چاو لەڕوانگەی كوردەوە

بۆ تێگەیشتن لە "چاو" دەبێ بزانین چاو بە پێچەوانەی لووت و گوێ و تا ڕادەیەکیش لێو هەڵگری ڕۆحێکی کایەکەرە، کاتێک گلێنە لە کالانەی چاودا دەسووڕێتەوە کایە بە واتا و ئایدیا و مەبەستێک دەکات کە چاوی بەرامبەر دەیبینێت و لە خوێندنەوە و راڤەیدا حەپەساو و گیرۆدە و کونجکۆڵ دەبێت.
PM:12:41:29/06/2020
دۆسیە: نەتەوەسازی
چاو لەناو كەلتوری كوردیدا چ پێگەیەكی هەیە؟ لەناو ئەدەبیاتی كوردیدا چ ڕۆڵێكی پێدراوە؟

عادل قادری
نووسەرو ڕۆشنبیر

(تێڕامانێکی دیاردەناسانە)

کلیل وشەکان: چاو، لووت، گوێچکە، لێو، زمان

چاو هەڵگری ڕەهەند و توانستێکە بە ناوی "بینین" و دەرکەوتە مەعریفی و جوانیناسی و زمانییەکانی لە قەوارەی چەمک و وتەزا و خوازەکانی ((ڕوانگە، تێڕوانین، دیدگا و نیگا و...) بۆ ئێمە دەخاتە ڕوو. زۆر وشە و چەمکی سەرەکیی دیکە لەم ئەندامە بەبزاوت و جووڵەکەرەی ناو ڕوخسار وەشاوەتەوە و زمانی بارگاوی کردووە بە ئەکت و کردەی ئینتیزاع(Abstract) و دەرهەست بوون، لێرەدا دەتوانین بڵێین تایبەتمەندییەکی سەرەکیی چاو بە بەراورد لەگەڵ لووت و گوێ کە لێکیان جوێ دەکاتەوە، توانستیی جەوهەریی بزاوتن و جووڵەکردنێتی لە ڕێگەی گلێنەوە، و لە وەها حاڵەتێکدا چاو هەم دەبێت بە جووڵەکەر و و هەمیش دەبێت بە بزوێنەر واتە هەم بکەرە و هەمیش بەرکار لە هەمبەر چاوەکانی دیکەدا!

لێرەوە کایەی ناکۆتای چاوەکان دەست پێدەکەن. تایبەتمەندییەکی دیکەی چاو "ڕەنگ"ە کە لەگەڵ خۆی سامێکی دیاریکراویش دێنێت. ئێمە چاوی بێ­ڕەنگ و بێ­دەلالەت نابینینەوە لە ڕوخساری بوونەوەران، ئەمە دووهەمین تایبەتمەندیی چاوە کە لەو ئەندامانەی ناوم بردن جودای دەکاتەوە. جووڵە و ڕەنگ! دوو توخمی سەرەکیی کە یەک دانە ئەکتەری عیشوەکار پێویستێتی.

عیشوەکارێک بە ناوی چاو! بێ­هۆ نییە کە ئەکتەرانی ناودار کایەکانیان لە جووڵە و ڕەنگدا، دەنگ دەداتەوە! لێرەدا دەکرێ بڵێین چاو هەم حەقیقەت و ڕاستی تێدایە و هەمیش درۆ و دژەحەقیقەت. ئێمە لێرە لە ناو کایەی چاو داین! ڕۆحی چاو، ئیغواکەر و عیشوەکارە و دەشێت ئێمە بە نیگاکردنی چاوێک یان عاشق بین یان گومان کەین یان بکوژین! بۆیە دەبێ بەردەوام ئاگامان لە بچووکترین جووڵەی چاوەکان بێت!.

هەر ئەمەیە کە لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و باڵێک لە دەروونناسی کە لە بواری ڕاوێژکاری و دەرمانکردنی دەروونیدا ئیش دەکەن دەڵێن نیگای "چاولەچاو" بۆ پێوەندیکردن و دەرمانکردن زۆر گرینگ و بنەماییە چوون بەم شێوەیە ئێمە دەچینە ناو دونیای پشتی چاوەکانەوە یان پەیامێکی دڵنیاییدەر دەدەین بەو چاوانە تا خۆیان لێمان نەشارنەوە و لەگەڵ چاوەکانمان قسە بکەن.! دەرکەوتە و دیاردە 
(Phenomena) چاو وەکوو ئامرازێکی مەعریفی لە زماندا ڕەنگ و دەنگ دەداتەوە.

ئەو وشە و چەمک و ئیدیۆمانەی
(Idioms) کە لە زمانی کوردیدا لە پێوەندی لەگەڵ "چاو"دا بەکار دەچن، بەشێکیان بریتین لەمانەی خوارەوە کە زۆرترین کارکردیان هەیە و لەڕێگەی چاوەوە کارکردی دەرهەستانە و ئینتیزاعییان وەرگرتووە و لە هەمووشیاندا بە ڕۆڵێک کە چاو لە پرۆسەی ناسین و مەعریفە و هەروەها نەناسین و ڕازاویبوون لە لایەک و عیشوەکاریی و دێزیی و شوومی لە لایەکی دیکەدا دەیگێڕێ، ئاماژە دەدەن:

چاوەڕوانی: چاوانێک کە دەڕوانن بۆ گەڕانەوە یان ڕوودانی شتێک.

چاوبەست: ئاماژەیە بۆ فێڵکردن لە چاو و بەواتایەک بەستن و داخستنی لە ڕێگەی ئەکتەر یان جادووکارێکی لێهاتوو، کەسێک کە توانستی چاو دەناسێ و فێڵی لێدەکات واتە جادووکار یان شوعبەدەباز.

شوعبەدەباز و چاوبەستەکان باشترین ناسینیان لە چاو هەیە و هێزە لە بن­نەهاتوو و نەناسراوەکەی سەرچاوەی ئیلهام و کایەیان بووە هەمیشە، "چاوی جیهانبین" کە لە سەر هیرەمی گیزا کێشراوە و لە پشت یەک دۆلاریی ئەمریکایی نەخشێنراوە بەڵگەیەکی سادە و بەردەست و بەهێزی ئەمەن.

چاولەشوێن: واتە کەسێک کە لە ڕێگەی چاوێکی نەناسراو و نەناس چاوەدێریی دەکرێ و پێدەجێ تەنگ و چەڵەمە و ڕووداوی شووم و ناخۆش لەو چاوەی کە شوێنی کەوتووە ببەشێتەوە و سەرەنگرێی بکات و بیخات.

چاوپیس: کەسێک کە چاو و نەزەرکردنی پیس و زیانبارە و وەک بڵێی چاوانی تیشک یان هێزێکی ئەهریمەنییان تێدایە.

چاوی دەرئەهات؛ گوزارەیەکی دۆعایی و نەفرەتئامێزە کە دەلالەتی جنێودان و تووڕەییشی لەگەڵە و بە کەسێک دەگوترێت کە هیوایەکی ئەوتۆ بۆ ڕێکخستنەوەی پێوەندی و ئاساییکردنەوەی دانوستان لەگەڵی نەماوە.

چاوباشقەڵ/چاولەوەڕێن: واتە کەسێک کە چاوی لە هیچ شتێک نادزێتەوە و بە گشتیش لەو شتانەی کە کۆمەڵگا وەکوو بڤە پێناسەی کردوون و قەدەغەن دەخشێت واتە چاوێک کە تابۆکان دەسووێت و دەیشکێنێت ئەگەرچی لە سیستەمی بەها کۆمەڵایەتییەکان بە نەگونجاو و بەرەڵڵا و خوێڕی "چاو"ی لێبکرێ!

چاوحیز: لەگەڵ چاوباشقەڵ و چاولەوەڕێن توخم و دەلالەتی هاوبەشی ماناییان هەیە بەڵام چاوحیز زیاتر ئەندامە جینسی و زەقەکانی مێینە دەپشکنێت و چێژی خەیاڵیی خۆی بۆ دەسپەڕلێدان یان هەر جۆرە حاڵەتێکی سێکسی و هەر چەشنە یادکردنەوەی رۆمانتیک یان ئیرۆتیک دابین دەکات، ئەم ئاوەڵناوە زۆربەی زۆری کاتەکان بۆ پیاوان بەکار دەچێت چوون کچانی کۆمەڵگا بەزۆریی "چاوشەرمن" بوون.

چاوپاک: دژ و پێچەوانەی دەلالەت و واتای چاوحیزە.

چاوبز: واتە چاوزاق و چاودەرپەڕیو، وەکوو فۆرم و دەلالەتی سەرەتایی واتای نائاساییبوون و دژەباوبوونی ئەندامێکی ڕوخسار و لەشە بەڵام واتا ئیدیۆمییەکەی دەلالەتی وریا و وشیار دەدات.

چاوبرسی: هاوبەشیی مانایی لەگەڵ چاوحیز و چاوباشقاڵ هەیە و بە واتای کەسێک دێت کە چاوی لە بینین و سووانی شتەکانی بەرچاوی تێر نابێت، دەلالەتی نێگەتیڤی هەیە لە کەلتووری کوردیدا.

نووتەکەچاو: لێرەدا چاو لەگەڵ "نووتەکە" بوون بە ئاوەڵناوێکی لێکدراو و داکۆکیی و سەرێتی بە "نووتەکە" دراوە بەڵام چاویش دەلالەت و پێگەی پێدەبخشێت واتە زوڵماتێکی وەها کە چاو دەرەقەتی نایەت، ڕەنگە ئەمە یەکێک لەو وشانە بێت کە چاو تێیدا ڕۆڵێکی ناکارامە و مونفەعیلی هەبێت و چاو لەو زوڵەماتە بەرین و نەبینراوە بترسێت و پاشەکشێ بکات، "چاوترسان" ڕەنگە لێرەوە هاتبێت.

لێرەدا دەردەکەوێت چاو هەر تایبەتمەندیی و توانستێکی هەبێت لە ڕووی زانستییەوە تا شوێنێک مەودا دەبڕێت و هەمیشە ناتوانێت ئەو ئەکتەرە عیشوەکار و جادووکارە بێت کە ئێمە لە کالانەیدا بە شوێن ئەنگێزە و خواست و ویستەناوەکانیدا(غرایز) بسووڕێنێت...تا شوێنێک چاو هەتەر و بڕ دەکات، چاوە. چاو لە هەمبەر چاودا چاوە.

چاوگەش/ چاوڕەش/ چاوبەڵەک و...: ئاوەڵناون بۆ تەوسیفکردن و پێداهەڵگوتن و تەنها ڕۆڵی چاو لە تەوسیفی جوانی و لە بازنەیەکی جوانیناسانەدا دەخەنە ڕوو.

چاولەچاو: واتە ململانێ و کێبڕکێی دوو چاو بۆ بەزاندن و یەکتردواندن و دانوستان. کارکردی زۆرتر بۆ یەکلاکردنەوەی شتە ناڕوونەکان و ڕاستکردنەوەی قسە بەراوەژووەکان لە دانیشتنێکی بەرانبەر و پیاوانە! و و ڕوولەڕوودا.

چاوساغ(ڕێنوێن): واتە کەسێک کە شارەزای ئەنجامدانی شتێکە بە بەراورد لەگەڵ چاوە ئاساییەکانی خەڵکانی دیکە. لێرەدا نە ڕەنگ گرینگە نە مەبەست و نیاز و نە کنجکۆڵی و شتی لەو بابەتە بەڵکوو توانایی شارەزایی و ساغبوون و چۆنیەتیی چاوێک گرینگە کە وەکوو پێشەنگی کاروان دەجووڵێت و ڕێگاکان باشتر دەبینێت هاوبەشیی واتایی لەگەڵ "ڕێبین"دا هەیە.

و...

ئەم وشە و ئیدیۆم و زاراوانە و دەیانی دیکەش کە "چاو" تێیاندا ئامادەیە و بووە بە بەشێک لە پێکهێنەرانی دەلالەتی ماناکانیان دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە چاو چەندە ڕۆڵی لە پێکهاتی ڕوخسار و جەستە و توانستی مرۆڤ بۆ ناسین و بەرەو پیرچوون (intentionality) ی دونیا هەیە. بەڵام بە هەموو ئەمانەشەوە چاو ئەو تایبەتمەندییەی کایەکردن و ڕەنگامەییبوونەی تێدایە و شتێک لە سەرکێشی یان یاخیبوونی لەگەڵە کە دەیکات بە نەناس و ڕازاوی و سڕۆک...مەگەر تێمێکی کۆمەڵایەتی یان ئەدەبی و جوانیناسانەیان بخرێتە پاڵ کە تۆزێک بناسرێتن بۆ
نموونە:

1

چاوم کە بە گریانەوە بوو، یار تاوێ

دەیڕوانی لە ئەشکی من بە گۆشەی چاوێ

بەم چاکەیە لە نیازی گەیشتم کە دەڵێ:

تۆ چاکە بکە و بیبە دە ئاوی هاوێ

خەییام، و، هەژار موکریانی

2

چاوی کیژی ئەورووپایی گەر شینیش بێ خۆشم دەوێ، گەر سەوزیش بێ خۆشم دەوێ/ واتێدەگەم شینترین چاو، سەوزترین چاو، لەم دنیایە تۆزێک ڕەشیی چاوی کچی نیشتمانی منی تیایە...!

عەبدوڵڵا پەشێو

بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە پێگەی چاو، دەبێت پێوەندی و شوێنگەی لەگەڵ و لە ئاست لێو و زمانیشدا باس بکەم وەک چۆن لەگەڵ لووت و گوێچکەدا دەستنیشانم کرد.

هێزی عیشوەکاری چاو و توانستی خۆشاردنەوەی مرۆڤ لە گلێنە ڕەش و شینەکانیدا لەڕێگەی زمانەوە لۆژیکیی دەبێت و هەڵە و درووستیی و هێز و هەست و بەڵگەمەندیی و ئارگۆمێنتەکەی دەناسرێت، هەر ئەمەشە کە دەڵێن مرۆڤ تا قسە نەکات عەیب و هونەری دەرناکەوێت، ئەگەرچی زمان وەکوو ئەندامێکی گۆشتنی ناو دەم (Tongue)لە ڕێگەی لێوە سوور و شەککەربارەکەیەوە دەنگ بەرهەم دێنێت و دواتر دەبێت بە زمان(Language) وەکوو توانستێکی ئینتیزاعی و دەرهەستی پەیوەست بە لۆژیک.

زمانیش وەکوو چاو خاوەن تایبەتمەندی خۆیەتی ئەگەرچی زمان وەکوو چاو ڕەنگاڵەیی نییە بەڵام توانستی بەرهەمهێنانی "دەنگ"ی هەیە واتە زمان، دەنگ و جووڵەی هەیە و هەموو ئەو شتەی لە چاودا ڕوودەدات زمان دەیکات بە لۆژیک و ڕستە و چەمک و فۆرمێکی زمانیی و مانایی، لێرەدا زمان و چاو دەکەونە ململانێی دەرخستن و خۆشاردنەوە یان قەرەداشارکێیەکەوە کە هاوکێشەی زمان و چاو تێیدا بیچم دەگرێ و کایەیان دەست پێدەکەن.

ئەمەی کە زمان چەندە دەتوانی نیگاکان زمانمەند و چەمکمەند بکات لایەنێکە و ئەوەی کە چاو چەندە بینراوەکانی خۆی دەدات بە دەستەوە و دەهێڵێت زمان بیدرکێنێت پرس و بابەتێکی دیکەیە. شتێک کە حاشاهەڵنەگرە ئەمەیە کە زمان و چاو لە دیالیکتیکێکی تۆکمەدان لەگەڵ جیهانی واقیع، چاو جیهانی واقیع دەبینێت، ئەزموونی دەکات، لە نێرۆنەکان پەیوەست بە مێشکەوە تێیدەپەڕێنێت، لە ناو تۆڕی نێرۆنەکانی مێشک کایەی لەگەڵ دەکات، بەشێکی زەق دەکاتەوە، بەشێکی دەشارێتەوە، بەشێکی دەگۆڕێت و...

زمانیش هەموو هەوڵی دەدات بینراوەکانی چاو لۆژیکی و پێناسەمەند بکات بەڵام پرسیار ئەوەیە کە زمان چەندە دەتوانێت ئەو واقیعانەی چاو ئەزموونی کردووە و بە ناو مەکینەی زەیندا بردوونی بەرجەستە بکات و تەعبیری لێبکات؟ زمان تا چەندە دەتوانێت چاو بگۆڕێتە سەر "نیگا و دیدگا" و تایبەتمەندیی ئینتیزاعی ببەخشێ بە ئەزموونەکانی چاو لەگەڵ واقیع؟ زمان تا چەندە دەتوانێ باسی نیگای چاو بۆ نیگای چاوی یار بکات؟ ئایا لێرەوە چاو هانمان نادا زمان ببەینە ناو ڕوبەرێکی نەناسراوتر و گەورەتر و پڕمەعریفەتر بە ناوی ئەدەب و جوانیناسی؟! ئایا ئەمە وامان لێناکات بەرەو پیری راستییەک بچین کە دەگیرێت و ناگیرێت؟دەخوێنرێتەوە و ناخوێنرێتەوە؟ حەقیقەتیشی تێدایە و تێشیدا نییە؟ ئایا ئەمە ئەو شتە نییە کە بەردەوام لە جیهانی ئێمەدا ئەدەب و بە تایبەتی شیعر کردوویەتی و دیاردەناسیی ڕەوایی فەلسەفیی و چەمکیانەی پێداوە؟

ئەو هەوادی گزینگی چاوانەت، چۆن ئەکەی بە دەرزی حەرفەوە؟

تاکوو خەم بدرووی بە باڵای حەبیبە و عیشقەوە؟

دەربەندی پەپوولە، شیرکۆ بێکەس

پەراوێز و سەرچاوەکان

1-درامدی بر پدیدارشناسی، رابرت ساکالوفسکی، ترجمەی محمدرضا قربانی، تهران، گام نو، 1384

2-چوارینەکانی خەییام، وەرگێڕاوی هەژار، تهران، سروش(انتشارات صدا و سیما) 2004

3-دیوانی عەبدوڵڵا پەشێو، بە شێوەی ئۆفسێت چاپکراوە.

4-قەرەداشارکێ: ناوی کایەیەکی هەندێ لە ناوچەکانی کوردستانە کە تیایدا کەسێک چاو دەبەستێت و چەند کەسێک خۆیان دەشارنەوە و دوای خۆشاردنەوە کەسی چاوبەستراو چاوی دەکاتەوە و بە دوویاندا دەگەڕێت بۆ ئەوەی ئاشکرایان کات!

دەربەندی پەپوولە، شێرکۆ بێکەس، چاپی سلێمانی، 2000



ئه‌م بابه‌ته 146 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر