەڵ خۆیاندا بابەتی پۆپۆلیزم و گوتاری پۆپۆلیستیان زەقتر کردەوە. 

 


بەشێوەیەکی گشتی، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا هیچ ڕووداو و پێشهاتێکی سیاسی نییە، لەگەڵیدا بابەتی پۆپۆلیزم و گوتاری پۆپۆلیستیی نەورژوێنرێت. لەناو هەموو ئەو ڕووداو و پێشهاتە جیهانی و هەرێمایەتی و لۆکاڵیانەشدا، پرسی هەڵبژاردن و ڕاپرسییەکان، زۆرترینی ئەو بوار و دەرفەتانەن، کە بە هۆیانەوە هێز و کاراکتەرگەلی سیاسی، پۆپۆلیزم لە بەرگی جیاوازدا بەرهەم دێننەوە. واتە ئەگەر زیادەڕۆییمان نەکردبێت، ئەوا دەتوانین بڵیین: لەم سەردەمەدا، لە توێی ململانێ سیاسییەکاندا، پرسی هەڵبژاردن و ڕاپرسییەکان بەتایبەتی، منداڵدانی سەرلەنوێ لەدایکبوونەوەی پۆپۆلیزم و گەشەکردنی گوتاری پۆپۆلیستین.

بەوپێیەی هەرێمی کوردستانیش کەم و زۆر لەم هاوکێشە سیاسییە بەدەر نییە، تا ئەو ئاستەی زۆر بە ڕوونی هەست بە بوون و کارایی هێز و کاراکتەرگەلی پۆپۆلیست دەکەین و دەستوپەنجەمان لەگەڵ خۆیان و گوتارەکەیاندا نەرم کردووە. بۆیە گرنگە لەبەر ڕۆشنایی چییەتیی چەمکەکە و ڕەگە مێژووییەکانی، هەروەها خەسڵەت و ئەدگارەکانی و ئەو گۆڕانکارییانەی پێ بەپێی قۆناغە مێژووییەکان، کە هە لە ڕۆژی سەرهەڵدانیەوە تا ئەمڕۆ پۆپۆلیزم بەخۆیەوە بینیوە، تیشک بخەینە سەر چییەتی و ماهیەتی پۆپۆلیزم و لەبەر ڕۆشنایی ئەو خوێندنەوەیەشدا، سیما و ئەدگار و خەسڵەت و تایبەتمەندیی ئەو کاراکتەر و سەرکردە و بزووتنەوە سیاسییانەی لە هەرێمی کوردستاندا سەرمەشقی بەرهەمهێنان و برەوپێدانی گوتاری پۆپۆلیستی بوون، بناسینەوە. ئەمەو لەگەڵ ئەو دەرهاوێشتە و لێکەوتە نەرێنیانەی، کە پۆپۆلیزمی کوردی (ئەگەر بتوانین ئەو ناوەی لێ بنێین!) و گوتارە پۆپۆلیستییە چەواشەکارەکەی لەگەڵ خۆیدا هێنانی و بەهۆیانەوە کۆمەڵگای کوردستانی لەسەر ئاستە سیاسی، کۆمەڵایەتی، تەنانەت ئابووری و کولتوورییەکەیشی، دووچاری شێوان و شڵەژان کرد.

هەموو ئەمانە ئەوەمان لێ دەخوازن، بەشێوەیەکی ڕووکەش و سەرپێی لەبارەی پرسی پۆپۆلیزم و گوتاری پۆپۆلیستییەوە نەدوێین، بەڵکوو پێویست دەکات بە ڕۆچوونە قووڵایی پرسەکە، هەر لە شوێنکات و زەمینە و هەلومەرجی سەرهەڵدانییەوە، تا خستنەڕووی ئەو گیروگاز و گرفتانەی لە پێناسەکردنیدا هەن، لەگەڵ ئەدگار و خەسڵەتەکانی، بەتایبەتیش لە پەیوەست بە چیەتی و ماهیەتی پۆپۆلیزم و گوتاری پۆپۆلیستی لە کوردستان، بەرچاوڕوونی زیاتر بدەینە خوێنەر. بۆیە دەپرسین:

پۆپۆلیزم چییە؟ ئایا تیۆرێکی سیاسییە، یان تێزیکی فەلسەفی؟ ئاخۆ گوتارێکی فیکرییە، یان هونەر و سەلیقەی ڕامکردنی خەڵک؟ ڕەگ و ڕیشە مێژووییەکانی چین و کەی و لەکوێ سەری هەڵدا؟ ئایا پۆپۆلیزم بە یەک فۆڕمی دیاریکراو، یان بە فۆڕمی جیاواز خۆی دەنوێنێت؟ بەڕاست پۆپۆلیزم دەچێتە خانەی چەپڕەویی، یان ڕاستڕەویی؟ ناوەڕۆک و ڕەهەندەکانی، ئەدگار و ڕووخسارەکانی چین؟ ئەی خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوە و کاراکتەرە پۆپۆلیستییەکان چین؟.

وەڵامدانەوەی هەموو ئەو پرسیارانە و زۆر پرسیاری دیکە، کە ڕەنگە لێرەدا بە خەیاڵی ئێمەدا نەهاتبن، بە تەنیا وتارێکی شیکاریی دەرەقەتیان نەیەت و کارێکی هەروا ئاسان نەبێت، بەڵام بە ئەوپەڕی توانا و تا ئەو شوێنەی شارەزایی و ئاگاییمان کۆمەکمان دەکات، هەروەها بەسوودوەرگرتن لە تێز و تیۆر و ڕوانگە و بۆچوونی بیرمەندان و پسپۆرانی بواری سیاسی و ئەو ئەرگۆمێنتانەی لە واقیعی گۆڕەپانی ململانێی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان لەبەردەست دان، هەوڵ دەدەین وەڵامی زۆرترینی پرسیارەکان بدەینەوە.

بەدڵنیاییشەوە، لە میانی ئەم خستنەڕووە هەمەلایەنەی بابەتەکەدا، خوێنەری وریا و بە ئاگا، خوێنەری ورد و هۆشیار، ئەوەی کە توانای پەیبردرن بە نەگوتراوی پشتی گوتراوەکان و خوێندنەوەی نێو وشە و ڕستە و دێڕەکان هەیە، کەم تا زۆر دەگاتە ئەو دەرەنجامەی، کە لەوە تێ بگات هێزە سیاسییەکانی کوردستان، ئەوانەی ناویان لە خۆیان ناوە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و خۆیان بە نوێنەری ڕاستەقینەی ماف و داخوازییەکانی خەڵک دەزانن، دەکەونە کوێی پۆپۆلیزم.. دەرک بەوە بکات، کە کاراکتەر و سەرکردە سیاسییەکانی ئەو بزووتنەوە و هێزە بەناو ئۆپۆزسیۆنانە، لە کوێدا وەک ڕەفتار و خەسڵەت دێنەوە ناو چوارچێوەی پۆپۆلیزم.. بزانێت چۆن و بەچیدا گوتاری پۆپۆلیستی لە هەرێمی کوردستان بناسێتەوە.. دواجاریش بگاتە وەڵامی ئەو پرسیارەی، کە ئاخۆ کاراکتەر و هێزگەلێکی سیاسی، کە درێژکراوەی ناو هەمان مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتیی پڕ شکستی کۆمەڵگا بن، دەتوانن نموونەیەکی دیکەی باشتر، یان فۆڕمێکی دیکەی جوانتری کاری سیاسی پێشکەشی کۆمەڵگا بکەن؟

لە دوێنێوە بۆ ئەمڕۆ!



بۆ تێگەیشتنێکی باشتر لە واتا و ڕەهەندەکانی پۆپۆلیزم و ئەو گۆڕانگارییانەی، کە پێ بەپێی قۆناغە مێژووییەکان و بەرمەبنای گۆڕانی هەلومەرجە سیاسییەکان، هەروەها سروشتی گوتاری سیاسیی هێز و کاراکتەرەکان لە ژینگە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی و کولتوورییە جیاوازەکاندا بەسەریدا هاتووە. ڕەنگە گەڕانەوە بۆ ساتەوەختی مێژوویی سەرهەڵدان و دواتر بۆ ئەو قۆناغە مێژووییانە، کە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ دیادرەکە پێیدا تێپەڕیوە و لەو ماوە مێژووییەشدا چەندین هەڵبەز و دابەزی بەخۆیەوە بینیوە، کۆمەکی زیاترمان بکات.

ئەگەرچی وەک دیاردە و دەرکەوتەیەکی سیاسی، هەروەها ئەوەی کە وەک چەمکێکی سەربەخۆ هاتە ناو فەرهەنگی سیاسیی هاوچەرخ، مێژووەکەی بۆ ناوەڕاستی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە دەگەڕێتەوە، بەڵام سەرچاوە مێژووییەکان پێمان دەڵێن، کە پۆپۆلیزم و گوتاری پۆپۆلیستیی، لەناو مێژووێکی زۆر کۆنتری مرۆڤایەتیشدا هەبووە.

سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، لە یۆنانی کۆندا و بەتایبەتی لە سەردەمی سەرهەڵدان و گەشەکردنی دیماگۆجییەکاندا و ئەو ئاژاوە و پشێوییەی بەدوای خۆیاندا هێنایان، وای لە (ئەفلاتوون و ئەرستۆ) کرد، کە بە چاوێکی کەم و نزم، سەیری کۆمەڵ، یان گرووپگەلی مێگەلیی بکەن. هەروەها دەرکەوتنی کاراکتەرگەلی پۆپۆلیست لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانیدا، بەتایبەتی ئەوانەی توانا و لێهاتوویی و شارەزایی وتاربێژیی خۆیان لەپێناو گەیشتن بە ئامانج و بەرژوەندییەکانیان، لە دنەدان و وروژاندنی هەست و سۆزی گرووپگەلدا بینی، نموونەیەکی زیندووی ناو مێژووە و لەو نێوەشدا وەک دیارترین کاراکتەری پۆپۆلیستیش، ئاماژە بە (یۆلیۆس قەیسەر) دەکەن.

ئەم دیاردەی پۆپۆلیزمە کەم و زۆر کۆمەڵگاکانی سەردەمە کۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی گرتووەتەوە، بەتایبەتی کە بە هۆی قۆستنەوەی کاریگەریی دابونەریتەکان و نەزانیی خەڵک و ڕاهاتنیان لەسەر سرووتەکانی ملکەچی و گوێڕایەڵیی و شوێنکەوتنی هەراوهۆریا، شوێنپێی خۆی پتەو و جێگیر کردووە. لەوانەیە هەر ئەمەش هۆکاری ئەوە بووبێت، کە زۆربەی مێژوونووسەکان، گەل، یان خەڵک، یاخود جەماوەر بە "مێگەل، بازاڕیی، ڕەشۆکیی” و چەندین ناو و ناتۆرەی دیکەی ناچیزە، ناو بنێن.


بەهەرحاڵ، دەرکەوتنی پۆپۆلیزم
 (populism) وەک چەمک لەناو فیکری سیاسیی هاوچەرخدا، بە دروستی بۆ سەدەی نۆزدە دەگەڕێتەوە. ڕوونتر بڵێین: شوێنکاتی لەدایکبوون و سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم، کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرزەمینی هەر یەکە لە ڕووسیا و ئەمریکایە.


هەرکات پرس و باسی پۆپۆلیزم بێتە گۆڕێ، ئەوا بۆ کەسی چاودێر و ئاگادار لە مێژووی سیاسیی جیهان، ڕاستەوخۆ بزووتنەوەی جووتیاریی بارگاوی بە هەندێ ڕووپۆشی سۆسیالیستی، کە ئامانجی ڕزگارکردنی جووتیارانی ڕووسیا بوو، لە دەوروبەری ساڵی ١٨٧٠. هەروەها بزووتنەوەی ناڕەزایی لە ئەمریکا لە دژی بانکەکان و کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسنینی دێتەوە یاد.

وێڕای ئەوەی دوای جەنگی دووەمی جیهانیی، پۆپۆلیزم لە ئەوڕوپا پاشەکشەی کرد و چووەوە یەک، بەڵام لە بەرانبەردا لە فۆڕمێکی دیکە و بە شێوەیەکی تر لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا دەرکەوتەوە و چەکەرەی کرد. بەجۆرێک، پۆپۆلیزم و بزووتنەوە پۆپۆلیستەکان لە جیهانی سێیەمدا بە واتا و ناوەڕۆکی جیاوازی (نەتەوەیی - نموونەکەی جەمال عەبدولناسڕ) و (ئایینی - ئیخوان موسلمین) و (گەلێریی - میللی - قەزافی و بزووتنەوە هاوشێوەکانی لە ناوچەکە)، هەروەها (نیشتمانی و کۆمەڵایەتیی - نموونەکانی ئەمریکای لاتینی) هاتنەوە گۆڕەپانەکە.

لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووشدا و لەگەڵ گەڕانەوەی پارتی پارێزگارانی بەریتانی بە سەرۆکایەتیی (مارگرێت تاچەر) بۆ دەسەڵات و هاتنە سەر حوکمی (ڕۆناڵد ڕێگان) لە ئەمریکا، پۆپۆلیزم دووبارە و بەهێزە هاتەوە و بەردەوام بوو. لە نەوەدەکانی سەدەی بیستەمیشدا ژمارەیەک بیرمەند، بەرپرسیارێتیی هەڵکشانی کێرڤی پۆپۆلیزم و دەرکەوتنی کارای ڕەوتە پۆپۆلیستەکانیان خستە ئەستۆی (جیهانگیریی - Globalisation) و لێکەوتە و دەرهاویشتە ئابووری و دارایی و تەناهی و کۆمەڵایەتییەکانی.

لەگەڵ دەسپێکی هەزارەی سێیەمیشدا، بە سوودوەرگرتن لە پرسەکانی (کۆچ و پەنابەری، قەیرانی دارایی، دووبارە سەرهەڵدانەوەی مەیل و گوتارە ڕاسیسزمییەکان، بزووتنەوەکانی بەرگریکردن لە شووناسی نیشتمانی، جەختکردنەوە لەسەر سیاسەتەکانی بەرگریی و هەڵوێستی نەرێنیی لە ئاست مافەکان مرۆڤ و……)، بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان لە بەدەستهێنانی بەرکەوتەی هەڵبژاردنەکاندا، بەرەو پێشەوە چوون و کاراتر بوون.

وەکووتر هەژموونی یەکێتیی ئەوڕوپا بەسەر سیاسیەتە گشتییەکانی وڵاتانی ئەوڕوپا و نیگەرانیی و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتیی لە ئاست شەپۆلی پەنابەران، ئەمەو لەگەڵ دەرکەوتن و گەشەکردنی گرووپەکانی "ژاواژاو”، کە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە کردنەوەی دەرگا و دەروازە لەبەردەم سەرهەڵدانی بزووتنەوە ڕاستڕەوە پەڕگیرەکان گێڕا، کە ئەمەش لێدانی زەنگی مەترسیی سەرکەوتنی بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان بوو.

لە ساڵی ٢٠١٦ بەسەرەوە، دەستەواژەی پۆپۆلیزم بەشێوەیەکی بەرفراوان بووە باس و خواسی میدیاکان و نێوەندەکانی توێژینەوە، بەتایبەتی لە ساتەوەختی ڕاپرسی لەسەر چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوڕوپا، بانگەشەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی لە ئەمریکا، ڕاپرسی لەسەر هەموارکردنەوەی دەستوور لە ئیتاڵیا و زۆر ڕووداو و پێشهاتی دیکەی سیاسیی لە ئاستی جیهان و ناوچەکەدا.

 

لە نێوان چەپ و ڕاستدا!

 

خاڵێک کە لە بابەتی پۆپۆلیزمدا، بەردەوام جێی مشتومڕ و گفتوگۆ بووە، ئەوەیە کە ئاخۆ پۆپۆلیزم و بزاوتی پۆپۆلیستی دەچێتە خانەی چەپڕەویی، یان ڕاستڕەویی؟.

ڕاستییەکەی وێرای ئەوەی، ناوهێنانی وشە و دەستەواژەی گەلێریی (میللی) ڕاستەوخۆ خەیاڵمان بباتەوە سەر بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان. بەو پێیەی دەستەواژەکە لە کۆزەین و بیرەوەریی گشتیدا، واتا، یان ڕاستتر بڵێین ڕەهەند و خەسڵەت و تایبەمەندیێکی چەپڕەوانەی هەیە، بەتایبەتی کاتی دەچێتە خانەی بزووتنەوەی سیاسی، بەڵام پۆپۆلیزم هەرگیز ئاراستەیەکی تەواو چەپڕەوی رووت نەبووە و نییە.

ئەزموونە دوور و نزیک، کۆن و نوێیەکانی پۆپۆلیزمیش لە جیهاندا پێمان دەڵێن، کە دەشێ لە یەک کاتدا پۆپۆلیزمێکی چەپڕەو و یەکێکی دیکەی ڕاستڕەومان هەبێت. بۆ نموونە: وەک چۆن بزووتنەوە جووتیارییەکەی ڕووسیا لە سەدەی نۆزدەدا، فۆڕمێکی نیمچە چەپڕەویی هەبوو، لە بەرانبەریشدا جوڵانەوە ناڕەزایەتییەکەی ئەمریکای هەمان سەدە نەچووەتە ژێر باری هیچ تایبەتمەندیێکی چەپڕەوانە. بە هەمان شێوە، لە سەردەمی ئێستاشماندا ئەگەر پۆپۆلیزم و بزووتنەوەی پۆپۆلیستی لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین، مۆرک و سروشتێکی چەپڕەوانەی هەبووبێت و هەبێت (هۆگۆ چافێز لە فەنزویلا وەک نموونە)، ئەوا لە سەرتاسەری ئەوڕوپا و ئەمریکادا، مۆرک و سروشتێکی ڕاستڕەوانەی هەیە. تەنانەت دەشێ هەردوو فۆڕمی پۆپۆلیزم، بە یەک ئەندازە، هەڵگری گوتار و ڕەفتاری توندڕۆ و پەڕگیرانەش بن.


تا ئەو ئاستەی لەناو جەرگەی وڵاتانی ئەوڕوپاشدا پۆپۆلیزم لە بەرگی جیاوازدا دەرکەوتووە (چەپڕەو لە ئیسپانیا و ڕاستڕەوی لە فەڕەنسا
(.

لەم نێوەدا، گرێی ئاڵۆز و کێشە سەرەکییەکە لە چەپڕەوبوون، یان ڕاستڕەوبوونی پۆپۆلیزمدا نییە، بە قەد ئەوەی لە مەترسیی گوتار و کاردانەوەکانی و لێکەوتەکانی دایە. بەوپێیەی کە بزووتنەوەی پۆپۆلیستی لەو ڕۆژگارەدا بووەتە خێو، یان دێوەزمە و وەک هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی و تەنانەت ڕۆشنبیری و کولتووریی، چوارچێوەی گرتووە و سێبەری مەترسی و هەڕەشەکانی هەموو کونج و کەلەبەرێکی جیهانی تەنیوەتەوە. سێبەری قورسی خێوێکی ترسناک، کە لەگەڵ خۆیدا ترس و نیگەرانیی و دڵەڕاوکێی هێناوە و مەترسییەکی بەردەوامە بۆسەر تێکدانی سەقامگیریی سیاسی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی. بەتایبەتی ئەگەر مەترسیی پۆپۆلیزمی ڕاستڕەو وەربگرین، کە بە راورد بە چەپڕەوەکان، لە لووتکەی توندڕۆیی و پەڕگیری دان.

دۆخەکە بە جۆرێکە، کە لە سای نما و گەشەکردنی پۆپۆلیزمی ڕاستڕەو لەم سەردەمەدا، خەریکە پۆپۆلسیتەکان و بزووتنەوەکانیان دەبنە هەڕەشەیەکی جیددی دووبارە سەرهەڵدانەوەی کارای ڕاسیسزم، ئەمەو جگە لە تێکدانی هاوسەنگییە سیاسیی، ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و تەنانەت کولتوورییەکانی وڵاتەکانیان. ئەم هەڵکشانە بەرچاو و خێرا و ترسناکەی ئەم ڕەوتە، خەیاڵمان دەباتەوە سەر ئەو ڕۆژگارانەی، کە بەر لە جەنگی دووەمی جیهانیی و تەنانەت کەمێکش دوای ئەو ماوەیەشمان بیر دەخاتەوە، کە هێشتا کۆمۆنیزمی عەقڵیەت و ڕەفتار و خەسڵەت (ستالین) یانە، شەپۆلی بەرەو دونیای دەرەوەی خۆی دەدا و لە سایەیدا چەندین بزووتنەوە هێزی توندڕەوی چەپ، کە مۆرکێکی تەواو پۆپۆلیستییان هەبوو، بووبوونە مەترسیی لەسەر بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتەکانیان. پۆپۆلیستیی ئایینیش بە لای خۆیەوە، کە ساڵانێکە و لەژێر دروشمی (ئیسلام تاکە چارەسەرە)، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامیی بە تەواوی نقوومی پشێوی و ئاڵۆزی و ئاژاوە کردووە (بە هەرێمی کوردستانیشەوە!(.

لەم نێوەدا نابێ خۆمان لەو ڕاستییە ببوێرین، کە یەکێک لە کاریگەرترین هۆکارەکانی دەرکەوتن و گەشەکردنی پۆپۆلیزم و هەڵکشانی کێرڤی بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان لە تەواوی دونیاو ناوچەکە، پەیوەندیی بە دۆخی ئابووریی و خراپ حوکمڕانیی دەسەڵاتدار و مامەڵە و سەرەدەری ناتەندروستی سیستەم سیاسییە حوکمڕانەکانەوە هەیە، لەگەڵ بارودۆخەکەدا. زیاتربوونی ڕێژەی گەندەڵیی، بێدادی لە دابەشکردنی سامانی نیشتمانی، نایەکسانیی لە ڕەخساندنی هەل و دەرفەتەکانی کار، بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاریی و بێکاریی و….، کە هەموو ئەمانەش لەگەڵ خۆیاندا کاریگەرییان بەسەر تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگاکانەوە هەبووە. 

لە سای ئەم هەلومەرجە ناجۆرە ئابووری و کۆمەڵایەتییانەشدا، کاراکتەر و بزووتنەوە سیاسییە پۆپۆلیستەکان، هەلی ئەوەیان بۆ ڕەخساوە، کاوێژ لەسەر تووڕەیی و ناڕەزایی خەڵک و کار لەسەر وروژاندنی تەلی هەست و سۆزەکانیان بکەن و لە ڕێگایەوە وەک کاراکتەر و هێز و بزووتنەوەی هەلپەرست، کەشوهەوا و ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکە، بۆ بەدیهێنانی ئەجیندا و ئامانجە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییەکانیان و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان بقۆزنەوە، ئیتر هەر یەکەیان بەگوێرەی هەلومەرجی وڵات و کۆمەڵگاکانیان، ماشێن و ئامرازەکانی سەرخستنی گوتارە پۆپۆلیستییەکانیان خستووەتە گەڕ
!


 

گیروگازی پێناسەکردن

 

ئەگەرچی پۆپۆلیزم وەک چەمکێکی سیاسی، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەوە هاتە ناو فەرهەنگ و فیکری سیاسیی هاوچەرخ، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، لەباری پێناسەکردنەوە، چوارچێوەیەکی دیاریکراوی بەخۆیەوە نەبینیوە. بە واتایەکی تر، پۆپۆلیزم یەکێکە لەو چەمکانەی تا هەنووکە گرفت و گیروگاز لە پێناسەکردنیدا هەیە. ڕەنگە بەشێکی ئەم گیروگازە پەیوەندیی بەوەوە هەبێت، کە وەک کۆی چەمکە سیاسییەکانی دیکەی ناو فەرهەنگی سیاسی، بایەخی پێویستیی پێ نەدرابێت، یان لە هەندێ ڕەهەندیدا ڕەگێکی بچێتەوە لەناو دونیای چەمکگەلی دیکەی سیاسی. بۆیە ئەمانە و شتی دیکەیش، ئاستەنگ بوونە لەبەردەم هەڵێنجانی پێناسەیەکی ڕۆشن و دیاریکراو بۆ چەمک و دەستەواژەکە. لەبەرئەوە کۆی ئەو پێناسانەی تا ئێستا بۆی کراون، جۆریک لە تەمومژ و ناڕۆشنیان پێوە دیارە، ئیتر چ لە ئاستە سیاسییەکەیدا بێت، یان مێژووییەکەی.

لە لایەکی ترەوە، خودی ئەم کێشەیە لەگەڵ خۆیدا تێگەیشتنی ئەرێنی و نەرێنی سەبارەت بە پۆپۆلیزم هێناوە. ئەمەش پێویستی بەوەیە بیرمەندان و پسپۆرانی بواری فیکر و مێژووی سیاسی، چوارچێوە و پێناسەیەکی بۆ دابڕیژن، بەجۆرێک لەگەڵ پیناسە و ماهیەتی چەمکە سیاسییەکانی تر تێکەڵ نەبێت. هەر ئەمەشە سەری بۆ ئەوە کێشاوە هەندێ پسپۆر و بیرمەند بیر لەوە بکەنەوە، کە لە ڕوانگەی تێڕامانی مێژووییەوە بۆ ڕەگەکان و زەمینە و هەلومەرجی سەرەتایی دەرکەوتنی، پێناسەیەک بۆ چەمکەکە بدۆزنەوە. پێناسەیەک لە میانی میتۆدی لێکۆڵینەوەی مێژووییەوە، کە تیایدا هەردوو ئاستی زانستی و تێڕامان لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی چەمکەکە ڕەچاو بکرێن، بەوپێیەی خودی پۆپۆلیزم دیاردەیەکی مێژوویی و بەرهەمی چرکەسات و هەلومەرج و شوێنکاتێکی مێژوویی دیاریکراوە.

لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕاستییانەی سەرەوە، شتێک لەو نێوەدا لەدەست ئێمەدا بمێنێتەوە، یان کارێک کە ئیمە بتوانین لەم بوارەدا بیکەین، تەنیا ئەوەیە گوزەرێک بەناو ڕوانگە و بۆچوونە جیاوازەکانی ناساندنی پۆپۆلیزم بکەین، تاکوو لە میانی ئەو بۆچوون و تێگەیشتنە جیاوازانەدا، بەرچاوڕوونیێکی زیاتر بدەینە خوێنەر، بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی گشتی لەمەڕ پێناسەی چەمکەکە لەلا گەڵەڵە ببێت.

بە بۆچوونی مێژوونووس (ڕیچارد بایبس)، لە چرکەساتەکانی سەرەتای سەرهەڵدانیدا لە هەر یەکە لە ڕووسیا و ئەمریکا (ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە)، وەک جۆرێک لە دژایەتی و ڕەتکردنەوەی ئەو ڕۆشنبیریی و کولتوورە ناوزەد کرا، کە لەو سەردەمەدا باو بوو.

)جۆن ئاستۆری) لە میانی شرۆڤەکردن و لێکدانەوەی بۆ پۆپۆلیزم، ئەو ڕۆشنبیرییە گشتییەی، کە تەواوی چین و توێژەکان تێیدا بەشدارن، لەگەڵ ڕۆشنبیریێکی دیکەی دابڕاو جیا دەکاتەوە، کە چینی دەسەڵاتدار و باڵادەستی سەر کۆمەڵگا بەرهەمی دێنێت. (ئاستۆری) پێیوایە، ڕۆشنبیریی دەستەبژێر، چیتر ڕۆشنبیریی باو نییە، بەڵکوو ڕۆشنبیریێکی گەلێریی هەیە، کە بەپێی چوارچێوەی بەکارهێنانەکەی، دەکرێت پڕ بکرێت لە چەمکی هەڵە و دژیەک.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئینسکلۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیا، دەکرێ پۆپۆلیزم وەک ئایدیۆلۆژیایەک، یان فەلسەفەیەکی سیاسی، یاخود گوتارێکی سیاسی پێناسە بکرێت، کە پەنا بۆ بەکاربردنی دیماگۆجیەت و وروژاندنی هەست و سۆزی جەماوەر دەبات. بەجۆرێک، کە هەندێ بەرپرس لەپێناو بەدەستهێنانی پشتیووانیی خەڵک و کۆمەڵگاکان بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانیان، هەروەها بۆ پارێزگاریکردن لە ڕێژەیەکی دیاری جەماوەر، کە ڕەوایەتییان پێ دەدەن، پشتی پێ دەبەستن.

لە ویکیپیدیادا ئاماژە بە دژ، یان پێچەوانەی پۆپۆلیزمیش کراوە، کە بریتییە لە پێشکەشکردنی زانیاییەکان، ئامار و داتاکان بۆ دواندنی عەقڵی دەنگدەر، نەک هەست و سۆزەکانی. بۆیەشە زۆرجار پۆپۆلیستەکان بەوە دەناسێندرێن، کە ئەوانەن دژایەتیی عەقڵ دەکەن، یان نەزانیی دەپەرستن. بەوپێیەی گوتاری پۆپۆلیستیی پێویستیی بەوەیە ڕاستەوخۆ و بەرمەبنای هەڵسەنگاندنێکی پێشوەختەی ئایدیۆلۆژیی بۆ نیاز و مەبەست و ئامانجەکان، ئاراستەی جەماوەر بکرێت.

هەرچی فەرهەنگی (بۆتی ڕۆبێر)ە، پۆپۆلیستی بەوە پێناسە دەکات، کە "گوتارێکی سیاسییە، ئاراستەی چین و توێژە میللییەکان دەکرێت، گوتارێک کە لەسەر ڕەخنەگرتن لە سیستەم و بەرپرسیارێتیی و دەستەبژێر بونیات نراوە”.

)تیم هۆوین)ی توێژەر، لە "ڕەگە نائەوڕوپییەکانی چەمکی پۆپۆلیزم”دا، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو چەمکە تا دەیەی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، جێی گفتوگۆیەکی ئەوتۆ نەبووە و زیاتر لە پەراوێزی باسەکاندا بووە، تا ئەو کاتەی (ئێدوارد شیڵز)ی سۆسیۆلۆژیست، لە گۆشە و ڕەهەندی جیاواز، کاری لەسەر کرد و واتای نوێی بەبەردا بڕی. بە بۆچوونی (شیڵز) زەمینەی هەموو کۆمەڵگایەک بە جیاوازی هەلومەرج و بارودۆخەکانیان، بەردەوام بواری ئەوەیان تێدایە پۆپۆلیزم تیایاندا سەر هەڵبدات و گەشە بکات. لەو ڕوانگەیەی وەک فۆڕمێکی ئایدیۆلۆژیای ناڕەزایی، کار لەسەر ختووکەدان و وروژاندنی هەست و سۆزەکان و لایەنی ناعەقڵانیی خەڵک دەکات و ئاراستەیان دەکات.

لای خۆیەوە (فیلیپ ڕۆجێ) پێیوایە سەرەڕای ئامادەیی ئەم چەمکە لە هەموو شوێنکاتێکدا، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە پێناسەیەکی دیاریکراوی بۆ بکرێت. بە بۆچوونی ئەو پسپۆرەی سیاسەت، بە هۆی ئەو گفتوگۆ هەمەلایەن و ڕوانگە و لێکدانەوە جیاوازانەی چەمکەکە بەدوای خۆیدا هێناونی، دەستنیشانکردنی چوارچێوەیەکی کۆنکرێتیی بۆ پێناسەکردنی چەمکەکە کارێکی سەختە.

)ئۆلیفیێ ئیهل)ی پسپۆری زانستە سیاسییەکانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان، هاوشێوەی (ڕۆجێ)، لەو باوەڕە دایە کە پێناسەکردن و دیاریکردنی چوارچێوەیەکی واتایی بۆ چەمکەکە، کارێکی سەختە و ئەوەشی دەخاتە سەر، کە هەموو هەوڵێک بۆ پێناسەکردنی، دواجار "ناڕۆشن”ی دەبێتە سیمای هەرە دیاری پێناسەکە. لە دیدی ئەودا، هۆکاری سەختیی پێناسەکردنی پۆپۆلیزم ئەوەیە، کە هەر جارە و لە خاڵێکدا، لە خەسڵەتێکدا، لە ئەدگارێکیدا، لەگەڵ چەمک و دەستەواژەی دیکە تێکەڵ دەبێت.

لەو نێوەدا (ماڕک فلۆربای) هێزی ئەوەی داوەتە بەر خۆی، لەبەر ڕۆشنایی ئەدگار و خەسڵەتەکانیدا، بۆچوونێک، خوێندنەوەیەک، تێگەیشتنێکی نزیک لە پێناسەیەکی نیوەچڵ بۆ چەمکەکە دابتاشێت. فلۆربای پێیوایە پۆپۆلیزم هەوڵدانی سیاسەتمەتدارە خاوەن کاریزماکانە، لە میانی داڕشتنی گوتارێکی هەمەلایەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی دامەزراوەکان، بە ئامانجی مسۆگەرکردنی پشتیووانێیکی گەلێری ڕاستەوخۆ و بەرفرە.

وەک پێشتر باسمان کرد، خودی دەستەواژەکە لە باری واتا و پێناسەوە هێشتا ناڕۆشنە، تەنانەت هەندێک جار واتا و ئاماژەکانی دەگەنە ئاستی دژەکاریی. بۆ نموونە: ئەگەر (فلۆربای) پێیوابێت پۆپۆلیزم هەوڵی کاراکتەری سیاسیی خاوەن کاریزمایە بۆ مسۆگەرکردنی پشتگیریی ڕاستەوخۆی گەلێری (میللی)، هەروەها هەوڵدانی بۆ خۆنمایشکردن وەک نوێنەری هاووڵاتییە ئاساییەکان، یان ئەوانەی بە چین و توێژە لەبیرکراو و پەراوێزخراوەکان ناو دەبرێن. ئەوا لای (جان ڤێرنەر مۆلەر) پرسەکە لەوە ئاڵۆز ترە و تەنیا ئەوانە پێوەر نین. بە بۆچوونی (مۆلەر)، ئەگەر تەنیا بەم پێوەرانەی (فلۆربای) بێت، ئەوا هەر کەسێک ڕەخنە لە دۆخی باو بگرێت، بە پۆپۆلیست ناو دەبرێت، ئەمەش هێندەی تر تەمومژ دەخاتە سەر بابەتەکە و دەیشێوێنێت.

(مۆلەر) لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و وردبوونەوەی لە چەمکەکە و ڕەهەندەکانیدا، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی، کە هەندێک دۆخی باوی پۆپۆلیزم هەن، نەک هەر شایستەی ڕەخنەلێگرتنن، بەڵکوو دەبێ ڕەتیش بکرێنەوە. یەکێک لە دیارترین و گرنگترین ئەو دۆخانەی پۆپۆلیزم بەرهەمی هێناوە، دوژمنایەتییەکەیەتی بۆ فرەیی و بانگەشەکردنییەتی بۆ ئەوەی، کە تەنیا خۆی نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەل دەکات. (مۆلەر) لەم بارەیەوە دەڵێت: "لۆژیکی پۆپۆلیزم بریتییە لەوەی، ئەوەی پشتیوانیمان نەکات و هاوڕامان نەبێت، لە - گەل - نییە”. ئەم قسەیەی (مۆلەر)یش ڕێک ئەو گوتەزایەی (ئەردۆگان)مان بیر دەخاتەوە، کاتێ لە سەردەمی ڕاپرسی بۆ هەموارکردنەوەی دەستووری وڵاتەکەی و هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی، ڕووی کردە ئەو کەس و لایەنانەی ڕەخنەیان لێی دەگرت و گوتی: "ئێمە گەلین، ئێوە کێن؟”.


ماویەتی



ئه‌م بابه‌ته 800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر