حەسەن زیرەك

حەسەن زیرەک، هونەرمەندێکی پایە بەرز و دەنگخۆشی میللی ڕەسەن و شانۆکار و ئەستێرەێکی گەشی ئاسمانی ئەدەب وفۆلکۆری کوردە.
AM:01:08:26/06/2020
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا- کەسایەتیەکان
بەشی كەسایەتییەكانی ئینسكلۆپیدیای چاوی كورد، هەرجارە و كەسایەتییەكی كوردی و جیهانی بە خوێنەرانی چاوی كورد ئاشنا دەكات. بەهیواین بتوانین زۆرترین ژمارەی كەسایەتییەكانی بناسێنین

یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

حەسەن زیرەک، هونەرمەندێکی پایە بەرز و دەنگخۆشی میللی ڕەسەن و شانۆکار و ئەستێرەێکی گەشی ئاسمانی ئەدەب وفۆلکۆری کوردە.

ناوی ته‌واوی: حەسەن عەبدوڵڵایە بەڵام نەزانراوە ناوی باپیری چی بووە ، کە بە حەسەن زەیرک ناسراوە.

له ‌دایک بوون و گه‌شه‌

 

- حەسەن زەیرک له ‌ڕێکه‌وتی (16_11/تشرینی یەکەم_1921) له گەڕەکی قەڵا سەرداری ‌شاری بۆکان لە ناوچەی موکریانی سەر بە پارێزگای ئازەربانجانی خۆرئاوای خۆرهەڵاتی کوردستان (کوردستانی بن دەستی ئێران) له‌دایک بووه ، بەڵام هەندێکی تر دەڵێن لە دێی هەرمێلە کە دەکەوێتە نێوان هەر دوو شاری سەقزی سەر بە پارێزگای کوردستان و لە گەڕەکی قەڵا سەرداری ‌شاری بۆکانی سەر بە پارێزگای ئازەربانجانی خۆرئاوای خۆرهەڵاتی کوردستان (کوردستانی بن دەستی ئێران) له‌دایک بووه.


-له‌ هیچ قوتابخانەێک نەیخوێندووه ئەوەیش بە هۆی هەژاری و نەداری خانەوادەکەی بووە‌.

-بێجگە لە شێوەڕازی کرمانجی ناوەند (سۆرانی) ی زمانی کوردی زمانه‌کانی فارسی و ئازەری و عەرەبی زانیووە‌.

-حەسەن زەیرک کاتێ منداڵ دەبێ واتا کاتێک لە تەمەنی (11) ساڵی دا بووە ، واتا لە ساڵی (1932ز) دا باوکی کۆچی دوایی کردووە و بەوەش لەگەڵ خێزانەکەی کۆچ دەکەن بۆ شاری سەقز و دایکی شوو دەکاتەوە و بەوەش ئەوەندەی تر باروگوزەرانی ژیانی قورستر دەبێت و هەروەها بە هۆی سەختی ژیانی دەگەڕێتەوە بۆ دێ هەرمێلە و لە لای ئاغای هەرمێلە دەست دەکات بەکار کردن و بەهرەی دەنگخۆشی تێدا سەرهەڵدەدا ، بەوەش ناوبانگێکی باش پەیدا دەکات و دەست دەکات بە گۆڕانی وتن لە کۆڕ و کۆبوونەوە و شاییەکانی دێهاتەکانی دەوروبەری شاری سەقز و ‌شاری بۆکان ، و پاشان واز لە کار کردن دەهێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ شاری سەقز و دەست بە کار دەکات لە لای یەکێک کەبابخانەکانی ئەو شارە و بەرەدوام دەبێت لە سەر کارە هونەرەییەکانی ، و دواتر دەبێتە شۆفێر لە لای مینەخانی ئەردەڵان و لە ڕێگەی نێوان بانە و سەقز کاری شۆفێری دەکات ، و هەر بەردەوام دەبێت لە سەر گۆڕانی وتنلە کۆڕ و کۆبوونەوە و شاییەکانی دێهاتەکانئ دەوروبەری شاری سەقز و ‌شاری بۆکان و بانە.

ئاوارەیی بۆ باشووری کوردستان و وڵاتی عێراق

 

لە ساڵی (1948ز) کاتی چوونی بۆ یەکێک لە شاییەکان لە دێی قوڕەدەرێو کوڕێکی مێرمەنداڵ دەکەوێتە بەر ئۆتۆمبێلەکەی و دەستەبەجێ گیان لە دەستدەدات و بەوەش ناچار دەبێت خۆرهەڵاتی کوردستان (کوردستانی بن دەستی ئێران) ، بەرەو باشووری کوردستان (هەرێمی کوردستان_کوردستانی بن دەستی عێراق) بە جێ بهێڵێت و ماوەیەک لەوێ دەمێنێتەوە و دواتر ڕوو دەکاتە شاری بەغدادی پایتەختی عێراق و لە میوانخانە (هوتێڵ) ی شومال ئەلکەبیر دەست دەکان بە کار کردن ، و هەروەها لە پاڵ ئەو کارەیەدا لە سەر گۆڕانی وتن بەردەوام دەبێت.

لەوێش چاوی بە بەرێز عەلی مەردانی هونەرمەند دەکەوێت لە ساڵی (1953ز) و دیباتە بەشی کوردی ڕادیۆی بەغداد و لەوێوە دەنگی دەبیسترێت بۆ یەکەم جار لە ناو خەڵکی باشووری کوردستان و بەوەش ناوبانگی باش پەیدا دەکات و هەوارێکی زۆری بۆ دروست دەبێت ، و دەبێتە مەیدانێکی باش بۆ زیرەک، و هەروەها لە ماوەی مانەوەی لە شاری بەغدادی پایتەختی عێراق بە دەیان گۆڕانی لە بەشی کوردی ڕادیۆی بەغداد تۆمار دەکات، بە داخەوە حەسەن زیرەک لە شاری بەغداد هیچ خۆشی لە ژیانی نەبینووە ، تووشی ئەشکەنجە و زیندان هاتووە ، بەوەش دڵی شکاوە.

گەڕانەوە بۆ خۆرهەڵاتی کوردستان و وڵاتی ئێران

 

لە پاش ئەنجام دانی شۆڕش یان کودەتای (14ی تەمموز) ی ساڵی (1958ز) لە وڵاتی عێراق بە سەرکردایەتی ژەنەڕاڵ عەبدولکەریم قاسم ، بڕیار دەدات بگەڕێتەوە بۆ خۆرهەڵاتی کوردستان (کوردستانی بن دەستی ئێران) و وڵاتی ئێران و ئەوەش لە پاش (10) ساڵ لە ئاوارەیی و پاش گەڕانەوەی دەچێتە ڕادیۆی تاران و کرماشان و تەورێز ، لەوێ دەیان گۆڕانی تۆمار دەکات ، و هەر لە ڕادیۆی تاراندا لە شاری تارانی پایتەختی وڵاتی ئێران لەگەڵ خاتوو میدیا زەندی ئاشنا دەبێت و دواتر هاوسەرگیری دەکەن و خاوەنی چەندین منداڵ بوون.

لە ساڵی (1968ز) حەسەن زیرەک ماڵی دەباتە شاری بانەی سەر بە پارێزگای کوردستانی سەر بە خۆرهەڵاتی کوردستان (کوردستانی بن دەستی ئێران) و لەوێ لە کانی مەلا ئەحمەد چایخانەێک دامەزرێنێت و دووبارە دەست دەکاتەوە بە گۆڕانی وتن و بەشداری لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان و شاییەکانی ناوچەکە و دێهاتەکانی دەوروبەری دەکات و بەو بۆنەیەوە دەیان گۆڕانی تۆمار دەکات و گۆڕانییەکانی بە ناو خەڵکی دا بڵاو دەبنەوە و دواتر ماڵەکەی دەباتە شاری مهاباد (سابڵاخ) ی سەر بە پارێزگای ئازەربانجانی خۆرئاوای خۆرهەڵاتی کوردستان (کوردستانی بن دەستی ئێران) و هەروەها لە پاشان دا لە نێوان ساڵانی (1968_1967ز) لە میوانخانە (هوتێڵ)ەکانی شاری سەقزی سەر بە پارێزگای کوردستانی خۆرئاوای خۆرهەڵاتی کوردستان (کوردستانی بن دەستی ئێران) دەست بە کاری گۆڕانی وتن دەکات ، و هەروەها لە دوا ساڵەکانی ژیانی دا ماڵەکەی دەباتە شاری شنۆی سەر پارێزگای ئازەربانجانی خۆرئاوای خۆرهەڵاتی کوردستان (کوردستانی بن دەستی ئێران).

بەڵام بە داخەوە لە خۆرهەڵاتی کوردستان (کوردستانی بن دەستی ئێران) و وڵاتی ئێران هیچ خۆشی لە ژیانی خۆی نابینێت و حکومەت و دەزگای ساواک کەلێ کێشە و گرفتی بۆ دروست دەکەن چەندان جار ئەکەنجە و زیندانی دەکەن و هەروەها زۆربەی جار ڕێگەیان پێ نەداوە بچێتە ڕادیۆی تاران بۆ تۆمار کردنی کاری گۆڕانی.

کاری ئەکتەری حەسەن زیرەک

 

لە نێوان ساڵانی (1961_1960ز) دا لە شاری سلێمانی ناوەندی پارێزگای سلێمانی سەر بە هەرێمی باشووری کوردستانی ئێستا ( کوردستانی بن دەستی عێراق) لە تیپی شانۆیی هونەرە جوانەکان لەگەڵ لە هەر یەکێکە لە هونەرمەندان سێوەخان و ڕەشۆڵ عەبدوڵڵا و چەند هونەرمەندێکی تر لە شانۆگەرییەکانی وەکو (بوکی ژێر دەواری ڕەش) و (خەسوو یان ئەژدیها) و (تەڕپیر) و چەندین شانۆگەری تردا بەشداری کردووە.

تایبەتمەندییەکانی گۆڕانییەکانی

 

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی گۆڕانییەکانی ئەوە بووە ، کە پشتی بە گۆڕانی فۆلکۆری کوردی بەستووە و هەروەها بە زۆر ناوچە و شوێنەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان (کوردستانی بن دەستی ئێران) و هەرێمی باشووری کوردستانی ئێستا ( کوردستانی بن دەستی عێراق) گەڕاوە و ماوەتەوە و لە کۆڕ و کۆبوونەوە و شاییەکان بەشداری کردووە و گۆڕانی وتووە و لە لای خەڵکی ئەو ناوچانە میوان بووە ، بەوەش ئاشنای گۆڕانییە میللەکانی کوردی لەو ناوچانەدا ئاشنا بووە.

هەروەها یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی تری گۆڕانییەکانی ئەوە بوو کە خۆشی هۆنڕاوە و ئاوازی زۆربەی گۆڕانی خۆی داهێناوە و هەروەها سوودی باشی لە هۆنڕەواکانی هۆزانڤانەکانی کورد وەکو (نالی ، وەفایی ، کوردی ، هەردی ، پیرەمێرد ، هێمن ، سەید کامیلی ئیمامی ، هەژار موکریانی) وەرگرتووە و کردونی بە گۆڕانی.

بێجگە لە گۆڕانی بە کوردی و چەندان گۆڕانی بە زمانەکانی فارسی و ئازەری گوتووە و ئەوەش ناوەی چەندان گۆڕانیەتی کە گووتوویەتی و تۆماری کردووە ، وەکو (دیسان شەو ھات ، وەک قومری ، لۆرکێ ، کەتانە ، ھەی نار ، کابوکێ ، لەیلا ، کرماشان شاری شیرینم ، ئەمان دۆکتۆر ، بۆ چ منت ناوێت ، ھۆ لەیلی ، ماڵی بابم نەسرین ، کەویار ، ئەسمەر ، ماڵی بابم بێ وەفا ، بەرھەڵبێنە ، ھەوارە ، گوڵم ھەوارە ، کیژان دەچنە مێر گوڵان و مریم ، و دەیان گۆڕانی تر).

یەکێک لە گۆڕانییە هەرە ناوبانگەکانی حەسەن زیرەک گۆڕانی نەوڕۆزە کە شیعری گۆڕانییەکە هی گەورە فەیلەسوف و نووسەر و هۆزانڤانی کورد پیرمێردەی نەمرە ، کە تاوەکو ئێستاش ئەو گۆڕانییە دەنگ و سەدای خۆی هەیە و لە ناو دڵی هێشتا زیندووە و چووەتە ناو خەڵکی.

حەسەن زیرەک لەگەڵ هەر یەکێکە هونەرمەندان (محەمەدی ماملێ ، مەلا حسێنی عەبدوڵڵا زادە ، عوسمان بۆکانی ، ئەحمەد شەماڵ، چەند هونەرمەندی تر) بە هاوبەشیگۆڕانی چڕیووە.

مردن

 

حەسەن زیرەک تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی جەرگ هاتووە ، کە بەو هۆیەوە لە خستەخانەکانی شاری ورمێی ناوەندیپارێزگای ئازەربانجانی خۆرئاوا و شاری بۆکانی سەر بە پارێزگای ئازەربانجانی خۆرئاوای خۆرهەڵاتی کوردستان (کوردستانی بن دەستی ئێران) خەوێنراوە و هەروەها دەربارەی نەخۆشییەکەی گۆڕانێکی وتووە ، و دواجار بە نەخۆشی شێرپەنجەی جەرگەکەی له‌ ڕێکه‌وتی(26_6/حوزەیران یان یونیو_1972) له ‌ته‌مه‌نی (50) ساڵیدا لە خستەخانەی بۆکان کۆچی دوایی کردووه‌ و لە سەر داوای خۆی لە دواێنی كێوی ناڵەشكێنەی سەر بە ‌شاری بۆکانی سەر بە پارێزگای ئازەربانجانی خۆرئاوای خۆرهەڵاتی کوردستان (کوردستانی بن دەستی ئێران) بە خاک سپێ درا.

سەرچاوەكان
یەکەم-یاسین صابر صالح : ئینسایکلۆپیدیای گشتی-سلێمانی 2005 ز.

دووەم-پیرمێرد: دیوانی پیرەمێرد_ئا: محمد رەسول (هاوار)-بەغداد1970ز.


ئامادەكردنی: چۆمان تەقیەدین.

 



ئه‌م بابه‌ته 147 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر